له یادی تیرۆری کاوه گه‌رمیانی و کاوه‌کانی دیکه‌دا
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
18/12/2013
خه‌ڵکان و لایه‌نێکی زۆر له‌سه‌ر تیرۆری ” کاوه گه‌رمیانی ” نوسیوییانه و ھاوڕێیانی سەكۆی ئەناركیسته‌کانی کوردستانیش بە وتارێکی چڕ‌وپڕ له ژێر ناوی “نا بۆ تیرۆر ، هه‌نگاو به‌ره‌و ئازادی” بەشداری ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان كرد، بێجگە له‌مه‌ش هه‌ندێک له هاوڕێیان له تۆڕی فه‌یسبووکدا وه‌کو بۆچوونی که‌سیی خۆیان، دیسانه‌وه له بەرامبەر ئەو کاره‌ساته جه‌رگبڕه‌دا، ھەڵوێستیان وه‌رگرتووە .. .
ئه‌وه‌ی که ماوه‌ته‌وه لێره‌دا من بیڵێم ده‌رککردنه به‌و ڕاستییه مێژووییه، که کار و کرداری تیرۆریستیانه به هه‌موو چه‌شنه‌کانییه‌وه له‌و کاته‌وه دروستبووه، که کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی هاتۆته کایه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێک له چینه‌کان یاخود توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ڕێگەی پارتێکی ڕامیارییه‌وه، جه‌نڕاڵێکی سەربازییه‌وه، سه‌رۆكخێڵ و ناودارێکی ناوچه‌ییه‌وه، یا کابرایه‌کی ئایینییه‌وه ، ده‌سه‌ڵاتدار بووه یا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی گرتۆته ده‌ست، که هه‌موو ئه‌مانه‌ش له پێناوی ده‌سه‌ڵاتدا : ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی ، ئابووری ، ئایینیی ، که پلانی ئه‌وان و کێشمه‌کێشی نێوانیان له سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه‌کان ، به ڕق و به ته‌ماحی ده‌سه‌ڵات، تیرۆری چ له‌سه‌ر ئاستی تاک ، به کۆمه‌ڵکوژی ،چ به هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ ، ئافراندووه.
چاوگێڕانه‌وه‌یه‌ك به مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ، نه‌ك هه‌ر له وڵاتی ئێمه‌دا ، به‌ڵکو له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ، ئه‌م ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت و قوربانییه‌کانیشیان ، بۆ به‌دبه‌ختی ، ئه‌وه‌نده گه‌وره و زۆر بوون ، له ئه‌ژماره نایه‌ن. هه‌ر له کوردستاندا به ته‌نها ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی سه‌رپێی له چه‌رخی ڕابوردوو، ئه‌وه ده‌بینرێت کە له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه چۆن ده‌وڵه‌تی بریتانی تیرۆری دژی خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که‌ی کوردستانی ئه‌و ده‌مه ، کردووه ، دواتر له ساڵه‌کانی 30یه‌کاندا له خۆپیشاندانی به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانیی چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ی تیادا تیرۆرکراوه ، که ناوداره‌کانیان ، عه‌وله سیس و خاتوو ئه‌خته‌ر بوون.
له دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی کوردیشه‌وه، له ململانێی نێوانی پارته‌کاندا، ده‌رده‌که‌وێت که چۆن پارتی دیمۆکراتی کوردستان به هه‌ر دوو به‌شه‌که‌یه‌وه لەو بوارەدا داهێنانیان کردووه و هه‌نگاوی زیاتریان ناوه ، ده‌ستێکی ڕه‌ش و چه‌په‌ڵیان له کوشتن و پاکتاوکردنی ئه‌ندامه چالاکه‌کانی حیزبی شیوعی عێراقی هه‌بوو و هه‌روه‌ها له نێوانی خۆشیاندا و دروستکردنی به‌ندیخانه‌ی ترسناکی وه‌کو ڕایات و خه‌لان و ماوه‌ت و سیخناخکردنیان له خه‌ڵکانی کۆمۆنیست و ناڕه‌زاییکاران، له‌وه‌ش زیاتر تیرۆرکردنی براده‌رانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانیش .
هه‌ر له دروستکردنه‌وه‌ی بزووتنەوەی چەكداریی نوێشدا له شاخ و دواتریش که ده‌سه‌ڵاتیشیان گرته ده‌ست له شاره‌کاندا ، بره‌ویان به چالاکی تیرۆرکردن له نێو ژنان دا و به‌رپاکردنی شه‌ڕی کۆنه‌قین سه‌ده‌های تریشیان له خه‌ڵکانێك که گوێی بۆ شلنه‌کردبێتن و نه‌یاریان بووبێت و چۆکی بۆ دانه‌دابێتن هه‌ر له تیرۆری وریا و نوری حه‌مه‌عه‌لی، صەد‌یقه فه‌نی، خاڵه حه‌مه (هه‌ڤاڵ جووجه‌ڵه) ڕەوئوف كامیل، نەزیر عومەر، حه‌مه‌حه‌لاق و سەلاح ھۆرامی، فەرھاد فەرەج، شاپوور عەبدولقادر، قابیل، ئه‌بوبه‌کر عه‌لی و چه‌ند هاوڕێیه‌کی حیزبی کۆمۆنیستی کارگه‌ری و عەبدولستار تاھیر، سۆران مامەحەمە و سەردەشت عوسمان تاکو کاوه گه‌رمیانی، تیرۆریان کردوون. ئه‌م لیسته ده‌توانرێت بۆ سه‌ده‌ها که‌سی بێ‌تاوان درێژبکرێته‌وه ، که ته‌نها خەتایان ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییان بووه له سیساسه‌ته‌کانیان، یاخود نه‌یاریان بوون.
ئه‌مانه‌ی که باسمکردن ته‌نها مشتێکن لە خه‌روارێك و نامه‌وێت لەوە زیاتر خوێنه‌ر به زه‌مه‌ن و لیستی تیرۆرکروان توشی خەمۆكی بكەم. ئه‌وه‌ی که گرنگه بیری خۆێنه‌ری کورد و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بهێنمه‌وه، چه‌ند خاڵێکن، که یه‌که‌میان: تیرۆر به ته‌نها تایبه‌تمه‌ند یا په‌یوه‌ست به پارتی و یه‌کێتی یا ئیسلامی و گۆڕان یا هه‌ر پارتێکی دیكەی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌وه، نییه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش ده‌ڵێم تیرۆر مه‌یلی پارتایه‌تی یا پارتییانه نییه، به‌ڵکو سروشتی پارت و ڕێکخراوی سیساسییه. دووهه‌م: ئه‌وه‌ی که ئه‌و سروشتی تیرۆر و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و توندوتیژییه‌ی له سه‌رجه‌می ئه‌م پارتیانه‌دا دروستکردووە، ده‌سه‌ڵاتخواستنیانه ، خوازیارییانه بۆ هه‌یمه‌نکردن و پاوانکردن . له کاتێکدا که ئێمه سه‌رجه‌می هه‌موو ئه‌م پارتانەمان نه‌ک هه‌ر له کوردستاندا، به‌ڵکو له سه‌رانسه‌ری ناوچه‌که و جیهانیشدا بینیوون و ده‌بینین، که کێشه‌ی ئه‌وان و هه‌وڵی سه‌ره‌کی و جددیان، بۆ پاوانخوازی و بە ده‌سه‌ڵاتگەییشتنە، ئیدی هیچکام له‌مانه ده‌ربه‌ستی گیانی دۆسته‌کانی ئه‌وانی دیكەیان یا هاوڵاتیانی ناڕه‌زا، نه‌بوون و نایه‌ن، پێشینان وته‌نی کاتێك ” ده‌گاته تیینیان” لێره‌وه پرۆسه‌ی پاکتاوکردن ڕۆڵی خۆی ده‌بینێت و ڕه‌واییشیی ، نه‌ک هه‌ر له لایه‌ن حیزبی بکه‌ری تیرۆره‌وه، به‌ڵکو به‌شێێکی کۆمه‌ڵگه‌شه‌وه، پێده‌درێت. سێهه‌م: ئه‌و دوو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که بڵێین ده‌سه‌ڵات ، خوازیاری هه‌موو چه‌شنه‌کانی ده‌سه‌ڵات، له شانه‌یه‌کی بچوکی کۆمه‌ڵگه‌وه که له خێزانه‌وه ده‌ستپێده‌کات تاکو کۆتایی که دەگاتە ده‌وڵه‌ت، هه‌وێنی دروستبوونی تیرۆر ، تووندوتیژی هه‌تا كێشمەكێش و جه‌نگیشه. چوارهه‌م : نابێت بڕوا به هێچ پارت و ڕێکخراوێکی سیساسی ده‌سه‌ڵاتخواز، یا ڕۆشنبیره لیبراڵه‌کان بكەین، که به‌سه‌ر پارته سیاسییه‌کاندا دابه‌شبوون، که له‌م کاته ناسك و خه‌مناکه‌دا فرمێسکی تیمساحیانه بۆ تیرۆری کاوه گه‌رمیانی و خێزانی کاوه ده‌ڕێژن ، نابێت بڕوابکه‌ین، هه‌ر ئه‌مانه‌ن له ڕابوردوو و له ئێستادا که له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن تیرۆی فکری و ڕه‌وشتی و که‌سایه‌تی نه‌یاره‌کانیان کردووه و ده‌که‌ن و که چووشنه ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه ، تیرۆری جه‌سته‌ییان، ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ی که له ڕاستیدا دژایه‌تی تیرۆرده‌کات و تیرۆری بۆ هیچ که‌سێک ناوێت، ئازادیخوازه‌کانن، سۆشیالیسته دژەده‌سه‌ڵاتە‌کانن، چونکه ئه‌مان ھیچ چاوچنۆكیی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وندی شه‌خسی و حیزبیییان نییە و به‌و ئاراسته‌یه‌ش خه‌باتناکه‌ن.
www.facebook.com/anarkistan.net ***** sekoy-anarkistani-kurdiy-zman@riseup.net ***** https://i-f-a.org