پارتی کرێکارانی بریتانیا وردە وردە لەو پەیمانانەی کە دابونی پەشیمان دەبێتەوە

زاهیر باهیر

18/07/2023

کاتێك کە کیری ستارمەر هەڵبژێرراو بە سەرۆکی پارتی کرێکاران گەلێک بەڵینی دا کە  لە مانیفێستۆی سەرۆکی پێشوودا ، جێرمی کۆربن ، بوون ، کە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەوانە.

بەڵام ئێستا هەر جارە و لە یەکێکیان بە بیانوویەك پەشیمان دەبێتەوە .  چەند هەفتەیەك لەمەوبەر لە بەڵێنی  دانی مەنحە بە قوتابیانی زانکۆ پەشیمان بوەو ئەگەر بێنە سەر حوکم .  لەم ڕۆژانەشدا لە بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتێکی حیزبی موحافیزینی حوكمڕان پاشەکشەی کرد .

پێش ساڵی 2017 خێزانەکانی بریتانیا پارەی بیمەی منداڵانیان بۆ منداڵەکانیان وەردەگرت چەندێك منداڵیان بوایە .  بەڵام لە ساڵی 2017 دەدا وەزیری دارایی بریاری دا کە تەنها بۆ 2 منداڵ لە خێزانەکەدا پارە سەرفبکرێت .  ئەم سیاسەتەش بوەتە هۆی ئەوەی کە 250 هەزار منداڵ بخاتە حاڵەتی زۆر هەژارییەوە و 850 هەزاری دیکە بەرەو هەژاری بەرێت.

بیانوی سەرۆکی حیزبی کرێکاران و وەزیری دارایی سێبەر ئەوەیە کە پارەیان نابێت و ئەو کاتەی کە ئەو بەڵینەیان دا باری ئابووریی بریتانیا زۆر باشتر بوو لە ئێستا .

ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت ئەوەیە کە ئەمان کە هێشتا حیزبی موعارەزەن بەڵێنەکانیان دەشکێنن ئەی کە دێنە سەر حوکم ؟  پێشبینی ئەوە دەکرێت کە کاتێك  دێنە سەر حوکم ئەو کاتە ڕەنگە هێڵێکی سەرەکی جیاکەرەوە لە نێوانی خۆیان و حیزبی موحافزین دا نەمێنێت .