ئایا ئەگەری بەدیهاتنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی هەیە

ئایا ئەو ئەگەرە ھەیە، ڕۆژێک لە ڕۆژان (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) لە گشت لایەک بەدیبێت یان سەربگرێت؟

پێش ھەموو شتێک، بەدیھاتنی ھەر شتێک وابەستەی ئامادەیی ھۆشیی و کردەیی و کۆمەڵایەتیی ئەندامانی کۆمەڵ دەبێت. ڕوودانی ئەوەش پێویستی بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی ھەیە؛ شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بە واتای گۆڕانی ئابووریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای گۆڕانی ھەمە لایەنەی ژییان و دونیابینیی و شێوازی بەرھەمھێنان و جۆری دارایی سامانەکانی کۆمەڵ، ڕوودانی ئەوەش خۆھوشیاری کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی و بزاڤی کۆمەڵایەتیی و بەرخودانی کۆمەڵایەتیی پێویستە و گەرەکە.

بەدیھاتنی سیستەمێکی ئاوا کاری شەو و ڕۆژێک نییە. چونکە سیستەمی چینایەتیی بە یەک شەو و ڕۆژ دانەمەرزراوە، تاکو بتوانرێت بە یەک شەو و ڕۆژ لەنێوببرێت. سیستەمی چینایەتیی یانەیەکی سەربازیی، یان پۆلیسخانەیەک نییە، تاکو بە داگیرکردن و چەککردنی پاسەوانەکانی لەنێوببرێت و لەنێوبچێت؛ لە ئەم ڕۆژگارە سیستەمی چینایەتیی بە ھۆکاری ملدانی زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵەکانی جیھان بە ملکەچیی و دەقگرتن بە ژێردەستەیی سەروەریی کەسێک، یان پارتیی و فەرمانداریی و دەوڵەتێک، بووە بە بەشێک لە کولتووری خەڵک و گۆڕانی کولتووری خەڵکیش ڕوودانی شەو و ڕۆژێک نییە و نەبووە، ڕەوتێکی درێژخایەن و فرە ڕەھەند و فرە بارە و بەردەوام بووە و دەبێت. لە ئەم ڕۆژگارە سەروەریی چینایەتیی بەس بە زۆری چەک و داگیرکاریی نەسەپێندراوە، بەڵکو بە کاراییدانانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و بوونی بە بەشێک لە ئاوەز و ژییانی نادەربەسانەی خەڵک جێگربووە و خۆی ڕاگرتووە و بەردەوام بووە و دەبێت.

لەسەر ئەو بنەمایە، پێش ھەموو شتێک ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی پێویستە، ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی فرە لایەن و فرە مەیدانە؛ بە ھۆنراوە، چیرۆک، ڕۆمان، شانۆگەریی، موزیک، گۆرانی و سروود و ڕاگەیاندن و چالاکیی بەردەوام و خەباتی ڕاستەوخۆ..تد. بە کورتیی و پوختی گۆڕانی سەراپای بوونی ھۆشیی و ماددیی مرۆڤەکانی ئەم ڕۆژگارە پێویستە. لە بەرانبەر کۆششی ئازادیخوازانە، دەوڵەتی ھاوچەرخ ھەیە، کە لە ئەم ڕۆژگارە لووتکەی گەشەکردنی سیستەمی ڕامیارییە [چینایەتییە] و ھەزاران ساڵێک بە چەک و کۆمەڵکوژیی و داگیرکاریی و وێرانکردن پێگەییشتووە و بە ئەم ڕۆژە گەییشتووە؛ چەندین سەردەمی و قۆناخی [خێڵەکی، ئایینی، پاشایی، دەرەبەگی، تاکپارتیی، پارلەمانیی] بڕیون، تاکو بووە بە ئەو شتە، کە ژێردەستەکەی ئاوا بزانێت، کۆمەڵی مرۆڤایەتیی ھەرگیز بەبێ دەوڵەت بوونی نەبووە و نابێت و دەوڵەت ھەمیشەیی بووە و دەمێنێت.

لەبەر ئەوە پێگەییشتن و دامەزراندنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ڕەوتێک و پڕۆسێسێکی درێژخایەنە و بەپێچەوانەی گۆڕینی سیستەمە ڕامیارییەکان، ھەرگیز بە کودەتای سەربازیی و ڕاپەڕینی کاتیی خەڵک و یەک شەو و ڕۆژ و بەس بە ڕوخاندنی دەوڵەت بەدینایێت و ھەر ئاواش لە ڕێی ھەڵبژاردن و دەنگدان پارلەمانیش بەدینایێت، ھەر ئاوا پەرەسەندن و جیھانگیریی ئابووری سەرمایەداریی ھەرگیز مرۆڤایەتی لە بەدیھێنانی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی نزیکناکاتەوە و بە پێچەوانەوە، بەو ڕادەی سیستەمی سەرمایەداریی گەشەبکات، بە ھەمان ڕادە چین و توێژ و کەسە نەدار و بێدەسەڵاتکراوەکان لە سەربەخۆیی و خۆبوون و بڕوابەخۆبوون دووردەخاتەوە و سەرەتانی لەخۆنامۆبوون زیاتر مرۆڤایەتی لەنێودەبات و لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی نائومێددەکات، چونکە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی تەواو پێچەوانەی بنەماکانی سیستەمی پارلەمانیی بۆرجوازییە و ھەرگیز سیستەمی پارلەمانیی و دەوڵەت بە خۆشیی خۆیان بواری سەرھەڵدانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی نادەن. لە ئەو بارەوە سەرھەڵدان و پەرەسەندن و بەکولتووربوون و بوونی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بە بەشێک لە ڕۆشنبیریی خەڵک، خۆبەخۆ بە واتا ڕەتکردنەوەی سیستەمە ڕامیارییەکانە لە خیڵەکیی تاکو پارلەمانی.

ھەر ئاوا بۆ بەدیھاتنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی، ھاوکاتی ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتیی و کۆششی کولتووریی، کۆششی ئابوورییش پێویستە، کە بە چالاکیی کردەیی دەکرێت و گونجانی سیستەمەکە دەسەلمنێت؛ ھەرەوەزی ئابووریی، کۆمەڵایەتییکردنەوەی بەرھەمھێنان، کۆمەڵایەتیکردنەوەی دارایی و سامانەکانی کۆمەڵ، تاکو ئەو شوێنەی کە دەکرێت و دەگونجێت، گۆڕینی دارایی تایبەتیی بە دارایی کۆمەڵایەتیی، ھەڵبەتە ئارەزوومەندانە و خۆبەخشانە، نەک بە ئەو جۆرەی کە بۆلشەڤیکەکان لە ڕوسیا وەک دیکتاتۆریی پارتیی و فەرمانداریی و لەسەر بنەمای دارایی دەوڵەتیی خەڵکیان بە ئابووریی دەوڵەتیی و (کێڵگە دەوڵەتییەکان ) ناچارکرد.

ئێستا ئیدی پرسی گۆڕان و لەنێوبردنی سیستەمی چینایەتیی، بەس پرسی لەنێوبردنی سەروەریی و ئازادبوون و یەکسانی ھەموو خەڵک نییە، بەڵکو پرسی مەرگ و مانە. چونکە پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی سیستەمی چینایەتیی بە قۆناخی لەنێوبردنی ھەموو شتێک گەییشتووە، کە لە چاوچنۆکیی و پەلکێشانی خۆی ڕێگرییبکات، سیستەمی چینایەتیی وێرانکردنی ژینگەیە، جەنگی میلیشیایی و ناوچەیی و جیھانییە، جەنگی ئابووریی و کولتوورییە، برسییەتی و ئاوارەیی و تیرۆریزم و ئاژاوەنانەوە و تایبەتکردنی سەرچاوەکانی ژییان ( خاک و ئاو و ھەوا و وزە و ڕۆشنایی.. تد.) و پاوانکردن و چەپاوڵکردنی ھەموو بوونێکی مادیی و ھۆشیییە!