له‌ولاشه‌وه، قه‌یرانه‌کان، ئه‌وه‌یان سه‌لماند، که یه‌کێتی ئه‌وروپا و سیسته‌می یه‌کدراوی یورۆ ڕۆژ به ڕؤژ له هه‌ره‌سهێنان نزیك ده‌بێته‌وه و بووه‌ته هۆی لاوازبوونی نرخ و به‌های سه‌رجه‌می دراوه سه‌ره‌کییه‌کانی دیكەی جیهان و سستکردنی زیاتری گەشە و پەرسەندنی ئابووری جیهانی. لە درێژەیدا قه‌یرانه‌که گه‌یشتۆته ناو جه‌رگه‌ی ئه‌ڵمانیا، که له ڕوی ئابوورییه‌وه به‌هێزترین وڵاتی ئه‌وروپییه. ئیتالیا و ئیساپانیا و یۆنان و پورتوگال له‌بری خۆگرتنەوەیان، که‌چی بەرەو شكستی زیاتر دەڕۆن. بریتانیا به‌پێی قسه‌ی سه‌رۆ‌ك‌شالیاره‌که‌ی دایڤید کامیرۆن، ئه‌م قه‌یرانه تا ساڵی 2020 له وڵاته‌که‌یدا، هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ئابووریناسه‌کان و ده‌سگه ئابوورییه‌کانی نێوخۆی بریتانی ھەنووكە به ئاشکرا ده‌ڵێن : له ڕاستیدا له‌وه ناکات، که بریتانیا هه‌رگیز له‌م قه‌یرانه ڕزگاری ببێت، چونکه ئه‌وان ئه‌وه ده‌زانن، که بریتانیا له‌ڕووی خراپی باری ئابوورییه‌وە، له ئاستی ئه‌وروپادا ته‌نها ئیرله‌نده و ئایسله‌ند، له دوای ئه‌مه‌وه‌ن. ئابووریناسه‌کان و ڕامیارەکان، پارساڵ ئاوایان پێشبینی ده‌کرد، که ئابووری بریتانیا به به‌راورد لەتەك داهاتی نه‌ته‌وه‌ییدا، به‌ڕێژه‌ی له %1.8 تا له %2 له ساڵی 2012دا په‌ره ده‌سێنێت. له سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵدا هه‌ر هه‌مان کۆمه‌ڵ لە ئابووریناان وتیان : ئه‌و هه‌ڵسه‌نگه‌ندنانه‌ی ساڵی ڕابوردوو ڕاست نین و ڕێژه‌ی گەشە و پەرەسەندنی ئابووری بریتانیا ته‌نها له %0.8 ده‌بێت. که‌چی له سه‌ره‌تای مانگی ئۆگه‌ستدا سه‌رۆکی بانكی ناوه‌ندی بریتانی له دیمانه‌یه‌کی ته‌له‌فزوێنیدا هه‌موو ئه‌و پێشبینیانه‌ی که کرابوون ، ڕەتكردەوە و وتی ڕێژه‌ی گەشە و پەرەسەندنی ئابووری بریتانی له %0 ده‌بێت، واته (سفر). ھەورەھا که‌لێنی جیاوازی نێوان ھەناردە (ناردنه ده‌ره‌وه) و ھاوردە (هێنانه‌ناوه‌وە)ی کاڵا و پێداویستی زۆر گه‌وره‌یه و له نێوان 2.7 ملیارد تا 4.4 ملیارده. لەولاشەوە وڵاتی چین، که دووه‌م ده‌وڵه‌تی به‌هێزی ئابوورییه له جیهاندا و جێگەی هیوا و ئومێدی لیبراڵه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی دیكەیە و له‌م قه‌یرانه ئابورییه‌ی ئێستادا به ڕزگارکه‌ری ئه‌وروپا و جیهانی ده‌زانن. داتا و ئاماره‌کانی ئه‌م دواییه نیشانی ده‌ده‌ن، که بڕی گەشە و پەرەسەندنی داهاتی چین له بری ئه‌وه‌ی له سه‌رکه‌وتندا بێت، له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییه‌دا بۆ ڕێژه‌ی %6.8 داکشاوه. مامه‌ڵه‌ی بازرگانیشی لەتەك ئه‌وروپادا به‌ڕێژه‌ی له %40 هاتۆته خواره‌وه، که به ھەژماری پاره 10 ملیارد دۆلاری ئه‌مه‌ریکی ده‌کات. ھەروەھا چاوه‌ڕوانی ئەوە ده‌کرێت، كە ڕێژه‌ی گەشە و پەرەسەندنی ئابووری چین له ساڵی ئاینده‌دا له دابه‌زینی زیاتردا بێت. به‌پێی ئه‌م داتایانه و ڕاستییه‌کان، نه‌ک هه‌ر چین نابێته ڕزگاركەری ئابووریی جیهانی به‌گشتی و ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی، به‌ڵکو خۆشی که‌وتۆته قه‌یرانه‌وه و به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕاده‌ی بێكاری و داخستنی کارگه و کارخانه‌کان و خراپی ئابووری ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکاوه قه‌یرانه‌که‌شی قوڵتر ده‌بێته‌وه و به‌رده‌وامیش ده‌بێت. بێگومان ئه‌مه‌ش چاوه‌ڕوانکراوه و تێگه‌یشتنی ئاسانه. له کاتێکدا که وڵاتی چین له %60 کاڵاكانی خۆی لە بازاڕه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکای ساخ دەکاته‌وه و له‌و وڵاتانه‌شدا باری ئابووری ئه‌وه‌نده خراپ بێت، چاره‌نوسی ئه‌و به‌رهه‌م و کاڵایانه‌ی که نێرراون بۆ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا که‌ڵه‌که‌بوون و ساخ نەبوونەوەیەتی. ھەر ئه‌م پرۆسه‌یه چین ناچار ده‌کات، که چیدیكە توانای ھناردنی به‌رهه‌م و کاڵای بۆ ئەو وڵاتانە نەمێنێت و دیسانەوە هه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به ڕۆڵی خۆی ده‌بێته ھۆی داخستنی کارگه و کارخانه‌ی زیاتر و بێكارکردنی کرێکاری زیاتر و که‌مبووننه‌وه‌ی باج و خه‌راجی ده‌وڵه‌ت و دواتریش ده‌ستگرتنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تیش له خەرجکردن له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، ئه‌مه‌ش بە واتای ده‌ستپێکردنی سوڕێکی تەمەڵیی ئابووری به‌رده‌وام و بێ‌کۆتایی له چین. ئیدی كە ئه‌مه‌ش ڕێڕه‌وی چین بێت له ئێستا و ئاینده‌دا، ھەر بۆیە چاوه‌ڕوانی ڕزگاركەرئی لێناکرێت.
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و لێکدانه‌وه کورت و ساده و ساکاره‌ی سه‌ره‌وه، له‌لای ئێمه‌ی ئه‌نارکستانی کوردستان، چ ھاتنەدەرەوەی بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل و شوێنه‌کانی دیكە و چ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکیش له وڵاتانی عه‌ره‌بی که له میدیای لیبراڵدا به “به‌هاری عه‌ره‌بی” ناسراون، دیاردەیەك یا ڕوداوێکی کوتوپڕی و بێبناخه و بێ هۆکار و چاوه‌ڕواننەکراو نه‌بوون و نین.
به‌بۆچوونی ئێمه هه‌ندێك خاڵی ناوکۆیی له ناو ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاتانه که به “به‌هاری عه‌ره‌بی “دا تێپه‌ڕیون یا ئێستا له‌و ورووژانە‌دان لەتەك “به‌هاری کوردستان” و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، هه‌ن؛ له‌وانه دژایه‌تیکردنی گه‌نده‌ڵی، داوای هه‌بوونی ئاشكرایی (شيفافیەت) له کاره‌کانی ده‌وڵه‌تدا و بوجه‌ی میری و كارەكانی ده‌وڵه‌ت و په‌ڕله‌مان که ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن، ئازادی ڕامیاریی و سه‌روه‌ری یاسا و داوای هه‌بوونی میرایەتییەکی لیبراڵ له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژزاردنێکی كراوە و ئاشكراوە، دانانی ته‌کنۆکراته‌کان لە شوێن دەسەڵاتدارانی ھەنووكەیی، داوای ڕه‌خساندنی بواری ئیش و هه‌لی دروستکردنی بازرگانی (بزنسی) بچوك و به‌ستنی په‌یوه‌ندیه‌کی دۆستانه‌ی توندوتۆڵ له‌تەك میرییەكانی ئەوروپا و ئه‌مه‌ریکا، هاندان و خولقاندنی که‌رتی تایبه‌تی و بره‌وپێدانیان، ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی که‌سانێك و توێژاڵێکی سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه و…گه‌ڵیکی دیكە له‌مانه.
ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت، که خاڵێکی ئاشکرای دیكە له ڕامیاری ئه‌مه‌ریکا و خۆراوا و کلکه‌کانیان له ناوچه‌که‌دا، ئه‌مجاره‌ش ده‌رکه‌وت، ئه‌ویش ده‌رکه‌وتنی ڕامیاریی دووفاقه‌یی و هیپۆکراتیانەیانەیە. بۆ نموونه یارمه‌تی و کۆمه‌کی ئەو وڵاتانه بۆ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵك له لیبیا و سوریا، به‌ڵام بێده‌نگی و هه‌بوونی هه‌ڵوێستی نێگه‌تیڤانه بۆ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی دژی میرنشینی سعودییه و به‌حره‌ین، ئه‌مه جگه ڕامیاریی پێچەوانەیان به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی له فه‌له‌ستیندا دژی ئیسرائیل. که پتر له نیوسه‌ده‌یه، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه له شێوه و فۆرمی جیاجیادا به‌رهه‌ڵستی سەركوتگەریی و داگیركاریی ئیسرائیل ده‌کات.
له‌ولاشه‌وه بێدەنگەكردنیان بەرامبەر سەركوت و چەوسانەوەی دۆستێکی دیكەیان له ناوچه‌که‌دا، که حکومه‌تی تورکیایه به‌رامبه‌ر کورد و نه‌ته‌وه‌ی کورد له تورکیا، كە له‌هه‌مان کاتدا ھاوشانی دەوڵەتانی جیھانخۆر سەرمایەگوزارییەكی ڕامیاریی و جێپێخۆشكردنی ئابووریی و بازرگانییه‌کی ڕه‌ش سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستینی و خه‌ڵکانی ڕاپه‌ڕی و له سوریادا، ده‌کات.
ئه‌مه دیوی شاراوەی دێوجامەی پشتیوانی و فریادڕەسی ئەمەریكا وھاوپەیمانانی و پاشرەوانییەتی لەمەڕ بزووتنەوە و راپەڕینە كۆمەلایەتییەكانی باكووری ئەفەریكا و خۆرھەلاتی ناوین و وڵاتانی دیكە، ئەمەیە ھاندەری به‌کاربردنی دیبلۆماسی و ڕاوێژکردن، باسکردن و داکۆکیکردن له مافی مرۆڤ و سه‌ربه‌ستی و ئازادی، فرۆشتنه‌وه‌ی ئه‌و دیمۆکراتییه‌ته‌ی که ته‌نها ده‌بێت له سوود و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریکا و خۆراوا و بازاڕی ئازاد و سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا، بێت.
ئێمه لەتەك هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو وریاكارییانە‌ی که له سه‌ر ته‌واوی هه‌موو بزوتنه‌وه‌کان به هه‌موو چه‌شنه‌کانیانه‌وه، ھەمانن، له هه‌مان کاتیش‌دا لایه‌نگری و کۆمه‌کی خۆمان له ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵك و ڕژانه سه‌رشەقامەكان لەپێناو داخوازییه‌کانیان و سەپاندنی ئازادی، به‌رهه‌ڵستیکردنی چه‌وساندنه‌وه و هه‌موو شێوەکانی هه‌ڵاوردانی نێو کۆمه‌ڵگە و هێنانه‌دی دادپه‌روه‌رێتی کۆمه‌ڵایه‌تی و ..تد، ده‌که‌ین. هاوکاتیش ئه‌وه‌مان لەلا ڕۆشنه، که گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی و له ڕه‌گهه‌ڵکێشانی ستەمی چینایه‌تی، ھەلاواردنی ئایینی و ڕەگەزی و نەژادی و نەتەوەیی و نایەكسانی کۆمه‌ڵایه‌تی له سایەی ئه‌و حکوموتانه‌دا که ئه‌م لێشاوه جه‌ماوه‌رییانه لە ناھوشیارییەوە ده‌یانهێننه سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات، شتێکی ئەستەمە و قەد نایه‌نه دی.
ئه‌و شێوازە خه‌باته سەرووخوارییەی که به پشتگیری و کۆمه‌کی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی خۆراوا و میرنشینه کۆنه‌په‌رسته‌کان، له سه‌رجه‌می ئه‌و وڵاتانه‌دا گیراوه‌ته‌به‌ر و ده‌گیرێته‌به‌ر، سەرەنجامی سه‌رفرازی یەكجاری جه‌ماوه‌ری به‌شخوراو و زۆرلێکراو نییه، چونکه گۆڕانکارییه‌کان بنه‌ڕه‌تی نین و ڕوکهشین و له سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌وه و تەنیا لە ڕوخساری ڕێكخستنی سەروەریدا ڕووده‌دەن و ھیچ ڕەھەندێكی كۆمەڵایەتییان نیی و له گۆڕینی ده‌موچاوه‌کان و نێوی پارتەکان، بەڕێوەبەراكان زیاتر، ھیچ ڕوونادات و سەرەنجام هه‌ر هه‌موویان ده‌بنه‌وه بە خزمه‌تکارێکی ملهوڕی سه‌رمایه‌داری و سیسته‌مه‌که چینایەتییەكەی و پاراستنی سەروەری دەولەت و یاسا دژەمرۆییەكەی.
به‌ڵام سەرەڕای ھەموو ئەوانەش كە له‌سه‌ره‌وه خستنمانە ڕوو، بەبێ هیچ دوودڵییه‌ك و گومانێك، لایه‌نگری و پشتگیری خۆمان بۆ ته‌واوی ئه‌و بزووتنه‌وانه، ده‌رده‌بڕین، تا ئەو كاتەی كە بە بەرژەوەندی خەڵكە نارازیی و ستەملێكراوەكەیان دەگرێتەوە. ئێمه گۆڕانکارییه‌کان به حه‌تمیه‌تی مێژوویی ده‌بینین و به قوڵیش له چەمك و كڕۆكی ئه‌و میرایەتییه دیمۆکراتیانه‌ش تێده‌گه‌ین، که له سه‌ره‌نجامی ئه‌م ڕاپه‌ڕینانه‌وه قوتده‌بنه‌وه، دیسانه‌وه ده‌رك ئه‌و ڕاستی و زه‌مینه‌یه‌ش ده‌که‌ین، كە بەداخەوە ئەوە خواستی هاووڵاتانیانی ئه‌و وڵاتانه‌یه به کوردستانیشه‌وه، که له‌ژێر کاریگه‌ری میدیا و ڕۆشنبیریی لیبراڵ و توانای پارتەكاندا بۆ دەستەمۆكردنیان لە پرۆسه‌ی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردان و حکومه‌تی تەكنۆكرات و مه‌ده‌نی هاندەدرێن و ھەڵدەخڕێن.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه، كە هه‌وڵی ته‌واوی ئێمه له نوسینه‌کانماندا و لە دیمانە و وتووێژه‌کانمادا، بۆ ده‌رخستنی ڕواڵه‌ت و ناوه‌رۆکی دڕاندنهی سیسته‌می سەرمایەدارییه، که پارێزه‌ر و ده‌سته‌به‌ركەری مانه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌ش، میدیای لیبراڵ و ڕۆشنبیری لیبراڵ و هه‌موو پارته‌کانن، ئیدی له‌ژێر هه‌ر ناو و ناوه‌رۆکێکدا بن، ئامانجیان تەنیا زیاتر دەستەمۆكردنی خەڵكی ناڕازییە لە گەمەی ڕزگاركردنی سەروەری چینایەتیدا بە دێوجامەی جۆراوجۆر، كە دیوە شاراوەكەیان تەنیا نایەكسانی ئابووریی و كۆمەلایەتییە، تاوەكو كەمایەتی ٠١% سەروەری ٩٩% كۆمەڵگەكان بێت و پاشایانە لەسەر ڕەنج و بەرھەمی زۆینە مشەخۆری بكەن.