ئه‌زموونی خه‌باتی مه‌ده‌نی و نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له باکووری کوردستان له ڕوانگه‌ییه‌کی کوردییه‌وه
سیاوەشی گودەرزی
خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ئه‌زموونێکی پڕ له خوێن و به‌رخۆدان بووه له باکووری کوردستان، پێشه‌نگایه‌تی په‌که‌که و شه‌قڵی کاریگه‌ری هزری چه‌پ به ڕوونی به‌م خه‌باته‌وه دیاره. ئه‌وانه‌ی ئاگاداری بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی کوردی له باکووری کوردستان هه‌ن، ئه‌وه ده‌زانن که خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له باکووری کوردستان یه‌که‌م ئه‌زموونی بزووتنه‌وه‌ی مۆدێڕنه یان یه‌کێک له بزووتنه‌وه هه‌ره پێشه‌نگه‌کانله هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا.
ئێستا پێواژۆیه‌کی ئاشتی له تورکیا له نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی تورکیا له ئارادیه. لایه‌نی په‌که‌که و پارتی ئه‌که‌په هه‌ر کامه دوو خوێندنه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ ئه‌م پێواژۆیه هه‌یه. له درێژه‌ی ئه‌م پێواژۆیه‌دا هه‌ڵبژاردنه شاره‌وانییه‌کانی له مانگی مارسی 2014 به‌ڕێوه‌یه. له لایه‌کی دیکه‌وه بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌لی و خه‌تێکی سیاسی به ناوی خه‌تی سێهه‌م و جیا له دوو جه‌مسه‌ری تورکیا و سوریا له ڕۆژئاوای کوردستان به پێشه‌نگایه‌تی په‌یه‌ده و له سه‌ر خه‌تی سیاسی په‌که‌که خه‌ریکه وه‌ک سیسته‌مێکی به‌ڕێوه‌به‌ری خۆجێیه‌تی خۆی ده‌چه‌سپێنێ.
به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لوومه‌رجی ئێستا، گه‌له‌کۆمه‌یه‌کی هه‌مه لایه‌نه له دژی هێڵی سێهه‌م چ له تورکیا و چ له ڕۆژئاوای کوردستان له ئارادایه. سه‌ردانی سێقۆڵی بارزانی و شوان په‌روه‌ر و ئه‌ردۆغان له ئامه‌د وه‌ک کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ ئه‌که‌په ته‌نیا یه‌کێک له نموونه ئاشکرا‌کانی ئه‌م دژایه‌تییه‌یه. له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌مان خه‌بات و به‌رخۆدان و هێڵی سێهه‌می سیاسی که سیسته‌مێکی نوێی به‌ڕێوه‌به‌ری له ڕۆژئاوای کوردستان پێکهێناوه‌و له سه‌ر عه‌رزی واقع چه‌سپاندوویه‌تی. هاوکات هه‌مان هێڵ، پاشه‌کشه‌ی به ده‌وڵه‌تی تورکیا له باکووری کوردستان کردووه‌و فه‌زایه‌کی سیاسی کراوه‌ی له سه‌ر پرسی کورد پێکهێناوه. به‌ڵام له هه‌مانکاتدا پڕۆپاگه‌نده‌یه‌کی به‌ربڵاویش له ئارادایه که ئه‌م خه‌بات و به‌خۆدانه به نه‌دیتوو ببیندرێ و وه‌ک خێر و چاکه، کاڵای به قه‌د باڵای ئه‌ردۆغان و ئه‌که‌په‌دا ببڕدرێ.
له‌و سۆنگه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌مه‌و به‌دوا ناوه ناوه زنجیره نووسینێک له سه‌ر خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له باکووری کوردستان که پێشتر له فۆرمی کتێبێک‌دا ئاماده‌کراوه، له فه‌یسبووک بڵاوبکه‌مه‌وه. له‌م وتارانه‌دا دوو ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کی به بنه‌ما ده‌گرم.
یه‌که‌م، خه‌باتی سیاسی: کرۆنۆلۆژیایی خه‌باتی سیاسی و پارلمانتاری له باکووری کوردستان، پێشینه‌ی پارته تورکییه‌کان له کوردستان، پارته‌کانی هه‌پ، ده‌پ، ده‌هاپ و هاده‌پ، پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیمۆکراتیک ده‌ته‌په، پارتی ئاشتی و دیمۆکراسی به‌ده‌په، کۆنگره‌ی جفاکی دیمۆکراتیک که‌جه‌ده، یاسای بنچینه‌یی تورکیا و ناسنامه‌ی کورد و بایکۆتی ڕاپرسی
دووه‌م، خه‌باتی سڤیل و مه‌ده‌نی: شێوازه‌کانی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له باکووری کوردستان، دایکانی ئاشتی، که‌مپه‌ینی ناسنامه‌ی کوردی، بایکۆتی نه‌چوونه قوتابخانه، وتنی بێژه‌ی “به‌رێز” ئۆجالان، به کوردی قسه‌کردن له مه‌حکه‌مه و پارلمان ،نه‌چوونه سه‌ربازی، قه‌ڵخانی زیندوو و خێوه‌ته‌کانی ئاشتی.
تێبینی:
ئه‌م زنجیره وتارانه تایبه‌ت له فه‌یسبووک بڵاو ده‌که‌مه‌وه به‌ڵام هه‌ر ماڵپه‌ڕ و ڕۆژنامه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر ویستیان ده‌توانن لای خۆیان دایبه‌زێنن.
سه‌ره‌تا:
بیرۆکه‌ی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له ڕۆژئاوا له باکووری ئه‌مه‌ریکا له لای هێنڕی ده‌یڤید تۆرێۆ لە سەدەی هەژدەهەمدا، سه‌ریهه‌ڵدا و له ڕۆژهه‌ڵات له هیندووستان لای گاندی وه‌پێشکه‌وت. تۆرێۆ له ڕۆژئاوا له لێگه‌ڕین و بیرکردنه‌وه‌کانیدا له سه‌ر زۆڵم و ناحه‌قیی و پێوه‌ندی ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵک له‌و بواره‌دا به‌و ئاکامه گه‌یشت که حكوومه‌ت له خۆیدا مه‌ترسیدار نییه. مه‌ترسی و كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره ئه‌وه‌یه که هاووڵاتیان فه‌رمانبه‌ری له ده‌وڵه‌تێک ده‌که‌ن که هه‌مان ده‌وڵه‌ت زوڵم و ناحه‌قی له‌وان ده‌کا. مه‌هاتما گاندی له ڕۆژهه‌ڵات له خه‌باتی دژ به کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی ئینگلیز چه‌مکێکی به ناوی ناتوندوتیژی به خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نییه‌وه زیاد کرد. گاندی له‌و بڕوایه‌دا بوو نه‌ک ته‌نیا نابێ له توندتویژی که‌ڵک وه‌رگیردرێ به‌ڵکوو ناتوندوتیژی وه‌ک ئه‌رک ڕه‌چاو بکرێ و بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی خه‌باتێکی هه‌مه‌لایه‌نه به‌ڕێوه بچێ و ناوتوندوتیژی وه‌ک کو‌لتوور له کۆمه‌ڵگادا بچه‌سپێندرێ . چوونکه چاره‌سه‌ری و نه‌مانی زوڵم له خودی هه‌ناوی ناتوندوتیژیدا هه‌ڵکه‌وتووه.
که‌وابوو نافه‌رمانی مه‌ده‌نی داهێنانێکی ته‌نیا ڕۆژئاوایی نییه، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌شی به ڕۆژئاواوه هه‌یه دوو ئه‌وه‌نده به‌شی به لایه‌که‌ی دیکه‌ی جیهان ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌یه. هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه ده‌کرێ ڕاشکاوانه بێژین خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی بیرۆکه‌یه‌کی جیهانیی و ئونیڤێرسیاڵه و له کولتوورێکی تایبه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه‌و هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک و کولتوورێک پاوانی به سه‌ر خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نییه‌وه نییه.
نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له سه‌ر چه‌ند پره‌نسیپێک ڕاوه‌ستاوه؛ كرده‌وه‌یه‌كی كراوه‌ی فه‌رمییه و هیچ چه‌شنه نهێنی و شاراوه‌ییه‌کی تێدا نییه. ئامانج له نافه‌رمانی مه‌ده‌نی، ئامانجێكی گشتی كۆمه‌ڵگایی و ئه‌خلاقییه. بێجگه له‌م دوو پره‌نسیپه له خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا به بێ به‌کارهێنانی توندوتیژی فه‌رمانبه‌ری له یاسا ناحه‌قه‌کان ده‌کرێ و ئه‌و یاسایانه‌ی که مافی ده‌سته و گرووپێک، پێشێل ده‌که‌ن، بۆخۆیان به هۆی هه‌مان ده‌سته‌و گرووپه بن پێ ده‌کرێن. له ڕۆژهه‌ڵات یان ڕۆژئاوا له سوید یان کوردستان ئه‌و پره‌نسیپانه نه‌گۆڕن، به‌ڵام شێوازه‌کانی پێره‌وکردنی ئه‌و پره‌نسیپانه به پێی هه‌لوومه‌رجی جیاواز، وڵاتی جیاواز و کولتووری جیاله‌یه‌ک ده‌گۆڕدرێن و هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک، هه‌ر ده‌سته و گرووپێک شێوازی جیاجیا له خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی بۆ خۆی هه‌ڵده‌بژێت.
شێوازه‌کانی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له گاندی به‌دواوه هه‌تا ئێستا به تایبه‌تی له ڕۆژئاوا ئاڵووگۆڕی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه. به لایه‌نی ئه‌رێنیدا گه‌شه‌ی زۆری کردووه و به تایبه‌تی بۆ ئه‌وه له هه‌موو هه‌لوومه‌رجێکدا دووری له توندوتیژی بکرێ نوێکاری له شیوازه‌کانی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا پێکهاتووه. وه‌ک نموونه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا خه‌باتکارانی مه‌ده‌نی له سوید کڵاوه‌ی پارێزه‌ری سه‌ر که پاسکیل لێخوره‌کان یان کرێکاره‌کان له سه‌ری ده‌که‌ن، له کاتی هه‌ڵمه‌ته‌کاندا به‌کار نابه‌ن بۆ ئه‌وه هێما بۆ ئه‌گه‌ری به‌کارهێنانی توندوتیژی له لای پۆلیس و خۆپیشانده‌رانیشه‌وه نه‌که‌ن.
له کوردستان له پارچه جیاجیاکاندا له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو مێژووی هاوچه‌رخی کورد له نافه‌رمانی و به‌رهه‌ڵه‌ستکاری داگیرکه‌راندا بووه به‌ڵام نافه‌رمانی مه‌ده‌نی دیاردیه‌کی ئێکجار نوێیه. به‌تایبه‌تی له بواری هزری و کاری تیۆری له سه‌ر خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی زۆر که‌م شت نووسراوه. به‌هه‌مان شێوه‌ش له کرده‌وه‌دا که‌متر سه‌ره‌نج دراوه‌ته نافه‌رمانی مه‌ده‌نی یان به شێوه‌یه‌کی دیکه به هۆی زوڵم و زۆری له ڕاده‌به‌ده‌ری داگیرکه‌ران له کوردستان، خه‌باتگێڕی کورد که‌متر باوه‌ڕ به سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی هه‌بووه.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی زۆر دره‌نگ هاتووه‌ته کوردستان به‌ڵام له ماوه‌یه‌کی که‌م زۆر باش گه‌شه‌ی کردووه. له زۆر شێوازی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی به‌تایبه‌تی له باکووری کوردستاندا که‌ڵک وه‌رگیراوه‌و هه‌تا ده‌چێ و زیاتر شێوازه‌کانی نافه‌رمانی مه‌ده‌نیش ته‌شه‌نه ده‌که‌ن. هه‌ڵمه‌ته‌کانی دایکانی ئاشتی، هه‌ڵمه‌تی دژی شه‌ڕ به ناوی قه‌ڵغانی زیندوو، هه‌ڵمه‌تی نه‌چوونه سه‌ربازی، هه‌ڵمه‌ته‌کانی خۆناساندن به مه‌حکه‌مه و وتنی بێژه‌ی “به‌ڕێز ئۆجالان”، هه‌ڵمه‌تی بایکۆتکردنی ڕێفراندۆم، هه‌ڵمه‌تی نه‌چوونه قوتابخانه و هه‌ڵمه‌تی به کوردی قسه‌کردن له مه‌حکه‌مه‌کانی تورکیا و له ئاستی به‌رزیشدا له پارلمانی تورکیا له کاتی وه‌شانی ڕاسته‌وخۆ ته‌له‌فزیۆنیدا ته‌نیا چه‌ند نموونه‌یه‌کن له شێوازه‌کانی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له باکووری کوردستان.
پارته سیاسییه‌کانی تورکیا و کورد لە دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیاوە هەتا ئێستاشی لە گەڵ بێت، کوردەکان بۆیان نییە پارتێکی سیاسی لە سەر بنەمای ئه‌تنیکی یان کورد بوون چێ بکەن. هەتا ساڵەکانی ١٩٩٠ کە کوردەکان لە پارته کوردییه، “تورکی ناو”ه‌کانه‌وه تێکۆشانە سیاسییەکانی خۆیان دەستپێکرد، لە نێو پارتە سیاسییەکانی تورکیادا وەک تورک تێکۆشانیان هەبووە و هیچ کاتێکیش به هۆی یاسای بنچینه‌یی تورکیاوه، نه کورد ئه‌و مافه‌ی هه‌بووه و نه قه‌واره‌ی پارته تورکییه‌کانیش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی به کورد داوه که وه‌ک کورد و له سه‌ر بنه‌مای ئه‌تنیکی له پارته‌کانی تورکیادا تێکۆشانی سیاسی‌یان هه‌بێت.
پارتی کۆماری گه‌ل جەهەپە، یه‌کێک له کۆنترین پارته سیاسییه‌کانی تورکیایه که بە هۆی ئەتاتورکەوە لە ساڵی ١٩٢٣ دامەزرا و له ماوه‌یه‌کی دوور و درێژدا هه‌تا ساڵی ١٩٤٦ تاقە پارتی دەسەڵاتدار له تورکیا بوو. له ساڵی ١٩٥٠ سیسته‌می فره پارتی له یاسای بنچینەیی تورکیادا گونجێندرا. بە دوای ئەم ئاڵووگۆڕەدا پارتی دیموکراتیک سه‌که‌وتنێکی به‌رچاوی وه‌ده‌ستهێنا و جەلال بایار کە پێشتر خۆی لە پارتی کۆماری گەل دابڕاندبوو لە پارتی نوێ‌دا پۆستی سه‌رۆککۆماری وەدەست هێنا و عەدنان مه‌نده‌یرس کرا به سه‌رۆکوه‌زیری تورکیا. ئەمە یه‌که‌م جار بوو کە پارتی کۆماری گەل، پارته‌که‌ی ئه‌تاتورک کەوتە دەرەوەی دەسەڵات و له ژێر ڕێبه‌ڕایه‌تی عیسمه‌ت ئینینۆدا بوو به پارتی ئۆپۆزسیۆن.
به‌تایبه‌تی له پاش شه‌ڕی دووه‌می دنیاگر و دابه‌شبوونی جیهان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی کاپیتالیستی و کۆمۆنیستیدا گرینگی ستراتیژی تورکیا زیاتر که‌وته به‌ر سه‌ره‌نج. پۆزیسیۆن و هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافی سیاسیی تورکیا له به‌رانبه‌ر سۆڤییه‌تدا، زیاتر له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه که ڕۆڵی سه‌ره‌کی له به‌ره‌ی ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا خستبۆوه مل خۆی گرینگی پێدرا. تورکیای سێکۆلار و که‌مالیستیش ئه‌م هه‌له‌ی قۆسته‌وه‌و بێجگه له جێگرتن له ناتۆ و چه‌ند په‌یماننایه‌که‌ی دیکه‌ی سه‌ربازی و هاوکاری له گه‌ڵ وڵاتانی دۆستی ڕۆژئاوا وه‌ک سێنتۆ دژ به سۆڤییه‌ت و ته‌شه‌نه‌کردنی کۆمۆنیزم، هه‌ڵکه‌وته‌ی ستراتیژی خۆی زیاتر له ناوچه بته‌و کرد.
له سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌کاندا ته‌وژمێکی چه‌پ و ڕادیکاڵ هه‌موو ڕۆژئاوا به‌تایبه‌تی ئه‌وروپای گرته‌وه‌و له ئه‌وروپاشه‌وه ئاخره‌که‌ی سه‌ری له تورکیاش ده‌رهێنا. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تورکیا که هه‌ر له سه‌رده‌می ئه‌تاتورکه‌وه له ژێره‌وه به هۆی ژنڕاڵه سه‌ربازییه‌کان به‌ڕێوه ده‌چوو سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ڕه‌وته‌ی به مه‌ترسییه‌کی گه‌وره بۆ سه‌ر خۆی زانی و هه‌ربۆیه له هه‌ر له ده‌سپێکدا و له یه‌که‌م ده‌رفه‌تدا که‌وته سه‌رکوتکردنی. ساڵی ١٩٦٠ یه‌که‌مین کوده‌تای سه‌ربازی له تورکیادا ئه‌نجام درا و ١١ساڵ دوای ئه‌وه بۆجاری دووه‌م له ساڵی 1971دا ئه‌و جار ڕاسته‌وخۆ و به یه‌کجاری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی گرته ده‌ست.
له ساڵی١٩٧٠ به‌دواوه له ژێر تیشکی گۆڕانکارییه هه‌رێمییه‌کان و به‌تایبه‌تی قه‌یرانی نه‌وت له جیهاندا تورکیاش ژماره‌یه‌ک گۆرانکاری به‌سه‌ردا هات. له‌و سه‌روبه‌نده‌دا بوو له ساڵی ١٩٧٤ که باکووری قوبرس له‌لایه‌ن سوپای تورکیاوه داگیرکرا و ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی دیکه قه‌یرانه‌کانی تورکیای به تایبه‌تی قه‌یرانی ئابووری قوڵتر کرده‌وه. ئه‌مه‌ریکا وه‌ک یه‌کێک له به‌رچاوترین وڵاتانی یارمه‌تیده‌ری تورکیا، وه‌ک ناڕه‌زایه‌تی له به‌رانبه‌ر داگیرکاری قوبرس، یارمه‌تییه دراوییه‌کانی خۆی بۆ تورکیا هه‌ڵپه‌سارد.
له ژێر سێبه‌ری قه‌یرانه سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له تورکیا ده‌نگه ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له لایه‌ن ده‌سته‌و گرووپی جیاجیا به‌تایبه‌تی چه‌په‌کان له کۆتایی حه‌فتاکاندا له ته‌شه‌نه‌کردندا بوو که له ١٢ سێپته‌مبری ساڵی ١٩٨٠، جارێکی‌تر جه‌نراله‌کان کوده‌تایه‌کی دیکه‌ی سه‌ربازیان ئه‌نجامداو ئه‌مجاره به هه‌زاران که‌س ده‌سبه‌سه‌ر کران و خرانه زیندان.
دوای ئه‌وه‌ی له پاش شه‌ڕی دووه‌می دنیاگره‌وه هیچ چه‌شنه بزووتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداری له باکووری کوردستاندا سه‌ریهه‌ڵنه‌دابوو، ڕاست دوو ساڵ به‌ر له کودێتا، له ساڵی 1978 پارتی کرێکارانی کوردستان له گوندێک به ناوی فیس له نزیک ئامه‌د له لایه‌ن ژماره‌یه‌ک خوێندکاری زانکۆوه که بڕوایه‌کی بته‌ویان به حه‌ره‌که‌تی چه‌کداری هه‌بوو، له ژێر کاریه‌گه‌ری خه‌تی هزری عه‌بدوڵا ئۆجالاندا دامه‌زرابوو .
ئۆجالان له یه‌کێک له وتاره‌کانیدا ده‌نووسێ: ته‌واوی ئه‌و حکوومه‌تانه‌ی له تورکیا هاتوونه‌ته سه‌ر کار هه‌میشه به ترسه‌وه له پرسگری کوردیان ڕوانیوه. هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک هاتووه‌ته سه‌ر کار، کێشه‌که‌ی قووڵتر کردووه‌ته‌وه و ئه‌م کێشه‌یه‌ی به ده‌سه‌ڵاتی دوای خۆی سپاردووه. هه‌موو حکوومه‌ته‌کانی تورکیا، سیاسه‌ته‌کانی وه‌ک سته‌مکاری، کۆچی زۆره‌ملێ و دوورخستنه‌وه‌یان له سه‌ر کورد تاقی کردۆته‌وه. له ئاکامی ئه‌مه‌دا وه‌ک لایه‌نێکی ناڕازی، په‌که‌که سه‌ری هه‌ڵدا. په‌که‌که خوازیاری چاره‌سه‌ری سیاسی بوو. کاتێک ئه‌مه پێک نه‌هات، شه‌ڕ هاته ئاراوه. ئه‌و شه‌ڕه هه‌تا ئیمڕۆش هه‌ر به‌رده‌وامه. (له ده‌قی فیلمێکی به‌ڵگه‌یی له مێدیا تیڤی وه‌رگیراوه).
په‌که‌که به‌پێچه‌وانه‌ی پارته کوردییه‌کانی دیکه له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا پێشوه‌چوونی به‌رچاوی له باکووری کوردستان به‌خۆوه دیت. له لایه‌ن حکوومه‌تی سه‌ربازی تورکیاوه، باری نائاسای به‌تایبه‌ت له له باکووری کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ڕاگه‌یه‌ندرابوو . له پانتایی تورکیا و کوردستان، ئازادی چاپه‌مه‌نی و کۆبوونه‌وه‌ی کۆڕوکۆمه‌ڵه‌کان قه‌ده‌غه‌کران. کوردستان به‌تایبه‌تی که‌وته بن سه‌رکوتێکی گران و هۆڤانه‌ترین شێوازی ئه‌شکه‌نجه له سه‌ر زیندانیانی سیاسی کورد که به زۆری له ئه‌ندام و لایه‌نگرانی په‌که‌که پێکهاتبوون تاقی کرایه‌وه. زیندانی ئامه‌د یه‌کێک له نموونه هه‌ره به‌رچاوه‌کانی سه‌رکوتی هۆڤانه‌ی کوده‌تا له ماوه‌ی سێ ساڵ، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی سه‌ربازی جه‌نڕاڵه‌کانی تورک بوو.
کوده‌تای سه‌ربازی ساڵی ١٩٨٠، جارێکی دیکه هه‌موو ده‌رفه‌تێکی بۆ جوڵان و تێکۆشانی سیاسی له باکووری کوردستاندا له نێو برد و حکوومه‌تی سه‌ربازی تورکیا به توندترین شێواز هه‌موو به‌رهه‌ڵستکارییه‌کی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی کوردی سه‌رکوت ده‌کرد.
دوای سێ ساڵ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی سه‌ربازی، ئاخره‌که‌ی جه‌نڕاڵه‌کان له ساڵی ١٩٨٣ له پاش گۆڕان له یاسای بنچینه‌ییدا و دانانی له‌مپه‌ری ده‌له‌سه‌د، ڕه‌زامه‌ندی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنێکی گشتی ده‌ربڕی. له به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و ساڵانه‌دا تێکۆشانه سیاسییه‌کانی کورد و ئیسلامییه‌کان ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندبوو، له ڕاستیدا دانانی له‌مپه‌ری ده‌له‌سه‌د ته‌نیا بۆ دژایه‌تی کورد و ئیسلامییه‌کان و له نێو بردنی شانسی هاتنی ئه‌وان بۆ نێو پارلمانی تورکیا، داندرا.
پارتی نیشتمانی دایک، به سه‌رۆکایه‌تی تورکوت ئۆزال سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی له هه‌ڵبژاردنی پارلمانی ساڵی ١٩٨٣دا وه‌ده‌ستهێنا. تورکوت ئۆزال به وه‌ده‌ستخستنی ڕێژه‌ی ٤٥ له‌سه‌دی ده‌نگه‌کان بوو به سه‌رۆکوه‌زیر و هه‌ر زوو ئه‌و چاکسازییه ئابوورییانه‌ی که له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا بانگه‌شه‌ی بۆ کردبوو، ده‌ست پێ‌کرد. به‌ڵام سه‌رکوت له کوردستان هه‌روا به‌رده‌وام بوو و به‌ش به حاڵی کورد، هه‌ڵبژاردنی ئۆزال و ڕێفۆرمه ئابوورییه‌کانی کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی له سه‌ر باروودۆخی ناله‌باری کوردستان نه‌کرد، به‌تایبه‌تی ئه‌وه باروودۆخی نائاسایی له زۆربه‌ی هه‌رێمه‌کانی کوردستاندا ڕاگه‌یاندرابوو و به کرده‌وه ژاندارم و ئه‌رته‌ش بوون که ده‌سه‌ڵاتیان له باکووری کوردستان به‌ده‌سته‌وه بوو.
له ساڵی ١٩٨٤دا، په‌که‌که شه‌ڕی چه‌کداری ده‌ستپێکرد و ورده ورده شه‌ڕ پانتایی هه‌موو باکووری کوردستانی گرته‌وه. ساڵ به ساڵ و پێ به پێی به‌رفراوان بوونه‌وه‌ی چالاکی چه‌کداری په‌که‌که و زۆر بوونی هێزی گه‌ریلا و دژوار بوونه‌وه‌ی شه‌ڕ، ده‌وڵه‌تی تورکیاش شه‌ڕی له کوردستان به‌رفراوانتر کرد و نه‌ک ته‌نیا هێزی گه‌ریلا به‌ڵکوو خه‌ڵکی سڤیلی گونده‌کانیش کرانه ئامانجی سه‌ربازی و له ئاکامدا به‌سه‌دان گوند کاول و وێران کران و به سه‌دان هه‌زار که‌سیش ئاواره‌و په‌ڕیوه‌ی شاره گه‌وره‌کانی کوردستان و تورکیا بوون. له‌و ساڵانه‌دا به‌تایبه‌تی له ڕۆژێکی وه‌ک نه‌ورۆزدا، حه‌ره‌که‌ته جه‌ماوه‌رییه‌کان به ناوی پیرۆزباییه‌کانی نه‌ورۆز ده‌بوونه کۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری به‌رانبه‌ر به ده‌وڵه‌تی تورکیا. له گه‌ڵ هه‌موو قه‌ده‌غه‌کاریه‌کانی ده‌وڵه‌ت، نه‌ورۆز له دوای ساڵه‌کانی ١٩٨٠، له شاره‌کانی جزیره و نوسه‌یبین، به به‌شداری ده‌یان هه‌زار که‌س و به شێوازێکی به‌ربڵاو پیرۆز ده‌کرا. له نه‌ورۆزی ساڵی ١٩٩٠، له به‌رزایی قه‌ڵای ئامه‌د، کچێک به ناوی زه‌کیه ئه‌لکان، به ئاگربه‌ردان له جه‌سته‌ی خۆی، جه‌ژنی نه‌ورۆزی پیرۆز کرد.

درێژه‌ی هه‌یه …
سه‌رچاوه:
کتێبی: ئه‌زموونی خه‌باتی مه‌ده‌نی و نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له باکووری کوردستان، سیاوه‌ش گۆده‌رزی، چاپ نه‌کراو.
پێگەی نووسەر لە فەیسبووك
www.facebook.com/anarkistan.net ***** sekoy-anarkistani-kurdiy-zman@riseup.net ***** https://i-f-a.org