ئەنارکستییەکان و گەڕانەوە بۆ ئەشکەوت

ڕۆنان

١٠/٠٩/٢٠٢

کەسانێک کە خۆیان بە ئەکادیمیستی قودوە و لیدەر دەزانن وە کەسانێکیتریش ئەکادیمیست نین بەڵام ئارەزووی قودوەبوون و لیدەرییان هەیە و نایانەوێت ددان بە هەقیقەتی هزر و دنیابینیی ئەنارکیستیدا بنێن، چونکە لە دنیابینیی ئەنارکیستیدا شوێنێک بۆ خۆ بەڕابەرزانی و قودوەچێتی نییە. ئەوان بەئەگەری زۆر ڕەنگە درکی هەقیقەتی ئەنارکیزمیش بکەن بەڵام خۆشییان لێی نایەت، ئەویش لە بەر بەرژەوەندی تایبەت و نارسیستی و مەیلی قودوەچێتییان.
کەسانێکیتر کە تەمومژی ئایدۆلۆژی بینین و تێگەیشتنیانی لێڵ و پەرت کردووە ناتوانن هزر و دنیابینیی ئەنارکیزم درک بکەن. ئەمانە هەر کاتێک دەستبەرداری ئایدۆلۆژیا بوون، بەڵام مەیلی ڕزگاربوون لە سیستەمی چینایەتی و گەیشتن بە کۆمەڵگەی بێ چین و چەوسانەوەیان هەر تێدا ما، ئەوا هێواش هێواش دەکەونە سەر ڕێگەی تێگەیشتن لە بیری ئەنارکیزم وەک شاڕێگەی گەیشتن بە کۆتایی هێنانی چینایەتی و ستەم.
کەسانێکیتر سیستەمی سەرمایەداری بەجۆرێک بڕستی لێبڕیون تەنها فریای ڕاکردن بە دوای نانی ڕۆژدا دەکەون. ئەوان لەلایەک بیر و هۆشیان داگیرکراوە و وێنەی ئەبەدییەتی سیستەمەکە لە زیهنیاندا چەسپێندراوە، لەلایەکیتریشەوە کاتیان بۆ نەماوەتەوە بۆ بیرکردنەوە و تێڕوانینی ڕەخنەییانە و گەڕان بەدوای ڕزگاربووندا و ناتوانن وێنای هەبوونی کۆمەڵگە و ژیانێکی بێ چین و چەوسانەوە بکەن.
کاتێک ئەنارکیستەکان باس لە گەڕانەوە بۆ ژیانی سروشتی و سروشتێتیی ژیان و مرۆڤ دەکەن، لە بەرانبەردا کەسانێکی زۆر لەم سێ گرووپەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان بە مەبەست و بێمەبەست باس لە گەڕانەوە بۆ ژیانی ئەشکەوت و گەڕانەوە سەر پێمەڕە و داس ئامێرە سەرەتاییەکانیتر دەکەن و وا بانگەشە دەکەن یان وا وێنا دەکەن کە ئەنارکیستان دەیانەوێت بمانگێڕنەوە بۆ ژیانی کۆمەڵگەکانی سەرەتایی و کولەمەرگی و دەستبەرداربوونی تەکنەلۆجیای تەندروستی و گواستنەوە و هاتوچۆ و هەموو جۆرەکانیتری تەکنەلۆجیا.
وەک ئاماژەم پێدا هەندێک لەوان بە ئەنقەست و بە دژی ئەنارکیزم ئەو کارە دەکەن و دەیانەوێت وێنەی کەسانی ساویلکە و نەزان بۆ ئەنارکیستان بکێشن.
بێگومان ئەنارکیستان لایان وایە کە سروشتی مرۆڤ لەلایەن سیستەمی چینایەتییەوە شێوێندراوە و زۆرینە زەلیل و دەستەپاچە و ڕەنجدەر و چەوساوە کراون و لەجیاتی ناسینی هۆکارەکانی بارودۆخی ژیانی مەینەتباری خۆیان، نامۆکراون بە خۆیان وە خۆپەرستی و چاوچنۆکی لە بیر و هزریاندا چێنراوە و گەڕان بە دوای چارەسەری کەسی و دەست ڕاگەیشتن بە سەرمایەی پێویست وەک ڕزگاربوون کراوە بە ئەندێشەیان، جا ڕێگەی دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە و چارەسەری کەسی هەرچییەک بێت. بێگومان سیستەمە چینایەتییەکە لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکاندا هەزاران دەزگەی جۆراوجۆر و ڕێگەی هەیە بۆ خوڵقاندنی ئەو بارودۆخە. دامو دەزگا و دامەزراوە ئایینی و مەزهەبییەکان و دامەزراوە وەرزشی و مۆندیالەکان و سیستەمی پەروەردەوخوێند هەر لە دایەنگاوە تا دەگات بە زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان و «مێدیا بە هەموو جۆر و ڕەنگەکانیانەوە» و ڕێکخراوە ئێنجیئۆکان و زۆر وەسیلەیتریش ئەو دامودەزگا و دامەزراوانەن کە ئەو خزمەتە بە سیستەمەکە دەکەن بۆ سایەداربوون و بەردەوامبوونی.
بێگوومان تەکنەلۆجیا وەک هەر شتێکیتری کۆمەڵگە لە لەیەن سیستەمەکەوە دەستی بەسەرداگیراوە و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا لە جیاتی ئەوەی بخرێتە خزمەتی ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ، قۆرغکراوە بۆ بەرژەوەندیی سەرمایەداران و کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە، ئەم قۆرغکردن و بەکارهێنانە بەرژەوەندیخوازانەیەی تەکنەلۆجیا لەلایەن سەرمایەدارانەوە سەرباری ئەوەی چینایەتی و چەوسانەوەی تا ئەوپەڕی سنوور قوڵکردووەتەوە هاوکاتیش ژینگەی بە ڕادەیەک خراپ کردووە و هەسارەکەمان بە جۆرێک نەخۆشە ئەگەری مردن و کوژانەوەی هەیە.
بە جێگەی گەڕانەوە بۆ ژیانی سەرەتایی و کوللەمەرگی و ئەشکەوت و دەستبەرداربوونی کۆمەڵگەی ئێستا وەک ئایدۆلۆژیست و خۆ بە قودوەزانان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەنارکیستان خەباتی نەپساوە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەی نا چینایەتی دەکەن و دەیانەوێت تەکنەلۆجیا لە دەستی سەرمایەداران دەربهێنن و بیخەنە خزمەتی خۆشگوزەرانیی ژیان و بوژاندنەوەی هەسارەکە. چەمکی سروشتێتیی مرۆڤ و گەڕانەوە بۆ ژیانی سروشتی لەلایەن سەرمایەداری و چەپە خزمەتکارە ئایدۆلۆژیستەکانیەوە شێوێندراوە، گەر نا سروشتێتیی ژیان مەبەست لە کۆمەڵگەی ناچینایەتییە نەک گەڕانەوە بۆ ئەشکەوت. وە سروشتێتیی مرۆڤ مەبەست لە قبوڵنەکردنی سەردەستەیی و ژێردەستەبوون و سەرۆک و بەرۆکەو بە جێی ئەوە وەک یەکیی مرۆڤەکانە لە ماف و ژیاندا.