سەریھەڵدان و چۆن کەتواریی کردنەوەی سیستەمی خۆڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی

سیستەمێک کە لەنێو تیئۆری یان خەیاڵ سەریھەڵدابێت،چۆن کەتواریی و کردەیی دەکرێتەوە؟

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی پێشینەیەکی زۆر کۆنی ھەیە و وەک تۆماری پێشینەیی نموونەی لەنێو گوند و شارە ئازادەکانی ڕابوردوو ھەیە، کە بە دێمۆکراتی [سیستەمی دێمۆکراسی، نەک سیستەمی پارلەمانی] ناسراوە، لە ڕابوردووی زۆربەی گوندەکان ناوچەی خۆمان دەتوانین ڕابوردوو و دوایینەی سیستەمێکی ئاوا بدۆزینەوە و ببینین، کە تاکو ئێستاش ئەگەر دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییایەتی لە گوندەکانی لای خۆمان دەربکەین، خۆ بە خۆ لەتەک ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی خەڵک ڕووبەڕوو ھەین، چونکە لەنێو کولتووری خەڵکی ناوچەکە، لەنێو ئاوەز و بیرکردنەوەی خەڵکی ناوچەکە، لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ناوچەکە، لەنێو ڕێکخستنی سرووشتی خەڵکی ناوچەکە بنەمای سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی ھەن و خۆشبەختانە ھێشتا کۆمەڵەکانی ئێمە وەک کۆمەڵە نێوەندەکان [کۆمەڵەکانی باکوور] بەتەواویی لە پێشینەی خۆبەڕیوەبەری کۆمەڵایەتیی دانەبڕاون و سیستەمی دەوڵەت بە تەواویی نەبووە بە بەشێک لە ئاوەز و کولتووری خەڵک.

بێجگە لەوە، تیئۆری بەرەنجامی ئەزموونگەریی و ژییان و کارکردنی خەڵکییە، ھیچ کەتوارێک بەبێ خەیاڵ و ئارەزووی مرۆڤ بەدینەھاتووە، ئیدی ئەو خەیاڵە ئارەزووکردن بۆ ئازادیی و ڕزگاریی و خۆشگوزەرانیی بووبێت، یان بۆ پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و مشەخۆریی و ملھوڕیی چینایەتی. بەڵام لێرەدا لە بارەی تیئۆریەکی زادەی خەیاڵ و دوور لە کەتوار و ئەزمووننەکراو قسەناکەین، چونکە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی گەڕانەوەیە بۆ سەر ڕابوردووی خۆمان، گێڕانەوەی ڕابوردووە بۆ نێو ژییانی کۆمەڵایەتیی خۆمان، خۆڕزگارکردنی خۆمانە لە سیستەمە داگیرکەرەکان| ڕامیارەکان.

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ھەم گەڕانەوەیە بۆ سەر سرووشتە کۆمەڵایەتییەکەی خۆمان و ھەم ھوشیارانە ئەزموونکردنەوەی ئەزموونی کۆمەڵە پێشینەکانە لە سەردەمێک، کە مرۆڤایەتی لەتەک فەوتان ڕووبەڕووە و خەریکە کۆمەڵایەتیی-بوونی مرۆڤ دەبێتە ئەفسانە و چەپاوڵگەریی بازار و پاوانگەریی دەسەڵات ڕۆژ بە ڕۆژ دەبێت بە کولتوورێکی جیھانگر و مرۆڤەکانی بە ئەوپەڕی لە-خۆ-نامۆ-بوون و ڕۆبۆت-بوون گەیاندوون.