شێوازی تێکۆشانی گرووپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پێش پێکھاتنی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی)

شێوازی تێکۆشانی گرووپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پێش پێکھاتنی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی)

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە، لەسەر بنەمابوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان، خۆکۆمەکیی و ھەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان پێکدێت، بە واتایەکی دیکە لە بنی کۆمەڵەوە دەستپێدەکات و ڕێکخراوەکانی خوارەوەی کۆمەڵ تان و پۆی ئەو دەبن؛ سیستەمێکی نێوەندیی و قووچکەیی و پلەندییانە نییە. لەبەر ئەوە بۆ پێکھێنانی ئەو و گۆڕانی سیستەمی ئێستا بە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی، ھیچ پێویستییەک بە ھێز و بزووتنەوەی چەکداریی و کودەتای سەربازیی و توندوتیژی جەسەیی و جەنگ نییە و زیاتر لە ئەوەش، دەبێت و پێویستە کەسانێک کە چالاکانە بۆ پێکھێنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی کۆشش دەکەن، بە ھەموو جۆرێک دژی چەک و جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژ و …تد کۆشش بکەن و لەتەک ھەموو ھەنگاوێک و ھەر سات و ھەر چالاکییەک، ئەوە ڕۆشن بکەنەوە و ڕابگەیێنن، کە دژی چەک و جەنگ و توندوتیژی هەن و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی و ڕامیاریی لەتەک سیستەمی ئێستا ڕەتکدەکەنەوە و لەجیاتی ئەوە بزووتنەوە و بانگەوازی ڕۆشنگەرانە و سەرپێچیکردنی سڤیلیست [مەدەنی] پەیڕەودەکەن و لەنێو شەونشینییەکان، شوێنەکانی بەرھەمھێنان، فێرگەکان، قاوەخانەکان، پەرستگەکان، پرسەخانەکان، لەسەر قەبران، لەنێو ئۆتومەبێل و گەشت و گوزار، لە بازار، لە کاتی گەلکارییەکان، ھەر ئاوا لە ڕێی نماییشنامەی مەیدانی [شانۆی گەڕۆک] و گۆرانی و ھۆنراوە و ھەڵبەست و نووسین و چیرۆک، بە کورتیی و پوختیی، ھەر ڕێگەیەک کە بە ھوشیاربوونەوە و ھەڵکشانی ئاستی ڕۆشنبیریی خەڵک خزمەتبکات و متمانە و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی بەھێزدەکات، ئەوەش بەس چالاکی ڕۆشنبیریی و کۆششی ڕۆشنگەرانە دەبێت، نەک میلیشیا و جەنگ.

پێکھێنانی سیستەمێکی ئاوا نە بە کودەتای سەربازیی دەکرێت و نە بە بردنەوەی دەنگدانی پارلەمانیی و نە بە بەشداریکردنی فەرمانداریی و دەوڵەت و نە بە چەکھەڵگرتن و کوشتار و سەپاندن. نەخێر و نەخێر و نەخێر. چونکە چەک و جەنگ و بزووتنەوەی چەکداریی ئامرازێکن بۆ لەنێوبردنی پەیوەندیی و ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و بە درێژایی سەردەمی سەرھەڵدانی سیستەمی دەوڵەتیی [ لە سەرۆکخێڵ و ئیمپڕاتۆر تاکو فەرمانداریی پارلەمانیی] بە ھەموو جۆرێک بۆ چەکدارییکردن و ڕامیارییکردنی بزووتنەوەکانی خەڵک و گۆڕینی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک بە داخوازی ڕامیاریی وەک “دەوڵەتی خۆمان”، “حکومەتی کرێکاریی” ھەوڵدراوە، کە بێجگە لە پووچگەراییەکی ڕامیاریی ھیچی دیکە نەبوون و نین و نابن، چونکە ھیچ سەردەمێک سیستەمی ڕامیاریی [دەوڵەتیی] خزمەتکەری کۆمەڵ نەبووە و نابێت و لەوەش زیاتر، سیستەمی ڕامیاریی ئامرازی خۆسەپاندنی کەمینەیەکی دارا و ڕامیارە لەسەر کۆمەڵ بۆ بەھرەکەشیکردنی ڕەنجی کەس و توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵ و بۆ تاڵانکردنی سامانی کۆمەڵ و پاسەوانیی دارایی تایبەتیی مشەخۆرەکان سەریھەڵداوە. ھەر لەبەر ئەوە ھەموو ئاژاوەیەک، ھەموو توندوتیژییەک، ھەموو جەنگێک، ھەموو بزووتنەوەیەکی چەکداریی و ڕامیاریی بە مانەوەی سیستەمە ڕامیارییەکان خزمەتدەکات و لە ڕێی گۆڕینی بزووتنەوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان بە بزووتنەوەی چەکداریی و توندوتیژ، دەوڵەت و دەزگەکانی بیانوو بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەدەستدەھێنن و بێجگە لەوەش جەنگەکان ھەم وێرانکردنی کۆمەڵگەکان [نشینگەکان] بەرەنجامیانە و ھەم بازاری کۆمپانییە جیھانلووشەکان بەگەڕدەخەنەوە و ھەم بازاری کۆمپانییەکانی چەکسازیی و بازاری دەڵاڵانی بازاری چەک گەرم دەکەن و ھەم بۆ سەرھەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەکان زەمینە خۆشدەکەن و ھەر ئاواش بیرکردنەوەی نەژادپەرستیی و شۆڤێنیستیی و فاشیستیی ناھوشیارانەی خەڵکی ناڕازی بەھێزدەکەن و پەرەپێدەدەن.

ئەگەر سەردەمی ھەموو جەنگەکان سەرنجبدەین، ئەو ڕاستییە وەک بەرجەستەبوونێکی ڕابوردوو بۆ ئێمە دەسەلمێن؛ سەردەمی پێش جەنگەکان سەردەمی تەنگەژەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی بوون، جەنگەکان ناڕەزایەتییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان لەنێودەبەن، توندوتیژی سەردەمی جەنگ و پاشکارایی توندوتیژییەکان و ماڵوێرانیی و برسییەتی و ئاوارەیی و نائومێدیی خەڵک بەرەو نەژادپەرستیی و شۆڤێنیزم و فاشیزم ئاراستە دەکەن، کە ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان بە بەھێزکردنی سیستەمی دەوڵەتیی و سەروەریی چینایەتی خزمەت دەکەنەوە و دیوی ڕاستینەی دەوڵەت بوون و هەن و دەبن.

بەکورتی و پوختیی، شێوازی کۆششی کۆمەڵایەتیی بۆ پێکھاتنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ھەمان شێوازی کۆششی ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانە بۆ بەدیھێنانی داخوازییەکانی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتکراوەکان. ھەمان شێواز و بەرجەستەترینیان ‘خەباتی ڕاستەوخۆ’ و ‘سەرپێچیکردنی سڤیلیستیی’ و ‘مانگرتنی گشتیی’ و سەرتاسەریی کۆمەڵ دەبێت، دوور لە توندوتیژی و ڕامیارییبازیی پارتییەکان و ڕامیاران، چونکە گۆڕینی کۆششی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی بە توندوتیژیی و بزووتنەوەی چەکداریی، ھەم جەماوەریی-بوون و کۆمەڵایەتیی-بوونی بەرخودان و بزووتنەوەکان لەنێودەبات، ھەم بە سیستەمی سەروەریی و سەرمایەداران و ڕامیاران خزمەت دەکات و بەھێزتر دەکاتەوە و مانەوەی مسۆگەر دەکات.

چەند نموونەیەک بۆ ھۆکاری ڕەتکردنەوەی جەنگ و توندوتیژیی
– درووستکردن و ھەناردنی گرووپە ئیسلامییە ڕامیارییەکان پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ خەڵکی عیراق، بۆ دەرەوەی شارەکان [ناوچەی ھۆرامان]، ھەم ھوشیاریی کۆمەڵایەتیی خەڵکیان لەنێوبرد و ھەم بوونی ئەو گرووپانە بوو بە بیانوو بۆ خۆلادانی دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە ئاوەدانکردنەوەی گوندە ڕاگوازراوەکانی ساڵی ١٩٧٨ و گوند وێرانبووەکانی جەنگی ئیراق-ئێران، کە بە ئەو بیانووە بووجەی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان “دێزە بە دەرخوونە” کرا و تاکو ئێستاش ئەو ناوچانە ھەر وەک وێرانەی ڕاگواستن و جەنگی ماوەنەتەوە و داخوازییەکانی پاش ڕاپەڕین تاکو لەنێوچوونی فەرمانداریی بەعس، کە ئاوەدانکردنەوە و بۆژاندنەوەی وێرانەکانی ڕاگواستن و جەنگی عیراق-ئێران و قەرەبوونی زیانەکانی خەڵک بوو، لە ھۆشبردران.

– جەنگی ئیران-ئێراق، بێجگە کوژرانی ملیۆنان کەس و پەککەوتەیی چەند ملیۆن کەسی دیکە، ئاوارەیی و وێرانیی و گرانیی و …تد، توانی گەورەترین بزووتنەوەی نەژادپەرستیی و فاشیستیی دژی کرێکارە ئاوارە ئەفغانییەکان لە ئێران و میسرییەکان لە عیراق ھەڵخڕێنێت و ھەر ئاوایش بازارێک بۆ سەرمایەگوزاریی کۆمپانییە جیھانلووشەکان گەرم بکات؛ چ بە فرۆشتنی چەک و چ بە فرۆشتنی کەرەستەکانی ڕۆنانەوە و چ بە زەمینەسایی بۆ سەرمایەگوزاریی ئەوان.

– ڕاپەڕینی خەڵکی سووریە ساڵی ٢٠١١، کە سەرەتا بزووتنەوەیەکی خۆخۆی خەڵکی ناڕازی بوو و ئازادکردنی شارەکان و پێکھێنانی ھەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان و خۆبەڕێوەبەریی خەڵک ھەنگاوی یەکەمی بوون، بەڵام ئەوە مەترسیەکی گەورەی بۆ سەر دەوڵەتی سووریە و ھەم بۆ سەر ھاوساکانی [دەوڵەتی تورکیە و دەوڵەتەکانی کەنداو] درووستدەکرد. لەبەر ئەوە بە نەخشەی کۆمپانییەکانی چەکسازیی و ھاندانی سیخوڕەکانی دەوڵەتی تورکیە و سعودیە و …تد بزووتنەوە ئاشتیوازەکە گۆڕدرا بە بزووتنەوەی چەکداریی و ھەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان لەنێوبردان و کۆششکارانی ئەوان نموونە (عومەر فارس) لەنێو زیندانی دەوڵەتی سووریە لەنێوبردران، ھەر ئاوا (خۆبەڕێوەبەریی خەڵکی ڕۆژاڤا) کە بە کۆششی ئاشتییانە پێکھاتبوو، بە نەخشەی زلھێزەکان و دەوڵەتەکانی ناوچەکە بە جەنگ گیرۆدە دەکرێت و ھەرچی جەوانی ئازادیخواز و خۆھوشیاری ڕۆژاڤا ھەبوون، بەکوشتدران و ئەوانەی کە ماوە، دەکرێن بە ھاوپەیمان و ھاوسەنگەری زلھێزەکان، کە نوێنەرایەتیی کۆمپانییەکانی چەکسازیی و سیستەمی ڕامیاریی جیھانیی دەکەن.

لەبەر ئەوە، ھەر پەنابردنێک بۆ چەک و جەنگ و بزووتنەوەی چەکداریی، چ خەڵک بخوازێت یان نا، بە سیستەمە جیھانگیرەکە و کۆمپانییەکانی چەکسازی و دەزگە سیخوڕییەکان و دەڵاڵانی بازاری چەک و دەوڵەتەکانی ناوچەکە خزمەتدەکات و وەک سەراپای ڕابوردووی مرۆڤایەتی، سەرەنجامەکەی بەس لەنێوچوون و خۆکوژیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت و بەس.

بە کورتیی و پوختیی، ئەگەر کەسێک بیەوێت بۆ بەدیھێنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی تێبکۆشێت، پێویستە پێش ھەموو شتێک، دژی چەک و جەنگ و بزووتنەوەی چەکداریی بێت، دژی ڕێکخستنی پلەبەند و قووچکەیی و نێوەندگەرا بێت، دژی دەسەڵاتخوازیی و ناوبانگوازیی بێت، دژی ڕەگەزپەرستیی [سێکسیزم] و نەژادپەرستی [ڕەیسیزم] و شۆڤێنیزم و فاشیزم بێت، چونکە ھەموو ئەو ئاراستانە بەس بە سیستەمی ڕامیاریی [دەوڵەت] خزمەتدەکەن و ئەوانە دەستی شاردراوە و تابووری پێنجەمی دەوڵەتە ھاوچەرخەکان بوون و هەن و دەبن.

بەرانبەر بەوانە، بەس خۆھوشیاریی ئەندامانی کۆمەڵ و چالاکیی ڕۆشنگەرانە و خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی، ڕۆشنگەری کۆمەڵایەتیین، کە بەرەنجامی خودی تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی دەبن، پەیڕەوکردنی ئەو ئامراز و شێوازە کۆمەڵایەتییانە ئەرکی ھەر کۆششکارێکە لەپێناو پێکھێنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی.

ڕێگەی تێکۆشان بۆ سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی سەختە، دوور و درێژە، چونکە دژەباو و دژی سەراپای سیستەمێکی جیھانگیرە؛ سیستەمێک کە مرۆڤایەتی ھەڵوەشاندووە و مرۆڤی کردووە بە ڕۆبۆت و ھۆش و ئاوەزی ئەندامانی کۆمەڵی سڕیوەتەوە و لەنێوبردووە و ئامانجی ئەو بەس سەروەریی و قازانج و مشەخۆریی کەسە دارا و دەسەڵاتدار و ڕامیارەکانە و کەسە ڕامیارەکان ڕاستڕەو تاکو چەپڕەو، ئایینگەرا تاکو سێکیولارگەرا، دیکتاتۆریخواز تاکو پارلەمانخواز، ھەموو دەسکەلای سیستەمی دەوڵەتیی [سەروەریی چینایەتیی] و سیستەمی دەوڵەتیی ھەردەم کوتەکی دەستی کۆمپانییە جیھانلووشەکان بووە و دەبێت.