هاوار
چەند مانگ لەمەوپێش چ لەلایەن خودی نیئۆنازییەکانەوە، چ لەلایەن دژە نازییەکانەوە، لە شاری کۆڵن و دەوروبەری هەواڵی مارشی نازییەکان بەناو ئەم شارەدا و «کەمپەینی دژەفاشیستی» چەپ و مرۆڤدۆستەکان، لەناویاندا ڕێکخراوی «هیچ کەس نافەرمی نییە»، «ئەنتی فا–ئەنتی فاشیستەکان»، «ئەنارکۆسەندیکالیستەکان»، زۆر ڕێکخراو و کۆمەڵەی دیکە، کە چەند ساڵە چالاکانە دژی هەوڵە شاراوە و فریوکارییەکانی ڕێکخراوەکانی «پڕۆ کۆڵن Pro Köln و پڕۆ نۆرد ڕاین ڤێستفالن Pro NRW»، لە ژێر نێوی دژایەتی کردنەوەی مزگەوت و مافی ژنان و ماف و سەربەستیدا، خۆیان جەماوەری دەکەنەوە، ئەم ساڵێش بە هەمان شێوەی سالانی ڕابووردوو هەژماری خودی پەنابەران و کۆچەران لە خۆپیشاندانە دژە فاشیستییەکاندا کەم و بەرچاو نەبوو.
وەك پێشتر پلانی مارشی نیئۆنازییەکان ئاشکرابوو، ئازادیخوازان و سۆشیالیستەکان و مرۆڤدۆستەکانی ئەو شارە و هەرێمەکە، کەوتنە خۆ تاوەکو ڕێگە سەرەکییەکان بگرن و نیئۆنازییەکان لەیەکتر داببڕن، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵدرا هێڵی شەمەندەفەری نێوان شاری کۆڵن و چەند شوێنێکی دیکە بە دانیشتن دابخرێت و هاوکات لە ناوەندی شاردا جەماوەر هەڵخرێنرێت و فشار بخرێتە سەر هێزەکانی پۆلیس و مارشەکە کەم کارا یا بەری پێ بگیردرێت. لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەدا چ لە شوێنی دیاریکراوی کۆبوونەوەی مارشی نیئۆنازییەکان، زۆربەی کات پۆلیس هەوڵی تەنگەتاوکردنی نارازییانی دەدا و دەیویست بیانوویەك بۆ هێڕشکردنە سەر دژە–نازییەکان بەدەستبهێنێت و چەند چالاکی دژە فاشیستی دەستگیر کرد و فڕاند، هاوکات لە (ویستگەی ئۆپلادن Opladen) کە نزیکەی 100 کەسێکی دژە –فاشیست هەردوو هێلەکانی شەمەندەفەریان داگیرکردبوو، لەلایەن پۆلیسەوە تا ئێوارەیەکی درەنگ ڕێگەی ڕۆشتنیان لێگرا و لەبەرامبەردا لە زۆر شوێن نازییەکانیان دەپاراست و سواری ئوتوبوس و شەمەندەفەر دەکران تا بە ئاسانی بگەنە شوێنی دیاریکراوی مارشەکەیان. لە گشتی شایانی باستر، ئەوەیە زۆربەی ئەندامانی پارتە چەپەکان و کۆمونیستەکانی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە (راین پارك Rhein Park) کە چەند سەد میترێك لە خاڵی دەستپێکی مارشی نیئۆنازییەکانەوە دوورە، یا لە پارکەکانی دیکەی شاری کۆڵن دا خەرکی گۆشتبرژاندن بوون یا خەریکی کاری ڕەش و باوێسکدان بوون بەدیار کاناڵەکانی ماسمیدیای وڵاتانییانەوە!
وەك سالانی رابوردوو، وێرانی بانگهێشتکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئاگاداری لەمەڕ کۆبوونەوەکانی خۆئامادەکردن و هەڵخراندن دژی–نازییەکان، کە مەترسی سەرەکییەکان لە پێش هەمووانە بۆ سەر پەنابەران و کۆچەرانە، کەچی ئامادەیی و هاریکاری پەنابەران و کۆچەران بەرچاو نەبوو. هەڵبەتە هۆی ئامادەنەبوون و هاریکارینەکردنی هێزە ئیسلامییەکان و تاکە پەڕگیرە مەزهەبییەکان، لە بەرەی دژە–فاشیستەکاندا ئاشکرایە، ئەویش ئەوەیە، کە لەلایەك ئیسلامییەکان لە بەرامبەر دەسەلاتداری یەهوودییەکاندا، هەم لە رابوردوو و هەم لە ئێستادا هاوسەنگەر و هاوبۆچوونی نازییەکان و نیئۆنازییەکان بوون و هەن، لەلایەکی دیکەوە هاوبیر و هاوبۆچوونی نیئۆنازییەکان، خۆیان لە سەنگەری دژە سۆشیالیست و ئازادیخوازەکاندا دەبیننەوە، هەرچەندە دروشمی سەرەکی و سیمبولە سەرەکییەکانی نیئۆنازییەکان (پڕۆ کۆڵن و پڕۆ NRW) هێڵکێشان و قەدەخەکردنی مزگەوت و پۆشاکی ئیسلامی و مرۆڤە نا ئاڵمانییەکانن، بەڵام هاوکات تەواوگەری یەکترن و دژایەتی نازییەکان بۆ پەنابەران، گیان بەبەری ناسیونالیزم و فەندەمالیزمی ئیسلامی دەکات و بەپێچەوانەوەشەوە، هەڵخراندن و گۆشەگیرکردنی پەنابەران و کۆچەران لە مزگەوت و کۆڕ و کۆمەڵە مەزهەبییەکاندا، کە لەم هەرێمەدا ژمارەی ڕێکخراوە ئیسلامییەکان 34 ڕێکخراو و ناوەندی فەرمی و ناسراون، خزمەت بە قەرەبالخبوونی کۆڕ و کۆمەڵی نیئۆنازییەکان دەکات!
بەڵام ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنج و قسەوباسە، هەڵویستی پارتە چەپ و کۆمونیستەکانی ئێران و عیراق و تورکیە یە، کە وەك بڵێی لەو شار و وڵاتەدا نین و ناژین و ڕۆژانە دەرگیری سووکایەتی و هەڕەشە و تەنگەتاوی نیئۆنازییەکان نابنەوە! هەرچەندە ئەوان بڕوبیانووی وەك بەرگری نەکردن لە مزگەوت و ئیسلام و چی و چی دەهیننەوە، بەڵام راستی پرسەکە ئەوە نییە و پێش ئەوەی پووچی ئەو پاگەندەیان بخرێتە ڕوو، پێویستە، خۆدوورگرتن و تێکەڵنەبوونیان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەك «دژی ڕامیاری دەستلێگرتنەوەی ئابووری (تقشف)»، «بزاڤی دژە وزەی ئەتۆمی» و زۆر پرسی دیکەی ناو شار و کۆمیونیتییەکان و کۆمەڵگەیەك کە تێدا دەژین، وەك بەڵگە نیشان بدرێت و بکێشرێنە پای وەڵام بە نادەربەستی و تێکەڵنەبوون و پاسیڤبوونیان بدەنەوە.
وەڵام، هەرێمی (نۆرد ڕاین ڤێستفالن NRW)، کە گەورەترین هەرێمی وڵاتی ئاڵمانە لەڕووی سەرژمێری دانیشتوانییەوە، هەژماری پەنابەران و کۆچبەران (بیانیان) تیایدا نزیکەی 10% ەو لەناو ئەوانەشدا هەژماری پەنابەران و کۆچبەرانێك کە ئایینیان، ئیسلام تۆمار کراوە (2.8%)، کە هەژماریان دەکاتە کەمتر لە 01%ی هەموو بەناو ئیسلامییەکان و ئەم هەژمارە، ژمارەی ئەو چەپ و کۆمونیستانەش دەگرێتەوە، کە لەبەر هەر هۆیەك بووە، خۆیان بە بێ ئایین نەناساندووە، ئەمە بێجگە لەوەی کە هەژماری ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی کە نە نوێژ دەکەن و نە سەردانی مزگەوت دەکەن و نە پەیڕەوی دەستوورەکانی ئیسلام دەکەن، دەگرێتەوە. بەم جۆرە دەبینین، ئەگەر بێت و پارتێکی ئیسلامی لەم هەرێمەدا دروست ببێت و مافی یاسایی بەشداری هەڵبژاردن وەربگڕێت، زۆربەی پەنابەران و کۆچبەرانی ئایین ئیسلامیش دەنگی پێ بدەن، ئەوا بەپێی یاسای خۆهەڵبژاردن و دەنگهێنان و چوونەوە پارلەمانە هەرێمیی یا ولاتیی ئاڵمان، هێشتاکە ناتوانێت بچێتە پارلەمان، چ جای ئەوەی بتوانێت کارایی لەسەر گؤرینی یاسا دابنێت یا زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت، کە بتوانیت مەترسی سەرهەلدانی دەوڵەتێکی ئیسلامی دروست بکات.
خۆ ئەگەر هەژماری هەموو موسولمانەکان یا بەنێو موسوڵمانەکان لە سەرتاسەری ئاڵماندا لەبەرچاو بگرین، ئەوا بەپێی ئامارەکان، کە 40 ساڵ لەمەوبەرەوە خەڵکانی ئایین ئیسلام وەك کرێکار و پاشان وەك پەنابەر و کۆچەر ڕوویان لەو هەرێمە ناوە و لە سەرتاسەری ئاڵماندا چوار(4) ملیۆن کەسی بەنێو موسوڵمان دەژێن و لەناو ئەو هەژمارەدا تەنیا 34،700 کەس گومانی ئیسلامیبوونیان لێدەکرێت، کە تەنیا چاوەڕوانی دەنگدان بە پارتێکی ئیسلامی لە وەها کەسانێك دەکرێت و ئەو کەسانەش ڕێژەیان 01%ی هەژماری گشتی موسوڵمان و بەنێو موسوڵمانەکانە.
ئایا لەوە پۆچتر هەیە، کە پاگەندەی ئەوە بکەی، خۆپیشاندانی دژە–فاشیست، بە قازانجی هێزە ئیسلامییەکان تەواو دەبێت؟
بەڵام، لە کاتێکدا کە لەناو هەژماری 18 ملیۆنی ئەو هەرێمەدا تەنیا 1،8 ملیۆن نائاڵمانن و 16،2 ملیۆنی ئاڵمانین و ڕێژەی ئاینداری مەسیحی 72% و ڕێژەی بێکاری لەو هەرێمەدا 3.5 لەم ساتەدا و لە سەرتاسەری ئەوروپادا ڕێژەی دەنگدان و ئەندامبوون لەناو پارت و ڕێکخراوە نیئۆنازییەکان لە زیادبووندایە و وڵاتی ئاڵمان بەپێی زەمینەی ئامادەی ڕابوردووی لە هەر ولاتێکی دیکەی ئەوروپا مەترسی هێزگرتن و دەسەڵاتبردنەوەیان لێ دەکرێت. ئەمە بێجگە لە زەمینە گشتییەکانی دیکەی زیادبوونی دەنگ و تەشەنەی ئاراستە و ڕامیاریی دژە بیانی و پان نەتەوەیی، کە زیادبوونی ڕێژەی بێکاری بە هۆی ئۆتۆمایزەبوونی شوێنەکانی کار و گواستنەوەی کارخانە و سەرمایەکان بۆ ولاتانی کرێ و خەرج کەم و هەرزان و دابەزینی مووچە و بڕینی بیمە و خزمەتگوزارییە کۆمەلایەتیی و دەرمانییەکان و بەرتەسکردنەوەی بواری چالاکی سەندیکایی و ڕێگری لە ئەندامبوون، بوونەتە هۆی هانابردنی تاکە ناهوشیارەکانی ئەو کۆمەڵگایانە بۆ هێزە نیئۆنازیستەکان، دەبین مەترسی هێزگرتن و کارایی دانانی نیئۆنازییەکان لەسەر دەنگی تاکی بێدەرەتان و ناهوشیار و چوونە پارلەمان و توانانی گۆڕینی یاسا و بەندەکان لە ئاییندەدا، نەك گەورەترە، تەنانەت دەتوانێت مەترسیش بێت بۆ سەر دەسەڵات و کورسی پارتە سوونەتییەکانی ناو دەسەلات و دەرەوەی.
لە وەها بارێکدا دەکرێت ئاغایانی پارتە چەپ و کۆمونیستەکانی ناو پەنابەران و کۆچەران، هۆی بێدەنگەکردن و دووری گرتن و نادەربەستییان، بخەنەڕوو؟
ئایا ئەمە نابێتە هۆی دووبارەبوونەوەی ئەو تراجیدییەی کە «پەلاماری جوولەکەکانیان دا، چونکە جوولەکە نەبووم، دەنگم نەکرد، کە پەلاماری سۆشیالیستەکانیان دا، چونکە سۆشیالیست نەبووم، دەنگم نەکرد، کە پەلاماری سەندیکالیستەکانیان دا، چونکە سەندیکایی نەبووم، دەنگم نەکرد، کاتێك کە پەلاماری خۆمیان دا، کەس لەبەرامبەردا دەنگی هەڵنەبڕی»؟
بەڵام ئەم بێهەڵوێستییە، تەنیا هاوسەنگەری هەندێك لە چەپەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەتەك نیئۆنازییەکان بەرامبەر ئیسلامییەکان نییە، بەڵکو هۆکاری دیکەی بە دواوەیە، کە چەپەکان هەردەم وەك دوکاندارێکی قازانپەرست، لە دوو و هەوڵی قۆستنەوەی بزووتنەوەگەلێکەوەن، کە دەتوانن سەرمایەگوزاری رامیارییان لەسەر بکەن، وەك دیارە و دەزانین، دەمێکە لەناو پەنابەران و کۆچبەراندا ئەو هەلەیان لەدەستچووە ، ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەوان وەك هێزی ناسیونالیستی ئێرانی، عیراقی و تورکی و کوردی کارییان کردووە و دەکەن و گارەگاری ئینتەرناسیونالیستی و هاوپشتییان تەنیا بۆ سوودوەرگرتنە لە هێزی ئازادیخواز و سۆشیالیستی وڵاتانی ئەوروپی بۆ پڕکردنی کاسەی پارتەکانیان و مسۆگەرکردنی پەنابەری بۆ سەرکردەکانیان و دەستراگەیشتنیانە بە کۆمەكی تاکی ئەوروپیی بۆ پلانە پارتییەکانیان. لە پاڵ ئەوانەشدا راستییەکی دیکە چاوشاركێ دەکات، کە ناکامی و بێسوودی هەوڵی دەسەلاتخوازی و هەوڵی بەدەسەڵاتگەیشتنی ئەو پارتانەیە و لەناو ناوەندی پەنابەران و کۆچبەراندا کە بوونەتە بەشێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان و هەر ڕۆژە ڕووبەڕووی هەڕەشەی نیئۆنازییەکان دەبنەوە، نە هیوای بەدەسەلاتگەیشتن لە وڵاتانی خۆیان و لە وڵاتانی ئەوروپیدالە سایەی ئەواندا نابینن، بۆیە نایانەوێت و ئامادەش نین، لەوێدا سەرمایەگوزاری رامیاریی بکەن و هیچ بۆیان گرنگ نییە، کرێکارێکی کۆچەر چەندە ڕووبەڕووی ڕاسیزم و سووکایەتی و دژاوەری دەبێتەوە و چەندە لە ماف و خواستە کۆمەڵایەتییەکانی ببەش دەبێت، ئەمە بێجگە لەوەی هیچ گرفتێکیان لە چەرمەسەری هاوچینە (پاگەندەییەکانیان) نییە و ئەگەر لە هەر گەڕێکی ئەوروپا هیتلەرێکی تێدا دروست ببێت، ئەوان هەر لە خەم و هەوڵی داڕشتنی نەخشەی چۆنیەتی بەدەستهێنانی دەسەلات و ئاخایەتی پڕۆلیتارەکانی ولاتەکانیانن.
ئەگەر بە وردی سەرنجی پاگەندە و راگەیاندنی ئەو پارتانە لە ساڵانی ڕابوردوودا بەتایبەت لە پاش ڕووداوە ناڕۆشن و گوماناوییەکەی 11ی سێپتەمبەر، دەبینین زۆر بە ئەستەم دەتوانێت پەردە و سنوور لەنێوان هەوڵ و پاگەندەکانی ماسمیدیای خۆراوا و ئەو پارتانە وەك بەرەی دژی ئیسلامی ببینین. هاوکاتیش زوڕنایان بۆ بەهەشتبوونی وڵاتانی ئەوروپا و مرۆییبوونی سیستەمە بورجوازییەکەیان لێداوە و ئەمەش بە ئاشکرا لە پاگەندەی ڕێکخراوە بەنێو «پەنابەری و ژنانی و کۆنە–ئیسلامی»یەکانیاندا بەدی دەکرێت و قسەگەرانی ئەو رێکخراوانە ئەوەندەی خۆشباوەڕی بە سیستەمە نامرۆییەکانی خۆراوا دروست دەکەن، ئەوەندە خۆیان بەپرسی ئەو توێژانەوە خەریک نەکردووە، کە پاگەندەی نوێنەرایەتییان دەکەن،
ئایا ئەم هەڵوێستگیرییە هەڵپەرستانەیە لە ولاتانی خۆراوا بەرامبەر نئیۆنازییەکان، بەشێك نییە لەو ڕامیارییەی کە ئەو پارتانە لە عیراق و ئێران و تورکییە دا، بە زاقکردنەوەی دژایەتی ئیسلامیزم، خۆیان لە نێوهێنانی سەرمایەداری و تایبەتیکردنەوەی کەرتە گشتییەکان و ڕامیارییەکانی نیئۆلیبرالیزم لەو ولاتانەدا دەدزنەوە؟
