دژی جەنگ و میلیتاریزم، دژی حکوومەتەکان و دەوڵەت، دژی سەرمایەداری کە بەبێ جەنگە ناژی

دژی جەنگ و میلیتاریزم، دژی حکوومەتەکان و دەوڵەت، دژی سەرمایەداری کە بەبێ جەنگە ناژی

ئێمە ئەنارشیستەکان لەسەر بنەمایەکی هزری و پرنسیپڵی شۆڕشگێرانەی دژە-سەرمایەداری و پشتبەستن بە ئەزموونە مێژووییەکان و تێگەییشتن لە هۆکار و هاندەر و ئامانجە شاراوەکانی پشت پڕۆپاگەندەکانی جەنگەکان و میلیتاریزکردنەکان، دژی جەنگین و بەگوێرەی تواناکانمان لە هەموو ئاستە گونجاوەکان بەرەنگاری جەنگی سەربازی و هەموو جۆرەکانی دیکەی جەنگ دەبین، بێجگە لە جەنگی کۆمەڵایەتی چەوساوان دژی سەروەران و سەرمایەداران. هەر ئاوا کە جەنگەکانی یۆگوسلافیا و ئەفغانستان و ئێراق و لیبیا و ..تد نیشانیان دا، هیچ جەنگێکی نێوان حکوومەکان و میلیشیاکان و حزبەکان پەیوەندیان بە خەون و ئارەزوو و ئاواتەکانی نەداران و بێدەسەڵاکانی ئەو کۆمەڵەکانەوە نەبوە و نییە، بەڵکو لەپێناو ئامانجە شاردراوەکانی کۆمپانییە جیهانخۆرەکان ڕوودەدەن و وەک لە ئەفغانستان و ئێراق و لیبیا بینیمان و دەبینین، قوربانی یەکەم و سەرەکیی ئەو جەنگانە بەس ئەو خەڵکانە دەبن، کە بەناوی ئەوانە جەنگەکان بەرپادەکرێن.

ئێمە ئەنارشیستەکان لە هەموو شوێنێک و هەموو کاتێک دژی جەنگی حکوومەتەکان و میلیشیاکان، دژی میلیتاریزم بووین و دەبین. ئێمە دژی ئەم جەنگەی ئێستاین وەک هەموو جەنگەکانی پێشتر، لەبەر ئەوە، دژایەتی ئێمە بۆ ئەم جەنگە، بەس بە دژایەتی حکوومەتێک و میلیشیایەک یان جۆرێکی دیاریکراو لە حکوومەت و میلیشیا بەرتەسکی ناکەین، بەڵکو دژی هەموو هۆکار و هاندەرەکانی جەنگین و ئێمە بەس یەک جەنگ بە ڕەوا و لە خزمەتی کۆمەڵ و چەوساوان دەبینین، ئەویش جەنگی چەوساوانە دژی حکوومەتی وڵات و هەرێمەکانیان، ئێمە بەوپەڕی توانامانەوە پشتیوانی ڕزگاری گەلان دەکەین، بەڵام هیچ جەنگێکی سەرمایەدارانە لەژێر دێوجامەی ڕزگاری گەلان و توێژەکانی کۆمەڵ بە ڕەوا نابینین، بەڵکو واوەتر لەوە، بە جەنگێکی ناڕاستەوخۆی دەبینین دژی چینە چەوساوەکان و گەلانی ژێردەستی ڕژێمی ئاخووندی ئێران و ناوجەکە.
بێجگە لەوەش ئێمە جەنگ بەس بە تەقەی تفەنگەکان و کوژرانی مرۆڤەکان نابینین، بەڵکو جەنگی میلیتێری بە بەشی ئاشکرای جەنگە هەر ڕۆژەییەکانی دیکە دەبین، کە سیستەمی سەرمایەداری دژی ژینگە و گیانداران و گەلانی ڕزگاریخواز و چەوساوانی ئازادیخواز لە هەموو گۆشەیەکی جیهان بەڕێوەیدەبات و هەموو چرکەیەک فراوانتری دەکات و لێرە و لەوێ بەگوێرەی پێویستی سیستەمە جیهانییەکەی سەرمایەداری، شێوەی پێکدادانی میلیتێری بەخۆیەوە دەگرێت.
ئێمە بە هەمان توانا و ئاستی دژایەتی جەنگی ئەمەریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دژی ڕژێمی دیکتاتۆری ئاخووندی ئێران هەین و دەبین. بەڵام هیچ پێناوێکی ڕەوا و پاساوێک بۆ ئەم جەنگە نابینین. ئەگەر پرسەکە دیکتاتۆریی ڕژێمی ئاخووندی ئێران بێت، ئەوا خودی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان تالیبانیان هێنانەوە سەر دەسەڵات و بە هەمان شێوەی ڕژێمی ئاخووندی ئێران ڕژێمەکانی کەنداو دیکتاتۆر و دژە-ژن و تەنانەت کۆیلەکەری منداڵانن و لە سایەی حکوومەتی ئەمەریکی وەک لە سایەی ڕژێمی ئاخووندی مرۆڤەکان لەسێدارە دەردرێن و بەرانبەر ڕەشپێشتەکان و خەڵکە بوومییەکانی ئەمەریکا ستەم و هەڵاواردن دەکرێت.
هەڵبەتە دڕندەیی خودی حکوومەتی ئەمەریکا ناتوانێت پاساو بێت بۆ دڕندەیی ڕژێمی ئاخووندی یان هەر ڕژێمێکی دیکە، لێرەدا بەس بۆ وەڵامدانەوەی پڕۆپاگەندەی ڕەوت و هێزە دەسەڵاتخوازە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بەو شتە ئاماژە دەدەین، کە جەنگی ئەوان هیج پەیوەندییەکانی بە ڕزگاری گەلانی ستەمدیدەی ئێران نییە، بەڵکو وەک حزبە شیعە بەدەسەڵاتگەییشتوەکانی ئێراق و حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق، ئەوانیش شان‌بە‌شانی زلهێزەکان خەریکن خەڵکی ئازادیخواز و گەلانی ڕزگاریخواز بۆ مەرامەکانی خۆیان بەکوشت دەدەن و دەکەن بە پەیژەی سەرکەوتن بەرەو دەسەڵات.

ئێمە هاوکاتی دژایەتی و ڕسواکردنی جەنگی حکوومەتەکانی ئەمەریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دژی جەنگی ئەنتی-زیمینیستانەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر (خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل و بۆ سەر خەڵکی  کوردستان و خوزستان و بلووجستان و ئایزەرباینجان) دەبین و ڕسوای دەکەین. هەر وەها دژایەتی خۆمان دژی جەنگ و پەلاماری حکوومەتی پاکستان بۆ سەر شارەکانی ئەفغانستان ڕادەگەیێنین. 

ئێمە خۆمان بە پشتیوانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی هەموو گەلانی ژێردەست و چین و توێژە جەوساوەکانی جیهان دەزانین و لەسەر ئەو بنەمایەش دژی هەر جەنگێک دەبین، کە وەک جەنگی نێوان حکوومەتەکان و میلیشیاکان لەپێناو سەروەربوون و مسۆگەرکردنی بەهرەکێشیکردنی ڕەنجی چەوساوان بێت.

ئێمە ئەنارشتین و هەر ئاوا کە ڕادیکاڵترین دوژمنی دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەت و کۆمپانییەکانین، هەر ئاوا ڕادیکاڵترین پشتیوانی ڕزگاری کۆمەڵەکان و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتییانەی کەمینە کولتوورییەکان و ئێتنییەکانین.


نا بۆ جەنگی ناڕەوا (جەنگی کۆمپانییەکان و حکوومەتەکان و میلیشیاکان)
نا بۆ داگیرکاری و دیکتاتۆریی و ڕژێمی زیندان و قەنارەی ئیسلامی
نا بۆ دەوڵەت و سەرمایەداری
نا بۆ جەنگ و ویڕانکارییەکانی ژینگە و لەنێوبردنی گیانداران
بەڵێ بۆ خەبات و جەنگی چەوساوان و گەلانی ژێردەست دژی حکوومەتە نێوخۆییەکان و زلهێزەکان
بەڵێ بۆ هاوخەباتی و هاوپشتی شۆڕشگەرانەی چەوساوان لە سەرتاسەری جیهان

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان (کاف)
٢٠٢٦/٠٣/٠٤
https://linktr.ee/anarkistan