هەژێن

۲۰۲٥/۰٦/۲۳

ڕانەپەڕینی خەڵکی ئێران نیشانەی ئەزموونگیری و هوشیاریی شۆڕشگڕانەیە

تاکە ترسی من لەم ساتە ڕاپەڕینی چەوساوانی ئێرانە، چونکە بە ڕووخاندنی ڕژێمەکە لەنێو فەوزای جەنگ، بەس بە قازانجی دژەشۆڕش (دەسەڵاتخوازان، کوڕەکەی شا وەک نموونە)!

ئەگەر ڕاپەڕین سەربکەوێت و لە بەرژەوەندی کۆمپانییەکانی پشت تڕامپ و نەتەنیاهوو و نووسەرانی لاینگری جەنگ نەبێت، بە دڵنیایی کوڕەکەی شا یان کەسێکی دیکە وەک خومەینی بۆ سەرکوتی شۆڕش و بەلاڕێدابردنی ڕاپەڕین بە فڕۆکەی تاییبەت دەگەیێننە تاران و ل و شەش ساڵی دیکە سەرمایەگوزاری سەرمایە لەسەر ڕەنجی خەڵک مسۆگەر دەکات!

ئەگەر ڕاپەڕینی خەڵک بۆ پلانەکانی کۆمپانییە جیهانخۆرەکان دەستەمۆ نەکرێت و تێکنەشکێنرێت، ئەوا نەخشەی ئامادەکراو بۆ جەنگی نێوخۆیی ئێتنییەکان (بلووج، فارس، ئازەر، کورد، عەرەب، …تد، ) و جەنگی (شیعەو سوونە)، لە هەموو هەرێمەکانی ئێران بەڕێدەخەن.

ئەگەر ڕاپەڕین ڕژێم نەڕووخێنێت، ئەوا هەر ئاوا کە سوپای ئیپڕاتۆری فەڕەنسی بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕیوانی پاریس (کۆموونەی پاریس) بەرامبەر ئیمپڕاتۆری پڕووس سازشی کرد، ڕژێمی ئێرانیش بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕیوانی ئێران بە مەرجەکانی کۆمپانییەکانی پشت نەتەنیاهوو و ترامپ دەدات.

لەبارەی هەڵوێستی گرووپە چەپەکان(مارکسیستەکان) بە بۆچوونی من، هاندەری هەڵوێسنەکەیان لە دژی ئەو جەنگە هەرچییەک بێت، تاکە هەڵوێستی درووستی سەراپای تەمەنو بوونیانە. هیوادارم لەسەر ئەو هەڵوێستە بمێنن و ئەو هەڵە مێژووییە ئەنجام نەدەن!

من دەتوانم لە هەڵوێستی خۆشباوەڕانە و نائاگایانەی ناسیونالیستێکی بلووج، ئازەر، کورد، عەرەب لە نیاز و پلانی کۆمپانییە جیهانخۆرەکان بۆ پاش دەسەڵاتی ئاخووندەکان، تێبگەم. هەر ئاوا دەتوانم لە هەڵوێستی خۆشباوەڕانە و نائایانەی سوونییەکی بلووجستان و ئازەربایجان و کوردستان و خوزستان تێبگەم، کە بەراورد بە دەسەڵاتی ئاخووندە شیعەکان، مژدەی دادپەروەریی دەسەڵاتی پڕۆ-سعوودییەیان پێدراوە!

بەڵام هەرگیز ناتوانم بێخەم و بێترس و بێدەنگ بەلای هەڵوێستی کەسانێک تێپەڕم، کە پاگەندەی ئەنارشێست-بوون، ئازادیخواز-بوون، کۆمونیست-بوون، تەنانەت لیڕاڵ-بوون (لیبڕاڵ نەک نیئۆلیبڕاڵ) باراندنی بۆمبە سیازدە و نیو تەنەکان بەسەر شارەکان بە خێروبەرەکەت بۆ چەوساوانی ئێران لێکدەدەنەوە!

سەرنج ئەم بابەتە (پاش ڕووخاندنی ڕژێمی ئاخووندەکان بە جەنگە دەرەکی) درێژەی دەبێت