نا بۆ جەنگ لە هەر کوێی جیهان بێت

نا بۆ جەنگ لە هەر کوێی جیهان بێت

نا بۆ چەک

نا بۆ جەنگ

نا بۆ حکوومەت

نا بۆ سەروەریی چینایەتی

نا بۆ جەنگ لە هەر گۆشەیەکی جیهان بێت، چ لە ڕۆژاڤا/سووریە، چ لە ئۆکرانیا و کاراباخ و فەلەستین و ئیسرائیل و تد، چ لە کیشوەرەکانی دیکەی جیهان! ئێمە دژی جەنگ بووین و هەین و دەبین، دژایەتی جەنگ یەکێکە لە سەنگەرەکانی بەرەنگاربوونەوە دژی سەروەریی چینایەتی و سیستەمە جیهانییەکەی؛ دژی حکوومەتە جیهانییەکەی سەرمایەداری و پارچەکانی لە هەرێمەکانی جیهان.

جەنگ بۆ ئێمەی ئەنارشیست! بەس هێرشی چەکدارانە و بۆمبارانی گوند و شارەکان نییە، جەنگ بوونی سەروەریی چینایەتییە، پاوانکردنی سەرچاوەکانی ژیان و چەپاوڵکردنی داهاتی ڕەنجی چەوساوانی کۆمەڵە؛ بازرگانیکردنە بە زانیاری و زانست، دەستگرتنە بەسەر قووتی خەڵک، ناچارکردنی مرۆڤەکانە بە هەڵهاتن و ڕەوکردن، زیندانی کردنی ناڕازییانە، تیرۆرکردنە، سەرکوتکردنە؛ حکوومەتکردنە، بەرتەریی دەستەبژێرانە، بوونی کۆمەڵی چینایەتییە.

لەبەر ئەوە، بەس دژایەتی جەنگی چەکدارانە و چاونووقاندن لە ئاست بەشە شاردراوەکانی دیکەی جەنگ، ڕازیبوونە بە سەروەریی چینایەتی و دواجاریش داواکردنە لە حزبەکان و میلیشیاکان و حکوومەکان، کە ژیر و زانا بن و برایانە پێکەوە مرۆڤایەتی بچەوسێنەوە و ژینگە وێران بکەن و سەروەر بمێننەوە و کۆمەڵی چینایەتی بپارێزن؛ ئەوەش هەمیشە داخوازی ڕەوتە ڕیفۆرمیستەکان بوە و هەیە دەبێت، سەرەنجامیش بەس سەروەریی چینایەتی تۆکمەتر و پارێزراوتر دەکات و زنجیرە چینایەتییەکانی ئێمەی چەوساوە بەهێزتر و توندتر دەکاتەوە!

ئێمە دژی جەنگی چەکدارانە بووین و هەین و دەبین! ئەو دژایەتییەش بەشێکە لە دژی جەنگە چینایەتییە فراوان و جیهانییەکە و تاکو کۆمەڵی چینایەتی و حکوومەتەکان و سنوورەکان و شوناسە ڕامیارییەکان بمێنن، جەنگ بەردەوام دەبێت، چونکە کۆمەڵ و سیستەمی چینایەتی بەبێ جەنگ ناتوانن بەردەوام بن و بمێننەوە.

بەگوێرەی ئەزموونەکانی خەباتی چەوساوانی جیهان، بەرەنگاری جەنگە چەکدارییەکان، هەنگاوی یەکەم بە بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ و خۆجێی چەوساوانی کۆمەڵە ژێردەستەکانی حکوومەتە بەشەڕهاتوەکان دەبێت و هەنگاوی دوەم هاوپشتی جیهانیی چەوساوان دەبێت بۆ چەوساوانی هەرێمە بەشەڕدراوەکان و بەرەنگاربوونەوەی حکوومەکانی دیکە، کە لە بەرە جەنگکەرەکان پشتیوانی دەکەن؛ بەس بە هێزی یەکگرتن و بەرەنگاریی ئێمەی چەوساوە دەتوانرێت چەرخەکانی چەکسازیی و بازارەکانی چەکفرۆشتن ڕادەگیردرێن و مەیدانەکانی جەنگ چۆڵ دەکرێن. بێجگە لە وەها سەنگەرگرتنێکی ئێمەی چەوساوان دژی سیستەمی چینایەتی، وەستانی هەمیشەیی جەنگەکان ئەستەم دەبێت و تەنانەت نەبوونی جەنگی چەکدارانە و ئاشتیش لە خزمەت و بەرژەوەندی حکوومەتەکان و کۆمپانییە جیهانداگرەکان تەواو دەبن!

نا بۆ جەنگ بە هەموو شێوە و ئاستەکانییەوە

نا بۆ حکوومەت بە هەموو جۆرەکانییەوە

بەرەو جەنگی جیهانیی چەوساوان دژی سیستەم و کۆمەڵی چینایەتی

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردییزمان

١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣

https://linktr.ee/anarkistan