بەڵێ من کەری بەڕەڵام، ئەی مرۆڤی لوتبەرز

هەژێن
٢ی جونی ٢٠١٥

پاش ئەوەی وێژەری (کورد کاناڵ)ی (حدکا) ساتیرە هۆنراوەیەك لەسەر هەڵوێستی ژنانی فێمینیست دژی جەنگی پارتییەکان دەنووسێت، کۆمەڵێك لە ژنانی فێمینیستی کورد واژۆنامەیەکی ناڕەزایەتی دژی ناوبراو ئاراستەی (حدکا) و کاناڵەکەی و خەڵکی کوردستان دەکەن و تێیدا دژی ئەو خاڵە دەوەستننەوە، کە نووسەری ساتیرەکە ژنانی فیمینیست و دژی جەنگی بە “کەری بەڕەڵڵا” ناوبردووە.

بەداخەوە پاش خوێندنەوەی واژۆنامەکە، یەکسەر ئەم پرسیارە دەچەقێتە چاوی خوێنەر: ئەی ئەگەر ئەو دەستەواژەیەی بەکارنەبردبا، ئایا ئێوە دژی جەنگخوازییەکەی ئەو وێژەرە نەدەبوون، کە دژەجەنگبوونی ئێوە هەراسانیکردووە؟

بەرێزانم، پێش هەموو شتێك ئەوەی ئەندامانی پارتییەك سووکایەتی بە ژنان بکەن، شتێکی تازە نییە، چونکە کۆی بیرکردنەوەی پارتایەتی لەسەر بنەمای هەڵاواردن و سووکایەتی بە مرۆڤ ڕۆنراوە و کەسانی دەرەوەی پارتیی خود بە “دوژمن” و “گەمژە” و “پەست” وێنادەکرێن و مێژووی پارتایەتی بێجگە لەوە هیچی دیکە ناسەلمێنێت. ئەگەر سەرنجی ئەدەبیاتی (حدکا) بدەین، بەتایبەت ئەدەبیاتی سەردەمی جەنگی (کۆمەڵە)، ئەوا سووکایەتی بە ژن و ژنکوژیی وەك ژن بەشێکی بنەڕەتی مێژووی ئەو پارتییەیە، لەبەرئەوە زۆر ئاساییە کە ئەندام و هۆنەر و وێژەری کاناڵەکەشی ئاوا بدوێت و بنووسێت.
بەڵام ئەوەش بڵێم، کە من گرفتەکەی ئێوە لە دوو واژەدا [کەر + بەڕەڵڵا] دەبینم، کە لە ڕوانگەی ئازادیخوازیی و ئاژەڵدۆستی و ڕۆشنبیرییەوە هیچیان سووکایەتی نین؛ ” کەر/ گوێدرێژ ” ئاژەڵێکی بێوەی و گیاخۆر و ئاشتیخواز و دۆستی دێرینەی مرۆڤایەتی، ” بەڕەڵڵا ” واتە دەستەمۆنەکراو، ئازاد، سەربەخۆ و تەواو پێچەوانەی ئەندامبوون لە پارتییەکدا، کە بریتییە لە کۆیلەبوون، دەستەمۆبوون، ژێردەستبوون، و زۆر شتی نەشیاوی دیکەش… .

پاش خوێندنەوەی واژۆنامەکەی ئێوە، ئەوە لەلای من دروسبوو، ئەی ئەگەر وێژەرەکەی کاناڵی (حدکا) لەجیاتی واژەی “کەری بەڕەڵڵا “، “شێرە ژن “ی بنووسیایە، کە ڕۆژانە دەیان جار پیاوانی سێکسیست و هەوەسباز و زمانلووس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەژێر وێنە و بابەتەکانی ئێوەدا بەکاریدەبەن و هیچ گرفتێکتان لەتەکیدا نییە و بەڵکو شانازیتان پێدەبەخشێت و ختووکەی دیوە دەسەڵاتخواز و پیاوانییە کولتوورییەکەتان دەدات، ئایا هەر وەك ئێستا بەم جۆرە هەڵوێستتان وەردەگرت و تووڕەدەبوون و واژۆنامەیەکتان دەنووسی ؟

ئەگەر لە ڕوانگەی وێژەرەکەی (حدکا) و ئێوەوە بە هەمان تێڕوانینی کۆنەپەرستانەی ئایینەکان مرۆڤ مافی دەستەمۆکردن و بەهرەکێشیی ئاژەڵی هەیە و ئاژەڵ بوونەوەرێکی پەستە، ئەدی جیاوازی نێوان ئاژەڵبوونی (کەر) و (شێر) چییە، بێجگە لە دڕندەیی (شێر) و بێوەیی (کەر)، ئیدی بۆچی دژی “شیرەژن” نین و تووشی هەڵچوون نابن؟

بەداخەوە ئێوە کە لە بەرانبەر (شێربوون / دڕندەییبوون) بێدەنگن و لە بەرانبەر وێناندنتان بە “کەری بەڕەڵڵا “، کە دەکاتە کەر (بێوەی) + بەڕەڵڵا (ئازاد) تووڕەدەبن، ئیدی چۆن دەتانەوێت دژی جەنگ بن، ئایا (شێر)ی گۆشتۆخۆر و دڕندە دەتوانێت دژی جەنگ و کوشتن بێت؟ ئەگەر ئاوا نییە و دژی بەکاربردنی دەستەواژەی “شێرەژن”ن و بە سووکایەتی دەزانن، ئەدی بۆچی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوودا، کە بە ملیۆنان جار ژنانی ئازادیخوازی “ڕۆژاوا” بە “شێرەژن” ناوبراون و دەبرێن، کەچی ئێوە دەنگتان لێوە نەهاتووە و نایێت ؟

ئازیزانم، گرفتەکە لە دەستەواژەیەکی وێژەرەکەی کاناڵی (حدکا) زۆر گەورەترە و سەراپای بیرکردنەوە و کولتوور و ڕۆشنبیری و جیهانبینی و هەوڵ و چالاکییەکانمان پێداوچوونەوە و هەڵسەنگاندنیان پێویستە. لەبەرئەوە بە بۆچوونی من، پێویستە ئێمە هەموومان پێش هەموو شت خۆمان لە زنجیری پۆلیسە کولتوورییەکانی ناخمان ڕزگاربکەین و ئاخاوتنمان لە واژەی سووکایەتیبەخش بە مرۆڤ و ئاژەڵ پاکبکەینەوە و خۆمان لە کایەی ڕامیاریی دووربخەینەوە و خۆمان لە کۆیلەتی پارتایەتی ڕزگاربکەین، ئەوسا لە فێمینیزم و دێمۆکراسی و سۆشیالیزم و کۆمونیزمەکەمان وردببینەوە و بزانین لە کوێی ئاوەز و دەرکی ئازادیخوازانەدا وەستاوە و تا چەندە ئێمە توانیومانە بەرانبەر بیرکردنەوە و گوفتار و ڕەفتاری خۆمان هەستەوەربین و بە چاوی ڕەخنەوە خۆمان بخوێنینەوە؟
ئەگەر نا، جیاوازی تێڕوانینی وێژەرەکەی کاناڵی (حدکا) و تێڕوانینی فێمینیستییانەی ئێوە چییە، کە هەردووکتان سووکایەتی بە ئاژەڵ دەکەن و بیرکردنەوەتان لە لووتبەرزیی مرۆڤی دەسەڵاتخوازدا چەکەرەیکردووە؟

وەڵامی پرسیارەکانی خاتوو ھەڵاڵە ڕافیع

هەژێن
٢٨ی ئایاری ٢٠١٥

ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠١٥ خاتوو (هەڵاڵە ڕافیع) وەك زۆربەی کادیرەکانی هێڵی ڕامیاریی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە هێرشێکی گەلەکۆمەکێکدا بۆ سەر باڵەکانی (پەکەکە)، بابەتێکی بە تایتڵی ” بێ شیکردنەوە، چونکە زۆر شت ڕوون و ئاشکرایە، تەنها چەند پرسیارێک ” نووسیوە و لە سایتی (هاوپشتی)دا بڵاویکردووەتەوە. منیش ئەم پیشنیوەرۆیە، بێجگە لە ڕاکێشکرانم بۆ وەڵامدانەوە، کۆمەڵێك پرسیار و سەرنجی دیکەی لەلای من دروستکردن و منیش لێرەدا هەوڵدەدەم هەم وەڵام بە پرسیارەکانی ئەو بدەمەوە و هەم سەرنج و پرسیارەکانی خۆم ئاراستەی ئەو خاتوونە بەڕێزە بکەم.

پێشەکی من ئەندامی ھیچ پارتییەك نیم و لە ھیچ سەردەمێکیشدا لایەنگری (پەکەکە) نەبووم و بڕواشناکەم ئەو ڕۆژە بێت، کە من ببمە ئەندامی (پەکەکە)، نەك لەبەرئەوەی کە (پەکەکە) لە پارتییەکانی دیکە خراپتر بێت، بەڵکو لەبەرئەوەی کە هیچ پارتییەك نە (چەپڕەو) و نە (ڕاستڕەو) و نە (میانەڕەو)، نە (پارلەمانچی) و نە (کودەتاچی) و نە (“پێشرەو”چی) و نە (مژدەبەخش) پەسەندناکەم و پارتایەتی بە ئامرازی فریودانی خەڵکی خۆشباوەڕ بۆ ڕامیاران دەزانم. ھەر لەبەرەوە وەك هەر کەسێكی دیكە وەڵامدانەوە بەو پرسیارانە گرنگدەبینم و هاودەم ھەست بە ناڕۆشنییەك یان ھەست بە بوونی ھاندەری ئایدیۆلۆجی لە چۆنییەتی ئاراستەكردنی پرسیارەكاندا دەكەم.
پێش ئەوەی بچمە سەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی خاتوو (هەڵاڵە)، پێویستە ڕۆشنایی بخەمە سەر پێشەکییەك، کە ئەو بۆ ئاراستەکردنی پرسیارەکانی دایڕشتووە. بەبۆچوونی من پێشەکییەکەی ناڕۆشنییەکی زۆری دروستکردووە و دەشتوانم بڵێم هوشیارانە ئەو کارەی کردووە، تاوەکو لەوێوە سەرنجی خوێنەر بە پرسیارەکانی بەرەو شوێنێك کە خۆی ئامانجییەتی ڕاکێشبکات.

ئەو دەنووسێت
” سەرەتا خەڵکی کوردستانی سوریاو کۆبانی پێشڕەوی مێژوویان کرد، ژنان پێناسەی تازەیان بۆ ڕۆڵ و جێگاو ڕێگای ژن کردەوە.
یاساکانی جەزیرە شایستەی پشتیوانە و لایەنگریە.
لەوانەشە هەندێک لە بڕگەکانی بەرنامەی هەدەپە شایەنی پشتگیری بێت! “

خوێنەری هێژا، لێرەدا بۆ کەمکردنەوەی درێژدادڕیی، خۆم لە ڕاستکردنەوەی هەڵەی ڕێزمانی و داڕشتنی بابەتەکەی ئەو بەڕێزە لادەدەم، بۆ نموونە ڕستەی سێیەم، کە تێدا (هەندێك لە بڕگەکانی) و کۆن و (شایەنی پشتگیری بێت) تاکە. ئەگەر لەوە بگوزەرێم، ئەوا وێڕای هەموو ناکۆکییەکم لەتەك پارتایەتی، بەبۆچوونی من پێشڕەوییەکانی “ڕۆژاوا” لە ئاڵوگۆڕە هزرییەکانی ئۆجالان و (پەکەکە) و پێشنیارکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەك ئەڵتەرناتیڤ لەلایەن ئۆجالان و (پەکەکە) دابڕاونین و ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانانەن، کە لەواندا ڕوویانداوە، چونکە ئەگەر خۆمان لەو کەتوارە گێلنەکەین، ئەوا هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین، کە زۆرینەی خەڵکی ڕزگاریخواز و بەرهەڵستکار لە “باکوور” و “ڕۆژاوا” لەژێر کارایی تێڕوانینەکانی (پەکەکە)ن. هوشیاریی جێندەریی ژنان و ڕۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتیی و مافیی و ئابووریی و سەربازییان لەو کاراییەوە سروشیوەرگرتووە و یاسای یەکسانی ژن و پیاو لە جەزیرە شتێکی تازە نییە و دوو ساڵە لە کانتۆنکانی ڕۆژاوا کارییان پێدەکرێت، تەنیا جیاوازییەك کە ڕوویداوە، ڕاگەیاندنییەتی لە ئاستی جیهان و هەرێمییدا. دیسانەوە ئەوە نیشانەی نانێونەتەوەییبوونی چەپەکانی عیراق و ئێرانە، کە ئاگایان لە ڕووداو و گۆڕانەکانی کۆمەڵەکانی دراوسێ نییە، کە ئەو ئاگادارنەبووەش سەرەنجامی دۆگمای ڕامیاریی و گۆشەگیریی ئایدیۆلۆجییە، ئەگینا هیچ پاساوێکی دیکەی نییە.

بێجگە لەوە لە باکوور بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هێندە بەهێزن، کە بەراورد بە ئامانج و داخوازیی ئەوان، بڕگەکانی بەرنامەی (هەدەپە) بەشێکن لەوان. بەواتایەکی دیکە گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە باکوور و ڕۆژاوا زۆر لەوە زیاترە، کە لە میدیای سانسسوورکراوی پارتییەکان و دەوڵەکانی ناوچەکەوە بە گوێی کوردانی باشوور دەگات. بۆ نموونە لە چەند ساڵی ڕابوردوودا لە وڵاتانی ئەوروپا چەندین دەستەی لێکۆڵەر لە کەس و گروپە سۆشیالیستەکان سەردانی باکوور و ڕۆژاوا و چەندین کۆڕ و مشتومڕی بەردەوامیان بەڕێخستووە و وەك ئەزمونێکی شۆڕشگێرانەی پاش ئەزموونی زاپاتیستەکان دەیبینن و ئومێدی داهاتوویەکی گەش و بەردەوامیان پێوە گرێداوە. ئەوە چەپی کوردە، کە بێجگە لە پەرتووکە پیرۆزەکانی خۆی، بێجگە لە وتارە سواوە ڕامیارییەکانی خۆی، بێجگە لە بیرۆکە نەزۆکەکانی خۆی، بێجگە لە دروشم و تاکتیکە نادروستەکانی خۆی، لە دونیای دەرەوەی خۆی هیچ نابینێت. بەڕاستی بەدبەختییە کە دروشمی هاوپشتی جیهانی بەرزبکەیتەوە و لە ئەوە ئاگادارنەبیت کە لە چەند سەد کیلۆمەترێك ئەولای گوند و شارەکەی خۆت چی ڕوودەدات و چی هەیە!

” گەر بارودۆخ ئاسایی بێتەوە و پەكەكە دەسەڵات بگرێتە دەست لە كوردستانی سوریا، ئایا هەمان ئەو ژنانەی كە وەك قارەمان دەناسران لە سەنگەرەكاندا، هەمان ئەو جێگاو ڕێگا یەكسانەیان دەبێت لە مەیدانە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریەكاندا؟ “

بەڕاستی پرسیارێکی سەیرە، ئەگەر کەسێکی ئەمەریکای لاتین یا ئەفەریکا نیوەی یەکەمی ئەم پرسیارەی بکردایە، کەمێك ئاسایی بەرچاودەکەوت. بەڵام بۆ کەسێك کە لە هەرێمێکدا لەدایکبووبێت و بژی، کە خەڵکەکەی هاوزمانی یا هاودەردی خەڵکی “ڕۆژاوا”ن، ئیدی پرسیارەکە لە شۆخیکردن یا خۆگێلکردن واوەتر دەچێت. ئاخر مەگەر لە ڕۆژاوا بێجگە لە باڵی ڕۆژاوای (پەکەکە / پەیەدە) کێ هەژموون و دەسەڵات و دەستپێشکەری هەیە، تاوەکو گومان و ئەگەری ئەوە بەگریمانە بگرین، کە پاش ئاساییبوونەوەی بار و دۆزخەکە بۆی هەیە (پەکەکە) دەسەڵاتی هەبێت و ژنانی جەنگاوەر بنێرێتەوە ماڵ؟

ھەرچەندە ئەم پرسیارە تازە نییە و لە داگیركردنی (شەنگال) و ھاتنی ھێزەكانی (یەپەژە) و دواتر لە بەرەنگاریكردنی ژنانی (كۆبانێ)دا چەندبارە بووەوە، بەڵام ئەگەر ئایدیۆلۆجیا بواری دیتنی كەتوارمان لێ نەگرێت، ئەوا ئەو پرسیارە زۆر نابەجێ و زیادەیە. چونكە ئەو گۆڕانە لەنێو خودی (پەكەكە)وە سەریھەڵداوە و پەیوەندی بە گۆڕانی بنەڕەتی بیركردنەوە و تێڕوانینی ئۆجەلان و (پەكەكە) ھەیە و لە (قەندیل) دەستیپێكردووە و چەند ساڵێك پێش ڕاپەڕینەكانی سوریە و ڕزگاربوونی “ڕۆژاوا” دەستپێكردووە. لەو بارەوە دەتوانین ھەم لە گۆڕانە ھزرییەكانی (ئۆجالان)دا كە خێراكەری ئەو گۆڕانانەن و ھەم لە پێكھاتنی لەشکری سەربەخۆی ژنان لە (قەندیل) بە تێڕوانینێكی فێمینیستی ئازادخوازانەوە و ھەم كۆڕی فێمینیستانی ئازادیخواز لە قەندیل، كە بە ھەزاران مایڵ و چەندین دەھە لە پێش فێمینیستانی ھەرێمی كوردستان بە ژنە كۆمونیستەكانیشەوەن، پێشینەی ئەو وەرچەرخانە پۆزەتیڤەی “ڕۆژاوا” ببینین، ئەگەر چاویلکەی یەكڕەنگبینی ئایدیۆلۆجی فرێبدەین .

سەرنجڕاكێشترین شت لەو پرسیارەدا ئەوەیە، كە ھەموو دەوڵەتان و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و ھەموو میدیای جیھانی لەسەر ئەوە پێداگریی دەکەن، کە (پەیەدە) یەکێکە لە باڵەکانی (پەکەکە) و ئەوەی لە “ڕۆژاوا” ڕوویداوە و ڕوودەدات، ئەزموونکردنی بیرۆکەکانی (ئۆجالان)ە و بەکردەوە جەنگاوەرانی (یەپەژە) سوێندی پابەندمانەوە بە بیرۆکەکانی “سەرۆك ئاپۆ” دووپاتدەکەنەوە، کەچی نووسەری ئەم پرسیارانە وەك لە ئەستێرەیەکی دیکەوە ھاتبێت، دەپرسێت ” ئەگەر پەکەکە دەسەڵات بگرێتە دەست لە کوردستانی سوریا، ئایا هەمان ئەو ژنانەی کە وەک قارەمان دەناسران لە سەنگەرەکاندا، هەمان ئەو جێگاو ڕێگا یەکسانەیان دەبێت لە مەیدانە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریەکاندا؟”
هەرچەندە پرسیارەکە لە ڕووی داڕشتن و ڕێزمانەوە هەڵەیە، من بەپێچەوانەی نووسەری ئەو پرسیارانە، بە جۆرێكی دیكە بە دروست دەزانم و دادڕێژمەوە؛ ئەگەر ئۆجالان بیركردنەوەی وەرگۆڕێ و لەو تێڕوانینە ئازادیخوازانە پاشگەزبێتەوە، ئایا زۆرینەی ئەو ژنانە هەر وەك ئێستا پابەندی ھەمان تێڕوانینی ئازادیخوازانە دەمێننەوە؟ ئەمە شتێکە کە من زۆر ترسم لێی هەیە، چونکە ئۆتوریتە و پارتایەتی هەردەم مەترسی گەورەن بۆ سەر بزووتنەوەکان و لە ڕێگەی هەژموونیانەوە توانای بەلاڕێدابردنیان هەیە، بۆ نموونە هەم تاڵەبانی – (ینک) و هەم ئۆجەلان – (پەکەکە) کاراییان لەسەر ڕاگرتن و پاشەکشێی خۆنیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٤ی کوردستانی بەشی عیراق و خۆنیشاندانەکانی ساڵی پاری کوردستانی بەشی تورکیە هەبوو، ئا لێرەوەیە من دژایەتی هەموو کارێزمابوون و هەموو پارتایەتییەك دەکەم. لەو بارەوە هەمووان دەزانن کە ڕامیاریی لەپێناو بەرژەوەندیدایە و بەرژەوەندیی کەسی و گروپی کەسەکانیش لە سەرووی هەمووانەوەیە.

ھەڵبەتە نامەوێت بڵێم ژنان بەخۆیان خۆھوشیار نین و ژنان لە “ڕۆژاوا” بەرکارن، نەخێر. بەپێچەوانەوە سەرەتاکانی گۆڕانی تێڕوانینی (ئۆجەلان) لەبارەی پرسی ستەمی ڕەگەزیی و ستەمی کولتووریی و ئێتنیی و دەوڵەتەوە زۆر ڕادیکاڵن و لە دۆگمای (لێنینیزم)ەوە بەرەو (ئازادیخوازیی) ڕۆییشتوون و هەر ئەوەشە بووەتە مەشخەڵی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، کە کوژاندنەوەی تەنانەت بۆ (پەکەکە)ش ئەستەمە. لەو بارەوە تەنیا گرفتێك کە بووەتە دڵەخورپەی من، كێشی كەسایەتی (ئۆجالان) و كارایی نیگەتڤیەتی لە باری وەرگۆڕان (وەرگەڕانەوە)دا، هەڵبەتە ئەمەش هەر ئاوا بەئاسانی نییە، چونکە پرسەکە بە چەند پاگەندە و خاڵێکی پەیڕەوی ناوخۆی پارتییەکەوە بەرتەسکنابێتەوە، بەڵکو بە کۆی گۆڕانی جیهانبینی (ئۆجەلان) و یارانییەوە پەیوەستە.

” ئایا گەر هەدەپە سەركەوتن بەست بێنی، لەبەرژەوەندی كۆمەڵگای كوردی دەێت بۆ دەستەبەركردنی ئازادی و یەكسانی و تا پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، دەوڵەتێكی غەیرەدینی و غەیرە قەومی؟ “

ڕاستییەكەی من نووسەری ئەو پرسیارانەم ئاوا نەناسیوە و لە كردنی ئەم پرسیارە سەرمسووردەمێنێت. دەكرا تەنیا نیوەی یەكەمی پرسیارەكی بكات، كە بە تێڕوانینی من وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە فرە لایەنەیە و ناتوانرێت بە [ئا] و [نا] وەڵامبدرێتەوە. چونكە بەگوێرەی یاسای خۆھەڵبژاردنی پارتییەكان و كەسەكان خودی بەشداریكردنی ھەڵبژاردنەكان لەلایەن (هەدەپە)وە قومارێكی زۆر گەورە و مەترسیدارە، لەبەرئەوەی كە لە دەھەی ھەشتای سەدەی ڕابوردوودا، پاش كودەتا سەربازییەكە بۆ بەربەستكردنی هەژموونی بەرەی چەپ لە توركیە، یاسای ڕێژەی پێویستی دەنگ بۆ چوونە پارلەمان و ھەروەھا گۆڕینی سەرۆك و سەرۆك شالیاران، (١٠%) دەنگ كرایە پێشمەرج، كە بەوەش نەبردنەوەی (ھەدەپە) دەبێتە گەورەترین دەستكەوت و پاڵپشت بۆ (ئاكەپە) و (ئەردۆگان) و بەوە دەنگەكانی (ھەدەپە)ش دەچنە سەر كۆی دەنگەكانی (ئاكەپە و ئەردۆگان) و ئەو كات ئیدی ئیمپراتۆر و پارتییەکەی بەئاسانی دەتوانن یاسای بنەڕەتی ئیسلامیزە بكەن و ڕووی كەمالیستەكان و كودەتاچییەكانی دەھەی ھەشتای سەدەی ڕابوردوو سپیبكەنەوە. هەرچەندە ئێستا دەربڕینی ئەم بۆچوونە ھەم سوودی نییە و ھەم درەنگە و دەشتوانێت لە خزمەتی كەمپانییەكەی (ئاكەپە) و (پدک) بێت، ھەر لەو ڕوانگەیەشەوە پرسیارەكەی خاتوو (ھەڵاڵە)ش دەكەوێتە خزمەت ڕامیاریی و پاگەندەی (پدک) لە ھەرێمی كوردستاندا.

بە بۆچوونی من، جێكەوتەبوونی ئازادی و یەكسانی پەیوەندی بە بەدەسەڵاتگەییشتنی ڕامیاران و پارتییەكان و بردنەوەی دەنگدانەكان و كودەتای سەربازییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە خۆھوشیاری تاكی نەدار و بێدەسەڵاتەوە ھەیە، كە بە بایكۆتکردنی دەنگدانەكان و چۆڵكردنی ڕیزی پارتییەكان و خۆڕێكخستنی ھەرەوەزییانە و خۆبەڕێوەبەریی گەلیانە دێنەدی، واتە بە بەجێخستنی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ دینەدی. بەڵام لە بارەی بەشی دووەمی پرسیارەكەیەوە، منی تووشی سەرسوڕمانكردووە.

“تا پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی؟ “

بەداخەوە کە خاتوو (ھەڵاڵە) لە ئامانجی ھێزە (پەکەکە)ییەکان چ لە شاخ و چ لە پارلەمان ئاگادار نییە، کە دەوڵەت ڕەتدەکەنەوە و جیابوونەوەی کوردستانش بە تێگەییشتنی کلاسیکیانەی (پدک) و (ینک) و (حککک) ڕەتدەکەنەوە و ئەوان باوەڕیان بە پێکەوەژیانی گەلان لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنی خۆبەرێوەبەرایەتییە سەربەخۆکان (ئوۆتۆنۆمییەکان)دا ھەیە، کە ڕەتکردنەوەی دەوڵەتە چ ئایینی و چ سێکیولار، چونکە دەوڵەت تەنیا ئامرازی سەرکوتکردنە، نەك ڕزگارکردن بەو جۆرەی کە نووسەر لێی تێگەییشتووە.

لێرەدا نامەوێت بچمە سەر پرسیارکردن و قسەکردن لە ” دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی ” و بێبنەمایی و پووچگەرایی وەها پاگەندەیەك و کۆڵەکەبوونی ئایین بۆ هەموو دەوڵەتەکان تەنانەت لەو دەوڵەتانەشدا کە نووسەر جیا لە ئایین دەیانبینێت. بەڵام ئایا دەوڵەتە کرێکارییەکەی ئەوان لەوەدا کورتدەبێتەوە، کە ” دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی ” بێت؟ ئەی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و دەسەڵاتیی کرێکاران لەو “دەوڵەتەی پارتی پێشڕەو”دا چییە و چۆن دەبێت؟ ئەی ئەگەر لە عیراق و سوریە و ئێراندا دەوڵەتێکی وەك دەوڵەتی سوید و بریاتانیا و ئاڵمانیا یا کوبا دامەزرا، ئایا پرسی چینایەتیی کۆمەڵ چارەسەردەبێت و ئیدی لە سایەی دەوڵەتە خوازراوەکەی نووسەردا گوڕگ و مەڕ دەبنە “برا”ی نەتەوەیی؟

ئەگەر لەو سەرنجانەی سەرەوەش بگوزەرێم، ئایا دەکرێت ئێمەش بزانین سیستەمی ئابووریی دەوڵەتەکەی نووسەر ” دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی “، چۆنە و بە کامە مۆدیل و شێواز لە ڕێکخستنی ئابووریی / ژێرخانی کۆمەڵ پشتدەبەستێت؟

ئایا دەکرێت بزانین دابەشکردنی دەسەڵات لەو دەوڵەتەدا چۆنە، ڕۆڵی تاك چییە، ئازادی و یەکسانی تاکەکان و ئێتنییەکان و هەرێمەکان چی واتایەکیان دەبێت، میکانیزمەکانی ڕێکخستینی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ چین و چۆن دەبن، پارلەمانیی، سەربازیی، تاکپارتیی یا شتێکی دیکە دەبێت؟ جیاوازی ئەو دەوڵەتەی نووسەر لەتەك دەوڵەتی سێکیولاریستی تورکیە و دەوڵەتانی سێکیولاریستی ئەوروپا چییە؟

ھەڵبەتە بۆ خوێنەری ئازیزی ڕۆشنبکەمەوە، ئەم پرسیارانەی من لەبارەی دەوڵەتەکەی نووسەرەوە، کە وەك دروشمێکی ناوەڕۆك پووچی تاکتیکیی پارتییەکانی (ک.ک) تازە نین و ساڵی ١٩٩٦ لە کۆڕێکی تایبەت بە پێشنیارکردنی ئەو دەوڵەتە، ئەم پرسیارانەم ئاراستەی (خەسرەو سایە) کردن و لە وەڵامدا بێجگە لەوەی کە منی بە “چەپڕەوی منداڵانە” تۆمەتبارکرد، ھیچی نەگوت و تا ئێستاش ھەر بێوەڵام ماونەتەوە؟

” بۆچی یەکیەتی نیشتیمانی لایەنگری لە هەدەپە دەکەن؟ “

ئەوە زۆر ڕۆشن و ئاشکرایە، لەوەتەی ڕامیاری و پارتایەتی ھەن ھەر ئاوا بووە، بۆ نموونە پێش ئەوەی (ینک) ساڵی ٢٠٠٠ لە سلێمانی لە بنکەی چەکداریی (حککع) بدات، زوومی گلەیی (حککع) لەسەر (پدک) و ناوچەی بادینان بوو، بەڵام پاش ئەو لێدانە و ڕەوکردنی ناچاریانەی (حککع) پاش جەنگێکی چەکداریی خۆتڕێن و چوونیان بۆ ھەولێر، ئیدی زوومی گلەیی (حککع) خرایە سەر (ینک) و (پدک) لە سایەیدا پاڵدایەوە و پرخەی بێخەمی دەستپێکرد.
بەڵێ ھەر لەسەر ھەمان بنەما و پێوەر (ینک)یش وەك ھەڵپەرستێك دەیەوێت (ڕۆژاوا و پەیەدە و ھەدەپە) بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربھێنێت. بە بۆچوونی من ئەوە کڕۆکی ڕاستینەی پارتایەتییە لە ڕاسرتەوە بۆ چەپ، ئیدی ئەگەر هەلپەرستییە دروست و ڕەوا بێت، ئەوا دەبێت بۆ هەمووان دروست و ڕەوا بێت، ئەگەر نا، دەبێت بۆ هەمووان ناڕەوا بێت، نەك بانێك و دوو هەوا!

لەوە دەچێت، کە نووسەر ئاگاداری کۆبوونەوەی شەش لایەنە دەرکراوەکەی نێو (ئەنەکەسە) نەبێت، کە سەرانی (ینک) وەك هەنگوینیان لە کونەداردا دۆزیبێتەوە، کەوتنە هەوڵی بانهێشتکردنیان بۆ سلێمانی، تاوەکو بە ڕەزامەندی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەرەی سێیەمیان لێ دروستبکات و لە بەرانبەر (تەڤدەم)ی پەکەکە و (ئەنەکەسە)ی پارتیی، (یەنەکەسە)ی یەکێتی دروستبکرێت. دیسانەوە دەڵێی نووسەر هیچ کات و سەردەمێك لە هەرێمی کوردستاندا نەژیاوە و ئاگاداری ڕامیاریی زیاتر لە نیوسەدەی پارتییە ناسیونالیستەکان نییە، کە هەمیشە پشتیان بەو گوتە هەلپەرستانە و کۆنەپەرستانەیەی سەردەمی دەرەبەگایەتی بەستووە “دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە”!

” ڕۆڵی ئێران لێرەدا چیە؟ “

ڕۆڵی ئێران ئاشکرایە و پاراستنی هاوسەنگی هێزە لە بەرژەوەندی خۆی، لەلایەك لەتەك هەژموونی (ئاکەپە)ی سوننی کێشەی هەیە و لەلایەکی دیکەوە گرفتی لەتەك (پدک) بەرانبەر فەرمانداریی (شیعە) لە عیراق هەیە و بێجگە لەوەش پاراستنی ڕژێمی بەعسی سوری لە سوریە، یەکێکە لە پایەکانی ڕامیاریی ڕژێمی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوین.

ئەی ئێوە [پارتە پیشڕەوەکان] بۆ بەرگرتن بە هەژموون و پیلانگیڕیی و دەستتێوەردان و فشار و تەڕاتێنی دەزگە سیخوڕییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا چیتانکردووە و چ هێزێکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵخڕاندووە؟ ئەی ئێوە لە کوێی پرسەکانی ئەو هەرێمەدا وەستاون؟ ئێوە کە لە شوێنی ژیان و کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانتاندا بوون و هەژموونتان نییە، ئیدی کو دەتانەوێت “پڕۆلیتاریای جیهان ڕگاربکەن” ؟
ئەی بۆچی پارتی دژایەتی هەدەپە دەکات؟

دیسانەوە ناچارم بڵێم پرسیارێکی نابەجێییە، چونکە هەموو کەس ئەوە دەزانێت (پدک) وەك پارتییەکی ڕامیار لە هەژموون و هێزگرتن و کۆمەڵایەتییبونەوەی (پەکەکە) لە هەرێمی کوردستاندا بەتایبەت پاش هاتنی (هەپەگە) و (یەپەگە) و (یەپەژە) بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆڵ و کاراییان لە پاراستنی خەڵکی ئاوارەبووی (شەنگال) و وەدەرنانی هێزەکانی داعش و بەرپەرجدانەوەی پیلانەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە لە هەرێمدا و سەرکەوتنەکانی کۆبانێ و ڕاگەیاندنی یاسای یەکسانی ژن و پیا و یەکسانی هەموو کولتوور و ئێتنییەکان و ڕێکخستنی کۆمەڵ لەسەر بنەمای دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ، (پدک) هەست بە مەترسییەکی کوشندە دەکات، هەروەها وەك دەسەڵات هاوپەیمانی و هاوبەرژەوەندیی لەتەك دەوڵەتی تورکیە و (ئاکەپە)ی فەرماندار هەیە و لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە بەشێکن لە سیستەمە جیهانییەیە، بەشێکن لە بازارئازادی نیئۆلیبراڵ، بەشێکن لە هاوکیشە ناوچەییەکان و حەسحەسی کۆمپانییەکانن. بێجگە لەوەش پێکهاتەی خێڵەکی سەرکردایەتی ئەو پارتییە، هەموو دەربازبوونێکی تاکەکان لە خێڵایەتی بە مەرگی خۆی دەبینێت.

پارتی دژایەتی (هەدەپە) دەکات، لەبەرئەوەی کە بردنەوەی (هەدەپە) بە واتای شکانی پایەیەکی ئیمپراتۆری نئیۆ-ئوسمانییەکان دێت و (پدک)یش وەك بەگلەرەکانی سەدەیەك لەمەوبەر، مانەوەیان بە مانەوەی ئیمپراتۆرییەکەوە بەستراوە. لەو بڕوایەشدام هەموو تاکێکی خۆهوشیار و وریای ئەو هەرێمە ئەو ڕاستییە دەزانێت و هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە کە زۆرینەی نەیارانی (پدک) سیمبولی (هەدەپە) هەڵدەگرن.

” ئەوە بۆ لە پڕێکا پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە دەرگیربوون، وە ئایا ئەمە لەپڕێکایە یان پێشینەی هەیە؟ ئەم شەڕە بۆ ئەبێ ناوی براکوژی بێت؟ کەی برا بوون تا ئێستا براکوژی بکەن؟ “

بە بۆچوونی من شەڕەکە کتوپڕ نییە و ئەگەر سەرنجی ڕووداوەکانی ساڵی پار بدەین و ڕووداوەکانی دەهەی ڕابوردوو و هەڵوێستەکان و بەرەکان و ئەمبەر و ئەوبەرکردنی لایەنەکان لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و هاوپەیمانییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەتەك دەوڵەتی ئێران و تورکیە و ڕژێمی بەعسی سوریە و هەڵوێستی (حدکا) و ڕۆڵی لە بەرانبەر ئەوەدا و بڕی چەند ملیۆنێك لەلایەن سەرۆكی هەرێم و پارتییەکەوە بۆ کەمپاینەکەی (ئاکەپە) و ڕۆڵی کاناڵەکانی (پدک) لەبارەی هەڵبژاردنەکان و کێشەکانی نێوان (تەڤدەم) و (ئەنەکەسە) و نێوان پارتییەکانی (ئەنەکەسە) و چوونی چەکدارانی (حدکا) بۆ سنووری هێزەکانی (پەکەکە)، بۆ تێگەییشتن لە پرسەکان و کێشە و گرفتەکان و پیلانەکان و دۆزینەوەی هۆکارەکان و هاندەرەکان و ڕێکەوتنەکانی پشتپەردە و ئامانجەکانی ئەو لەشکرکیشییەی (حدکا) لەم ساتەدا، زۆر سەرەداومان دەخەنە بەردەست.

بە بۆچوونی منیش ئەو جەنگە جەنگی “براکوژی” نییە، بەڵام بەو لێکدانەوەی خاتوو (هەڵاڵە) نا، نەخێر بە لێکدانەوەیەکی دیکە؛ یەکەم جەنگی خۆکوژیی ئەندامانی پارتییەکانە لەپێناو سەروەریی و بەرژەوەندیی چەند کەسێك لە سەرکردایەتی پارتییەکاندا، واتە جەنگی خۆکوژیی چەوساوانی ناهوشیارە. دووەم، لەو جەنگەدا تەنیا پیاوان قوربانی نین، بەڵکو ژنانیش قوربانین، هەرچەندە دەکرێت چەکدارانی (حدکا) تەنیا سمێڵبافڕان بن، بەڵام چەکدارانی (پەکەکە) ژنانیشن و بێجگە لەوەش لە هەموو جەنگێکدا قوربانی یەکەم ژنانن، کە دەبوو خاتوو (هەڵاڵە) زۆرترین ڕۆشنایی بخستایەتە سەر پیاوسالاریی ئەو ناونانەی جەنگەکان، نەك خۆماندووکردن بەوەی کە ئایا بەڕاستی ئەوانە “بران” یان “نابران”؟
بەڵێ ئەگەر مەبەست لە سەرانی پارتییەکان و ئەگەر مەبەست لە ئەندامانی ناهوشیاریی خوارەوەی پارتییەکانیش بن، ئەوا بە هەمان ڕادەی براکوژیی، خوشککوژیشە؛ خوشك-براکوژیی سەرانی پارتییەکانە وەك چین وتوێژی وردەبۆرجوازی، خوشک-برکوژیی ئەندامانی ناهوشیاریی پارتییەکانیشە وەك تاکی چینێکی چەوساوەی لەخشتەبراو. بەداخەوە کە بەڕێزی وەك فێمینیستێك نەیتوانیوە ڕەخنە لە کۆنەپەرستیی جیهانبینی پشت لێکدانەوەی ئەو جەنگانە بگرێت و دژە-ژنیی ناسیونالیزم بخاتەڕوو، کەچی ئەو هەوڵی سەلماندن و گلەییکردنە لە “نابرایەتی” ناسیونالیستی “برا” بەشەرهاتووەکان و خوشکە قوربانییەکانی لەبیردەکات.

” ئەی ڕۆڵی تورکیا لێرەدا چیە؟ “

وابزانم پێویست ناکات، نە من و نە هیچ خوێنەرێکی بەڕێز خۆی بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەوە خەریکبکات، چونکە ڕۆڵی تورکیا لە هەموو هاوکیشە نێوخۆیی و ناوچەیی و هەرێمییەکاندا دیارە و بردنەوە و دۆڕانی (هەدەپە) بە هەموو بارێکدا پەیوەندی بە تورکیە و ئەوانەشەوە هەیە، کە بەرژەوەندیی خۆیان بە ئیمپراتۆریی نیئۆ-ئوسمانییەکانەوە گرێداوە؛ لەوانە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی (پدک).

” ئەک پارتی و لایەنە ئیسلامیەکان و گۆڕان چ بەرژەوەندیەکیان لەم هەموو سات و سەودایەدا هەیە؟”

ئەم پرسیارەش هەر دووبارەی پرسیارەکەی پێشووە و تەنیا ناوی (لیستی بەناوی گۆرانی) بۆ زیادکراوە، کە بە بۆچوونی من، ئەوانیش کەمتر لە ئیسلامییەکان و (پدک) وابەستەی دەسەڵات و بەرژەوەندی نیئۆ-ئوسمانییەکان لە تورکیە نین و ناشتوانن هەڵوێستێکی دیکەی جیاواز لەوەی (پدک)یان هەبێت، چونکە ئەوان هاوپەیمانی تازەی ستراتیجیی (پدک) و هاوپەیمانی بەرەیی ئیسلامییەکانیشن.

بەداخەوە، پەرەگرافی دواتر بازدانێکی ناپەیوستە لە پرسیارەوە بۆ لیكدانەوەی ئایدیۆلۆجیی و خۆپێشنیارکردن و نەیتوانیوە وەك درێژەی پێشنیارکردنی پرسیارەکان، بچێتە سەر وەڵامدانەوە یا ڕۆشناییخستنە سەر پرسیارەکان و گۆشە تاریکەکانی ئەو پرسانە. هەروەها ئەو دەربڕینانە تازەنین و لە پاگەندەی هەموو پارتییەکی ڕامیارییدا هەبوون و هەن و دەشبن. بەڵام ئەوەی کە دەکرێت جارێکی دیکە بگەرێمەوە سەری، ئەوەیە کە بەڕێزی وەك دڵسۆزییەك بۆ ناسیونالیزم و ناسیونالیستەکان گلەیی ئەوەیان ئاراستە دەکات، کە ” هیچ کات هێزە کوردیەکان برا نەبوون تا شەڕەکانیان ناو بنێین شەڕی براکوژی “.

من بەلامەوە سەیرە، کەسێك پاگەندەی کۆمونیستبوون بکات و لە “برایەتی” چینایەتی پارتییەکان و دەسەڵاتخوازان تێنەگات و گومانی لەو “برایەتییە” سروشتییەی چینی بۆرجوا هەبێت. نووسەر ئەوە لەبیردەکات، کە کوژراوانی نێوان پارتییەکان و دەسەڵاتخوازان، سەرانی پارتییەکان و سەرمایەداران و وردەبۆرجوازی نین، بەڵکو ڕۆڵەی کرێکاران و جوتیاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و بێکاران و زەحمەتکێشانن و ئەو قوربانییانە ئەگەر لە ڕووی چینایەتییەوە هوشیاربن، ئەوا خوشك و برای یەکدین و ئەو جەنگانەش جەنگی خۆکوژیی [خوشککوژیی و براکوژیی] ئەوانە و لە هەموو سەردەمەکانیشدا هەر ئەوان قوربانی بوون و بەبێ ناهوشیاریی و بەشداریی تاکە پڕۆلیتێرەکان، هیچ جەنگێك ڕووینەداوە و ڕوونادات و هیچ سەروەرییەك پێکنەهاتووە و بۆ ساتێكیش توانای خۆڕاگرتنی نابێت.

بەداخەوە، لەبەرئەوەی نووسەر خۆی گیرۆدەی لێکدانەوەی کەسانی دیکە یا دەستەواژەی ئامادە و سواو و ناوبژیوانی و سەرکۆنەی “نابرایەتی” سەرانی بۆرجوازیی کورد کردووە، لەتەك خۆیدا کەوتووەتە ناکۆکی ” … کەی و چۆن بەرژەوەندی دەسەڵات و ئابووریان خواستویەتی لە دۆخو کاتی جیاوازدا دوان دووان و سیان سیان پێکەوە بوون لە دژی ئەوانی تر، دوبارە لە کاتی تردا دەورەکانیان گۆڕاوەتەوە.” و هەر لەبەرئەوەشە بۆ ئەوەی خۆی لەو ناکۆکییە لە لێکدانەوە و دیتندا ڕزگاربکات، ناچار دەستەواژەیەکی زۆر ناتەبای لەتەك سەرەتا و پرسیارەکان و کۆتایی بابەتەکەی هێناوەتەوە، کە بە بۆچوونی من، تەنیا دەستەواژەیەکی دروستە [بەڵام لە ڕووی ڕێزمانییەوە نادروستە] لە بابەتەکەیدا ” باشترە لەدەرەوەی ئەو تەونی جاكجاڵۆکەیەدا بیربکەینەوەو کار بکەین”، هەر ئەمەیە، هەرچەندە ڕەتکردنەوەی سەرەتا و پرسیارەکان و سەرەنجامگیرییە ناکۆكەیەتی.

بە کورتی و بە کوردی، بۆ منی ئاگادار و چاودێری وەرگۆڕانەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە “حکومەتی کرێکاری”ییەوە بۆ “کۆماری سۆشیالیستی” و لەوێوە بۆ “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی “، تەنیا دەتوانم ئاوا لە ئامانجی نووسەر و کادێرانی دیکەی ئەو هێڵە ڕامیارییە [ک.ک] کە وەك گەلەکۆمەکێیەکی بەرنامەڕێژیکراو بەرانبەر (پەکەکە) هاتوونەتە دەنگ، سەرەنجامگیری لێ بکەم؛ هەژموونی (پەکەکە) و (خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا”) لەسەر تاك و کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لەسەر ئەو چەند دە ئەندامەی، کە دەرزەنە پارتییەکەی (کۆمونیزمی کرێکاری) لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا هەیانن، تەنگەتاوی کردوون و بەداخەوە دژایەتی (پەکەکە) و (ئەزموونی “ڕۆژاوا”) بۆ بەرگرتن بە لەدەستدانی ئەندامانیان، خستوونییەتە سەنگەری پاگەندە و ڕاگەیاندنی (پدک) و (حدکا).

لێرەدا بۆ من وەك خوێنەرێك ئەوە پرسیارە؛ ئەرێ ئەی پارتییەکانی هێڵی (کۆمونیزمی کرێکاری)، مەیدانی چالاکی ئێوە وەك عیراقچی و کوردستانچی، عیراق و هەرێمی کوردستانە یا تورکیە و سوریە، چی کارتان بەسەر “ڕۆژاوا” و تورکیەوە هەیە، ئەنگۆ کە نە دژە-نەتەوە و نە نێو-نەتەوەیین، بۆ گێچەڵتان پێچاوەتە تورکیە و (هەدەپە)؟ ئایا بیرتان لەوە کردووەتەوە، کە ئەگەری ئەوە هەیە، بەهۆی ئەو هەڵوێستیگیرییە ناڕۆشن و نابەجێییەتانەوە، خوێنەری سەرنجدار لێکدانەوەی جەنگی نوێنەرایەتیتان بۆ بکات؟

هیوادارم بەر لەوەی ڕکوکینەی هەر ئەندام-پارتییەك هەڵبچێت و تۆمەتی دوژمنایەتی بخاتە دوای من، کەمێك لە ئەدەبیاتی پارتییەکەی و قسە و بیرکردنەوەی کەسییەکانی خۆی لەنێوان ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠١٥ بچێتەوە و بەراوردی هەڵوێستەکان و تاکتیکەکان و ستراتیج و سەرەنجامەکان بکات، ئەوسا هەم گلەیی نا”برایەتی” لە (پەکەکە) بکا و هەم وەڵامی “دەمشکێنانە” بە کەسانی وەك من بداتەوە.

***************************************************
خوێنەری هێژا، بۆ خویندنەوەی بابەتەکەی خاتوو (هەڵاڵە ڕافیع)، سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن
http://www.hawpshti.com/ku/?p=5725

ئەگەر چەکدارانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی “شەهید” نەبن، ئەدی کێ “شەهیدە”؟

هەژێن

٢٣ی ئازاری ٢٠١٥

سەرنجێك لەسەر ڕاگەێندراوی “بۆردی راوێژکاری میدیایی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان 19/3/2015”

سڵاو بەڕێزان، هەوڵەکەتان بۆ بەرەنگارییکردنی جەنگێکی دەروونی کە میدیای دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) دژی کۆمەڵی “ڕۆژاوا” و عیراق و کوردستان و ئەوروپا..تد بەرپایکردووە و هەروەها بۆ هوشیارکردنەوەی تاکی کورد لە تٶرە کۆمەڵایەتییەکاندا تا نەبنە بەشێك لە میدیای دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) و “في سبیل‌اللە” پاگەندە بۆ دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) نەکەن، کارێکی فرە پێویست و گرنگە و دەستخۆشیتان لێ دەکەم.

بەڵام پێویستە، ئەوەش بۆ خوێنەران و خۆتان ڕۆشنبێت، ئێوە دوا کەسن، کە لەم بارەوە بانگەوازدەکەن و کەوتوونەتە هەوڵدان و پێش ئێوە زۆر کەس لەم بارەوە قسەیانکردووە، بەرێز (عومەر موحەمەد) یەکێکە لەو کەسە دیارانە و چەندین کەسی وەك منیش بە ئەرکی سەرشانی خۆمان هەستاوین. بەڵام ئەوە میدیای دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد خۆیەتی کە تاکی کوردی بەو نەزانییە گۆشکردووە و کاناڵە کوردییەکان بەخۆیان لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنە و تۆمارە ڤیدیۆییە پاگەندەییەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش)، نۆرەبرێدەکەن و هەروەها زۆرینەی ئەوانەی کە بوونەتە بەشێك لە میدیای دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی ئەندام و لایەنگری (پدک) و (ینک) و (لیستەکەی نەوشیروان)ن بە هەمانکاریی گروپە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان!

دووەم، پێداگریی ئێوە لەسەر واژەی “شەهید” بۆ جیاکردنەوەی قوربانیانی دەستی چەکدارانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) لەتەك چەکدارانی ئەو هێزە فاشیستە زۆر نادروستە. چونکە بەپێچەوانەی تێروانین و پێداگریی ئێوەوە، ئەو واژەیە هی ئیسلام و بزووتنەوە و خەلافەت و دەسەڵاتە ئیسلامییەکانە و دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) لەم ڕۆژگارەدا خاوەنی ڕەوا و ڕاستەقینەی ئەو واژەیەیە، کە وەك واژە کوردیی نییە و وەك واتا و پشتەوانەی زمانەوانیی و پێشینەی کولتووریی واژەکە، کوردیی نییە!

بەداخەوە ئێوە لەبەر دوو هۆ نەتانوێراوە ئەم پرسە یەکلابکەنەوە، کە بە بۆچوونی من، لەو بارەوە تەنانەت گروپە ئیسلامییەکانی کوردستان و (دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی)یش دژتان نەدەبوون و ترسی نەگەرەکە، ئەویش جیاکردنەوەی (گیانبەختکردوو/ گیانبەخش/ گیانفیدا)ی پاراستنی گەل و کۆمەڵی هەرێمی کوردستانە لە (شەهید) کوژراوانێك کە لەپێناو چوونەبەهەشت و حەفتا پەری و تەوەزەلیی بەهەشت، کیژۆڵانی مەسیحی و شەبەك و ئێزیدی و کاکەیی و شیعە دەکەنە کەنیزەك و لە بازارەکانی ڕەقە و موسڵ دەیانفرۆشن و پیاوان و منداڵان و ژنانی بەتەمەن کۆمەڵکوژدەکەن!

ئێوە ناتانوێت و ناتوانن ئەو پرسە یەکلاییبکەنەوە، چونکە وابەستەی دەسەڵاتن و دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد وەك هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە پێویستی بە ڕۆڵی چەواشەکارانەی ئایین و فریودانی خەڵك بە بەهەشتی ئاسمانەکان هەیە، تاوەکو خەڵك بەرانبەر سەرکوت و نایەکسانی و نادادوەریی و گەندەڵی و چەپاوڵ و پاوانگەریی و بەفیڕۆدانی سامان و داهاتی کۆمەڵ و بەخشینی بە داگیرکەران، ناڕەزایەتی دەرنەبڕێت و ئەوان لەسەر تەختی فیرعەونییان بمێننەوە!

ئەگەر ئەوە هۆکار نییە، ئەدی چی دەتوانێت بکوژ و کوژراو، داگیرکەر و داگیرکراو، ستەمکار و ستەمدیدە، داعش و “پێشمەرگە” لەیەك واژە “شەهید”دا کۆبکاتەوە، چی ئێوە ناچار بە هەوڵدان بۆ قەرزکردن و دزین و زەوتکردنی واژەی (شەهید) لە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) دەکات، لە کاتێکدا کە هەزار و چوارسەد و چواردە ساڵە ئەو واژەیە هی ئاڵاهەڵگرانی ئیسلامە و ئیسلامیش ئایدیۆلۆجیای داگیرکردنی وڵاتان و کوردستانەکەی ئێوەشە؟

*****************************************************************************************

خوێنەری هێژا، بۆ خوێندنەوەی بۆردی راوێژکاری میدیایی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لەسەر ئەم لینکە کرتەبکە:

https://www.facebook.com/sulaymaniy.sandika

*********www.hejeen.wordpress.com ***********hejen@journalist.com *********

ئێوه‌ی فێمینیستانی ده‌سه‌ڵاتخواز و ئه‌وانی جه‌نگاوه‌رانی ئازادیخواز!

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن

15/03/2015

به‌ڕێز شارا تاهیر له‌ کورته‌ وتارێکی ئه‌م دواییه‌دا له‌ژێر ناوی ” من و ئه‌وانی تر (ڕۆمانتیزه‌کردنی کاره‌سات و میلیتارێزه‌کردنی ژن) ” که‌ له‌ ماڵپه‌ڕی پێنوسه‌کان-دا بڵاویکردۆته‌وه‌ ، ‌گه‌ر خۆی پێی بزانێت یا نا هێڕشێکی زۆری کردۆته‌ سه‌ر ژنه‌ قاره‌مانه‌کانی ڕؤژاوا و سوکایه‌تییه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌یان پێده‌کات ، که‌ له‌ کاتێکدا ژنه‌ جه‌نگاوه‌رانی ڕۆژاوا به‌ ئازایه‌تی و بوێری خۆیان بۆ داکۆکیکردن له‌ بچوکترین مافه‌کانیان، مافخواز و مافناسانی دونیاشیان به‌ دۆستان و نه‌یارانیانه‌وه‌ سه‌رسامکرد و منه‌تبارکرد، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ سه‌رجه‌می بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی و ئازادیخوازانی جیهانیان، قه‌رزاربار کرد.

دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌ ته‌نها ڕای شارا تاهیر نییه‌ ، به‌ڵکو ئه‌م جۆره‌ ئاڕاسته‌ فکرییه‌، له‌ ئێستادا له‌ نێوه‌ندی چه‌ند ئافره‌تێکی فێمێنیستی کورددا و هه‌روه‌ها هه‌ندێک له‌ پیاوانیش ، چه‌که‌ره‌ی کردووه و‌ له‌ هه‌ندێك شوێنی قسه‌و باس و کۆڕ و بۆنه‌دا ئه‌و به‌ڕێزانه‌ زۆر سیاسیانه‌ و فێڵاویانه‌ ، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی گه‌ر به‌ وریاییه‌وه‌ سه‌رنجی وتنه‌کانیان نه‌ده‌یت ، ده‌رک به‌وه‌ ناکه‌یت، که‌ ئه‌مه‌ به‌رگری له‌ ژنان نییه‌ و بگره‌ ڕه‌هه‌ندێکه‌ که‌ له‌ هه‌قه‌تدا دژایه‌تی به‌رگریکردنی ژنان، ده‌کات و داکۆکی له‌ مافه‌کانیان ، ناکات ، که‌ له‌ پشتییه‌وه‌ هۆکاری شاراوه‌ هه‌یه‌ . ده‌بێت ئه‌وه‌ش یادی خوێنه‌ر بخه‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌م ئاراسته‌ فکرییه‌ زیاتر له‌ ژنان و پیاوانی ده‌سه‌ڵاتخوازه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌.

شارا تاهیر له‌ په‌راوێزی سه‌نگه‌ری ڕك و کینه‌یه‌کی ی زۆر له‌ پیاوانی کورد به‌ گشتی ، ده‌ستڕێژ له‌ ژنه‌ قاره‌مانه‌کانی ڕۆژاوا ده‌کات و تیرۆری کاراکته‌ری که‌سایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی و بوێرێ و ئازادایخوازییان، به‌ جۆرێك ده‌کات که‌ دوژمنه‌کانیان تا ئێستا په‌یان به‌م تاکتیکه‌ ،نه‌بردووه‌.   ته‌ماشا بکه‌ن بزانن هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ چییان پێده‌ڵێت یەکێک لە سیما زۆر دیار و بریقەدارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیزم لە واقیع و میدیای کوردیدا بریتیە لە بەجێندەرکردن و ڕەگەزاندنی جەنگ، ھەروەھا پیرۆزکردنی ھاتنی ژن بۆ ناو مەیدانی شەڕ: ژن وەک چەکھەڵگر، وەک پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلایەک کە دەتوانێت شانبەشانی پیاو لە ڕیزەکانی پێشەوەی شەڕدا، بجەنگێت. کەم نین ئەو گوتار و شیعر و شانامانەی کە لەم جەنگەی چەند مانگی ڕابردوودا دژ بە داعش، بە شانوباڵی ژنی چەکھەڵگردا نوسران و ھەڵیاندا: واتە وێنا و مەزنکردنی ژنەپێشمەرگە و ژنەگەریلا و ژنەشەڕڤان وەک دلێر، جوامێر، جەربەزە، نەسرەوت و ئازا و شێری مەیدان… ھتد، کە ھەموو ئەم زمانە میتافۆرییە وەسفگەرایە خۆی زادەی ڕیتۆریک و سیمبولەکانی جیھانی پیاوە، زمانێکە پیاو دروستیکردووە تا ستایشی خودی خۆی وەک بونەوەرێکی میلیتاریزەکراو، پێبکات.” لێکدانه‌وه‌ی من بۆ ئه‌م بڕگه‌یه‌ی ئه‌م به‌ڕێزه‌ له‌م دوو شیکردنه‌وه‌یه‌ ده‌رناچێت: یه‌که‌م: لای ئه‌و، ئه‌و ژنانه‌ چه‌ند گێل و ساویله‌که‌ن تا ڕاده‌ی‌ بوونیان به‌ ده‌سکه‌لای ده‌ستی پیاوان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا. پیاوانی سیاسی له‌ بواری میلیته‌رایزیکاردنیاندا توانوییانه‌ هه‌ڵیانخه‌ڵه‌تێنن و به‌کار یانبهێنن ، له‌و لاشه‌وه‌ بوونه‌ته‌ تابلۆیه‌ك یا جه‌سته‌یه‌کی بێ گیانی سێکسیانه‌ بۆ   وتنی شانامه‌و شیعر و ده‌سته‌واژه‌ی هه‌ڵنان و زلکردنیاندا له‌ لایه‌ن ڕؤشنبیرانی کورده‌و. دووهه‌م: ئه‌م به‌ڕێزه‌ ئه‌وه‌نده‌ ساکارانه‌ و یه‌كلایه‌نانه‌ ته‌ماشای چه‌كهه‌ڵگرتنی ئه‌م قاره‌مانانه‌ ده‌کات‌ وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مان ” شه‌ڕ له‌ به‌تاڵی باشتره‌ “ی مه‌سه‌له‌ کوردییه‌که‌ کۆیکردبێتنه‌وه‌ ، ئه‌م، ئه‌و جیاوازییه‌ نابینێت که‌ ئه‌مانه‌ ئافره‌تانێك نین وه‌کو ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ ئه‌وروپا و وڵاته‌کانی دیکه‌دا ده‌چنه‌ ڕیزی له‌شکر بازی و میلیته‌رییه‌و بۆ مه‌به‌ستی مووچه‌ و به‌هێزکردنی له‌ش و جه‌سته‌ و په‌یداکردنی غیره‌ت یا خود به‌وه‌ی که‌ ژیان هه‌لێکی ئاوای بۆ نه‌ڕه‌خسانوون تاکو کارێکی باشتر بکه‌ن . له‌ ڕاستیدا شارا تاهیر   به‌ ئه‌نقه‌ست ئه‌و ڕاستییه‌ی فه‌رامۆشکردوه‌ ، که‌ ئه‌مان نه‌ شه‌ڕخوازن و نه‌ مردن په‌رستن و نه‌ بێ به‌شیشن له‌ سۆز و هه‌ستی خۆشه‌ویستی و دروستکردنی منداڵ و ژیانێکی ئاسایی و گه‌یشتن به‌ مه‌رامه‌کانی دیکه‌شیان، به‌ڵکو  ئه‌و به‌ ئاشکرا ده‌یه‌وێت په‌یامی شؤڕشگێڕانه‌‌ی ئه‌م قاره‌مانانه‌ بشوێنێی و که‌رامه‌تی ئازادیخوازیانه‌یان بڕۆشێنێ ، ده‌نا زۆر باشده‌زانێت که‌ شه‌ڕیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێ ، ئازادییه‌کانیان پێشێلده‌کرێ، ئه‌وه‌ی که‌ به‌ خه‌باتی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ به‌ده‌ستیان هێانه‌وه‌، لێیان زه‌وتده‌کرێ‌ . من ده‌ڵێم به‌ها ترین سه‌رمایه له‌ ‌ ژیاندا ، خودی ژیان خۆیه‌تی ، به‌ڵام به‌ خۆشی و ئازادییه‌وه‌ ، که‌ ژیان ئه‌م دوانه‌ی تیادا نه‌بوو ئه‌وه‌ ئیدی ده‌بێته‌ دۆزه‌خ . لێره‌دا من چه‌ند پرسیارێک له‌و خاتوونه‌ ده‌که‌م: له‌ کاتێکدا که‌ هێزه‌کانی داعش و هێزه‌ تاریکه‌کانی دیکه‌ هێڕش ده‌که‌نه‌ سه‌ر کۆمه‌ڵێك ( کۆمه‌ڵگایه‌ك) که‌ ژنان له‌ ڕێزی پێشه‌وه‌ی هه‌موو چه‌شنی قوربانییه‌کاندا، خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ ، ده‌بێت هه‌ڵوێستی ئافره‌تان له‌و باره‌دا چیبێت؟ ئایا ده‌بێت گوێ له‌و وتانه‌ی به‌ڕێز شارا تاهیر که‌ له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌که‌یدا‌ نوسیوێتی بگرن یا کاری به‌رگریی و به‌رهه‌ڵستی بکه‌ن؟!! ئایا ئافره‌تان ده‌بێت لنگیان بۆ پیاوه‌کانی داعش پان بکه‌نه‌وه‌ ، یاخود چه‌که‌کانیان له‌ به‌رامه‌به‌ریاندا به‌رزبکه‌نه‌وه‌؟!! ئایا لاوازی و که‌سایه‌تی پله‌ دوو و سو وکایه‌تی پێکردنیان هه‌لببژێرن یاخود به‌رخۆدان و ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و سه‌لماندنی خۆیان و به‌دۆرجستنه‌وه‌ی وه‌هم و خورافاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ دووروو درێژه‌ مێژوییه‌؟!!

شارا تاهیر له‌ بڕگه‌ی دووهه‌می نوسینه‌که‌یدا ده‌ڵێت نایشارمەوە کە سەرەتا من خۆیشم بە وورە و گیانلەسەردەستی، چاونەترسی و ھەستی فیداکاریی ئەو ژنانە سەرسام بووم کاتێک دەچنە جەنگەوە و بێ پرسیارکردن لە چارەنوسیان، خۆیان دەخەنە باوەشی چاوەڕوانکراوی مەرگەوە، لێ پاشتر لەلام بوو بە پرسیار کە بۆچی تەنھا و تەنھا ئەو ژنانە بە شەھید ئەژمار و تۆماردەکرێن کە وەک پیاو چەکیان ھەڵگرتووە، کە سیما و پۆشاک و تەنانەت ڕەفتاری پیاوییشان پۆشیوە و وەرگرتوە؟ ئەی ئەو ھەموو شەھیدە کۆمەڵایەتیەی تری ناو کۆمەڵگە چۆن ناودەنرێن و پۆلێندەکرێن: مەبەستم لەو ژنانەنەیە کە لە ژێر زەبر و ستەمی خودی ئەم سیستمە پیاوسالاریەدا دەچەوسێنرێنەوە و دواجار مەرگ ھەڵدەبژێرن، جا بە خۆکوشتن بێت، بە تیرۆرکردنیان بێت لە لایەن خودی پیاوەوە یا بە خۆسوتاندنیان؟ پرسیارەکە لای من پتر وا بەستەی دوو چەشن مەرگە کە لە ڕووکەشدا وا دیارە زۆر جیاوازن…..”  

ئه‌م بڕگه‌یه‌ی شارا تاهیر زۆر قسه‌ و مشتومڕ هه‌ڵده‌گرێت.   پێشئه‌وه‌ی که‌ بچمه‌ سه‌ر خاڵی جه‌وهه‌ری ئه‌و بڕگه‌یه‌، من به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌گه‌ڵ وشه‌ی شه‌هید و شه‌هاده‌تدا نیم، ئه‌وانه‌شی که‌ ئه‌م تایتڵه‌ بۆ گیانبه‌ختکردوان هه‌ڵده‌بژێرن جگه‌ له‌ سوکایه‌‌تییه‌کی دیکه به‌و قاره‌مانانه‌ ، لای من شتێکی دیکه‌ نییه‌ ، چونکه‌ هه‌موومان ده‌زانین که‌ وشه‌ی شه‌هید له‌ کوێوه‌ هاتووه و له‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ . به‌کارهێنانی ئه‌م وشه‌یه‌ بۆ ئه‌وان ده‌ستنادات جگه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌سڵی وشه‌که،‌ گه‌لێك له‌ گیانبه‌ختکه‌ران نه‌ باوه‌ڕیان به‌ دین و نه‌ باوڕیشیان به‌ خوا هه‌بووه‌ ، کاتێك که‌ من له‌ ڕۆژاوا بووم چومه‌ته‌ پرسه‌یان و هیچ مه‌راسیمێكی دینی   وه‌کو هێنانی مه‌لا و قورئان خوێندن و فاتیحادادان و هتد ، تیادا نه‌بووه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه هێشتا‌ ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ نێوه‌ندی ڕۆشنبیران و حیزبه‌ سیاسیه‌کانی وه‌کو په‌یه‌ده‌ و په‌که‌که ش و میدیاکه‌شیاندا، هه‌ر باوه‌ و ته‌نانه‌ت بۆ گیانبه‌ختکه‌رانی بێیانه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ش که‌ موسسڵمان نین و له‌ کوردستاندا گیانیان ده‌به‌خشن ، به‌کار هاتووه‌ و دێت.   هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش من له‌ دیدی خۆمه‌وه‌ وشه‌ی شه‌هید و شه‌هاده‌ت بۆ ئه‌وان ڕه‌تده‌که‌مه‌وه‌.

خاتوو شارا له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و بڕگه‌که‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا پێ له‌وه‌ده‌نێت که‌ خۆشی سه‌ره‌تا سه‌رسامیان بووه‌ به‌ڵام دواتر که‌ هۆشی تێهاتۆته‌وه‌ ( گه‌رچی ده‌رمانی هۆشهاتنه‌وه‌که‌یمان پێناڵێت) بۆی ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ ئه‌م بێچارانه‌ ، ئه‌م به‌سه‌زمانانه‌ ” ‌ بێ پرسیارکردن لە چارەنوسیان، خۆیان دەخەنە باوەشی چاوەڕوانکراوی مەرگەوە” به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌   وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی ده‌ستبکه‌وێت بۆیه‌ لای ئه‌و ئه‌وه‌ی وای له‌و ئافره‌تانه‌ کردووه‌ که‌ ئاوا بن فێلبازێتی و گێلکردنی پیاوانه‌، بووه، غیره‌ت و بوێرێتی شێتانه‌ بووه‌، پیاهه‌ڵدان و ده‌سته‌واژه‌ی سێکسیانه‌ی ، ڕۆشنبیران، بووه‌‌ .  سه‌باره‌ت به‌ جل و پۆشاکی ژنه‌ جه‌نگاوه‌ره‌کان که‌ گوایه‌ له‌وه‌شدا کۆپی پیاوان ده‌که‌ن و کولتوری پۆشاکی پیاوان هه‌یمه‌نه‌ی (پاوانه‌ی) ئه‌وانیشی کرده‌وه‌ ، له‌مه‌شیاندا خاتوو شارا ئه‌وه‌ تێنا‌گات که‌ پۆشاکی ئاسایی کوردی سوری ئه‌وانه‌ نین که‌ چ پیاوانیش و چ ژنانیش ، ئێستا له‌ به‌ره‌کانی جه‌نگدا ده‌یپۆشن . ئه‌و نایه‌وێت ئه‌وه‌ بزانێت که‌ ئه‌و پۆشاکانه‌ له‌وێ پۆشاکی هه‌موو که‌سێکه‌ که‌ له‌ ڕیزه‌کانی به‌رخۆداندایه‌ ، به‌ڕای من پۆشینی یه‌ك شیوه‌ پۆشاك، جیاوازی پیاوان و ژنانی جه‌نگاوه‌ری نه‌‌هێڵاوه‌ . خۆ ئه‌گه‌ر بهاتایه‌ پیاوان و ژنان له‌ به‌ره‌کانی جه‌نگدا پۆشاکی تایبه‌تی و جیاوازیان ، بپۆشیایه‌، دڵنیام که‌ خاتوو شارا دیوه‌که‌ی دیکه‌ی سووکایه‌تییه‌که‌ی دژیان به‌کار ده‌هێنا، ئه‌و کاته‌ ده‌یگوت ” خه‌ڵکینه‌ بڕوانن ئه‌مانه‌ باس له‌ یه‌کسانی ژن و پیاو ده‌که‌ن ، به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌ پۆشینی جله‌کانیشیاندا ، جیاوازییان دروستکردووه‌‌”

هه‌ڵبه‌ته‌ من له‌گه‌ڵ شارا تاهیر- دام ، که‌ به‌ سه‌ده‌ها ئافره‌ت له‌ کوردستانی به‌شی عێراق به‌ دیارده‌ی جیاجیا و به‌ هۆکاری جیاجیا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ ، ئه‌و ئافره‌تانه‌شی که‌ گیانبه‌ختکردنیان (خۆکوشتنیان) به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌کان هه‌ڵبژاردوه‌، لای من جۆرێکه‌ له‌ به‌رهه‌ڵستی و به‌گژاچوونه‌وه‌ی زوڵم و زۆر و به‌سووک ته‌ماشاکردنیان و نادادوه‌ری کۆمه‌ڵایتی و هۆکاری دیکه‌ن ، که‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی بابه‌تێکی تایبه‌ته‌ و چه‌نده‌ها وتار و نوسین ، هه‌ڵده‌گرێت. به‌ڵام شارا تاهیر له‌بری ئه‌و پرسیاره‌ی، ده‌بوایه‌ پرسیارێکی گشتگیری و کارایانه‌ی دیکه‌ی له‌ خۆی و له‌ هاوڕێ فێمینیسته‌کانی بکردایه‌ : که‌ بۆچی ئه‌و ڕووداوه‌ دڵته‌زێنانه‌ له‌ کوردستانی ئێمه‌دا ڕۆژانه‌ ڕووده‌دات؟ ده‌بوایه‌ ئه‌وان به‌شی سه‌ره‌کی به‌رپرسیارییان هه‌ڵگرتایه‌ ؟ ده‌بایه‌ له‌بری سوکایه‌تیکردنی به‌ ژنه‌ قاره‌مانه‌کانی ڕۆژاوا ،سه‌رزه‌نشتی خۆیان بکردایه‌ و دواتریش لێیانه‌وه‌ فێر ببونایه‌ و ئه‌زموونه‌کانی ئه‌وانیان به‌ هه‌ند وه‌رگرتایه‌ ؟ بۆ ماوه‌یه‌ك دیمانه‌کردنی ته‌له‌فزوێنی و ڕادوێ و نمایشکردنی وێنه‌ی خۆیان له‌ فه‌یسبووکدا و له‌ بری گه‌ڕان به‌دووی ناو و ناوبانگ دروستکردنی سه‌رمایه‌ی سیاسی بۆ خۆیان و حیزبه‌کانیان . بکه‌وتنایه‌ته‌ کاری مه‌یدانییه‌وه‌ و شوێنده‌ستیان دیاربوایه‌ و ئه‌و کاته‌ ده‌یانتوانی نه‌ك هه‌ر گیانی چه‌نده‌ها ژن که‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ حیزبه‌ سیاسییه‌کان و مێرد و که‌سوکاریانه‌وه‌، تیرۆر کراون ، بپارێزایه،‌ بگره‌ بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئازادیخواز ی سه‌ربه‌خۆشیان له‌ حیزبه‌ سیاسییه‌کان، دروستده‌کرد.

دیاره‌ من ده‌ستی ماندویه‌تی بڕێك له‌و ئافره‌تانه‌ که‌ له‌ هه‌‌ندێك مه‌یداندا کاریانکردوه‌ به‌ توندی ده‌گوشم و جێگای ڕێز و ستایشن ، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ‌ قسه‌و په‌یام و کۆڕو لێدوان و کردنی دیمانانه‌ و کردنه‌وه‌ی په‌ناگا بۆ شوێنی ئافره‌تانی لێقه‌وماو … هێشتا شتێکی وا جه‌وهه‌ری نه‌کراوه‌. بۆ نموونه‌ : تا ئێستا مزگه‌وتێك که‌ بووه‌ته‌ بنکه‌ی سووکایه‌تی پێکردنی ئافره‌تان دانه‌خراوه‌ ؟ تا کو ئێستا مه‌لایه‌کی دژ به‌ ئافره‌ت، تڕۆ و شار به‌ده‌ر نه‌کراوه‌؟ تا ئێستا به‌رنامه‌یه‌کی نێو ڕادوێ یاخود ته‌له‌فزوێن ‌ که‌ بواری بۆ بانگه‌شه‌ی سووکایه‌تی به‌ ئافره‌تان کردووه‌ ، دانه‌خراوه‌ و پێشكه‌شکاری به‌رنامه‌که‌ش ، ده‌رنه‌کراوه‌ و به‌دناو نه‌کراوه‌؟ تا ئێستا یاسای چه‌ند ژنه‌ به‌کاره‌ و له‌ کاردایه‌؟ زۆری دیکه‌ له‌مانه‌ ، هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و فێنمه‌نیسته‌ به‌ڕێزانه‌ی ئێمه،‌ باوه‌ڕیان به‌و جۆره‌ کارانه‌ نییه‌ که‌ گۆڕانکاری جه‌وهه‌ری له‌ ڕێگاوه‌ ده‌کرێت، وه‌کو گێڕانی ناڕه‌زایی سه‌رومڕ و کردنی پیکت لاین به‌به‌رده‌وامی و داگیرکردن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ ئه‌و سوکایه‌تیانه‌ی به‌ ژنان تیادا، کراوه.، هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر په‌ڕله‌مان و بنکه‌ی باڵا و باره‌گای پارته‌ سیاسییه‌کان و ناڕه‌زاییده‌ربڕین له‌ به‌رده‌م ماڵی که‌سانێک که‌ سوکایه‌تی به‌ ئافره‌تان ده‌که‌ن و بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌یان و لیفلێت کردن له بازاڕ و ماڵه‌کاندا ، دژیان ، هیچی نه‌کراوه‌ . ئه‌مان بۆ لابه‌لاکردنه‌وه‌ی ئه‌و کێشانه‌ کردنی ‌ دیمانه‌یه‌کی ته‌له‌فزوێنی ، یا یه‌کدوو کاژێرێک چوونه‌ سه‌ر شه‌قام تاکو له‌ فه‌یسبوکدا بلاوی بکه‌نه‌وه‌، به‌کافی ده‌زانن .

ئه‌مان لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆیان ناکه‌ن بۆچی له‌ ڕۆژاوادا ئه‌وانه‌ ڕوونادات؟ ئاماده‌نین که‌ شتێك له‌و ئه‌زموونه‌وه‌ فێربن ، چونکه‌ حیزبه‌کانیان ڕێگریانه‌ ، چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتخواز یو ناو و ناوبانگی تیادا ونه‌، چونکه‌ به‌کاربردنی ئه‌و جۆره‌ خه‌باته‌ سه‌روه‌رێتی حیزبایه‌تی، خێڵگه‌رایی ، باوکسالاری ، ده‌سه‌ڵاتخوازی ، پاکۆده‌دات.   له‌وانه‌ش خراپتر که‌ دێته‌ سه‌ر گه‌مه‌ی شوومی هه‌ڵبژاردن ، به‌شی زۆریان بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌شدار ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ش ده‌که‌ن ، که‌ زنجیره‌که‌ی پێ و جه‌سته‌یان توندتر ده‌کات ، هۆش و گۆشیشیان زیاتر کۆیله‌ ده‌کات.

هه‌ر له‌و بڕگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا خاتوو شارا په‌نا بۆ سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌بات و ده‌ڵێت ” لەم بارەیەوە ژولیا کریستیڤا دەڵێت:((ئەمانە (ژنان) دەنێردرێن تا ھاوشێوە و وەک لاساییکەرەوەی ھەژمون و دەسەڵاتی پیاو لە شەڕدا، خۆیان بدەن بە کوشت و شەھید ببن… ژنان لە پێناوی ھەمان ئەو پر‌نسیپ و باوەڕانەدا خۆیان دەدەن بە کوشت کە پێشتر ھۆکاری پەراوێزخستن و بێ بەھاکردنیان بووە)‌). بەکورتی، ھەر ئەو نۆرمانەی کە ژنیان کورتکردبۆ‌وە بۆ جەستەیەک کە ئەرکی سەرەکی بریتیە لە منداڵخستنەوە، ھەمان نۆرم لە چرکەساتی جەنگدا دەیانگۆرێت و دەیانکات بە جەستەیەک و ماشێنێک بۆ مەرگبۆ ئه‌م په‌ڕه‌گرافه‌ی ئه‌و، من ته‌نها کۆمێنتێکی بچوکم هه‌یه‌‌ چونکه‌ من نازانم له‌ کوێدا و بۆ چ مه‌به‌ستێك و له‌ چ سه‌رده‌مێکدا ، خاوه‌نی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌ی وتووه‌ ، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم که‌ ئه‌و کۆمێنته‌ جه‌نگاوه‌رانی ئازادیخوازی ڕۆژاوا ناگرێته‌وه‌ . دوای ئه‌وه‌ش ئاساییه‌ که‌ که‌سانی ئایدۆلۆجی و ده‌سه‌ڵاتخواز و حیزبی، هه‌میشه‌ بۆ سه‌لماندنی ڕاکانیان ، په‌نابه‌رنه‌ به‌ر قسه‌ی ئه‌م و ئه‌و و ده‌قی کتێبه‌ زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه‌کان و له‌ دووری بارودخه‌که‌ و کارایی ئه‌زموونه‌کانه‌وه‌ ، له‌نگه‌ر بگرن و قسه‌ بکه‌ن .

شارا تاهیر له‌ دوو بڕگه‌ی کۆتایی وتاره‌که‌یدا ، هێڕشه‌کانی له‌سه‌ر پیاوان چڕ و پڕ تر ده‌کاته‌وه‌ و له‌ پالیشیا سوکایه‌تییه‌کی یه‌کجار زیاتر به‌و ئافره‌تانه‌ ده‌کات و فاڵیان بۆ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌ داهاتوودا چییان به‌سه‌ر دێت، که‌ دیسانه‌وه‌ ‌ ده‌بنه‌وه‌ ئامێری سێکسی و منداڵدروستکردن. من نازانم پاشه‌ڕۆژی ڕۆژاوا به‌ره‌وکوێ ده‌ڕوات، ناتوانم به‌ یه‌قینه‌وه‌ پێشبینی داهاتوی بکه‌م ، مه‌گه‌ر به‌ وشه‌ی ” ئه‌گه‌ر و به‌ڵام ” قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌م ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم که‌ تۆ ناتوانیت‌ مافی سێکس و هه‌بوونی منداڵ و ئیختیاری خودی خۆیان له‌ ژنانی ڕۆژاوا ، بسه‌نیته‌وه‌ و ڕای خۆتیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنیت . ئه‌وان وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا ئازادن له‌وه‌ی چی ده‌که‌ن هه‌ڵبه‌ته‌ش له‌ داهاتوشدا هه‌ر ئازادن که‌ چییان ده‌وێت ، به‌ڵام زۆر دڵنیام که‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌ نه‌ ده‌سته‌مۆ به‌ ئاره‌ز و هه‌وه‌سی پیاوان، ده‌بنه‌وه‌ و نه ئیدی‌ باوکسالاریش قه‌بوڵده‌که‌ن ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ لای من کۆیله‌ی ئیدۆلۆجی ، کۆیله‌ی خێڵ، کۆیله‌ی کوڵتور، کۆیله‌ی حیزب، کۆیله‌ی نه‌ته‌وه‌ ، کۆیله‌ی خێزان، کۆیله‌یه‌تی سه‌ر کار، کۆیله‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت. …به‌ هه‌موو کۆیله‌کانی دیکه‌وه‌، له‌ پرنسپڵدا  هیچ جوودایییه‌کی له‌ کۆیله‌ی مێرد ، پیاو ، نییه‌ ، بگره‌ کۆیله‌بوونی پیاو ڕه‌نگه‌ ئه‌هۆنتر بێت و ڕه‌نگه‌ ڕزگاربوونیش له‌ ده‌ستی پیاو به‌ جیابوونه‌وه‌ ، به‌ ده‌ست لێهه‌ڵگرتن ، به‌ حاشا لێکردن ئاسانتر بێت له‌ ڕزگاربوون له‌ کۆیلایه‌تی حیز ب و‌ نه‌ته‌وه‌ و ئیدۆلۆجی و کولتور.

دواقسه‌م بۆ شارا تاهیر:

شارا تاهیر، پێش ئاشنابوونی به‌م فیکره‌ تازه‌یه ‌و دابارێته‌ سه‌ر ئه‌و قاره‌مانانه‌ و ئه‌و هه‌موو سوکایه‌تییه‌یان پێبکات ، ده‌بوایه‌ تۆزێك خۆی ماندوو بکردایه‌ تاکو له‌ بارو دۆخی ڕۆژاوا و ئافره‌تان له‌وێ به‌تایبه‌تی ، گه‌ر ه‌ێڕشه‌که‌ی بۆ سه‌ریان به‌ ئامانج نییه‌، بکردایه‌ . به‌ڵگه‌شم بۆ قسه‌کانم: خاتوو شار ا ته‌نها لایه‌نی چه‌کدارانه‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌ ده‌بینێت که‌ چه‌ندێكن و چی ده‌که‌ن ، که‌ من له‌ ڕۆژاوا بووم براده‌ران وتیان ژماره‌یان ده‌چێته‌ ده‌ور‌وبه‌ری 10 هه‌زار ، تۆ بڵێ 20 هه‌زار به‌ڵام به‌ سه‌ده‌ها هه‌زاری دیکه‌یان له‌ گروپه‌ خۆجێیییه‌ ڕادیکاڵه‌کاندا خۆیان ڕێکخستووه‌ ، له‌ ده‌زگه‌ خزه‌متگوزارییه‌کاندا کارده‌که‌ن ، زۆربه‌ی ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری تێڤده‌م ئافره‌تانن ، له‌ لیژانه‌کانی پیوه‌ندیی سیاسیی و دیبلۆماسیانه‌ به‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیانه‌وه‌ ، له‌ شاره‌وانییه‌کاند، ،هه‌ڵده‌سوڕێن، له‌ خۆبه‌ڕیوه‌به‌رییه‌کاندا به‌رپرسن، هاوسه‌رۆکن ڕۆڵی کاریگه‌ر ده‌بینن، له‌ نقابه‌کاندا ده‌ستبه‌کارن . له‌ بزوتنه‌وه‌ و گروپه‌کانی ئافره‌تاندا.  له‌ ڕۆژاوادا شوێنێك نیه‌ لیژنه‌یه‌ك ، گروپێك نییه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی ڕه‌نگینی ئافره‌تانی کارای ئه‌وێی تیادا نه‌که‌وتبێته‌ کار .

ئه‌وان که‌مپه‌ین و که‌مپی ئاشتی ژنانیان دامه‌زراندووه‌ ، نازانم بۆ چی خاتوو شارا ئه‌و که‌مپ و که‌مپینه‌ی سنوری کۆبانی له‌ شاری سروچک، نه‌بینیوه‌ ، دیمه‌نی هه‌زاره‌ها له‌ ژنانی ڕۆژاوا و باکوری کوردستانی فه‌رامۆشکردووه‌ ‌ که‌ به‌ چنگ و به‌ خاکه‌نازو به‌ بێڵ و به‌ ده‌ست و پل خه‌نده‌قی شه‌رمه‌زارییان پڕده‌کرده‌وه‌ ، ئه‌ی چی ده‌ڵێت به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو ڕێپێوانه‌ی که‌ ژنان له‌ باکور و له‌ ڕۆژاوا ده‌یانکرد و به‌رده‌وامن .   په‌یامی شؤڕش له‌ ڕۆژاوا و له‌ باکوری کوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ په‌یامی شؤڕشی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نها شؤڕشی سیاسیی، هه‌موو لایه‌نه‌کانی خه‌باتی گرتۆته‌وه‌ ، ئه‌وان خاوه‌نی ده‌نگی خۆیانن و له‌ سه‌رجه‌می بڕیاردانه‌کاندا له‌ بچوکه‌وه‌ بۆ گه‌وره‌ ، به‌شدارن و ڕۆڵیان هه‌یه‌، بۆیه‌ شارا تاهیر که‌ ته‌نها باس له‌ میلیته‌رایزی ژنان ده‌کات زوڵمێکی زۆر نه‌ک هه‌ر له‌ خودی ژنانی ڕۆژاوا خۆیان ده‌کات، به‌ڵکو له‌ په‌یام و جۆره‌کانی خه‌باتیشیان ده‌کات.

وەڵام بەو هێزە (ڕامیاریی) و (ئایینی) و (كولتووریی)ەی كە لە پشت مەلا كامەران خۆی حەشارداوە

وەڵام بەو هێزە (ڕامیاریی) و (ئایینی) و (كولتووریی)ەی كە لە پشت مەلا كامەران خۆی حەشارداوە

هەژێن

١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤

بەر لە هەر شتێك، من لەجیاتی هیچ كەسێك وەڵامنادەمەوە، كە مەلا كامەران نامەكەی ئاراستەكردووە، چونكە من سەر بە هیچ پارتییەك و هیچ دەسەڵاتێك و هیچ ئایدیۆلۆجییەك نیم و لەوەش واوەتر دژی هەموو ڕێكخستنێكی ڕامیارییم واتە دژی هەموو پارتییەك و گروپ و سیستەم و فەرمانداریی و دەوڵەتێكم!

هەروەها پێویستە ئەوەش بڵێم، هەر ئاوا كە كانتۆنەكانی “ڕۆژاوا” مافی خۆیانە چۆنیان پێخۆشە بڕیار لەسەر ژیان و ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی كار و چالاكییەكانیان بدەن، هەر ئاواش كۆمەڵێكی دیكە مافی خۆیەتی قورئان و حەدیس و شەریعەت بكاتە سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆی؛ هەر ئاوا مەلا كامەران مافی ڕەوای خۆیەتی ڕەخنەبگرێت و پێشنیاربكات و سیستەمی ئۆتۆنۆمی فێدەراڵیزمی دێمۆكراتیك ڕەتبكاتەوە، منیش وەك خوێنەڕێكی بۆچوونەكانی ڕاستر بڵێم هەڕەشەكانی مەلا كامەران، سەرنج و وەڵامی خۆم بە هێزە كاراكانی پشت وتارە ئایینییەكانی هەیینی مەلاكان دەرببڕم و بدەم، وەك گوتم ئەم بابەتە تەنیا سەرنجی منە و پەیوەندی بە هیچ كەس و لایەن و ئایدیۆلۆجییەكەوە نییە !

مەلا كامەران دەنووسێت ” به‌و پێیه‌ی به‌نده‌ یه‌كه‌م مامۆستایه‌كی ئاینی بووم كه‌ دژایه‌تی خۆم بۆ هه‌ڵوێستی گروپه‌ ئیسلامیه‌كان و به‌تایبه‌تیش به‌ره‌ی نه‌سره‌ ده‌ربڕی ئه‌وكات كه‌ له‌ عفرین و ناوچه‌ كوردیه‌كان له‌ دژتان ده‌جه‌نگان، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م مامۆستایه‌كی ئاینی بووم كه‌ دژایه‌تی خۆمم ده‌ربڕی له‌ چوونی گه‌یاند كه‌ هه‌ر كوردێك له‌شه‌ڕی دژی كوردستانی رۆژئاوا بكوژرێت پێی ناوترێت شه‌هیدو سته‌مكاره‌، … “

مەلا گیان، بەڕێزم، ئەوە هەڵەی خۆتە و بۆ تێنەگەییشتنی خۆت لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەرایەتی كانتۆنەكان دەگەڕێتەوە، كە بە دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ و سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەرایەتی [ئۆتۆنۆمی] و تاك و كۆمەڵ لەسەر بنەمای یەكێتی ئازادانەی فێدەراڵیستی لە خوارەوەرا ڕۆنراوە. مەلا گیان دەزانم كە تێگەییشتن لەو سیستەمە و لەو چەمكانە بۆ تۆ گرانە و پێویستە كاتێكی بۆ تەرخانبكەیت و لەبارەیەوە بخوێنیتەوە، ئەزیزم گرفتە لەوەدایە، كە تۆ ئەو بوونەی ئەویش هەر بە سیستەمە گەندەڵەكەی هەرێمی دۆلارستان تێگەییشتووی، كە هەزاران تەمەڵ و كارنەكەری بەناوی “زانای ئایینی”یەوە وەك بەرخ بۆ پاییز خڕتكردووە و كاتێك كە دەبیستی لە سایەی خۆبەڕێوەبەرایتییەكانی “ڕۆژاوا” پەیوەندییەكانی خێزان و نێوان ژن و پیاو لەسەر بنەمایەكی سڤیلی ڕێكدەخرێن و بوار بۆ كار و كاسبی مەلایان نامێنێتەوە و قێزەونترین دیاردەی ئایینی “مارە بەجاش” وەلادەنرێت، ئیدی دادەچڵەكێت و هاوارت لێ بەرزدەبێتەوە. هەڵبەتە وەك خۆر دیارە، كە ئەوە تەنیا تۆ نیت تووشی شۆك بوویت، بەڵكو دەسەڵاتداران و سیستەمەكیش كە مووچەی مفتە بۆ مەلایان دابیندەكات، لە تۆ زیاتر تووشی شۆك بوون و گرفتی تۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە نییە لە كانتۆنەكانی ڕۆژاوا، بەڵكو ئەوەیە كە تۆ و سەروەران ترسی هەڵكردنی ئەو نەسیمەی پاییزی ٢٠١٤ بەرەو هەرێمی دۆلارستان ترساندوونی و سەرۆك و پارلەمانتارەکان لەوە دەترسن ئەو هەواڵانە بگەنە گوێی ژنەکانیان و خەیاڵی ئازادی دێوارە پۆڵایینکانی خێزانی خێلەکییان ببڕێت و کنە بکاتە مێشکیان، ئاخر مەگەر تۆ بزانیت کە چەند-ژنە چ ناز و نیعمەتێکی پاشایانە بۆ سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و سەرۆکی پارتییەکان و ئێوەی مەلایان، تۆ خەمی نەمانی مریشکە ڕەشەکە و “مارە بەجاش”ت لێنیشتووە، ئەزیزم !

” …. به‌هه‌مان شێوه‌ش بیسه‌پێنن به‌سه‌ر گه‌لانی ژێر ده‌سته‌تانداو ره‌چاوی ئاین و بیروباوه‌ڕی زۆرینه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ نه‌كه‌ن!، به‌تایبه‌تی ئاینی پیرۆزی “ئیسلام” كه‌ ئاین و به‌رنامه‌ی ژیانی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌و ده‌بێت رێزی لێبگیرێت، “

لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێم کە مەلا كامەران زۆر بە وردی و زیرەكییەوە هەنگاو بە هەنگاو ئەوەی دەسەڵاتداران بە ئاشكراو و بە شێوەی ڕامیارییانە لە ئێستادا ناوێرن دنەیبدەن و ئاژاوەی بێبنەما بنێنەوە، هەر ئاوا كە لە دوو ساڵی ڕابوردوودا بە ناردنی چەندین تیمی تیرۆریست بۆ تەقاندنەوە و دروستکردنی ئاژاوە لەنێوان كوردان و ئێتنییەكانی دیكە، هەروا لەنێوان موسوڵمانان و پەیڕەروانی ئایینەكانی دیكە ناردە هەرێمی کانتۆنەکان، بەڵام بۆیان نەچووەسەر، لەوە دەچێت لە ناتوانایی و بێڕۆلیی (ئەنەكەسە)دا دەسەڵاتدارانی هەرێم هانایان بۆ نامە و وتاری ئاگراویی مەلایان هێنابێت. مەلا گیان، لە كوێی گوتار و دەق و بەڵگەنامە و یاسا و ڕاگەیاندنی كانتۆنەكانی “ڕۆژاوا”دا دژایەتی ئایینەكان بەگشتی و ئایینی ئیسلام بەتایبەتی كراوە، تاوەكو تۆ لە خەیاڵی خۆتدا جەنگەكیكی ئاوا دژی خۆبەڕێوەبەرایەتی ڕابگەییةیت ؟

بەبۆچوونی من لەوێندەرێ، بەو ڕاگەیاندنە یاساییە و بە هەنگاوە کردەییەکانی دوو ساڵی ڕابوردوو، هەم ڕێزیان لە ئایین وەك بیروباوەڕێکی تاکەکەسیی گرتووە و هەم یەکسانی و هاومافییان بۆ هەموو ئایینەکان دابینکردووە و هەم ئایینیان لە دەسکەلایی و دەستتێوەردانی دەسەڵاتخوازان و ڕامیاران و مفتەخۆران و باندە نێودەوڵوەتییەکانی وەك دەوڵەتی ئیسلامی، پاراستووە! لێرەدا وەك دڵسۆزییەك بۆ تۆ و مەلاکانی دیکە، تکاتان لێ دەکەم، هەوڵبدەن لە ڕەهەندە پۆزەتیڤەکانی جیایی ئایین لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ، من ناڵێم “جیایی ئایین لە دەوڵەت” چونکە پێویستە خودی دوڵەت وەك دومەڵ و وەرەمێکی کوشندە لەسەر جەستەی کۆمەڵ ڕیشەکێشبکرێت، تاوەکو چیدیکە ئایین نەکرێتە ئامرازی سەرکوتکردن و چەپاندنی منداڵان و ژنان و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە و ئازادیخوازان بەگشتی. تکایە هەوڵبدەن بە لۆجیك و بە خوێندەوەی ورد بۆ دەسەڵاتداریی “خەلافەت” و ڕەهەندە نیگەتیفەکانی بۆ ئایین، بەراوردی جیایی ئایین لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ و ملهوڕیی پارتیی و گروپە ئیسلامییەکان بەناوی ئایینەوە، بکەن!

” زۆر به‌داخه‌وه‌ وا خه‌ریكه‌ قسه‌ی نه‌یاره‌كانمان له‌سه‌رتان ده‌بێت به‌ڕاست و گومانه‌ باشه‌كانی ئێمه‌ش ده‌بنه‌ هه‌ڵه‌ و به‌رگری كوێرانه‌و ده‌مارگیری! “

مەلا گیان، قسەی نەیارەكانتان كامانەن، كە خەریکە ڕاست دەردەچن، بۆ بە ئاشكرا و بێبەردە ئاماژەیان بۆ ناكەیت! پاشان ئەو “ئێمە”یە كامەیە كە بەڕێزتان بەناوییەوە دەئاخفیت؛ مەلایان، دەسەڵاتداران یا كوردان؟ بۆ من و سەدان هەزار ئازادیخوازی كوردزمان ئاساییە كە تۆ بەناوی دەستەی یەكەم و دووەمەوە قسەبكەیت، بەڵام ڕێگەنادەین بەناوی هەموو كوردانەوە قسەبكەیت، چونکە كوردان هەم موسوڵمان و هەم مەسیحی و جولەكە و ئێزیدی و كاكەیی و بێدین دەگرێتەوە و بەهیچ لۆجیكێك تۆ ناتوانیت بێچەندوچوون بەناوی گشتەوە قسەبكەیت، یا دەتەوێت وەك خەلیفەی موسوڵمانانی جیهان (ئەبوبەکر بەغدادی) تۆش بەناوی گشت کوردانەوە بدوێیت؟!

” جگه‌ له‌وه‌ی هاوسۆزی و هاو خه‌می موسڵمانان و زانایانی ئاینی میلله‌ته‌كه‌ی خۆت له‌ ده‌ست ده‌ده‌یت، هیچ به‌رهه‌مێكی باشیشی نابێت و سه‌رئه‌نجام ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزبوونی بزوتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌كان و ئینتمایی ئاینی، … “

باشە مەلا گیان، بۆ سێ هەرێمی “ڕۆژاوا”، كە ناتۆنەكانیان پێكهێناوە مەلایان تێدانییە و لەوێ كەس نییە داكۆكی لە ئیسلامبوونی خۆی بكات، كە ئاوا تۆ لە پایتەختی ڕۆشنبیریی دۆلارەوە ناچاریت ئەو ئەركە بخەیتە سەرشانی خۆت؟ ئەگەر سیستەمی ئۆتۆنۆمی دیمۆكراتیكی كانتۆنەكان دژی ئایینی ئیسلامە، بۆچی موسوڵمانێك، فەقێیەك، مەلایەك دەنگی لێ بەرزنەبووەوە، یا ئەوەیە کە تۆش بە دەردی ڕامیارەكان و دەسەڵاتداران لە لوتكەی لوتبەرزیی و لەخۆباییبوونەوە دەتەویت لە بڵندگۆی میدیا کۆنەپارێزەکانەوە خۆت بكەیتە ئامۆژگاریكەری كانتۆنەكان، ئەو كانتۆنانەی كە ئەگەر ژنانی ئەوێ نەبوونایە، هەنووكە پایتەختە نەوتینەكە و پایتەختە ڕۆشنبیرییەكەی هەرێمەکەی بەرێزتان كرابووە حەرەمسەرای خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی!

پاشان تكایە بۆ منی ڕۆشنبكەرەوە، چونکە خەریكە تووشی سەرگێژە دەبم؛ تۆ ترسی ئەوەت لێنیشتووە، كە بزووتنەوە ئیسلامییەكان بەهێزببن و ئینتیمای ئایینی زیاد بكات، یا ترسی هەڵكردنی نەسیمی جیاکردنەوەی ئایین لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ، کە بەرەو هەرێمی دۆلارستان هەڵبکات و ببێتە هۆی نەمانی كار و كاسپیتان؟

” …. سه‌رئه‌نجام شكست ده‌خۆیت و له‌ لوتكه‌ی كۆشكه‌كه‌تدا ” قل هو الله أحد ” ده‌خوێنرێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كۆشكی كرملن دا خوێنرا، یان سه‌رئه‌نجام وه‌ك ئێستای توركیات لێ به‌سه‌ردێ‌ دوای حه‌فتا ساڵ علمانیه‌تی تۆتالیتاری و سته‌م و نادادی به‌رامبه‌ر ئیسلام دواجار له‌سه‌رده‌ستی ئیسلامیه‌كان ملی شكا !”

مەلا گیان سەرت لە منیش شێواندووە، تێناگەم بۆ تۆ پێتناخۆشە ” قل هو الله أحد ” بخوێندرت و ئاكەپەیەكی دیكە لە “ڕۆژوا” ببێتە دەسەڵاتدار، ئەی مەگەر هەموو داخوازی و هیواخوازی ئێوە مەلایان سەرکەوتنی ئیسلام و دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامیی نییە لە سەرتاسەری جیهاندا؟! تێناگەم ئەو هەموو هەڕەشەكردن و ترساندنە لەپێناو چی و بۆچی؟ خۆ نە (خۆبەڕێوەبەرایەتی دێمۆکراتیکی كانتۆنەكان) و نە (یەكینەكانی پاراستنی گەل) و نە خودی (پەیەدە)ش پاگەندەی لەنێوبردنی ئیسلام و كوشتوبڕکردنی موسوڵمانانیان نەكردووە، ئیدی ئەو گرەوگرتنەوەیە لەسەر چی و دەتەوێت لە گۆمی لێڵی ڕامیاریی كام دەسەڵاتی ناوچەدا مەلەبكەیت؟ پاشان لەیادتنەچێت، كە (ئۆردوگان)ی خەلیفەی نیئۆ-ئوسمانییەكان هەموو كۆبوونەوەیەكی لەژێر وێنەكەی ئەتاتورك و لەسەر هەمان بنەماكانی بیركردنەوەی نەژادپەرستانە و فاشیستانەی ئەتاتورك بۆ دژایەتی بزاڤی ئازادیخوازی كوردان دەكات و فاشیزمی ئاكەپە، كەمالیستەكانی خستووەتە خانەی هێزێكی میانەڕەوی نەژادپەرست!

” ئه‌وه‌ش بزانه‌ ئیسلام پێویستی خه‌ڵكه‌ نه‌ك پێویستی به‌ خه‌ڵك بێت، ئیسلام ناسه‌په‌ێت به‌ڵكو ده‌بێت خۆت زۆر مه‌منونی ببیت ئه‌گه‌رنا منه‌تی پێت نیه‌، “

هەزاران درود لە گۆڕی پێشینان كە گوتوویانە “… بدوێنە خۆی لێكدانەوە لەسەر خۆی دەكات/ شەرحی خۆی دەکات”! باشە ئەگەر ئایینی ئیسلام پێویستی بە خەڵك نییە و ناسەپێنرێت، ئیدی بۆ بەیانی تا ئێوارە مێشكی ئەو خەڵكەتان کاسکردووە و كاتێكتان بۆ قسەی خۆش نەهێشتووەتەوە؟ ئەگەر ئیسلام ئایینی سەپاندن نییە، بۆ دەبێت یاسای كۆمەڵ و بەرێوەبردنبێت؟ بۆچی كاتێك كە كۆمەڵێك ئەوە هەڵنابژێرێت، تۆ لە دووری هەزران كیلۆمەترەوە لە پایتەختی ڕۆشنبیریی مەلایانەوە، شمشێرەكەت دەردەكێشیت و هەڕەشەی ئەوە دەكەیت، كە كانتۆنەكان وەك ڕوسیە و (توركیە)یان لێدێت و ئیسلام سەردەكەوێت؟ باشە مەگەر دانیشتووانی كانتۆنەكان كێن، تا ئیسلام بەسەریاندا سەربكەوێت؟ ئایا دەزانیت تۆ ئاگایانە خۆبەڕێوەبەرایەتی دیێمۆکراتیکی کانتۆنەکانی “ڕۆژاوا” بە دیکتاتۆریی ستالین و بە فاشیزمی ئەتاتۆرك دەچوێنێت و ئەمە هەمان فتواكەی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامییە، كە كوردان بە دژە ئیسلام هەژماردەكات و ژنەكانیشیان بە شایانی کەنیزەكبوون لە حەرەمسەراکانی خەلیفە؟

” ئێمه‌ له‌ زووه‌وه‌ وتومانه‌ داعش لیزمه‌ له‌ ئیسلامیدا هه‌یه‌ و له‌ چه‌پ و ماركسی و علمانیه‌تیشدا هه‌یه‌، چونكه‌ لۆژكه‌كه‌ی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانی تر و ره‌نگه‌كانی تره‌ ئه‌وكاره‌ی ئێوه‌ش كه‌ له‌”میرات و ماره‌یی ئافره‌تان” و وه‌ك پێده‌چێت له‌ هه‌مووشته‌كانی تردشدا هه‌ر وایه‌! “

باشە مەلا گیان، جارێكی دیكە “ئێوە” كێن؛ بزووتنەوەی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، انصاراللە یا قسەكەرانی سیستەمی دێمۆكراتی پارلمانی؟ پاشان تكایە جارێكی دیكە ئەو دوو دێڕو نیوە بێسەرەوبەرەیەت بخوێنەرەوە، بزانە بەخۆشت لێی تێدەگەیت، یا من كوردی نازانم؟

مەلا گیان، منیش پێداگریی لەسەر ئەوە دەكەم كە هەموو ئاراستە و تێڕوانین و ئایدیۆلۆجییە دەسەڵاتگەراكان سەرەنجام بە خاڵی (داعش) و (ستالین) و (ئەتاتورك) دەگەن و هەر سەریان لەوێوە دەردەچێت. دڵگران نەبێت بە هەر جۆرێك ماشینی ئیسلام بهاژوویت، سەرنجام سەری گەشتەكەی هەر لە وێستگەی ملپەراندنەكەی سعودیە و سێدارە-شەقامییەكانی كۆماری ئیسلامی و سەربڕینەكانی طالیبان و انصارالاسلام لەخێڵی حەمە و (داعش) دەردەچێتەوە! بەڵام دەكرێت بزانین بۆ فیكە دێمۆكراتییەكەی تۆ لە “میرات و ماره‌یی ئافره‌تان”دا باریكدەبێتەوە و كوتاییدێت؟ بێژی گرێ-دەروونەییەكەی تۆش هەمان گرێی دەروونی سەرانی (ئەنەكەسە) بێت، كە بە هەموو پارتییەكانیانەوە ژنێكیان لە سێ كانتۆندا بۆ پەیدانەكرا وەك ژنانی پارلەمانی دۆلارستان مل بۆ ملهوڕیی پارتییەكانی بازارئازاد كەچبكات! دیسانەوە ناچارم بێژم، كە نائاگایت لە سیستەمەكانی دیكە و تەنیا سیستەمی بۆرجوازی دەناسیت، كە سیستەمەكەی ڕژێمی بەعس و سیستەمەكەی هەرێمی دۆلارستان و سیستەمەكەی ئاكەپە و سیستەمەكەی (داعش)یش دەگرێتەوە!

” ئه‌وكاره‌ی ئێوه‌ش كه‌ له‌”میرات و ماره‌یی ئافره‌تان” و وه‌ك پێده‌چێت له‌ هه‌مووشته‌كانی تردشدا هه‌ر وایه‌!، جۆرێكه‌ له‌ داعشێتی به‌سه‌ر زۆرینه‌یه‌كی موسڵماندا، “

مەلا گیان ئەگەر خۆبەڕێوەبەرایەتی دێمۆکراتیکی كانتۆنەكان و یاساكانیان ” جۆرێكه‌ له‌ داعشێتی به‌سه‌ر زۆرینه‌یه‌كی موسڵماندا،” ئیدی نازانم گرفتی تۆ لەچیدایە و بۆ خەمت لێنیشتووە؟ مەگەر تۆ دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و خەلافەت و پەیڕەوكردنی قورئانیت؟ ئایا “داعشیەتی” ناكاتە كوردتكراوە (دەوڵەتی ئیسلامییەتی)، ئیدی بۆ پێتناخۆشە و هەراسان خۆت نیشاندەدەیت؟

مەلا گیان، كاتێك كە خەریكی خوێندنەوەی ئەم دەستەواژانەی تۆ بووم، بڕوام بكە گوێم لە دەنگی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پارلەمانی هەرێم و هەموو پارتییە ناسیونالیست و ئیسلامییەكان بوو، گوێم لە قسەكەری کۆمەڵەی بانكی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بوو، ئاخر پرسی “میرات و ماره‌یی ئافره‌تان” پرسێكی ئابوورییە و پەیوەندی بە كۆی سیستەمە بۆرجوازییەكەوە هەیە!

” ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هاوسۆزی و په‌رۆشی و یارمه‌تی و پشتیوانی بست به‌ بستی خاكی كوردوستان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌داو جیاوازی سلێمانی و كۆبانی بۆ ئێمه‌ نییه‌و به‌ په‌رستاشیشی ده‌زانین، “

مەلا گیان، پێتناخۆشنەبێت/ دڵگرانەبیت، ئەم قسەیە هی خۆت نییە و ئەگەر سەرنجی ئەرشیڤی دژایەتی خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی كانتۆنەكان لە دوو ساڵی ڕابوردووی (ئەنەكەسە) و (پدك) و (ئیسلامییەكان)یش بدەیت، دەبینیت یەكەم كەس تۆ نیت، كە ئەم قسەیەی كردبێت و هاوکاتیش هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە و کنەکردن و کردنەوەی شوێنپێی سیخوڕەکانی ئاکەپەی کردبێت!

” خۆ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ په‌شیمان نه‌بنه‌وه‌ له‌و هه‌ڵوێسته‌تان به‌رامبه‌ر به‌ ئیسلام ئه‌وه‌ ئێمه‌ په‌شیمان ده‌بینه‌وه‌و ته‌وبه‌یه‌كی نه‌سوحیش ده‌كه‌ین له‌وه‌ی گومانی باشمان زۆر بوو پێتان و زۆر به‌توندی رووبه‌ڕووی زۆرێك له‌ مامۆستایانی ئاینی و برا موسڵمانه‌كانی ناو خۆمان ده‌بوینه‌وه‌، “

مەلا گیان، ئەگەر ئەمە هەڕەشەی سرێنەوەی بەرانبەر نییە، ئەدی چییە؟ ئەگەر تۆ و ئەوانی پشتپەردەیش كە مووچەی ئێوە دەدەن، بڕواتان بە ئازادی دیگەران هەیە، دەی هەر ئاوا كە ئێوە [مەلاكان و دەسەڵاتداران و سەرمایەداران] هەرێمی كوردستانتان كردووە بە بەهەشتی تەراتێنی كۆمپانییە جیهانلووشەكان و وێرانەی بازارئازاد، با ئەوانی دیكەش ئازادبن و بەخواست و ویستی خۆیان سیستەمی ژیان و بەرێوەبردنی کۆمەڵەکەیان دیاریبكەن !

” هێشتا كات زووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابیته‌وه‌ له‌ سه‌لامه‌تی و سه‌قامگیری حكومه‌ته‌كه‌ت و بێ منه‌تیت له‌ ئیسلام و هاوسۆزی موسڵمانان و زانایانی ئاینی!!! “

بەداخەوە دیسانەوە ناچارم ئەوە بڵێمەوە، كە مەلا گیان تۆ هیچ زانیارییەكت لەبارەی سیستەمی خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی لەسەر بنەمای فێدەراڵیزمی دیمۆكراتیك و پشتبەستن بە دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ نییە، لەبەرئەوەیە كە هەرچەندە ئەوان و زۆڕێكی دیكە دەیڵێن ئەوەی لە “ڕۆژاوا” هەیە فەرمانداریی “حكومەت” و دەوڵەت نییە، كەچی تۆ و زۆر ناسیونالیستی دیکەش هەر دەڵێن بیدۆشە! ئەگەر ئەو دەستەواژانەت كورتبكەمەوە، دەكاتە “شیوەنی هەریسەكە”، واتە هاوسۆزیی بۆ مەلایان “زانایانی بێزانستی ئایینی”، کە لە یەکسانی ژن و پیاودا کاروکاسپی و “مارە بەجاش”یان نامنێت و لە جیاکردنەوەی ئایین لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ مووچەی مفتی تەمەلییان نامێنێت !

” زۆر به‌توندی رووبه‌ڕووی زۆرێك له‌ مامۆستایانی ئاینی و برا موسڵمانه‌كانی ناو خۆمان ده‌بوینه‌وه‌، تا ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌وانمان به‌ خه‌ڵه‌فاوو ئه‌وانیش ئێمه‌یان تكفیر ده‌كرد له‌سه‌ر پشتوانیمان له‌ جه‌نابت و پارته‌ ئایدلۆژیه‌كه‌ت!، …… ئه‌گه‌رنا هه‌ڵوێستمان زۆر له‌وه‌ش توندتر ده‌بێت ئه‌وكات لۆمه‌ی كه‌س نه‌كه‌ن خۆتان نه‌بێت!. “

ئەوان كێن؛ ئەو برا موسوڵمانانەی خۆتان كە ئێوە دژیان وەستانەوە وئەوانیش ئێوەیان “تكفیر” كرد؟ خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و شانە نووستووەكانی لە هەرێمی ژێر دەسەڵاتی کۆنەپەرستی و خێڵگەرایی یا هێزێكی دیكە هەیە كە ئێمە ئاگاداری نین و نایناسین؟ پاشان كە بەڕێزتان و هاوپیشەکانتان پەشیمان ببنەوە چیدەكەن، بێجگە لەوەی كە لاوانی خۆشباوەڕی هەرێم بنێرنە نێو لەشكری دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ تێكشكاندنی بەرەنگاریی كانتۆنەكانی ڕۆژاوا؟

بەکوتی و بە کوردی لەم ساتەوە، هەر لاوێك لە هەرێمی ئێوەوە بچێتە سنووری دەسەڵاتی خەلیفەی موسوڵمانان (ئەبوبەکر بەغدادی) یا (جەبهة النصرة) و جەنگی خۆبەڕێوەبەرایەتییەکانی “ڕۆژاوا” بکات، ئەوە ئەنگۆ و بەدیاریکراوی تۆ لێی بەرپرسیت! هەر لاوێکی خوێنگەرمی مێشکسڕاوە ژنێك هەراسان بکات، ئەنگۆ و تۆ بەدیاریکراوی لێی بەرپرسیت! هەر کەسێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڕەشە لە هەر ئازادیخواز و لایەنگرێکی یاسایی یەکسانی ژن و پیاو لە “ڕۆژاوا” بکات، ئەوا ئەنگۆ و تۆ بەدیاریکراوی لێی بەرپرسیت! هەروەها ئەگەر موسوڵمانانی سلێمانی دژی تیرۆر و هێڕش بۆ سەر (کۆبانێ) و (عەفرین) و (جەزیرە) و (شەنگال) بن، ئەوا پێویستە ڕیزەکانی نوێژکردن لە پشت سەری تۆوە چۆڵبکەن و بایکۆتی گوێڕادێریی وتارەکانی ڕۆژانی هەیینی تۆبن، ئەگەر نا ئەوانیش هاودەنگ و هاوسەنگەری تۆ دەبن لە دژایەتی یەکسانی ژنو پیاودا و بێدەنگەکردنی پارتییەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ئاستی نامەکەی تۆدا، هیچ پاساوهەڵناگرێت و نیشانەی هاودەنگیی و هاوبۆچوونییانە لەتەك تۆدا.

من لێرەدا کۆتایی بە سەرنجەکانم دەهێنم و ناچمە سەر هەندێك لایەنی دیکەی نامەکەت، چونکە هاوڕێیان و هاوەڵانێکی دیکە وەڵامی تەسەلیان بە کۆدەکانی هەڕەشەکەت داوەتەوە، تەنیا دەمەوێت شتێك بڵێم بەڵام بە خۆت نا، بەڵکو بە گوێگرانی وتارەکانی ڕۆژانی هەیینی و ئەو میدیایانەی کە فوویانکردووەتە تۆ و کردوویانی بە شێرە-باڵۆنە [شێری-باڵۆنی] دژی هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر کۆبانی، کە ئازادی ژنان لە “ڕۆژاوا” بەرەنجامی خودهوشیاریی و تێکۆشانی ڕاستەوخۆی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی و قوڵکردنەوەی شۆڕشی کۆمەڵایەتییە بۆ نێوەندی خێزان لە دڵی هەرێمەکانی میزۆپۆتامیادا لەلایەن ژنانی هەرێمەکانی عەفرین و کۆبانێ و (جەزیرە)یەوە، ئەگەر ناشتانەوێت لە کەتواری ئەو ڕاستییە تێبگەن، دەتوانن و ناچارن لەسەر هەڕەشەکردن و ناردنی لاوان بۆ ڕێزەکانی (داعش) بەردەوام بن!

**********************************************************

تێبینی: هەم بۆ بەرێز مەلا كامەران و هەم خوێنەران، مەبەستم لە بەكاربردنی دەستەواژەی “مەلا گیان” هیچ سووكایەتی و كەمنرخاندنی ئەو نییە، بەڵکو تەنیا پەیوەندی بە شیوازی دوانی منەوە هەیە و بەس، كە فرەتر حەز بە بەكاربردنی ئازیز و گیان دەكەم تا زۆر بارەكردنەوەی واژەی “بەڕێز”، كە لە میدیاکانی دەسەلات و پارتییەکاندا بە درۆ و نێوەڕۆكی بۆشەوە بەکاردەبرێت.

بۆ خوێندەوەی نامەكەی مەلا كامەران http://xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=18570&Jor=1

چەوساوەبوون ناکاتە فریشتەبوون …. Çewsawebûn nakate frîştebûn

چەوساوەبوون ناکاتە فریشتەبوون

هەژێن

١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤

گەورەترین دیماگۆگیەتی ئایدیۆلۆجیبازان و سەرەکیترین گرفتی تاکی حاشامات ئەوەیە، کە هەردەم خەریکی پیرۆزکردنن.

ئەم ڕۆژانە پێداهەڵدانی ژنان وەك پێداهەڵدانی کرێکاران لە دەهی پەنجای سەدەی ڕابوردوودا باوە و وەها کەشێك سازێنراوە، کە چەوساوە کراوەتە فریشتە و لە هەموو بوونێکی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی داماڵڕاوە. راستە کرێکاران بەگشتی چەوساوەن و ڕامیاران و سەرمایەداران بەهرەکێشیی لە ڕەنجیان دەکەن، راستە ژنان بەگشتی چەوساوەن و پلە دوون و ڕووبەڕووی توندوتیژی یاسایی و کولتووری دەبنەوە، بەلام هەرگیز ئەم دوو بوونەوەرە بێتاوان نین و لە دەرەوەی کۆمەڵ و کایە کولتووریی و دەسەڵاتە ڕامیاریی و ئابوورییەکانەوە نین!

ئەگەر کرێکاران ئەو بوونەوەرە فریشتە و دابڕاوەن لە تاوان و سیستەمەکە، ئەدی چینی سەروەر و مشەخۆر چۆن خۆی ڕادەگرێت، ئەدی کێ دەنگ بە ڕامیاران دەدات و دەیانکاتە سەروەر و مسەخۆر، ئەدی هێزی بزووتنەوە فاشیست و نەژادپەرست و دژە-پەنابەر و کۆچەر، ئەدی دز و ساختەچی و ئەدی پاسەوان و پۆلیس و سەرباز، ئەدی داعش و مافیا و تیرۆرستان کێن و لە کوێوە هاتوون؟

ئەگەر ژنان هەمووان فریشتەن و بێتاوان و دابڕاون لەو کولتوور و پەیوەندییە کۆمەلایەتییانەی کە شەرف و نامووس دەکەنە پاساوی کوشتن، ئەدی لە کوێن و لە کوێوە هاتوون، ئەدی مناڵئازاردەرەکان کێن، ئەدی دژە خەسووان و دژە بووکان و دژە هەوێ و دژە منداڵی هەوێیان کێن، ئەدی شووکەران بەسەر هەوێ کێن و ئەدی هاندەرانی پیاوان بۆ نامووسپارێزی کێن، ئەدی خەتەنەکەران کێن، ئەدی ئەندامانی رێکخراوەکانی ژنانی ئیسلامی کێن، ئەدی دەلاڵانی باندە سێکسفرۆشییەکان کێن؟

بە بۆچوونی من گەورەترین لێدان لە بزووتنەوەی ڕزگاری و ئازادیخوازی چەوساوان پیرۆزکردنی چەوساوەیە و گێلکردنییەتی. پیرۆزکردن ئامرازی گێلکردنە و گێلکردنیش ئامانجی لە پشتەوەیە:

پارتییە کۆمونیستەکان کرێکاران پیرۆزدەکەن، تاوەکو گێلیان بکەن و هەموو بڕوایەکیان بە هێز و توانانی خۆیان لێ بستێنن و خۆیان [سەرانی پارتییەکان] بکەنە فریادڕەس و لەو ڕێگەیەوە بە دەسەڵات و مشەخۆریی بگەن!

پارتییە ناسیونالیستەکان ئێتنییەکان لەژێر دێوجامەی “نەتەوە”دا پیرۆزدەکەن، تاوەکو تاکەکانی گێلبکەن و و هەموو بڕوایەکیان بە هێز و توانای خۆیان لێ بستێنن و خۆیان بکەنە فریادڕەس و لەو ڕێگەیەوە بە دەسەڵات و مشەخۆریی بگەن!

فێمنیستە دسەڵاتخوازەکان ژنان پیرۆزدەکەن، تاوەکو گێلیان بکەن و هەموو بڕوایەکیان بە هێز و توانای خۆیان لێ بستێنن و خۆیان [ژنانی دەسەڵاتەخواز] بکەنە فریادڕەس و لەو ڕێگەیەوە بەدەسەڵات و مشەخۆریی بگەن!

بەبۆچوونی من چەوساوە فریشتە نییە، چەوساوە بەشێکە لە هێزی چەوساندنەوەی خۆی؛ ڕاگری کۆیلایەتی خودی کۆیلان بوون، ڕاگری دەرەبەگایەتی خودی جوتیاران و نەوەکانی جوتیاران بوون، ڕاگری سەرمایەداری خودی کرێکاران و نەوەکانی کرێکارانن، ڕاگری نێرسالاری و پلەدووی ژنان خودی ژنانن، هەروەها هەموو ژنان ستەم لێکراو نین و ژنانی سەرمایەدار و دەسەڵاتدار وەك پیاوانی سەرمایەدار و دەسەڵاتدار چەوسێنەری ژنانن!

 

Çewsawebûn nakate frîştebûn

Hejên

12î novemberî 2014

Gewretrîn dîmagogyetî aydyolocîbazan û serekîtrîn griftî takî haşamat eweye, ke herdem xerîkî pîrozkirdnin.

Em rojane pêdahelldanî jnan wek pêdahelldanî krêkaran le dehî pencay sedey raburdûda bawe û weha keşêk sazênrawe, ke çewsawe krawete frîşte û le hemû bûnêkî komellayetîy û kultûrîy damallrrawe. Raste krêkaran begşitî çewsawen û ramyaran û sermayedaran behrekêşîy le rencyan deken, raste jnan begşitî çewsawen û ple dûn û rûberrûy tundutîjî yasayî û kultûrî debnewe, belam hergîz em dû bûnewere bêtawan nîn û le derewey komell û kaye kultûrîy û desellate ramyarîy û abûrîyekanewe nîn!

Eger krêkaran ew bûnewere frîşte û dabrrawen le tawan û sîstemeke, edî çînî serwer û mşexor çon xoy radegrêt, edî kê deng be ramyaran dedat û deyankate serwer û msexor, edî hêzî bzûtnewe faşîst û nejadpersit û dje-penaber û koçer, edî diz û saxteçî û edî pasewan û polîs û serbaz, edî da’şi û mafya û tîroristan kên û le kwêwe hatûn?

Eger jnan hemuwan frîşten û bêtawan û dabrrawn lew kultûr û peywendîye komelayetîyaney ke şerf û namûs dekene pasawî kuştin, edî le kwên û le kwêwe hatûn, edî mnallazarderekan kên, edî dje xesuwan û dje bûkan û dje hewê û dje mindallî hewêyan kên, edî şûkeran beser hewê kên û edî handeranî pyawan bo namûsparêzî kên, edî xetenekeran kên, edî endamanî rêkixrawekanî jnanî îslamî kên, edî delallanî bande sêksifroşîyekan kên?

Be boçûnî min gewretrîn lêdan le bzûtnewey rizgarî û azadîxwazî çewsawan pîrozkirdnî çewsaweye û gêlkirdnîyetî. Pîrozkirdin amrazî gêlkirdne û gêlkirdnîş amancî le pişteweye:

Partîye komunîstekan krêkaran pîrozdeken, taweku gêlyan bken û hemû birrwayekyan be hêz û twananî xoyan lê bistênin û xoyan [seranî partîyekan] bkene firyadrres û lew rêgeyewe be desellat û mşexorîy bgen!

Partîye nasîwnalîstekan êtnîyekan lejêr dêwcamey “netewe”da pîrozdeken, taweku takekanî gêlbken û wi hemû birrwayekyan be hêz û twanay xoyan lê bistênin û xoyan bkene firyadrres û lew rêgeyewe be desellat û mşexorîy bgen!

Fêmnîste dsellatixwazekan jnan pîrozdeken, taweku gêlyan bken û hemû birrwayekyan be hêz û twanay xoyan lê bistênin û xoyan [jnanî desellatexwaz] bkene firyadrres û lew rêgeyewe bedesellat û mşexorîy bgen!

Beboçûnî min çewsawe frîşte nîye, çewsawe beşêke le hêzî çewsandnewey xoy; ragrî koylayetî xudî koylan bûn, ragrî derebegayetî xudî cutyaran û newekanî cutyaran bûn, ragrî sermayedarî xudî krêkaran û newekanî krêkaranin, ragrî nêrsalarî û pledûy jnan xudî jnanin, herweha hemû jnan stem lêkraw nîn û jnanî sermayedar û desellatdar wek pyawanî sermayedar û desellatdar çewsênerî janin!

دەوڵەت بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستان و ئەنارکیستانی کوردستان

دەوڵەت بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستان و ئەنارکیستانی کوردستان

لەم مشتومڕە ئازاد و كراوەیەدا، كە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئەنجامدراوە و لە سایتە كوردییەكاندا خراوەتە بەرچاوی خوێنەران، ئەم ھێژایانەی خوارەوە بەشدارییان كردووە:

زاھیر باھیر، ** ****، ھەژێن، تاھیر ساڵح شەریف، سیروان عەلی، سەلام عارف، شێخ عەبدول

بەرایی:

هاوڕێ زاهیر باهیر، کە ئەناركیستێکی ڕەخنەگری” دەوڵەت ” و ڕەخنەگری تێزی ” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا “ی مارکس و مارکسیستەکانە، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا چەند پەرەگرافێکی لە وتارێکی ” میخائیل باکۆنین* ” لە بارەی دەوڵەتەوە بڵاوکردەوە. بەڕێز ** **** کۆمێنتێکی ڕەخنەیی لەسەر هەمان بابەت نووسی. پاشان هاوڕێ هەژێن هاتە ناو گفتوگۆکەوە. بەدوای ئەویشدا، من [تاھیر ساڵح]، بە کۆمێنتێک بەشداری گفتوگۆکەم کرد و مشتومڕەکە دەربارەی پێویستبوون و پێویستنەبوونی “دەوڵەت” لەڕوانگەی مێژووییەوە درێژەی کێشا و چەند بابەتی لاوەکیش هاتە نێو گفتوگۆکەوە.

لەم گفتوگۆیەدا، دوو تێڕوانینی مارکسیستی و ئەناركیستی بەرامبەر بە “دەوڵەت ” بەرچاو دەکەون، دوو تێڕوانین، کە لە بناغەوە مامەڵەی جیاواز لەگەڵ چەمکی ” دەوڵەت “دا دەکەن. خاڵی سەرنجڕاکێش  لەم گفتوگۆیەدا، تێڕوانین و تێگەیشتنە ناکۆک و جیاوازەکان نییە، بەڵکو دەرکەوتنی شێوازو گیانێکی نوێیە لە گفتوگۆی نێوان مارکسییەکان و ئەناركیستەکانی کوردستاندا. سەرەڕای جیاوازییە فیکری و جیهانبینییەکان، هەموو لایەک بە گیانێکی هاوڕێیانە، ڕێزنان لە بیروڕای یەکتری و دوور لەسکتاریزمی گروپی و مهاتەرات مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، کە ئەمەش دیاریدەیەکی نوێیە لەناو ئەو گەڕەلاوژە و شیروتیر لەیەکهەڵکێشانەی نێو دنیای سیاسەت و فیکری کوردیدا.

پێویستە ئەوەش بڵێم، کە ئاستەمە ئەم باس و مشتومڕانە لە چوارچێوەیەکی سنوورداری وەک فەیسبووکدا جێگایان بێتەوە. لەسەر پێشنیاری هاوڕێ ” هەژێن ” بڕیارماندا ئەم تەوەرەیە بگوازینەوە بۆ نێو (سایتی کوردستانپۆست ئینفۆ) و (سایتی سەکۆی ئەنارکیستانی كوردستان). بابەتی ” دەوڵەت “، تەوەرەیەکی کراوەیە و هەر کەسێک کە خوازیاربێت بیروبۆچوونی خۆی لەسەر بنووسێتەوە، یان بۆچوون و ڕەخنەکانی خۆی لەسەر ڕوانگەی بەشداربووانی ئەم تەوەرەیە بنووسێتەوە، دەتوانێت بۆ هەردوو سایتەکەی بنێرێت.

دوایین شت کە پێویستە ئاماژەی پێبدەم، ئەوەیە کە ئەمەی لێرەدا دەیخوێننەوە، سەرەتایەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەمکی “دەوڵەت” و هیچ  یەکێک لە بەشداربووانی ئەم تەوەرەیە، ڕوانگەی کۆنکرێتی خۆی و ئەنجامگیری تەواوەتی خۆی سەبارەت چەمکی ” دەوڵەت ” نەخستۆتەڕوو. بەهۆی دەستپێکردنی سەرەتایی باسەکەش، کۆمێنت و بۆچوونەکان پەرژوبڵاون و بە ناچاری پەل بۆ چەند کێشەی لابەلای دیکە دەهاوێژن، کە لەدەرەوەی تەوەرەی [ دەوڵەت و چەمکی دەوڵەت ]ن. بەو هیوایەی کە لە داهاتووی مشتومڕەکاندا، خۆ لە باسی لاوەکی بپارێزرێت.

بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکە لەسەر کۆمپیوتەر و مۆبایل، کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە

serberg-online

Click to access dewllet-%20online%20version.pdf

http://issuu.com/home/docs/dewllet-_print_version/edit/embed

بۆ چاپکردنی پەرتووکەکە لەسەر کاخەز، کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە

serberg- print

Click to access dewllet-%20print%20version.pdf

http://issuu.com/home/docs/dewllet-_online_version/edit/embed

ئەگەر سۆشیالیزم؛ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نییە، ئەدی چییە ؟ * / ٢

ئەگەر سۆشیالیزم؛ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نییە، ئەدی چییە ؟ *

هەژێن

٢ی نۆڤەمبەر ٢٠١٣

بەشی دووەم

پارله‌مان به‌رزترین شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی چینایه‌تییه‌ و دواین وێنه‌ی دیموكراسییه‌تیشه‌ . پارله‌مان ئه‌و هێزه‌ ڕێكوپێكه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوو به‌ره‌ی ڕاستڕه‌و چه‌پڕه‌وی له‌ خۆیدا كۆكردۆته‌وه‌ بۆ پارێزگاری كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری .

وێڕای هاوبۆچوونیم لەتەك ئەم دەستەواژەیەی نووسەردا ” ئه‌و هێزه‌ ڕێكوپێكه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوو به‌ره‌ی ڕاستڕه‌و چه‌پڕه‌وی له‌ خۆیدا كۆكردۆته‌وه‌ بۆ پارێزگاری كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری . ” لەمەڕ پارلەمان، بەڵام من پارلەمان بە دەوڵەت نابینم، نە لە نزمترین و نە لە بەرزترین شێوەی دەوڵەتدا. پارلەمان ئۆرگانێکی دەوڵەتی هاوچەرخە، کە ڕۆڵی میانجیکردنە لەنێوان پارتە دەسەڵاتخوازەکان و ڕێکخستنی یا میانجی نێوان جەنگی بێبەرنامەی کۆمپانییەکانە. هەروەها دێمۆکراسیی پارلەمانی دوایین وێنەی دێمۆکراسی نییە و هەر ئەو دێمۆکراسییە پارلەمانییەش دەکرێت گۆرانی دیکەی بەسەردابێت و بێجگە لەوەش دەتوانرێت میکانیزمە دێمۆکراتییەکان [دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ] لە سیستەمی شورایی / کۆمونەیی / هەروەزیی / ئەنجموومەنییدا بەکارببرێن، واتە بەشداربوون و ڕێکخستنی بەشداریکردنی هەمووان لە کاروبارەکانی ڕێکخسن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، لەسەر ئەو بنەمایە هیچ کات ڕێکخستنی کاروبارەکانی کۆمەڵگەی ناچینایەتی لەسەر بنەماکانی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ، یەکساننییە و ناکاتە دێمۆکراسی پارلەمانی ! چونکە ناتوانین بەشداری ڕاستەوخۆ و هەمووانیی دانیشتوانی گوندێك، گەڕەکێك، کرێکارانی کارخانەیەك، خوێندکارانی فێرگەیەك، فەرمانبەرانی فەرمانگەیەك لە کۆبوونەوەی گشتییدا بۆ بڕیاردان و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە دوور لە هەژموونی ڕامیاران و پارتەکان و نوێنەرایەتی، بەگوێرەی بنەمای دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ، بە زۆردارەکی و بە ئارەزووی خۆمان و لە تووڕەبوون و تێەگەییشتنی خۆمانەوە لەتەك هەڵبژاردن و دەنگدان بە ڕامیاران و ڕەوایەتیدان بە ملهوڕی دەسەڵاتداران لەسەر بنەمای دێمۆکراسیی نوێنەرایەتی [پارلەمانی] بەیەك بچوێنین و یەکسانبکەین !

باشە، ئەگەر دێمۆکراسی هەر ئەوەیە کە ڕامیاران دەسەڵاتداران و سەرمایەداران پاگەندەیدەکەن و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆش بێکەڵکە، ئەدی “کۆمونە”ی ئاسمانی چۆن ڕێکدخرێت و شێوازی ڕێکخستن و شێوەی بەشدارییککردنی دانیشتووان چۆن دەبێت و میکانیزمەکانی بەرگرتن بە سەرهەڵدانی بیرۆکراسی و دیکتاتۆری و پاوانگەریی تاك و گروپ و دستەبژێرە دەسەڵاتخوازەکان کامانەن و چ فیلتەر و لەمپەرێك بۆ نەگەڕانەوەی هەمان ڕێکخستنی پێشوو [چینایەتی] هەیە ؟

پرۆلیتاریاش ئه‌و چینه‌یه‌ كه‌دژایه‌تی خاوه‌ندارێتی چینایه‌تی له‌ڕێی دژایه‌تی ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانه‌وه‌ ئه‌كات . واته‌ زۆرانبازی نێوان برجوازییه‌ت و پرۆلیتاریا له‌ شه‌ڕی نێوان پارله‌مانتاریسته‌كان و پرۆلیتاریادا خۆیئه‌نوێنێ .

بەداخەوە، نووسەر زۆر ڕواڵەتییانە بۆ دەسەڵات و پێکهاتەکانی دەسەڵات و سەروەرانی کەتواریی دەڕوانێت. ئەو تێڕوانینە ڕواڵەتبینە ئەوی لە بەرانبەر دەسەڵات و کاراکتەرە ڕاستینەکاندا نابیناکردووە، کە خاوەنی کۆمپانیا و کارخانە و دەسەڵاتدارەکانن و ئەوی ناچار بە نادیدەگرتنی کەتواری شتەکان کردووە، کە پارلەمانتارەکان تەنیا دەڵال و میانجیگەری نێوان هێزە زاڵەکانن و لە سەروویی ئەوانەوە ئەوە هێزی ئابووریی کۆمپانییەکان و دەسەڵات و ىڕیاری پارت و دەسەڵاتداران هەیە، کە بەندی یاساکان پێشنیاردەکات و پارلەمانتاران لەو نێوەدا تەنیا ڕۆڵێکی ڕۆتین و پێشتر بۆنووسراویان لە پەسەندکردنی پێشنیارەکان و بە بڕیارکردنیاندا هەیە ! بەپێچەوانەی تێگەییشتنی لنگاوقووچانەی نووسەر، دەکرێت لە وڵاتێکدا نە پارلەمان هەبێت و نە دەوڵەتی هاوچەرخ، تەنیا کۆمەڵە میلیشیایەك سەروەربن و دارایی تایبەت و خێزانی و خێلەکی و پارتیی و میلیشیاییش هەبێت. کەواتە تەنیا بە ڕەتکردنەوەی دەوڵەت و پارلەمان و پارت ناتوانین دژایەتی دارایی تایبەت بکەین، هەر ئاوا کە ناتوانین تەنیا بە لابردنی دەوڵەت، پێکهاتە قووچکەییەکانی خێڵ و خێزان و پارت و دەستەبژێرە ئابووریی و ڕامیاریی و ڕۆشنبیریی و کارگێرییەکان لەنێوبەرین. دارایی تایبەت [چینایەتی] پێش ئەوەی دەوڵەت رایگرتبێت، بەخۆی کولتوور و ئاوەز و هوشیاریی و حەز و بوونی تاك و خێزان و کۆمەڵ پێکدەهێنێت و لە پێکهاتەی خێڵایەتییەوە تا کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و ئەم ڕۆژگارەی سەرمایەداریش وێرای جیاوازی شێوەی دەسەڵاتداریی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، هەر هەبووە. لەبەرئەوە سەرهەڵدانی دارایی کۆمەڵایەتیی [ناچێنایەتی] و هەڵوەشاندنەوەی دارایی چینایەتی [تایبەت] تێکۆشان و ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە و پێویستی بە شۆڕشێکی کولتووری لە هوشیاریی کەسەکاندا هەیە. کەی تاکی نادارا بە ئاستێك لە هوشیاریی وەك بەرەنجامی ئەزموونگیریی خەباتی ڕۆژانەی خۆی بەو سەرەنجامە گەییشت، کە گەلگاریی لە تاککاریی، پێکەوەژیان لە دابڕان و لەخۆنامۆبوون، دارایی کۆمەڵایەتی لە دارایی تایبەت، هەرەوەزی لە کێبڕکێ، هاوپشتی کۆمەڵایەتی لە ڕکەبەریی ڕامیاریی باشترە، ئەوا ڕوخانی دەوڵەتەکان و سەندنەوەی ئاپارتمان و باخچە و فێرگەکان و نەخۆشخانەکان و کارگەکان و کۆمەڵایەتییکردنەوەیان ئاسانترین کارێك دەبێت، کە هەموو تاکێکی گۆڕانخواز [شۆڕشخواز] دەتوانێت وێنایبکات و دەرکیبکات. بەواتایەکی دیکە تاوەکو تاکی ژێردەست بەرژەوەندی خوا و دەوڵەت و پارت و نەتەوە و خێڵ و ڕابەر و دەستەبژێر لە سەرووی بەرژەوەندی و تاکایەتی خۆیەوە دابنێت، ئەستەمە دارایی و سەروەریی چینایەتی لەقببێت و لەتەك ویستی تاکەکانی کۆمەڵ و ڕەوت و گەشەی کۆمەڵ بکەوێتە ناکۆکی.

پرۆلیتاریا هه‌رگیز ناتوانێ ئه‌وئامێره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌ كار بهێنێ بۆخۆڕزگاركردن له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ كه‌ خۆی ئامێرێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی ، دوژمنایه‌تی برجوازیه‌تیش به‌بێ دوژمنایه‌تی پارله‌مان و ئازادییه‌ سیاسیه‌كه‌ی ، هیچناگه‌یه‌نێ جگه‌ له‌ دوژمنایه‌تی پرۆلیتاریا خۆی .

بەداخەوە نووسەر نەك هەر تەنیا لنگاوقووچ پێکهاتە و دیاردەکان دەخوێنتەوە، بەڵکو بوونە کەتوارییەکانش ئاوەژوودەکاتەوە. “پارلەمان …. ئەوئامێره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییە” چییە؟ پارلەمان دەزگەی ڕامیارییە نەك ئامێر ! دەزگەی ڕامیارییە و ڕاگری سیستەمی ڕامیارییە و ئاراستەکەر و ڕەوایەتیپێدەری دەسەڵاتی ڕامیارییە، نەك کۆمەڵایەتی!

من نازانم لە کوێدا و بە چ پێوەرێك پارلەمان “کۆمەڵایەتییە”؟ لە تێڕوانینی دوور لە کەتواری نووسەردا “‌كۆمه‌ڵایه‌تیی” چ واتایەك دەبەخشێت؟ ئایا ئەو لەنێو “ڕامیارییبوون” و “کۆمەڵایەتییبوون”دا چ لێکچوون و خاڵێکی نێوکۆیی و هاوبەشییەك دەبینێت ؟

وەك پێشتر ڕۆشناییم خستەسەر، “ڕامیارییبوون” واتە دابران و نامۆبوون لە “کۆمەڵایەتییبوون”. ڕامیاریی واتە هونەری دەسەڵاتداریی دەستەبژێرە سەروەرییخوازەکان. سیستەمی ڕامیاریی واتە ڕێکخستنی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە لەلایەن مشەخۆران و ملهورانەوە لە سەروووی ویست و خواست و توانای تاکە بەرهەمهێنەر و بنیاتنەرەکانی کۆمەڵگەوە. وەها ڕێکخسنێك تەنیا بە لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخستنەوەیان لەسەر بنەمای یاسا ڕامیارییەکان مەیسەردەبێت، واتە نامۆکردنی تاك بە خۆی وەك بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی و بە پەیوەندییە ئاسۆییە کۆمەڵایەتییەکان. لەبەرئەوە هەر پاگەندەیەك بۆ کۆمەڵایەتییبوونی پارلەمان و دزگەکانی دیکەی سیستەمی چینایەتی، تەنیا ڕەوایەتیەدانە بە سەروەریی چینایەتی و بەس. بەپێچەوانەوەی پاگەندەکانی نووسەرەوە ڕامیاران و دەسەڵاتداران هیچ کات بوێریی ئەوەیان تێدانییە و نیشانیاننەداوە، کە پارلەمان و دەزگەکانیان بە دەزگەی کۆمەڵایەتیی ناوببەن و لە هیچ کات و بە هیچ شێوەیەك ناکرێت و لە توانادا نییە، دەزگەیەك، کە بۆ لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لەنێوبردنی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە سەریهەڵدابێت، بەخۆی دەزگەیەکی کۆمەڵایەتیی بێت. ئەمە تێنەگەییشتنە لە جیاوازی نێوان کۆمەڵایەتییبوون و ڕامیارییبوون، لە جیاوازی نێوان سیستەمی ڕامیاریی ڕێکخراو لەسەر بنەمای یاسا ڕامیارییەکان و سیستەمی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراو لەسەر بنەمای یاسا سروشتییەکان، لە جیاوازی نێوان هەڵپە و پلانی ڕامیاریی و خەبات و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، لە جیاوازی نێوان کار و چالاکی ڕامیاریی و کار و چالاکی کۆمەڵایەتیی، لە جیاوازی نێوان بەڕێوەبەرایەتی ڕامیاریی سەرووخەڵکی [چینایەتی] و خۆبەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵایەتی ئاسۆیی [ ناچینایەتی و ناقووچکەیی]، لەیەك دەستەواژەدا ئەمە تێنەگەییشتنە لەوەی کە پارلەمان بریتییە لە دەزگەیەکی ڕامیاریی سەرووخەڵکی، کە تەنیا بە لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێت بێتەبوون و خۆی ڕابگرێت و تاکەکان بە هێزی و توانا کۆمەڵایەتیی خۆیان نامۆبکات و لەسەر بنەمای پەیوەندییە سەروخوارییە ڕامیارییەکان ڕێکبخاتەوە و سەروەریی چینێکی دارا و مشەخۆر بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت!

ئه‌وكاته‌ی مێژوو دامه‌زراندنی پارله‌مانی دیموكراسی خسته‌ئه‌ستۆی برجوازیه‌ت ، هه‌رله‌وكاته‌دا شكاندنی ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانی خسته‌ئه‌ستۆی پرۆلیتاریا ، بۆیه‌ ناكرێ پرۆگرامی مێژوویی پرۆلیتاریا له‌ هیچ ئاستێك و هیچ جێگایه‌كدا له‌گه‌ڵ پارله‌مانتاریسته‌كاندا یه‌كبخرێ .

لە دەرەوەی ویست و کارکردی مرۆڤە بەدەربەست و نادەربەستەکانەوە، “مێژوو” چییە؟ ئایا “مێژوو” هێزێکی ئاسمانییە، ئایا بەرنامەڕێژییەکی میکانیکی سەرووی کۆمەڵگەیە، ئایا یاسایەکی داڕێژراو و پێشبینییەکی زانایانەیە؟

ئەوەی کە ئەم بۆچوونە دیتێرمینیستییە پشت بە بێچەندوچوونی مێژوویی [الحتمية التاريخية] دەبەستێت، خۆی بەیانگەری خۆیەتی و ئەوەی کە مێژوو لە دەرەوەی کارکرد و ویستی مرۆڤەکانەوە دەبێت و ئەوەی کە مرۆڤەکان بە ڕۆبۆتێکی ناچار بە پەیڕەوکردن و ملکەچیی بۆ بنەماکانی ڕێکخستنی ئابووریی و گەشەی ئابووریی دەبینێت، نکۆڵیهەڵنەگرە. ئەگەرنا قسەکردن لەوەی کە مێژوو فەرمان بە مرۆڤەکان بدات و ئاراستەی ژیان و ڕێکخستن و پێکهاتنیان دیاریبکات و پێکهێنانی پارلەمان یا هەڵوەشاندنەوەی پارلەمان بخاتە ئەستۆی ڕۆبۆتەکانی، بێجگە لە پووچگەرایی هیچی دیکە نییە! ئەمە هەمان بڕوای زۆرەکییانەی [عقيدة الجبرية] ئایینەکانە بۆ ڕۆڵی مرۆڤ لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە و ئەرك و بەڕێوەبردنی کار و بارەکانیدا، کە بەگوێرەی ئەو تێڕوانینە مرۆڤ لە نێوچەوانی نووسراوە دەبێت ئەوە بکات و ئەوە بێتەڕێی کە بۆی دیاریکراوە، واتە لە تێڕوانینی دیتێرمینیستیدا مێژوو هەمان ڕۆڵی خوای ئاسمانەکانی هەیە و مرۆڤیش کۆیلەیەکی ناچار بە پەیڕەوی چارەنووسێك کە بۆ دیاریکراوە !

دەکرێت بڵێین، بۆرجوازی وەك هەوڵێك بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی، پەنای بۆ پارلەمان وەك دەزگەیەکی میانجیگەری نێوان باڵ و هێزە دەسەڵاتخوازەکان و ئاشتکردنەوەیان لەسەر خوانی مشەخۆرانەی چینایەتی، بردووە و ناچاربووە دروستیبکات و مل بە دەنگدانی گشتی بدات. هەروا دەتوانین بڵێین، پڕۆلیتێرەکان [تاکە نادارا و بێدەسەڵاتەکان] بۆ ڕزگاربوونیان لە کۆیلەتی و سەروەریی چینایەتی، ناچارن هەموو دەزگە ڕامیارییەکان لەنێوبەرن و لەپێش هەموویانەوە پارلەمان و سیستەمە نوێنەرایەتییەکەی. بەڵام ناتوانین وەك ئاییندارێك بڕوا بەخۆمان بهێنین، کە ئێمە ڕۆبۆتێکی ناچار و پرۆگرامکراوی جیبەجێکردنی فەرمانەکانی خوا “مێژوو”ین ! چونکە ئەوە ئامادەیی ئێمەیە بۆ کۆیلەتی، کە سەروەریی بۆرجواکان مسۆگەردەکات و ئەوە یاخیبوونی ئێمەیە لە کۆیلەتی، کە سەروەریی چینایەتی لەنێودەبات و ئەوە کارکرد و ویستی مرۆڤە هوشیارەکان و پاشرەویی ناهوشیارەکانە کە ئاراستەی مێژوو دیاریدەکات، نەك هێزێك لە سەرووی تاك و جڤاکەوە. وەها ویستێك [ئیرادەیەك] بە خودهوشیاریی شۆڕشگێرانەوە پەیوەستە، کە لە تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا بەڕەتکردنەوەی هەموو هەوڵ و بەرنامە و ڕێکخستن و سیستەمێکی ڕامیاریی سەرهەڵدەدات و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرجەستەدەبێت و دەىێتە بەشێك لە بیرکردنەوە و ئەزموونگیریی کۆمەڵگە !

ئه‌ركی مێژوویی كاپیتالیزم خۆی و پارله‌مانه‌كه‌یتی كه‌ به‌رده‌وام به‌ ڕێگای ڕیفۆرم و چككردنی گوزه‌رانی (( هاونیشتمانی !! )) یه‌كانی و پێشخستنی شارستانیه‌ت و زانست و ته‌كنه‌لۆژیا ، (( پله‌ به‌ پله‌ )) كۆمه‌ڵگاكه‌ی بباته‌پێشه‌وه‌ ، واته‌ پته‌وكردن و نه‌شه‌ونمای هه‌میشه‌یی كۆمه‌ڵگاكه‌ی دابین بكات ، وه‌ سه‌رئه‌نجامی واقیعی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ش سه‌باره‌ت به‌ پرۆلیتاریا ، بریتییه‌ له‌ :

(( كرێكار له‌ هه‌ژاری خۆی زیادئه‌كات هه‌چه‌ند له‌و سامانه‌ زیابكات كه‌ به‌رهه‌می ئه‌هێنێ ، وه‌ هه‌رچه‌ندیش هێزو پله‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی زیادبكات . كرێكار ئه‌بێته‌ هه‌رزانترین كاڵا هه‌رچه‌ند ژماره‌ی ئه‌و كاڵایه‌ی زیادكرد كه‌ دروستی ئه‌كات ……

جارێکی دیکە، ئەگەر باوەڕمان بە ئەرکی مێژوویی هەبێت، کەواتە بڕواشمان بە قۆناخبەنییەکان وەك پێداویستییەکی مێژوویی دەبێت و لەسەر ئەو بنەمایانەش دەبێت مل بە ملهوڕیی مێژوو بدەین و مرۆڤایەتی ناچاربووە هەموو قۆناخەکانی تائێستا ببرێت و بەگوێرەی ئەو بۆچوونە تەنانەت ئەگەر هەموو پرۆلیتێرەکان [کۆیلان، جوتیاران، کرێکاران و توێژە نادارا و بێدەسەلاتەکانی دیکەی ئەم ڕۆژگارە] خودهوشیاریی شۆڕشگێڕانە و سوشیالیستخوازانەشیان هەبووایە، ئەوا نەیاندەتوانی بەر ئاراستەی مێژوو بەرەو ئەم ڕۆگارە [کۆمەڵگەی سەرمایەداریی] بگرن. بەواتایەکی دیکە پێویستە دەستبەرداری هەموو چالاکی و تێکۆشان و هەوڵدانێك ببین و چاوەڕێی خوا “مێژووی دەرەوەی ویستی مرۆڤەکان” بکەین و هەموو جەنگ و سەرکوت و برسیەتی و نایەکسانی و سووکایەتی و بەهرەکێشیی و چەوسانەوەیەك بە شتێکی پەسەندکراو و ناچاریی وەربگرین!

ئایا هیچ دەزگە و ڕاگەیاندن و ئیدئۆلۆگێکی سەرمایەداریی دەتوانێت باشتر لە نووسەری ئەم دێرانە، ڕەوایەتی بە کۆمەڵگەی چینایەتی بدات و پاساوی مێژوویی بۆ سەروەریی چینایەتی و درێژەکێشانی تا ئەم ڕۆژگارە بهێنێتەوە ؟

“…. كرێكار هه‌رچه‌ند زیلتر وه‌به‌رهم بهێنێ كه‌متر ئیستهلاك ئه‌كات وه‌ هه‌رچه‌ند نرخی به‌رهه‌مهێنراوه‌كانی زید ببێ خۆی زیاتر له‌وه‌ كه‌م ئه‌بێته‌وه‌ ، … وه‌ هه‌رچه‌ند مه‌ده‌نیه‌تی بابه‌ته‌كه‌ی زیادیكرد كرێكار وه‌حشیتر ئه‌بێ ، وه‌ هه‌رچه‌ند داهێنان له‌كاردا زیادیكرد كرێكار گێلۆكه‌ترئه‌بێ و كۆیلایه‌تی بۆ سروشت زیاتر ئه‌بێت .

ئەمە چ داهێنان و پێگەییشتنێکی تیئۆرییە، کە نووسەر ئافراندوویەتی، بە چ بەڵگە و بنەمایەکی لۆجیکی و هاوکێشەیەکی ماتماتیکی نووسەر دەیهەوێت بۆ ئێمەی بسەلمێنێت، کە ئەگەر کرێکار زیاتر بەرهەمهێنێت، ئەوا کەمتر بەکاردەبات؛ ئایا گەدە و ئارەزووی پۆشاکگۆڕین و کێبركێ و چاولێگەریی کەمدەکەن، یا بە بینی زۆری بەرهەمەکان، ئارەزەوومەندیی کەمدەکات؟

بەپێچەوانەی ئەم پێگەییشتنە ئەنتیکەی نووسەرەوە، کرێکار لە هەر سەردەم و کاتێکی دیکە، زیاتر بە کولتووری بەکاربەریی نادەربەستانە ئالوودەبووە و کرێکار لە هەموو سەردەمێکی دیکە زیاتر بووەتە ڕاگریی سیستەمی سوودی بانکیی و کرێکار لە هەموو سەردەمێك زیاتر ساخکەرەوەی کاڵای خۆیەتی. ئایا مەبەست لە “مه‌ده‌نیه‌تی بابه‌ته‌كه‌ی ” چییە، کە کرێکار ” وه‌حشیتر ” دەکات؟ ئەی ” وه‌حشی ” چییە، مەگەر مەبەست لەو دەستەواژە دژە-مرۆییە لوتبەرزانەی وردەبۆرجوازی، “ناشارستانیبوون” نییە؟ ئەدی چۆن تاکو مرۆڤ شارستانیتر بێت، ناشارستانیتر دەبێت؟ من لە بابەێکی دیکەدا دەگەڕێمەوە سەر واژە و چەمکی ” وه‌حشی” کە کۆمونیستەکان زۆر بە شانازییەوە بەکاردەبەن و بەو هۆیەوە سووکایەتی بە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان دەکەن، کە هێشتا وەك بەشێك لە سروشت لە دەرەوەی بازاری سەرمایە دەژین. هەروەها بە کام پێوەر و لۆجیك مرۆڤ بە داهێنان لە کاردا گێلتر دەبێت، مەگەر کاری کۆمەڵایەتیی ئافەرێنەری هوشیاریی و مرۆڤ و بەرجەستەکردنی ئەزموونەکانی نییە؟ لەوە بەدبەختیتر ئەوەیە، بەکامە پێوەر مرۆڤ بە زیاتربوونی داهێنانەکانی، کۆیلەتی بۆ سروشت زیادیکردووە؟ سروشت چییە، ئایا مرۆڤ [کرێکار] لە دەرەوەی سروشت چییە و بوونی هەیە؟

هیوادارم خوێنەرانی ئازیز، لەم بارەوە کۆمەکی منی کڵۆڵ بکەن و تێمگەیێنن، کە ئەو دەستەواژانەی سەرەوەی نووسەر، چۆن پێکەوە کۆدەکرێنەوە و یەکدەگرنەوە و چ پێوەر و لۆجیکێك پەسەندەیاندەدات. هەروەها بێجگە لەو پرسیارانەی سەرەوە، ئایا پێشکەوتنی چینایەتی و داهێنانی سەروەرانە، وێرانگەری سروشت و لەنێوبەری سروشتی مرۆڤ و کردنی بە ڕۆبۆت و دوورخەرەوەی نییە لە سروستیبوونی ؟

” … ڕاسته‌ كار شتی جوان بۆ ده‌وڵمه‌نده‌كان وه‌به‌رئه‌هێنێ به‌ڵام نه‌بوونی بۆ كرێكار وه‌به‌رهه‌م ئه‌هێنێ . كار كۆشك و ته‌لار وه‌به‌رئه‌هێنێ به‌ڵام كوخ بۆ كرێكار ، جوانی وه‌به‌رئه‌هێنێ بڵام شێواوی _ التشوه‌ _ بۆ كرێكار … زیره‌كی وه‌به‌رئه‌هێنێ به‌ڵام ده‌به‌نگی و گێلۆكه‌یی بۆ كرێكار … _ ماركس _ العمل المغترب )) .

بڕواناکەم لە هیچ زمانێکی دونیادا داڕشتن و دەربڕینی هێندە پەڕپووت بوونی هەبێت، تا ئەوە دەربرینی مارکس بێت. خوێنەری هێژا سەرەتا سەرنجی ئەم وەرگێڕانە بدەن ” كار كۆشك و ته‌لار وه‌به‌رئه‌هێنێ به‌ڵام كوخ بۆ كرێكار ، جوانی وه‌به‌رئه‌هێنێ بڵام شێواوی _ التشوه‌ _ بۆ كرێكار … زیره‌كی وه‌به‌رئه‌هێنێ به‌ڵام ده‌به‌نگی و گێلۆكه‌یی بۆ كرێكار … “

بێجگە لەوە، ئایا مەبەستی مارکس لە “کار”ە بەگشتی یا “کار” لە سایەی سیستەم و ڕێکخستنی چینایەتیدا ؟ ئەگەر مەبەستی ئەوەیە، کە نووسەر دەیەوێت بە ئێمەی بگەیێنێت، ئەی مارکس “کار” لە سیستەم و ڕێکخستنی کۆمونەیی [کۆمونیزم]دا چۆن پێناسەدەکات؟ ئەگەر هەمان پێناسەی بۆی هەیە و دەخوازێت هەڵوەشێتەوە، چی جێگەی کار دەگرێتەوە و بەبێ کار، مرۆڤ چۆن پێداویستییەکانی خۆی دابیندەکات؟

كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریش له‌ دمێكه‌وه‌ توانای له‌ناوبردنی خۆی ڕخساندووه‌ ، ……..
….. جگه‌ له‌وه‌ش ته‌نیا ئه‌و سامانه‌ زۆره‌ی برجوازیه‌ت به‌كاریدێنێ بۆ داموده‌زگاكانی سوپا و ئه‌من و پۆلیس ودین و بیرۆكراسییه‌كان ، هه‌ر ته‌نیا گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و سامانه‌ بۆ كۆمه‌ڵ به‌سه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا.

ئەگەر خۆم لە سەرنجدانی پەڕپووتیی داڕشتنی دەستەواژەکان لابدەم و هەڵە ڕێزمانییەکان ڕاستنەکەمەوە، ئەوا ئەوەندە بەسە، بڵێم ئەم بۆچوونەی نووسەر لەمەڕ ڕەخسانی زەمینە لەنێوچوونی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و لە توانابوونی سەرکەوتن بەسەر کۆمەڵگەی چینایەتییدا، سەلمێنەری دروستی بۆچوون و لێکدانەوەی منە بۆ بۆچوونە دیتێرمینیستییەکانی ئەو، وەك ئەوەی پێشتر ڕۆشنمکردەوە. کە لە بۆچوونەکەی ئەودا مرۆڤایەتی ناچار و سزاوارە بە هاتن و ملدان بە سەرمایەداری و پڕۆلیتێرەکان نەیاندەتوانی لە ڕەوتی شۆڕشی کۆمەڵایەتییاندا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرەو شوێنێکی دیکە ئاراستەبکەن؟ ئایا ئەمە ئەو نائومیدییە نییە لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی یا ئەو هەلپەرستییە سازشکارییە نییە، کە کاوتسکی پێیگەییشت ؟

کەواتە با ئێمە ڕوو لە بزواندنی سۆزی سەروەران بنێین و کۆیلەتییەکی کەمێك خۆشتر و باشتر و خۆشگوزەرانەتر بۆ خۆمان دابینبکەین، هەروەك لەم ڕۆژگارەدا چەپەکان بە ڕوونان لە ینک و پدک دەیکەن ! کاتێك کە گۆڕان و ڕوخانی سیستەمی چینایەتی لە دەرەوەی کار و چالاکی و خەبات کۆیلەکانییەوە بێت و تەنیا خوا “مێژوو” دیاربکات و بەبێ هاتنەدی ئەو مەرجە خواکردانە “مێژووکردانە” هیچ شتێك توانانی ڕوودانی نەبێت و هێڵی ڕەوتکردنی مێژوو دیاریکراوبێت و لادان و تەینەکردنی ئەستەم بێت، ئیدی قسەکردن لە کۆمەڵگەیەکی باشتر چ پێداویستییەکی هەیە. بە گوێرەی ئەو بۆچوونەی نووسەر، باشتر نییە هەموو کۆمونیستەکان ببنە سەربازی سەرمایەداری، بۆ ئەوەی ڕەوتی گەشەکردن و زووتێپەڕبوونی ئاسانتر و بە بەزییانەتر بکەن ؟

بەبۆچوونی من، ئەمە هەر ئەو پاگەندانەن، کە کۆنە ئەندامەکانی (کۆڕەک) و باڵە جیاوەبووەکەی گروپی کۆمونیستی ئینتەرناسیونالیست [باڵەکەی کوردستانی] لە دەمی هەڵبژاردنی ئایاری ١٩٩٢دا دەیانکرد و دەیانگوت ” بڕینی قۆناخی دێمۆکراسی پارلەمانی، پێشمەرجی گەییشتن بە سۆشیالیزمە، لەبەرئەوە دەنگدان بە ینک، مسۆگەرکەری زووتر گەییشتنە بە سۆشیالیزم وەك حەتمەتێکی مێژوویی”، ئەگەر نا، پەیامی بێهوودەیی و بێویستی مرۆڤ لە بەرانبەر زۆرداریی مێژوودا، دەیەوێت چی بە ئێمە بڵێێت؟

من لە بەرانبەر ئەو بۆچوونانەدا تەنیا ئەوەندە بەسە بڵێم، بێچەندوچوونی مێژوویی [الحتمية التاريخية ] لاساییکردنەوەیەکی نەزانانەی کولیچەخواردنی مرۆڤە خوداپەرستەکانە لە ئاسمان بەگوێرەی ئەو چارەنووسەری کە خوای ئاسمانەکان بۆ مرۆڤایەتی دیاریکردووە!

به‌پێش چاومانه‌ له‌ پێشكه‌وتوترین ووڵاته‌وه‌ تا ناوبراو به‌ دواكه‌وتوترین ووڵات ، ده‌وڵت زیاتر له‌نیوه‌ی به‌رهه‌می كۆمه‌ڵ به‌كارێنێ بۆ ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی كه‌نك هه‌ر كه‌مترین هاوبه‌شی ناكه‌ن له‌به‌رهه‌مهێناندا به‌ڵكو هه‌موو مه‌به‌ستێكیش له‌ بوونیان ته‌نیا پاراستنی سه‌روه‌رێتی چینایه‌تییه‌ ، چونكه‌ سه‌روه‌رێتی چینایه‌تی نیه‌ به‌بێ سوپا و ئه‌من و پۆلیس و دین و بیركراسییه‌ت و …. “

لێرەدا پێویستە بپرسین، ئەگەر لە دەرەوەی ویستی تاکەکانەوە، ئەوە تەنیا “مەرجە مێژووییەکان”ن کە سەرهەڵدان و مانەوە و لەنێوچوونی قۆناخە مێژووییەکان دیاریدەکەن، ئیدی بۆچی و لەپێناو چی دەوڵەت نیوەی بەرهەمی کۆمەڵ [مشەخۆریی ڕەنجی بەرهەمێنەران] بۆ ئەو دەزگە بێبەرهەمانەی کە سەروەریی چینایەتی دەپاریزن، تەرخاندەکات؟ ئایا پاراستنی سەروەریی چینایەتی لە کێ، کاتێك کە بەگوێرەی بۆچوونی خودی نووسەر تاك/ ژێردەستەکان لە گۆڕین و ڕوخانی سیستەم و سەروەریی چینایەتیدا ‌هیچ ڕۆڵێکیان نییە ؟

هه‌ربه‌مپێیه‌ گیروگرفتی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌وێوه‌ ده‌ستپێناكات كه‌ گوایه‌ كۆمه‌ل َ دواكه‌وتووه‌ و توانی ماددی كامڵ نه‌بووه‌ بۆ وه‌دیهێنانی كۆوڵگایه‌كی ناچینایه‌تی ، به‌ڵكو لوێوه‌ ده‌ستپێئه‌كات كه‌ : به‌رهه‌م چۆن دابه‌شئه‌كرێ له‌ كۆمه‌لدا ؟ ….. ، به‌ڵكو له‌ له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تیدایه‌ ، وه‌ به‌به‌رنامه‌ی لانیكه‌منا ، به‌ڵكو به‌رنامه‌ی لانی زۆریش نه‌له‌دوور و نه‌لونیكه‌وه‌ ناكه‌وێته‌ ناكۆكی له‌گه‌ڵ خاوه‌ندارێتی چینایه‌تیی ،

نووسەر چەند پەرەگراف پێشتر پێچەوانەی ئەم دەربڕینەی لە “كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریش له‌ دمێكه‌وه‌ توانای له‌ناوبردنی خۆی ڕخساندووه‌ ، ….. …. ، هه‌ر ته‌نیا گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و سامانه‌ بۆ كۆمه‌ڵ به‌سه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا. ” دەدوێت. کەچی لێرەدا دەڵێت “… كه‌ گوایه‌ كۆمه‌ل َ دواكه‌وتووه‌ و توانی ماددی كامڵ نه‌بووه‌ بۆ وه‌دیهێنانی كۆوڵگایه‌كی ناچینایه‌تی ،” !

هەڵبەتە تا ئێرە، ئەمە یەکەمین دەستەواژەیە کە تێیدا نووسەر گومان لەسەر تێڕوانینی دیتێرمینیستانەی خۆی و کۆمونیستەکانی دیکە دادەنێت. بەداخەوە هەرچەندم کۆشا نەمتوانی لە دەستەواژەکانی دیکەی ئەو پەرەگرافەی تێبگەم و نازانم ئایا ئەم دەستەواژە ” به‌ڵكو لوێوه‌ ده‌ستپێئه‌كات كه‌ : به‌رهه‌م چۆن دابه‌شئه‌كرێ له‌ كۆمه‌لدا ؟” دڕێژەی ئەو گومانەیە کە بە “گوایە” دایدەنێت یا ڕەتکەرەی ئەو گومانەیە و دەیەوێت دێژە بە دڵنیایی و بڕوای بە دیتێرمینیزم بدات. چونکە هەرچەند وردبوومەوە، نەمتوانی لەم دەستەواژە تێبگەم ” به‌ڵكو به‌رنامه‌ی لانی زۆریش نه‌له‌دوور و نه‌لونیكه‌وه‌ ناكه‌وێته‌ ناكۆكی له‌گه‌ڵ خاوه‌ندارێتی چینایه‌تیی ، ” !

ئه‌م بۆچوونه‌ هیچنیه‌ جگه‌ له‌ داماڵینی پرۆلیتاریا له‌ ماهییه‌ته‌ مێژووییه‌كه‌ی . پرۆلیتاریا چینێكه‌ له‌سه‌ر ئاستی مێژووی مرۆڤایه‌تی و ئه‌ركه‌كه‌یشی تاكه‌ ئه‌ركێكی مێژووییه‌ و له‌یه‌ك پرۆگرامی مێژوویدا كوتئه‌بێته‌وه‌ : هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی سیسته‌می كاری كرێگرته‌ ، وه‌ بۆئه‌وه‌ش هیچ ڕێگه‌یه‌ك شكنابات جگه‌ له‌ شۆڕش ، شۆڕشیش واتای گۆڕانكاری ئابوری و سیاسی نییه‌ له‌ كۆمه‌ڵدا ، به‌ ڵكو سه‌ركه‌وتنه‌ به‌سه‌ر چینه‌كاندا .

وێڕای چەندبارەبوونەوەی ” ماهییه‌ته‌ مێژووییئاستی مێژووئه‌ركێكی مێژووییپرۆگرامی مێژووی .. ” کە بە بۆچوونی من، ئەم شێوازە لە لێکدانەوە و خستنەڕووی بوون و دیاردە و شتەکان، تەنیا ئایدیالیزەکردنی مێژووە و بەس. هەروەها وێناکردنی پرۆلیتاریا وەك یەکەیەکی سەراپا هوشیار و سەراپا شۆڕشگێر، بێجگە لە لاساییکردنەوەی دەقاودەقی [هەڵبژاردنی یەهودییەکان لە تەورات و کریستەکان لە ئینجیل و عەرەبەکان لە قورئان]دا بە ڕزگارکەری مرۆڤایەتی و شانازی ئایینەکە و پەیامهەڵگرانی ئایینەکە، هیچی دیکە نییە. ئەگەر پڕۆلیتاریا بەو پێوەرە ئایدیالیستییە و تێڕوانینە دیتێرمینیستییە، چینێکی سەراپا شۆرشگێڕ و ڕەتگەرەی کۆیلەتی خۆی و سەروەریی داراکان بووایە، دەبوو بەلایەنی کەمەوە سیستەمی سەرمایەداری یەك ڕۆژ توانای پایەدارمانەوەی نەبووایە. بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوە پڕۆلیتێرەکان و منداڵانی ئەوانن، کە هێزی پۆلیس و سوپا و ڕیزی دەنگدەر و ئەندامانی پارتەکان و دژەشۆڕش پێکدەهێنن. ئەگەر نا، هەژماری چەند هەزار کەسیی سەرمایەدار و دەسەڵاتدارێك لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانییەکان و پارلەمانەکان و فەرماندارییەکاندا، توانای ڕاگرتنی نزیکەی حەفت ملیارد مرۆڤی کۆیلەی نییە !

هەروەها بەبێ گۆڕانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی، چۆن سەرکەوتن بەسەر چینەکاندا ڕوودەدات و چۆن نەگەڕانەوەی چینەکان مسۆگەردەکرێت، بێجگە لەوە، ئەی کێ شۆرش بەسەر چینەکاندا دەکات، ئایا هێزێکی دەرەکی وەك “خوا” یا بوونەوەرانی ئەستێرەکانی دیکە ئەنجامیدەدەن ؟

” … له‌ كاتێكا پرۆلیتاریا سه‌رئه‌كه‌وێ ، له‌هیچ حالێكدا نابێته‌ لایه‌نی سه‌روه‌ر له‌ كۆمه‌ڵدا ، چونكه‌ ئه‌وكات سه‌رئه‌كه‌وێ به‌سه‌ر خۆی و دژه‌كه‌یدا . ئه‌وكاته‌ پرۆلیتاریا وونئه‌بێ ، هه‌روه‌ك چۆن دژه‌كه‌شی ، كه‌ سنوری بونی ئه‌و دیارئه‌كات ، وونئه‌بیت ، كه‌ ئه‌ویش خاوه‌ندارێتی تایبه‌تییه‌ . – ماركس – العائله‌ المقدسه‌ } .

لێرەدا دیسان دەگەڕێمەوە سەر پەرەگرافی پێشووتر و دەپرسم: بەبێ گۆڕان و لەنێوبردنی زمینە ئابوورییەکانی کۆیلەتی پڕۆلیتاریا، چۆن پڕۆلیتاریا وندەبێت و دژەکەشی لەنێودەچێت؟ ئایا بەبێ گۆڕانی ئابووری بەواتای گۆڕانی کۆمەڵایەتیی، لەنێوبردنی دارایی تایبەت لەتوانادا دەبێت؟ هەڵبەتە من لێرەدا مەبەستم لە گۆڕانی ئابووریی، گەشەکردنی بنەمای ئابووریی و تێپەڕاندنی ناچارییانەی قۆناخەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی نییە، بەڵکو مەبەستم لە سەرهەڵدانی ناکۆکییە لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا، کە دەبێتە سەرهەڵدانی یاخیبوونی چینایەتی لە سەروەریی چینایەتی، کە لەو بارەدا بێجگە لە دوو ڕێگەچارە زیاتر لەبەردەمدا نامێننەوە: یا لەنێوبردنی پرۆلیتاریای یاخیبوو لەلایەن سەروەرانەوە، کە چیدی توانانی مانەوە و ملدانی بە سەروەیی نەماوە، کە ئەمەش دەکاتە تێداچوونی کۆمەڵگەی چەند چین. [مەبەستی من لە پڕۆلیتاریا تەنیا کرێکارانی پیشەسازی نین، بەڵکو تاکی هەموو چین و توێژە نادارا و بندەستەکانی سەرمایەدارییە، کە چینێکی بنکە فراوانی کۆمڵایەتی پێکدەهێنن]؛ یا ڕێگەی دووەم، لەنێوبردنی سەروەریی چینایەتی [وەك نووسەریش پێداگریی لەسەر دەکات]، کە بێجگە لە لەنێوبردنی کۆیلەتی چینایەتی پڕۆلیتاریا، ‌هیچی دیکە ناتوانێت بگەیێنێت ! بەڵام لەبیرماننەچێت، وەها یاخیبوون و ئاڵوگۆڕێك تەنیا بەرەنجامی شۆڕشی کۆمەڵایەتییە و شۆڕشی کۆمەڵایەتیش لە گۆڕانی شێوازی خواردن و قسەکردن و بیکردنەوەوە بیگرە تا شێوازی مانگرتن و لەنێوبردنی سیستەمی چینایەتی و شێوازی پەروەردەکردنی مرۆڤی خودهوشیار و خودکارا و بنیاتنانی کۆمەڵگە ناچینایەتی دەگرێتەوە و هیچ گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی بەبێ هاوەڵدووانەیی گۆڕانی ئابووریی و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و خۆڕێکخستن ئەستەمە ڕووبدات، کە هاوکات بریتییە لە گۆڕانی هۆشیی [هوشیاریی، ئاوەزیی، شێوازی بیرکردنەوە] و گۆڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بنەما و شێوازەکانی بەرهەمهێنان و شێوازی ژیان و ڕێکخستن و پێکهاتنی کۆمەڵگە ، کە لەم ڕۆژگارەدا هەموو ئەمانە لەسەر بنەمای سوود و بەرژەوەندی سەرمایەداریی ڕێکخراون و پێکهاتوون و ئاراستەدەکرێن، بەواتایەکی دیکە سەرمایەداریی سیستەمی کارکردن و بەڕێوەبردن و شێوازی [ستایلی] ژیان و شێوازی بیرکردنەوەی باوە، ئەوی بخوازێت سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێت، ناچارە کار لەسەر گۆڕینی سیستەمی کارکردن و بەڕێوەبردن و شێوازی ژیان و بیرکردنەوە بکات، نەك دروشمدان لە دەرەوەی کایەکانی کارکردن و ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەگەر بە دروشم و توندوتیژی و ڕامیاریی و پارتایەتی توانای گۆڕانی سیستەمی چینایەتی هەبووایە، هەنووکە دوو سەدە بوو، کە کۆمەڵگەی چینایەتی لەسەر دەستی بلانکییەکان گۆڕدراوبوو !

بوونی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌رێتی له‌ كۆمه‌ڵدا بوونی چه‌وسلندنه‌وه‌ و ناكۆكی چینایه‌تییه‌ ، پرۆلیتاریاش واهاتووه‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی مرڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ له‌ناوببات . ….

پڕۆلیتاریا لە کوێوە هاتووە و چییە و کێیە و کێ ئەو هاتنەی ئەوی دیاریکردووە و کێ ئەو ئەرکەی بەو سپاردووە ؟ ئایا پڕۆلیتاریا مرۆڤی کۆیلەکراوە یا یا پەیامبەری گۆڕین و لەنێوبردنی کۆمەڵگەی چینایەتی؟ کێ ئەو پەیام و ئەرکە پیرۆزەی بەو سپاردووە؟ لە تابلۆی تۆمارکراو/پارێزراو (اللوح المحفوظ)دا ئەو ئەرکەی بۆ دیاریکراوە یا لە ئایدیۆلۆجیای “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا”دا؟

بەبۆچوونی من، وێناکردنی پڕۆلیتاریا [چ بە واتا مارکسیستییەکەی “کرێکارانی پیشەسازیی” و چ بەواتا لاتیینییەکەی بەکرێگیراوان “هەموو کەسێکی نەدار و ژێردست، کە بۆ بژێوی ناچار بە فرۆستنی هێزی کاری بێت”] وەك یەکەیەکی هاوئاهەنگ و یەکدەست و سەراپا هوشیار و شۆڕشخواز و هاوپشتیگەر و هاریکار و هەرەوەز و دژە-دەسەڵات و دژە-سەرمایەداریی و دژە-سەرکوت و دژە-نایەکسانی و دژە-چەوساونەوە، تێڕوانینێکی ئایدیالیستییە و زۆر لەو کەتوارەوە دوورە، کە تێیدا پڕۆلیتێرەکان لەسەر بە سەروەرکردنی ڕامیاران و پارتەکان چاوی یەکدی دەردەکەن و بۆ ڕازیکردنی دڵی خاوەنکارەکەیان، پاشقول لەیەکدی دەگرن و ملی یەکدی دەشکێنن. ئەمە بێجگە لەوەی کە سەرپای سوپا و پۆلیس و ئەشکەنجەدەران و زیندانەوان و تیرۆرستان و پارت و بزووتنەوە ئایینیی و نەتەوەیی [ناسیونالیست] و ڕەگەزپەرست [سێکست] و ڕەیسیست و کۆنەپەرستەکان لە پڕۆلیتێرە ناهوشیار و خۆشباوەڕەکان پێکهاتوون و پێکدێن. چونکە ئەگەر پڕۆلیتێرەکان ئەوانە بوونایە، کە نووسەر وێنایاندەکات، ئەوا نە سەرمایەداری دەیتوانی ببێتە قوناخێکی گەشەکردنی کۆمەڵگەی چینایەتی و نە خودی پڕۆلیتێرەکان ڕەدووی فاشیزم و نازیزم دەکەوتن و نە پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩١٧ ئاوا بەئاسانی لەلایەن بۆلشەڤیکەکانەوە بزووتنەوەکانیان؛ کۆمیتەی کارخانەکان و شوراکان و ڕاپەرینەوەکانیان، تێکدەشکێندران! ڕاستە کەتوار پێچەوانەی ئارەزوو و خەونی ئێمەیە و بۆ ئێمە خوازراو نییە، بەڵام ناچارین لەبەرچاویبگرین و بەو جۆرە مامەڵەی لەتەکدا بکەین، کە هەیە، نەك بەو جۆرەی کە ئارەزووی دەکەین و لە خەیاڵی خۆماندا ئافراندوومانە، هەر ئەم هۆکارەشە، کە بەرەو خۆبیرکردنەوە و خۆچالاکی و خۆبڕیاردان و خۆجێبەجێکردن دنەماندەبات و پارتایەتی و سیستەمی ڕامیاریی و پێشڕەوبازیی کۆمونیستەکان وەك دژە-شۆڕش لەبەردەمماندا بەرجەستەدەکات!

ئه‌وتا له‌ پرۆسیسێكی دووسه‌د ساڵه‌دا ، واته‌ له‌ شۆڕشی فه‌ره‌نسییه‌وه‌ تا ئێستا ، جیهانی سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕیفۆرم و دیموكراسییه‌ت گه‌شه‌ ئه‌كات و پرۆلیتاریاش هه‌موو مافێكی دراوه‌تێ ته‌نیا بۆئه‌وه‌ی مافی شۆڕشی لێبسه‌ندرێته‌وه‌ … “

شۆڕش یا نییە یا جیهانییە و هیچ شوناسێك وەرناگرێت. “شۆڕشی فەرەنسی” واتای چییە و جیاوازی لەتەك شۆڕشەکانی دیکدا چییە ؟ ئەگەر جیاوازی هەیە، چییە و لە کوێیدایە ؟ ئەگەر جیاوازی نییە، ئەدی بۆچی شوناسی بۆ دیاریدەکرێت. پاشان “شۆڕش” ڕاپەڕین و یاخیبوونێکی ساتەکی نییە، تاکو ساڵ و شوێن و قۆناخێکی بۆ دیاربکەین. شۆڕش پرۆسێسێکی مێژوویییە و لەوەتەوەی ژیان هەیە، مرۆڤایەتی لە شۆڕشدایە؛ شۆڕش لە ژیاندا و شۆڕش لە بەرانبەر ڕێکخستنی چینایەتی و شۆڕش لە بەرانبەر هێزە کۆنەپارێزەکان، هەر ئاوا بڕیاریش نییە، پاش کۆتاییهاتنی کۆمەڵگەی چینایەتی، ئیدی شۆڕش بوەستێت، چونکە وەستانی شۆڕش دەکاتە وەستانی مێژوو و وەستانی مێژووش دەکاتە کۆتایی ژیان لەسەر گۆی زەوی [لێرەدا تەنیا مەبەست لە ژیان لەسەر گۆی زەویی و کۆمەڵگەی چینایەتی لێرە و شۆڕش بەو دەرکەی لەم ساتەدا هەمانە] .

من لەو بڕوایەدانیم، کە جیهانی سەرمایەداری لەسەر بنەمای “ڕیفۆرم و دێمۆکراسی” بەو واتا گشتگیرەی نووسەر، گەشەبکات. چونکە وەك پێشتر گوتم، هەموو ڕیفۆمەکان یەکسان نین و میکانیزمی ڕێکخستنی سیستەمی سەرمایەداریش، دێمۆکراسیی نییە و هەر شتێکێش سەروەران پاگەندەی بکەن، ناکاتە ئەوەی کە ڕاستدەکەن و هەر ئەوەیە کە ئەوان خوازیارن وابێت و پاگەندەی دەکەن!

با لەم بارەوە بە چەند نموونەیەك پرسیاربکەین: زیندانەوانەکان خۆیان بە پارێزەری جەماوەری ژێردەست و خۆیان بە ئازادیخواز دەزانن، ئایا دەتوانین ڕەوایەتی و دروستی بەمە بدەین؟ پارتەکان و ڕامیاران لە دەمی هەڵبژاردنەکاندا زۆربەی داخوازییەکانی ژێردەستان بەرزدەکەنەوە، ئایا ئەمە دەتوانێت بەواتای دژە-شۆڕشبوونی ئەو داخوازییانە بێت [ینک لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢دا دروشمی ٣٥ سات کاری هەفتانەی بەرزکردەوە!] ؟ بۆلشەڤیکەکان، مائوئیستەکان، …تد لەژێر ناوی پڕۆلیتاریادا هەموو ناڕەزایەتییەکی پڕۆلیتیرییان سەرکوت و کوشتوبڕکرد، ئایا دەتوانین بڵێین، ئەو سەرکوت و کوشتوبرانە بەشێكن لە شۆڕش و درێژەی ڕاپەڕینی ١٩١٧ و شۆڕش بوون؟

دێمۆکراسی وەك چەمك و واتای بنەڕەتیی، واتە خۆفەڕمانڕەوایەتی گەلیی، (گەل)یش واتە زۆرینەی کۆمەڵگە. ئایا لە هیچ سەردەمێکی کۆمەڵگەی چینایەتییدا زۆرینە توانیوویانە لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەدا بەشداربن؟ ئایا تەنانەت ئەو تاکە گەلییانەش، کە دەنگ بە کاندیدەکان دەدەن، ئایا هیچ کاراییان لەسەر بڕیاری هەڵبژڕدراوان و دەسەڵاتدارانی نوێ هەیە؟ ئیدی چۆن دەتوانین پاگەندەی ئەوە بکەین، کە سیستەمی سەرمایەداریی، سیستەمێکی دێمۆکراسییە؟ ئایا دێمۆکراسی بەواتای دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لەنێوان پارتەکان و ڕامیاراندا؟ ئایا پارلەمان [نوێنەرایەتی ناڕاستەوخۆ] لە هیچ بڕیاردانێکدا لەسەر پرس و کار و بارێکی کۆمەڵایەتیی، پەیوەندی بە گەل و بە دەنگدەرانییەوە هەیە ؟

وێڕای “نا”بوونی وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە، ئەگەر هەموو وەڵامەکانیش “ئەرێ” بن، دیسانەوە ناتوانین و ناکرێت دێمۆکراسی وەك گشتێك ڕەتبکەینەوە، چونکە دێمۆکراسی هەر لە یۆنانی کۆنەوە، دوو شێواز و ڕێچکەی لە خۆگرتووە؛ خۆبەڕێوەبەرایەتی شارە ئازادەکان [دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ پشت بەستوو بە بڕیاردان و جێبەجێژکردنی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەشدارانەوە] ؛ پارلەمانتاریزم، سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی شارە ژێردەستەکانی ئیمپراتۆرەکان [وەك ئەوەی کە لەم ڕۆژگارەشدا هەیە]!

ئایا لە هیچ سەردەمێکی دێمۆکراسی پارلەمانیدا بەو جۆرەی کە نووسەر دەخوازێت وێنایبکات، پڕۆلیتێرەکان هەموو مافێکیان دراوەتێ؟ بۆ نموونە ئایا دەتوانن هەر کات ویستیان کۆنتراکتی کارەکەیان بوەستێنن و بڕۆن؟ ئایا مافی دیاریکردنی کرێی کارەکەی خۆیانیان هەیە، هەروا کە تەماتەفرۆشێك و سەرمایەدارێك نرخ لەسەر تەمامەتەکی، کاڵاکەی دادەنێت؟ ئایا کرێکار مافی بڕیاردانی لەسەر چۆنیەتی کارکردن و شێوازی کارکردن و کات و ماوەی کارکردن و چۆنیەتی بەرهەمهێنان و ..تد هەیە؟ ئایا هیچ کەس مافی ئەوەی هەیە، کە لە دەرەوە و پێچەوانەی دەسەڵاتی سەروەران [دەوڵەتمەندان، فەرمانداریی و دەوڵەت] بڕیار لەسەر چۆنیەتی ژیان و نیشتەجێبوون و کارکردنی بدات؟ ئیدی ئەو هەمووە مافانە کامانەن، کە نووسەر لەبارەیانەوە دەدوێت ؟

پاشان، شۆڕش ماف نییە، تاکو کەسێك بیدات یا بتوانێت لە پڕۆلیتێرەکانی بسێنێتەوە! هەر لە کۆنەوە گوتوویانە “ماف نادرێت، بەڵکو دەسەندرێت/ دەسەپێنرێت”. ئەگەر تێڕوانینی نووسەر لەمەڕ ماف و پێبەخشینی دروستبێت، ئەوا ئاوا کە ماف بەخشیشی سەروەران بێت، دەتوانرێت بسەندرێتەوە. بەڵام پێچەوانەی تێگەییشتنی حەزۆکیانەی نووسەر، نە ماف دەدرێت و نە شۆڕشیش مافە! شۆڕش ڕەوتی بەرەنگاریی مرۆڤە لەتەك هەر بوون و دەروبەرێك کە ڕێگە لە ئازادی و ئارەزوو و ئاسوودەیی ژیان و لە ویست و خواستی دەگرێت؛ شۆڕش پراکتیك و کارکردنی خودهوشیارانەی ئەوانەیە، کە دەخوازن سیستەم و سەروەریی کۆمەڵگەی چینایەتی لەنێوبەرن و بە خۆڕێکخستنی ئاسۆیی و خۆبەرێوەبەرایەتی لەسەر بنەمای دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ، کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی [سۆشیالیستی / ئەنارکی] بنیاتبنێن، ئەگەر نا ئەو کاریکاتێرە لە “شۆڕش”، کە وەك ماف سەروەران بیدەن و بیسەننەوە، تەنیا لە ئایدیۆلۆجیای دیتێرمینیستیدا بوونی هەیە، کە نووسەر لە سەراپای نووسینەکەیدا پێداگریی لەسەر دەکات و وەك گۆچانە جادوویەکەی موسا، ئەستەمەکان دەکات بە نائەستەم!

ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری له‌ ڕیفۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستی كه‌وتووه‌ ، ئه‌وه‌ به‌رله‌هه‌رچی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی و به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵدا و پته‌وكردنی ڕگه‌زه‌كانی سه‌روه‌رێتی چینایه‌تی بووه‌ ، واته‌ سوپا و ئه‌من و پۆلیس و دین و قوتبخانه‌ و بیركراسییه‌ت ….”

لێرەدا چەمك و واتای ڕیفۆرم زۆر بەگشتی خراوەتەڕوو و لە تێگەییشتنە چینایەتییەكان داماڵڕاوە. ڕیفۆرم بەواتای داڕشتنەوە یا گۆڕینی فۆرمی شتێك، لەبەرئەوە تێگەییشتنەكان لەم چەمكە بنەمایەكی چینایەتی لەخۆدەگرن. ھەروەھا ئەگەر تەنانەت ھەر بەواتا گشتیی و باوەكەی كە بە ھەڵە بۆ چاكسازیی بەكاردەبرێت، وەریبگرین، ئەوا ئەوەی بۆ خاوەنكارێك چاكسازییە، بۆ بەكرێگیراوێك بەواتای خراپسازیی دێت، بۆ نموونە ڕیفۆرم لە ماوەی كاردا، ئەگەر زیادبكرێت، بە قازانجی سەرمایەدار تەواودەبێت و ئەگەر بە ھەمان بڕی گشت كرێوە كەمبكرێتەوە، واتە ھیچ لە مووچەی ڕۆژانە و ھەفتانە و مانگانە و ساڵانە كەمنەكرێتەوە، ئەوا بە قازانجی كرێكار تەواودەبێت، ڕوودانی ڕیفۆرمەكە بە بارێكدا پەیوەندی بە ئامادەیی ھێز و فشارە چینایەتیی لایەكەوە پەیوەستە، ئەگەر كرێكار یەكگرتووبێت، ئەوا سەركەوتن بۆ ئەو دەبێت و ڕیفۆرم لە قازانجی ئەو تەواودەبێت، بەڵام ئەگەر خۆشباوەڕ و ناھوشیار پرشوبڵاوبێت، ئەوا لە قازانجی سەرمایەدار تەواودەبێت.

ڕیفۆمی كۆمەڵایەتییش لەسەر ھەمان بنچینە ڕوودات و ملكەچی ھاوسەنگی ھێز ھوشیاریی و ئامادەیی بەرە دژەكانە. ڕیفۆرمی كۆمەڵایەتیی بە قازانجی سەرمایەداریی، واتە ڕامیارییكردن و گۆڕینی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بە پەیوەندی ڕامیاریی و ڕێكخستنیان لەسەر بنەمای یاسای ڕامیاریی، كە خۆبەخۆ بە ھەڵوەشاندنەوەی ھەروەرزیی و ھاوپشتی كۆمەڵایەتیی كۆتاییدێت [لێرەدا زۆر لەسەر ئەو گۆڕینە و چۆنیەتی كاركردنی ناڕۆم، لەبەرئەوەی وەك بابەتێكی سەربەخۆ لە ھەلێكدا لەسەری كاردەكەم].

ھەر لەبەرئەوە، شتێك بەناوی ڕیفۆرمی كۆمەڵایەتی لە دژی شۆڕش بوونی نییە و تەنیا دەتوانین قسە لە گێڕانەوەی باری كۆمەڵایەتیی پەیوەندییەكان بكەین، واتە ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە ڕامیارییكراوەكان و لەنێوبردنی سەروەریی پارێزەرانی، كە خودی یا سەراپای پەیام و ئامانجی شۆڕشی كۆمەڵایەتی پێكدەھێنێت! ئەگەر مەبەست لە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیی، مسۆگەریی و دابینکردنی بیمە کۆمەڵایەتییەکان [کۆمەکە کۆمەڵایەتییەکان] بێت، ئەوا بۆچوونێکی ئاوا، کە ئەو کۆمەکە کۆمەڵایەتییانە بە بەخشیش و بەخشندەیی ڕامیاران و دەوڵەت و سەرمایەداران بزانێت، لە شیرینکردن و جوانککردنی ڕوخساری دزێوی سیستەمی چینایەتی لەلایەك و لەلایەکی دیکەوە لە شاردنەوە و نکۆڵیکردن لە خەباتی بێوچانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی لە سەدەکانی ڕابوردوودا بۆ ئەو دەستکەوتانە، زیاتر نییە! وەك زانراوە و دەزانین و کەتواری ڕووداوەکانی ڕابوردوو و ئێستاش هەر ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئەو دەستکەوتە کۆمەڵایەتییانە [کۆمەکی کۆمەڵایەتی]، کە ڕۆژانە ئیدئۆلۆگەکانی نیئۆلیبرالیزم کار لەسەر هەڵوەشاندنەوە و لێسەندنەوەیان دەکەن، بەرهەمی چەند سەدە خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانە، نەك بەخشندەیی یا پلانی سەرمایەداری !

لەبەر ڕۆشنایی ئەو بیرۆكانەی سەرەوە، سەرمایەداریی تەنیا لە ھەڵوەشاندنەوەی نەك شێوەگۆڕینی پەیوەندی كۆمەڵایەتیدا دەستكەوتی ھەبووە. دەكرێت ئێمە قسە لە ڕیفۆرمی پەیوەندی نائازاد و ھەرەوەزیی خێڵەكییانە بە پەیوەندی ئازادی تاك و ھەوەرزیی ھوشیارانە، بكەین [ئەمەش بابەتێكی دیكە و لە ھەلێكی گونجاودا كاری لەسەر دەكەم]، چونكە ئەوە گۆڕینی شێوەیەكی پەیوەندی كۆمەڵایەتییە و لە ھەر دوو بارەكەدا كۆمەڵێك توخمی وەك تاك و ھەرەوەزیی بوونیان ھەیە، بەڵام لە ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و جێگرتنەوەی بە سیستەم و پەیوەندی ڕامیاریی، بەواتای گۆڕینی شێوە نایێت، بەڵكو لەنێوبردنیەتی. ھەر لەسەر ئەو بنەمایە، گێڕانەوەی ھەرەوەزیی كۆمەڵایەتی و ئازادی تاك، نە بە گەڕانەوە بۆ پێكھاتەی خێڵایەتی و نە بە ڕیفۆرمی سیستەمی ڕامیاریی، ناكرێت.

ھەروەھا بەكاربردنی دەستەواژەی ” ڕگه‌زه‌كانی سه‌روه‌رێتی چینایه‌تی … واته‌ سوپا و ئه‌من و پۆلیس و دین و قوتبخانه‌ و بیركراسییه‌ت …. ” نادروستە و ئەو پێكھاتانە ئامرازن نەك ڕەگەز و ھیچ ڕەگەزێك [نە نێر و نە مێ] وەرناگرن. دەزانم كە زۆرێك لە نووسەرانی كورد لە ڕەخنەی زمانەوانی ھەراسان و زویردەبن، بەڵام بە بۆچوونی من زمانی نادروست، ھزری نادروست بەرھەمدەھێنێت. لەبەرئەوە ناتوانم بە ئاسانی و نادەربەستانە بەلای ھەڵە و نادروستییە زمانەوانییەكاندا گوزەربكەم.

جگه‌ له‌وه‌ش گه‌شه‌ی كاپیتالیزم و بڵاوبونه‌وه‌ی ژیانی شارستانییه‌ت هیچنییه‌ جگه‌ له‌ پرۆسیسێكی مێژوویی بۆ دابڕانی مرۆڤ له‌ مرۆڤ و داماڵینی مرۆڤ له‌ هه‌موو ماهییه‌تێكی ئینسانی و كردنی به‌ گیانله‌به‌رێكی خۆویست ، واته‌ داماڵینی مرۆڤ له‌ نه‌وعه‌ ئینسانییه‌كه‌ی و دوورخستنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ ژیانی كۆمۆنه‌یی .

بەداخەوە لەم دەستەواژانەدا من تێناگەم شارستانی بە چ واتایەك بەكاربراوە، ئایا مەبەست لە سڤیلبوون [كە لە گۆڕانی مرۆڤ لە بوونەوەرێكی جەنگەلییەوە بۆ بوونەوەرێكی ناجەنگەڵیی] یا مەبەست لە شارنشینییە، ئەگەر مەبەست یەكەمیان بێت، من بە نادروستی دەزانم، چونكە گۆڕانی مرۆڤ لە بوونەوەرێكی ناھوشیار و كەمدەركەوە بۆ بوونەوەرێكی بەرھەمھێنەر و ھوشیار و بە ئاوەز، پێشكەوتنێكی پۆزەتیڤە و ئەگەر ئەو گۆڕانە نەبووایە، ھیچ كام لە ئێمە ئەم دەركەی ئێستای لەلا دروستنەدەبوو. ھەروەھا ڕوونەدانی ناتوانێت مسۆگەركەریی نەبوونی دڕندەیی و زۆردارییبێت، بێجگە لەمەش من ئەو بۆچوونەم ھەیە، ھەر ئاوا كە لە كۆمەڵگە سەرەتاییەكاندا پێكھاتەی ھەرەوەزیی و ناچینایەتی ھەبووە، ھەر ئاواش لە بەرەبەیانی ژیانی مرۆڤەوە دڕندەیی مرۆڤ و پێكھاتەی چینایەتی ھەبوون، كۆمونەی سەرەتایی لە سەرتاسەریی گۆی زەویدا وەك یەك، لە ھەموو جێیەك ئامادە، تەنیا خەیاڵێكی ئایدیالیستانەی ماركسیستییە، هەروەك هێندێك مارکسیست مژدەی ڕاپەڕینی “شۆڕشی” یەك -دەمەی جیهانی دەدەن و بەو پووچگەراییە لە تێکۆشان و چالاکی ئەم ساتە دوورماندەخەنەوە و وابەستەی بەڵێنەکانی سەرخەرمانمان دەکەن !

بەڵام ئەگەر بەواتای شارنشینیی بەكاربرابێت، ئەوا پێش شارنشینی و سەرھەڵدانی شارە پیشەسازییەكان [كە دەكرێت تەنیا واتای دروستی شارستانی بێیت نەك سڤیلییبوون]، لە گوند و ئەشكەوتەكانیشدا ڕەگیزە و بنەمای پێكھاتەی چینایەتی لەنێو خێڵەكاندا ھەبووە. كەواتە بەگوێرەی ھوشیاربوونەوەی خەریكە شتێك بەدەستدەھێنێت و بەدەستدەھێنتەوە [بەدستھێنان بەو واتایەی ئەوانەی ھەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای خێلەكی ژیاون، بەگوێرەی ھوشیاربوونەوە خەریكن بەدەستیدەھێنن، بەدەستھێنانەوەش بەو واتایەی ئەوانەی كە پێكھاتەی خیلەكییان نەبووە و لەلایەن ئەوانەی كە خێڵەكیبوون مرۆڤایەتییان لەنێوبراوە،خەریكن بەدەستیدەھێننەوە].

نموونەیەكی ئامادە لە ژیانی ئێمەدا، لەم بارەوە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، تاكە خێڵەكییەكان لە سایەی چەكداریی بەكۆمەڵ و خێڵەكییانەی خێڵەكەیانەوە، بە سووكایەتیپێكردن و ستەملێكردن و ئەتككردن، تاكە ناخێڵەكییەكانیان ناچار بە ھەڵگرتنی چەكی ڕژێمی بەعس و خۆڕێكخستن لە شێوەیەكی خێلەكییدا بۆ بەرگرتن بە چەكدارانی خێڵ، دەکرد. لەم كاتەدا ئەگەر ئەگەر قسە لەسەر گۆڕانی تاكی ھەردوو بەرەبێت، ئەوا دەبێت بەم جۆرە دەرببڕدرێت، كە تاكە خیڵەكییەكان خۆیان لە پەیوەندییە خێڵەكییەكان ڕزگاردەكەن و تاكە ناخێڵەكییە ناچاركراوەكان دەگەڕێنەوە سەر بوونە ناخێڵەكییەكەیان. بەم نموونە دەمەوێت بڵێم، كە ھەمووان خێڵەكی نەبوون و ھەمووانیش كۆمونەیی نەژیاون و قۆناخێكی گشتگیر و سەرتاسەریی بەناوی كۆمونەی سەرەتایی بوونی نییە. دەكرێت ھەندێك لە پێكھاتە كۆمەڵایەتییەكان بەگوێرەی پێشینەیان لە ڕەوتی ئەم ڕۆژگارەدا خەریكی چوون بەرەو مرۆڤبوون بن و ئەوانی دیكە خەریكی گەڕانەوە بۆ سەر مرۆڤایەتی لەنێوبراویان بن.

بەکورتی، نە مرۆڤ ڕۆبۆتی مێژوویەکی پێشتر ئامادەکراو و نووسراوەیە و نە مێژووش لە دەرەوەی ویستی [ئیرادەی] مرۆڤەکانەوە بوونی هەیە! هەروەها لە سیستەم و ڕێکخستنی چینایەتیدا نە ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی هەیە، نە یەکسانی ئابووریی و دەسەڵاتیی و نە سەربەخۆیی تاك و کۆمەڵ! بیچگە لەوەش، وێناکردنی دەستەکەوتە کۆمەڵایەتییەکان بە بەخشندەیی و پێداویستیی سیستەمی چینایەتی، بێجگە لە پووچگەرایی ئایدیۆلۆجی هیچی دیکە نییە و ئەرکی وەها تێڕوانینێك بەخۆی بزانێت یا نا، تەنیا جوانکردنی ڕوخساری سیستەمی چینایەتی و ڕەوایەتییدانە بە هێرشە جیهانییەکانی بۆ سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە لە دەهەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو بەملاوە، هەموومان بینەری یەك ڕاستی جیهانین، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی بیمە کۆمەڵایەتییەکان [سۆشیال] و لێسەندنەوەی دەستکەوتەکان و یاساکانی کارە! ئەگەر ئەو دەستکەوتانە بەرهەمی خەباتی چەند سەدەی نین و کۆمەڵێك ڕیفۆمن و خودی پارتەکان و پارلەمانتاران لە بەرژەوەندی سیستەمی ئابووریی و ڕامیاریی سەرمایەداریی کردوویانن، ئەدی بۆ لەم ڕۆژگارەدا دەوڵەتەکان و کۆمپانییەکان لە هەڵوەشاندنەوە و لێسەندنەوەیاندا پێشبڕکێ دەکەن و کاتێك لە سایەی دەوڵەتانی ئەمەریکا و ئەوروپا وەها هێرشێك سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، شایی و لۆغانی دەوڵەتە پاشکۆکانیان و سەرمایەداران لە ئەفریکا و ئاسیا و ئەمەریکای لاتین و ئەوروپای خۆرهەڵاتیی دەستپێدەکات ؟ ئەگەر دەستکەوتانە بەرهەمی خەباتی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی و ئابووریی ژێردەستان نین، بۆچی لە هەڵوەشاندنەوەیاندا ژێردەستان کاردانەوە نیشاندەدەن و ناخوازن لەدەستییانبدەن ؟

************************************

https://www.facebook.com/permalink.php?story_fbid=199234553593767&id=100005216712596

* خوێنەری ھێژا، نووسینی ئەم سەرنجانە لەسەر ئەو بابەتە، بۆ ٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٣ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی بە کۆمەڵێك مشتومڕ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بابەتی دیکە، بڵاوکردنەوەی ئەم دواکەت.

** “…” دانانی نیشانەی گێڕانەوەی قسە لە پێش و پاشی بەشە وەرگیراوەكان، لە منەوەیە و بە مەبەستی جیاكردنەوەی دەقە ڕەخنەلێگیراوەكانە لە بۆچوونەكانی خۆم، چونكە لە ‘فەیسبووك’دا ھێڵبەژێرداھێنان و ڕەنگكردنی نووسین لەبارنییە و ھەروەھا زۆرێك لە سایتەكان و گۆڤار و ڕۆژنامەكان، ھێڵ و ڕەنگی دەقی دیاریكراو لادەدەن و ئەمەش دەبێتە ھۆی سەرلێشێوانی خوێنەر لە جیاكردنەوەی ڕەخنەلێگیراو و ڕەخنەگردا.

*** من لێرەدا ڕاستەوخۆ ڕەخنە لە بۆچوونەکانی نووسەر دەگرم، لەوانەیە ناڕاستەوخۆ ڕەخنەشبن لە بۆچوونەکانی کارل مارکس، بەڵام لەبەرئەوەی کە من ئەو سەرچاوانەم نەخوێندوونەتەوە، نووسەر لەوە بەرپرسە کە ئایا مارکس ئاوادەبێژێت یا نا.

ئەگەر سۆشیالیزم؛ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نییە، ئەدی چییە ؟ * / ١

ئەگەر سۆشیالیزم؛ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نییە، ئەدی چییە ؟ *

هەژێن

٢ی نۆڤەمبەر ٢٠١٣

بەشی یەکەم

ئەوە چەند جارێكە لێرە و لەوێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتار و سەرنجگەلێك لەمەر ” ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی” بەرچاودەكەون، كە ئەگەر خوێنەر بنەمایەكی بۆ تێگەییشتن و خوێندنەوەیەكی بۆ مێژووی واژەكان و ململانێكانی كۆمەڵگە لەو پێناوەدا نەبێت، ئەوا بەو سەرەنجامە دەگات، كە بۆ ڕزگاربوون لە كۆیلەتی چینایەتی، ناچار بە دژایەتی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیی دەبێت و بێجگە لە بەرزكردنەوەی ئاڵای دیكتاتۆری پارت و گروپێكی ڕامیاریی بەناوی پڕۆلیتاریاوە، ناتوانێت داھاتوویەكی ھیوابەخشی ھەبێت. ھەڵبەتە ئەمە بۆ خراپتێگەییشتنی یا ناھوشیاریی خوێنەر ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ سەرەتاتكێی شەرمنۆكانەی دەستەبژێرێك دەگەرێتەوە، كە لەو بڕوایەدایە لە سایەی ڕابەرایەتی خۆی و جێگەوتەبوونی بیرۆكە ئایینزاكانیدا، كۆمەڵگەی چینایەتی لەنێودەچێت و مرۆڤایەتی ڕزگاری دەبێت !

بۆ ڕۆشنایی خستنەسەر ئەو خراپتێگەییشتنانە، ھەوڵدەدەم ئەم بابەتە ” ئازادی و یه‌كسانی!“، كە ناوی نووسەرەكەی دیارینەكراوە و لە ڕووپەڕی ھاوەڵێكی ‘فەیسبووكئاوا’ وەرمگرتووە و بەستەری بابەتەكە لە كۆتایی ئەم ڕەخناندنەدا دانراوە. ھەڵبەتە دڵخۆشم بەوەی كە ناوی نووسەر نازانم و ناشیناسم، تاوەكو شێوازی ڕەخنەم باری بەرانبەرکێی كەسیی بەخۆییەوە نەگرێت و ڕەخنەلێگیراویش ھەست بە پەلاماردراویی نەكات و وەڵامەكان بارێكی گشتی وەربگرن. ھەروەھا نەگوتراو نەمێنێتەوە، من ھیچ كێشەیەكم لەتەك ئەم شێوازی نووسینی نەناسراوەدا نییە و بەخۆشم ساڵانێك ھەروا لە بواری نووسین و خۆدەربڕیندا، خەریكی نووسین و ئامادەبوون بووم. تەنیا لایەنێكی نەخوازراوی ئەم شێوازە ئەوەیە، كە زۆر جار نووسەران بۆ سەپاندنی بۆچوونەكانیان، پەنا بۆ دەستەواژەی “ئێمە” و نوێنەرایەتی پارت و چین و مرۆڤایەتی دەبەن و ئیدی ئەمە دەبێتە ھۆی لە سەرووی ڕەخنەوە وەستانی بۆچوونیان و گشتگیركردنی بڕیار و بۆچوونەكانیان، كە دواجار بە پەسەندانی دیكتاتۆریی تاك و دەستەیەك كۆتایی دێت و بە نوێنەرایەتی پڕۆلیتاریا دادەپۆشرێت.

ئازادی و یه‌كسانی !

ئه‌وه‌ ئه‌و وێنه‌ بێگه‌رده‌یه‌ كه‌ كاپیتالیزم وای نیشان ئه‌دات دونیایه‌كی خه‌یاڵی لێپێكهێناوه‌ . ئازادی و یه‌كسانی ! ئه‌وه‌ ئه‌و شارستانییه‌ته‌ جوانه‌یه‌ كه‌ كۆشك و ته‌لاری ڕزاوه‌ و كوخه‌بێئاگردانه‌كان ، خۆشگوزه‌رانی و برسێتی له‌سه‌ر زه‌وی هه‌مان كۆمه‌ڵگا كۆئه‌كاته‌وه‌ .

سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێم، کە “خەیاڵی” بە واتای “باڵا / ئایدیال” نییە، هەروەها بەداخەوە لە زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا سێ چەمك و واژەی “ئازادی” و “ڕزگاری” و “سەربەخۆیی” تێکەڵکراون، کە بەبۆچوونی من، ئازادی پەیوەندی بە خۆڕزگارکردنی تاك لە هەژموون و دەسەڵاتی دەوروبەریی لە ناخی خۆیدا هەیە، ئیدی ئەو خۆڕزگارکردنە هزریی بێت [خۆراپساندن لە هەژموونی بیرکردنەوەی زاڵ و خۆبیرکردنەوە بە ئاراستەی دژەباو]، یا خۆڕزگاریی ئابووریی بێت [کاری سەربەخۆ کەسیی یا کاری هەرەوەزیی دوور لە چەوساندنەوەی دیگەران]، بەواتایەکی دیکە ئازادی بەرهەمی خۆڕزگارکردنی تاكی ژێردەستەیە لە هەژموونی دەوروبەری و لە گۆڕانی زەمینە خۆییەکانی ژێردەستەییەوە دەستپێدەکات، بەڵام بەپێچەانەوە “ڕزگاری” لە گۆڕانی زەمینە و پەیوەندییە دەرەکییەکانی ژێردەستەییەوە دەستپێدەکات، واتە پەیوەندی کار، پەیوەندی خێزانی، پەیوەندی ئەوینداریی، پەیوەندی هاوەڵێتی، پەیوەندی جڤاکی. لەبەرئەوە تا کاتێك ئەو دووانە بەیەك ئاراستە ڕەوتنەکەن، هەرگیز نابنە ئافەرێنەری شێوە پەیوەندییەکانی نوێ یا دژەباو. هەروەها بەبێ ڕزگاربوون لە وابەستەیی ئابووریی، سەربەخۆییش بەدینایێت. بۆ نموونە لە ڕاپەڕینی ئازار و ڕاپەڕینەوەی دووەمی ١٩٩١دا یەکێتی جەماوەرییانەی تاکە ژێردەستەکانی سایەی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس توانی لەشکری ئەو ڕژێمە داگیرکارە ڕابماڵێت، بەڵام لەبەرئەوەی کە پێشتر ئەو تاکانە لە لە ناخی خۆیاندا، زەمینەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرووخەڵکییان [دەوڵەت، فەرمانداریی، پارت، دەسەڵاتی ڕامیاریی] لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیاندا، لە سیستەمی خێزانی و پەروەردە و خوێندن و کار و لە شێوازی تێڕوانین و بیرکردنەوەی خۆیاندا، لە شێوەی ژیانی خۆیاندا نەڕەخساندبوو یا بەلایەنیکەمەوە ڕەتنەکردبووەوە، زۆر بەئاسانی ملیان بە جێگرتنەوەی ئەو دەسەڵاتە سەرووخەڵکییەی ڕژێمی بەعس لەلایەن بەرەکوردستانی [نوێنەرایەتی ڕامیاریی چینی بۆرجوازی کورد] دایەوە و بەبێ گۆڕان لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەدا گەڕانەوە ماڵ. بەڵام ئەگەر لە ئێستاوە کار بۆ ئامادەکردنی زەمینە خۆییەکانی ڕزگاریی [واتە ئازادبوونی تاك لە هەژموونی دەرەکی] بکەین، بەدڵنیاییەوە لە ڕاپەڕینێکی دیکەدا ڕزگاری لە دەسەڵاتی سەرووخەڵکی ئەگەر مسۆگەریش نەکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەمان شت ڕووناداتەوە. ئەمە گرفتی تەواوی ڕاپەڕینەکانی سەراپای مێژوو بووە [لە ڕاپەڕینی کۆیلانەوە تا ڕاپەڕینی جوتیاران و تا ڕاپەڕینەکانی سەردەمی سەرمایەداری]، کە لە نائامادەیی یا لە ئازادنەبوونی تاك لە هەژموونە دەستەمۆکەرەکان، هەردەم نادەربەستانە ئەو تاكە ملی بە سەروەریی دیگەران داوەتەوە.

هەروەها لە ڕووی ئاماژەی زمانەوانییەوە، دەتوانین بڵێین “من ئازادانە بیردەکەمەوە/ لە بیرکردنەوەدا ئازادم ، ئازادم چی دەپۆشم، ئازادم چی دەخۆم”، “خۆم لە ژێردەستی ڕزگاردەکەم، لە ملدان بەو کارە خۆم ڕزگاردەکەم، لە وابەستەیی بەو کۆنتراکتە کارییە یا هاوسەرییە، کرێچییەتییە ڕزگاردەکەم “، “دەمەوێت سەربەخۆ بم، بەخۆم [سەربەخۆ] بەڕێوەرایەتی خۆم بکەم، ..تد”، بەڵام ناتوانین بڵیین “من ڕزگارانە بیردەکەمەوە/ لە بیرکردنەوەدا ڕزگارم، ڕزگارم چی دەپۆشم، ڕزگارم چی دەخۆم”، هەر ئاوا پێچەوانەکەشی دروستە … هەروەها سەربەخۆیی [ئۆتۆنۆمی] تاك بەبێ ڕزگاری لە وابەستەیی ئابووریی هەگیز نایێتەدی و ڕزگاری تاکیش بەبێ ئامادەیی و ئازادئەندێشی تاك هەرگیز ڕوونادات، ئەگەر ڕووشبدات، ئەوا تاکی ڕزگارکراو، بە لەنێوچوونی بار و دۆزەکە ڕزگارکەرەکە، دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی! سەرباری ئەوەش من لە وەڵامدانەوەکانمدا بۆ ئەوەی کە خوێنەر لە جیاوازی نێوان ئاماژەی من و نووسەردا بۆ “ئازادی” تووشی سەرگێژە و سەرلێشێوان نەبێت، ئەم تێبینییە لەبەرچاوناگرم و هەمان واژە لە بەرانبەر واژەی بەکاربراودا بەکاردەبەمەوە!

لێرەدا وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، دەتوانێت کۆمەك بە هەنگاوەکانی داهاتوومان بکات: ئایا لەنێوان کۆیلەتی و ئازادی یا بێجگە لە باری کۆیلەتی و ئازادی، بارێکی دیکە هەیە، کە مرۆڤ تێیدا جێگیربێت یا ڕێوشوێنی خۆی تێدا دیاریبکات ؟

لەبەرئەوە بەبۆچوونی من، ئەوە خراپتێگەییشتنە لە سەرھەڵدان و بوونی مێژوویی دروشمی “ئازادی و یەكسانی” وەك خەون و ئارەزووی چەوساوان. ناکرێت هەر لەبەرئەوەی کە سەروەران و مشەخۆران پاگەندەی بوونی “ئازادی” و “یەكسانی” لە سایەی سەروەریی چینایەتییخۆیاندا بكەن، ئیدی ئێمە وەك دژێك نەفرەت لە چەمكی “ئازادی” و “یەكسانی” و “دادپەروەریی” بكەین و هەروەها ناشتوانێت ئەوە بەڵگەی ڕاستگۆیی ئەوان بێت لە بەرزکردنەوەی ئەو دروشمانەدا. بەڵكو پێویستە ئەو چەكە دزراوە “ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی” لە دەستی سەروەران دەربكێشینەوە و بەرەوڕوویانی بكەینەوە. بەداخەوە زۆرێك لە ھاوڕێیانی كۆمونیست، لە ھەڵچوون و تووڕەییەوە، “ئازادی” لە مافی كاركردن و “یەكسانی” لە مافی سكاڵاكردنی دادگەیی و “دادپەروەریی” لە نادادوەریی سەرمایەداریدا كورتدەكەنەوە و بەم كارە تاكی چەوساوە بە بوونی “ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی” لە سایەی سەرمایەداریدا خۆشباوەڕدەكەن و بەوە ھیواداریاندەكەن، كە ئەگەری ھاتنەدی وەھا خەونێكی ئەستەم لە سایەی بەخشندەیی سەرمایەداریدا ھەیە و بەو جۆرە خزمەتێكی گەورە بە ڕەنگدانەوەی پاگەندەكانی نیئۆلیبرالیزم لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا دەكەن و ئاو بە ئاشی پارتگەلی وەك “گۆڕان/ نەوشیروانییەکان”دا دەکەن و تاکی گۆڕانخواز بە دێموجامەی “گۆڕان”ی نەوشیروانییەکان خۆشباوەڕدەکەن.

بەڵام بە پێچەوانەی ئەو تێڕوانینە ڕواڵەتناسەوە، ئەركی چالاكانی خودھوشیار بەدرۆخستنەوەی ئەو پاگەندانەیە و نیشاندانی كەتواری ناڕاستبوونییانە، بەوەی كە نیشانیبدەین، ئەوەی دێوجامەی دێمۆكراسیی بە باڵادا بڕاوە، ئەتكردنی دێمۆكراسییە و دێمۆكراسیی بەواتای بەشداربوونی ھەمووان لە بەڕێوەبەرایەتی و یەكسانی دەسەڵاتدا دێت و ئەوەش تەنیا لە دێمۆكراسیی ڕاستەوخۆدا بەدیدێت و ئەوی ئێستا لەم سەر تا ئەو سەری دونیادا ھەیە و زاڵە، تەنیا سەروەریی كەمینەیەكی سەرمایەدار و ڕامیارە و لەژێر ناوی بەڕێوەبەرایەتی گەل “دێمۆکراسیی”دا، واتە دیكتاتۆریی چینایەتی!

ئه‌وه‌ ئه‌و شارستانێتییه‌یه‌ هه‌موو ئازادییه‌كی كاركردنی بۆ دابینكردووین

بەبۆچوونی من “شارستانی چینایەتی” لە ھەموو سەردەمەكانیدا تەنیا یەك شتی بەرھەمھێناوە، ئەویش نائازادانە كاركردن بووە، چونكە كۆیلە ھیچ كات ناتوانێت ئازادی كاركردنی ھەبێت، كە ھەیبوو ئەوا كەسێكی سەربەخۆ دەبێت و لە كۆمەڵگەیەكی ناچینایەتیدا دەژی و كاری ئازاد، تەنیا لە كۆمەڵگەی ئازاد و لەسەر بنەمای ڕزگاربوونی ھەمووان لە كۆت و بەندە ئابووریی و ڕامیارییەكان دێتەدی. چۆن من دەتوانم ئازادبم، كاتێك كە تۆ مافی كۆیلەكردن و بەكرێگرتنی منت ھەبێت؟ كاتێك كە منیش ئازادبووم، ئەوا خۆبەخۆ تۆ توانا و مافی بەكرێگرتنی منت نییە، ھەر وەك چۆن سەرمایەدارێك توانانی ملكەچپێكردن و بەكرێگرتنی سەرمایەدارێكی دیكەی نییە، لەبەرئەوەی كە ھەردووكیان دەسەڵات و ئازادی بڕیاردانیان ھەیە! ھەروەھا ئاخۆ ئەگەر ھەمووان مافی بڕیاردانی دوور لە ناچاریی ئابووریی و فشاری یاسای ڕامیارییان ھەبێت، چەند كەس لەو كۆیلانەی نێو ئەو حەفت ملیارد مرۆڤەی كە لە ژیاندان، هوشیارانە و خۆخواستانە ئامادەن ھەمان كار و فەرمان ئەنجامبدەن و ھەڵبژێرن و کۆیلەی دیگەران بن؟ ئایا پاش وەڵاموەرگرتنەوەی ئەم پرسیارە، بیرۆكەی ئازادبوون و ئازادی كار لە سایەی سەروەریی چینایەتییدا ناچێتە خانەی پووچگەراییەوە؟

بۆیه‌ ئه‌و هێزه‌ی ئه‌ركی له‌ناوبردنی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ ، ئه‌وه‌ ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ دژایه‌تی كاپیتالیزم له‌دژایه‌تی دیموكراسییه‌تدا ئه‌نینێ ، چونكه‌ ئه‌و به‌هه‌شته‌ خه‌یاڵییه‌ی كاپیتالیزم وامان لێئه‌كات خه‌وی پێوه‌ببینین ،

كامە دێمۆكراسی، ئایا ئەو “هێزە” ھەموو جۆرە بەرێوەبەڕایەتییەك ڕەتدەكاتەوە؟ ئەی كۆمەڵگە بەبێ بەرێوەبەرایەتی، چۆن ڕێكدەخرێت، یا ژیانی كۆمەڵایەتی چۆن خۆی ڕادەگرێت؟

بەبۆچوونی من یەكیكردنی سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی سەرمایەداریی بە دێمۆكراسی، یا كورتكردنەوەی دێمۆكراسی لە دێمۆكراسی پارلەمانیدا، ئەوەندەی خزمەت بە مانەوەی سەرمایەداری دەكات، ھێندە دژایەتی ناكات، چونكە بڕینی گەلییبوون بە باڵای سیستەمی دەستەبژێرانەی ڕامیاراندا، بەجۆڕێك ڕەوایەتیپێدانیەتی و خۆشباوەڕكردنی چەوساوانە بە گەلییبوونی بەڕێوەبەرایەتیی كەمینەی سەرمایەدار !

به‌هه‌شتی ئازادی و یه‌كسانی ، ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌م دۆزه‌خه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ تیایا ئه‌ژین ، دۆزه‌خی ئازادی و یه‌كسانی .

ئایا ئەو دۆزەخەی كە ئەمڕۆ مرۆڤایەتی كۆیلەكراو تێدا دەژی، بریتییە لە “ئازادی و یەكسانی” یا نەبوونی ئازادی و یەكسانی؟ من نازانم نووسەر چ پێناسەیەكی بۆ “ئازادی” و “یەكسانی” ھەیە و چ ئەڵتەرناتیڤێكی بۆ واژەكانی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی ھەیە و لەو كۆمەڵگە خەوناوییەدا، كە دەیھەوێت بیكاتە خەونی ئێمەی شەیدایانی ڕزگاری، پەیوەندی تاكەكان لەسەر چ بنەمایەك ڕادەوەستێت، چی جێگەی ئازادی كار و یەکسانی ئابووریی و دەسەڵات و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی دەگرێتەوە و شێوەی ڕێكخستنی پەیوەندییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان چۆن دەبێت و سیستەمێك كە ڕێكخەری پەیوەندییەكان بێت، چۆنە و چییە؟

ئازادی هیچنیه‌ جگه‌ له‌ ئازادی كۆیله‌ی كرێگرته‌ له‌ فرۆشتنی هێزی بازوویدا ، وه‌ بناغه‌ی سروشتی ئازادیش پێكهاتنتێكی ئازادی نێوان سه‌رمایه‌داری ئازاد و كرێكاری ئازاده‌ له‌ كڕین و فرۆشتنی كاردا .

كاتێك كە كەسێك كۆیلە و كرێگرتەبێت و بێجگە لە ھێزی بازوو و ھۆشی ھیچی دیكە بۆ مانەوەی شكنەبات، ئیدی لە چیدا ئازاددەبێت و ئازادبوونی لە كوێدایە؟

بەبۆچوونی من، ئەوە تێنەگەییشتنە لە ئازادی، كە لە ھاوكێشەی كڕیاری خاوەنھەڵبژێر و فرۆشیاری ناچاردا، ھەر دوو لا بە یەكسان ئازاد ببیندرێن و بە یەك بچوێندرێن! ئایا ئەگەر كرێكار ناچارنەبێت، ئامادەدەبێت ساتە خۆشەكانی ژیانی لە جیاتی بەكاربردنیان بۆ پەروەردەی توانا و حەز و خۆشەویستی بەشكردن لەتەك ھاوسەر و منداڵ و ھاوەڵانیدا، بخاتە خزمەت چاوچنۆكیی سەرمایەدارێك یا سەروەرێك؟ ئەگەر وەڵام بەم پرسیارە “ئەڕێ” بێت، کەواتە نووسەر هەر لە سەرەتای بوونەوە مۆری دەبەنگبوون لە مرۆڤی ژێردەست [پڕۆلیتار] دەدات. لەبەرئەوە پێویستە وەڵام بەوە بداتەوە: یا کرێکار کۆیلەیە و ئازادنییە، یا کرێکار ئازادە و دەبەنگانە و خۆویستانە لەو پەیوەندییانەدا دەخوازێت بمێنێتەوە؟

ئازادی دیموكراسی داموده‌زگای سیاسی نییه‌ ، به‌ڵكو رێكخستنی كۆمه‌ڵ و پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ، شێوه‌یه‌كه‌ له‌ شێوه‌كانی موڵكیه‌تی چینایه‌تی و زه‌مینه‌ی مێژوویی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌یه‌

بەبۆچوونی من، شتێك بەناوی “ئازادی دێمۆكراسی” بوونی نییە، ئەگەر بە داتاشینیشی ناچاربین، ئەوا تەنیا دەتوانێت لە ئازادبوونی مشەخۆران و سەروەران لە ڕووتاندنەوەی ئێمەدا واتایەك پەیدابكات. ڕاستە دێمۆكراسی چ جۆرە بۆرجوازییەكەی و چ جۆرە دژە بۆرجوازییەكەی [دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ] دەزگەی ڕامیاریی نییە، بەڵكو شێوەی ڕێكخستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانە. ئەرێ، منیش دەڵێم وایە؛ “دێمۆكراسی” باو، پاگەندەی بۆرجوازییە بۆ مۆڕاڵییكردنی مشەخۆریی و بۆ پاراستن و پیرۆزكردنی دارایی تایبەت و سەروەریی چینایەتی، بەڵام ڕەتكردنەوەی ئەو شێوە پەیوەندی و ڕێكخستن و بنەما مۆڕاڵیی و تێڕوانینانە، بە لەبەرچاوخستنی ئازادی ناكرێت و تەنیا بە خەیاڵپڵاوی دەستەبژێری گۆشەگیر و خۆبەڕابەرزان ناكرێت، بەڵكو بە كردەییكردنەوەی دژەكەیەتی لە ژیانی ڕۆژانەدا و بە كولتووركردنی سۆشیالیزمە وەك شێوەی ژیان، وەك ھزرین و وەك كولتوور !

من لە تووڕەیی نووسەر و هاوبیرانی بەرانبەر واژەی “ئازادی” تێدەگەم و دەرکیشیدەکەم، کە دیوی شاراوەی حەزی بەکاربردنی دستەواژەی “بژی دیکتاتۆی پڕۆلیتاریا”یە، بەڵام لەژێر لێدانی گیانی ڕوخانی “قەڵای بۆلشەڤیزم” و هەژموونی بیری زۆرینەدا، ناچار بە پێچانەوە و دەربڕینی لە دژایەتی ئازادیدا دەبێت. ئەمە هەمان تووڕەیی و نەفرەتە کە لێنین و ترۆتسکی بەرانبەر واژەی “ئازادی” لە دەستەواژەکانی شۆرشگێرانی ئۆکرانیا و کڕۆنشتات و چالاکانی کۆمیتەکانی کارخانەکاندا، هەیانبوو و بە ئاگر و ئاسن وەڵامیاندایەوە و لە سیاچاڵەکانی “چێکا/ ک.گ.ب” دوا هاوارەکانیان خنکاند. ئەمە سەرەتاتکێی شەرمنۆکانەی دیکتاتۆریی بۆلشەڤیزمە لە سەردەمی نەمانی بازاری سەرمایەگوزاریی “پارتی پێشڕەو”دا !

ئازادی مه‌رجی بوون و مانه‌وه‌ی كاپیتالیزمه‌ ، مه‌به‌ستیش له‌ ئازادی هیچنیه‌ جگه‌ له‌ ئازادكردنی به‌رهه‌مهێه‌ران له‌ پێوه‌ندییاندا له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌ ، {{ … ئازادیش له‌ دوو ڕووه‌ وه‌ ، یه‌كه‌م ، پێویسته‌ كارگه‌ر كه‌سێكی ئازادبێ ، به‌پێی ئاره‌زوی خۆی هێزی بازووی به‌كاربهێنێ به‌و وه‌سفه‌ی كاڵایه‌كی تایبه‌ته‌ به‌ خۆی ، دووه‌م ، پێویسته‌ هیچ كاڵایه‌كی تری نه‌بێ كه‌ بیفرۆشێ ، پێویسته‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌م ته‌عبیره‌ ڕاستبێ ، ئازادبێ له‌ هه‌موو شتێك ، …. ماركس _ سه‌رمایه‌ _ كتێبی یه‌كه‌م }} .

من تێناگەم، چۆن ھاوكات ئازادی ھەم “مه‌رجی بوون و مانه‌وه‌ی كاپیتالیزمه‌” و ھەم “ئازادكردنی به‌رهه‌مهێه‌ران له‌ پێوه‌ندییاندا له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌ ” ؟ ئایا مەبەستی ئەو دەستەواژە ئازادكردنی بەرھەمێنەرانە لە كۆت و بەندی پەیوەنییە داسەپێنراوەكانی سەمایە یا ئازادبوونیان لە ڕێكەوتن لەتەك سەرمایەدا ؟ ئایا ئازادبوونی کرێکار لە بەکاربردنی هێزی کاریدا باشتر نییە لە ئازادنەبوونی لە چۆنیەتی بەکاربردنی هێزی کاریدا، کە ئەم ڕۆژگارە [لە سایەی سەروەریی چینایەتیدا] بوونی هەیە؟ ئایا من لەو دەستەواژانە تێنەگەییشتووم یا نووسەر بە هەڵە کوردتاندوونی؟

دیسانەوە ناچارم ھەمان پرسیار بكەمەوە؛ ئازادی كرێكار لە كوێدایە، كاتێك كە نەبوونی و ھاندەری زیندوومانەوە، ملكەچی بازاری سەرمایە و سەروەریی چینایەتی دەكات ؟

كاتێك كەسێك لە دارایی و سامانی كۆمەڵگە خاوەنی ھیچ شتێك نەبێت، ئیدی چۆن دەتوانێت سەربەخۆ بێت، بەواتایەكی دیكە بەبێ سەربەخۆیی ئابووریی قسەكردن لە ئازادبوون لە یاساکانی بازار، دەچێتە خانەی پووچگەراییەوە. كۆیلەتی كرێكاریش لە وابەستەیی ئابوورییەوە دەستپێدەكات و دەبێت بە بەشێك لە پێكھاتەی سەرخانی كۆمەڵ و پێگە كۆمەڵایەتییەكەی دیاریدەكات !

{{ .. ده‌ستووری 1793 ئه‌ڵێ : به‌یانی مافی مرۆڤ و هاونیشتمانی ” ماده‌ی 2 ئه‌م مافانه‌ ( مافی سروشتی و هه‌ڵنه‌وه‌شێنراوه‌ ) ئه‌مانه‌یه‌ : یه‌كسانی ، ئازادی ، ئاسایش ، مولكیه‌ت ” .
” ئازادی ” له‌چی پێكدێت ؟ _ .. ئازادی ئه‌و ده‌سه‌ڵات یان توانایه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌یه‌تی له‌ پێناوی هه‌ركارێدا كه‌ زیان له‌ مافه‌كانی كه‌سێتر نادات _ … كواته‌ ئازادی مافی كاركردنێكه‌ كه‌زیانی بۆ كه‌سێتر نه‌بێ . ئه‌و سنوره‌ی كه‌ هه‌موو كه‌س ئه‌توانێ تیایا بجوڵێته‌وه‌ به‌بێ زیان له‌ كه‌سێتر ، له‌لایه‌ن یاساوه‌ دانراوه‌ ، … به‌ڵام مافی مرۆڤ ، ئازادی ، له‌سه‌ر پێوه‌ندی مرۆڤ له‌گه‌ڵ مرۆڤدا نه‌وه‌ستاوه‌ ، به‌ڵكو له‌ لێككردنی مرۆڤه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤ … _ ماركس _ المسأله‌ الیهودیه‌ }}.

بەبۆچوونی من، ئەوەی كە كاری ھیچ كەسێك زیانی بۆ كەسانی دیكە نەبێت، درەوشاوەترین بنەمایەكە، كە مرۆڤایەتی پێیگەیشتووە و تا ئێستا لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا نەکراوەتە بنەما و ئەگەر كۆمەڵگەی داھاتوو پشت بەو بنەمایە نەبەستێت، ئەوا مرۆڤایەتی ھەر دەبێت بڵێت “خۆزگە بە كفندزی پێشوو” ! نووسەر *** لە جیاتی ئەوەی كە ڕەخنە لەوە بگرێت، كە ھەم دانەرانی ئەو یاسایە و ھەم سەرمایەداران، پێویستە وەك ھەر كەسێكی دیكە ملكەچی ئەو یاسا بن. هەروەها بڕیارەكانی دەسەڵاتداران دژی ئازادبوونی بێدەسەڵاتانن و كاری سەرمایەدارانیش دژی ئازادی و ژیان و حەز و خەونی بەرھەمھێنەرانە. كەچی نووسەر ڕەخنە لەو بنەما درەوشاوەیە دەگرێت، كە ناچاریی و فشاری بزووتنەوە شۆڕشگێرەكانی ئەو سەردەمە یاسادانەران و دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی ناچار بە دانانی بەشێکی ئەو پەرەگرافە [تەنیا ” یه‌كسانی ، ئازادی …”] لە یاساكەیاندا كردوون! گرفتی سەرەكی خۆ بە سۆشیالیستزانانی پاشكۆی چەپ ئەوەیە، كە خوێندنەوەیان بۆ دەق نییە، ئایا لە چ سەردەم و بارێكدا ئەو دەقە سەریھەڵداوە و لەو كاتەدا كۆمەڵگە لە چ بارێكی شۆڕشگێرانەدا بووە. لەوەش بەدبەختیتر ئەوەیە، كە ئەو دەربڕین و بنەمایانە بە بەخشندەیی یا پیلانی یاسادانەرانی دەوڵەت و سەرمایەداران بزانیت و پاشبنەمای كۆمەڵایەتیی و مێژووییەکەی دەركنەكەیت !

بە پشتبەستن بەم وەرگێڕانە، ئەگەر من ھەڵە تێنەگەییشتبم، ماركس باس لە کاریکاتێری ئازادی لە سایەی سەروەریی بۆرجوازیدا، ئازادی لە پاگەندە و بانگەوازی بۆرجوازی بۆ ماف، دەكات، نەك ئازادی وەك چەمک و گشتێتی ویستێك و وەك بوونێك لە سروشتی مرۆڤ و بوونەوەردا.

تا ئێرە نووسەری ئەم بابەتە، خەریكی ناشیرینكردنی ئازادی و یەكسانیخوازییە، بەڵام ماركس قسە لە ئازادییەك دەكات، كە بۆرجواكان پاگەندەی دەكەن! لەبەر ڕۆشنایی ئەمە، من ھەوڵی نووسەر لە شێواندن و بەكاربردنی دەربڕینەكانی ماركس’دا بۆ ڕەوایەتیدان بە ھەڵویستی خۆی لە ئازادی و دامركاندنەوەی قینی خۆی لە ئازادی، دەبینم. بەڵگەشم ئەو دەستەواژەی ماركس’ە کە لە مانیفێستی كۆمونیست وەرگیراوە و زۆر بە ڕۆشنی ھەڵوێستگیریی خۆی لە ئازادی دەستنیشاندەكات !

{{ … مه‌به‌ست له‌ ئازادی له‌باری ئێستای به‌رهه‌مهێنانی برجوازیدا ، ئازادی بازرگانییه‌ ، ئازادی كڕین و فرۆشتن _ ماركس _ مانیڤێستی حیزی كۆمۆنیست }} .

…..

{{ وه‌لێره‌دا له‌سه‌روو ئه‌وه‌وه‌ ڕاستییه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان هه‌ن ، وه‌ك ئازادی و دادپه‌روه‌ی ، .. هتد ، ئه‌مه‌شتێكی هاوبه‌شه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا . به‌ڵام كۆمۆنیزم ئه‌م ڕاستیه‌ هه‌میشه‌ییانه‌ _ الحقائق الابدیه‌ _ له‌ناو ئه‌بات ، كه‌واته‌ كۆمۆنیزم دژی هه‌موو پێشكه‌وتنێكی مێژوویی ڕابووردووه‌ _ ماركس _ هه‌مان سه‌رچاوه‌}} .

ھەرچەندە بۆ من، خودی مانیفێست پێكھاتەیەكە لە بیرۆكەی دژبەیەك [پارادۆكس] و دەكرێت ئاوابێت، بەڵام لەبەرئەوەی كە من لەم ساتەدا ئەو سەرچاوەیەم لەبەردەستدا نییە، تاوەكو لەوە دڵنیابم، ئایا پێش ئەم دەستەواژەی دوایی، لە مانیفێستدا چی نووسراوە. ناتوانم ڕاستەوخۆ ڕەخنەم ئاراستەی بۆچوونەكەی ماركس بكەم. بەبۆچوونی من ئەگەر لە دەستەواژەكانی پێشووتردا قسە لە پاگەندەی بۆرجوازی لەمەڕ مێژووییبوونی تێڕوانینەكانی بۆ ئازادی و دادپەروەریی، نەكرابێت، ئەوا ماركس بە ھەڵەداچووە، چونكە مێژووییبوونی ئازادی و دادپەروەریی وەك ڕاستیییەكی كۆمەڵایەتی، بنەمایەكی چینایەتی ھەیە لە خەباتدا. بەواتایەكی دیكە، ئەگەر سەروەریی و مشەخۆرییەكی چینایەتی ھەر لە بوونی سەرۆكخێڵە سەرەتاییەكانەوە تا دەگاتە دەوڵەتێكی ھاوچەرخ نەبوونایە، ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نەدەبوونە خەون و داخوازیی بەدینەھاتووی مێژوویی ھەموو سەردەمەكان و چین و توێژی ھەموو قۆناخەكان !

لەبەرئەوە بەكاربردنی واژەگەلی وەك ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی لەلایەن سەروەرانەوە، ناتوانێت بەڵگەی ھەبوونی پەیوەندی لە نێوان خەون و داخوازیی چەوساوان و پاگەندەی سەروەراندا بێت و ناشتوانێت سەلمێنەرێك یا تاپۆیەك بێت، كە ئەو داخوازییانە بكاتە ھی چینە سەروەرەكان !

بەبۆچوونی من، وەھا لێكدانەوەیەك بۆ پاگەندەكانی سەروەران و یەكیگرتنیان لەتەك ئاوات و داخوازیی چەوساواندا، خراپتێگەییشتنە لە پێكھاتە و چۆنیەتی گەشەی كۆمەڵگەی مرۆیی و ھاندەری ڕوودانی ڕیفۆرمەكان. سەروەران ھەر لە سەرۆكخێڵێكەوە تا ڕامیارانی دەسەڵاتداری ئەم ڕۆژگارە، كە لە ھیچ سەردەمێكدا و لە ھیچ گۆشەیەكی ئەم جیھانەدا، بە خواست و بەگوێرەی ڕەزامەندیی خۆیان ملیان بەجۆرێك لە ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نەداوە و ناشدەن، بەڵكو ئەوە ھێزی یەكگرتووی چەوساوان و فشار و مەترسی پەرەسەندنی خەباتی ئەوانە، كە تەنانەت سەروەرانی ناچار بە قسەكردن لەو خەونانانە و ناوھێنانیان كردووە! ئەگەر بە ئارەزوومەندی بێت، ئەوا سەروەران خوازیارن ئەو دەستەواژانە لە ھۆش و زمان و دەربڕینی چەوساواندا بسڕینەوە!

لەبەرئەوە، بەبۆچوونی من، دژایەتی ناھوشیارانە و نەزانانەی ھەر دیاردەیەك، تەنیا تین و ھێزی پێدەبەخشێت، ھەروەك چۆن بینیمان لە ھەرێمی كوردستاندا لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابوردوودا دژایەتی وردەبۆرجوازییانەی ئایین، تەنیا بە تینگرتنی ئایین و دەمارگیریی مەزھەبی تەواوبوو و ھێشتاكە ھێز لەو ڕەخنە كرچ و كاڵانەوە وەردەگرێت، كە چەپ ئاراستەی ئایین و گروپە ڕامیارییەكانی نێو كایەی ئایینی کردن!

بێجگە لەوەی سەرەوە، من لەم دەستەواژە تێناگەم ” … كه‌واته‌ كۆمۆنیزم دژی هه‌موو پێشكه‌وتنێكی مێژوویی ڕابووردووه‌ _ ماركس _ هه‌مان سه‌رچاوه

باشە ئەگەر ئێمە هەموو پێشکەوتنێکی مێژوویی لە ڕابوردوودا ڕەتبکەینەوە، سەرمان لە کوێوە دەردەچێت؟ ئایا بەگوێرەی ئەو دەربڕینە، کۆمونیزم گەڕانەوە نییە بۆ سەرەتای نیاندەرتاڵبوون؟ ئایا مرۆڤ و کۆمەڵگە بەبێ پێشکەوتنە مێژووییەکانی تا ئێستایان، بێجگە لە نیاندەرتاڵێکی دڕندە و خێلێکی سەرەتایی هیچیدیکیان لێ دەمێنێتەوە ؟ ئایا وەها بیرۆکەیەك بۆ گەڕانەوە بۆ کۆمونیزم، هەمان بیرۆکەی گەڕانەوەی مرۆڤی دەرکراو و سزاوار نییە بۆ بەهەشت؟ ئەگەر ئەمە وەرگێڕانی دەقە تەوراتی و ئینجیلی و قورئانییەکان لەمەڕ بەهەشت نەبێت بۆ بە دونیاییکردنی بەهەشت [دەکردنی مرۆڤ لە کۆمونەی سەرەتایی و هەوڵی گەڕانەوەی بۆ هەمان کۆمونە]، ئەدی چیدیکەیە ؟

ئه‌ی یه‌كسانی ؟

یه‌كسانیش هیچنیه‌ جگه‌ له‌یه‌كێتی پێوانه‌ _ وحده‌ القیاس _ ی ئه‌و كاره‌ی كرێكار ئه‌یكات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌دا كه‌ وه‌ك كرێ وه‌ریده‌گرێ . واته‌ یه‌كسانی ئه‌و پێوه‌ندیییه‌ كه‌ ئاڵوگۆڕی كاڵای له‌سه‌ر ئه‌كرێ له‌ كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا .

دیسانەوە بەبێ دەستنیشانكردنی شوێن و كات و لایەنی پاگەندەكەری یەكسانی، لنگاوقوچ یەكسانی لێكدراوەتەوە. ئەگەر یەكسانی بریتیبێت لە یەكە و یەكێتی پێوانەی كار و كرێ، ئەدی قسەكردن لە زیدەبایی لە خانەی چ پووچگەراییەكدا جێگەی دەبێتەوە؟ ئەگەر ڕادەی كار و بڕی كڕێ بە یەكەیەك یەكسان بن، ئەدی زێدەبایی لە كوێدا دەمێنێتەوە و سەرمایە چۆن كەڵەكە دەبێت و قسەكردن لە بوونی چەوسانەوەی ئابووریی چەندە واتای كەتواریی دەبێت و پێداویستی سەروەریی ڕامیاریی بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییە ئابووریی كۆمەڵایەتییەكان لەچیدا دەبێت ؟

ئەمە بەمەرجێك تەواوی سۆشیالیستەكان و خودی ماركس بە دیاریكراوی قسە لە نایەكسانبوونی تاكەكان و ھاوكێشەكان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و پێگە ئابوورییەكان و دەسەڵاتی ڕامیاریی دەكەن و دەكات ! لەبەرئەوە بەبۆچوونی من، دیسانەوە ئەمە جۆرێكە لە ھەڵەتاتنی تیڕوانینی ماركس بۆ پشتئەستووركردنی بۆچوونە لنگاوقوچە دابڕاوەكانی خودی نووسەر.

ھەروەھا بێجگە لەوەش، سەراپای نووسینەكە لێكدانەوەیەکی ئایینیانەیە بۆ گوتەكانی ماركس و ماركسیزم. باشە ئەگەر گوتە ناپەیوەستەكانی ماركس لەم بابەتەدا دەرھاوێژێن، نووسەر چی بۆ گوتن دەمێنێتەوە؟ ئایا ئەمە جۆرێك لە گێرانەوە و لێكدانەوەی مەلایانەی مێژوو نییە ؟

{{ ووشه‌ی (( یه‌كسانی )) … هیچنیه‌ جگه‌ له‌ یه‌كسانبوونی ئه‌و ئازادییه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ پێناسه‌كراوه‌

بەبۆچوونی من، ئازادییەكان كاتێك دەتوانرێت یەكسانبكرێن، كە بوونیان ھەبێت، كاتێك كە نایەكسانیی؛ سەروەریی كەمینەیەك بە ھاوتای ژێردەستەیی زۆرینەیەك بچوێندرێت و لە دەرەوەی ئەو ھەوڵ و پاگەندەیەی ڕەخنەگرانی توڕە لە دەرەوەی ھوشیاریی، ئەو ھاوتاكردنە بە یەكسانی و یەكێتی سەروەریی و كۆیلەتی لێكبدەنەوە، تەنیا داماوییەكی ھزریی و ھەژاریی فیلۆسۆفی بەرھەمدێت تا دەبێتە سەرەنجام!

ده‌ستووری 1795 مانی ئه‌م یه‌كسانیه‌ دیاری ئه‌كات : (( ماده‌ی ژماره‌ 5 . یه‌كسانی پێكهاتووه‌ له‌وه‌ی كه‌ یاسا یه‌كێكه‌ بۆ هه‌مووان … )) _ ماركس _ المساله‌ الیهودیه‌ }} .

واته‌ یه‌كسانی هیچنیه‌ جگه‌ له‌ یه‌كسانبوونی هه‌ردوو چینه‌كه‌ له‌ سلیه‌ی هه‌مان شێواز و پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تدا {{ .. خاوه‌ن پاره‌ و خاوه‌ن هێزی بازوو له‌ بازاڕدا یه‌كئه‌بینن و ئه‌كه‌ونه‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌ك به‌ووه‌سفه‌ی ئاڵوگۆڕئه‌كه‌ن . وه‌ ئه‌وان هیچ جیاوازییه‌كیاننیه‌ ته‌نیا ئه‌مه‌نه‌بێت : یه‌كێكیان ئه‌كڕێ و یه‌كێكیا ئه‌فرۆشێ ، وه‌ هه‌ردووكیان هه‌ر له‌ به‌رئه‌وهۆیه‌ ، دووكه‌س یه‌كسانن له‌مافدا _ ماركس _ سه‌رمایه‌ ، كتێبی یه‌كه‌م }} .

کام شێواز و پەیوەندی کۆمەڵایەتی ؟ کۆمەڵایەتیی یا ڕامیاریی ؟ بەبۆچوونی من، ئەو یەکسانییە فۆرمۆڵکراوە لە دەقێکی یاساییەدا ڕواڵەتییە و بوونی نییە، تاوەکو واتای یەکسانی بدات و ئەو دوو چینە یەکسانبکات. بەداخەوە نووسەر وەك زۆرینەی ماركسیستەكانی كورد، پەیوەندییە ڕامیارییە لە سەرەوە ڕێكخراوەكان لەتەك پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە ئاسۆییەكان یەكیدەگرێت. لەبەرئەوە نووسەر ئەوە لەبیردەکات، پەیوەندییەك، کە لەسەر بنەمای یاسای ڕامیاریی ڕێکخرابێت، لە هەبوونە کۆمەڵایەتییەکەی کەوڵکراوە و بەشێکە لە ڕێکخستنێکی بێگیانی میکانیکی و دابڕاو.

” … {{ هیچ یه‌كێك له‌م مافانه‌ی مرۆڤ … تێپه‌ڕی مرۆڤی خۆویست _ ألانسان الانانی _ ناكات ، مرۆڤ به‌و وه‌سفه‌ی ئه‌ندامێكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای برجوازیه‌تدا یان فه‌ردێكی دابڕاوه‌ له‌ كۆمۆنه‌ … ته‌نیا خه‌ریكه‌ به‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌وه‌ مرۆڤ لێره‌دا دووره‌ له‌وه‌ی وه‌ك كائینێكی نه‌وعی سه‌یر بكرێ .. ئه‌و تاكه‌ پێوه‌ندییه‌ی مرۆڤ پێكه‌وه‌ ئه‌به‌ستێ ته‌نیا پێویستی سروشتییه‌ ، پێویستی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ، پاراستنی موڵكیه‌ت و كه‌سایه‌تی خۆویستی خۆیان _ ماركس _ المساله‌ الیهودیه‌ }} . …”

لەوانەیە بە بارێكی زۆر كەم و لاوازدا ئەمە دروستبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە تاك لە ھەموو تایبەتمەندییەك و لە ھەموو خۆویستنێك ڕاماڵراوە و بووەتە گیانەوەرێكی خۆبەخش بۆ كەمینەیەك. بۆ نموونە بە ملیۆن تاك دەبنە دژی ملیۆنانی دیكە، نەك لەبەر بەرژەوەندی خۆیان، بەڵكو بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی و لیستی كەسانێكی دیكە. ئایا ئەگەر مرۆڤ شانازی و خۆویستنی تێدامابێت، ئامادەیە ملی خۆی و ھاوچینەكانی بۆ دوژمنەكانی بشكێنێت ؟

كۆمونەیەك كە تاكەكانی خۆویست نەبن، ئایا چاوەڕواندەكرێت گشت ویستبن؟ ئەمە كامە لۆجیك پەسەندیدەكات. ئەوە ئازادی و یەكسانی تاکایەتی ھەمووانە، كە وا لە تاك دەكات، گرنگی و پێویستی بەرژەوەندی ھاوبەش و گشتی دەركبكات، نەك توانەی سڕینەوەی تاكایەتی تاك! ئەگەر بە سڕینەوەی سەربەخۆیی تاكایەتی تاك، كۆمەڵگە بە كۆمونەژیان بگەییشتایە، دەبوو تاكەكانی كۆمەڵگەی دیكتاتۆری یەكەمین پێشەنگانی وەھا كۆمونەیەك بوونایە، بەڵام بەپێچەوانەوە تاكی تێكشكاو، تەنیا پێكھێنەری كۆمەڵگەی تێكشكاوە و كۆمەڵگەی تێكشكاویش ناتوانێت ھەڵگری توخمی كۆمونەیی بێت.

ھەڵبەتە مەبەستی من لە كۆمونە، كۆمەڵگە و كۆمیونیتی ئازادە، كە لەسەر بنەمای دارایی ھاوبەش و كاری ھاوبەش و ژیانی ھاوبەش و ھەرەوەزی و ھاوپشتی خۆی گرتبێت، ئەگینا بەكاربردنی دابڕاوانەی واژەی “كۆمونە” دەتوانێت ھێمابێت بۆ كۆمونەیەكی تۆتالیتێریی یا كۆمونەیەكی ئایینی داخراو یا كۆمونەیەكی میلیشیایی یا ھەر تەنیا بریتیبێت لە واتا كارگێرییەكەی واتە “شارەوانی” !

وه‌هه‌ربه‌مپێیه‌ ئازادی و یه‌كسانی ، دیموكراسییه‌ت ، ئه‌و پێوه‌ندیییه‌ كه‌ جگه‌ له‌ فه‌ردی دابڕاو له‌ كۆمۆنه‌ی ئینسانی هیچ زاتێكی تر قبوڵناكات له‌ خۆیدا ، وه‌ فه‌ردی دابڕاویش كه‌لای برجوازیه‌ت هاونیشتمانییه‌كه‌ و وه‌ك كاڵایه‌ك ، ئازاد و یه‌كسان ، له‌ سایه‌ی سیسته‌می ئاڵوگۆڕدا له‌به‌رده‌م یاسادا ڕاگیراوه‌ ، ئه‌و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌هیچ چینێكه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌ و هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی جیاوازی نییه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ره‌ ڕه‌سمییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵدا ، واته‌ ده‌وڵه‌ت ، بۆیه‌ ئه‌بێ هه‌موو مافێكیشی له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ و به‌پێی یاسا دیاریكراوه‌كان پێڕه‌و بكات .

ئەگەر بە پێچەوانەسازیی وەڵام بەو دەستەواژە دوور لە لۆجیکانە بدەمەوە، ئەوا دەبێت ئاوا دابڕێژرێنەوە “تاکی کۆمونەیی، بوونێکی داماڵڕاوە لە ئازادی و یەکسانی و دێمۆکراسی”، واتە بوونەوەرێکی کۆیلەیە ! ئایا نووسەر بێجگە لەمە دەیەوێت چی بە ئێمە بڵێێت؟ پاشان لە سایەی سەروەریی بۆرجوازیدا تاك کاڵا نییە، بەڵکو بەرهەمی کاری ئەو کاڵایە و هیچ کاڵایەك لەو بازارەدا ئازاد و یەکسانە نییە و ئەگەر کاڵاکان یەکسان بن، ئەدی لەو ئاڵووێرە ئازادەدا چۆ قازانج دروستدەبێت ؟ ئەگەر کاڵاکان ئازادن، بۆچی ئێمە ناتوانین بەبێ بەرانبەر لێیان بەهرەمەندبین ؟

هەرچەندە دێژەی پێناسەکەی نووسەر دروستە و لەتەکیدا هاوبۆچوونم، بەڵام ناکرێت لە گوتنی ئەوە خۆم لابدەم، کە نووسەر زۆر ئایدیالیستانە لە “کۆمونە” دەڕوانێت و ئەگەر لە هەموو دەقە ئایینییەکانی تەورات و ئینجیل و قورئاندا واژەی “بەهەشت” لابەرین و واژەی “کۆمونە”ەکەی نووسەر بەو پیرۆزکراویی و گشتگیرکراوییەوە دابنێین، هێچ ناجۆری و نالەبارییەك لە واتاکاندا دروستنابێت و هەر ئاواش ئەگەر لە هەموو ئەو نووسینانەی کە بەو جۆرە “کۆمونە” ئایدیالیزە دەکەن، واژەی “کۆمونە” دەربکەین و واژەی “بەهەشت” لە جێیان دابنێین، ئەوا هیچ لە واتای دەستەواژەکان ناگۆڕێت و ناجۆریی و نالەبارییەك دروستناکات !

*****************************************************

* خوێنەری ھێژا، نووسینی ئەم سەرنجانە لەسەر ئەو بابەتە، بۆ ٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٣ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی بە کۆمەڵێك مشتومڕ و بڵاوکردەنوەی کۆمەڵێک بابەتی دیکە، بڵاوکردنوەی ئەم دواکەت.

بەستەری بابەتەکەی نووسەر : https://www.facebook.com/permalink.php?story_fbid=199234553593767&id=100005216712596

كۆیلە-ژنانی سوپاسگوزار

كۆیلە-ژنانی سوپاسگوزار

هەژێن

١٠ی ئازاری ٢٠١٤

بەر لەوەی بەوە تاوانباربكرێم، كە من ناهۆشیاریی چەوساوان بە دیاریكراوی لەم پەیوەندەدا ژنان، بۆ باری تاكایەتی و ڕەگەزیی دەگێڕمەوە و سەرچاوە بنەڕەتییەكان و هۆكارە سەرەكییەكان نابینم، بەپێویستی دەزانم بڵێم، هیچ ناڕۆڕشنیم لەو بارەوە نییە، كە سەرچاوەی هەموو هەڵاواردنێك و هەموو ستەمێك هەبوونی چینی ناكۆك بە یەك و ناكۆكی و جەنگی ئەوان و بوونیان بۆ بوونی دارایی تایبەت و كاریكرێگرتە و سەروەریی هەندێك بەسەر هەندێكی دیكە دەگەڕێتەوە و دەبەنگكردنی تاكە ژێردەستەكان بە ئایدیۆلۆجییەكانی دەسەڵاتخوازیی و  پێبەخشینی شوناسە دەستكردەكانیش هەر بۆ ڕاگرتنی ئەو كۆیلەتییەیە دەگەڕێتەوە، كە بەداخەوە زۆرێك بە سوپاسگوزارییەوە بە چنگ و ددان پارێزگاریی لێدەكەن و ئامادەی گیانبەخشینن لەپێناویدا.

بەڵام هیچ كات بوونی ستەم و هەڵاواردن و ژێردەستی ڕێگری هوشیاربوونەوە و دەركردنی نالەبارییەكان نییە و هەر هەوڵێك بەوەی بڵێین، سەروەران و سەرمایەداری ناهێڵن ئێمە یا كەسانی دیكە هوشیاربینەوە و لە ڕێوشوێنی كۆمەڵایەتیمان وردبینەوە و شوناسی چینایەتیمان دەركبكەین، پاساوێكە بۆ دەبەنگمانەوەمان و ڕەوایەتیدانە بە كۆیلەتی مرۆڤەكان، چونكە پاساودانی ناهوشیاریی، سەرەنجامەكەی مۆردانە لە هەمیشەییبوون و نەگۆڕبوونی و هاندان بۆ كولتووریبوون و مانەوەی ناهوشیاریی و كۆیلەتی، ئەوەش بێجگە لە خاترجەمكردنی مشەخۆران و سەروەران هیچیدیكە نییە و بەرھەمناھێنێت.

هەڵبەتە ئەوەش دەزانم، كە ئەو هەمووە پاساودانەی ناهوشیاریی و سوپاسگوزاریی كۆیلان، تەنیا بۆ مسۆگەركردن و سەلماندنی پێویستی ڕۆڵی شوانەیی كەسانێكە، كە پاگەندەیی “پێشڕەوبوون” دەكەن، بە واتایەكی دیكە بۆ ئەوەی دەستەبژێرەكان پێداویستی شوانەیی خۆیان و ئاسمانییبوونی هۆش بسەلمێنن، پاساو بۆ مێگەلكردنی ژێردەستان دەهێننەوە و  ئامانج لەوەش تەنیا ڕەوایەتیدانە بە سەروەریی چینایەتی و سەرەنجام دەتوانن بەوە پاگەندەی سەروەریی باشی خۆیان بكەن و لە گاڵتەجاریی هەڵبژاردنی پارلەمانیدا دەنگی ژێردەستان مسۆگەربكەن و لە كۆدەتا سەربازییەكاندا بەناوی شۆڕشەوە سەركوتمان بكەن و لە ناكاممانەوەی ڕاپەڕینەوەكاندا جێگەی سەروەرانی ڕوخاو بگرنەوە و  كۆمەڵگە لەسەر بنەمای “گوێڕایەڵیی پۆڵایین” ڕێكبخەن و هەر كەس سەرپێچی بكات، بەناوی دژەشۆڕشەوە گولەباران یا لە زیندان و ئوردووگەی كاری زۆرەملێدا بیپروكێنن و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و  ڕاپەڕینەكان بە “مستی پۆڵایینی دیكتاتۆری دەوڵەت و پارت” دەمكوت بكەن.

هەندێك هاوڕێ و دۆستی ئازیز لەسەر بایكۆتكردنی ئاهەنگی ٨ی مارچ و نەفرەت لەو كارە، گلەییان لێكردووم. ڕاستییەكەی هەرچەندە هیچ گومانم لە دروستی هەڵوێستم نییە و بەوپەڕی بیرلێكردنەوەی دوو دەهەوە ئەو بڕیارەم داوە، بەڵام هەندێك لە ڕاستییە ئاوەژووكراوەكەش لەلای ئەوانە و پێشتریش ئەوەم دەزانی، هەر بۆیە دەهەیەك زیاترە بەو سەرەنجامە گەیشتووم، بۆ هۆشیاربوونەوەی مرۆڤی كۆیلە، ژێردەست، چەوساوە، هەڵاوێردراو، خۆشباوەڕ، پێویستە سەركۆنەی خودی خۆی بكەین، نەك گلەیی و سەركۆنەی چەوسێنەر و سەروەرەكەی . چونكە سەروەر و چەوسێنەر بەوپەڕی هوشیارییەوە ستەمدەكات، ئازادی كەسانی دیكە دەچەپێنیت، پیلاندەگێرێت، دەكوژێت، تیرۆردەكات، زیندان ئاوەداندەكاتەوە، تۆڕی مافیایی و بڵاوكردنەوەی بەنگكەرەكان دروسدەكات، دەیان كەناڵ و دەزگەی میدیایی بۆ دەبەنگكردنی تاكەكان قوتدەكاتەوە …تد، بەڵام تاكی چەوساوە و ژێردەست، لە ناهوشیارییەوە دەنگ بە چەوسێنەرەكەی دەدات، لەسەر سەروەرمانەوەی چەوسێنەرەكەی سنگی ئەوانی دیكە هەڵدەدرێت، سەربازی دەكات، دەبێتە پۆلیس و ئاساییس و پاسەوانی زیندان و ئەشكەنجەدەر، دەڵاڵی بازار دەكات، بەكاربەر فریودەدات، پێداگری لەسەر ڕاستی درۆی ڕامیاران دەكات، سیخوڕی و هەواڵگریی لەسەر هاوكار و هاوسێ و هاوەڵی دەكات ..تد، كاتێكیش كە لە سەروەرەكەی نائومێددەبێت، دەست بە گلەیی و گریان دەكات، یا پەنا بۆ گۆشەی مزگەوت دەباتەوە یا گۆشەی مەیخانە دەگرێت، ئەگەر ئەم دووانە دەروونی شێواوی دانەمركێننەوە، ئەوا پەنا بۆ خۆتەقاندنەوە و هیواداری بە پەری و مەی و هەنگوێنی بەهەشت دەباتەوە.

تازەترین بەڵگە و نموونە بۆ كۆیلانی سوپاسگوزار، ژنانن؛ ژنانێك كە لە ئاهەنگی پارتە ڕامیارییەكاندا بەشدارییانكردووە، زوو زوو یەخەی بەڕێوەبەرانی بەرنامەكانی ئاهەنگەكانیان گرتووە “كەی شایی و هەڵپەركێكە دەستپێدەكات، ئێمە بۆ هەڵپەركێ هاتووین نەك بۆ گوێگرتن و لێدانەوەی قەوانی ٨ی مارس ! “. من دەزانم هەندێك کەس بە درکاندنی ئەم شتانە و کردنیان بە بابەتی ڕۆژ ، توڕە و هەراسان دەبن، چونکە هەم کۆیلانی سوپاسگوزار بە پیادهەڵدان و دڵنەوایی ڕاهاتوون، هەم سەرمایەگوزارانی ڕامیار لەسەر تەختی ناهوشیاریی کۆیلانی سوپاسگوزار پاڵیان لێداوەتەوە و  لە شێواندنی مێژوودا لاقیان لێڕاکێشاوە. بەڵام بە پێچەوانەی ڕاهاتن و خوبەیەکەوەگرتنی ئەوان [شوانە و مێگەل]، هیچ شتێك نییە، کە شیاوی یا لە دەرەوەی یاساکانی گۆرانی کۆمەڵایەتییدا بێت، تەنانەت خوودی ئەو دوو لایەنەش!

بەڵێ من دەزانم ئەگەر پیاوانی ڕابەریش ئاهەنگە پارتییەكان بۆ ژنانی سوپاسگوزار سازنەدەن، ئەوا ژنانی دەقگرتوو بە پشتیوانی ڕامیاران و پارتەکان بەخۆیان هەر هەمان كاردەكەن، ئیدی ئەوانی ڕامیار چۆن ئەو هەلە بۆ سەرمایەگوزاری ڕامیاریی ناقۆزنەوە، خۆ گیل نەبوون، ساڵان و مانگان، فەرماندەرانی پارت ڕۆژ دەژمرن “كەی ساڵیادەكان دێنەوە، كەی ژنێك دەخنكێنرێت و كەی ڕۆژنامەنووسێك تیرۆردەكرێت” تا سەرمایەگوزاری لەسەر بكەن، هەنووكە لەشكرێك كۆیلەی سوپاسگوزار هاتوونەتە خانەی پارت و لە ساڵیادی سووتانی ژنەكرێكارانی شیگاكۆ و خۆپیشاندانەکانی سەدەی نۆزدە لە ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی ساتەکانی کار و  کرێی یەکسان، ژنان بەخۆیان خوازیاری شایی و هەڵپەركێن ، ئیدی ئەوان بۆ نەیكەن؟!

لەبەرئەوە من هەرگیز ڕێگە بەخۆم نادەم گلەیی لە بازرگان بكەم، كە كاڵای خراپ دەفرۆشیت یا خۆراكی ئێكسپایەر بە خەڵكی دەفرۆشیت، من سەركۆنەی بەكاربەری نادەربەستدەكەم، من گلەیی لە ڕامیاران و  سەرمایەگوزاریی پارتان ناكەم، بەڵكو سەركۆنەی ئەندامانی خۆشباوەڕدەكەم، من گلەیی لە پیاوانی خۆ-بە -ژن-ڕزگاركەر ناكەم، بەڵكو سەركۆنەی ژنانی دڵخۆش و ئاسوودە بە كۆیلەتی دەكەم.

نموونەیەکی شۆکێنەر، كاتێك كە لە پارلەمانی هەرێمی كوردستان و ‌عیراقدا قسەکەرانی دێمۆكراسییەكەی ئەمەریكا؛ ژنان لە پێش مەلا و سەرۆكخێڵ و پیاوانی هەوسبازەوە دەنگیان بە یاسای چەند ژنە دا، هەر ئەو کات گوتم ” لەبەرئەوەی کە، بە لاف و گەزافی چەپ، ئەوەندە كۆمەڵگەی هەرێم كرابوو بە كۆمەڵگەیەكی سكیولار، چاوەرێمدەكرد بۆ ڕۆژی دوایی لە هەموو گوند و شارێكەوە لەشكری ژنانی ناڕازی و ئازادئەندێش و یاخی بەرەو هەولێری پایتەخت بەرێبكەون و وەك ژنە یاخییەكانی ئەفریكا، تەلاری پارلەمان و كاناڵەكانی ڕاگەیاندن داگیربكەن و ئاگر لە هەموو كاخەزێكی ڕەشكراوە بەردەن”، بەڵام بەداخەوە ئەوان نەك هەر پاگەندە بێبنەماكانی چەپیان بەدرۆخستەوە، بەڵكو منیشیان لە ڕوودانی ئەو خەونە نائومێدكرد و منیان گەیاندە ئەو بڕوایەی، كە ئەگەر پارلەمانتارەكانی پارلەمانی هەرێم بڕیاری قەدەخەكردنی زێڕ و میكیاج و كەوشی پاژنە بزمارییان بدایە، ئەگەر بڕیاری نەهێشتنی مارەیی و پێشەكی ڕابواردنەكان و گواستنەوەی بووك وەك گیراوی جەنگە خێڵەكییەكان بۆ ماڵی زاوای سەركەوتوویان بدایە، بەدڵنیاییەوە كۆیلە-ژنانی سوپاسگوزار ئاژاوەیەكیان بەرپادەکرد، هەرگیزاو هەرگیز دانەدەمرکاوە.

لە پیاوانی فێمینیست تكادەكەم، پێش ئەوەی تووڕەببن و پێچاوپێچ من تۆمەتباربکەن و پاساوی کەچبینینەکان بەوە بدەنەوە و حاڵی تەنک/ڕواڵەتئەندێشی بیانگرێت، با ئەم دەستەواژەیەش بخوێننەوە ” پێڵاوی زێڕ بازاڕی گەرمە ” و سەرنجێكی ئەم وێنانەش بدەن، كە لە كۆتاییدا بەستەریانم داناوە !ڕاستە كەمینەیەكی زۆر كەم لە ژنان دەتوانن لەم پووچگەرایی و وێرانبوونە بەهرەمەندبن، بەڵام زۆرینەی ژنی كورد شانازییان بۆ بڕی ئاڵتوون و دەوڵەمەندیی باوان و بوونی ئۆتۆمەبێل و تەلاری بەرز دەگەڕێتەوە و وەك پلەیەکی بەرز بۆ خۆنواندن بەرامبەر ژنانی دیكە بەکاریدەبەن. هەر كەس ئەم بۆچوونە بە ناڕەوا دەزانێت، با بە ئامارگیرییەك لەسەر بنەمای ڕاپرسی لە خودی ژنان، ڕێژەی ئەو ژنانە بدۆزێتەوە، كە خەونی ئاوا فیر‌عەونانەییان نییە !

*******************************************

پەراوێز:

تکایە بۆ بینینی وێنەکان، سەردانی ئەم بەستەرانە بکەن :

ڕۆژی پۆشاكی کوردی و میدیا زێڕنگەر/ زێرفرۆش، ئاوا دەیگۆڕێ

https://fbcdn-sphotos-h-a.akamaihd.net/hphotos-ak-frc1/t1/1979593_599589003459616_758734896_n.jpg

کەوشی زێڕین بازاری گەرمە، چەند-ژنە نوێنی نەرمە

http://baharikurd.com/eg-ku/1773-hawler-zer-dakreta-qondara.html