شاخەوان
07/01/2024
زۆر جار موچەمان پێ دەدرێت، زۆر جار ئازادی و مافی رادەربڕین و نارەزایەتیمان هەیە، زۆر جار هەست بە سەربڵندی و رێز و پارێزبەندی یاسایی و ئەمنی دەکەین..
ئەم رژێمە دەتوانێت شاباشمان بکات و ئازادیمان بداتێ و شکۆشمان بپارێزێت.. دەشتوانێت هەندێکمان لە پێناو هەندەکەی ترماندا بە کوشت بدات بە ناوی بەرگریی لێمانەوە.. یان بە هەندێکمان بکەوێتە تێهەڵدانی هەندێکی ترمان بەناوی ئارامی و ئاسایشی نیشتیمانییەوە..
دەتوانین داوای ریفۆرمی زیاتریش بکەین و رەنگە بیشیکات.. بەڵام هەرگیز لە خوریی ئەم دەسەڵاتە رێسێکی باش ناچنرێت، هەتا داش و ئامرزا و هۆیەکانی موچەبڕین و ستەمکاری بمێنێت، توانای دزینی سامان و زەوتکردنی ئازادی و شکۆ بمێنێت.. بەهیچکوێ نەگەیشتووین… لە حەقیقەتدا کێشەی خەڵکی کێشەی ئەمانە نییە..
سەری نەوی و نوشتانەوە و زەلیلی خەڵکی ئێمە هی بێموچەیی و دانەمەزراندن نییە، هی شەق و زیندانیکردنی فڵان و فیسار نییە.. هەرکەس تەنها خەمی موچەی بێت، دوای ئەوەی کە موچەکەیی وەرگرت دەڕواتەوە سەر کار و قڕوقەپ دەکات.. بێ ئاگا لەوەی کە هێشتا چەتەکان بە تورەکە و دەماخیانەوە لەناو ماڵماندان، بەڵتەجی و شەلاتییەکانان بە قەمە و تفەنگەکانیانەوە لە دەورمانن، لە وەها دۆخێکدا داواکردنی موچە، یان چاکسازی، هیچ نییە جگە لە داواکردنی کەمێک روحم و هودنەی نێوان چەتەکان و خەڵکی خۆشخەیاڵ..
ئەوەی ئەو خەڵکە دەگەیەنێت بە چارەسەر، سواغی سەربانی ئەم رژێمە و ریفۆرم و پینەوپەڕۆکانی نییە، بەڵکو تەنها رەتکردنەوەی رادیکاڵانەی ئەو رژێمەیە لە بنچینەوە تا میچ.. هەڵبڕینی سەری نەویی خەڵکە بۆ تەفروتوناکردنی ستەمکاریی.. چونکە ستەمکاری بەوە ناپێورێت کە لە کەیدا هەیە، بەڵکو هەتا هۆیەکانی ستەمکاریی هەبن، ستەمکاری بوونی هەیە.

