جولەکەکان بۆرسەی نیویۆرکیان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئیسرائیل داخست. لێرەدا هۆکارەکەی دەخەینەڕوو

20/10/2024

Elena Stein*

18/10/2024

ڕۆژنامەی گاردیان

من وەك نەوەی ڕزگاربووی جینۆسایدێک، هۆلۆکۆست، ڕەتیدەکەمەوە ببمە تەماشاکەری جینۆسایدێکی دیکە.

جار لە دوای جار، شەعبان ئەلدالو، خوێندکاری ئەندازیاری سۆفتیۆری  تەمەن 19 ساڵ کە لە غەززە دەژیا، لە مردن  نزیک دەبووەوە ڕزگاری دەبوو.  دوو مانگ پێش مانگی نۆڤەمبەر ، واتە ئەو مانگەی کە بۆمبێکی دروستکراوی ئەمریکا کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە فڕێدرابووە نێو زانکۆی ئەزهەر لە غەززە تاکو وێرانی بکات، شەعبان لەوێ  دەستی بە خوێندن کربوو.

شەعبان ڤیدیۆیەکی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە و باسی لەوە کردووە کە چۆن خێزانەکەی – کە ئەم  وەک گەورەترینیان کە پێنج کەس بوون و ئاگەداریان بووە-  پێنج جار بەهۆی هێڕشەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون. لەو سەروبەرەدا شەعبان  داوای پشتیوانی دارایی کردووە بۆ ئەوەی بۆ میسر هەڵبێن.

لە 6ی تشرینی یەکەمدا بۆمبێکی دیکەی دروستکراوی ئەمەریکا مزگەوتێکی تەقاندەوە و 20 کەسی کوشت و شەعبانیش کە لە ژێر داروپەردوودا وەك مردوو وابوو بەڵام توانرا دەربهێنرێت و لە مردن  ڕزگاری ببێت.  شەعبان دوای ئەوە چوو بۆ نەخۆشخانەی ئەقسا بۆ چارەسەری برینە زۆرەکانی.  هەر لەوێ چادرێکی بۆ خێزانەکەی دروست کرد وەکو پەناگەیەك تاکو پێکەوە بن.

پاشان بەیانی ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی ئیسرائیل بۆمبێکی دیکەیان فڕێدا کە لەلایەن ئەمریکاوە دروست کرابوو هەر بە تەنها لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە و نێوانی 30  چادر، کە لەنێویاندا چادرەکەی شەعبان-یشی تێدا بوو   ئاگریان تێبەردرا.  خەڵک فریای برا 16 ساڵانەکەی شەعبان کەوتن کاتێک سەیری شەعبانی دەکرد کە هێشتا بە **IV ەوە بوە  و دایکی تەمەن 38 ساڵی بە زیندووی دەسوتێن.  ئەمانە هەمووی بە ڤیدیۆ گیراوە.

دوای زانینی ئەم هەواڵە بە چەند کاتژمێرێک، 500 جولەکە و هاوڕێیانیان، دایان بەسەر بۆرسەی نیویۆرک دا کە ناوەندی سەرمایەی جیهانییە دایانخست و داوایان کرد ئەمریکا چەکدارکردنی ئیسرائیل ڕابگرێت و قازانج لە جینۆساید ڕابگرێت.  لە ترسناکی و ئازاردا بەهۆی کوشتاری  فەلەستینییەکان کە لەلایەن ئەمریکاوە پارەی بۆ دابینکراوە، و ئەم دوایین هەواڵەی کوشتنی شەعبان، دروشمی “چەککردنی ئیسرائیل ڕابگرن، با غەززە بژی”،مان بەرز کردەوە لە کاتێکدا پۆلیس زیاتر لە 200 کەسمان دەستگیرکرد و پیر و نەوەکانی هۆلۆکۆست کە ڕزگاریان بوو بوو  بە قۆڵ  و قاچ ڕاکێشان پەلکێشیان کردین .

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا شاهیدی ئەوە بووین کە سوپای ئیسرائیل تاوانی قێزەوەن و بۆردومانی نەخۆشخانە و مزگەوتەکان و کوشتنی  منداڵی زیاتر لە هەموو شەڕێکی تر لە ساڵانی ڕابردوودا ئەنجامداوە  و قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی کردووە. کۆمیساری ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئونروە Unrwa) بە ” شەڕی دژ بە منداڵان ” ناوی بردووە.

هەرچەندە جیهان هاوار دەکات بۆ وەستاندنی ئەم کوشتارگە سامناکە، بەڵام جۆ بایدن و کۆنگرێسی ئەمریکا بەردەوامن لە ناردنی چەک و پارە، کە کۆی گشتی زیاتر لە 18 ملیار دۆلارە کە مایەی سەرسووڕمانە،  لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە بۆ ئیسرائیلی ناردووە.

هەمووان هەمان پرسیاریان هەیە: بۆچی ئەمریکا – و ئیدارەی دیموکراتەکان لێرەدا، کە هەوڵدەدات هەڵبژاردنێک بباتەوە – هێشتا ئیسرائیل چەکدار دەکات لە کاتێکدا ئەو کارە ئەنجام دەدات کە دادگای نێودەوڵەتیی دادوەری (ICJ) بە متمانەوە  بە جینۆسایدی زانیوە، لە هەمان کاتدا ئەمە پێشێلکردنی خودی  یاساکانی ئەمریکا خۆیەتی؟

ئیدارەی بایدن دەیەوێت باوەڕت پێبهێنێت کە هۆکاری پارەدارکردنی سوپای ئیسرائیل لە پابەندبوونە بە سەلامەتی جولەکەکان..  ئەمە ئەو بەرگە ئەخلاقیەیە کە بەکاری دەهێنن، پۆشاکێکە بۆ هاوکاریکردنیان لە تاوانە قێزەونەکانی جەنگدا.

ئێمە وەک جولەکەکان ئەم ئەفسانەیە بە هەموو ڕیشاڵی بوونەکانمان ڕەتدەکەینەوە.  پێکەوە لەگەڵ دەیان هەزار جوولەکە ئەمریکییەکان کە ساڵی ڕابردوویان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ کۆتاییهێنان بە قەسابخانەکە  بەسەر بردووە، ئێمە ڕەتیدەکەینەوە مێژوو و ناسنامە و نەریتەکانمان وەک پاساوێک بۆ کۆمەڵکوژی فەلەستینییەکان بەکاربهێنرێت.

بەرژەوەندی ڕاستەقینەی حکومەتی ئەمریکا؟ کۆنترۆڵی هەرێم و قازانجی دارایی خۆیەتی.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە بۆردومانە بێ وچانەکەی ئیسرائیل کە لانیکەم 46 هەزار فەلەستینی کوشتووە، لەنێویاندا لانیکەم 16 هەزار و 500 منداڵ، لەگەڵ ژمارەی کوژراوانی ڕاستەقینە کە ڕەنگە زۆر زیاتر بێت هەن، نرخی پشکەکانی کۆمپانیا پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ئەمریکا بەرزبووەتەوە.

حەد و حەزی کۆتایی ئەوان بەهۆی ئەو ڕاستییەوە بەرز دەبێتەوە کە تاکە مەرجێک کە حکومەتی ئەمریکا لەسەر سندوقی 18 ملیار دۆلار، کە لایان وەکو ئاو وایە ، بۆ سوپای ئیسرائیلی داناوە، پرسەکە  ئەوە نییە کە چۆن ئەو بۆمبانە بەکاربهێنرێن، بەڵکو پرسەکە ئەوەیە کە چۆن دەبێت بکڕدرێن.

بڕیارە ئیسرائیل چەك لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری چەکی ئەمریکا بکڕێت، کە لەم بارەدا دوو کۆمپانیای پێشەنگی لەو جۆرە بە ناوەکانی لۆکهید مارتن و ڕەیتیۆن، داهاتێکی سەرسوڕهێنەریان تۆمارکردووە کە ژمارەی پێوانەیی شکاندووە.

هاوکات لانیکەم 50 ئەندامی کۆنگرێس یان هاوسەرەکانیان خاوەنی پشکەکانیانن. لە کاتێکدا کە ئەم کۆنگریسمانانە دەبێ لەسەر بنەمای ئیرادەی دەنگدەرەکانیان دەنگ بدەن، بەڵام قازانجیان هەیە لە دەنگدان بۆ ناردنی ملیارەها دۆلار لە بودجەی سەربازی بۆ ئیسرائیل لەکاتێکدا کە ئیسرائیل جینۆسایدی پێ ئەنجام دەدات.

هۆکاری ئەوەی ئەمڕۆ لە ژیاندام ئەوەیە کە ئەو ڕۆژەی کە هەموو خێزانەکەم لە shtetl یان لە لیتوانیا کۆمەڵکوژ کران، لە جینۆسایدێکی تردا – هۆلۆکۆست – داپیرەم، نەنکم ،  تەنها بەڕێکەوت لەبەردەستدا نەبوو ، لەوێ نەبوو.

من کەسانی دیکە ئاگایان لێمبوو و گەورەیان کردم کە بڕیار نییە لێرە بم.  هەروەها بەهۆی ئەم کێشانەوە من بە ئازارەوە گەورە بووم. ئا لەم کاتەدا  دراوسێکان/هاوسێکان لە کوێ بوون؟ بۆچی تەنها وەستا بوون و تەماشایان دەکرد؟ بۆچی لاشە و تەرمی خۆیان لە نێوان بکوژەکان و خێزانەکەمدا فڕێ نەدا؟

لە کاتێکدا پۆلیسی نیویۆرک بە قۆڵ و لاق لە بۆرسەی نیویۆرک ڕاکێشیان کردمە دەروە، هەستم بە هەموو باوباپیرە جوولەکەکانم دەکرد لە پشتمەوەن، ئەوانەی کە ماون و ڕزگاریان بووە، ئەوانەشی کە ڕزگاریان نەبوو.  ئێمە ئێستا، بە قەناعەتێکی زیاتر لە جاران دەڵێین: ئێمە ڕەتیدەکەینەوە دراوسێ/ هاوسێ بین، تەنها تەماشاکەر بین و لە تەنیشتەوە ڕاوەستین .

ئەفسووس دەبوو ئەمڕۆ شەعبان یادی بیست ساڵەی لەدایک بوونی خۆی بکردایەتەوە.  لە یەکێک لە بەپەلەترین ئەرکەکانی ژیانماندا – وەستاندنی حکومەتەکەمانە لە بەردەوامبوون لە پڕچەککردنی ئیسرائیل –  ئێمە هەموومان ڕۆڵمان هەیە.

……………..

*ئیلێنا شتاین، Elena Stein ، بەڕێوبەری ستراتیجی ڕێکخستنی ڕێکخراوی دەنگی جولەکە بۆ ئاشتییە، کە گەورەترین ڕێکخراوی جوولەکەی دژە زایۆنیستییە لە جیهاندا و لە ئێستادا ڕێکخراوێکە کە زۆر بە خێرایی لە نێو جوولەکەکاندا  لە وڵاتەکەدا گەشەی سەندووە.

**هێڵێکی دەوروبەری ناو خوێنبەرەکان دەخرێتە ناو خوێنبەرەکانی دەوروبەرەوە، وەک خوێنبەرەکانی قۆڵ و دەست و قاچ و پێیەکان. ئەو دەرمانانەی بەم شێوەیە بەڕێوەدەبرێن لە ڕێگەی خوێنبەرەکانەوە دەڕوات بۆ دڵ، لەوێشەوە لە ڕێگەی سیستەمی سووڕی خوێنەوە بەسەر باقی جەستەدا دابەش دەبێت

لینکە ئینگلیزییەکە: