خۆپیشاندانی کێڵگەوانەکانی وێلس لە بریتانیا و دەبڵ ستاندەری حکومەتیش

29/02/2024

چەند ڕۆژێکە کە کێڵگەوانەکانی هەرێمی وێلس لە بریتانیا لە خۆپیشاندانان هەندێك لە ڕێگا سەرەکییەکان و شەقامەکانی ئەو دەڤەرەیان بلۆک کردوە.

پرۆتێستی ئەمان لەلایەن نقابەکەیانەوە ڕێكنەخراوە بەڵکو لە ڕێگەی راگەیاندنی سۆشیال میدیاوە بە تایبەت فەیسبوکەوە  ڕاگەیانراوە.  لە ڕویەکی دیکەشەوە ئەم پرۆتێستە  جیاوازە لەو پرۆتێستانەی کە لە فەرەنسا و ئیسپانیاو هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپیدا دەکرێت .  ئەمەی وێڵس لە لایەن چەند کەسێکی زۆر دەوڵەمەندی ڕاستڕەو  و دژ بە ژینگەوە کۆنترۆڵکراوە . 

ڕاستە ئەمان لە بنەڕەتدا داخوازی ڕەوایانەیان هەیە بەڵام پرۆتێستی ئەمجارەیان لەسەر ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی وێلس بڕیاری داوە کە یەك ملیۆن دار و درەخت بڕوێنێت بۆ ئەمەش داوای لە کێڵگەوانەکان کردوە کە هەر یەکەیان لە سەدا  10ی زەوییەکەی تەرخان بکات بۆ ڕواندنی  دار و درەخت. ئەوانیش دەلێن کردنی ئەمە لە سەدا 10.8 ژمارەی گاو گوێلک و بەرازو بەرخیان دادەبەزێت و هاوکاتیش دەبێتە هۆی بێ کاریی لە سەدا 11 کرێکاران و ئەوانەی کە لەوێ کار دەکەن ، کە 5،500 کەس دەکات .

بە گوێرەی توێژینەوەیەك کێڵگەوانەکان بە ڕێژەی لە سەدا 10 بەشدساری دەکەن لە غازی گرین هاوسدا و ژینگە پیس دەکەن بەهۆی پەروەردەکردنی مانگا و بەراز و گاو گوێڵک و بەرخەوە هاوکاتیش بە ڕێژەی لە  سەدا47 گازی میسان دەردەدەن .

سەرەکوەزیرانی بریتانیا ڕیشی سوناکیش چووە ناو پرۆتیستەکەیانەوە بەڵێنی هەندێك شتی پێداون بۆیان بکات .  سیاسەتی دوو فاقەیی حکومەت لێرەدا دەردەکەوێت کە لە کاتێكدا گروپی ژینگە دۆست و هەموو گروپەکانی دیکەی لەو چەشنە پرۆتێست دەکەن بۆ ماوەیەکی زۆر کەم شەقامێك بلۆك دەکەن یەکسەر دەگیرێن و دەیاندەن بە داداگا و دادگاش دەتوانێت بۆ ماوەی 3 ساڵ حوکمیان بدات  و سزای تا 10 هەزار پاوەندیان بدات .