لە دەرونزانی کۆمەڵناسیدا چەمکێک هەیە پێیدەڵێن…

شاخ

31/07/2026

لە دەرونزانی کۆمەڵناسیدا چەمکێک هەیە پێیدەڵێن (دەرەچەی بەتاڵکردنەوەی پەستان) کە لە رووی سیاسییەوە زۆر کەڵکی لێوەرگیراوە بۆ ئارامکردنەوەی نارەزایەتییەکان.

ئەمە بە مەنجەڵێکی بوخار دەچوێنرێت لەسەر ئاگر، ئاگرەکە نموونەی ستەمکاریی و هەژاری و ئازارەکانە، کوڵان و بە هەڵبوونەکە ئازار و نارەزایەتیی پەنگخواردووی خەڵکە، ڤاڵڤەکە (دەرەچەی دەرچوونی هەڵمەکە) ئامرازی رێگریکردنە لە تەقینەوەی نارەزایەتییەکان.

دەسەڵات خەریکە دەگاتە لوتکەی ستەمکاری لەسەر خەڵکی، موچە نییە، خزمەتگوزارییەکان پەکیان کەوتووە، گەندەڵی و چەتەیی وڵات و بەهای مرۆڤی داڕزاندووە.. نارەزایەتی خەڵکی پەنگی خواردۆتەوە.. بەڵام بۆ ئەوەی تەقینەوە و گۆڕانی کردەیی روو نەدات، هەر دەسەڵات خۆی ڤاڵڤێکی لەسەر داناوین بۆ خاڵی کردنەوەی پەستانەکانی سەر ژیانمان. وەک (حسبی الله و نعم الوکیل، جوێندان، دوعاکردن، پۆست و کۆمێنت، نوکتە و تانەلێدان..) لە بەرامبەر ستەمکاری دەسەڵاتدا ئا ئەم کردە بێفەڕەیان بۆ خەڵکی جێهێشتووە تا پەنگخواردنەوەکانمان نەگەنە تەقینەوەیەکی کرداری و تەنها بە باوبژە و هەڵمێکی کەمی نارەزایەتییەکان ببنە بۆڵەبۆڵێکی نا کارا و رق و بێ ئومێدی و تورەییمان ئارام بکاتەوە. لەولاشەوە ستەمکاری پایەدار بمێنێتەوە.

جوێن و دوعا و بۆڵەبۆڵ و باوبژەکان نەبوایە، ئێستا پەستانی نارەزایەتییەکان بە تەقینەوە گەیشتبوون.

ئەو هەموو حسبی الله و نعم الوکیلە بەردێکی زۆر بچوک بوونایە و بگیرانایەتە دەسەڵات، ئێستا تەخت و تاراجی دەسەڵات ڕوخابوو، تفێک بووتایە ئێستا لافاو دەسەڵاتی ڕاماڵیبوو..