زاهیر باهیر
له‌نده‌ن, 18.04.2012
کاره‌ساته‌که له‌وه‌دایه که زاڵم‌و زۆرداره‌کان باس له عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌که‌ن، دیکتاتۆره‌کان باس له دیمۆکراسێت و ئازادی ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی که ڕه‌وشتت و مۆراڵیان نیییه داوا له خه‌ڵکی ده‌که‌ن به مۆراڵ و ڕه‌وشت بن، ده‌وڵه‌مه‌ندو سیاسییه گه‌نده‌ڵه‌کان گۆڕانخوازن و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌که‌ن، داوای کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نموونه‌یی یا حکومه‌تێکی شهفافیمان بۆده‌که‌ن.
ئای که دونیایه‌کی سه‌یره. کورد وتویه‌تی درۆ هه‌ژاره‌و هه‌موو که‌سێک پێیده‌وێرێت، ده‌شڵێن بارزانی گه‌وره‌ش جارێک گووتویه‌تی قسه هه‌وایه‌و ناچێته گیرفانی که‌سه‌وه، واته نه ڕه‌قابه‌ی له‌سه‌ره‌و نه باج . هه‌ردوو وته‌که زۆر ڕاستن که له کاتێکیشدا که ئه‌م قسانه له لایه‌ن گه‌وره پیاوێکه‌وه یا که‌سێکی سیاسی وه‌کو ده‌یڤید کامیرۆنه‌وه ده‌کرێت و میدیایه‌کی زه‌به‌لاحی لیبراڵیشی له پشته‌وه‌یه، له کاتێکدا که ئه‌و وه‌کو سه‌ره‌ک شالیارانی بریتانیای گه‌وره، دایکی په‌ڕله‌مان و سیسته‌می دیمۆکراسی، له وڵاتێکی هه‌ژاری وه‌کو ئه‌نده‌نوسیا یا بۆرما که زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی ، هه‌ژاری و نه‌بوونی پشتی شکانوون. ئاخر چۆن بتوانن ته‌ته‌ڵه‌و بێژی قسه‌کانی سه‌رۆکه‌که‌ی ئێمه بکه‌ن ، ڕاستییه‌کان له درۆکان جیابکه‌نه‌وه تاکو بزانن ئه‌وه‌ی که ده‌یڵێت ڕاستییه‌و وڵاته‌که‌ی سهرلێوانه له دیمۆکراسی و مرۆڤایه‌تی و دادپه‌روه‌ری و نه‌زاهه‌ت، له کاتێکدا که ڕه‌نگه زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئه‌نده‌نوسیا نه‌ک هه‌ر ئاگه‌داری ئه‌وه نه‌بن که له‌م بسته وڵاته‌ی ئێمه‌دا چ باسه، به‌ڵکو گه‌لێکییان هه‌ر خوێنده‌واریشیان نه‌یێت.
ده‌یڤید کامیرۆن به‌هاوڕێی چه‌ند که‌سێک له سیاسییه‌کان و ڕاوێژکارو بزنسمانی گه‌وره، له گه‌شته‌که‌ی ڕۆژی چوارشه‌مه، 11-04-12 ، بۆ هه‌ندێک له وڵاتانی خواروی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، له‌وانه ئه‌نده‌نووسیاو بۆرما، له‌و موحازه‌ره‌یه‌ی که بۆ سیاسییه‌کانی ئه‌نده‌نوسیا، له جاکارتا، دای، داوا له موسوڵمانان ده‌کات ” ده‌بێت ئیسلام باوه‌ش بۆ دیمۆکراسییه‌ت بکاته‌وه‌و توندڕه‌وێتی ڕه‌تبکاته‌وه” نه‌ک هه‌ر که‌وته کردنی هه‌ندێک درۆ‌و ده‌له‌سه‌ی بێبنه‌ما، به‌ڵکو گه‌یشته ئه‌و ڕادهیهشی که بڵێت ” دیمۆکراسیه‌ت و ئیسلام به‌یه‌که‌وه ده‌گه‌شێنه‌وه‌و په‌خشده‌بن “. بێگومان کامیرۆن وه‌کو هه‌موو سیاسسیه‌کانی تری دنیا ئه‌وه‌ی که ده‌یڵێت باوه‌ڕی پێی نییه، به‌ڵام درۆی پیاوی گه‌وره په‌ندو عیبره‌ته.
له په‌یامه‌که‌یدا بۆ موسوڵمانان، ده‌یڤید کامیرۆن، له‌و قسانه‌ی که بۆی نوسرابووه‌وه، درێژه‌ی پێداو وتی: جیهان ده‌توانێت توندڕه‌وه‌کان ببه‌زێنێت، ئه‌وان دووژمنێکی خه‌ته‌رناکن…..جیهان ده‌توانێت ڕه‌تی ئه‌و هه‌ڵبژێره ( ئیختیاره) بکاته‌وه که یا دیکتاتۆریه‌ت یا توندڕه‌وێتی……. دوای ئه‌وه هات به شان‌و باڵی ئه‌نده‌نوسیا که گه‌وره‌ترین وڵاتی ئیسلامییه، دوای ڕوخانی ڕژێمی سوهارتۆ له ساڵی 1998 دا چۆن ڕێگه‌ی خۆی گرتوه‌و بوه‌ته مایه‌ی به‌خشینی ئیلهام که وڵاتان ده‌توانن چاوی لێبکه‌ن. له موحازه‌ره‌که‌ی که هه‌ر له‌وێ بۆ قوتابیانی زانکۆی ئه‌زهه‌ری، دا، وتی ” ئه‌وه‌ی که ئێوه لیره ده‌یکه‌ن زۆر گرنگه ، چونکه دڵ و گیان ده‌دات به‌وانی تر له جیهاندا که به هه‌مان خه‌بات و تێکۆشانه‌وه مه‌شغوڵن”.
ئه‌مه جگه له هێڕشێکی زۆر گه‌وره دژی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆکی سوریا، که چ دیکتاتۆرێکه ، چۆن ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتوه‌و دوژمنی دیمۆکراسسییه. کامیرۆن له‌م سه‌فه‌ره‌یدا، ده‌رئه‌نجامی قسه‌کانی ئه‌وه بوو که که پێناسه‌ی 4 گروپی کرد، که ئه‌و باوه‌ڕی وایه بڕیار‌و په‌یامی ئه‌مان بۆ به‌زاندنی دیمۆکراسییه:
یه‌که‌میان: Authoritarian Leaders ، سه‌رانی ده‌سه‌ڵات، سه‌رانێک که ده‌ست به ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌گرن:
له‌م نموونهیهیدا کامیرۆن په‌نجه بۆ قه‌زافی و ئه‌سه‌دو موباره‌ک و بن عه‌لی ، ڕاده‌کێشێت که چۆن ئه‌مانه له‌ژێر ناوی پاراستنی ئاسایش و سهقامگیرێتی وڵاته‌کانیانا ئاماده نه‌بوون ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات ببن تاکو خهڵکهکانیا لێیان ورووژان و هه‌ڵسانه سه‌رپێ لێیان.
که‌س نکوڵی له‌وه ناکات که ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه ڕاسته، به‌ڵام با ته‌ماشایه‌کی هه‌موو ڕژێمه دیمۆکراسیه‌کانی سه‌رجه‌می ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکاو وڵاتانی سکه‌ندناڤیا، هه‌تا هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئیسرائیل و که‌نه‌داو ئۆسترالیا‌و هیندستان و پاکستان و عێراقی نوێی دیمۆکراسی و زۆربه‌ی زۆری شوێنه‌کانی تر که له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا چه‌پ جێگا به ڕاست ، یا موحافیزکار به پارته له‌یبه‌ره‌کان ( کرێکاران) یا سۆشیال دیمۆکراته‌کان، لیبراڵ به‌وانی تریان، چۆڵده‌کات ، یا حوکمی به‌ره‌یی ئێستای بریتانیای لیبراڵ دیمۆکرات و موحافزین ( تۆری) ، چی له مه‌سه‌له ئه‌ساسییه‌کان گۆڕیوه؟ ئاده‌ی با که‌سێک پێمان بڵێت چ كێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی لابه‌لا کراوته‌وه هه‌ر له به‌تاڵه وه تا قه‌یرانی خانووبه‌ره، گرانی هه‌موو پێداویستیه‌کانی ژیان، ئه‌ی ئازادییه‌کان له ههڵکشانان یا له داشکانان؟.
کامیرۆن خۆشی له هه‌ر هه‌موومان باشتر ده‌زانێت که لێره‌ش هه‌ر یه‌ک ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌و هه‌ر ئه‌ویش حوکم ده‌کات که ئه‌ویش پێکهاته‌یه‌که یا تێکه‌ڵه‌یه‌که له بانکه‌کان و سوپه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و کۆمپانیا گه‌وره‌کان و ده‌سگه جاسوسیه‌کان و پۆلیس و بزنسمانه گه‌وره‌کان . ئه‌مانه‌ن که ده‌سه‌ڵاتداری حه‌قیقی وڵاته‌که‌ن نه‌ک ئه‌ندامه‌کانی په‌ڕله‌مان، که ئه‌مانه‌ش هیچیان نه به پرۆسه‌ی دیمۆکراسیانهدا ده‌ڕۆن نه له هیچ ڕژێمێکی دیمۆکراتی ئه‌م وڵاتانه‌شدا به هه‌ڵبژاردن گه‌یشتونه‌ته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که هه‌یانه. هه‌ر بۆیه‌ش پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن شتێک نییه جگه له خۆڵ کردنه چاوی خه‌ڵکی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندیان، نه‌بێت. هه‌تا گریمان ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌ن، خۆ له یه‌ک بڕیاریاندا له سه‌ر هه‌ر کێشيهک بێت ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌وانه‌ی که هه‌ڵیانبژاردوون، به‌ڵکو خۆیان پاش چه‌ند دانیشتنێک به‌ده‌نگدانی نێوانی خۆیان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن و ده‌یکه‌نه یاسا. به‌داخه‌وه‌م که ده‌بێت بۆ جارێکی تریش ئه‌و قسه به‌هاداره دووباره بکه‌مه‌وه که ده‌ڵێت ” گه‌ر هه‌ڵبژاردن شتێکی بگۆڕێیایه، ده‌مێک بوو قه‌ده‌غه کرابوو”. بێگومان ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که خۆزگه به‌وه‌ی تریان بخۆیین، به‌ڵام ئه‌مه حه‌قیقه‌تێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌و به‌چاوی خۆمان ده‌یان بینین.
ئه‌ی هه‌ر ئه‌مان نین که ده‌یانه‌وێت شه‌پۆلی خۆپیشاندانه‌کان کهمکهنهوهو ده‌نگی ناڕه‌زاییکه‌ران کپ بکه‌نه‌وه، هه‌ر پۆلیسی ئه‌مان نه‌بوو خه‌ڵکی بێ‌تاوانیان له خۆپیشانداندا کوشت و خه‌ڵکی تریشیان به سه‌ختی بریندار کرد، هه‌ر ئه‌مان نین که ده‌یانه‌وێت ته‌نانه‌ت ئه‌و نوزه نوزه‌ش که له سه‌ندیکال و سه‌ندیکالیسته‌کانه‌وه دێت ببڕن ، ئه‌و تاک تاکه مانگرتنانه‌ش که به ده‌گمه‌ن و به پچڕبچڕی رووده‌دات ، نه‌هێڵن ؟!!! ئه‌مه له‌کاتێکدا ئه‌مان هاندهرو کۆمه‌ککه‌ری سه‌ره‌کی بوون به خۆپیشاندانه‌کانی لیبیا‌و تونس و سوریا. به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا ورته‌یان لێوه نه‌هات له‌و کوشتن و بڕینه‌ی که ده‌سه‌ڵات له به‌حره‌ین کردی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران. بانێکه‌و دوو هه‌وا.
خۆ له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شیان به پارتی تۆری و له‌یبه‌ریشه‌وه وه‌کو سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تیان و هێڵی حیزبی‌یان به به‌رده‌وامی پشتگیری ڕژێمه کۆنه‌په‌رسته‌کان و دیکتاتۆرییه‌کانیان کردوه . هه‌ر دوور نه‌ڕۆین: هه‌ڵوێستیان له ڕژێمی ئه‌میرو شایه‌کانی وڵاتانی که‌نداو، کاتی خۆی و سه‌دام و شای ئێران ، پینۆشێت و مارکۆسی فلیپینی و ڕژێمی پێشینه‌ی ئهندهنوسیاو کۆنگۆو ڕه‌گه‌زپه‌رستی خواروی ئه‌فریقاو گه‌لێکی تر چ له وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتینی و ئه‌فریقاو خواروی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا . ئه‌مانه ته‌نها چه‌ند نموونه‌یه‌کی زۆر که‌من و به‌یادی خوێنه‌ری به‌ڕێزیان ده‌هێنمه‌وه.
دووهه‌م: Corrupt elites ، نوخبه گه‌نده‌ڵه‌کان:
له‌مه‌شیاندا کامیرۆن سه‌رنجی گوێگرانی په‌یامه‌که‌ی به وڵاتی تونس ڕاکێشا، که چۆن فه‌رمانبه‌رێکی تونسی وای له میوه‌و سه‌وزه فرۆشێكی وه‌کو موحه‌مه‌د بووئهزیز کرد تا ئاگر له خۆی به‌رداو خۆی بکاته قه‌ره‌بروت. وتی” گه‌نده‌ڵی به‌شداریکردن له ئابوری و سیاسه‌تدا له‌گه‌ڵ هاووڵاتی بووندا، ڕه‌تده‌کاته‌وه، هه‌روه‌ها له ئیش و کار و هه‌بوونی ده‌نگدا که خه‌ڵکی ده‌یه‌وێت. له‌وه‌ش خراپتر قه‌شمه‌رجاڕی و توڕه‌یی بره‌و پێده‌دات”
له ڕاستیدا کامیرۆن ئه‌وه فه‌رامۆش ده‌کات که گه‌نده‌ڵی له وڵاته‌که‌ی ئه‌وه‌وه په‌خش بووه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش ، ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌شی که کۆڵۆنی بریتانیا بوون تا ئێستاش له هه‌ندێکیاندا وه‌کو عێراق و هیندو کینیاو غاناو نایجیریاو میسری پێشوو هتد تا بینه‌قاقه‌یان له گه‌نده‌ڵیدا، چه‌قیوه. گه‌نده‌ڵی له بریتانیادا پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامه و له هه‌ندێک بواردا سه‌رتاپای ده‌سگه مه‌ده‌نی و به‌شێک له پۆلیس و سیخوڕه‌کانی خودی خۆی گرتۆته‌وه. هه‌ر ماوه‌یه‌کی که‌م لهمهوپێش بوو که چه‌ند ئه‌فسه‌رێکی پله به‌رزی پۆلیس به هۆی دهستتێکهڵاوکردنیانهوه له‌گه‌ڵ میدیا ئیمپراتۆره‌که‌ی ڕوپه‌رت مه‌ردۆخدا که‌وتنه به‌ر لێکؤڵینه‌وه که تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. ئه‌مانه له‌گه‌ڵ سه‌رنوسه‌ری هه‌ندێک له ڕۆژنامه‌کانی میدیاکه‌ی مه‌ردۆخدا ده‌ستیان تێکه‌ڵ کردبوو تاکو نهێنی و ڕیکۆردی شه‌خسی هه‌ندێک له که‌سایه‌تییه جیاجیاکانی بریتانیا بده‌ن به میدیاکه‌ی مه‌ردۆخ و ئه‌وانیش یا چاودێرییان بکه‌ن یا چیرۆک و نهێنیه‌کانیان له ڕۆژنامه‌کانیاندا بۆ ڕاکێشانی خوێنه‌ر، بۆ په‌یداکردنی قازانجی زیاتر، بڵاوبکه‌نه‌وه. له سه‌رده‌می حوکمی له‌یبه‌ریشدا که گۆردن براون سه‌ره‌ک شالیاران بوو، پۆلیس ئه‌و زانیاریانه‌ی که هه‌یان بوو له‌سه‌ر حسابی بانقی گۆردن براون و ڕیکۆردی خه‌سته‌خانه‌ی کچه نه‌خۆشه‌که‌ی و هه‌ندێک شتی تریش ، دابویانه هه‌مان میدیا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که پێشتریش ده‌رکه‌وت که پۆلیس چۆن ئه‌و ده‌یتاو ڕیکۆرده‌ی که سه‌باره‌ت به سه‌ندیکالیست و قوتابییه چالاکه‌کان ، که له خۆپیشاندان و مانگرتن و کردنی چالاکی ڕاسته‌خۆدا ، چالاکن و به‌شداری ده‌که‌ن، فرۆشتبویانه‌وه به هه‌ندێک کۆمپانیاو خاوه‌نئیش.ا
ئه‌ی ئه‌و هه‌موو میواندارێتی و خوان دروستکردنه چییه که شه‌خسی کامیرۆن و وه‌زیری داراییه‌که‌یی و ئه‌مینداری دارایی پارته‌که‌ی کردویانه‌و ده‌یکه‌ن بۆ سه‌رۆکی کۆمپانیا گه‌وره‌کان و بزنسمانه گه‌وره‌کان – له وتارێکی تردا به درێژی له سه‌ر ئه‌مه‌و سیسته‌می کۆمه‌کی یاسایی ده‌نوسم- بۆ په‌یداکردنی پاره بۆ پارته‌که‌یان له به‌رامبه‌ر هه‌بوونی ئیمتازو داشکانی باج له‌سه‌ریان. هه‌ر له‌م دوو سێ ڕۆژه‌ی پێشودا بوو که ده‌رکه‌وت سه‌رۆکی کۆمپانیای ته‌کسییه‌کانی له‌نده‌ن،John Griffin ، ده‌یه‌وێت که ته‌کسییه‌کانیان مافی به‌کارهێنانی ئه‌و به‌شه‌ی شه‌قامه‌که‌ی هه‌بێت که هه‌ر بۆ ڕۆیشتنی پاس ته‌رخانکراوه، ناڕه‌زایی دژی بڕیاری شالیاری هۆیه‌کانی هاتووچۆ ده‌ربڕی، سه‌رئه‌نجام ئه‌ویش بڕیاریدا که بیبینێت، که‌چی میدیا ده‌ریخست ، ئه‌و کۆمپانیایه 250 هه‌زار پاوه‌ندیان به پارتی تۆری، پارتی ده‌سه‌ڵاتدار، به‌خشیوه.
گه‌نده‌ڵی به ڕاده‌یه‌ک بڵاوو کۆمۆنه ته‌نانه‌ت له‌م مانگانه‌ی پێشوودا ده‌رکه‌وت که سه‌رۆکی دائیره‌ی داهاتی باجی بریتانی،The Inland Revenue ، له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له سوپه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده‌کاندا، له سه‌ر داهاتی ساڵانی ڕابوردوویان که هێشتا باجیان لێنه‌داوه، ڕێککه‌وتبوو، تاکو له‌وه که‌متر باج بده‌ن که ده‌بێت بیده‌ن، دوای ئه‌وه‌ش بۆی کردبوونه قیست. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی 3 ساڵ لهمهوپێش ده‌رکه‌وت که گه‌نده‌ڵی گه‌یشتۆته ناو دڵی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته دیمۆکراسییه‌که‌ی که په‌ڕله‌مان بوو ، ئاشکرا بوو گه‌لێک له ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان له گه‌نده‌ڵییه‌وه ئاڵابوون که هه‌تا دوانیان دادگایی‌کران . ئه‌مه نه‌ك له سه‌رده‌می حوکمی کامیرۆندا به‌ڵکو له سه‌رده‌می حوکمی له‌یبه‌ریشدا که تۆنی بلێر و گۆردن براون سه‌رۆک وه‌زیران بوون. من لێره‌دا نامه‌وێت بچمه ورده‌کاری تره‌وه چونکه 3 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وتارێکم له‌ژێر ناوی: گه‌نده‌ڵی به ته‌نها خه‌سڵه‌تی ڕژێمی دیکتاتۆری نییه، بڵاو کرده‌وه. ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که جێگای داخه که گه‌نده‌ڵێک یا دیکتاتۆرێکی وه‌کو کامیرۆن له وڵاتێکه‌وه که ته‌نانه‌ت بناغه‌ی بینای په‌ڕله‌مانه‌که‌ی به پاره‌ی گه‌نده‌ڵی و ڕاووڕوت و تاڵانی گه‌لانی وڵاتانی کۆڵۆنیکراو، داڕێژراوه‌و دروستکراوه، ئێستا موحازه‌ره ده‌دات له دژی گه‌نده‌ڵی و وانه‌ی ده‌ستپاکی و مۆڕاڵ و دیمۆکراسیه‌ت به خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه ده‌ڵێته‌وه.
www.facebook.com/anarkistan.net ***** sekoy-anarkistani-kurdiy-zman@riseup.net ***** https://i-f-a.org