All posts by azadebram

یەکێک لە پرۆتێست هەرە گەوەرەکانی بریتانیا

04/04/2021

دوێنێ ڕۆژی شەمە ، 03/04 ، یەکێك لە گەورەترین پرۆتێستەکانی بریتانیا دژ بەو لائیحیەی کە دەوڵەت بە تەمایە بیکاتە یاسا کرا، کە هیج جۆرە ئازادییەك بۆ گردبوونەوە و کۆبونەوە و پرۆتێست و خۆپیشاندانێک هەر ئامانجێکی هەبێت و هەر شێوازێك بگرێتە خۆی و  ناهێڵێتەوە و گەر ببێتە یاسا هەمو کەمایەتییەك و هەموو مەیلێکی سیاسی دەگرێتەوە.

پرۆتێستەکە لە گەلێك لە شار و شارۆچکەکانی بریتانیا بەڕیوە چوو .  ئەمە ناوی  هەندێك لەو  شارانەن کە ناڕەزاییان ڕێکخست بۆ هەمان مەبەست:,   Aberystwyth, Bath, Birmingham, Bournemouth, Brighton, Bristol,  Cambridge, Cardiff, Derby, Exeter, Folkestone, Kendal, Lancaster, Lincoln, Liverpool, Luton, Manchester, Newcastle, Northampton, Norwich, Nottingham, Oxford, London، Plymouth and Portsmouth.

لەو پرۆتێستانەدا لە لەندەن پۆلیس خۆی پێنەگیرا و لە ئێوارەدا، درەنگانێك هێڕشی کردە سەر خۆپیشاندەران کە بە زۆر دەیویست بڵاوە بە خەڵكکە بکەن ، بۆیە بەیەکادان دروست بوو  26 کەس دەسگیرکران و بە قسەی پۆلیسیش 10 پۆلیس بریندار بووە.

‌هاوکاتیش لە بەرلین  و هەندێك شاری تر  لە هەمان ڕۆژدا خۆپیشاندانی گەورە دژ بە دەوڵەت کرا دەربارەی کەم و کوڕی دەوڵەت سەبارەت بە کۆلنترۆڵکردنی پەتای کۆرۆنا و بەدەمەوەچوونی.  لە بەرلین بە گوێرەی میدیای بریتانی 38 هەزار کەس لە سەر شەقامەکان بوون و 300 کەسیش گیراون .

حیزب ، ئازادییخوازیی و ئازادیخوازان

زاهیر باهیر

03/04/20221

ئەزیزم بە من مەڵێ حیزبی ئازادییخوار هەیە ، ئەندامانی حیزب ئازادیخوازن.  حیزب لە قاڵبت دەدات، خۆبوونت لێدەسەنێتەوە، دید و تێڕوانینی خۆتت لێزەوت دەکات، دۆست  دووژمنەکانی ئەو دۆست و دووژمنی تۆن، دەبێت بە چاویلکەکەی ئەوەوە هەموو شت ببینیت.. ئەوێك کە خۆی ئازاد نەبێت چۆن دەکرێت و دەتوانێت داوای ئازادیی بۆ من بکات .. لێمگەڕێ با زامەکانم قوڵتر و بە ئازارتر نەبن…دەستی لێمەدە با خراپتر نەبێت.  مێژوی ئازادیخوازیی لە پێکهاتە و لاشە و مێشکی حیزبایەتیکردن و  خودی حیزبدا ونە، حیزب دەسەڵاتی دەوێت و دەسەڵاتخوازە . ئایا دەکرێت دەسەڵاتخوازان ئازادییان بۆ خەڵکی بوێت؟ کاتێك کە حیزب و ئەندامانی ئازاد نین ئایا دەکرێت بڵێت من، ئێمە،  ئازادیی بۆ ئێوە دابیندەکەین، ئازادییمان دەوێت؟ ،  بوونی حیزب ژینگەی ئازادیی وێراندەکات ، ئەوەشی کە هەبێت نایهێڵێت … مێژوی سەراپای حیزبەکان لە سەراپای دونیادا ئاوامان پێدەڵێن… حیزب تەڵەیە ، تەپکەیە، دێوجامەیە … نابێت پێوەی بیت ، خەڵکانی هۆشیار هەمیشە خۆیانی لێبەدوور دەگرن … حیزب پیلانگێڕە تۆش کە ئەندامیت و سیاسەتەکەی بەڕێدەکەیت ، جگە لە هەندێك ڕەخنەی شەرمننانە ، چی ترت بۆ دەکرێت؟ ئایا ئەمەش بەشداریکرن لەو تاوانەدا، نییە؟  

ئەو پرۆتێستانەی کە بە دەگمەن میدیای دەوڵەتی باسیان دەکات

03/04/2021

یەکێک لەو پرۆتێست و خۆپیشاندانانەی کە لە وڵاتانا ڕوودەدەن و میدیای فەرمی باسیان زۆر بە دەگمەن دەکات پرۆتێستە کاریگەرەکانی جەزائیرە کە دوو ساڵە هەموو هەفتەیەك خەڵکی لەسەر شەقامەکان بووە ، تا ئەو ڕادەیەی کە ڤان و سەیاررەی  پۆلیس و سەیارەی ڕەشاشی ئاوڕشتن و غازی فرمێسكڕێژ هەر لەوێ دەواری خۆیان هەڵداوە و ناجوڵێن چونکە دەزانن کە خەڵکی دەستبەرداری خۆپیشاندان و پرۆتێست لە پێناوی مافە ڕەواکانی خۆیانا، نابن .

ئەوە دوو ساڵە لە جەزائیر بزوتنەوەیەك کە ناوی ” حەرەکەیە” هەیە و تا ئێستاش کۆننترۆڵنەکراوە و سەربەخۆن ، بۆیە توانیوێتی کە جەماوەرێکی زۆر تیایدا بەشداری بکات و بەردەوامە .  لە ساڵی 2019 دا سەرۆکی پێشویان ،  Bouteflika یان هێبنایە خوارەوە .  ئێستاش داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی تازە  Abdelmadjid Tebboune و ڕیفۆرمی گەورە دەکەن .  بێ کاری و کەمی داهات و نەبوونی ئازادیی و پەتای کۆرۆنا،  هۆکاری سەرەکین بۆ کردنی ئەم خۆپیشاندانانە.

پرۆتێستی قوتابییان

01/04/2021

دوێنێ چوارشەمە، 31/03 قوتابیانی قوتابخانەی پملیکۆی ئەکادیمی، لە لەندەن، لە پۆلەکانیان هاتنە دەرەوە و ڕژانە سەر شەقامەکان  دژ بە بڕیاری قوتابخانەکەیان کە دەیەوێت بەرنامە و سیاسەتی قوتابخانەکە بگۆڕێت.

لە مانگی ئابی 2020 وە بەڕیوەبەرانی ئەم قوتابخانەیە دەیانەوێت گۆڕانکاری بکەن لە زۆر شتدا لەوانە ناساندنی پۆشاکی قوتابخانە [ یۆنیفۆرم] ، هەروەها گۆڕینی پۆشاکی سپۆرتکردن بە جۆرێکی دیکە، یاساخکردنی ستایەڵی قژی قوتابیانی ئەفەریقی ، قژی کوڕان دەبێت زۆر کورت بێت ، منداڵانی موسڵمان کە لەچکیان لەسەردایە دەبێت یان شین بێت یا ڕەش … زۆر گۆڕانکاری دیکە .

لە ساڵی  پارەکەوە، 2020،   30 کارمەند و مامۆستای ئەم قوتابخانەیە ، قوتابخانەکەیان بەجێهێلاوە ، دایکان و باوکانی قوتابییان داوای دەست لەکارکێشانەوەی بەڕەبەرانی قوتابخانەکە دەکەن .  دروشم و هیتافی قوتابییان دژ بە ڕایسیسزم و هەڵواردن و جیاوازی و ئیسلامۆفۆبیا و ترس لە کەسانی کە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن ، لەسەر شەقامەکانا دەنگی دەدایەوە. قوتابخانەی ئەکادیمی لە هاتنی حیزبی  لەیبەر[ کرێکاران] وە  بۆ حوکم لە ساڵی 1997 وە دوای ئەوە کرایەوە کە قوتابخانەی ئەهلین و لە ژێر کۆنترۆڵی پەروەردە و پێگەیاندنی شارەوانییەکاندا نین و بەرنامە و مەنهەجی دیراسی تایبەتی خۆیانیان هەیە کە زۆر جیاوازە لە قوتابخانەکانی دیکە.  لە ڕاستیدا ڕاپۆرتێکی زۆر هەیە کە زۆربەی ئەم قوتابخانانە شکستیان هێناوە و  ئاستیان  ناگات بە قوتابخانە گشتییەکان.  کاتێکیش کە حیزبی موحافیزین لە ساڵی 2010 دا هاتنە سەر حوکم برەویان دا بەم قوتابخانانە و زۆری تریان کردەوە و بوجەیکی زۆریشیان بۆ تەرخانکرد لە پارەی باجدەرانی بریتانی .

ئەوانەی کە بە شان و باڵی ئابووری لیبراڵ و نیولیبراڵدا هەڵدەدەن با تۆزێك خۆیان هیلاك بکەن:

31/03/2021

کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات  کە ئەمەریکا پێشەنگی ناساندن و جێ بەجێکەری ئابووری لیبراڵ و نیولیبراڵە. کەواتە ئەوەی کە لە ئەمەریکا ڕویداوە و ڕوودەدات ، گەر لە وڵاتانی دیکە هێشتا ڕوینەدابێت ،  ئیتر بە ئاشکرا دەتوانیت چاوەڕوانی ئایندەی ئەو وڵاتانەش بکەیت کە هەمان بەسەرهات و داهاتویان دەبێت.  ئا لەم بارەشدا تاوانێکی گەورەیە کە بەرانبەر بە بەشەرییەت دەکرێت نەك هەر بۆ جێ بەجێکردنی ئەو سیاسەتە ئابوورییە کە لە ڕاستیدا ناتوانرێت ناوی ئابووریی لێبنرێت، بەڵکو بۆ ئەوانەشی کە بە پاگەندەی بۆ دەکەن و دەیانەوێت زەمینەسازی

بۆ بکەن تاوانێکی گەورەیە کە بەرابنەر بە گەلەکەیان دەیکەن.

بێ گومان بە هەزارەها وتار و ڕاپۆرت و توێژینەوە هەیە لەسەر بارودۆخی ژیانی دانیشتوانی ئەمەریکا کە لە سای ئابووریی لیبراڵدا چی دەچێژن ، بەڵام هەر زۆر زۆر بە کورتی من چەند خاڵێکی کەم لە کورتە وتارێکی Bernie Sanders هەڵدەبژێرم  تاکو ببێتە تێفکرینێك نەك قەناعەت پێکردنت.

  • Jeff Bezos  خاوەنی ئەمازۆن و Elon Musk خاوەنی Tesla Motors  بەهەردوکیان داهاتیان بە قەدەر لەسەدا 40 ئەوانەی کە لە دامێنی کۆمەڵدا گیرساونەتەوە، هەیە.  
  • 500 هەزار بێ خانووبەرەن و شوێنێکیان نییە کە تێیدا بژین . بە ملیۆنانی دیکەش لەبەر نەبوونی داهات کە ناتوانن کرێی خانوو یاخود قیستی عەقار بدەن ، لە بەردەم هەڕەشەی دەرکردندان لە خانووەکانیاندا.
  • 92 ملیوێنی دیکە زەمانەتی ژیانیان نییە و لە خەمی بەخێوکردنی منداڵەکانیاندان .
  • نەوەی نوێ کە سەرقاڵی خوێندنن بە قەرز ، نیگەرانی ئەوەن کە گەر کاریشیان دەستکەوێت هێشتا ستاندەری ژیانیان لە خواری ئەو کاتەی  ستاندەری ژیانی  باوك و دایکیانن.
  • بڕی تەمەنکردنی هەژاران لەوێ لەچاو ساماندارانا 15 ساڵ کەمترە . هەژاری و برسێتی لە ئەمەریکادا بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی  حوکمی مردنە.
  • توێژاڵی سەرەوەی کۆمەڵ هیچ وەختێك وەکو ئێستا ژیانیان باش نەبووە ئەو بڕە خەڵکە کە لە سەدا 1ی ئەمەریکا پێكدەهێنن، داهاتیان بە یەکەوە بە قەدەر داهاتی لە سەدا 92 ی خەڵکەکەیە کە لە پەراوێزی کۆمەڵدا دەژین .
  • 50 سامانداری ئەوێ بەقەدەر نیوەی کۆمەڵ کە 165 ملیوێن کەسن هەیە.
  • ساڵی ڕابووردوو کە ساڵی نەهامەتی بوو بۆ هەر زۆرینەی خەڵکی لە دونیادا ، کەچی لە ئەمەریکادا 650 ملیاردەرەکە سامانیان بە ڕادەی 1.3 تریلۆن دۆلار زیادی کردووە .
  • لە ماوەی 40 ساڵی رابووردوودا سامانێکی زۆری چینی خوارەوەی کۆمەڵ [ کرێکاران و هەژاران] و چینی مامناوەند، ناوەڕاست،  بۆ تۆوێژاڵی باڵادەست گوێزراوەتەوە.
  • لە ساڵی 1978 دەستەی ساماندارانی سەرەوەی کۆمەڵ کە  0.01 ی کۆمەڵیان پێكهێناوە لە سەدا 7 سامانی خەڵکیان لە دەستدابووە ، بەڵام لە ساڵی 2019 دا دەیتا نیشانی دەدات هەر ئەوانە نزیکە لە سەدا 20 سامانی خەڵکیان لە دەستدایە.
  • بەڕێوەبەرە گەورەکان 300 جار زیاتر وەردگرن لە موچەی ئاسایی کرێکارێکیان.
  • کرێکارانی ئەمەریکی لە ئێستادا 32 دۆلار لە هەفتەیەکدا کەمتر وەردەگرن لە 48 ساڵ لەمەوبەر.
  • لانی کەمی کرێی کاژێرێك ئێستا لەوێ 7.25 دۆلارە . 

وەکو وتم ئەمە کورتەیەك بوو ، ئیتر خۆت حوکم لەسەر ئابووری لیبراڵ بدە.   

کرێکارانی کۆمپانیای گاز لە بریتانیا لە مانگرتنندان

29/03/2021

کۆرۆنا زەرەرێکی زۆری گەیاند بە بزنسی بچوك و کەسانێك کە کار بۆ خۆیان دەکەن ، بەڵام هاوکات زۆر سوەودمەند بوو بۆ کۆمپانیا گەوەرەکان ، ئەمە جگە لەوەی کە قازانجێکی زۆریان کرد هەر ئاواش دەستیان ئاوەڵا بووە لە دەرکردنی کرێکار و کارمەندەکانیانا و وەرگرتنی کەسانی دیکە بە هەل و مەرجێکی زۆر خراپ و پارەیەکی کەم ، هەروەها ناچارکردنی ئەوانەشی کە ماونەتەوە لەسەر کار یا ئەو هەل ومەجە قەبوڵبکەن یاخود کارەکەیان بەجێبهێڵن .

کۆمپانیای گازی بریتانی یەكێکە لەو کۆمپانیایانە.  ئەوە 9 مانگە نقابەی کرێکاران لە وتووێژدایە بۆ ڕاگرنتی کۆمپانیاکە و بەڕێنەکردنی ئەو پلانە ، بەڵام بە داخەوە کە وتووێژەکان شکستیان هێناو ئەوە چەند ڕؤژێکە لە مانگرتندان و لە کاتێکیشدا کە ڕێکەوتن نەکراوە لە 01/04 وە کۆمپانیاکە دەستدەکات بە جێ بەجێکردنی پلانە تازەکەی .

زۆربەی کرێکارانی ئەم کۆمپانیایە خزمەتیان لەگەڵ کۆمپانیاکەدا لە 10 ساڵەوە بۆ 40 ساڵە بۆیە خاوەنخێزان و منداڵن کە ئەمەش قورساییەکی زۆریان دەخاتە سەر بۆ بیرکردنەوە لە قەبوڵکردن و نەکردنی  گرێبەستە نوێیەکە.  بە گوێرەی گرێبەستەکەش کرێکاران دەبێت هەفاتە 3 سەعات زیاتر کار بکەن واتە لە 37 سەعاتەوە بۆ 40 سەعات هەروەها هیچ پارەیەکی زیادەشیان پێناردرێت ئەگەر کار لە ڕۆژانی پشوودانی هەفتەوە [ ویکەند] و پشووە گشتیەکانی وەکو کریسمس وساڵی نوێ و یەکی ئایار و ڕۆژەکانی دیکە، بکەن.

خۆپیشاندان و ناڕازییەکان لە شاری برستڵ بەردەوامە

27/03/2021

دوێنێ ئێوار ، هەینی – 26/03 ، بۆ جاری سێهەم لە شاری برستڵ خەڵکێکیی زۆر هاتنەوە سەر شەقامەکان دژ بە دڕندەیی پۆلیس و وەستانی ئەو لائحەیەی کە تەرحکراوە دەربارەی بنەبڕکردنی زۆرێك لە مافەکانی مرۆڤ کە بڕیارە بەم زووانە بچێتە بەردەم بەڵتەچییەکانی پەڕلەمان تاکو ببێت بە یاسا. 

دوای ڕۆژی یەکشەمەی پێشو ، 21/03 ڕۆژی،  3شەمەش 23/03 بۆ جاری دووهەم خۆپیشاندان و ناڕەزایی درێژەی پێدرا و هەر لەو ئێوارەدا 13 کەس لە لایەن پۆلیسەوە دەسسگیرکران .  لە نارەزاییەکەی دوێنێ ئێوارەش 10 کەس دەسگیرکراون .  بە گوێرەی ڕاپۆرتی پۆلیس لە بەرانبەر خۆپیشاندەرانا کە ئاشتیانە بووە دار و ئەسپ و بەردانی سەگ بۆ ترساندن و ئازاردانی خۆپیشاندەران بەکارهێنراون،  ئەمە جگە لەبەکارهێنانی شلەمەنی [ سپرەی ] بیبەری توون بۆ دەموچاوی خۆپیشاندەران هەروەها  بوونی کۆپتەری پۆلیس بە سەرەوە بۆ وێنەگرتن و چاودێریکردنی خۆپیشاندەران .  بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی پۆلیس ئەو بارودۆخە هەتا سەعاتی 1 بەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بووە.

لەگەڵ ئەوەشدا دڕندەیی پۆلیس و یاسای دیکتاتۆرانی دەسەڵاتدار ناتوانێت خەڵکی لە خۆپیشاندان و کردنی نارەزایی بوەستێنێت هەر بۆیە ئەمڕۆ بڕیارە لەم شارانە خۆپشاندان بکرێت :

Manchester, Sheffield, Birmingham, Brighton, Cambridge, Cardiff, Winchester, Bath, Portsmouth, Lancaster, Nottingham and Kingston upon Thames.

هاوکاتیش بانگەوازی خۆپیشاندانی سەرانسەری لە بریتانیا بۆ ڕۆژی 03/04 کراوە و چاوەڕواندەکرێت کە گەورەترین خۆپیشاندان بێت لە دوای خۆپیشاندانە 2 ملیۆن کەسەکەی لەندەن دژ بە بە جەنگی ئەمەریکا و بریتانیا و داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003 دا.

بۆیکۆتکردنی کڕینی کاڵا و پێداویستی لە ئەمازۆن

23/03/2021

نقابەی Filt Cgil, Fit Cisl and Uiltrasporti unions کە نقابەیەکی ئیتالییە داوای لە کڕيارانی پێداویستییەکان لە ئەمازۆن  کرد کە دوێنێ 2 شەمە، 22/03  کە بۆیکۆت کڕین لە ئەمازۆر بۆ ماوەی 24 سەعات بکەن .

ئەم نقابەیە کە 40 هەزار ئەندامی هەیە لە وتووێژدا بووە لەگەڵ ئیدارەی ئەمازۆندا لەسەر هەل و مەرجی سەرکار :  کرێی کەم ، درێژیی ڕۆژی سەرکار بە تایبەت کرێکارەکان کە پێدوایدتیییەکان دەگەیەننە ماڵان و شۆپەکان کە هەفتانە 44 سەعات کاردەکەن ، پارەی نانی نیوەڕۆ ، دانی پاداشت بە کرێکاران و هەروەها کۆتاییهێنانی  گرێبەستی وەختی .

کڕیارانێکی زۆر بەدەم داخوازیی نقابەوە چوون و ئەمەش 24 سەعات درێژەی کێشاو تا ڕادەیەك زەرەریان لە ئەمازۆن داوە. 

دوای سەرکەوتنی پرۆتێستەکەی شاری برستڵ

21/03/2021

دوای ئەو پرۆتێست گەوەرەیەی ڕۆژی یەكشەمە ، 21/03 ، لە شاری برستڵ ،  تکایە ئەم کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە:

https://uk.yahoo.com/…/night-violence-bristol-kill-bill…

ئێستا پۆلیس ئاماری زەرەروزیانی خۆیان و مەترسیان و هەروەها ژمارەی گیراوانیشیان خستەڕوو. بە گوێرەی ئامارەکانی پۆلیس 21 پۆلیس بریندار بوون کە هەندێكیان پێویستیان بە خەستەخانە هەبووە، 12 ڤان و سەیارەی دیکەی پۆلیس یا سوتێنراون یاخود تێشکاون ، 10 کەسیان دەستبەسەرکردووە و بەدوی کەسانی تریشدا دەگەڕێن

پۆلیس  ترسێکی ئێکجار زۆریان لێنشتیوە سەرۆکی پۆلیسی ئەو دەڤەرە  دەڵێت ” لە زۆر شاری دیکەی بریتانیادا لە ئایندەیەکی نزیكدا هەمان شت ڕودەداتەوە و ژیانی پۆلیس زۆر لە مەترسیدایە ، هەندێك لە پۆلیسەکان پێیان وتوم کە لە کوشتن و مردن دەترسین .  لە  چاویانا دیارە کە ترسیان لێنیشتووە.”  هەر لەبەر ئەمەش بە پەلە داوای کۆبونەوەی نێوانی خۆی و وەزیری ناوخۆی سەرۆکی پۆلیسی ئینگلەند و وێلسی  کردوە .

ئێستا حکومەت بڕیاری دا لە ڕۆژی دووشەمەوە ، 29/03 وە پرۆتێست قەدەخە نەکرێت و ڕێگا بدرێت کە خەڵکی پرۆتێست بکات.  کورد ڕاستیان وتووە :  شەق دەزانێت قۆناغ لە کوێیە.

یەكشەمە تاکو سەعات 1.30 بەیانی دووشەمە، هەلی کۆپتەری پۆلیس بەسەر شارەوە گەڕاوە ، تاکو 4.30 بەیانی زوو یەك دوو ڕێگای سەرەکی هاتنە ناوەوەی بریستڵ داخراوە تاکو سەیارە نەیەتە ناو شارەوە .

دوو دونیای زۆر جیاوازی دەستکرد

28/02/2021

یاسا هەمیشە بۆ هەژارانە، هەر دەبێت ئاواشبێت . هۆکارەکەش ئاسانە.  کێن ئەوانەی  یاسا دادەنێن؟ بێگومان دەسەڵاتداران، سامانداران، سیاسیییەکاکانی کە لە دەسەڵاتدان ، لە حکومەتدان ، لە دەوڵەتدان.  خۆ ناکرێت مرۆڤ ئەوەندە گەمژە بێت یاسایەك دانێت ، سیاسەتێك بەڕێبکات کە دژ بەخۆی بێت.  ئەوە ئێمەین کە گەمژەین، نەك ئەوان، کە دەیانکەین بە یاسادانەر ، بە دەسەڵاتدار، بە کەڵەگا بەسەرخۆمانەوە.

لە بریتانیاو زۆرێك لە وڵاتانی دیکەدا سوپەر دەوڵەمەندەکان یا باج [ تەکس] نادەن ، یاخود هەر زۆر کەم یا بەدەگمەن تیایدانەیە کە بیدات.  بۆ ئەمەش بارەگای بزنسەکانیان دەگوێزنەوە ئەو وڵاتانانەی کە بڕی باج لەسەر کۆمپانیاکان کەمن ، وەکو ئیرلەندە لە سەدا 12.5، تاڕادەیەکیش ئەمەریکا کە لە سەدا 15 یە بەڵام جۆ بایدن دەیەوێت سەریخات بۆ لە سەدا 28 ، لە بریتانیا لە سەدا 19یە ،  یاخود دەچنە شوێنێکی دیکە کە هەر تەکس نایگرێتەوە، دیارە ئەمەش کە دەیکەن نایاسایی نییە بەڵکو بە پشت و پەنای یاسایە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی ئەم ڕۆژانەی پێشو لە سەدا 10 سامانی جیهان لەو شوێنانەدا حەشاردەرێت کە باج نایگرێتەوە ئەمە لە کاتێکدا ، ئەم سامانەش بە ڕێژەی سەدی دەکاتە لە سەدا 2.7 ی داهاتی هەموو جیهان.   هەر بە گۆوێرەی ئەو ڕاپۆرتە ، زیاتر لە ملیارێك خەڵک لەم جیهانەدا هەژارن.

ئەم سامانەی دەوڵەمەندەکان لە نێوانی مانگی نیسان و مانگی تەموزی  پارەکەدا ، 2020 ، بە ڕێژەی لە سەدا 27.05 بەتەنها لە 4 مانگدا چووەتە سەرەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە باقییەکەی دیکەی جیهان لە ناڕەحەتیدا ژیاوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵیت ئەگەر ئەم سامانە حەشاردراوە ، یاخود باج لێنەدراوە، بە بڕی لە سەدا 20 بۆ لە سەدا 30 باج بدەن هەر لە بەنگلادشا 9 ملیۆن خەڵکی پیر لە هەژاری دەربازدەکات ، لە وڵاتی چاددا بەم پارەیە دەکرێت 38 هەزار قوتابی پێبگەیەنێت [ وێنەی دووهەم وێنەی قوتابیانی چادە ] ، لە ئەڵمانیا دەکرێت 8000 تۆرنیددۆی  با، کە وزەی کارەبای پی دروستدەکرێت، دابنرێت .

دیارە قسە هەر لەسەر سوپەر دەوڵەمەندەکانە ، نەك ئەوانی دیکە ، بە دڵنناییەوە کە بڕی باج زیاد بکرێت و گەندەڵی تیادانەکرێت  خەڵکێکی زۆر لە داوی هەژارری ڕزگاری دەبێت . دیارە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ڕیفۆرم هەژاریی و قۆرت و نەگەبەتییەکانی دیکەی کە بەدوایدا دێن، چارەسەردەکات .  ئەمە کاری نەکردەیە و هەرگیز لەسای ئەم سیستەمەدا ڕیفۆرمێکی بنەڕەتی ڕوونادات .  زانینی هۆکارەکە ئاسانە ئەویش ئەوەیە کە دەبێت ڕیفۆرم لە ژیان و سامانی ساماندارانابکرێت ، ئایا ئەوان خۆیان ڕێگای ئەوە دەدەن؟ مێژوو سەلماندوییەتی کە نایدەن.