نا بۆ جەنگ لە هەر کوێی جیهان بێت
نا بۆ چەک
نا بۆ جەنگ
نا بۆ حکوومەت
نا بۆ سەروەریی چینایەتی
نا بۆ جەنگ لە هەر گۆشەیەکی جیهان بێت، چ لە ڕۆژاڤا/سووریە، چ لە ئۆکرانیا و کاراباخ و فەلەستین و ئیسرائیل و …تد، چ لە کیشوەرەکانی دیکەی جیهان! ئێمە دژی جەنگ بووین و هەین و دەبین، دژایەتی جەنگ یەکێکە لە سەنگەرەکانی بەرەنگاربوونەوە دژی سەروەریی چینایەتی و سیستەمە جیهانییەکەی؛ دژی حکوومەتە جیهانییەکەی سەرمایەداری و پارچەکانی لە هەرێمەکانی جیهان.
جەنگ بۆ ئێمەی ئەنارشیست! بەس هێرشی چەکدارانە و بۆمبارانی گوند و شارەکان نییە، جەنگ بوونی سەروەریی چینایەتییە، پاوانکردنی سەرچاوەکانی ژیان و چەپاوڵکردنی داهاتی ڕەنجی چەوساوانی کۆمەڵە؛ بازرگانیکردنە بە زانیاری و زانست، دەستگرتنە بەسەر قووتی خەڵک، ناچارکردنی مرۆڤەکانە بە هەڵهاتن و ڕەوکردن، زیندانی کردنی ناڕازییانە، تیرۆرکردنە، سەرکوتکردنە؛ حکوومەتکردنە، بەرتەریی دەستەبژێرانە، بوونی کۆمەڵی چینایەتییە.
لەبەر ئەوە، بەس دژایەتی جەنگی چەکدارانە و چاونووقاندن لە ئاست بەشە شاردراوەکانی دیکەی جەنگ، ڕازیبوونە بە سەروەریی چینایەتی و دواجاریش داواکردنە لە حزبەکان و میلیشیاکان و حکوومەکان، کە ژیر و زانا بن و برایانە پێکەوە مرۆڤایەتی بچەوسێنەوە و ژینگە وێران بکەن و سەروەر بمێننەوە و کۆمەڵی چینایەتی بپارێزن؛ ئەوەش هەمیشە داخوازی ڕەوتە ڕیفۆرمیستەکان بوە و هەیە دەبێت، سەرەنجامیش بەس سەروەریی چینایەتی تۆکمەتر و پارێزراوتر دەکات و زنجیرە چینایەتییەکانی ئێمەی چەوساوە بەهێزتر و توندتر دەکاتەوە!
ئێمە دژی جەنگی چەکدارانە بووین و هەین و دەبین! ئەو دژایەتییەش بەشێکە لە دژی جەنگە چینایەتییە فراوان و جیهانییەکە و تاکو کۆمەڵی چینایەتی و حکوومەتەکان و سنوورەکان و شوناسە ڕامیارییەکان بمێنن، جەنگ بەردەوام دەبێت، چونکە کۆمەڵ و سیستەمی چینایەتی بەبێ جەنگ ناتوانن بەردەوام بن و بمێننەوە.
بەگوێرەی ئەزموونەکانی خەباتی چەوساوانی جیهان، بەرەنگاری جەنگە چەکدارییەکان، هەنگاوی یەکەم بە بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ و خۆجێی چەوساوانی کۆمەڵە ژێردەستەکانی حکوومەتە بەشەڕهاتوەکان دەبێت و هەنگاوی دوەم هاوپشتی جیهانیی چەوساوان دەبێت بۆ چەوساوانی هەرێمە بەشەڕدراوەکان و بەرەنگاربوونەوەی حکوومەکانی دیکە، کە لە بەرە جەنگکەرەکان پشتیوانی دەکەن؛ بەس بە هێزی یەکگرتن و بەرەنگاریی ئێمەی چەوساوە دەتوانرێت چەرخەکانی چەکسازیی و بازارەکانی چەکفرۆشتن ڕادەگیردرێن و مەیدانەکانی جەنگ چۆڵ دەکرێن. بێجگە لە وەها سەنگەرگرتنێکی ئێمەی چەوساوان دژی سیستەمی چینایەتی، وەستانی هەمیشەیی جەنگەکان ئەستەم دەبێت و تەنانەت نەبوونی جەنگی چەکدارانە و ئاشتیش لە خزمەت و بەرژەوەندی حکوومەتەکان و کۆمپانییە جیهان–داگرەکان تەواو دەبن!
نا بۆ جەنگ بە هەموو شێوە و ئاستەکانییەوە
نا بۆ حکوومەت بە هەموو جۆرەکانییەوە
بەرەو جەنگی جیهانیی چەوساوان دژی سیستەم و کۆمەڵی چینایەتی
سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی–زمان
١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣
