ئایا ناکرێت (سیستەمی پارلەمانیی) و (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) تێکەڵ بکرێن؟
[نا] و نەخێر و ھەرگیز. چونکە دوو سیستەمی زۆر جیاوازن و تەنانەت دژی یەکدین؛ سیستەمی پارلەمانیی، سیستەمی میانجیگەرایی نێوان دەستەبژێرە دارا و ڕامیارەکانە و دەنگدان و ھەڵبژاردنی پارلەمانیی بێجگە لەوەی کە ئامرازی سەرگەرمکردن و خەڵەتاندنی خەڵکییە بۆ خۆشباوەڕکردن سەریھەڵداوە، ھاوکاتیش بەکاربردنی دەنگی خەڵکییە بۆ یەکلاییکردنەوەی کیشەی نێوان دەستەبژێرە دارا و دەسەڵاتخوازەکان و ڕەوایەتییدان بە مشەخۆریی و ملھوڕیی ئەوان. ئەوەش پێشینەیەکی درێژی ھەیە؛ شان بە شانی بوونی کۆمەڵە ئازادەکان، کۆمەڵ خێڵەکییەکان ھەبوون، کە چەکەرەی سیستەمی ڕامیاریی بوون و سیستەمی دەوڵەتیی لەنێو ئەوانەوە سەریھەڵداوە و بە ئەم ڕۆژگارە گەییشتووە. ڕابوردوو ئایینکاران و میرزاکان و دەربارانی دیواخان میانجکەری نێوان سەرۆکخێڵ و میرەکان بوون، ئێستا بەوپەڕی پەرسەندن و بە لووتکەگەییشتنەوە، ڕامیاران|پارلەمانتاران ھەمان ڕۆڵدەگێڕن و وەک لۆبییەک ھەمان پاداشتی دارا و دەسەڵاتداران وەردەگرن .
بە کورتیی و پوختیی، سیستەمی پارلەمانیی ڕەتکردنەوەی سیستەمی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) دەبێت و لەسەر بنەمای لەنێوبردنی ھەموو بنەما کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵ؛ لەنێوبردنی متمانەی کۆمەڵایەتیی و ئاوەز و ھوشیاری کۆمەڵایەتیی و ھەرەوەزی و خۆکۆمەکی کۆمەڵایەتیی سەریھەڵداوە. سیستەمێکە بۆ مسۆگەرکردن و پاراستنی مشەخۆریی و سەروەریی کەمینەیەکی دارا و ڕامیار لە سەرووی ھەموو کۆمەڵ و بۆ ئەو مەبەستەش، پارتییە ڕامیارییەکان کە گەمەکەری سەرەکیی سیناریۆکانی دەنگدان و ھەڵبژاردنی پارلەمانیین، ئامرازی دووبەرەکی-کردنی نێوان خەڵک و خۆشباوەڕکردنی خەڵکیین بە ھەمیشەیی-بوونی سەروەریی چینایەتی .
بەرانبەر بە ئەوەش، سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی واتا ڕەتکردنەوەی ھەموو سیستەمە ڕامیارییەکان و لەنێو ئەوانەش گەشەکردووترینیان، کە سیستەمی پارلەمانییە. چونکە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئاشتەوایی و ھەرەوەزی و خۆکۆمەکی و خۆھوشیاری کۆمەڵایەتیی دادەمەزرێت و خۆی ڕادەگرێت و دەتوانێت بەردەوام ببێت. میکانیزم و بنەما و ڕێکخستن و ئامانجەکانی ئەو لە میکانیزم و بنەما و ڕێکخستن و ئامانجەکانی سیستەمی ڕامیارییەکان جیاوازن و بە ڕەتکردنەوەی ئەوان دەتوانن کارا و ئەرێنیی بن.
ھەرچەندە جیاوازی ئامانج جۆری ئامراز دەستنیشاندەکات، بەڵام جیاوازی نێوان سیستەمی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) و سیستەمی (پارلەمانی) بەس جیاوازی ئامانجی ئەوان نییە، بەڵکو جیاوازی ڕێکخستن و میکانیزم و شێوازی کارکردنی ئەوانە. لەبەر ئەوە ھەرگیز ناتوانرێت سیستەمی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) و سیستەمی (پارلەمانی) تێکەڵبکرێن، چونکە لەنێوبەری یەکدی دەبن و مەرجی بوونی ھەر یەک لەئەوان بە نەبوون و لەنێوچوونی ئەوی دیکەیان پەیوەستە، ھەر وەک جەنگی و ئاشتی، کە دەستپێکردنی یەکێک لە ئەوان، خۆبەخۆ کۆتاییھاتنی ئەوی دیکەیان دەبێت؛ یان ڕزگاری [خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی] یان کۆیلەتیی [سیستەمی دەوڵەتیی]، لەنێوان ئەوان ئاشتیی و ئەگەری ئامێتەبوون نییە!
سیستەمی ڕامیاریی بۆ مانەوەی خۆی، پێویستی بە ئاژاوە، بە دووبەرەکیی ئەندامانی کۆمەڵ، بە گەندەڵی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ھەیە. بەڵام سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بۆ بەدیھاتن و دامەزران و بەردەوامبوونی خۆی، پێویستی بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، یەک دەست و یەک ڕێزبوونی ئەندامانی کۆمەڵ، متمانە و خۆشەویستی کۆمەڵایەتیی، بەھێزبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بە کورتیی و پوختیی، پێویستی بە سەرھەڵدانی ھارمۆنیی ژییانی کۆمەڵایەتیی ھەیە.
ئەوەش لە سایەی سیستەمی ڕامیاریی ئەستەمە، چونکە تاکو سیستەمی ڕامیاریی؛ ڕێکخستنی پارتییایەتی؛ پێکھاتنی پلەبەندیی و قووچکەیی و نێوەندگەرا بڕیاردەری سەرووی خەڵک بن و بمێنن، ھەرگیز و ھەرگیز سیستەمی کۆمەڵایەتیی و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی سەقامگیر نابن، بەڵکو بە بەردەوامیی و پەرەسەندنی سیستەمی ڕامیاریی شوێنەوارە پێشینەییەکانی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەنێودەبرێن و بۆ تێگەییشتن و وێناکردنی ئەو شتە،بەس سەرنجدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی جارانی پێش ڕاگواستنی گوندەکان و ئێستا دەتوانێت باشترین بەڵگە بێت، کە بە چ ڕادەیەک مرۆڤایەتیی لەنێوچووە .
