ڕۆنان
13/06/2024
جەڵەبچی بەو پیاوانە دەوترێت کە سەردانی ئاژەڵدارەکان دەکەن لە گوندەکان و ماڵات و حەیوانەکانیان لێدەکڕن. ئەمان جامبازیشیان پێدەوترێت کە هاوتای ئاوەڵفرمانی فێڵبازە. پێش تاوانی جینۆسایدی ئەنفال ماڵمان لە گوند بوو و ئاژەڵداربووین. جەڵەبچییەکان/جامبازەکان ساڵانە چەند جارێک دەهاتن و ئاژەڵەکانیان لێمان دەکڕی. زۆربەی جار ئاژەڵدارەکانیان دەخەڵەتاند و بە هەرزان گیسک و کاوڕ و ئاژەڵەکانیان لە دەست دەردەهێنان. جا ئەوان فڕوفێڵ و چاو و ڕاویان زۆر بوو، یەک لەوان حەجی کردبوو و دەستی لە بەردە ڕەشەکە دابوو، جا بۆ خەڵەتاندنی خاوەن ئاژەڵەکان لە کاتی سەوداو مامەڵەدا بەردێکی بچکۆلەی دەکردە دەستییەوە و دەستی دەخستە گیرفانییەوە و دەیگوت کوڕە باوکم من حاجیم سا سوێند بەو بەردەی کە دەستم لێداوە لەم جەڵەبە، ڕەنگە خێرنەکەم و تەنها ماندووبوونەکەم پێببڕێت. یارۆی خاوەن ماڵاتیش وایدەزانی سوێند بە بەردەڕەشەکە دەخوات، باوەڕی پێدەکرد و بەم جۆرە دەخەڵەتێندرا. ئێستەش سیاسییەکان و ئەوانەی خۆیان بۆ پارلەمان هەڵدەبژێرن وەک (حاجیی جامباز) خەڵک فریودەدەن و دەیانگەمژێنن، بەڵام ئەمان درۆ و فێڵی زۆر زۆر زیاتریان لەبەردەستە بەراورد بە جەڵەبچییەکان.
