ھەنگاوە سەرەتاییەکانی ڕێکخستن و
پێکھێنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی
– پێکھێنانی گروپەکانی ھاریکاریی و ھەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان دوور لە دەسەڵاتی پارتییە ڕامیارییەکان و کارایی ئاراستە ئایدیۆلۆجییەکان و دەسەڵاتی فەرماندارییەکان و کۆمپانییەکان و دەوڵەتەکان.
– پێکھێنانی ئەنجوومەنەکانی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای پەیڕەوکردنی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ.
– ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنەکان لەسەر بنەمای ئامادەیی و خۆبەخشیی و شارەزایی و تواناداریی و دڵسۆزیی و ئەزموونداریی.
– پێکھێنانی خۆبەڕێوەبەریی گوند و شاران لەسەر بنەمای یەکگرتنەوەی فێدراڵیستییانەی خۆبەڕێوەبەریی گروپە ھاریکارەکان و ھەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان.
– ئەندامانی ئەنجوومەنەکان و ئەنجوومەنەکان ڕاسپێردراوی ڕاستەوخۆی خەڵکیی دەبن، نەک نوێنەر و جێگری خەڵک. ئەوان ڕاسپێردراوی کاتیین، نەک ھەمیشەیی و دەستنیشانکراوی پارتییەکان.
– ئەندامانی ئەنجوومەنەکان و ئەنجوومەنەکان، دەسەڵاتدار و بڕیاردەر نین و نابن، بەڵکو ئەنجامدەری داخوازی و بڕیارەکانی خەڵکیی دەبن، کە لەنێو کۆبوونەوە گشتییەکانی شوێنی ژییان و بەرھەمھێنان ھەموو بەشداربووان دەربارەی ئەوان بڕیاردەدەن و بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان ئەندامانی سەرپەرشتیکردنی ئەنجوومەنەکان دەستنیشاندەکرێن.
– ئەندامانی ئەنجوومەنەکان ئازادن، ئەوان چ بیرکردنەوەیەکی ڕامیاریی یان ئایینیان ھەبێت، بەڵام ئەو مافەیان نییە، کە بیرکردنەوە و ئاراستەی ڕامیاریی و ئایینیی خۆیان لەسەر خەڵکی بسەپێنن، یان لەتەک بەرھەمھێنان و چالاکییەکانی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی تیکەڵبکەن.
– ھەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەکان لەنێو کۆبوونەوەی گشتیی خەڵکی ھەڵدەبژێردرێن و ھەر کات ھەر ئەندامێک لە ماوەی ئەندامەتیی سەرپەرشتیکردن و چالاکیکردن نادرووست بڕیاربدات، خەڵکەکە داخوازی کۆبوونەوەی نائاسایی دەکەن و ئەندامەتیی ئەو لەنێو ئەنجوومەن لادەدەن و ئەندامێکی دیکە بۆ ئەنجامدانی ئەو فرمان و چالاکییانە، کە بە ئەندامی پێشین سپێردرابوون، دەستنیشاندەکرێت.
– بۆ ھەڵسەنگاندنی سەرپەرشتیکردن و خزمتەکردنی ئەنجوومەن و ئەندامەکانی ئەنجومەن، ھەموو شەش مانگێک جارێک یان ساڵی یەک جار کۆبوونەوەی گشتیی خەڵکی گوندەکان یان گەڕەکەکانی شار کە ئەنجوومەنەکەیان لەوێ ھەڵبژاردووە، ئەنجامدەدرێت و لەنێو ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە بڕیاری تازە دەدرێن و بە ئەنجوومەنی تازە دەسپێردڕین و بڕیارەکانی پێشتر ھەڵدەسەنگێندرێن و ئەنجامگیرییدەکرێن و ھەر ئاوا ئەرکی ئەندامانی ئەنجومەنی تازە یان ئەندامە تازەکان دەستنیشاندەکرێت.
– پاش ھەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەنجوومەنی گوندان و گەڕەکان شاران، ئەنجوومەنی ناوچەیی ھەموو گوندەکان یان سەرتاسەریی شار ھەڵدەبژێردرێن و ھەر ئاوا ئەنجوومەنی سەرتاسەریی ھەر ھەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر [خۆبەڕێوەبەری دێمۆکراتیی «ڕاستەوخۆ»، یان فێدراسیۆنی خۆبەڕێوەبەریی ھەرێمێك] لە ڕاسپێردراوانی ھەڵبژێردراوی نێو ئەنجوومەنە ناوچەییەکان دەستنیشاندەکرێت.
– بڕیاردان لەسەر دەستووری خۆبەڕێوەبەریی و دەستنیشانکردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی وەک ھەر بڕیارێکی دیکەی مافی ھەموو خەڵکییە و لەنێو کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لە بارەی بڕیاردەدرێت؛ لە شوێنەکانی ژییان و بەرھەمھێنان تاکو ئاستی گوند و شار و ناوچە و ھەرێم و کیشوەر.
– بڕیاردان لەسەر جۆری سیستەمی پەروەردە و خوێندن و ئامادەکاری و پیشەیی، بۆ ھەموو خەڵکی و کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجوومەنەکان و بە بەشداریکردنی شارەزایانی ئەو بوارانە دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە خەڵک یان دایکان و باوکان لەتەک مامۆسایان ئازادن، کە جۆری خۆبەڕێوەبەریی فێرگەی منداڵکانی ئەوان و شێوازی وانەگوتنەوە و سیستەمی خوێندنی ئەوان، یان شێوازی پەیوەندیی و پەروردەی باخچەی ساوایانی منداڵەکانی ئەوان چۆنە و پێویستە چۆن بێت، ئەوان بەخۆیان ئەو شتانە دەستنیشاندەکەن.
– سیستەمی دامەزراندنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و ھەر ئاوا ھەموو بوارەکانی دیکەی ژییان و پێویستییە گشتییەکانی خەڵک بۆ ویست و ئارەزوومەندیی خەڵک دەگەڕێتەوە و ئەنجوومەنە خۆجێی و ناوچەیی و ھەرێمییەکان بەس مافی ئەنجامدانی بڕیارەکانی خەڵکیان ھەیە و ڕاسپێردراوان ناتوانن لە جیاتی ڕاسپێرەران بڕیاربدەن.
– بەھرەمەندیی خەڵک لە خزمەتگوزارییەکان بە بەشداریکردن و خۆکۆمەکیی کەسەکان پەیوەستە؛ بەو ڕادەی کە لەنێو سیستەمی کۆمەڵایەتی خزمەتگوزارییەکان بەشداریی و کۆمەکدەکەن، ئەوەندە بەھرەمەند دەبن. ھەڵبەتە کەسانی پەککەوتە و کەمئەندام و نەخۆش و زگپڕ و منداڵان بەبێ ھیچ مەرجێک مافی بەھرەمەندیان ھەیە و دەبێت پێویستیی و ناچاریی کەسەکان لەبەرچاوبگیردرێت.
– پارتییایەتی و چالاکی ڕامیاریی و ئایینداریی لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی جیادەبن و وەک حەز و ئارەزوومەندیی کەسەکان دەمێنێتەوە و بە ھیچ جۆرێک نابێت لەتەک خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵ تێکەڵبکرێن. ھەر کەس ئازادە سەر بە چ پارتییەک، ئایینێک بێت و یان نەبێت، بەڵام ھیچ کەس ئەو مافەی نابێت، کە حەزە تایبەتەکانی خۆی لەسەر کۆمەڵ بسەپێنێت، یان کەسانی دیکە بە ئەنجامدان و پەیڕەوکردنی حەزەکانی خۆی ناچاربکات. ھەڵبەتە پێویستە ئەوەش ڕۆشن بێت، کە ئازادیی بیر و باوەڕ بنەمای سەرەکیی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی دەبێت.
– یەکگرتنی ھەر ھەرێمێک لەتەک ھەرێمێک دیکە یان جیابوونەوەی ھەر ناوچەیەک لە ھەرێمێک بەس لەسەر بنمەمای دەنگدانی گشتیی خەڵکی ئەو ھەرێمە یان ناوچەیە لەنێو کۆبوونەوەی ئاسایی یان نائاسایی ئەنجوومەنی خۆجێی و سەرتاسەرییەکان بڕیاردەدرێت، ئەگەر نا ھەر کۆششێک بۆ بە زۆر جیاکردنەوەی ناوچەیەک یان لکاندنی ھەرێمێک دەکەوێتە خانەی پیلانگێڕیی ڕامیاریی دژی ویست وخواستی خەڵک.
– سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ دادەمەزرێت، واتە تەواو پێچەوانەی سیستەمی پارلەمانی| دەوڵەتیی. ئەو لەسەر بنەمای یەکگرتنی ئەنجوومەنە ئازادەکان، شوورا ئازادەکان، ھەرەوەزییە ئازادەکان، گروپە ئازادەکانی شوێنی ژییان و بەرھەمھێنان دادەمەزرێت و بە کۆبوونەوەی گشتیی خەڵک و بڕیاردانی ڕاستەوخۆی خەڵک پشتدەبەستێت و ھەموو بڕیاردانێک یان ڕێکەوتنێک بە ڕەزامەندیی خەڵک لەسەر بنەمای ڕاپرسییە گشتییەکان دەدرێت و ھەر بڕیاردانێک یان ڕێکەوتنێک لەسەر بنەمای پارتییایەتیی و فەرمانداریی و دەوڵەتیی ڕەوایەتی نییە و دژی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و دژی مافی خەڵک و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی دەبێت.
– ئەو خاڵانە و ھەر خاڵ و بنەمایەکی دیکە، کە لەتەک پێکھێنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ بگونجێت و بە بەئامانجگەییشتنی خەڵک خزمەتبکات ….تد.
ھەر ئاوا کۆمەڵێک بنەما ھەن، کە بەبێ ئەوانە ھەرگیز سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بەدینایێت و ئەستەم دەبێت، ھەر لەبەر ئەوەیە، کە سیستەمە ڕامیارییەکان بە ھەموو جۆرێک بۆ لەنێوبردنی ئەو بنەمایانە ھەوڵدەدەن و گشت ڕامیاران (دەسەڵاتخوازان چ ڕاستڕەو و چ میانڕەو و چ چەپڕەو، چ ئایینگەرا و چ سێکولار و چ کۆنەپارێز) بەردەوام و بە ھەموو ھێز و توانا و ئایدیۆلۆجییکارییەک بۆ لەنێوبردن و لەبیرکردنی ئەوان ھەوڵدەدەن.
ھەندێک لەو بنەمایانە، کە تێکۆشان و ڕاپەڕینەکانی پێشتر وەک ئەزموون و وانە بە ئێمە بەخشیون:
– ئازادیی تاکەکەس بنەمای ئازادیی کۆمەڵ و ئازادیی کۆمەڵ تەواوکەری ئازادیی ئەندامەکانی دەبێت.
– گۆڕانی کۆمەڵ بە گۆڕانی خۆیی و بابەتیی ئەندامانی کۆمەڵ ڕوودەدات.
– بەختەوەریی و ئاساییشی گشتیی مەرجی بەختەوەربوون و بوونی ئاساییشی تاکەکەس دەبێت.
– شۆڕش ڕوودانێکی بەردەوام و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنگەرییە، شۆڕشێک کە بتوانێت مرۆڤایەتی بە خۆبەرێوەبەری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر ( کۆمەڵی ناچینایەتیی) بگەیێنێت، خۆبەخۆ شۆڕشێکی دژە-چینایەتیی دەبێت و ڕێکخستن و ئامراز و شێواز و سەنگەرەکانی دژە-چینایەتیی دەبن.
– بەبێ پاراستنی ژینگە و پەیڕەوکردنی ئابووریی ژینگەپارێز بەردەوامیی ژییان و بەدیھاتنی کۆمەڵی خۆبەسێ و خۆبەرێوەبەر ئەستەمە.
– بەبێ پاراستنی ژییانی بوونەرانی دیکە مانەوە و ھاوسەنگیی ژییانی مرۆڤ ئەستەم دەبێت.
– بەبێ لەنێوبردنی سەروەریی چینایەتیی و ڕەگەزیی و نەژادیی و کولتووریی و سڕینەوەی ھەڵاواردن و بەرتەریی و ملھوڕیی، گەییشتن بە ئاستی کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر ئەستەم دەبێت.
– ئازادی بەبێ یەکسانی بەھرەکێشییە و یەکسانی بەبێ ئازادی کۆیلەتییە و ئازادی و یەکسانی بەبێ دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی وەک دوو خەونی ئەستەم و دوو درۆی ڕامیاریی دەمێنن.
– مرۆڤ بۆ بەختەوەریی و ئاساییشی ژییان پێویستی بە جەنگ و دارابوون و سەروەربوون نییە، بەڵکو پێویستیی بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی ھەیە و بەدیھاتنی ئەوانەش پێویستی بە لەنێوبردنی حەز و خواستە بۆرجوازییەکان ھەیە.
– مرۆڤ و مرۆڤایەتی بۆ مانەوە و بەردەوامیی ژییان پێویستیان بە کێبڕکێ و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی نییە، بەڵکو ھاوپشتیی و ھاوخەمیی و ھاودەردیی و تەبایی و پێکەوەژییان پێویستە.
– جەنگ و پەلاماردان و سەرکوت و داگیرکردن و خۆزاڵکردن پاشماوەی سەردەمە تاریکەکانی ژییانی مرۆڤایەتیین و بێجگە لە لەنێوبردن و وێرانکردن و کوژاندنەوەی دوا ترووسکەی ژییان لەسەر گۆی زەمین، ھیچ سەرەنجامێکی دیکەیان نییە و نابێت، ئەگەر مرۆڤ سەربەخۆ و خاوەنی ھۆش و ئاوەزی خۆی بێت، سەرنجدانێکی خێرای نەھامەتییە سرووشتیی و ئابووریی و سەربازییەکانی ئێستا بۆ دیتن و دەرکەوتنی ئەو ڕاستییە بەسن.
