ئەی میکانیزمەکانی چۆنێتیی کارکردن و بەڕێچوونی (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی)

ئەی میکانیزمەکانی چۆنێتیی کارکردن و بەڕێچوونی (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) کامانەن؟

– کۆبوونەوەی گشتیی
کۆبوونەوەی گشتیی لە ئەوە ڕێگرییدەکات، کە کەسێک یان کەمینەیەک لە سەرووی خەڵک یان لە پشت خەڵکەوە بڕیاربدات، یان خۆی ڕێکبخات و لەسەر ئایەندەی کۆمەڵ بڕیاربدات. کۆبوونەوەی گشتیی بەھا و بڕوا-بە-خۆ-بوون و پێگەی شاییشتە بۆ کەسەکان دەگێڕێتەوە و وەک فێرگێک ئەندامانی کۆمەڵ پەروەردەکات، کە ھەموو کەسێک توانا و بەھرەیەکی ھەیە، ھەموو کەس لەنێو کۆمەڵ ڕۆڵی بە کەڵک و گرنگی ھەیە؛ ھەموو کەس دەتوانێت بیربکاتەوە و بۆچوونی تایبەت بە خۆی ھەبێت و چالاکانە لە بەرھەمھێنانی ھوشیاریی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵایەتی بەشداریبکات و بە کۆمەڵی خۆی خزمەتبکات. ھەر ئاوا لەنێو ھۆش و ئاوەزی کۆمەڵایەتیی واتای “توانا و ناتوانا، زانا و نەزان” پووچەڵدەکاتەوە و ئەو ڕاستیە دەردەخات، کە ئەوە سیستەمە ڕامیارییەکان و پێکھاتەی پلەبەندیی و نێوەندیی و قووچکەیی بەڕێوەبەریین، کە کەسەکان خۆشباوەڕ و ناچالاک و گۆشەگیر و نادەربەس و نەزان و لە خۆ-نامۆ-بوو و پاشڕەو دەکەن و ھیچ کەس سزاوار بە نەزانیی و دەسەپاچەیی و خۆشباوەڕیی و دواکەوتەیی و ڕامکراویی لەدایکنەبووە و نابێت و ھەر کات بۆ گەشەکردن و پەرەسەندنی توانا و بەھرەی کەسەکان زەمینە بڕەخسێت، ھەزاران و ملیۆنان توانا و بەھرەی مرێندراو و لاوازکراو دەژێنەوە و پەرەدەسێننەوە و ئەو ڕاستییە دەسەلمێت، کە سیستەمی ڕامیاریی سیستەمی لەنێوبردنی توانای زۆربەی خەڵک و ملکەچکردنی ئەوان دەبێت بۆ ھەلپەرستیی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی کەمینەیەکی ڕامیار و دارا و دەسەڵاتدار.
– گفتوگۆی گشتیی
گفتوگۆکردنی ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ لە بارەی پرسەکانی ژییانی خۆیان و کۆمەڵەکەی خۆیان و ژینگەی کۆمەڵ و ئایەندەی کۆمەڵ لەنێو کۆبوونەوەی ھەموو خەڵک (کۆبوونەوەی گشتیی)، بۆ پەروەردەکردنی کەسایەتی ئەندامانی کۆمەڵ و درووستکردنی بڕوای کۆمەڵایەتیی و دەرکەوتنی پشتیوانی و دڵسۆزیی کەسەکان بۆ یەکدی، زەمینەسازییدەکات و کەسەکان زیاتر بە یەکدی و لەتەک دەردی یەکدی ئاشنادەبن و بۆ ھەموو کەس دەردەکەوێت، کە زۆربەی دەردەکان و داخوازییەکان و ئارەزووەکان و خەمەکان و نەھامەتییەکان ھاوبەشن و ئەوە سیستەمە ڕامیارییەکانن، ئەوە دووبەرەکییە ڕامیارییەکانن، کە کەسەکان بە یەکدی نائاشنا و تەنانەت بە دوژمن یەکدی دەگۆڕن و ناتەبایی کۆمەڵایەتیی درووستدەکەن.
– بڕیاردان و ئەنجامدانی گشتیی
کاتێک کە ئەندامی کۆمەڵ ھەموو پێکەوە لەسەر پرسە ھاوبەشەکانی خۆیان بڕیاردەدەن و پێکەوە و شان بە شانی یەکدی ھەرەوەزییانە ئەرکەکانی کۆمەڵ ئەنجامدەدەن، یەکگرتنی توانا و ھێز و وزەی ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ وەک پەڕجوو دونیایەکی نموونەیی دەئافرێنێت.
کاتێک کۆی ئەندامانی کۆمەڵ خۆیان لەسەر شتێک بڕیاردەدەن، بەدڵنیاییەوە ھەر بەخۆیشیان دڵسۆزانە و پەیگیرانە بڕیارەکانی خۆیان ئەنجامدەدەن و ئامادەن لەپێناو ئەنجامدان و سەرکەوتنی بڕیارەکانی خۆیان تێبکۆشن و تەنانەت ئامادەی گیانبەخشینیش ھەن. چونکە کۆمەڵ و سیستەمێکی ئاوا (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) بەشێک لە ژییان و بوون و خۆشیی و بەختەوەریی خودی کەسەکان دەبێت. بەڵام کاتێک کەسەکان ژێردەست و ملکەچی بڕیادانی دەستەبژێرێکی ڕامیار یان دەستەبژێرێکی دارا ببن و ناچارییانە بە ئەنجامدانی شتەکان ملبدەن، بەدڵنیاییەوە ئەنجامدانەکە دڵسۆزانە و سەرکەوتوو و درووست دەرناچێت، چونکە کاتێک مرۆڤ بە شتێک ناچاردەکرێت، ئیدی ھیچ ھۆگرییەکی بۆ ئەنجامدانی شتەکە نابێت و ئامادەنییە دڵسۆزانە کات و وزە و ژییانی خۆی بخاتە خزمەتی سەروەریی و مشەخۆریی کەسانێکی دیکە [پارتیی و دەوڵەت]، کە زۆردارانە لەسەر ھەموو کۆمەڵ بڕیاردەدەن.
– ھەڵبژاردنی ڕاسپێردراوان بۆ سەرپەرشتیکردن و ئەنجامدانی بڕیارەکان
کاتێک کە ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ بڕیاردەر دەبن و خۆیان ئەنجامدەری بڕیارەکانی خۆی ببن و ھەر خۆیشیان کەسانێکی خۆبەخش بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەنجامدانی کارەکان دەستنیشانبکەن، لە بارێکی ئاوا ھەم توانا و ھەم متمانە و ھەم ھوشیاریی ھەمووان پەرەدەسێنێت و ھەم ھەمووان سامانەکانی کۆمەڵ و ئامرازەکانی بەرھەمھێنان و خزمەتگوزاریی دەپارێزن و بە پێداویستیی و دارایی خۆیان دەزانن و و پاراستنی ئەوان بە ئەرکی خۆیا دەزانن، چونکە لە باری خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی، ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ بەرانبەر ئایەندەی خۆیان و نەوەکانیان بەرپرس دەبن و بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتیی دەبێت بە بەشێک لە ئاوەز و ئەتواری کۆمەڵایەتیی.
– خۆکۆمەکی کۆمەڵایەتیی
خۆکۆمەکی کۆمەڵایەتیی یەکێکە لە ئەو میکانیزمە کاراییانەی، کە ھەموو ئەندامێکی کۆمەڵ دەگۆڕێت بە پشتیوانی کەسەکانی دیکە و ھارمۆنییەکی کۆمەڵایەتیی دەئافرێنێت، کەسەکان وەک سەردەمە کۆنەکان “ھەموو کەسێک لەپێناو ھەمووان و ھەمووان لەپێناو ھەموو کەسێک”، سەراپای کۆمەڵ دەبێت بە یەک خێزانی گەورە و پڕ لە خۆشەویستیی و سۆزداریی بۆ یەکدی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەبێتە بنەمای پێکەوەژییان و کۆمەڵایەتییبوون و کۆمەڵ.
خۆکۆمەکی کۆمەڵایەتیی بەس لە بواری کاسە-ھاوسایی و کۆمەکی دراویی و ..تد نامێنێتەوە، بەڵکو زۆربەی بوارە تازەکانی ژییان دەگرێتەوە و ھەموو گرووپە خۆجێییەکانی [لۆکاڵییەکانی] وەک خۆکۆمەکیی نەخۆشان، ئالوودانی دەرمانە بەنگکەرەکان، پەککەوتووان، منداڵان، ژینگەپارێزیی و بەرخودان و..تد دەگرێتەوە و گرووپ و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی ئەو بوارانە وەک یەکێک لە پایەکانی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی زۆر چارەنووسسازیان دەبێت.
– ھەرەوەزی ئابووریی
ھەرەوەزی ئابووریی یەکێکە لە پایە و میکانیزمە گرنگ و سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ڕزگاربوونی خەڵک لە وابەسەیی بە سیستەمی ڕامیاریی و کۆمپانییە جیھانلووشەکان و ھەر ئاوا ئامرازێک بۆ خۆ-بەسێی ئابووریی و خۆشگوزەرانی گشتیی خەڵک و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرھەڵدانەوە و پەرەسەندنی متمانەی کۆمەڵایەتیی، چونکە دابینکردنی گوزەران [ئابووری] بڕبڕەی ھەموو پێکھاتەیەکە و بەبێ ئابووری [مەبەست ئابووری کۆمەڵایەتییە] نە خێزان و نە کۆمەڵ خۆیان ناگرن و نەدەگرت؛ لەبەر ئەوە (سەربەخۆیی ئابووریی) مەرجی سەربەخۆیی کۆمەڵایەتیی کەسەکان و کۆمەڵ دەبێت.
بێجگە لەوەی کە ھەرەوەزییە ئابوورییەکان پایە و میکانیزمی بنەڕەتیی و سەرەکیین بۆ سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی، ھەر ئاوا ھەر ئێستا و لەنێو ئەم سیستەمە ڕامیاریی و گەندەڵە دەتوانرێت ھەرەوەزییەکانی بەرھەمھێنان ئامرازێک بۆ ڕزگاربوونی خەڵک لە بیکاریی و کەم دەرامەتیی و لە بەدبەختیی و ناچاریی و ئاوارەبوون بن؛ بۆ نموونە ھەر ڕۆژ گەنجەکان لەبەر بێکاریی و نائومێدیی بەرەو شارەکانی دیکە و وڵاتانی دیکە سەری خۆیان ھەڵدەگرن و ڕێگەی ڕێکەوتە مەرگئاوەرەکان دەگرنەبەر و ئاوا دیتوومانە و دەبینین گەنجە نائومێدەکان خەون و خەیاڵە ڕەوا و شیرینەکانی خۆیان دەبەنە قووڵایی دەریاکان و بە ھەمان ڕادەی خەون و خەیاڵە شیرینەکانی خۆیان، خەم و دەرد و ناسۆریی بۆ خۆیان و دەوروبەری خۆیان بەجێدەھێڵن. بەڵام ئەگەر ھەر چەند کەسێک لە ئەو کەسانە کە بەرەو ئۆروپا و وڵاتانی دیکە سەری خۆیان ھەڵدەگرن و سەرەنجامیش ھەرچەند بە بێوەی بگەنە شوێنی مەبەست، ھەرگیز پێگەی کۆمەڵایەتیی و کاری ئارەزوومەند و شاییستەی تواناییەکانی خۆیان بەدەستناھێنن و باشترین کارێک کە بەدەستیدێنن، شاگردیی و خزمەتکارییەکە، کە خەڵکی وڵاتانی پەنادەر بە ئاسانی خۆیان ئامادەی ئەنجامدانیان نین، ئیدی با ڕەتکردنەوەی داخوازی پەنابەریی و مۆڵەتی مانەوە و سووکایەتیی ڕەگەزپەرستانە و دەردیسەرییەکانی دیکەی لەو لاوە بوەستن. لە بەرانبەر ئەوە، ئەگەر ھەر چەند کەسێک لەو کەسانە، ئەو بڕە پارەی کە بۆ گەییشتن بە ئۆروپای تەرخاندەکەن و لە دەمی دایک و باوک یان منداڵ و ھاوسەری خۆیان دەگرنەوە و دەیکەنە باخەڵی قاچاخچییان، ئەگەر ئەو بڕە پارە بۆ پڕۆژەیەکی ھەرەوەزیی [وەک نانەواخانە، فیتەریی، سەرتاشخانە، دارتاشی و کشتوکاڵ و باخداریی و خانەی پیران و دایانگەی منداڵان و ..تد] تەرخانبکەن، ھەم خۆیان لە بێکاریی ڕزگاردەبن و ھەم لە ملکەچیی بۆ مووچەی دەوڵەت و داراکان ئازاددەبن و ھەم زیادەی داھاتێک، کە لە لە باری کاری کرێگرتە لە ڕەنجی ئەوان دەچێتە باخەڵی خاوەنکار، بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە.
لە ئەو بارەوە لە سەراپای دونیا پڕۆژەی ھەرەوەزییە ئابوورییەکان نموونەیەکی سەرکەوتوو و درەوشاوەن و تاقە ئامرازێکی درووست و بەکەڵکن، کە ئەندامانی کۆمەڵ لە وابەستەیی و چاوەڕوانی و گیرۆدەیی و خۆشباوەڕیی بە فریادڕەسیی ڕامیاران و داراکان و پووچگەرایی پێویستیی سیستەمی ڕامیاریی دادەچڵەکێنن و ھێز و خۆ-باوەڕیی و ئاوەز و خۆھوشیاریی بۆ کەسەکان دەگێڕنەوە و ئیدی بە ئاسانی کەسەکان ناگەڕێنەوە ژێر باری سەروەریی و دەسەڵاتداریی و ڕامکاریی ڕامیاران و سەرمایەداران و دەوڵەت. لەو بارەوە لە گەرمەی قەیرانی دەھەی ڕابوردووی بانکەکان و بازاری سەرمایەداریی، بەپێچەوانەی ئەوە، ھەرەوەزییەکانی یۆنان و ئیسپانیا و شوێنەکانی دیکە نموونەی خۆشگوزەرانیی و سەرکەوتوویی و دەربازبوون لەو قەیرانە بوون و تاکو ئێستاش بەردەوام بەو ئاستە ماون و بەردەوام ھەن.
– ھەرەوەزی جەماوەریی
ھەرەوەزی جەماوەریی نێوان ئەندامانی چینە ڕەنجدەرەکان ھەمیشە ھەبووە و ئێستاش بە جۆرێک ماوە و ھێشتا پەنیڕەودەکرێت، ئەوەش نیشانەی ھاودەردیی کەسە نەدار و بێدەسەڵاتەکراوکانە بۆ یەکدی و جۆرێک بەرخودان بەرانبەر ملھوڕیی دەسەڵاتداران و داراکان. ئەگەر ڕابوردووی ھەر کۆمەڵێک سەرنجبدەین، ئەو ڕاستییە دەبینین، کە ھەرەوەزی جەماوەریی چین و توێژ کۆمەڵایەتییە نەدار و بێدەسەڵاتەکراوەکان بزووتنەوەیەکی خۆکرد و خۆڕستی کۆمەڵایەتیی و دیاردەیەکی ئەرێنی کولتووریی بووە و ھەیە.
ھەرەوەزی جەماوەریی یەکێکە لە ئەو بنەما و میکانیزمانەی کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پتەوتر و متمانە و خۆشەویستیی و ھاوپشتیی و ھاوخەمیی و ئاشتەوایی نێوان کەسە ھاودەرد و ھاو-خەون و ھاو-ئارەزووەکان درووستدەکات و ھەر ئەوەش دەبێت بە بناخەی خۆ-ھوشیاریی بە پێویستیی خۆ-ڕێکخستنی ئازادانەی جەماوەریی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی بۆ بەدیھێنانی داخوازییە ھاوبەشەکانی چین و توێژ کۆمەڵایەتییەکان. یەکێک لە نموونە درەوشاوەکانی ھەرەوەزی جەماوەریی دەخیلەی ھاوکاران، ھاوسێیان، ھاوپۆلان و..تد و زۆر جار لە ئەو دەخیلەیە یان بەجیا دەخیلە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەکی کۆمەڵایەتیی بۆ کەسانێک کە گرفتارن و توانای مسۆگەرکردنی گوزەران و دەرمان و پێویستییەکانی خۆیان نییە. لە ئەو بارەوە نموونەی زۆر ئەرێنیی ھەن، ئەگەر بە ڕابوردووی خۆمان بگەڕێینەوە یان دەوروبەری خۆمان سەرنجبدەین، بە ئاشکرا دەبینین.
خۆ-بیرکردنەوە و خۆ-ھوشیاری کۆمەڵایەتیی
خۆ-بیرکردنەوە و خۆ-ھوشیاری کلیلی کردنەوەی ھەموو دەرگە داخراوەکانی ئاوەزی کەسیی و ھوشیاریی کۆمەڵایەتیی و ژییان و داھاتوون، ھەر ئاوا کە خۆشباوەڕیی و ناھوشیاریی خەڵک زەمینەی درووستبوونی سەروەریی و مشەخۆریی ڕامیاران و داراکان و ھەموو بەدبەختییەکانی کۆمەڵ دەبن و ھەر لەبەر ئەوەشە، کە ڕامیاران و دەسەڵاتداران و داراکان بەوپەڕی توانای خۆیان بۆ خۆشباوەڕکردن و ناھوشیارکردن و ڕامکردنی خەڵک کۆششدەکەن و دەزگەی گەورە و پڕ خەرج بۆ ئەو مەبەستە تەرخاندەکەن و بووجەی زەبەندە بۆ ھاندانی پارتییایەتی و ڕامیارییکردنی خەڵک و خۆشباوەڕکردنی خەڵک بە “سەرۆکی باش ، پارتیی باش ، پارلەمانتاری باش ، فەرمانداریی باش ، دەوڵەتی باش” تەرخاندەکرێت؛ ھەر بۆ ئەو مەبەستە مانگانە سەدان و ھەزاران ملیۆن لە داھاتی کۆمەڵەکانی جیھانی بۆ پارتییە ڕامیارییەکان [لە چەپڕەو بۆ ڕاستڕەو] خەرجدەکرێت، بەڵام کاتێک کەسانی نەخۆش و پەککەوت و ھەژار یان کرێکاران و مامۆستایان و بێکاران و خانەنشینان بەرانبەر گرانبوونی خۆراک و کاڵاکان و زیادبوونی کرێخانوو و گرانی دەرمان و پێویستییەکانی دیکە، زیادکردنی چەند دینار و دۆلارێک داخوازییدەکەن، نەک ھەر دەسەڵاتداران ئامادەی ملدان بە داخوازییە ڕەواکانی ئەوان نین و نابن، بەڵکو ھەموو ھێزەکانی سوپا و پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکانی دەوڵەت بۆ سەرکوتکردنی خەڵک ناڕازی دەھێننە مەیدان و بۆ بێدەنگکردنی خەڵک بە ھێزە سەرکوتگەرەکان فەرماندەدرێت؛ گوللـە بەرانبەر داخوازیی نان!
خۆ-بیرکردنەوە و خۆ-ھوشیاریی خەڵک سەرەڕای ڕزگارکردنی خەڵک لە خۆشباوەڕیی و ناھوشیاریی و پاشڕەویی، تەنانەت ئەندامی ھێزەکانی پۆلیس و سوپا دادەچڵەکێنێت و بۆ نێو بەرەی خەڵک دەگێڕێتەوە و ئەوان لە ئەوە ھوشیاردەکاتەوە، کە ئیدی ئەوان [ھێزە پارتیی و دەوڵەتییەکان] بۆ بەردەوامی پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی ڕامیاران و دەسەڵاتداران و داراکان ئامادە نەبن، کە لە دایک و باوک و خوشک و برا و ھاوسێ و یار و ھاوەڵی خۆیان تەقەبکەن و بۆ خۆڕزگارکردن، پێویستە بگەڕێنەوە و ببنەوە بە بەشێک لە ھێزی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەرییخواز.
– خۆ-بەرپرسیارەتی و ویژدانی کۆمەڵایەتیی
کاتێک کە ئەندامانی کۆمەڵ خۆ-ھوشیار بن و بە ئاوەزی خۆیان بیربکەنەوە و لەتەک ھاودەردەکانی خۆیان خۆکۆمەکیی بکەن و چالاکانە لەنێو گرووپە خۆجێی و ڕێکخراوە جەماوەرییە ئازادەکان و کۆبوونەوە گشتییەکان بەشداریبکەن و ئایەندەی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و ھیچی دیکە ڕازینەبن، کە کەمینەیەکی ڕامیار و دەسەڵاتدار و دارا لەجیاتی و بۆ ئەوان بڕیاربدات، ئیدی بەرپرسیاریی کەسەکان لە بواری ژییان و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵ دەبێت بە دیاردە و تایبەتمەندیی ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ و بەرپرسیاری کۆمەڵایەتیی لەنێو ئاوەزی ھەموو کەسێکی کۆمەڵ درووستدەبێت و نادەربەسیی و خۆشباوەڕیی و ناھوشیاریی دەبێت بە نەنگییەکی کۆمەڵایەتیی.