24/08/2023
بەڵێ، ڕەنگە کۆمۆنێتییەکە بڕیار بدات کە چارەسەری ناچاری و بەزۆر ڕێگەپێدراو بێت، بەڵام زۆر بە جددیتر وەردەگیرێت و زۆر شەفافتریش دەبێت.
حەز دەکەیت چۆن مامەڵەت لەگەڵدا بکرێت ئەگەر قەیرانی تەندروستی دەروونیت هەبوو و خەڵکی دەوروبەرت ترسیان هەیە زیان بە خۆت یان ئەوان بگەیەنیت؟ ئایا ئامادە دەبیت بۆ ماوەیەکی کاتیی دەستبەرداری بەشێك لە ئازادیەکانت ببیت؟ تاکو ئەو پشتگیری و چاودێرییە بەدەست بهێنیت کە پێویستتە بۆ چاکبوونەوەت لەو هۆکار و پاڵنەرانە بۆئەوەی بە شێوەیەکی زیانبەخش ڕەفتار نەکەیت؟
یان دەتەوێت ڕێگەت پێ بدرێت زیان بە خۆت یان کەسانی تر بگەیەنیت؟ ئایا پێشبینی ئەوە دەکەیت بەرپرسیار بیت لە ڕەفتارەکانت ئەگەر کەس هەوڵ نەدات ڕێگریت لێ بکات یان پشتگیریت بکات؟
وە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتی ئازادیی کەسێکی ترت سنووردار کرد ( بە خۆگرتنی جەستەیی یان دەرمانی قورس) چۆن دەتوانیت بەرپرسیارێتی ئەمە هەڵگریت بە ڕێگایەکی هەقانی؟ چۆن دڵنیا بین لەوەی ئەم بەرتەسککردنەوەی ئازادییە خۆی لە خۆیدا نەبێتە زیانبەخش؟
ئەو کەسانەی کە زیان بە کەسانی تر یان خۆیان دەگەیەنن زۆرجار دوای ڕووداوەکە شەرمەزار دەبن. ئەم شەرمەزارییە لە ڕاستیدا دەتوانێت نیگەرانییەکانی تەندروستییە دەروونییەکەی ئێستای ئاڵۆزتر بکەن، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە هۆی ڕەفتاری زیانبەخشتر. لەبەر ئەمە لە بەرژەوەندی هاوبەشماندایە تا دەتوانین پشتگیری خەڵک بکەین بۆ ڕێگریکردن لە کردەوە زیانبەخشەکان و دوای چاکبوونەوەش یارمەتییان بدەین. ئەمەش واتە هاوپشتی کەسەکەیە لەمامەڵەکردنیا و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەوەی چی بووەتە هۆی قەیرانی تەندروستیی دەروونی و پێکەوە کارکردن بۆ دروستکردنی بارودۆخێك کە کەسەکە بتوانێت گەشە بکات. گرنگە ئەوە بزانین ئەو کەسەی ئەزموونی قەیرانەکە دەکات، ڕەنگە شتەکانمان فێر بکات دەربارەی ئەو بارودۆخەی کە ئەوان و ئێمە تێیدا دەژین، چونکە قەیرانەکانی تەندروستی دەروونیی لە شوێنێکی نادیارەوە دەرناکەون و بێهۆ و هۆکار نین.
…………………….
* ئەم پرسیارەی سەرەوە یەکێكە لەو پرسیارانەی کە یەکێك لە قوتابییەکانی ئەی لێڤڵ کە یەکسانە بە بە پۆلی دوازدەی کوردستان لە هاوڕێیانی گروپێکی ئەنارکیست لە لەندەن بە ناوی شاری یاخی (Rebel City ) سەبارەت بە کۆمەڵی ئەنارکیستی کردویانە.


پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.