کۆڵن/ ئاڵمان : خۆپیشاندانەکانی یەکی ئایاری 2012
ئەم ساڵ بەپێچەوانەی سالانی پێشوو، گروپە ئەنارکیستەکان چەند مانگ پێشتر هاوپەیمانییەکان لە گشت گروپەکان و تاکە ئازادیخوازەکان پێكهێنا؛ لەوانە یەکێتی ئازادی کرێکاران-کۆڵن، سەندیکای ئەنارکیستی لاوانی کۆڵن، ڕێکخراوی بێکارانی شاری کۆڵن، فۆرومی ئەنارکیستانی شاری کۆڵن و چەندین کەسی دیکەی ناڕێکخراوی ئەنارکیست لە پەنابەران (ولاتانی دی) و شارەکانی دیکەی ئاڵمانەوە بەشدارییان تێدا کرد.
ئامادەکاری 1ی ئایاری ئەم ساڵ بێجگە لە کۆبوونەوەی بەردەوامی هەفتانە، چەندین چالاکی دیکەی گرتبووە خۆ، لەوانە ئێوارە کۆڕ لەسەر مێژووی یەکی ئایار و دیوە شاراوەکانی ئەو مێژووە، ئێوارە سینەما بە نیشاندانی فیلمی دۆکومێنتەری لەو بارەوە و وۆرکشۆپ و یاداوەی قوربانیانی کار و ڕێپێوان بەو بۆنەوە لە 28ی ئەپڕیڵی 2012 بەناو چەند ویستگەیەکی شاری کۆڵن دا و چەند ئێوارە میتینگ و جەژنی هاوپشتی و هەندێك چالاکی دیکە، لە ماوەی چەند مانگدا بەرپاکران.
بەشداری ڕێپێوانی 1ی ئایاری 2012 **
ئەم ساڵێش وەك چەند ساڵی پێشوو، ئەنارکیستەکان وەك ڕیزبەندییەك (بلۆکێك)ی ئەنارکی، لە ڕێپێوانی فەرمی یەکی ئایاری ئەم ساڵدا بەشدارییان کرد و هەژماری بەشداربووان لەچاو سالانی پێشوو، هەم لە ڕیزبەندی ئەنارکییەکاندا ڕوو لە زیادبوون بوو و هەم لە ڕیپێوانە گشتییەکەدا هەژماری بەشداربووان زۆرتر بوو.
ڕیزبەندیی ئەنارکی نێو ڕێپێوانەکە فرە ڕەنگ و دەنگ بوو؛ ئەندامانی یەکێتی ئازادی کرێکاران- کۆڵن، ڕێکخراوی بێکارانی شاری کۆڵن، سەندیکای ئەنارکیستی لاوان کۆڵن، ئەنارکۆ- فێمینیستەکان، ئەنارکۆ-کۆمونیستەکان، ئەنارکۆ- سەوزەکان و ئەنارکۆ-تاکگەراکان لە زۆر ولات و نەتەوەوە (پەنابەران و کۆچەران) هاتبوون و بەشدارییان کرد و لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا لە دەوری چادری راگەیاندنی ڕێکخراوی بێکاران و وێنەگرانی ئازاد و کرێکاری کۆبوونەوە و تا کۆتایی کۆبوونەوە جەماوەرییەکە مانەوە و بە درێژایی ڕێپێوان و کۆبوونەوەکە بە دروشمی ئازادیخوازانە و سۆشیالیستانە رامیاریی دەوڵەت و سەرمایەدارەکان و کۆنفیدراڵی یەکێتییەکانی ئاڵمان (DGB)یان ڕسواکرد, لە کاتێکدا پارت و ڕێکخراوە دەسەلاتخواز و ڕیفۆرمیستەکان تەپل و زوڕنا و گۆرانی و دروشمی ڕیاکارانەیان دەکوتا و دەوتەوە، بەردەوام دروشمەکانی ئەنارکیستەکان دژی ناسیونالیزم و دژی دەوڵەت و دژی سەرمایەداری و دژ یەکێتییە زەردەکان و بانگەوازی هاوپشتی نێونەتەوەیی گەرمییان بە ڕێپیوانەکە دەدا، لەوانە: «سەد ساڵ تەمەنی (DGB)، هیچ زیانی بە سەرمایەداری نەگەیاندووە» ، «بژی هاوپشتی دژەنەتەوەیی» ، ئەمانە و کۆمەلێك دروشمی دیکەی پەیوەست بە باری گوزەران و نەبوونی کار و پەرەسەندنەوەی نیۆنازییەکان و … هی دیکە .
** شایانی باسە زۆرێك لە چالاکانی ڕیزبەندیی ڕەش و سوور، لەم شارەوە چووبوون بۆ شاری بۆن بۆ بەرەنگاریی ڕێپوانی نیۆنازییەکان لە یەکی ئایاری ئەم ساڵی ئەو شارەدا…
