بنەما و میکانیزمەکانی (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی)

بنەما و میکانیزمەکانی (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) چین و ئەو سیستەمە چۆن ڕێکدەخرێت؟

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بۆ سەرھەڵدان و خۆگرتن و بەردەوامیی خۆی، کۆمەڵێک بنەمای ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی ھەن و پێویستن، لەنێو ئەوانە:
– پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
ئەو پەیوەندییە سرووشتییانەن، کە نێوان خەڵکی ھەن؛ لەنێوان ھاوسێیان و ھاوکاران و ھاوپیشان و ھاوگوندان و ھاوشاریان و ئەوینداران و یار و یاوەران درووستدەبن و خۆشەویستی و سۆز و یەکتر پەسەندکردنی کەسەکان بنەمای ئەوان دەبن. تەواو پێچەوانەی پەیوەندییە ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجییەکان، کە زۆرداری دەوڵەتیی و سەربازیی و یاسا ڕامیارییەکان و کڵێشە ئایدیۆلۆجیی و پارتییایەتییەکان درووستکەری ئەوان ھەن و لەسەر بنەمای سەروەریی دەوڵەتی و فەرمانداریی و میلیشیایی، کۆمەڵەکان جیھان، کە ھەزاران ساڵ پێکەوە ژییاون و تیکەڵیی ئاسایی وەک ھاوسایی و ھاریکاریی درووستکەری دۆسایەتی ئەوان بووە، دەکرێن بە دوژمنی یەکدی و جیاواز بە یەکدی دەناسرێن؛ لەسەر بنەمای پارتییایەتی و ئایدیۆلۆجی بۆ ملکەچکردنی خەڵک، خەڵکی کۆڵانێک، گەڕەکێک، گوندێک، شارێک، ناوچەیەک لەسەر دەسەبەندیی پارتییەکان و میلیشیاکان بەشکراون و ھاوسێ و ھاوکار و ھاوپۆل و ھاوگوند و ھاوشار و یار و یاوەر دەکرێن بە دوژمنی یەکدی و تەنانەت دایک و کچ و خوشک و باوک و کوڕ و برا دەکرێن بە دوژمنی یەکدی و خوانی خێزان دەگۆڕدرێت بە مەیدانی زۆرانبازیی پارتییایەتی و دوژمنایەتی ئایدیۆلۆجیی، کە سەرەنجام سەروەریی پارتییەک یان مشەخۆریی و دەڵاڵیی کۆمەڵێک ڕامیارانی نێو پارلەمانێک دەستەبەردەکرێت، کۆمەڵێک سەرمایەدار بەھرەمەند دەبن و تەواوی دەزگەکانی سیستەمی ڕامیاریی مسۆگەرکەری مشەخۆریی و سەروەریی ئەوان دەبن و دەسکەلای ئەوان [ ڕامیاران و فەرمانداران و سەرمایەداران] دەبن. لەبەرئەوە کۆمەڵایەتییبوونەوە، ئەلف و بێی گۆڕان و شۆڕش دەبێت.
– بەرژەوەندی و پێویستیی گشتیی
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای ھاوپشتیی و ھاوبەرژەوەندیی و پێداویستیی گشتییەکانی کەسەکان سەرھەڵدەدەن و تان و پۆی کۆمەڵ پێکدەھێنن. ھەر ئەوەش دەبێت بە بنەمای یەکگرتنی ھاودەردان و ھاوپیشان و ھاوکاران و ھاونیشینگان. ئەگەر باری ژییان و گوزەران و پێگەی ئابووریی زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵ سەرنجبدەین و لە حەز و ئارەزوو و خەون و خەیاڵە ھاوبەشەکانی ئەوان وردببینەوە، دەردەکەوێت، کە زۆربەی کەسەکان بەس خوازیاری ئاشتی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریین. بەڵام بەرانبەر ئارەزووەکانی زۆربەی خەڵک، کەمینەیەکی زۆر کەم لە دەسەڵاتداران و ڕامیاران و کۆمپانیداران بەرژەوەندیی ئەوان لەسەر جەنگ و وێرانکردن و ناچارکردن و سەرکوتکردنی ئەندامانی کۆمەڵ ڕاوەستاوە و تاقە ڕێگەچارەیەک بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤایەتی لە نەھامەتییەکانی سیستەمی ڕامیاریی و کۆتاییھێنان بە بار و دۆخێک، کە لەسەر ھەموو کۆمەڵەکان جیھانی سەپێندراوە، ئەوەش بەس گەڕانەوەیە بۆ سەر بنەماکانی (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) و ھەر ئەوەیە کە دەتوانێت گرفتەکان چارەسەربکات، لەبەر ئەوەی کە لەسەر بنەمای ھاوبەرژەوەندیی و پێویستییەکانی زۆربەی کەسەکان دادەمەزرێت و پێشتریش ھەر ئەوە بووە، کە کۆمەڵی خۆبەڕێوەبەر و ناچینایەتیی مسۆگەر کردووە.
– ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی
ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی یەکێکە لە کۆنترین بنەماکانی کۆمەڵ و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی، ھاوکاتیش یەکێکە لە سەرەکیترین بنەماکانی کولتوور و بەھا و نەریتە کۆمەڵایتییەکان، کە دەسەڵاتی کولتووریی درووستدەکەن و ئەوەش مەرجی جێگربوونی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان درووستکەری سیستەمی کۆمەڵایەتیین. ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی پایەی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بناخەی ئەو دەبن. لەبەر ئەوە بەبێ ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی نە کۆمەڵ بوونی ھەیە و نە پەیوەندی کۆمەڵایەتیی درووستدەبن و نە ھیچکام پایەدار دەمێننەوە. ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان پێشتر وەک یاسا و خاڵبەندیی دەستووریی نووسراوە نەبوون و بەس بە کولتووربوونی ئەوان و بە بەدیھێنانی پشتیوانەی دەسەڵاتی کولتووریی، بوون بە یاسایەک و لەنێو ئاوەزی کۆمەڵایەتیی ئەندامانی کۆمەڵ تۆماربوون و خۆبەخۆ لەلایەن ھەموو ئەندامانی کۆمەڵێک وەک دەستوورێک پەیڕەوکراون.
– ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی
بەشداریکردنی گشتیی خەڵک و ئازادی کەسەکان و یەکسانی دارایی و بڕیاردانی ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی پایەی سیستەمی کۆمەڵایەتیین و بنەمابوونیان ئەوان دەکات بە میکانیزمی خۆگرتن و دامەزران و بەردەوامبوونی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی و ھاوکات لە سەرھەڵدانی ملھوڕیی کەسیی و دەستەیی کەسانێک ڕێگریدەکات، کە ئامانجیان ژێرچەپۆک-خستنی ئەندامانی کۆمەڵ دەبێت بۆ بەدیھێنانی حەز و ئارەزووە سەروەرانە و مشەخۆرانە و ناکۆمەڵایەتییەکانی خۆیان و ملکەچکردنی زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵ بۆ خواستە ناڕەواکانی خۆیان.
– ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان
ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان تان و پۆی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی دەبن. ڕێکخراوە ئاسۆییەکان یان خۆ-ڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی تەواو پێچەوانەی ڕێکخراوە ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجیی و چینایەتییەکان و (سەندیکا و یەکێتیی و شوورا نێوەندگەرا و قووچکەییەکان) دەبن. ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆیی و ئازادەکان لەسەر بنەمای بەشداریکردنی ئازادانە و خۆ-بیرکردنەوە و خۆ-بڕیاردانی گشتیی ئەندامەکانی ئەوان سەرھەڵدەدەن، ئیدی ئەو کەسانە توێژێکی جەماوەریی یان چینێکی کۆمەڵایەتیی یان خەڵکی گوندێک بن، جیاکەرەی سەرەکیی ڕێکخراوە ئاسۆییی و سەربەخۆکان لە ڕێکخراوە ڕامیارییەکان و ئەو ڕێکخراوانەش، کە گرووپە ڕامیارییەکان یان دەوڵەتەکان بەناوی “خەڵک و جەماوەر” درووستیانکردوون، ھاوئاستیی ماف و ئەرک و داخوازی و پێویستیی ئەندامانی ڕێکخراوانە دەبن، نە ھیچ کەس سەرۆکی کەسێکی دیکە دەبێت و نە ھیچ کەسیش فەرمانبەری فەرمانی سەرووی خۆی؛ تێکۆشان و بەدیھێنان و بڕیاردان و ئەنجامدان ئەرکی ھەموو ئەندامانی ڕێکخراوەکان و ڕۆڵی ڕاسپێردراوانی کۆبوونەوەی گشتیی ئەندامان، یان ڕاسپێردراوانی ئەنجوومەنی سەرپەرشتیکردنی ڕێکخستن، ئەنجامدانی بڕیارەکانی ئەندامانی ڕێکخراوەکە دەبێت، نەک بڕیاردان و سەپاندن و پاوانکردنی دەسەڵاتی ڕێکخراوەکە لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێک بەناو سەرۆک و ڕابەر و سکرتێر، یان ھاوسەرۆک.