ڕۆژی یەکی ئایار جەژنە؟!
بێگومان نەخێر!!!!!
ئەدی شایی و لۆغانی سۆشیال–دێمۆکراتەکان و چەپەکان و یەکێتییە زەردەکان لەپای چییە؟؟؟؟؟
ئەی کێ یەکی ئایاری کرد بە جەژن و چۆن بوو بە ڕۆژی مەینووشین و سەیران و ڕۆژی نەتەوەیی و ترۆهاتی دیکە؟؟؟؟؟؟
ئەگەر لەوە بگوزەرێین، کە خەبات و مانگرتنەکانی پێش و پاشی یەکی ئایاری 1886 لە باڵی شۆڕشگێڕانەی بزاڤی سۆشیالیستی (ئەنارکیستی)یەوە کاراییان وەرگرتبوو، ئەوا دیسانەوە دەبینین، بە دریژایی مێژووی 125 ساڵەی پاش ئەو ڕووداوە، هەردەم باڵە ڕیفۆرمیست و دەسەلاتخوازەکانی ناو بزاڤی سۆشیالیستی، هەردەم خەریکی بە جەژن کردن و خاڵیکردنەوەی ئەم یاداوەرییە شۆرشگێرانەیە بوون لە پەیام و ئامانجە سەرەکییەکانی، کە کەمکردنەوەی ماوەی کار و گێرانەوەی ساتە دزرا و تاڵانکراوەکانی ژیان بۆ کرێکاران و سەندنەوە و لە چنگدەرکێشانی یەك لە دوای یەکی ماف و ئازادییەکانی بندەستانی کۆمەڵگە بوو، لە سەروەران و دواجار بەرپاکردنی بەهەشتی خوازراوی مرۆڤەکان بوو لەسەر زەوی و ڕزگارکردنی چەوساوان بوو لە خەونی بەهەشتی ئاسمانەکان..
جەژنی چی؟
ئەگەر 125 ساڵ لەمەوبەر خەبات بۆ هەشت کاتژێر ڕۆژانەکار، دروشم و ئامانجێکی شۆڕشگێڕانە بووبێت، ئەوا لە ئەمڕۆدا کە تەکنۆلۆجیا خێرایی کاری بە ڕادەی سەدان جار بردووەتە سەر و لەولاشەوە هەژماری دانیشتووانی سەر گۆی زەوی چەند ملیارد زیادی کردووە و ئەم دووانە چ بە جێگرتنەوەی هەزاران کرێکار لەلایەن ئامێریکەوە و چ بە زیادبوونی سەرژـیری مرۆڤ و دەستنەکەوتنی کار و داگرتنی توانای دەستراگەیشتن بە سەرچاوەکانی ژیان و بەردەوامی، ئەو داخوازییە و جەژنگرتنیان گۆڕیوە بە کارێکی کۆنەپارێزانە و دەچێتە خانەی خزمەتکردن بە تەمەندرێژی سەرمایەداری. هەر لەم پەیوەندەدا کەم نین ئەوانەی کە بە بەراوردی خێراتربوونی بەرهەمهێنان و زۆربوونی هەژماری مرۆڤ و تێکەڵبوونی جیهانی کۆمەڵگەکان، ئەوەیان سەلماندووە، کە نەك دروشمی 30 کاتژێری لە هەفتەیەکدا لەبارە، بەڵکو تەنانەت ڕۆژانە 3 کاتژیر لەلایەن کەسانی تەندروست و سەروو 18 ساڵی ئامادە بۆ کار و داگرتنی سالی خانەنشینی بۆ خوار 60 ساڵی، توانای دابینکردنی ژیانێکی مرۆیی تێروتەسەلتر و گونجاوتر (لە چاو ئەوەی ئێستا هەیە) بۆ مرۆڤەکان هەیە، هەڵبەتە لە سایەی سیستەمی قازانجپەرستیدا نا، بەڵکو لە کۆمەڵگەیەکدا کە ڕێز و خۆشگزەرانی و تەندروستی و کامەرانی مرۆڤ ناوەندی گەردوون بێت.
ئەی چارە؟
لە بەرامبەر ئەو باڵانەدا، کە ڕۆژی یەکی ئایاریان کردووە بە هەلی سەرمایەگوزاری پارتایەتی و ڕۆژی جەژنگێران و مەینۆشین و لە باشترین باریدا تەمەڵ مانەوە لە ماڵ، پێویستە:
-
کۆڕ و کۆمەڵە جەماوەرییە سەربەخۆکانی خۆمان بەرپا بکەین..
-
لەو جێیانەدا کە یەکی ئایار پشوو نییە، مانگرتن و نەچوونە سەر کار..
-
بایکۆتی قسە و وانە ڕیفۆرمیستییەکانی پارتەکان و سەندیکا و یەکێتییە زەردەکانی سەربە دەسەڵات و بەکاربردنی بڵنگۆکان بۆ بیروراگۆڕینەوە و پیشنیارکردنی ئایدیاکان….
-
بەرزکردنەوەی داخوازییە کۆمەلایەتی و رامیارییەکان شانبەشانی داخوازییە ئابوورییەکان..
-
گۆڕینەوەی ئەم ڕۆژە لە جەژن و پشووەوە بۆ ڕۆژی ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدان و خرۆشانی جەماوەری و …
-
بەکاربردنی شێوازی نوێ لە زیندووراگرتنی ئەم ڕۆژە و گواستنەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ سەنگەرەکانی دیکەی خەبات؛ لەوانە شانۆ و موزیك و …
