ئایا دەکرێت ئێمە ئەنارشیست بین و بەناوێکی دیکە خۆمان بە کۆمەڵ و هاوچینەکانی خۆمان خۆمان بناسێنین؟
وەڵام: نەخێر!
ئێمە ئەنارشیستین و بۆ کۆمەڵی ئەنارشی تێدەکۆشین، چوونکە بە بۆجوونی ئێمە بەس لەنێو کۆمەڵی ئەنارشی (واتە کۆمەڵی ناچینایەتی/نادەوڵەتیی/سەربەخۆ/فێدراڵ) ئێمە دەتوانین بە ژیانی شاییستە و ئاسوودەیی و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی بگەین.
هەڵبەتە، ئێمە چاوەڕوانی بەدیهاتنی وەها کۆمەڵێک بە شەو و ڕۆژێک یان بە کودەتا و ڕاپەڕین و ڕووخانی حکوومەت ناکەین. ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، بەگوێرەی بوار و توانا و هێز و ئامادەیی هاوئامانجەکانان، چەندی بکرێت، خەونەکانمان کردەیی بکەینەوە و بەدیبێهین، ئیدی ئەوە لە بەدیهێنانی دەسکەوتێکی گچکەی کاتییەوە تاکو ڕووخاندنی سیستەمی ڕامیاری و کۆمەڵی چینایەتی دەگرێتەوە؛ دەکرێت ئەم ڕۆژ بەس بتوانین هەفتەیەک پێکەوە سەیرانێکی ئەنارشیستییانە بکەین، یان بەیانی بتوانین هەرەوەزییەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی بچووک پێکبهێنین، یان چەند ساڵی دیکە فێدراسیۆنی ڕێکخراوە سەربەخۆ و ئاسۆییە جەماوەرییەکان پێکبهێنین، یان بایکۆتێکی ئابووریی، بایکۆتی دەنگدان، بایکۆتی باجدان، یان هەنگاوێکی دیکە بنێین. بەڵام، هەرگیز بڕوامان، بە لەنێوبردنی پەڕجووییانە و یەک شەو و ڕۆژانەی ڕێگرەکانی کۆمەڵی ناچینایەتی، نییە!
چوونکە هەڵوەشاندنەوەی سیستەم و کۆمەڵی چینایەتی و ڕۆنانی کۆمەڵی ناچینایەتی، لە توانای دەستەیەکی پێشڕەو، یان کودەتای سەربازیی، یان بردنەوەی پارلەمانیی، یان هەڵچوون و خۆنیشاندان و ڕاپەڕینێک نییە، بەڵکو پڕۆسێسی بەردەوامی گۆڕانی شۆڕشگەرانەی کۆمەڵایەتییە و هەردەم پابەندی چەندایەتی و چۆنایەتی و ئاستی خۆهوشیاریی شۆڕشگەڕانەی ئێمە چەوساوان بوە و هەیە و دەبێت.
ئێمەش (ئەنارشیستەکان) خۆمان بە بەشێک لەو ڕەوتە کۆمەڵایەتییە دەزانین و هەین و دەبین. نە زیاتر و نە کەمتر. ئیدی لەبەر ئەوە ئێمە ئەنارشیستەکان هیچ شتێکمان بۆ شاردنەوە لە هاوچینەکانمان و لە دوژمنەکانیشمان نییە و ئەوە نیشاندەدەین، کە هەین؛ واتە
دژی هەبوونی چین و سەروەر و کۆمەڵی چینایەتی
خوازیاری ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی و کۆمەڵی ناجینایەتی
