مانگرتنی کرێکارانی ئەمازۆن لە بریتانیا

12/07/2023

لە دوێنێوە ، 2شەمە ، 11/07 ،  900 کرێکار کە لە مەخزەنەکانی ئەمازۆن لە بریتانیا کار دەکەن لە مانگرتندان.  لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە ئەم کرێکارانە 22 ڕۆژ مانیان گرتوە بۆ زیادکردنی کرێیان کە لە ئێستادا سەعاتی 11 پاوەنیان پێ دەدرێت .  ئەمان داوای بەرزبوونەوەی کرێ بۆ 15 پاوەند دەکەن لە سەعاتێکدا . سروشتی کارەکەیان داخوازی زۆری لەسەرە کە زۆر وەخت وەکو ڕۆبۆت کاردەکەن ، بە خولەك چاودێری دەکرێن تاکو بزاننن پێڕادەگەن  بەو بڕە کارەی کە بۆیان دانراوە . ئەمە بە جۆڕێکە کە کرێکارەکان ناویان ناوە  “سکانکردن کە هەموو خولەکێك چاویان لە سەرتە .”

ئەمازۆن تا ئێستا ڕێگای نەداوە کە کرێکارەکانی نقابەی خۆیان دروست بکەن ، بەڵام زۆرێك لە کرێکاران بوونەتە ئەندامی نقابەی جی ئێم بی .  بە گوێرەی یاسا دەبێت لە سەدا 50ی کرێکاران ئامادە بن تاکو نقابە دروست بکەن .  لەم بارەوە نقابەی جی ئێم بی  دەڵێت ژمارەی مانگرتوان  کە ئەندامی نقابەکەن زیاترە لە نیوەی کرێکارەکان کە 900 کرێکارن لە سەرچەمی 1400 کرێکار بەڵام ئەمازۆن دەڵێت ژمارەی کرێکارەکان 2700 کرێکارن .

ئەمازۆن بەناوبانگە بە دوژمنایەتیکردنی نقابە و کرێکارە ئەندامەکانی نقابە .  داهاتی ئەم کۆمپانیایە لە 3 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 127.4 ملیار دۆلار بووە و بە ڕێژەی  لە سەدا 9 بۆ هەمان 3 مانگی ساڵی پار ئەم داهاتە سەرکەوتوە کە ئەو کاتە 116.4 ملیار دۆلار بووە.