زاهیر باهیر
19/07/2023
قورسبوونی ژیان لە بریتانیا بە سەرکەوتنی هەموو پێداویستییەکانی ژیان و بەرزبوونەوەی بڕی سوو کە 13 جار لە مانگی دیسەمبەری ساڵی 2021 بەرزبووتەوە و پێشبینی ئەوەش دەکرێت بۆ جاریکی دیکەش ، جاری چواردەهەم ،سبەینێ یاخود 5شەمەی ئایندە بەرزببێتەوە ژیانی زیاتر قورس کردووە. هاوکاتیش موچە و کرێ بە ڕێژەی لە نێوانی لە سەدا 5 و لە سەدا 6 بەرزکراوەتەوە کە زۆر زۆر لە خوار ڕیژەی بەرزبوونەوەی پیداویستیەکاندایە. لە لایەکی دیکەشەوە بۆ هەندێك بەشی کرێکاران و کارمەندان لە ڕاستیدا کرێ و موچەی فیعلی لە ساڵی 2009 وە تا ئێستا بە ڕێژەی لە سەدا 35 دابەزیوە.
لەم ڕۆژانەدا ڕاپرسییەکی YouGov بۆ ڕێکخراوی خێرخوازی پەیمانگای سیاسەتی پارە و تەندروستی دەروونی کراوە و دەرکەوتووە کە 12%ی بەشداربووان لە ڕاپرسییەکەدا لانیکەم لە دانەوەی پارەی قائیمەی وزە و قەرزی کارتی بانق و هی خانوو هەروەها هی قەرزی ئاسایی و دانی کرێی خانوودا ڕاناگەن و لە دواوەن . بڕێکی زۆر لەمانە کێشەی دەروونییان بۆ دروست بووە.
توێژینەوەکە وای قەبڵاندووە کە ئەمەش یەکسانە بە 3 ملیۆن کەس کە لە پارەدانی یەکێك لەو قیستانەی سەرەوەدا دواکەوتوون و لە دوو ساڵی پێشوودا تووشی کێشەی تەندروستی دەروونی بوون. لە ڕاپۆرتەکەدا 60% ڕایانگەیاندووە کە هەستیان کردووە ناتوانن لەگەڵ دانی قیستەکاندا لەکاتی خۆیدا ڕێبکەن بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچوونەکانی ژیان، هاوکاتیش تەنها 9%یان لە سەرەتای قەیرانی تێچووی ژیانەوە ئامۆژگاری چونیتی دەستگرتنەوە بە پارەوە یا خود ڕاگەیشتن بە دانەوەی قەرزەکانیاندا وەرگرتووە.
بێ گومان ئەم ڕێژەیە بەردەوام لەسەر کەوتندا دەبێت بە هۆی ئەوەی کە بارودۆخی ئابووری لە بریتانیادا ڕوو لە باشی نییە . گەرچی بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆ ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لە بڕی لە سەدا 8.7 وە لە مانگی حوزەیرانەوە دابەزیوە بۆ ڕێژەی لە سەدا 7.9 . بەڵام ئەم ڕێژەیە جێگای پرسیارە لانی کەم لەبەر 3 هۆ :
یەك: نرخی سەراپای پێداویستییەکان نەك هەر وەکو خۆیەتی و ڕاوەستاوە و وەك مانگەکانی پێشتر ، بەڵکو هەندێکیان چوونەتە سەرەوە .
دوو : ڕاگەیاندنەکان سیاسیانەیە واتە بە مەرامی سیاسی دەکرێن لەو بارەشدا مەرج ڕاست بێت . ئەم ڕاگەیاندنەی ئیستاش گوماناوییە. بۆ نمونە: لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕیشی سوناكی سەرەك وەزیران 5 کارنامەی گرنگی بۆ خۆی دانا کە تا کۆتایی ساڵ ئەنجامیان بدات . کە لەوانە دابەزینی ژمارەی هاتنی پەنابەران و کۆچبەران بوو دووەمیان هێنانەخوارەی بڕی هەڵئاوسانی پارەیە بۆ نیوەی ئەو کاتەی واتە نزیكبوونەوەی لە ڕێژەی لە سەدا 5 وە .
سێ: هۆکارەکە هەر سیاسیانەیە: نموونەیەکی دیکە لە ئێستادا کە ماوەیەی زیاتر لە 6 مانگە شەپۆلی مانگرتن بەردەوامە بۆ زیادکردنی موچەو و کرێ. بیانوی سەرەکی نقابەش زیاد بوونی تێچووەکانی ژیانە بە زمانی سیاسی و ئابووریناسەکانیش بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاواسانی پارەیە . بۆیە گرنگە لە ئێستادا بانگەشەی ئەوە بکرێت و پێداگری لەسەر ئەوە بکرێت کە ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە دابەزیوە ئەمەش یانی دەبێت مانگرتوان بەو ڕێژەیەی کە بۆیان دانراوە لە زیادبوونی موچە و کرێیان رازی بن .



پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.