بەبێ حکوومەت سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی چۆن سەردەگرێت؟

بەبێ (دەوڵەت و فەرمانداریی و پارلەمان و پارتیی و لەشکر و پۆلیس و ڕۆڵی دەستەبژێرەکان)، چۆن (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) سەردەگرێت؟

بە دڵنیایی، کاتێک ئێمە بە ئاوەزی ڕامکراو و بە ھۆشی شۆردراوە و لە-خۆ-نامۆ-بوون و ھەمیشەیی دیتنی سیستەمی ڕامیاریی و کەتواری کۆمەڵی ئەم ڕۆژگارە، لە کۆمەڵی سبەینێ بڕوانین، وێناکردنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵ بەبێ دەوڵەت و فەرمانداریی و پارلەمان و دەسەڵاتداریی پارتییەکان و لەشکر و پۆلیس و زیندان و قەنارە، ئاسان نییە، بەڵکو ئەستەمیشە. چونکە لە ئەم ڕۆژگارە ھەڵپەی دەسەڵات و زاڵبوون و دەوڵەتمەندبوون و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و مشەخۆریی بووە بە کولتووری زۆربەی خەڵک و ئەو بنەما دڕندانەیە بووە بە فیلۆسۆفی ژییانی خەڵک “ئەگەر تۆ من نەکوژی، من تۆ دەکوژم، ئەگەر تۆ دەستی من نەبڕی، من دەستی تۆ دەبڕم، ئەگەر تۆ لەسەر من زاڵنەبی، من لەسەر تۆ زاڵدەبم، ئەگەر تۆ پارووی دەمی من نەڕفێنی، من شیری دەمی منداڵکەی تۆ دەڕفێنم ” ….تد. لە بارێکی ئاوا ئەگەر خۆ-ھوشیاریی بوونی نەبێت و بەردەوام لەنێو ھەموو بوارەکانی ژییان بۆ کردەیی کردنەوە و سەلماندنی پێویستیی و بوونی ڕابوردوویی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بانگەواز نەکەین و کۆشش نەکەین و خۆمان ڕێکنەخەین و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە ئاسۆیی و سەربەخۆکانی خۆمان پێکنەھێنین، وێناکردنی دونیایەکی خاڵی لە زۆرداریی و ھەڵپە و چەپاوڵ و پاوانگەریی، زۆر ئاسان نییە و ئەستەمە.

بەڵام ئەوەش لەبیرنەکەین، کە ئەگەر سەد ساڵێک پێشتر لە بارەی ھەر دوو سیستەمەکە (سیستەمی دەوڵەتیی ئێستا) و (سیستمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ئایەندە) بۆ خەڵکی لای خۆمان قسە بکرایە، بەدڵنیاییەوە زۆربەی خەڵکی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی باشتر و کەتوارییتر دەبینی و وێنادەکرد و تێدەگەییشت، تاکو سیستەمی دەوڵەتیی، بەتایبەت دەوڵەتی ھاوچەرخ و نەزمی بازاری بەڕەڵڵا (نیئۆلیبراڵ). چونکە سەد ساڵێک پێشتر وەک ئێستا پارتییایەتی و ڕامیاریی و پارلەمان و دەوڵەت لەسەر ئاوەزی خەڵک زاڵ نەبووبوون و کاناڵەکانی میدیا لەجیاتی خەڵک بیریان نەدەکردەوە و خەڵک لە کەتواری ژییانی خۆیەوە شتەکانی تەماشادەکردن، نەک وێناکردنی ئایدیۆلۆجیایانەی شتەکان. خەڵک دارای ئاوەزی خۆی، بیرکردنەوە خۆی، ئەزموونی خۆی، ژیریی خۆی بوو و سەربەخۆیی کەسەکان، سەربەخۆیی ئاوەزی کۆمەڵایەتیی، خۆبیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیی و ئەزموونگەری کۆمەڵایەتیی و ھارمۆنی پێکەوەژییانی کۆمەڵایەتیی بەرھەمدەھێنا و ھێنابوو؛ کاتێک کەسێک کە بە ئامانجی خەڵەتاندنی خەڵک پڕۆپاگەندەی دەکرد، یەکسەرە لەتەک بەرەنگاری خۆ-ھوشیاریی خەڵک ڕووبەڕوو دەبوو و خەڵک بەو کەسەیان دەگوت ڕامیارە و ڕامیاریی دەکات. لەوانەیە باشترین نموونە ئەوە بێت، کە پێرێ و دوێنێ و تەنانەت ئێستاش تاکو ڕادەیەک ھێشتا خەڵکی لای خۆمان بە ڕامیاری و پارتییایەتی و پارلەمان و دەوڵەتگەرایی دەگوت و دەڵێن درۆ و دەسەلە و سیستەمی خەڵەتاندنی خەڵکی. ئەوەش ھۆکاری خۆی ھەیە، چونکە ڕابوردووی خەڵکی زۆربەی گوندەکانی ناوچەکە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی بووە، بەتایبەت لە ئەو گوندانە، کە دەسەڵاتداریی خان و سان و شێخ و بەگلەران نەبووە و ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی و یاسا سرووشتییەکان بنەمای خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵەکان بوون.