زاهیر باهیر– له‌نده‌ن
10.04.2011
بەشی یەکەم
كێشه كۆمەڵایەتییەكان به‌هەمووو چه‌شنه‌كانییه‌وه جگه له كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌گه‌ڕینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌سه‌ڵاتی كوردی (میری هه‌رێم ) به نه‌بوونی نان و ئاو و موچه و كاره‌با و نه‌وت و گاز و به‌نزین و سه‌رجه‌می پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانی تری ژیان له پاڵ دروستكردنی شه‌ڕی ناوخۆ و به‌كوشتدانی گه‌نجان و لاوانی كوردوستان له كێشمەكێشی نێوانی دوو هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستاندا له‌سه‌ر مۆنۆپۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات و داهاتی كوردوستان .
ئه‌مه بناخەیه‌كی بۆ دروستبوونی گه‌نده‌ڵی دانا و دواتریش دوای ڕوخانی سه‌دام حوسه‌ین له ساڵی 2003دا، هاتنی ئه‌مریكییه‌كان، كه بوا‌رێكی له‌باری بۆ هاتنی پاره‌یه‌كی مشه‌وماڵ و موڵكیه‌تییەكی به‌لاشی بێ‌سنوور و به‌خشینه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه و تاڵانی كردنی ئه‌و ماڵاته، گه‌نده‌ڵی كێشه كۆمەڵایەتییەكانی تری به‌جێهێشت و خۆی خسته سه‌ری سه‌ره‌ه‌وه‌ی لیستی داخوازییه‌كان.
هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كرد، كه بوا‌رێكی له‌بار دروست بكات بۆ دروستبوونی گروپ و ڕێكخراو و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و قۆستنه‌وه و ئیحتیواكردنی ناڕه‌زایی مه‌وجودی خه‌ڵك، هه‌روه‌ها گه‌وره‌بوونی قه‌باره‌ی پارته‌كانی تری وەكو ئیسلامی و كۆمونیست و چه‌پ و سوشیالیست و كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه. ئیدی كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی سه‌ری كێشه‌كانی تری خوارد و ئه‌م بوو به كێشه‌ی سه‌ره‌كی و هەمووو ئه‌وانی تر بوون به كێشه‌ی ناسه‌ره‌كی و پاشكۆی ئه‌م، له هه‌مان كاتیش‌دا به‌رگی كێشه‌ی سیاسی كرا به به‌ردا و له پاشكۆی كێشه‌ی گه‌نده‌لییه‌وه ناوی له لیسته‌كه‌دا دانرا.
كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی، سیاسی تازه و كۆنه–سیاسییه‌كان و ڕۆشنبیره لیبراڵه‌كان و چه‌پ و كۆمونیسته‌كان و ئیسلامییه‌كان و زۆری تریشی خسته به‌ره‌یه‌كی یه‌ك لایه‌نی شوبهه ڕێكخراوه‌یه‌ك له دژی به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌رئه‌نجامیش به‌رنامه سیاسییه‌كان ورده ورده گۆڕان و سنووری ته‌سكی به ته‌نها به‌شداریكردنی په‌ڕله‌مانتاریانه و سووكه برابه‌شییه‌كه‌ی له سه‌ره‌وه‌ت و سامانی یه‌كێتی، كه داخوازی ئه‌م به‌ره تێكه‌ڵه‌یه بوو، فراوانتر كرد و ڕیكخراوتر كرد، دروشم و داخوازی ده‌ستكێشانه‌وه و وازهێنانی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی په‌ڕله‌مان و سه‌رۆكی شالیاران و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مانی، گرته ئه‌ستۆ.
جیاوازی نێوان ئه‌م دوو كێشه‌یه و هه‌ڵه‌ی تێكه‌ڵكردنیان
كێشه‌ی سیاسی و سیاسی‌بوون و سییاسه‌تكردن یانی هه‌یمه‌نەكردن و خستنه ژێر ڕكێف و پاشكۆكردنی هه‌رچه‌ندێك بتوانیت له خه‌ڵك بۆ ئەو مه‌به‌سته، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش پێویستی به تاكتیكی جیا جیا و حیله‌زانین و فێڵكردن و پاشقولدان و درۆوده‌له‌سه‌كردن و بۆیاخكردنی ڕووی ڕه‌شی خۆت و خۆپیشاندانی خۆت وه‌ك ئه‌كته‌رێك ، ته‌مسیلكردن، باسكردن له دروشمی زل و بریقه دار، داخوازی و داواكاری گه‌وره گه‌لێك گه‌وره، واته كورد وته‌نی نه‌وین له به‌ردی گه‌وره، لا‌ی ئه‌مان ئیدی گرنگ نییه بتوانیت بیهاوێژیت یا نه، گرنگ ئه‌وه‌یه جه‌ماوه‌رێكی زۆر له خۆت گرد بكه‌یته‌وه و گوێگری باشت هه‌بێت، كه چاوه‌ڕوانی ده‌م و وته‌ی تۆ بكه‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستت به گرتنەده‌ستی ده‌سه‌ڵاته، ده‌سه‌ڵات گرتنەده‌ستیش به گرتنەبه‌ری ڕێگا كۆنه‌كانی وه‌كو له‌شكركێشی و شه‌ڕی شاخ و پێشمه‌رگانه، كوشتنی ئه‌م و ئه‌و نا، به‌ڵكو به ڕیگا و ئوسوڵی مه‌ده‌نیانه‌ی كه‌مپه‌ینكردن بۆ هه‌ڵبژاردن، بۆ به‌شداریكردن له په‌ڕله‌مانی ئاینده‌دا. ئه‌م ڕێگایه‌ش كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی سه‌رده‌م قەبوڵیەتی و ناڕه‌زاییه‌كانیش هه‌رچی بن و له هه‌ر بوارێكدا بن، سه‌رئه‌نجامیان لابه‌لاكردنه‌وه‌كه‌یان لا‌ی ئه‌مان به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مانی وه‌ختی دێت و جێگرتنه‌وه‌ی به‌كه‌سانی تر و ده‌م و چاوانی تر، كه ده‌بنه كۆمه‌ڵێك یا توێژاڵێكی جیا له كۆمه‌ڵگا و هەمووو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه به‌خه‌ڵكیان داون، له‌بیریان ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه هه‌وای خۆیانه‌وه‌وه و كه‌سی دیكه ناناسن، هه‌وڵی سه‌ره‌كییان ده‌ستگرتنه به پایه و پله و پاره و موڵكانێك، كه له‌سه‌ر حسابی ئێمه په‌یدایان كردوه، زۆربه‌شیان وه‌كو ئینگلیز ده‌ڵێت ده‌بنه یه‌سمان (به‌ڵێكه‌ران).
جاروباریش نوكه‌یه‌ك ده‌كه‌ن، تاكو واژه‌ی هه‌بوون و زیندوویی خۆیان دووپات بكه‌نه‌وه بۆ به‌بیرهێنانه‌وه‌مان له سوڕی داهاتووی په‌ڕله‌مان.
جگه له‌مانه‌ش سیاسییه‌كان له‌سه‌ر بناخەی بیروباوه‌ڕ یه‌كده‌گرن و هه‌ڵوێستی سییاسیانه‌یان هه‌یه له كه‌سانی خۆیان و ده‌وروبه‌ریان و خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی خۆشیان. ئه‌م بوونی هه‌ڵوێستی سیاسییه له‌لای ئه‌مان زۆر گرنگه، وه‌فا و قیه‌م و ڕه‌وشت و ئیعتیبارات و دووری و نزیكی لا‌ی ئه‌مان به ئه‌نده‌ك وه‌رناگیرێت، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دوژمنی خوێنی خۆیانه، به‌یانی ده‌شێت بێته دۆستی گیانی به گیانیان، ئه‌وانه‌شی له ڕیز و سه‌نگه‌ری پێشی پێشه‌وه بوون، ده‌شێت به‌یانی ببنه پیاوخراپ و خیانه‌تكار، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، گه‌ر به زمانی ئه‌وان قسه نه‌كه‌یت و به مۆسیقای ئه‌وان هه‌ڵنه‌په‌ڕیت، ئیدی په‌راوێز خراویت و فه‌رامۆش كراویت. ئه‌وان خۆیان به گه‌وره و زانا و كارامه و حه‌لكه‌ری هەمووو گیروگرفته‌كان، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هەمووو پرسیاره‌كان، ده‌زانن.
هه‌رچی كێشه كۆمه‌ڵایه‌یه‌كانیشه، كێشه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی ناو كۆمه‌ڵگان، كه پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیانیانن، كه ڕۆژانه له‌تەکیاندا ده‌ژین و پێوه‌یانەوە ده‌ناڵێنن، ده‌زانن به گۆڕینی په‌ڕله‌مانته‌ره‌كان و دوموچاوه‌كان، گه‌ر گۆڕانكاریه‌كیش بكرێت، گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی نابێت له ژیانی ئه‌واندا، ئه‌وان ده‌زانن كێشه‌كانیان به هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانتار و سه‌رۆكی شالیاران و سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆكی په‌ڕله‌مان لابه‌لایی نابنه‌وه.
كێشه‌كانی ئه‌مان زیاتر كێشه‌ی ڕۆژانه‌ن له گه‌ڕه‌كه‌كان، هی گونده‌كان ، شارۆچكه و، شاره‌کانن. كێشه‌كان زیاتر مەحه‌لین وه‌ك له‌وه‌ی مه‌ركه‌زی بن، چونكه كێشه‌كانیان بریتین لە کەموکوڕی قوتابخانه، خه‌سته‌خانه، زانكۆ، ئاو و كاره‌با، به‌نزین و نه‌وت و گاز و ، گرانی زه‌وی و زار و سه‌رجه‌می پێداویستییه‌كانی ژیان و ، به‌رزی كرێی خانوو، كه‌می مووچه و كرێی كار و زێراب و ئاوی پاك، نه‌بوونی پارك و شوێنی یاری بۆ منداڵان، فه‌رامۆشكردنی ڕێگاوبان و گوند و شوێن و گه‌ڕه‌ك و كاره‌سات و ڕوداوی سه‌یاره و ئامرازەكانی گوستنه‌وه و كێشه‌ی ئاو و زه‌ویو زار له لادێكاندا و باشكردن و چاككردنی سه‌رجه‌می خزمه‌تگوزارییه‌كان، له سستی بەڕێوەچوونی كار و هه‌بوونی خه‌ڵكانی ناشایسته و ناكارامه له ده‌وائیره‌كانی ده‌وڵه‌تدا و هێنانی خواردن و خواردنه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌سه‌ر حسابی فه‌لاحه‌ت و زه‌راعه‌تی ناوخۆ، قوتكردنه‌وه‌ی سوپه‌رماركێتی گه‌وره كه سوود و قازانجێكی خه‌یاڵی ده‌گه‌یه‌نێته چه‌ند كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و كۆمپانیاكانیان به هێنانی خواردنی به‌ستوو و به‌سته‌ڵه‌كی و بریقه‌دا‌ر به مه‌وادی كیمیاوی ، كه قیمه‌ی غیزائی تێێدا نییه و هەمووو ئه‌مانه كارایی خراپ له‌سه‌ر ته‌ندروستی خه‌ڵكی داده نێن و له‌سه‌ر حسابی كشتوكاڵی خۆماڵی ده‌بن، یا ئوتێلی به‌رز به‌رز كه له قودره‌تی خه‌ڵكه ئاساییه‌كادا نییه نه‌ك هه‌ر تێیدا بحه‌وێته‌وه به‌ڵكو ناشتوانێت ناوه‌وه‌شی ببینێت، كه قه‌ره‌باڵغی و زه‌وزا و نائارامی و كێشه و ڕوداوی سه‌یاره دروستده‌كات. تا ده‌گاته كێشه‌ی ژینگه. ئه‌مانه بڕێكی كه‌من له كێشه‌كانی خه‌ڵكی ناو هەمووو كۆمه‌ڵگایه‌ك به كۆمه‌ڵگای كوردستانیشه‌وه، كه ئه‌م لیسته ده‌توانرێت درێژ بكرێته‌وه بۆ سه‌ده‌های تر. چونكه كێشه كۆمه‌ڵایەتییه‌كان ته‌واوبونیان نابێت و نییه تاكو بڕیاره‌كان و ده‌سه‌ڵات له خودی كه‌مایتییه‌كی ده‌سته‌بژێره‌وه نه‌كه‌ونه ده‌ستی هەموو خه‌ڵكه و بتوانن به هه‌ره‌وه‌زی ده‌نگیان له‌سه‌ر بده‌ن و كاریان بۆ بكه‌ن و كاریان پێ بكه‌ن.
پاوه‌ر و هێزی خه‌ڵكی له گه‌ڕه‌كێكدا له گوندێكدا كه گیروگرفتی قوتابخانه‌یان له هه‌ر باره‌یه‌كه‌وه هه‌بێت یا خه‌سته‌خانه‌یه‌كی بچووك له وێدا، به گۆڕینی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه یا كار گێڕان و فه‌رمانبه‌رانی خه‌سته‌خانه‌كه،– گه‌ر گیروگرفته‌كه ئه‌وه بێت– زۆر كاریگه‌رتره له ده‌نگدان بۆ ئه‌ندامێكی په‌ڕله‌مان. یا نه‌ڕۆیشتنی كاروباری ناوچه‌كه به هه‌بوونی مودیرناحیه‌یەك یا به‌ڕێوه‌به‌رێكی خراپی پۆلس ، گۆڕینی ئه‌وانه و خستنه ژێر چاودێری كه‌سه تازه‌كانه‌وه، گیروگرفته‌كان حه‌ل ده‌بن و بەبێ ئه‌وه‌ی باس له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بكه‌یت و یابته‌وێت خه‌ته‌ر له سه‌ر ئه‌وان دروست بكه‌یت، بكه‌ویته كێشمانكێشی سیاسی له‌گه‌ڵیاندا. یا گه‌ر كێشه‌ی شاره‌كه له‌گه‌ڵ یه‌كێك له به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌شێك له به‌شه‌كانی خزمه‌تگوزاریدا بێت، یا له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكیاندا، ده‌توانین به گۆڕینیان كێشه‌كانمان حه‌ل بكه‌ین، كه ده‌یانخه‌ینه ژێر فشاره‌وه. دیسانه‌وه لێره‌شدا ده‌توانم به ده‌یه‌ها نمونه‌ی تر بێنمه‌وه له‌م كێشانه كه ده‌توانین حه‌لیان بكه‌ین، بێئه‌وه‌ی بگه‌ینه لا‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مان یا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان و ده‌ستكێشانه‌وه‌ی ئه‌م و ئه‌و بكه‌ین.
به‌ڵام كاتێك كه كێشه كۆمەڵایەتییەكان به‌كێشه سیاسییه‌كانه‌وه په‌یوه‌ست كران، كاتێك كه بانگهێشه‌ی خه‌ڵكی كرا به‌وه‌ی گوایه كێشه‌كانیان به‌ستراون به په‌ڕله‌مانه‌وه، ده‌بێت من و عه‌مرو زه‌ید هه‌ڵبژێرن، تاكو چاك بكرێت، ئه‌وه كرۆكی كێشه كۆمەڵایەتییەكان ونده‌بێت سه‌ریش له خه‌ڵكی تێكده‌درێت، كاتێكیش كه كێشه كۆمەڵایەتییەكان به كێشه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌وه په‌یوه‌ه‌ست كران و چاره‌سه‌ره‌كه‌شی به‌ده‌سه‌ڵات گرتنەده‌ست درایه قه‌ڵه‌م، یا گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان بێت له ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌وه یا نه‌زانی و نائه‌زموونی خه‌ڵكییه یا هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و خۆڵكردنه چاوی خه‌ڵكه، چونكه هیچ ده‌سه‌ڵاتیك له دنیادا ناتوانێت و نه‌یتوانیوه كه كێشه بنه‌ڕه‌تییه كۆمەڵایەتییەكانی خه‌ڵكی لابه‌لا بكاته‌وه. خودی گه‌نده‌ڵی كێشه‌یه‌ك نییه كه ڕوتی بكه‌یته‌وه له ده‌سه‌ڵات ، تۆ ناكرێت له‌لایه‌كه‌وه بته‌وێت گه‌نده‌ڵی بنه‌بڕ بكه‌یت و له‌لایه‌كی تره‌وه بته‌وێت ده‌سه‌ڵات دروست بكه‌یت یا بگریته ده‌ست. گه‌نده‌ڵی خه‌سڵه‌ت و كرۆكی ده‌سه‌ڵاته، ئیدی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رد بێت یا خێڵ یا ده‌وڵه‌ت، تا ئه‌و چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتانه‌ش بمێنن و به‌رده‌وام بن، گه‌نده‌ڵی ده‌مێنێت و باڵاده‌ست ده‌بێت. به‌ڵام یاسایی ده‌كرێت، وه‌كو له‌م وڵاتە ئەوروپیانه‌دا كراوه و ده‌كرێت، تاكو هه‌ر به‌و یاسایه ده‌مكوتمان بكه‌ن و شه‌رعیه‌تی گه‌نده‌ڵیه‌كه‌یانمان پێبدرێت. ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگای كوردوستانیش به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕوات گه‌ر چی ڕه‌نگه گه‌نده‌ڵییه‌كه كه‌متر ببێته‌وه به‌ڵام به‌یاسایی ده‌كرێت.
درێژەی هەیە….
