ئایا لە ئێستا (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) بوونی ھەیە؟
ئەرێ و نەخێر. بەداخەوە بەس لەنێو کۆمەڵەکانی ئامازۆن و چەند کۆمەڵێکی دیکە لە ئەفەریکا و خواردووی ئاسیا جۆرە سرووشتییەکەی ھەیە، کە زادەی کۆمەڵە سرووشتییەکانە و وەک سەرچاوەی سیستەمی سرووشتیی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ ماوە و بە بەرخودان بەرانبەر سیستەمی سەرمایەداری و نەزمی تازەی بازار [نیئۆلیبرالیزم] خۆی پاراستووە و لە ھەموو گۆشەکانی جیھان تێکۆشان بۆ گێڕانەوە و نۆسازکردنەوەی ھەیە و ئاوا مرۆڤناس و کۆمەڵناسەکان ئاماژەدەدەن و کەسانی لێکۆڵەر و گەشتیاران دەڵێن، ھێشتا لە گۆشە و کەناری جیھان کۆمەڵە سەرەتاییەکان ماون، کە جۆرە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەیەتییان ھەیە؛ تاکو ڕادەیەک بەشێوەی کۆمونەیی دەژین.
ھەڵبەتە نەبوونی ئەوان لە ئەم ڕۆژگارەی ئێمە بەڵگەی ئەوە نییە، کە نەبوون و نابن. چونکە ئەگەر تەنانەت بەس خەیاڵێکی خۆشیش بێت، ئەگەری بەدیھاتنی ھەیە، ھەڵبەتە ئەگەر ھوشیاری و ویستی ئەندامانی کۆمەڵ بۆ بەدیھێنانی بوونی ھەبێت؛ چونکە ھەموو گۆڕانەکان و ھەموو سیستەمەکان و ھەموو ئەوەی کە لە ئەم ڕۆژ ھەیە و سەرھەڵدەدات، بەرەنجامی خەیاڵکردنی مرۆڤ بوون و پاش ئەوەی کە مرۆڤەکان بۆ ئەزموونکردنی خەیاڵەکانی خۆیان کۆششیان کردووە، خەیاڵە ئەستەمەکان گۆڕاون بە کەتواری ڕۆژ و پەرەیان سەندووە و جیھانگیر بوون؛ ڕۆژگارێک سیستەمی (خێڵایەتی)ی و (دەرەبەگایەتی)ی و (بۆرجوازی)ی لەئارانەبوون و لەنێوچوونی دووانی یەکەم خەیاڵ بوو!
لە ئەو بارەوە لەوانەیە باشترین نموونە سیستەمی سەرمایەداریی و جیھانگیریی نەزمی تازەی بازار [نیئۆلیبرالیزم] بێت، کە ئەگەر سەد ساڵێک پێشتر کەسێک لە ناوچەکانی میزۆپۆتامیا لە بارەی سەرھەڵدانی سیستەمی سەرمایەداریی قسەی بکردایە و بیگوتایە “ڕۆژگارێک دەوڵەت سەراپای ژییان و بوونی و نەبوونی مرۆڤ و کۆمەڵ ژێردەست دەکات و بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەت ھیچ کار و چالاکیێک و پڕۆژەیەک بوارنادرێت”، یان ئەگەر پەنجا ساڵێک پێشتر لە ھەر گۆشەیەکی جیھان کەسێکی بیگوتایە “ڕۆژگارێک نەزمی بازاری بەڕەڵای نیئۆلیبرالیزم ھەموو گۆشەکانی جیھانی داگیردەکات و وەک نیویۆرک و واشنتن و لەندەن و ..تد خواردنی مێکدۆناڵد و تۆڕی سێکسفرۆشیی دەگەنە ھەرێمی کوردستان”، بەدڵنیاییەوە ھەموو خەڵک دەیگوت “خەیاڵپڵاوییە”، ھەر ئاوا کە ئێستا بە ئەم بیرۆکە پێشنیارکراوەی من و ھەزاران خەیاڵی دیکەی ئازادیخوڵزیی و یەکسانیخوازیی و دادپەروەریخوازیی بە ئەستەم دەزاندرێن و دەکرێن بە مایەی گاڵتەوگەپی کەسە ڕامیارکراوەکان و کەسە پاشڕەوەکانی ئەوان و ملکەچەکانی سیستەمی دەوڵەتیی.
لەبەر ئەوە و لەسەر ئەو بنەمایەی کە خەیاڵە ئەستەمەکانی دوێنێ کەتواری ئەم ڕۆژە هەن، بەدڵنیاییەوە ئەگەر مرۆڤی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەریخواز پەیگیرانە بۆ بەدیھاتنی خەیاڵەکانی ئێستا کۆشش بکات، بەدیھاتنی خەیاڵەکانی ئەم ڕۆژەی ئێمەش ئەستەم نین و نابن؛ ھەموو کەتوارێک بە ئاستی ھوشیاریی مرۆڤەکان پەیوەست هەیە، ئەگەر خەڵک خۆ-ھوشیار بێت، بەدیھاتنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ئاسانترە و ئەگەر خەڵک بە ھەمیشەیی-بوونی سەروەریی چینایەتی خۆشباوەڕ بێت، بەردەوامی و تەشەنەکردن و گەشەکردنی سیستەمی ڕامیاریی [سیستەمی پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و مشەخۆریی و سەروەریی چینایەتی] مسۆگەرتر دەبێت و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی وەک خەیاڵێکی خۆش دەمێنێتەوە. هەر ناهوشیاریی و خۆشباوەڕیی چەوساوانە بوە بە خاڵی بەهێزیی سیستەمی بەڕێوەبەریی چینایەتیی و هاوکات بوە بە خاڵی لاوازیی بەرەی شۆڕش و سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی.
