بایکۆتکردنی دەنگدانی ئەم جارە بەرگرتنیشە لە جەنگی نێوخۆیی دەنگدەران
نا بۆ دەنگدان!
نا بۆ جەنگی میلیشیایی!
ئەوەی، کە لەبەر چی ئێمە ئەنارکیستەکان دەنگدان ڕەتدەکەینەوە، بەرەنجامی دەرکەوتەکانی مێژوویی سیستەمی پارلەمانی و ڕۆڵی ناکارای دەنگدەر وەڵامدەرەوەی ئەو پرسیارەن، لەبەر ئەوە هیچ پێویست ناکات، هەموو جارێک لە سەروبەندی هەر دەنگدانێک ئێمە هەڵوێستی خۆمان دەربخەین، ئێمە ئەنارکیستەکان بەرانبەر سەروەریی چینایەتی و سیستەمی پارلەمانیی حکوومەت و جۆرەکانی دیکەی حکوومەت یەک هەڵوێستی مێژووییمان هەیە؛ ئەویش بایکۆتکردنی دەنگدان و خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بۆ خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵەکانمانە وەک ئەڵتەرناتیڤ. بە هەمان شێوە خۆڕێکخستنی خۆمان لە شوێنی ژیان و کار و خوێندن وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو پێکهاتەیەکی چینایەتی، چ سەندیکا زەردەکان، چ حزب، چ پارلەمان و چ خوودی حکوومەت و دەوڵەت، چونکە ئێمە خوازیاری خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵین لەلایەن چین و توێژە بەرهەمهێنەر و خزمەتکارەکانی کۆمەڵ.
هۆکارێک، کە ئەم جارە زیاتر لە جارەکانی دیکە ئێمە سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان (کاف) بۆ دەربڕینەوە و دەرخستنی هەڵوێستی خۆمان هاندەدا، هەستکردنە بە بارگاوی-بوونی دەنگدەرانە بەگشتیی و لایەنگرانی حزبەکان بەتاییبەتی بە حەز و ئارەزووی جەنگی نێوخۆیی حزبەکان، کە پێشتر ساڵی ١٩٦٣ – ١٩٨٧ و ساڵی ١٩٩٤- ١٩٩٨ ژیان و بوون و خەونەکانی ژێردەستانی کۆمەڵی هەرێمی خستبوویە ژێر سێبەری خۆی و قوربانی ئەو جەنگانە ئێمەی چەوساوە بووین و وەک هەمیشەش براوە هەر بازرگانانی چەک و ڕامیاران بوون و هەموو جارێکیش برا-بورجوازە بەشەڕهاتوەکان پێکەوە دانیشتوونەتەوە و خوێنی ڕژاوی قوربانیانی جەنگەکانیان نۆش کردوەتەوە. ئەگەری جەنگەکە و بۆنی بارووت و خوێنی جەنگەکە لەنێو قسە و بانگەوازی سەرۆکی حزبەکان و کاندیدی لایەنەکان بەدیدەکرێت و هەر کەسێکی خۆهوشیار و ئەزموونگرتوو هەست بەو ئەگەرە دەکات و بە ئاشکرا بەشێکە لە قسەوباسی نێو شەونشینییەکانی خەڵک. تاقە ڕێگری ئەو جەنگەش بایکۆتکردنی دەنگدانە، چونکە لەباری ئەگەری دۆڕانی ینک یان پدک، بە پشتیوانی هاوبەرژەوەندە دەرەکییەکانیان جەنگەکە هەڵدەگیرسێنن، بەڵام کاتێک وەک جاری پێشوو بایکۆتکردنی دەنگدان هەموو لایەنەکان تووشی شۆک بکات، بەهیچ شێوەیەک ناوێرن هانا بۆ جەنگ بەرن!
لەبەر ئەوە، ئێمە ئەم جارە وەک جارانی پێشتووتر، بەس بۆ بایکۆتکردنی دەنگدان و خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییانە بانگەواز ناکەین، بەڵکو بۆ خۆئامادەکردنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییانە بۆ لەنێوبردنی ئەگەرەکانی جەنگی نێوخۆیی و بەرگرتن لە هەر شێوازێکی جەنگ. هەوڵدانی ئێمە بۆ بەرگرتن لە جەنگی حزبە دەسەڵاتدارە میلیشیادارەکان، کە بە ئاشکرا وەک جارەکانی پێشووتر دەزگە سیخوڕییەکانی حکوومەتی تورکیە و حکوومەتی ئێران و حکوومەتی نێوەندی ئێراق خۆشکەری ئاگری ئەو جەنگەن و هێزەکانی ینک وەک بەشێک لە لەشکری حکوومەتی ئێران و هێزەکانی پدک وەک بەشێک لە لەشکری حکوومەتی تورکیە لەنێو هەراکانی دەنگدان پەیامی ئەو جەنگە بە گوێی ئێمە دەدەن، ئەگەر دەنگی پێویست بۆ حکوومەتکردن بەدەستنەهێنن. ئێمە هیچ خوازیاری ئاشتی نێوان حزبەکان و سەرمایەداران و دەسەڵاتداران نین و هیچ کاتێکیش بۆ ئاشتی و تەبایی باڵەکانی دەسەڵات هەوڵنادەین و لەتەک دەسەڵاتداران و داراکان ئاشتی ناکەین، بەڵام بە هەموو شێوەیک دژی جەنگی چەکداری دەبین، چونکە قوربانییانی جەنگە چەکدارییەکان بەس ئێمەی چەوساوانی کۆمەڵ دەبن!
لەسەر ئەو بنەمایە و ئەزموونەکانی پێشووتری جەنگە نێوخۆییەکان، پێویستە وەک خۆئامادەکاری بۆ بەرگرتن لە هەر جەنگێکی چەکداری، ئێمە لەنێو نێوەندەکانی ژیان و کار و خوێندنی خۆمان، گرووپە خۆجێی و ڕێکخستنە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆمان بۆ وەدەرنانی میلیشیاکان و هێزە حکوومەتییەکان لەنێو نشینگەکانی ژیانی خۆمان دەرپەڕینین و هێزی بەرگری و پارێزگاری جەماوەریی خۆمان ڕێکبخەین، ئەگەر نا، وەک جەنگەکانی پێشوو گوند و شارەکان دەبن بە بەرەی جەنگی پدک و ینک، خێزانەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانمان بەسەر بەرەکانی جەنگ دابەش دەبن و خوشک و برا دەبنە بکوژی یەکدی!
ئێمە خۆمان بە بەشێک لە دەنگی ناڕازی نێو کۆمەڵ دەزانین و وەک بەرپرسیارییەکی مێژوویی بڕیاری بایکۆت و خۆئامادەکردن دژی جەنگی نێوخۆیی ڕادەگەیێنین و بەهیچ شێوەیەک نابینە بەشێک لە هاوپەیمانی و هەوڵی گرووپ و حزب و ئاراستە دەسەڵاتخوازەکان، چ بەرەی پارلەمانی و چ بەرەی تاک-حزبی، چ بەرەی خۆبەپێشڕەوزان!
نا بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر
نا بۆ جەنگی چەکداری
نا بۆ دووبەرەکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی
بەرەو یەکێتی شۆڕشگەرانەی دژەچینایەتی
سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان
١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
https://linktr.ee/anarkistan
