ھەڤپەیڤینی سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان لەتەك ھاوڕێ زاھیر باھیر، یەكێك لە چالاكانی گروپی ھاوپشتی ھارینگەی (Haringey Solidarity Group (HSG
بەشی پێنجەم
– ئەی پرسی ئابوونەی ئەندامەتی و لایەنی دارایی گروپەكەتان كێ دابینی دەكات و كێ پشتیوانی داراییتان دەكات؟
دارایی گروپه‌که‌مان پاره‌یه‌کی زۆر نییه، چونکه بۆ ئەم مەبەستە ته‌نها پشت بە كۆمەكی ھاورێیانی بەشداربووی گروپه‌که خۆی دەبەسترێت، که ئه‌وه‌ش خۆبه‌خشانه‌یه ، له‌به‌رئه‌وه‌ی گروپه‌که‌ی ئێمه له کەسانی بێکار و پەككەوتە و کرێکار و خانه‌نشینکرا و پێکهاتووه، هه‌ر بۆیه‌ش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ناکرێت، که كەسەكان به‌بڕێکی گه‌وره كۆمەك بكەن و نه به خولی یا به ڕێکوپێکی ئه‌و كۆمەكە بدەن، كەسی وا هه‌یه، که هه‌ر هیچ نادات یا مانگانه بڕێکی زۆر زۆر که‌م ده‌دات. له‌راستیشدا ئێمه خه‌رجیمان ئه‌وه‌نده زۆر نییه، بێجگه له خەرجی ده‌کردنی ڕۆژنامه‌که‌مان و فۆتۆکۆپیکردنی راگەیاندن و بڵاوكراوەگەلێکی زۆر و مانگانه و پۆست كردنیان بۆ كەسانی سه‌ر به‌گروپه‌که یا جاروبار به‌شداریكردن له یارمه‌تیدانی کرێکارانی مانگرتوودا و هه‌روه‌ها كۆمەككردنی گروپه پایەیی و بچووکه‌کانی دیكە ( Sub-groups)، خەرجێكی ئاوامان نییە. که‌م ڕێده‌که‌وێت، که پاره به‌گرتنی هۆڵ بده‌ین، چونکه خۆمان ئۆفیسێکی یه‌ک ژوریمان هه‌یه هه‌روه‌ها دەزگەی فۆتۆکۆپیمان بۆ کۆپیکردنی ژماره‌یه‌کی که‌م له شتی زۆر پێویست هه‌یه، بۆ کۆبوونه‌وه‌کانیشمان ھۆڵیكی گه‌وره‌ی یه‌کێک له کۆمۆنێتییه‌کان به‌کارده‌هێنێن، که ئه‌ویش به خۆڕاییە. گه‌ر زۆر پێویستمان به دابینکردنی پاره بێت، ئه‌وا یا به دروستکردنی خوانێک یا ڕێکخستنی پارتییه‌ک که‌مپه‌ینی كۆمەككۆكردنەوە بەرپادەكەین یا خود به‌داواکردن له یه‌کێک له سەندیكا ڕادیكاڵەكان.
باشە ئاوای دابنێین، كە بەو جۆرە توانیتان ھەموو داخوازییەكانی خەڵك لە دابینكردنی خانوو، كار، كرێ و موچەی باش، گواستەوە و خزمەتگوازی گشتی و ..تد بسەپێنن، ئەی پاش ئەوە چی، ئایا گروپەكەتان دەمێنێت یا بەرنامەیەكی دیكەی لەپێش ھەیە، كە بەردەوامی بە مانەوەی خۆی بدات؟
گروپه‌که‌ی ئێمه گروپێکی کۆنه و تا ئێستاش و دواتریش زه‌مینه‌ی بوون و مانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه، له ماوه‌ی ئه‌م 21 ساڵه‌دا گه‌لێک کاری بەرچاوی کردوون، داخوازیییهکان و کاره‌کانی به‌پێی گۆڕینی بارودۆخه‌که گوڕاون و له گۆڕاندان. له پێکهاته‌ی ئه‌م جۆرە گرپانە و دروستکردنیاندا، دوو شت ڕه‌چاو ده‌کرێن: یه‌که‌میان، ئه‌و ئه‌رک و ئامانجه بنه‌ڕه‌تییه، که گروپه‌که وه‌کو مانیفێستێک به‌خۆیه‌وه گرتووه، من له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌مدا به کورتی باسم کرد، که ئێمه ده‌زانین ئه‌وه له ئاینده‌دا دێته‌دی، به‌ڵام به‌بێ تێكۆشان بۆی چ له ڕابوردوو چ له ئێستا و چ لە داهاتووشدا، ئه‌و ئامانجه گه‌وره‌یه نایێته‌دی، ئەوەش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیسته‌می کاریکرێگرتە و سەروەری چینایەتییە بە جێگرتنهوەیەتی به‌سیستەمی خۆبەرێوەربەرایەتی ناچینایه‌تی، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌نارکی (ئازادیخوازانەی سۆشیالیستی). به‌بۆچوونی ئێمه دروستکردنی ئه‌م جۆره گروپانه ده‌سته‌به‌ری مسۆگەرکردنی ئه‌و شۆڕشه‌یه، که له بنی کۆمه‌ڵگه‌وه ده‌ستپێده‌کات و هه‌تا پاکۆی ھەموو داموده‌سگه و که‌له‌پور و که‌ڵچه‌ری سیسته‌می ھەنووكەیی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، که له شێوه‌ی ده‌وڵه‌ت و دەزگە ئایینییەكان و کۆمپانیا گه‌وره‌کان و ده‌سگه دراوییهکاندایه، نه‌دات، سەرھەڵدانی و پێویستی بوونی ئەم گروپانە ھەر دەمینێت و هه‌ر ئه‌م شێوه بزووتن و خەباتکردنهشه كە له بوژاندنه‌وه‌ی بیرۆکراتییه‌ت و دروسکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، دوورمان ده‌خاته‌وه. دووهه‌میش، ئه‌و داخوازییانه‌ی که هه‌ن، هه‌وڵیان له پێناو سەپاندنیاندا ده‌درێت، نکوڵییان لێناکرێت، كە بریتین لە سەندنەوەی بڕیار و جێبەجێكردن لە دەسەڵاتداران و پاشەكشێپێكردن و ناچاكردنی دەسەڵات و كۆمپانییەكان بە چاكسازیی، ئەمە لە ڕیفۆرمیزمی میانجیگەرانەی پارت و ڕێکخراوه ڕامیارییه‌کان و سەندیكا ناسەربەخۆكان جیاوازە، که تەنیا پاگەندەی سەردەی ھەڵبژارندەكانە و لەباشترین باردا شتێکی زۆر که‌می لێ بەدەستدههێنن.
ھەروەھا ئامانج و داخوازییەكانی گروپە خۆجێییەكان له‌ژێر فشاری خه‌ڵکدا و به‌هۆی چالاکی ڕاسته‌وخۆوه و پشتنه‌به‌ستن بەخۆ و متمانەنهبوون به هیچ ڕامیارێک و هیچ پارتێکی ڕامیاریی بەدەستدەھێنرێن. هه‌میشه‌ش ئه‌و ڕاستییه لە كار و چالاكی گروپەكاندا دووباره ده‌کرێته‌وه، گه‌رچی خه‌ڵکی خۆشی ئه‌وه ده‌زانێت و به ئه‌زمونی خۆی له ژیانیدا ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رکه‌وتووه، که ڕامیارییه‌کان و پارته‌کانیان شه‌یدای ده‌سه‌ڵات و سەرمایەن، نه‌ک دۆستی جەماوەرێك كە بەناویانەوە دەسەڵات دەكەن و دەنگیان پێدەدەن.
ئێمه وه‌کو له‌سه‌ره‌وه وتم، به‌رنامه‌یه‌کی سه‌ره‌کیمان هه‌یه، به‌ڵام بەبێ له‌کارکردن له‌سه‌ر داخوازییه‌کانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی و ھاوپشتیکردنیان له ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتییهکانیاندا ، ئەستەمه ئامانجه سه‌ره‌کییه‌که‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه بێته دی. بەبۆچوونی ئێمه شۆڕش له ساتێكی دیاریكراودا به‌رپا نابێت، به فه‌رمان و ئامۆژگاری هیچ که‌س و لایه‌نێک ڕوونادات و کارێکی کوتوپڕی و ڕووداوێك نییە، ته‌نها له مێشکی ڕامیارەکان و پارته‌کانیاندا ئه‌مه هه‌یه، چونکه ئه‌وان به گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و سه‌پاندنی خۆیان و ڕامیارییه‌کانیان، واده‌زانن شۆڕشیانکردووه، له راستیشدا بۆ ئه‌وان، شۆڕش گۆڕینی دەموچاوی سەروەرەكانە.
لێرەدا نامه‌وێت قسه‌کانم دووباره بکه‌مه‌وه، چونکه پێشتر باسم له‌وه کردووه، که ئێمه چۆن هه‌وڵده‌ده‌ین، بۆ ئەوەی ئه‌م جۆره خه‌بات و تێکۆشانه فراوانتر بکرێت و ئه‌زموونه‌کان چۆن ئاڵووێریان پێبکرێت.
– لەم دوایانەدا لە كوردستان گروپێك بەناوی (لێژنەی بەرگریكردن لە بەرژەوەندەییە گشتییەكان) خۆی ڕاگەیاندووە و پاگەندەی ئەوە دەكەن، كە ئەوانیش پەیڕەوی خەباتی راستەوخۆ و دێمۆكراتی ڕاستەوخۆ دەكەن، تا چەندێك شێوەی كار و چالاكی ئەو گروپە لە شێوەی كار و چالاكی گروپەكەی ئێوەوە نزیكە، ئایا وەك كوردزمانێكی گروپەكەتان ھیچ ھەوڵت داوە پەیوەندی لەتەك ئەو گروپەی كوردستاندا ببەستیت ؟
منیش ئه‌و هه‌واڵه‌م بیست و یه‌کسه‌ریش له فه‌یسبووکدا پەیامی ده‌ستخۆشی و ئاماده‌بوونی خۆم بۆ کۆمه‌کپێکردنیان لەڕێگەی هاوڕێیه‌کیانه‌وه بۆ گروپەكە نارد، کە پێموایه ئەو یه‌کێکه له دروستکه‌رانی ئه‌و گروپه. ( له‌به‌رئه‌وه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی مه‌سیجه‌کان ته‌نها له نێوانی من و ئه‌و هاوڕێیه‌دا بووه وه‌کو شتێکی شه‌خسی، نامه‌وێت ناوی ئه‌و هاوڕێیه بهێنم) دوو ڕۆژ دوای ئه‌وه‌ش لە ڕێگەی ئیمەیلەوە پەیامێكی دوورودرێژم هه‌ر بۆ ئه‌و هاوڕێیه ، که سه‌رتاپای باسکردنی ئه‌زموونی خۆم بوو له‌م وڵاته‌دا، که ماوه‌یه‌کی زۆره من له‌نێو گروپه لۆکاڵییه‌کاندا چالاکانه ههڵدهسوڕێم. هه‌ڵبه‌ته پەیامە‌که‌ی من دوور بوو له ئامۆژگاری و پلاندانان بۆیان. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وان وه‌ڵامێکیان نه به‌باش و نه به‌خراپ نه‌دامه‌وه.
ڕه‌نگه من له‌م دووره‌وه نه‌توانم هه‌ڵسه‌نگاندنێکی دروست و ڕەوا بۆ ئه‌وان بکه‌م، به‌ڵام که ته‌ماشای فه‌یسبووک ده‌که‌م، جاری وا هه‌یه ئه‌وان هه‌ندێک شت ده‌ڵێن، ناڵێم جیاوازه، به‌ڵام لەتەك هێڵه بنه‌ڕه‌تییه‌کان که له له‌سه‌ره‌تادا دایان ڕشتبوون، نایه‌نه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که دوورم لێیان و هه‌ر وه‌کو وتیشم وه‌ڵامی پەیامەكەیان نه‌دایه‌وه، بۆیه ناتوانم بزانم ئایا ئه‌وان چه‌ندێک له شێوازی كاركردنی گروپه‌که‌ی ئێمه‌وه نزیکن. هه‌ر که‌سێک ئه‌م دیمانه‌یه ببینێت و له‌وانیش نزیک بێت، به دڵنیاییه‌وه خاڵی ناوکۆیی یا دووری و نزیکیمان ده‌زانێت.
راستت دەوێت، من نایشارمەوە، زۆر حه‌ز ده‌که‌م په‌یوه‌ندیم لەتەكیاندا هه‌بێت و له‌نزیکه‌وه بیانناسم کۆمه‌کیشیان پێبکه‌م ، به‌ڵام له‌وه ده‌کات ئه‌وان له ئێستادا ئه‌مه به هه‌لێک، یا به پێویستی نه‌زانن .
بەڵام لەبارەی ‘خه‌باتی ڕاسته‌وخۆ’وە، حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه بڵێم، پاش پەیامەكەم بۆ گروپەكە، له‌بارەی چالاکییهکیانەوە كورتە پەیامێكی دیكەم هه‌ر بۆ ئه‌و هاوڕێیه، نارد، ئه‌و له وه‌ڵامدا ئه‌مه‌ی بۆ من نووسی بوو
” …….
ئەوەی تۆ باسی ئەكەی جیاوازە لەگەل كارەكانی ئێمە. چالاكی راستەوخۆ رەوتێكی حزبی دیاریكراوە، بەڵام ئێمە دەستپێشخەری هاوڵاتیانین لەدەرەوەی حزبە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیتسیونەكانی ناو پەرلەمان و كار‌و چالاكییەكانمان لەپێناو دەسەڵات، پلەوپایە و ناوداری نییە. ئێمە تەنها بەشێوەی ئاشتی و مەدەنی فشار دەخەینە سەر حكومەت بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەكان و سوودیش لە سەرپێچی مەدەنی وەردەگرین. ئێمە نە بەرپرس و نە نووسینگە و نە پرەنسیپی ئەندام وەرگرتن و دەركردنمان هەیە و نە ئیمزا و قسەكەر. هەندێجار 6كەسین و هەندێ جار 30كەس و كراوەین بۆ هەمووان و حزبەكانیش دەتوانن بەشداری كۆبوونەوەكان ببن و ناشمانەوێ زۆر ببین.. پاش چالاكییەكان دەبینەوە بە هاوڵاتی ئاسایی.
ئەم جۆرە خۆرێكخستنە هیچ پەیوەندی بە رەوتی(دایریكت ئەكتسیون)و ئەناشیزمەوە نییە خودی(دایرێكت ئەكشن) رەوتێكی حزبییە و مێژووی خۆی هەیە. ئێمە وەك دەستپێشخەری هاوڵاتیان شێوازی چاكییەكانمان راستەوخۆیە نەك بیروبۆچوونی رەوتە حزبییەكە.
…….”
له ڕاستیدا ئه‌مه‌ی ئه‌م هاوڕێیه، سەری لە من و ڕه‌نگه خه‌ڵکی دیكەشی تێكدابێت، چونکه ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم خەباتی ڕاسته‌وخۆ (direct action) کاری ناپارتییانهیه و کارێکی هه‌ره‌وه‌زیانه‌یه، واتە كارێك لە دەرەوەی بڕیاردانی دەسەڵات و پارت و سەندیكا زەردەكان و كتوپڕ و لەسەر بڕیاری جەماوەر، بەبێ ڕەزامەندی و مۆڵەتی یاسایی، ئیتر چ لە مانگرتن بێت لە شوێنی كار یا خۆپیشاندانی شارەوانییەك بێت. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م چالاکییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆر زیاتر له چه‌رخێک له‌مه‌وبه‌ر، که له‌لایه‌ن ئەناركیسته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه په‌یڕه‌و ده‌کرا. کاری پارتییانه به‌تایبه‌تی له کوردستان و عێراق و وڵاتانی وه‌ک ئه‌واندا، چالاکی ڕاسته‌وخۆ نییه، به‌ڵکو تیرۆرکردن و شه‌ڕە پەڕۆ و جه‌نگ و به‌کارهێنانی توندوتیژییە و له باری ئارامیشیاندا، که‌مپه‌ینه بۆ چوونه په‌ڕله‌مانه‌وه. پارتەكان هه‌میشه نه‌فره‌ت له ‘خەباتی ڕاسته‌خۆ’ ده‌که‌ن، چونکه لەژێر كۆنترۆڵی خۆیان و لە سنووری بڕیاری خۆیاندا ئه‌نجام نادرێت و ناتوانن کۆنترۆڵی چالاکییه‌کان بکه‌ن و به‌و ئاراسته‌ی که خۆیان ده‌یانه‌وێت، بەلاڕێدا بیانبه‌ن. چالاكی ڕاسته‌وخۆ کارێکی جه‌ماوه‌رییانه‌یه، له هه‌ر شوێنێکیش بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌هێز بێت، پارتایەتی و بزووتنه‌وه‌ی رامیاریی بێهێزه و لە ھەر جێیەكیش پارتەكان و بزووتنەوەی رامیاریی بەھێز بن و یاسا سەروەربێت، ئەوا خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی چین و توێژە چەوساوەكان لاواز دەبێت.
وێرای ئەوەی كە من ده‌زانم ئه‌و هاوڕێیه شاره‌زاییه‌کی زۆرباشی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه کرێکارییه‌کان و جه‌ماوه‌رییه‌کان هه‌یه و هه‌روه‌ها زانیارییه‌کی باشیشی سه‌باره‌ت به ئه‌وروپا له کۆن و نوێ‌دا هه‌یه، باش ده‌یزانی، که له ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان و دواتریش تا ئێستا ‘چالاكی ڕاسته‌وخۆ’ به‌رده‌وام بووه و هیچ سیمایه‌کی پارتبیانهی نەبووە و وه‌رنه‌گرتوه، چه‌ند نموونه‌یه‌کی که‌م لێره‌دا: ئه‌وه‌ی که له شاری Seattle دا ڕویدا، ئه‌وه‌ی که له ئه‌وروپادا کراوه و به‌رده‌وامیش ده‌کرێت، به‌ناوی که‌مپه‌ینی به‌ده‌ستهێنانه‌وه یا وه‌رگرتنه‌وه‌ی شه‌قامه‌کان، Reclaim Streets ، ئه‌وه‌ی وۆڵ‌ستریت، ئه‌وه‌ی له‌نده‌ن (LSX Occupation) ، که‌مپه‌ینه‌کانی دیكەی بریتانیا دژی کۆمپانییه‌کان و فرۆشگە و سۆپەرماركێتە گه‌وره‌کان که باجیان نه‌دابوو، ئه‌مه بێجگه له که‌مپه‌ینی UKuncut و Anti Fuel Poverity ئه‌وانه‌ی ساڵی پار له ئیتالیا و ئیسپانیا و پورتوگال و یۆنان و ئسرائیلی سێبته‌مبه‌ری ساڵی پار که 350 هه‌زار که‌س بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک ناڕه‌زایەتییان ده‌ربڕی و شوێنه گشتییه‌کانیان داگیر کرد و ئه‌وانه‌ی که دژی G7 و G20 گه‌لێکی دیكەی له‌مانه .
دواقسه‌م سه‌باره‌ت به‌و گروپه، سەرەرای ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش، من ڕام وایه، که ئه‌وه‌ی ده‌کرێت کارێکی باشه، ئه‌وه‌نده‌ی خۆی له پارتەکان به‌دوور بگرێت و داخوازییه‌کانیان نه‌که‌ن به داخوازییه‌کی ڕامیارییانه، لای من ئه‌مان چه‌نده‌ها میل له‌پێش گۆڕانه‌وه‌ن و ده‌توانن بزوتنه‌وه‌که‌شیان له‌ناوچه‌ی خانه‌قین ده‌رکه‌ن و بیکه‌نه سه‌رانسه‌ری و له ده‌ره‌وەی کوردوستانیش من دڵنیام خه‌ڵکی ئاماده‌یه کۆمه‌کیان پێ‌بکات. کۆمه‌ک پێکردنیان و هاوپشتیکردنیان به‌بێ هیچ به‌ندومه‌رجێک به ئه‌رکی سه‌رشانی ھەموو سۆشیالیستەكان و ئازادیخوازان و ئەناركیسته‌کان ده‌زانم.
دوا پرسیار، لەبەرامبەر ئەو ھەوڵانەی كە لە كوردستان ھەن، لەوانە ڕێكخراوە (NGO)، بزووتنەوەی گۆران، لێژنەی خستنەڕووی داخوازییەكانی جەماوەر؟
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ، من له وه‌ڵامه‌کانی پێشترمدا، ئاماژه‌م پێکردوه، به‌ڵام بەكورتی دەڵێم ئەوەی كە پێیدەگوترێت ڕێكخراوە مه‌ده‌نییه‌کان له ڕێخكراوه جەماوەریی و كۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان جیاوازن. ئه‌وان جۆرێكی دیكەن لە ڕێكخراوەی كارتۆنی و دۆستی دەسەڵات، بەڵام وەك پرۆژەی دەوڵەتێک و ده‌سه‌ڵاتێک نا، بەڵكو وەك پرۆژەی ناوەندە جیهانییەكان، بەمەبەستی دەستەمۆكردنی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییە سەربەخۆییەكان، كە وەك كاردانەوە بەرامبەر كاركرد و نەهامەتییەكانی بازاڕی ئازاد و دەسەڵاتە پارێزەرەكانی، سەر هەڵدەدەن. ڕێكخراوە بەناو مەدەنییەكان لە هەر كوێیەك بن، یەك ئامانجیان هەیە، زەمینەسازی بۆ كۆنترۆڵی بزووتنەوە ناڕەزاییەكان لەلایەن دەسەڵات و ئۆپۆزسێونە فەرمییەكانەوە، دەكەن. ئەم شتە لە ئەمەریكاوە تا كوردستان هەر یەك شتە و یەك ئامانج لە پشتییەوە خۆی مەلاسداوە.
سه‌باره‌ت به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لیستی گۆڕان، من تا ئێستا چه‌ند وتارێکم له سه‌ریان نووسیوه و له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی و زیاتر له 20 ماڵپه‌ڕی کوردی دا بڵاو بوونه‌ته‌وه. ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ڕێگره له‌به‌رده‌م بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریدا، به هۆی هه‌بوونی میدیایه‌کی به‌هێز و پاره‌یه‌کی مشه و خه‌ڵکێکی ناسراوی کۆنی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی و دههۆڵلێدانی ڕۆشنبیرانی لیبراڵ و پاگه‌نده‌ی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که له‌م وڵاتانه‌وه ڕۆیشتوونه‌ته‌وه، قۆرخ و کۆنترۆڵی ناڕهزایەتییهکانی خه‌ڵکی کوردستانی کردووه. هه‌ندێک لەوانەی که له میدیاکه‌ی گۆڕاندا باس له کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و حکومه‌تی دیمۆکراتی و سیاسه‌تی لیبراڵ و سه‌روه‌ری یاسا و ڕه‌فاهییه‌تی ئێره و زۆر لاف و گەزافی دیكە بۆ خه‌ڵکی هه‌ژاری کوردستان ده‌که‌ن و بۆ چهواشهکرن و خۆڵکردنه چاویانهوی خەڵكەوە فرمێسك بۆ قوربانیان دەڕێژن، له بنی پێیانه‌وه هه‌تا ته‌وقی سه‌ریان له گه‌نده‌ڵیدا ، لیخهی دێت.
www.facebook.com/anarkistan.net ***** sekoy-anarkistani-kurdiy-zman@riseup.net ***** https://i-f-a.org