“خەیاڵپڵاویی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی” و ” کەتواریی-بوونی سیستەمی ڕامیاریی”
ئەگەر کەسانێک سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی کە سیستەمی ھەرە کۆن و ھەردەمیی کۆمەڵە ئازادەکان بووە و ھەیە، بە خەیاڵپڵاویی دەزانن، دەی “با ئازادیی خەیاڵکردن لە ئێمە زەوتنەکەن و نەستێنن” ؛
ئەگەر کەسێک بەدیھاتنی سیستەمێکی ئاوا دوور و تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی ناتوندوتیژ [سەرپێچیی سڤیلیست]بە بێکەڵک دەزانێت، دەی خۆ خەیاڵکردن و تێکۆشانی ناتوندوتیژانەی خوازیارانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی خەڵک ناکوژێت و ئاوارە ناکات و نشینگەکان وێرانناکات و توندوتیژیی و ئاژاوەی کۆمەڵایەتیی درووست ناکات و بەڕادەی کەم ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی دەپارێزێت و خۆکۆمەکی کۆمەڵایەتیی و ھەرەوەزی ئابووریی و خۆ-بەسێی ئابووریی و ژییان و بنەما کۆمەڵایەتیی و کولتوورییە ئەرێنییەکانی کۆمەڵ دەپارێزێت و کەسەکان بۆ خۆ-بیرکردنەوە و خۆ-بەرپرسیاریی و خۆ-چالاکیی و خۆ-بوون ھاندەدات، کە ھەرگیز ئەو شتانە لە سایەی سیستەمە دەوڵەتیی و میلیشیاییەکان بەدینایێن.
بەپێچەوانەی ئەوە، سیستەمە ڕامیارییەکانن کە کەسانی ناھوشیار و خۆشباوەڕ بە ھەردەمیی و کەتواریی و پێویستیان دەزانن، ھەمیشە و لە ھەموو شوێنێکی جیھان، ئامانجی سەرەکیی سیستەمە ڕامیارییەکان و پارتییە ڕامیارییەکان و کۆمپانییەکان و پارلەمانتارەکان و میلیشیاکان و ڕەوتە نەژادپەرست و ڕەگەزپەرست و شۆڤینیست و فاشیستەکان، بە پلەی یەکەم (لەنێوبردنی خۆ-بوون و کۆمەڵایەتیی-بوون و ھەرەوەزیی-بوونی مرۆڤەکان و کۆمەڵەکان) بووە و دەبێت و بە پلەی دووەم (پاراستنی دارایی تایبەتیی و کاری کرێگرتە و مشەخۆریی و سەروەریی کەمینەیەکی ھەلپەرست و بێویژدان و چاوچنۆکە لەسەر کۆمەڵ).
جیاواز و بێجگە لە ئەوە، کە ھەموو کەتوارێکی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و زانستیی و تێکنۆلۆجیی و ڕامیاریی زادەی خەیاڵکردنی مرۆڤەکانە. ئەوەی، کە سیستەمی پاوانگەریی ڕامیاریی و چەپاوڵگەریی ئابووریی و ھەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتیی و گەندەڵیی بەڕێوەبەریی ئێستا بوونێکی کەتوارییە، ئایا دەبێت ئێمە ناچارانە ئەوانە بە درووست بزانین بەرانبەر ئەوانە ملکەچ بمێنین و بەرەنگاریی ئەوانە نەکەین و بۆ بەدیھێنانی سیستەمێکی گونجاوتر و ژییاندۆسانەتر و ژینگەپارێزتر کۆشش نەکەین؟
بەڵێ درووستە، سیستەمی ڕامیاریی [چینایەتی] ڕاستییەکی کەتواریی ئێستای زۆربەی کۆمەڵەکانە، بەڵام ئایا ڕەوایە و ئیدی کۆتایی مێژوو دەبێت و مرۆڤایەتی توانای تێپەڕاندنی ئەوی نابێت و کۆمەڵەکانی سەر گۆی زەمین بە ملکەچیی بۆ ئەو سزاوار دەبن؟ ئایا ھەر شتێک بوونی ھەبێت، ئیدی ڕەوا و درووست و ھەمیشەیی دەبێت؟
بێجگە لە ملکەچیی و خۆشباوەڕیی زۆرینەی خەڵک، چ شتێک سیستەمی سەرمایەداری دەکاتە سیستەمێکی ھەمیشەیی و لە سیستەمە چینایەتییە ناھەمیشەییەکانی پێش خۆی [خێڵایەتی – کۆیلایەتی – دەرەبەگایەتی] جیایدەکاتەوە و “نەمریی” بە ئەو دەبەخشێت؟
ئەگەر ھوشیاریی و ویستی کۆمەڵایەتیی ھەبێت، چ شتێک ئەگەر و نائەستەمیی کۆمەڵی ناچینایەتی ڕەتدەکاتەوە و لە کەتواریی-بوونەوەی ئەو خەونە ڕێگریی دەکات؟ کامە ڕاستیی و کامە کەتوار؟A
