شه‌پۆلی مانگرتن و ناڕه‌زاییه‌کان دوو وڵاتی دیکەی ئه‌وروپی به خه‌ستی گرته‌وه
پاش ناڕه‌زاییه جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی هه‌فته‌ی پێشووی پورتوگال پاشه‌کشه‌کردنی حکومه‌تی ئەو وڵاتە له‌ژێر فشاری زیاتر له 500 هه‌زار که‌س، له ڕامیارییەکهی، وا ئێستاکە ئه‌و شه‌پۆلی ناڕه‌زایی و گەشکەی سهرکهوتنهکە، زۆر به‌خه‌ستی هەردوو وڵاتی ئیسپانیا و یۆنانی گرتووەتەوه.
ئیسپانیا: دوێنی له ئیسپانیا که‌مپه‌ین و بزوتنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنه‌وه، به هاریکاری له‌تەك لایه‌ناکانی دیکەردا به‌سه‌دان هه‌زار کەسی ڕژاندە سه‌ر شه‌قامه‌کان، ئەمە نه‌ک هه‌ر تەنیا له ‘مه‌درید’ی پایته‌ختد،ا به‌ڵکو له 40 شاری دیکەی ئیسپانیا. پاش ئه‌وه‌ی که ڕامیاریی دەستلێگرتنەوەی ئابووری (ڕامیاریی ده‌ربازبوون) له قه‌یرانه ئابوورییه‌که و ئاماده‌بوونی کۆمیسۆنی ئه‌وروپی و بانکی نێوه‌ندی ئه‌وروپا و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ یارمه‌تیدانی ئیسپانی، به‌ڵام به هه‌لومه‌رجێکی زۆر سه‌خت، ئاشکرابوو ، که‌مپه‌ینی خۆپیشاندان و ده‌ستبه‌سه‌راگرتن به سه‌دان هه‌زار که‌سی کێشایه سه‌ر شه‌قامه‌کان. دوێنێ شه‌و له که‌مپه‌ینی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی باڵاخانەی په‌ڕله‌ماندا به‌یه‌کدادان له نێوانی خۆپیشانده‌ران و پۆلیسدا به‌رده‌وام بوو و بووه هۆی گرتنی زیاتر له 40 که‌س و بریندارکردنی 32 که‌س که ئه‌م ژمارەیە برینداری پۆلیسیشی تێدایه. خۆنیشانده‌ران داوای نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری ئیسپانیا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌نووکه‌یی و دابه‌زینی پاشای ئیسپانی له ته‌ختی پاشایه‌تی، ده‌که‌ن.

یۆنان: ئه‌مڕۆ له ئه‌سینای پایتەخت و 65 شاری دیکەی یۆنان بۆ ماوه‌ی 24 کاتژمێر مانگرتنی گشتی به داخستنی بازار و قوتابخانه و زانکۆکان هه‌تا فڕۆکه‌خانه‌کانیش تا کاتژمێری 1ی پاشنیوه‌ڕۆ ده‌ستیپێکرد، که سه‌رجه‌می کرێکارانی که‌رته گشتییه‌کان و کرێکارانی که‌رتی تایبه‌تیشی گرتۆته‌وه. ئه‌م مانگرتنه ناڕهزاییکردنێك بوو لە بەرامبەر ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت 12 ملیارد یورۆی دیکە له‌سه‌ر خواستی ده‌سگه دراوییه‌کان و کۆمیسۆنی ئه‌ورپی ، به‌دانانی باجی زیاتر و نه‌دانی پاره‌ی خانه‌نشینی هه‌تا ته‌مه‌نی 67 ساڵی، داخستنی زیاتری خزمه‌تگوزارییه‌کان پاشه‌که‌وت بکات، واته ده‌رکردنی زیاتری کرێکاران و که‌مکردنه‌وه‌ی بیمه‌کان و بڕینی هه‌ندێکیان. شایانی باسە، ئه‌م یه‌کەم مانگرتنی گشتییه له‌وەتەی کە حکومه‌ته نوێکه‌ی ‘ئه‌نتۆنیوس سهمهڕاس’ له مانگی جولایدا دەستی بە فەرمانڕەوایی کردووە.

www.facebook.com/anarkistan.net ***** sekoy-anarkistani-kurdiy-zman@riseup.net ***** https://i-f-a.org