نامەکانتان گەییشتوون [١]

هەژێن*

٠٤ی دێسەمبەری ٢٠١٦

ئەی ئەوانەی کۆشتاری شیوعیەکانی کانی ماسی ١٩٦٤ و پیاسەی تاڵەبانی  لە بەکرەجۆ ١٩٦٦ و  ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٤ بازرانی و بەرلەشکریی ١٩٧٩ قیادە موەقەتە لە سنە و مەریوان و دزلی و شاکارەکەی یەکی ئایاری ١٩٨٣ قڕناکا و پشتئاشانی نەوشیروان موستەفا و بردنی پاسدار بۆ باباگوڕگوڕ ساڵی ١٩٨٥ (ینک) و پێشلەشکریی بۆ سەر ھەڵەبجە ١٩٨٨ (بەرەی کوردستانی) و بە ئەنفالدانی سەدان ھەزار گوندنشینی قەرەداخ و گەرمیان و بادینان ١٩٨٨ و پێشکەشکردنی پێشمەرگەکانی (حشع) بە بەعس پاش ئەنفال لەلایەن پێشمەرگەکانی (ینک) و خولی سێییەمی جەنگی نێوخۆ ١٩٩٤-١٩٩٨ و گوللەبارانکردنی خۆنیشاندانی دژی شەڕ لە ھەولێر ١٩٩٤ و بێسەروشوێنکردنی گیراوانی جەنگی نێوخۆ لە ئاکرێ و ڕایات و قەڵاچوالان و ھێنانەوەی حەرەس جمھوری٣١ی ئاب و ھێنانی پاسدار بۆ کۆیەی ١٩٩٦ و ھێنانەوەی سەدان جارەی جەندرمە بۆ نێو ھەرێم و جیابوونەوەی نەشیروان بە دە (١٠) ملیۆن دۆلار و گردەکەی تاڵەبانی ٢٠٠٦ و ھێنانی داعش و پێشکەشکردنی زومار و بەعشیقە و شەنگال و مەخموور و بازرگانی نەوت و گاز و لەتەك داعش ٢٠١٤ و پیاسەکردنی داعش لە کەرکووك ٢٠١٦ و ھەوڵی تەقاندنەوە و ئاژاوەنانەوە لە “ڕۆژاوا” ٢٠١٢-٢٠١٦ و تیرۆرکردنی نەزیر عومەر ١٩٩٣و ڕەئوف کامیل ١٩٩٣ و ئەلی بۆسکانی ١٩٩٢ و حەمەحەلاج ١٩٩٤و بەکر عەلی ١٩٩٦ و سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت و عەبدولستار تاھیر شەریف و کاوە گەرمیانی و ویدات حوسەین و ھەزاران و ملیۆنان تیرۆر و ڕاونان و  شتی دیکە، ئەی ئەوانەی کە پاش چەند چرکە ئەو گشتەتان لەبیرچووەتەوە.

نامەکانتان بە سەری ڕەش و قەڵاچوالان گەییشتوون و ئەگەر دڵنیانین، وەرن لەنێو خاشاکی کۆشکەکان بگەرێن، ئیدی بەسە و چیدی نامانەوێت وڕێنە و دەبەنگیی ئێوە بخوێنینەوە؛ ئێوەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و  “ڕوناکبیر”، مەگەر تێناگەن و دەبەنگن و نازانن، کە دەسەڵات لەپێناو مسۆگەرکردنی مشەخۆرییە و سیستەمی مشەخۆریی و مەرجەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو و  بانکی جیھانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپا و ناتۆ و دەوڵەتانی زلهێز بواری بەدیھێنانی داخوازییەکانی ئێوە نادەن و ئێمە بە بارمتەگیراوین و ئەگەر مووچەی ئێوە نەبڕین و ئەگەر نرخی کاڵا و پێداویستییەکان چەند قات بەرزنەکەینەوە و ئەگەر ڕێکەوتننامەکان واژۆنەکەین، بە حەب و دەرزییەك، بە خواردنێك ئێمە ژاراوکوژدەکەن و ھەزار و یەك بەڵگەی پزیشکی دەکەنە پاساوی مردنمان؛ ئێوە چین و بۆچی تێناگەن، ئەوە داخوازی و مەرجی نەزمی نوێی بازارە (نیئۆلیبرالیزمە) و ڕاگرتنی جەنگیش تەنیا لە توانای کۆمپانییەکانی ئۆتۆمەبیلسازی و چەکسازی هەیە و تاکو کارخانە و بازارەکانی چەکسازی هەبن، جەنگەکان بەردەوام دەبن و تاکو سەروەری هەبێت، چەك پێویستە و تاکو ئێوەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر” و سەرانی “پارتییە پێشرەوەکان” لەسەر کڕینی نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمەبیل کێبڕکێبکەن، (داعش) و جەنگ پێویستدەبن و دەبێت نرخی بەنزین و سووتەمەنی هەرزان بێت، تاکو دەبەنگانی دونیا  وەك ئێوە بتوانن زۆرترین بەنزین بکڕن و ئۆتۆمەبێلە پانوپۆڕەکانیان لێخوڕن. [٢]

نامەکانتان گەییشتوون، ئەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیران”ی دەبەنگ، ئەی ئەوانەی کە لە واتای بێدەنگمانەوەی ئێمە تێناگەن و بە ھەزاران “ئەلف” تێناگەن، ئیدی لەوژە لەوژ بەسە، دەبەنگبێژی بەسە، تەرسەقولبێژی بەسە، نامەنووسین و پاڕانەوە بەسە و تێبگەن، ھەر ئاوا ئێوە لە ئاستی ئێمە بێدەسەڵاتن، ھەر ئاوا ئێمەش لە ئاستی مەرجی نێو ڕێکەوتننامەکانی دەوڵەتانی زلھێز و سندووقی نێو دەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی بێدەسەڵاتین و بە فیکەیەکی ئەوان تەخت و تاراجمان نامێنێت.

نامەکانتان گەییشتوون و ئێوە ناخوازن لە وەڵامنەدانەوەی ئێمە بگەن، کە ئێمەش بێدەسەڵاتین و دەسەڵاتی ئێمە لە تیرۆرکردنی ناڕازییان و ڕاگرتنی جەماوەر و پاسەوانی بیرەنەوتەکان و جێبەجێکردنی پلانەکان و کڕینی چەك و واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکان و قەرزکردن، هیچی یدکە نییە و ژییان و منداڵ و ھاوسەرانمان بەبارمتەگیراون. ئێوە ناتانەوێت تێبگەن؛ ئەگەر ئێمە فزەبکەین، وەك (جۆن پاوڵی یەکەم John Paul I) [٣] نیوەشەوێك دەماکوژن. دەبەنگینە گوێرادێرن ، مەگەر سەری ئێوە تەپاڵەی تێدایە، ئاوا تێناگەن و زۆرینەی خەڵکی ناڕازیشتان وەك خۆتان دەبەنگکردووە؛ تێناگەن کە ئێمە ناتوانین و مافی وەڵامدانەوەمان نییە و ئەگەر وەڵامبدەینەوە، لە دوو شت زیاتر نییە، یان هەر وەك ئێوە تەنیا دەتوانین خەڵك خۆشباوەڕتربکەین، یان فیشەکێك لەنێو دەمی ناڕازییانی سەرکێش بتەقێنینەوە. دەبەنگینە ئێوە بەو نامە دەبەنگانەی خۆتان تەنەکەی خۆڵی ئێمەتان پڕکردووە و ناهێڵن خەڵکی ناڕازای بەخۆی بیربکاتەوە و لەوە تێبگات، کە ئەگەر ئێمە ڕاستگۆیانە وەڵامی پرسیار و داخوازییەکانی خەڵك بدەینەوە، تەمەنمان چەند چرکەیەك زیاتر نابێت و بارمتەگیراوێکی دیکەی وەك ئێمە دەخەنە شوێنمان و باری خەڵکیش وەك ئێستا هەر “چل مەن” دەبێت. بەڵام ئەگەر خەڵکی بەخۆی خۆی ڕێکبخات و ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی خۆی بکاتە ئەڵتەرناتیڤی ئێمە، هەم ئێمە لەم بارمتەبوونە ڕزگاردەبین و هەم سندووقی نێو دەوڵەتی دراو و بانکی جیهانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپا و دەوڵەتانی زلهێز ناتوانن بارمتەگیراوێکی دیکە بخەنەوە شوێنی ئێمە. ئیدی بەسە و چیدیکە نامە ئاراستەی ئێمە مەکەن و بە دەبەنگی خۆتان خەڵك خۆشباوەڕ و چاوەڕوان مە‌هێڵنەوە، با چیدیکە خەڵکی چاوەڕوانی سۆزداریی ڕۆبۆتێکی وەك ئێمە نەکات و بە تەرسەقولبێژیی ئێوەش وڕ و گێژ نەبێت؛ با خەڵکی بەخۆی بیربکاتەوە و لە بێوەڵامی ئێمە تێبگات، تکایە چیدیکە نامەی تەرسەقولاوی بۆ ئێمە مەنێرن!

بۆ دوا جار لێرەدا جارێکی دیکە هەزاربارەی دەکەینەوە، ئەی دەبەنگانی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر”، گشت نامە خۆشباوەڕکەرەکانتان گەییشتوون و ئەمەش دوا وەڵامە و ئیدی بەسە و تێبگەن، ئەی بێهۆشترین بوونەوەرانی سەر گۆی زەمین، ئەی چڵکاوخۆرانی بەردەم کۆشكی سەر ڕەش و قەڵاچوالان و پارلەمان و گردەکانی ئۆپۆزسیۆن، دەبەنگی بەسە و کڕبکەون، تاکو خەڵك بەخۆی بیربکاتەوە و چارەنووسی خۆی دیاریبکات، ئەگەرنا هەمان چارەنووسی فلیپین و ئەرجەنتین و کۆڵۆنییەکانی ئەفریکا لە پێشتان دەبێت و کاتێك کە نەوت نەما، ئیدی تەنیا باجی لەشفرۆشییەکانی “نیشتمان” دەتوانێت “ئاڵای نەتەوە” بشەکێنێتەوە. [٤]

————————————————————

[١] وەڵامێك بۆ ئەو نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕۆناکبیر”انەی کە پاش چارەکە سەدەیەك تاڵانی و گەندەڵی و سەرکوتکاریی دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد، هێشتا دەبەنگانە نامە بۆ دەسەڵاتداران دەنووسن و خەریکی بزواندنی سۆزی ڕۆبۆتەکانی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) و ختووکەدانی خۆشباوەڕیی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات و چاوڕێهێشتنەوەی ناڕازیانن و بە نەتەوەگەرایی (ناسیونالیزم) هۆشی ناڕازییان بەنگدەکەن. لێرەدا مەبەستی من نووسەران و ڕۆژنامەگەران و “ڕوناکبیران”ی دەرباری دەسەڵات و پارتییەکان نییە، چونکە ئەوان  لە خۆشباوەڕییەوە  دەربارنین و ھوشیارانە لە پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی دەسەڵاتداران داکۆکیدەکەن؛ مەبەستم نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیران”ێکن، کە خۆشباوەڕانە بە “نەتەوە” و “وڵات” و “ھاووڵاتی” و “سەرۆکی باش” و “پارتیی باش” و “پارلەمان و پارلەمانتاری باش” و “فەرمانداریی و  دەوڵەتی باش”  ھۆشی نەداران و بێدەسەڵاتانی ناڕازی ژاراویدەکەن و ڕۆژانە لەنێو کاناڵەکانی مێدیا نامە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی کورد دەکەن و خەریکی ئامۆژگاریکردنی دەسەڵاتدارانن، بۆ ئەوەی “سەرکوتگەرێکی دڵسۆز و بەسۆزی خەڵك” بن.

[٢]لەو کاتەوە کە (داعش) هاتووەتە نێو عیراق تاکو ئێستا لە وڵاتانی ڕۆژاوا نرخی بەنزین و گازوایل و گاز هەرزان بووە.

[٣] (جۆن پاوڵی یەکەم John Paul I)  ٢٦ی ئۆگوست تاکو ٢٨ی سێپتەمبەری ١٩٧٨ پاپای ڤاتیکان بوو و ماوەی پاپابوونی تەنیا سی و سێ (٣٣) ڕۆژ بوو و نیوەشەوێك ناڕۆشنانە مرد. بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن : https://en.wikipedia.org/wiki/Pope_John_Paul_I

[٤]ساڵی دوو هەزار، لە گەرمەی شانازیکردنی خۆشباوەڕان و دەسکەلاکانی دەسەڵات بە ئاڵای بۆرجوای کوردستان لەنێو ژوورەکانی پاڵتۆك بەدیاریکراوی لەنێو ژووری “ئازادیخوازان” کە ژووری چەپ و نەتەوەگەراکان بوو، گوتم “ڕۆژێك دێت، کە ئاڵای نەتەوەیی ئێوەش وەك ئاڵای فلیپین بە باجی لەشفرۆشییەکانی نیشتمان دەشەکێتەوە”.

*  www.hejeen.wordpress.com ….. http://www.facebook.com/hejen.pze

گروپی خۆجێی؛ ڕێکخستن، شێوازی چالاکی و ئامانجەکانی

هەژێن

٢ی دێسەمبەری ٢٠١٦

گروپی خۆجێی چییە ؟

گروپی خۆجێی (لۆکاڵ گروپ) ڕێکخستن و ڕێکخراوەی شوێنی ژییان و کارکردن و خوێندن و بوارەکانی دیکەی ژیانە، دەکرێت گروپێکی بەرھەڵستکاری دژ بە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بێت، ھەر ئاوا دەکرێت گروپێکی تایبەت بە ھاریکاری و کۆمەك، کاری خۆبەخشی، ئاڵووێری زانیاریی، خۆکۆمەکیی نەخۆشان، دایکان، باوکان، کەمئەندامان، ھاوڕەگەزبازان، شارەزایانی بواری ئایتی، خۆکۆمەکیی خوێندکاران، پاکژکردنەوەی ژینگە، پاراستنی ئاساییشی کۆڵان و گەڕەك و گوند، فریاگوزاریی، ڕێنوێنی و گشت بوارەکانی دیکە ژییان …تد

ئامانج لە پێکهێنانی گروپی خۆجێی

گروپی خۆجێی بەخۆی ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازی بەدیهێنانی حەز و داخوازییە کەسیی و گشتییەکان و بەرژەوەندی نێوکۆیی دانیشتوانی گەڕەکێك، کۆمەڵە کرێکار و فەرمانبەر و خوێندکارێك یان پێگە و سەکۆیەکە بۆ ئاڵووێرکردنی زانیاریی و کۆمەك و پێداویستییەکان لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کە بەشێوەی بەردەوام کۆبوونەوەی گشتی ئەندامان یان بەشدارانی لەسەر پرسەکان و پێداویستییەکان و ئەرکەکان بڕیاردەدرێت.

هۆکاری پێداگریی و شەیدایی ئازادیخوازان بۆ گروپە خۆجێیەکان

وەك سەرەتا ئاماژەمدا، گروپە خۆجێیەکان بەخۆیان ئامانج نین، بەڵکو ئامرازی بەدیهێنانی ئامانجەکانن. بێجگە لەوەش هەر هەبوونی گروپە خۆجێیەکان بە تەنیا بۆ خۆی ناتوانێت وەڵام بە شەیدایی و پێداگریی ئازادیخوازان بداتەوە، بەڵکو ئەوە ئافەرێنەربوون و ڕادیکاڵبوونی مێکانیزمەکانن، کە ئازادیخوازان دەکەنە پێداگر و شەیدای پێکهێنانی گروپە خۆجێییەکان و بناخەیی لەبەرچاوگرتنیان لەنێو کۆڕی تێکۆشان و بەرەو پێشبردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی؛ بە واتایەکی دیکە ئەوە کۆبوونەوە گشتییەکان و ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵ و چالاکی ڕاستەوخۆن، کە وەك میکانیزمی ڕێگر لە پاشکۆبوون و پڕۆ-دەسەڵاتبوونی گروپە خۆجێییەکان و سەرھەڵدانی بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسیی ڕابەران، گروپە خۆجێییە شۆڕشگێرەکان لە گروپە خۆجێیە ڕیفۆرمیست و سازشکارەکان جیادەکەنەوە و هەر ئەو هۆکارانەشن، کە بوونەتە هۆی ئەوەی ئازادیخوازان گرنگی و پێداویستی گروپە خۆجێیەکان بناخەیی وەربگرن و بۆ هەموو بواریك هەوڵی پێکهێنانیان بدەن.

جۆرەکانی گروپی خۆجێی

بەپێچەوانەی دابەشکردنی پرسەکان و شتەکان و کۆمەڵ بەسەر ڕەش و سپی، ئەوە تەنیا تێکۆشان و بەرەنگاریکردنی دەسەڵاتداران نین، کە گروپی خۆجێی دەکەنە پێداویستی، بەڵکو ئەوە وەڵامدانەوە بە هەموو لایەنەکانی ژییانەی ڕۆژانەی خەڵکە، پێداویستی ئەوان دەکاتە ناچاریی. جۆرەکانی گروپی خۆجێی بریتین لە : گروپە داخوازییکارەکان و بەرھەڵستکارەکان، گروپەکانی ئاڵووێری زانیاریی و خۆبەخشکاریی و خۆکۆمەکیی کۆمەڵایەتی، گروپەکانی پاراستنی ئاساییشی شوێنەکانی ژییان و کار و خوێندن، گروپەکانی پاراستنی ژینگە، گروپە تایبەتەکان بە پرسە تایبەتەکانی توێژە کۆمەڵایەتییەکانی وەك ئاڵووێری ئەزموون لەبارەی نەخۆشی، تەرککردنی سیگار و مەی و بەنگکەر و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.

شێوەی ڕێکخستنی گروپی خۆجێی

هەر وەك ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئەوە ئامانجە کە شێوەی ڕێکخستنی گروپە خۆجێییەکان دیاریدەکات و ئاراستەی دەکات. کاتێك کە ئامانج لە پێکهێنانی گروپە خۆجێیەکان وابەستەکردنی خەڵك بێت بە پارتییەکان یان گوێڕایەڵکردنی خەڵك بێت بۆ بڕیارەکانی فەرمانداریی و دەوڵەت، ئەوا خۆبەخۆ گروپی خۆجێی شێوەی ڕێکخستنی نێوەندگەرا و قووچکەیی لەخۆدەگرێت و کەسانێکی دەسەڵاتخواز و هەلپەرست بۆ بەدەستهێنانی مشەخۆریی یا پلە و پایەی دەسەڵاتداریی و بەرتەری لە سەرووی گروپەکەوە جێدەگرن، لەو بارەوە دەتوانین وەك نموونە بە ئەنجومەنی گەڕەكەکان ئاماژەبدەین، کە ساڵی ١٩٩٢ (ینک) وەك ئەڵتەرناتیڤی (شورای گەڕەکەکان) دروستیکردن و بەسەر خەڵك سەپاندنی. هەر ئاوا (شورای گەڕەکەکان) کە بڕیاربوو ئامرازی خۆبەڕێوەبردن و بەدەستهێنانی داخوازییەکانی خەڵك بن، هەر زوو لەلایەن ڕێکخراوە چەکانی ئەو کات لە سەرەوە پاوانکراون و کرانە بڵندگۆی ئایدیۆلۆجیی ڕێکخراوە چەپەکان. هەر ئاواش گروپە خۆجێیەکانی شوێنی کار و خوێندنی وەك (یەکێتی) و (سەندیکا) زەردەکان لەنێو کارگەکان و فێرگەکان وەك تۆڕی هەواڵگریی و ئەندامگیریی بۆ پارتییەکان بەکاربران.

بەپێچەوانەی ئەوەش، کاتێك کە ئامانج لە پێکهێنانی گروپە خۆجێییەکان بەدەستهێنانی داخوازی و یەکگرتنی دانیشتووان و کرێکاران و فەرمانبەران و خوێندکاران بێت، ئیدی ناچار میکانیزم و شێوازی گونجاو و خوازراوی خۆی دەدۆزێتەوە و دادەهێنێت؛ گروپێك کە ئامانجی سەپاندنی داخوازییەکانی خەڵك بێت بەسەر دەسەڵاتداران و هەڵخڕاندنی یەکێتی و هاوپشتی کۆمەڵایەتیی و بەرەوپێشبردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بێت، ئیدی ناتوانێت لەتەك ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە و هەبوونی سەرۆك و وابەستەیی بە پارتییەکان و دەوڵەت بگونجێت و لە بەرانبەر ئەوانە کۆبوونەوەی گشتی و ڕێکخستنی ئاسۆیی و دەستەی سەرپەرشتیکردن و یەکسانی گشت ئەندامان لە ئەرك و بەرپرسیاریی و سەربەخۆیی لە هەر پارتیی و دەسەڵاتێك دەکاتە پێشمەرجی جەماوەرییبوون و سەربەخۆییبوونی خۆی؛ بە واتایەکی دیکە پێویستە ڕێکخستن و چالاکیکردن و میکانیزمەکانی تەواو دژ و پێچەوانەی ئەو گروپانە بن، کە لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجی دەستەبژێرێك، پارتییەك یان فەرمانداریی و دەوڵەت و کۆمپانی و ئایین و ئایدیۆلۆجییەك پێکھێنراون.

میکانیزمەکانی سەربەخۆیی گروپی خۆجێی

وەك پێشتر ئاماژەمدا، میکانیزمەکانی گروپی خۆجێی سەربەخۆ تەواو پێچەوانە و دژی میکانیزمە باوەکانی ڕێکخستنە نێوەندگەرا و قووچکەییە پاشکۆکانی پارتییەکان و سەندیکا زەردەکانی سەر بە دەسەڵات دەبن لەوانە:

– کۆبوونەوە گشتییەکان

کۆبوونەوە گشتییەکان یەکەمین ھەنگاوی دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ و مەیدانی بڕیاردان و دیاریکردنی کەسانی خۆبەخشن بۆ ئەنجامدان و فێرگەی گێڕانەوە و پەروەردەکردنی گیانی بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە یەکێتی و هاوپشتی کۆمەڵاتین؛ کۆبوونەوە گشتییەکان ھەم سەکۆی مشتومڕکردنی گشت ئەندامان/دانیشتووانن لەبارەی پرسە پەیوەستەکان بە ژییان و کاریی خۆیان، ھەم مەیدانی ھەڵخڕاندنی جەماوەرین و ھەم سەنگەری تێکۆشانن و ھەم فێرگەی ھوشیاربوونەوە و ئەزموونگیریی و یەکگرتن و ھاوپشتیی جەماوەرن، ھەم شوێنی بڕیاردانن و ھەم شوێنی ھەڵبژاردنی نوێنەران و زۆر شتی پۆزەتیڤی دیکە.

– ڕێکخستنی ئاسۆیی

ڕێکخستنی ئاسۆیی ڕێگە لە سەرهەڵدان و کۆپیکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە دەگرێت، کە هەردەم ئەو دووانە [ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە] ئافەرێنەر و درێژەپێدەرەوەی پێکهاتەی چینایەتی سەر و خوارن، کە گروپ و ڕێکخراوەکان دەکەنە کۆمیتە و پاشکۆی پارتییەکان و بەشێك لە دەزگەکانی دەوڵەت؛ ڕێکخستنی ئاسۆیی واتە گشت ئەندامان ڕاستەوخۆ و پێکەوەیی یان زنجیرەیی یەکدەگرن و ھەمووان ڕابەری خۆیانن و کەس بەتەنیا ڕابەر و سەرکردەی ئەوانی دیکە نییە. ڕێکخستنی ئاسۆیی ڕەتکەرەوەی ھەموو پێکھاتە و ڕێکخراوەیەکی نێوەندیی و قووچکەییە و ھیچ بوارێك بۆ پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی کەسانی دەسەڵاتخواز و ناوبانگخواز و ھەڵپەکەر و ھەلپەرست ناھێڵێتەوە و لە بەرانبەر ئەوە گیانی خۆبەخشکاریی و ھەروەزیی و ھاریکاری و یەکسانی ئەرك و بەرپرسیاریی گەشەپێدەدات.

– سەرپەرشتی و ڕابەریی بەکۆمەڵ

سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵ و بەردەوام گۆڕاو لەنێوان کۆبوونەوە گشتییەکان، ڕێگریی لە بەرتەریدان بە کەسەکان و پلە و پایەبەخشین و دروستکردنی پەیوەندی شوانە و مێگەل دەگرێت و گیانی بەرپرسیاریی و بڕوابەخۆبوون و بەشدارییکردن لە بڕیاردان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان بۆ هەموو ئەندامان یان بەشدارانی کۆبوونەوە گشتییەکان دەگیڕێتەوە و ناهێڵێت گروپ و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان ببنە ئامرازی دروستکردنی ئۆرۆستۆکرایی و مەشەخۆریی و ناوبانگخوازیی کەسانی هەڵپەرست و هەر ئاوا متانە بەخۆ و بە دەوروبەر بۆ نێو پەیوەندییەکانی کۆمەڵ دەگێڕێتەوە.

شێوازی چالاکی گروپە خۆجییەکان

چالاکی ڕاستەوخۆ یەکێکی دیکەیە لەو ئامرازانەی کە لە میانجیگەرایی و سازشکاریی کەسانی هەڵپەرست ڕێگەدەگرێت و ئەوە مسۆگەردەکات، کە هەموو ئەندامانی گروپەکان لەنێو کۆبوونەوە گشتییەکان لەسەر جۆر و ئەنجامدانی چالاکییەکان بڕیاربدەن و هەر بەخۆشیان ئەنجامدانی لە ئەستۆبگرن؛ ئەوەش دەبێتە ڕێگر لە دروستبوون و سەرهەڵدانی بیرۆکراسیی و ئاریستۆکراسیی ڕێکخراوەیی .

شێوازی یەکێتی و یەکگرتنی گروپە خۆجییەکان

بۆ ئەوەی هەر ئاوا کە لەنێو خودی گروپە خۆجێییەکان کۆبوونەوەی گشتی و ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەرشتیکردنی/ڕابەرییکردنی بەکۆمەڵ دەبنە ڕێگر لە سەرهەڵدانی وابەستەیی و پاشکۆبوون و بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و هەلپەرستی، هەر ئاواش لە یەکگرتنی گروپە خۆجییەکان و چالاکی سەرتاسەیی گشت یان بەشێکی گروپەکان لە سەرهەڵدانەوە و زاڵبوونی وابەستەیی و پاشکۆبوون و بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و هەلپەرستیی کەس و گروپەکان ڕێگرییبکرێت، پێویستە شێوازی کۆبوونەوە و ڕێکخستن و بڕیاردان و جێبەجێکردن هەر بەو جۆرە بێت، کە لەنێو گروپە یەکگرتووەکان هەیە و پەیڕەودەکرێت؛ واتە یەکگرتنی نانێوەندیی و ناقووچکەیی، کە ئەوەش تەنیا بە یەکگرتنەوەی گروپە خۆجێیەکان لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی ناوچەیی  و هەرێمی و سەرتاسەریی مەیسەردەبێت.

بە کولتووربوونی بنەماکانی کۆمەڵی چینایەتی

هەژێن

١٢ی ئۆگوستی ٢٠١٦
کۆیلەتی

زۆرێك لە ئێمە ئاوا دەدوێن، کە ئێمە هەر وەك/ بە ئەندازەی کۆیلەکانی سەدەکانی نێوەڕاست کۆیلەن. من تەواو پێچەوانەی ئەوە دەبینم، هەڵبەتە نەك لەبەر ئەوەی بخوازم بڵێم “ئێمە کۆیلە نین”، نەخێر، بەدڵنیاییەوە ئێمە کۆیلەین، بەڵام کۆیلەی خۆخواست و خۆبەخش و سوپاسگوزاری بەردەم کۆشکی سەروەران، خوازیاری سەروەربوونی یاسای ئەوان، خوازیاری ئاوەدانمانەوەی دیواخانەکەی ئەوان؛ پارلەمان.

بەپێچەوانەوەی ئێمە، کۆیلەی سەدەکانی نێوەڕاست لەلایەن باندێك ڕاودەکرا و لە بازارەکان دەفرۆشرا و بە هەزار و یەك ئامرازی سەرکوتکردن و بەندکردن ڕادەگیرا و هەر کات بچووکترین هەلی بۆ هەڵبکەوتایە، دەستبەجێ بۆ هەڵهاتن هەوڵیدەدا، هەرچەندە سەرەنجامی هەڵهاتنەکەی لەدەستدانی گیانیشی بووایە. کەچی ئێمە ئەگەر بە شەقیش ڕاوبنرێین، هەر دەگەڕێینەوە بەردەم کۆشکی سەروەران و بۆ فڕێدانی پارچە نان و ئێسکێکی ڕووتاوە لەلایەن مشەخۆران، چاوەڕێدەمێنین.

ئایا ئێمە کۆیلەی ناچارکراوین یا خۆبەخش و خۆخواست؟

من بە پێچەوانەی پاگەندەی سۆزهەڵخڕێنەرانەی چەپ و دەسەڵاتخوازە بەناو “سۆشیالیستەکان” دەڵێم کۆیلەبوون بووە بە بەشێك یا کۆڵەکەیەکی سەرەکی کولتووریی سەردەمی ئێمە و کۆیلەتی وەك تەلسیمێك ئاوا لە هۆش و ئاوەزی ئێمە ئاڵاوە، کە ئێمەی کۆیلە زیاتر لە زیندان و سزای سێدارە لە ئازادی و ئازادبوون دەترسین؛ ئێمە دەتوانین دەنگدان بە سەروەربوونی ڕامیاران بایکۆتبکەین، ئێمە دەتوانین لەشوێنی کار لەجیاتی پێشبڕكێ بۆ ڕازیکردنی خاوەنکار، هاوپشتی هاوچینەکانمان بکەین، ئێمە دەتوانین لە کۆڵان و گەڕەکەکان هاوپشتی یەکدی بکەین و هەرەوەزی و گروپی خۆجێی هاریکاری و هەروەزیی کۆمەڵایەتیی پێکبهێنین، ئێمە دەتوانین لەجیاتی پێشبڕکێی کڕینی دوا مۆدێلی ئۆتۆمەبیل و داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خانووی سەرگەرمیی و بەکرێگرتنی ژنانی ئاوارە، پێکەوە زەمین بکرین و کێڵگەی هەرەوەزیی دروستبکەین، ئێمە دەتوانین لەجیاتی بەکرێگرتن و کڕینی چێژی سێکسی لە ژنانی ناچارکراو، گیرفان و هوشیاریمان لەتەك ئەوان بەشبکەین،  ئێمە دەتوانین لەجیاتی بەخزمەتکارگرتنی هاوچینەکانمان سەرپەنا و گوزەران و ئەرکەکانمان لەتەك ئەوان بەشبکەین، ئێمە دەتوانین زۆر شت بکەین، کە کۆیلەکانی سەدەکانی نێوەڕاست بواری ئەو شتەیان نەبوو و ئەگەر بیانتوانیایە، بەدڵنیاییەوە ئەنجامیاندەدا.

ڕاستە ئیمە کۆیلەی سەروەریی بۆرجوازین، بەڵام کۆیلەتیمان سەرەنجامی پرۆسێسێکی دریژخایەنی مێژووییە و لەسەر لوتکەی کۆیلەتی  بەوپەڕی شانازییەوە کۆیلەی خۆبەشین، کۆیلەی هۆش بەنگکراوین بە ئەفیونی “ناسیونالیزم” و “هاووڵاتیبوون” و “نیشتمان” و پارتییایەتی و هەروەها ئەفیونە کۆنەکە؛ واتە ئایین. لەبەرئەوە هاوتاکردنی کۆیلانی ئەم ڕۆژگارە لەتەك کۆیلانی سەردەمەکانی پێشتر، ستەمێکی زۆر و بێویژدانییەکی لەڕادەبەدەرە بەرانبەر ئەوان؛ ئەوان جەستەیان کۆت و زنجیرکرابوو، ئێمە هۆش و ئاوەزمان، سەراپای بوونمان و ژیانمان. پێچەوانەی ئێمە، ئەوان بە چەك و یاسا و بڕیارەکانی پەرەستگە زۆربەی ڕێگەکانی دەربازبوون لە ماڵ و کیڵگە و کۆشکی کۆیلەدار لە ئەوان گیرابوون، بەڵام ئێمە کۆیلانی ئەم سەردەمە زۆر ڕێگە و دەرفەت بۆ دەربازبوونمان هەن، کەچی بۆ جاریكیش لە خۆڕزگارکردن بیرناکەینەوە.

بەکورتی ئەوان بە جەستە کۆیلەکرابوون، بەڵام بە هۆش ئازاد بوون و تەنیا خەونی ئەو ڕۆژگارەی ئەوان ڕزگاربوون و شەیدایی بوو بۆ دونیای پشت دیوارەکانی زیندانیان و وێناکردنی گەییشتن بە دونیای دەرەوەی زیندان، هەر ئەوەش هیوابەخشی زیندوومانەوەی ئەوان بوو، نەك ژەمێك خۆراکی خۆش و هەبوونی پۆشاکێکی ڕازاوە و هەبوونی مافی لاساییکردنەوەی مشەخۆریی سەروەران. بەڵام ئێمە لەبیرکردنەوە و وێناکردنی دونیای دەرەوەی زیندانەکە دەترسین و خەریکی بەشداریکردنی کایەی یەکدی کۆیلەکردنین؛ بەڕێوەبەران و جەنەراڵان و پاسەوانان، کرێکاران و جوتیاران و فەرمانبەران و خوێندکاران و سەربازان کۆیلەڕادەگرن؛ پیاوان ژنان کۆیلەڕادگرن؛ ژنان و پیاوان منداڵان کۆیلەڕادەگرن و هەموومان لە منداڵێك تا بەڕێوەرێك کۆیلەی سەروەریی کۆمەڵێك ڕامیار و سەرمایەدارین و لەجیاتی هەوڵدان بۆ کۆتاییهینان بەو پووچگەراییە چینایەتییە، هەوڵی لاساییکردنەوەی سەروەران و گەییشتن بە پێگەی ڕامیاریی و ئابووریی ئەوان دەدەین و ڕزگاربوون لە ناسروشتیترین یاسا و شێوازی بەڕێوەبردن و ڕێکەوتنی کولتووریی بە ئەستەم دەزانین  و هەمیشەییبوون و نەگۆڕبوونی ئەو پووچگەراییە پاگەندەیدەکەین و تەنانەت گاڵتە بە خەونی کۆیلانی یاخیگەر دەکەین و خۆبەخشانە دەمی هاوچینە ئازادیخوازەکانمان دەگرین.

سەروەریی چینایەتی

ئەگەر سەرنجی پاگەندەی زۆرێك لە ناڕازییان بدەین، پرسەکە ئاوا بەرچاودەکەوێت، کە ئێمە وەك کۆیلەکانی سەدەکانی نێوەڕاست و جوتیارانی سەردەمی فیئۆدالیستی تەنیا بە زەبری لوولەی چەك ڕاگیراوین و ئەگەر پۆشاکی چەکدارەکان بگۆڕین، ئەگەر زمانی سەروەران بگۆڕین، ئەگەر ناوی پارتیی و فەرمانداریی و ئەندامی پارلەمانەکان و دەوڵەتەکان بگۆڕین، ئیدی لەو کۆیلەبوونە ڕزگاردەبین.
ئایا بەڕاستی ئێمە تەنیا بە زەبری لوولەی چەك ڕاگیراوین یا بە زەبری دەبەنگبوون بە “ناسیونالیزم” و “نیشتمانپەروەریی” و “ئایینداری” و “هاووڵاتیبوون” و “دێمۆکراسیبوونی پارلەمانتاریزم” ؟
بۆ ئەوەی باشتر و وردتر لە پرسەکە تێبگەین، با کۆمەڵێکی ئەوروپی بە نموونە وەربگرین. ئەگەر بۆ ماوەیەك دەوڵەت و فەرمانداریی لە کاربکەون، چی ڕوودەدات؟

دەزانم، کەسانێك کە بە پاگەندەکانی سەروەریی بەنگکراون، دەستبەجێ دەڵێن “بێسەرەوبەرەیی، خوێنڕشتن، لەنێوچوونی مرۆڤایەتی، جەنگی هەمووان دژی هەمووان و ….” . ئایا بە ڕاستی هەر ئاوایە، کە ئەوان دەرکیدەکەن و پاگەندەیدەکەن؟

وڵاتی بەلجیکا بەهۆی نەبوونی زۆرینەی دەنگ لەلایەن پارتییە هەڵبژێردراوەکان لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی سەرەنجامی دەنگدانەکان واتە ١٣ی جونی ٢٠١٠ بەدواوە ماوەی ٥٤١ ڕۆژ واتە نزیکەی ساڵ و نیوێك فەرمانداریی [حکومەتی] نەبوو و وەك هەر وڵاتێکی دیکەی دارای فەرمانداریی فەرمی، کار و بارەکانی کۆمەڵ بەڕێوەچوون و هیچ گرفتێك ڕووینەدا و کۆیلانی سوپاسگوزار وەك سەردەمی هەبوونی فەرمانداریی، ملکەچی سەروەران مانەوە و هیچ یەك لەو شتانەی کە ڕامیاران پاگەندەیاندەکەن  “بێسەرەوبەرەیی، خوێنڕشتن، لەنێوچوونی مرۆڤایەتی، جەنگی هەمووان دژی هەمووان و  …” ڕووینەدا .

ئەگەر بە وردی سەرنجی ئەو ڕووداوە بدەین، سێ ئەزموونی کۆمەککەر و ڕۆشنکەرەوە بەدەستدەهێنین:

یەکەم، پارتییەکان بۆ بەڕێوەبردن پێویست نین و تەنیا بارگرانین بەسەر کۆمەڵ و بێجگە لە مشەخۆریی ڕامیاران هیچ گرنگییان نییە.

دووەم، کۆمەڵ بەبێ فەرمانداریی [حکومەت] بەڕێوەدەچێت و ئەو پاگەندە ترسێنەرانەی ڕامیاران؛ کە “بشێوی و بێسەرەوبەریی ڕوودەدات”، هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.

سێیەم، سەروەریی چینایەتی لە زۆرداریی و زۆرەملێی چینێکەوە گۆڕادراوە بە کولتووری کۆمەڵ و ئەگەر فەرمانداریی و دەوڵەتیش نەبن، کۆمەڵی چینایەتی هەر دەمێنێت، لەوانەیە باندە مافییاییەکان جێگەی پارتییەکان و دەسەڵاتداران بگرنەوە، بەڵام کۆمەڵ وەك خواستێکی کولتووریی بە سەروەریی و ملهوڕیی چینایەتی ملدەدات و ملیداوە و ڕاهاتووە.

مەبەست لە کۆتایی خاڵی سیێەم، ئەوە نییە، کە تێداچوونی کۆمەڵی چینایەتی و سەروەریی چینایەتی ئەستەمە و نابێت، نەخێر، مەبەست ئەوەیە، تەنیا بە گۆڕانی هەر ڕۆژەی شۆڕشگێرانەی تاك و کۆمەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازەکانی بەرهەمهێنان و بەکاربردن و بەڕێوەبردن، ئەگەری گۆڕانی کۆمەڵی چینایەتی و سەروەریی چینایەتی هەیە. هەروەها لەنێوچوونی دەوڵەت و سەروەریی چینایەتی بەبێ گۆڕان و ئامادەبوون و پەروەردەبوونی تاکی کولتوور ناچینایەتی، ئەستەمە بتوانرێت سەروەریی چینایەتی لەنێوببرێت. لەبەرئەوە هەڵەیەکی کوشندەیە، هەر ئاوا کە ئەزموونەکانی تاکو ئێستا نیشانیانداوە، گۆڕینی ئەم پارتیی بەو پارتیی، ئەم ئەندام پارلەمان بەو ئەندام پارلەمان، ئەم فەرمانداریی بەو فەرمانداریی، ئەم دەوڵەت بەو دەوڵەت، ئەم دیکتاتۆریی بەو دیکتاتۆریی، ئەم ئایین بەو ئایین، هیچ لە بنەماکانی سیستەم و کۆمەڵی چینایەتی ناگۆرێت، بەڵکو تەمەنی درێژتردەکاتەوە و چەوساوان زیاتر خۆشباوەڕ و نائومێددەکات و هاتنەدی کۆمەڵی ناچینایەتی دەکاتە ئامانج و خەونێکی فرە دوور یا ئەستەم.

هەڵبەتە ئەوەش بڵێم و ڕۆشنبکەمەوە، کە مەبەست لە گۆڕانی شۆڕشگێڕانە ئەو تێگەییشتن و دیتنە باوەی سەدەی بیست و ئێستا یا پێشتریش نییە، کە گۆڕانی کۆمەڵ لە لوولەی چەك و گۆڕینی سەرەوخواری دەسەڵات و پاشگرکردنی سۆشیالیزم و کرێکار و پرۆلیتاریا بۆ دیکتاتۆریی و دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییەکان دەبینیێت و پاوانکاریی و دیکتاتۆریی بۆلشەڤیکەکان بە بەرەنجامی ڕاپەڕینی جوتیاران و کرێکاران و دەریاوانان و سەربازانی ڕوسیە دەزانێت. نەخێر، مەبەستی من لە گۆڕانی شۆڕشگێرانە ئەو گۆڕانە ڕیشەییەیە کە لەنێو ئاخاوتن و هەڵسوکەوت و بیرکردنەوە و کار و چالاکی و بەگشتی لە ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی ڕێکخستنی کۆمەڵ ڕوودەدات و دەبێتە کولتوور و گزنگی کۆمەڵی نوێ؛ کۆمەڵی ناچینایەتی.

بەکورتی، کۆیلەتی و سەروەری دوو ئاوەڵدووانەی کۆمەڵی چینایەتین و ئێمە لە سەردەمی بە لوتکەگەییشتن و بە کولتووربوونی کۆیلەتی و سەروەریی دەژین و ژیانی چینایەتی بووە بە بەشێك لە ئاوەزی [مێتالێتی] خەڵك، وەك پۆشاك؛ هەر ئاوا ئەگەر مرۆڤی ئەم سەردەمە لە  کەشێکی سارد پۆشاکەکانی دابکەنیت، هەست بە ڕەقبوونەوە و مردن دەکات و ناتوانێت ئەگەری مانەوە و بەردەوام-ژییانی وێنابکات و ئەوە وێنابکات، کە ڕۆژگارێك مرۆڤ بەبێ پۆشاك لە کەشی ساردتر لەوەش ژییاوە و زیندووماتەوە، هەر ئاواش هۆشی کۆیلانی ئەم سەردەمە سڕدراوەتەوە و ناتوانن ئەگەری ژیان بەبێ دەوڵەت و فەرمانداریی و شوانەیی رامیاران و سەروەریی سەرمایەداران وێنابکەن و ناتوانن دوێنێ و ئەم ڕۆژی خۆیان و پێشنیانیان بەراودبکەن و ناتوانانن پرۆسێسی جیهانگیری دەوڵەت و سیستەمی چینایەتی و هەمەکارەبوونی سەروەران و هیچکارەبوونی خۆیان ببینین. ئێمە لەسەردەمی هەمەکارە-بوونی دەستکردەکانی مرۆڤ و هیچ-بوونی خودی مرۆڤ دەژین؛ سەردەمی سەروەریی ئایین، یەزدان، ئایدیلۆجیا، ڕامیاریی، پارتیی، سەرۆك و ڕابەر، ڕامیار، فەرمانداریی و دەوڵەت و هیچ-بوونی ئەوانەی کە بەبێ ئەوان سووڕان و مانەوەی ژیان ئەستەمە؛ جوتیاران، کرێکاران، فەرمانبەران و بەگشتی ژێردەستانی کۆمەڵی چینایەتی. ئێمە لەنێو ڕۆژگارێك دەژین، کە ئەلبێرت ئەنیشتاین لە هاتنی دەترسا “من لە هاتنی ڕۆژگارێك دەترسم، کە تێکنۆلۆجی واوەتر لە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانی ئێمە بڕوات. جیهان تەنیا یەك نەوە لە دەبەنگەکانی تێدا دەبن” . *

————————————-

*  ” I fear the day that technology will surpass our human interaction. The world will have a generation of idiots

قه‌یرانی ئابوریی ، یاخود ئابوریی ڕێڕه‌وه‌ سروشتییه‌که‌ی خۆی له‌ ده‌ستداوه‌؟

زاهیر باهیر

٢١/٠٦/٢٠١٦

پێشه‌کی ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم لای من نه‌ قه‌یران قه‌یرانی ئابورییه‌ و نه‌ قه‌یرانی سه‌رمایه‌دارییه‌، به‌ڵکو قه‌یرانی ئێمه‌یه‌ . من له‌سه‌ر ئه‌مه‌ وتارێکی دوورو و درێژم به‌ کوردی و به‌ ئینگلیزی نوسیوه‌و وا له‌ دامێنی ئه‌م پۆسته‌وه‌ هه‌ردو لینکه‌که‌ داده‌نێم ، نه‌با که‌سێك تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی هه‌بێت‌.

لێره‌دا من ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بلێم ، که‌ ئابوری له‌ دوای له‌نێوچونی  کۆمه‌ڵی سه‌ره‌تایی بێ چینایه‌تی ، هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ ڕێڕه‌وی سروشتیی ئابوریی  و ئامانجی ئابوریی هه‌ر له‌‌ سامانه‌ سروشتیییه‌کانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ به‌رهه‌می دروستکراو که‌ خۆڕسکیانه‌ و بۆ پێداویستی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و به‌رده‌وامبوونی ژیان، به‌کارهێنراوه‌ ، شێوێنراوه‌ و ئیدی ئه‌و قه‌یرانه‌ی که‌ ئێمه‌ ئێستا به‌ ده‌هۆڵی میدیای کاپیتاڵیزم، ‘ گوایه‌ جیهان له‌ قه‌یرانی ئابووریدایه‌’. به‌خه‌به‌ر هاتوین ، ئه‌م قه‌یرانه‌  هه‌ر هه‌بووه‌.

چۆن؟ به‌ڕای من که‌ گرفت دروستده‌بێت ، کێشه‌ ڕووده‌دات، قه‌یران سه‌رهه‌ڵده‌دات ، که‌ له‌ کاتێکدا پێشتر هیچیان نه‌بووه‌ ، ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت ، که‌  ئه‌و  شته‌ ، ئه‌و پرسه‌ له‌ ڕێڕه‌وی ڕاستی خۆی، لای داوه‌ ، وه‌کو  خه‌ڵکی له‌سه‌رده‌می  کۆندا بۆ هه‌ندێك گرفت ده‌یانوت ، له‌ گرێژه‌نه‌ چووه‌.‌  بۆیه‌ كێشه‌ی تیادا دروستبووه، ئه‌مه‌ش کێشه‌کانی سه‌راپای ژیان ، ده‌گرێته‌وه‌.

له‌ کۆمه‌ڵی سه‌ره‌تاییدا ،  سامانه‌ سروشتییه‌کان و سه‌رچاوه‌کانی دیکه‌ی ژیان ( ئابوریی) ، وه‌کو له‌سه‌ره‌وه‌ وتم  بۆ ده‌فعکردنی پێویستی ڕۆژانه‌ بووه‌ ، هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌مه‌ش ، له‌وێدا کێشه‌یه‌ك دروستنه‌بووه‌ .  به‌ڵام کاتێك که‌ کۆمه‌ڵی سه‌ره‌تایی له‌ به‌ین چووه‌ و کۆمه‌ڵی چینایه‌تی دروستبووه‌ و  به‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی سامانه‌ سروشتییه‌کان و سه‌رچاوه‌کانی دیکه‌ی ئابوریی، کۆمه‌ڵێكی چینایه‌تی،  هیراشی/قوچکه‌ویی هاتۆته‌کایه‌وه.  کۆمه‌ڵێك هه‌ر به‌ حوکمی هه‌بوونی سامانی زیاتر  سه‌ره‌نجامی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ که‌ باسمکردن ، جیاوازی دروستکردووه‌‌ ، خێڵی باڵاده‌ست و خێڵی بنده‌ست ، په‌یدا بووه‌ .   ده‌وڵه‌مه‌ندی  و  زه‌نگینی ، ده‌ستڕۆیشتوو له‌ بواره‌کانی ژیاندا ، سه‌رییهه‌ڵداوه‌ ،‌ هه‌مووش به‌هۆی له‌ده‌ستدابوونی ‌ که‌ره‌سه‌کانی ،به‌شێك له‌ سامانه‌ سروشتییه‌کان یاخود سه‌رچاوه‌ ئابورییه‌کان، بووه‌  و بۆ به‌رژه‌وندی خۆیان نه‌ك په‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵ و پێداویستی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ ، به‌کارهێنراوه‌ .

واته‌ لێره‌دا ، سامانه‌ سروشتییه‌کان و سه‌رچاوه‌کانی دیکه‌ی ئابوریی ئه‌رکه‌ گرنگه‌ مێژووییه‌که‌یان له‌ ده‌ستداوه‌ ، له‌ بری ئه‌وه‌ی ڕزگارکه‌ری تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له‌ مردن و برسێتی بێت، ده‌قاو ده‌ق بووه‌ به‌ ئامرازێك ، هۆکارێك بۆ خولقاندنی برسێتی و دواتریش مردن ، بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ژیان ده‌فع بکات ، هات ته‌ماح و  هه‌ستی پاوانه‌کردن، هه‌یمه‌نه‌کردنی که‌مینه‌یه‌کی ، ده‌فعکردووه‌ .

ئێستاش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌ ” گرێژه‌چوونه‌ی” ئابوری نه‌مێنێت ، بۆ ئه‌وه‌ی برسێتی و هه‌یمه‌نه‌ ، له‌ناو ببرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵی چینایه‌تی و هیراشییه‌ت له‌به‌ینبچێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو که‌س وه‌کو یه‌ك بژێت و سه‌روه‌ت و سامانی وڵاتیش موڵکی که‌س نه‌بێت و له‌ لایه‌ن که‌سه‌وه‌ پاوانه‌ نه‌کرێت، به‌ڵکو ببێته‌وه‌ به‌ موڵکی گشتی،  هاوکاتیش ئه‌رك و ئامانجه‌ مێژوییه‌که‌ی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ ، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ده‌بێت ئه‌و سامانه‌ سروشتیانه‌ و ئه‌و سه‌چاوه‌ ئابورییانه‌ ، که‌ ئێستا به‌دیل گیراون له‌ لایه‌ن که‌ مینه‌یه‌که‌وه‌ ، ده‌بێت ئازاد  بکرێن..   ئازادکردنی ئه‌وه‌ش ئازادکردنی مرۆڤ و کۆمه‌ڵی دیله‌ و  گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌های ته‌واوی خودی مرۆڤ خۆیه‌تی له‌گه‌ڵ به‌های کۆمه‌ڵایه‌تیبوونیدا.  ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ ڕێگای بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستییه‌وه‌ بۆ دابینکردنی کۆمه‌ڵێکی ئه‌نارکیستی/سۆشیالیستی ده‌کرێت.

> https://libcom.org/library/current-economic-crisis-capitalism-crisis-or-ours

به‌شی یه‌که‌م:

http://www.rewend.info/ku/articles/1149-qairani-sarmayadari-yan-hi-ema.html

به‌شی دووهه‌م

http://www.rewend.info/ku/articles/1151-qairani-sarmayadari-yan-hi-ema-2.html

دیمۆکراتیکی فیدراڵیزم به‌ ئه‌نارکیزم و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌ناکیستییه‌وه‌ به‌ توندی ، گرێدراوه‌:

زاهیر باهیر

19/06/2016

 

دیمۆکراتیکی فیدراڵیزم به‌  ئه‌نارکیزم و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌ناکیستییه‌وه‌ به‌ توندی ، گرێدراوه‌:

له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مکه‌ی سه‌ره‌وه‌ یه‌کجار زۆر نوسراوه‌.   باکۆنین و کرۆتیکین که‌ دوو بیریاری ئه‌نارکیستی بوون، نزیکه‌ی 150 ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر زۆریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ‌ نوسیوه.   بوکچینیش گه‌لێك ڕونتر له‌سه‌ری نوسیوه‌ و هه‌وڵێشی له‌ سه‌رده‌می ژیانی خۆشیا داوه‌ و خه‌باتێكی زۆری کردووه‌  تاکو بیخاته‌ پراکتیکه‌وه‌ ،  په‌یوه‌ستیشی کردۆته‌وه‌ به‌ زۆر پرسی دیکه‌وه‌ وه‌کو ژینگه‌و  ئیکۆلۆجی.  ئه‌و زیاتر چه‌مکی “شاره‌وانییه‌ ئازاده‌کان” بۆ به‌کارهێناوه‌ که‌له‌ ئه‌نجامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌کاندا که‌ به‌ به‌ په‌یڕه‌وکردنی دیمۆکراسی ڕاسته‌وخۆ به‌دی بهێنرێت.

دواتریش عه‌‌بدوڵا ئۆجه‌لان که‌ ده‌ستبه‌رداری فکری مارکسی بوو و باوه‌ڕی به‌  ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ نه‌ما و دوای بیرکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر و  هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌  ئه‌زمونی خۆی  و حیزبه‌که‌یی و شوره‌وی و ناوچه‌که‌ و جیهان ، خۆی به‌ فکر و په‌رتوکه‌کانی بوکچین ، ئاشناکرد و بۆ یه‌که‌م جار چه‌مکی ” دیمۆکراتی ئۆتۆنۆمی ” له‌ ساڵی 2005 دا به‌کارهێنا .  دواتر به‌ خوێندنه‌وه‌ی زیاتر و بیرکردنه‌وه‌ی به‌هێزی ، ئه‌و چه‌مکه‌ی سه‌ره‌وه‌ی بیناکرد و  ، هه‌‌ر ئه‌و چه‌مکه‌ش له‌باکوری کوردستان و ڕۆژاودا که‌وته‌ پراکتیکه‌وه‌ ‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و تایتڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ یه‌کێك ده‌بێت له‌ وتاره‌کانی ئاینده‌م که‌ ده‌مه‌وێت له‌سه‌ری بنوسم ، به‌ڵام لێره‌دا هه‌ر ده‌مه‌وێت زۆر به‌ کورتی سه‌رنجی خۆمان به‌ هێنانه‌وه‌ی هه‌ندێك به‌ڵگه‌ و  بیرکردنه‌وه‌  بۆ ئه‌وه‌ ڕاکێشم که‌ بیناکردنی “دیمۆکراتیکی کۆنفیدراڵیزم” ، گه‌ر  به‌ هزری ئه‌نارکیزم نه‌بێت و به‌وه‌وه‌ نه‌به‌سترێته‌وه‌ مه‌حاڵه‌ دروستکردنی.

چۆن؟ به‌ کورتی : ئه‌و چه‌مکه‌ له‌سه‌ر ئازادی و یه‌کسانی  ته‌واو ی هه‌مو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌ جیا له‌ له‌ هه‌موو پێناسه‌و سروشتێکیان.، له‌سه‌ر ئابوری هه‌ره‌وه‌زی ( کۆئۆپه‌ره‌تیڤ)، ژینگه‌و ئیکۆلۆجی ، کۆمه‌ڵی بێ ده‌وڵه‌تی و  ناهیراشی/ ناقوچکه‌یی ( ئاسۆیی) ،  دروستده‌کرێت  به‌ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل و ئه‌نجومه‌نه‌کانیان که‌ له‌ کۆبونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ و به‌ به‌کارهێنانی دیمۆکراسی ڕاسته‌وخۆ ، هه‌روه‌ها به‌شداری کردنی سه‌رجه‌می ئافره‌تان  به‌ ته‌واوی له‌ هه‌موو کون و که‌له‌به‌رێکی ژیانی کۆمه‌ڵدا موشاره‌که‌ی فیعلی بکه‌ن … ئه‌مانه‌ و گه‌لێکی دیکه‌ پایه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی دیمۆکراتیکی کۆنفیدراڵیزمه‌.

پرسیاره‌کان‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌مه‌ له‌ ڕێگای حیزب و حکومه‌ته‌وه‌، هه‌ر جۆرحکومه‌تێک بێت دێته‌ کایه‌وه‌ ؟ ئایا له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌ت و ئابوری لیبراڵه‌وه‌ ده‌توانرێت ئه‌وه‌ بکرێت؟  ئایا ئه‌وه‌ ده‌توانرێت به‌ به‌کارهێنانی  سیسته‌می دیمۆکراسی په‌ڕله‌مانتاری بهێنرێته‌ دی؟  ئایا هه‌ر‌ لێره‌دا نییه‌ که‌ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ ته‌واوی ئازادییه‌کانی خۆیان و  به‌ها و ده‌ستپێشکه‌رییه‌کانی خۆیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟  ئایا له‌ ژێر سایه‌ی حیزب و ده‌وڵه‌تدا ، ئافره‌تان ده‌توانن توانای بێ سنوری خۆیان و به‌های هه‌میشه‌یی خۆیان ببینن؟ ئایا له‌ سای حیزب و حکومه‌ت و ئابوری لیبراڵدا ده‌توانرێت خه‌ڵکی بڕیاره‌کانی خۆی به‌ خۆی بدات و  بیانخاته‌ گه‌ڕه‌وه‌ ؟  هه‌ڵبه‌ته‌ گه‌لێك پرسیاری دیکه‌ هه‌ن‌ .

ئه‌نارکیزم نه‌‌ك هه‌ر ده‌توانی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بداته‌وه‌ به‌ڵکو خۆی دابینکه‌ری سه‌رجه‌می هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌یه‌ و بنیاتنه‌ری دیمۆکراتییکی کۆنفیدراڵیزمه‌.‌  ‌

له‌ پلانی گرتنه‌وه‌ی موسڵ-دا یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و گه‌ریلاکانی باکوور، ده‌بێت زۆر به‌ ئاگابن

له‌ پلانی گرتنه‌وه‌ی موسڵ-دا یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و گه‌ریلاکانی باکوور، ده‌بێت  زۆر به‌ ئاگابن

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن

01/08/2016

پیلان و پلانه‌کانی تورکیا و قه‌ته‌ر و  حکومه‌تی هه‌رێم، دژی ڕۆژاو و کانتۆنه‌کانی ، به‌رده‌وامه‌.  ئاشکراکردنی  دۆکۆمێنته‌ نهێنییه‌کانی نێوانیان و کۆبونه‌وه‌ و  دیداره‌کانیان، له‌ لایه‌ن ویکیلیکسه‌وه‌،  له‌ پلانکردن و پیلانگێڕاندا، ئیدی گومانی نه‌هێڵایه‌وه‌ که‌ ئه‌و 3 لایه‌نه‌ ‌ به‌رده‌وامن له‌ کنه‌ کردن له‌  دژی‌ کوردانی ڕۆژاوا و باکوور و بزوتنه‌وه‌که‌یان.

هه‌ر وه‌کو چۆن داگیرکردنی موسڵ ، به‌ قازانجی تورکیا و قه‌ته‌ر و حکومه‌تی هه‌رێم له‌ سه‌رو هه‌مووشییه‌وه‌ ‌ بارزانی و ده‌ستوپێوه‌نده‌که‌ی گه‌ڕایه‌وه‌ ، گومانی تیادا نییه‌ که‌ ڕزگارکردنیشی ، گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی سه‌ره‌وه‌، به‌ ئاگا نه‌بن ،هه‌ر هه‌مان سه‌ره‌نجام به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات.

ئه‌و 3 لایه‌نه‌ له‌ سه‌راپای سیاسه‌ته‌کانیاندا بۆ ڕوخاندنی کانتۆنه‌کانی ڕۆژاوا و هه‌ره‌سهێنان به‌ بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ی ئه‌وێ ، هه‌ر له‌ داگیرکردنی موسڵ و هێڕشکردنه‌ سه‌ر کۆبانی ، کردنی کاری تیرۆریستیانه‌ و تێشکان له‌ پلانی زۆنی دژه‌فڕین له‌ ڕۆژاوا و پلانی هاوکاری نێوان تورکیا و سعودییه‌ بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی ڕۆژاو و لیدان له‌ هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ به‌ناوی شه‌ڕی دژه‌ تیرۆر ،  تێشکان .   پلانی هه‌نوکه‌ ‌ ” گرتنه‌وه‌ی موسڵه‌”، که‌ له‌م پلانه‌دا پیلانێکی دیکه‌ی کوشنده‌ خۆی مه‌ڵاسداوه‌ ، که‌ ئه‌ویش گێڕانی  پیلانی جه‌نگێکی خوێناوییه‌ .  جه‌نگێك گه‌ر یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و گه‌ریلاکان زۆر به‌ وردی به‌ ئاگا نه‌بن و تاکتیکی خۆیان نه‌گۆڕن ، تێوه‌ی ده‌گلێن و  گریمانی  له‌ده‌ستدانی هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی ‌‌ رۆژاوای،  تیادا ده‌کرێت .

‌ چۆنێتی پلانه‌که‌:‌

هاتنی پاری سوپای تورکیا بۆ عێراق و نیشته‌جێبوونیان  له‌ نزیك  موسڵه‌وه‌،  هۆکاری زۆری هه‌یه‌ ، یه‌کێك  له‌وانه‌: فشار خستنه‌ سه‌رعێراقه‌ له‌ ناکۆکی دێرینه‌یدا له‌سه‌ر ویلایه‌تی موسڵ.  هۆکاره‌کانی دیکه‌: دوای تێشکانی تورکیا و داعش له‌ کۆبانی، تورکیا به‌ پێویستی زانی که‌ به‌رگری و پارێزگاری له‌ هێزه‌کانی داعش بکات تاکو گه‌ر له‌ موسڵ شپرزه‌کران  به‌ سه‌لامه‌تی بگه‌نه‌وه‌ ڕه‌قه‌ و شوێنه‌کانی خۆیان، بۆ پاراستنی شاحینه‌کانی بردنی نه‌وتی ‌ هه‌رزانی کوردستان‌ بۆ تورکیا و داعش ، بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و گه‌ریلاکانی که‌ له‌وێ وه‌کو هێزێکی کاریگه‌ر بنه‌ی خۆیان هه‌ڵدابوو، بۆ یارمه‌تی و پشتگیری پێشمه‌رگه‌کانی پارتی له‌کاتی شه‌ڕ له‌ نێوانی ئه‌وان و هێزه‌کانی ڕۆژاوا و باکور و هێزی خودی ئیزیدییه‌کانیش.  هۆیه‌کی دیکه‌ی گرنگتریش هه‌یه‌ که‌ ئه‌ویش  له‌ هێڕشی گرتنه‌وه‌ی موسڵدا بتوانرێت ئاکامی جه‌نگه‌که‌ به‌ گوێره‌ی نه‌خشه‌ و پلانه‌کانی ئه‌مان ، بڕوات‌ ، که‌ ئه‌ویش ڕێگه‌ خۆشکردنه‌ و هاوکاری داعشه‌ له‌ کاتی تێشکانیاندا به‌ کشانه‌وه‌یان‌ به‌ره‌و جه‌زیره‌ نه‌ شوێنێکی دیکه.

به‌ بۆچونی من ئه‌مه‌ پلانێکه‌ و هه‌ر له‌ مێژه‌ داڕێژراوه‌ که‌ له‌ هێڕشی گرتنه‌وه‌ی موسڵدا هێزه‌کانی داعش هیج په‌نایه‌کی دیکه‌یان نییه‌ جگه‌ له‌ پاشه‌کشه‌کردنیان ، پاشه‌کشه‌کردنیشیان هه‌ر ده‌بێت له‌ سنوری ‘ ڕبیعه‌’ وه‌ بێت که‌ ئێستا زۆربه‌ی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ژێر کۆنترۆڵی هێزه‌کانی پارتیدایه‌ .  له‌م حاڵه‌ته‌شدا ده‌رگه‌ کردنه‌وه‌ بۆیان و کردنیان‌ به‌ کانتۆنی جه‌زیره‌دا و هه‌ڵگیرسانی ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌وێ، تاکو پلانه‌ نه‌خشه‌کێشراوه‌که‌ ، سه‌ربگرێت.  ئه‌وه‌شی که‌ کارئاسایی بۆ ئه‌و پلانه‌ ده‌کات هه‌بوونی هێزی سه‌ره‌کی’ ئه‌نه‌که‌سه’ یه‌‌ ، که‌ سه‌ر به‌ پارتین و خاوه‌نی هێزی چه‌کداری شاراوه‌ی خۆیانن گه‌ر له‌ شانی داعشه‌وه‌ شه‌ڕ دژی هێزه‌کانی ڕۆژاوا و هاووڵاتیانی جه‌زیره‌ش ، نه‌که‌ن، ‌ به‌ دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌‌ له‌ هه‌موو بواره‌کاندا ، هه‌موو هاریکارییه‌کیان، پێده‌که‌ن.

هێزه‌کانی ڕۆژاوا و گه‌ریله‌کانی په‌که‌که‌ له‌ باشووردا، له‌ گرتنه‌وه‌ی موسڵدا ‌ ده‌بێت کار بۆ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و تاکتیکه‌ی تورکیا و بارزانی‌ ، بکه‌ن.  باشتر وایه‌ که‌ ئه‌وان  ته‌نها به‌شدارییه‌کی ره‌مزی بکه‌ن. تاکتیکی سه‌ره‌کی ئه‌وان ده‌بێت کۆکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانیان، له‌ پشته‌وه‌ی هێڵی شه‌ڕ بێت و به‌رگرتن  بێت له‌ هێزه‌کانی داعش له‌ کشانه‌وه‌یاندا له‌ موسڵ تاکو به‌ره‌و  ڕه‌بیعه‌ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ  جه‌زیره، هه‌ڵنه‌یه‌ن‌ . لێره‌دا گرنگه‌ که‌ ڕێگا نه‌درێت که‌ داعش به‌ره‌و جه‌زیره ملبنێت ، به‌ڵکو ده‌بێت ئه‌وه‌نده‌ی بکرێت ته‌فروتونا بکرێن ، ئه‌وه‌شی که‌ مایه‌وه‌ به‌ دیوی ‌ ناوچه‌کانی عێراق و باشووردا، بشکێنرێنه‌وه‌، تاکو شه‌ڕه‌که‌ی ‌ ئاینده‌ش‌ بکه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وان، هه‌ردوولایان. خولقاندنی ئه‌و کاره‌ساته‌ی که‌‌  کوردستان و  عێراق، پیایدا تێده‌په‌ڕن ‌ و قرانکردنی ئێزیدییه‌کان،  حکومه‌تی عێراقی و حکومه‌تی  هه‌رێم،  به‌تایبه‌تی بارزانی، لێی به‌رپرسن ‌، که‌واته‌  چۆنیان خولقاندووه‌ با  ئاواش چاکیکه‌ن

 من به‌ گرنگی ده‌زانم ‌  هێزه‌کانی ڕۆژاوا له‌ کانتۆنی جه‌زیره تووشی ئه‌و شه‌ڕه‌ی داعش ‌ نه‌بن تاکو بتوانن پارێزگاری له‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی ڕۆژاوا بکه‌ن ئه‌ویش به‌ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و تاکتیکه‌یه‌ که‌ له‌ مێژه‌ دژیان دانراوه.      ‌ ‌

ڕۆڵ و کاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان له‌سه‌ر‌ ناوچه‌که

ڕۆڵ و کاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان له‌سه‌ر‌ ناوچه‌که

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن

05 /07/2016

به‌شی دووهه‌م و کۆتایی:

سیاسه‌تی ئه‌ردوگان و میتله‌ به‌رامبه‌ر سوریا و ڕۆژاودا:

له‌م به‌شه‌دا من ده‌مه‌وێت ته‌نها سه‌رکه‌تن و نوشستی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردۆگان باس بکه‌م.

نشوستییه‌کانی ئه‌ردۆگان له‌ ڕۆژاوا و سوریادا: خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆکه ‌سه‌ربازییه‌که‌ی ڕوسیا،‌کوشتنی فڕۆکه‌ونه‌کان، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ تورکیا نه‌یتوانی به‌ فڕۆکه‌ به‌شداری شه‌ڕ دژی هێزه‌کانی ئه‌سه‌د و هێزه‌کانی ڕۆژاوا بکات ، دیسانه‌وه‌ له‌ ڕوی ئابووریی و په‌یوه‌ندی دیبلۆماسیانه‌ی نێواننیشیان، تورکیا خه‌ساره‌یه‌کی گه‌وره‌ی کرد ، هه‌ر به‌ ته‌نها له‌ که‌رته‌کانی گه‌شتوگوزاردا 4 ملیۆن گه‌شتکه‌ری ڕوسی، له‌ ده‌ستدا. نوشستێکی دیکه‌ نه‌یتوانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ دانانی زۆنی دژه‌ فڕین له‌ ڕۆژاوادا که‌ ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌و لێره‌دا ته‌نها لێدان بوو له‌ هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و په‌یه‌ده‌، ڕازی بکات. دیسانه‌وه‌ پلانه‌که‌ی له‌ته‌ك حکومه‌تی سعودییه‌ بۆ هێنانی هێزه‌کانیان بۆناو سوریا بۆ یارمه‌تیدانی گروپه‌ تیرۆریسته‌کان له‌ جه‌نگیاندا دژی ئه‌سه‌د و هه‌م دژی هێزه‌کانی ڕۆژاواش، نشوستێکی دیکه‌ بوو.‌ ئه‌مه‌ریکا له‌به‌ر ئه‌م سیاسه‌تانه‌ تا ڕاده‌یه‌ك فشاری خستۆته‌ سه‌ری و په‌یوه‌ندی هه‌نووکه‌ییان ،به‌ره‌وپێشه‌و ناڕوات.

سیاسه‌ته‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانی: له‌ ڕوی ئابورییه‌وه‌ داعش نه‌وتێکی زۆری بۆ دابینکرد ، کارکردن به‌ منداڵان و مێردمنداڵانی په‌نابه‌رانی سوری له‌ به‌رژه‌وندی خاوه‌نکاره‌کاندا، هه‌روه‌ها ڕێککه‌وتنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ میسر و خؤشکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. دروسکتردنی هێزێکی دژ به‌ ئه‌سه‌د له‌ژێرناوی تورکمانه‌کانتاکو به‌ ڕاسته‌وخو به‌کاریان بهێنێت و بیانکاته‌ ده‌مڕاستی تورکمانه‌کانی ڕؤژاوا و سوریا، هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی هه‌ندێك له‌ پارته‌کانی نێو ئه‌نه‌که‌سه‌ و چه‌کداره‌کانیان دژ به‌ یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و ناو به‌ناو ئه‌نجامدانی کاری تیرۆریستانه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ کانتۆنی جه‌زیره‌. له‌هه‌ره ‌سیاسه‌ته‌ سه‌رکه‌تووه‌کانی ئه‌ردوگان، ‌ به‌هێزکردنی هێزه‌ تیرۆریسته‌کانه‌ به‌تایبه‌ت داعش ، له‌ به‌رامبه‌ر‌ هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه، بوو. که‌ به‌م کاره‌ش ئه‌وانی خستنه‌ به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریکا و شه‌ڕی هاوبه‌شیان دژی داعش و له‌ ئێستاشدا پایته‌ختی خه‌لافه‌ت، شاری ڕه‌قه‌یان، پێئازادبکه‌ن‌.

سیاسه‌تی ئه‌ردوگان ومیتله‌ به‌رامبه‌ر ئێراندا:

ئه‌ردوگان له‌ به‌رمبه‌ر ئێراندا سیاسه‌تێکی دووفاقه‌یی هه‌یه‌ ، له‌ سه‌رێکه‌وه‌ کێشه‌ی کورد له‌ هه‌ردوو وڵاتدا بووه‌ته‌ کارت و ئامانجێك، که‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ ده‌توانێت هه‌م په‌یوه‌ندی نێوانیان خۆش بکات هه‌م تێکیشی بدات، که‌ ئه‌مه‌ دژایه‌تی ناڕا‌سته‌وخۆی یه‌کدیش، ده‌گرێته‌وه‌ . ئاشکرایه‌ که‌ ژماره‌یه‌کی زۆری چه‌کدارانی ئێران له‌ پاسداران و له‌شکری یاسایی یارمه‌تی ئه‌سه‌د و حکومه‌ته‌که‌ی ده‌ده‌ن، ‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌یارمه‌تی ئێران بۆ حیزبوڵایلوبنان . تورکیاش به‌ ڕۆڵی خۆی به‌ یارمه‌تی داعش کنه‌ له‌ حکومه‌تی ئێرانی ده‌کات له‌ ڕێگای عێراقه‌وه‌ به‌ هه‌وڵی په‌راوێزخستنی عێراق، له‌ ناوچه‌کدا ، که‌ حکومه‌تی عێراقی حکومه‌تێکی شیعه‌یه‌ و هاوپه‌یمان و هاومه‌زهه‌بی حکومه‌تی ئێرانییه‌

له‌ ئیستادا وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ ده‌یانبینین تاڕاده‌یه‌ك ئێران و تورکیا هه‌ندێك په‌یوه‌ندی ئابووریی له‌ نێوانیاندا به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌شدان که‌ په‌یوه‌ندی سیاسیشیان ،‌ به‌ره‌و باشتر به‌رن .

سیاسه‌تی ئه‌ردوگان له‌ به‌رامبه‌ر عێراق و حکومه‌تی هه‌رێمدا:‌

ئه‌ردوگان و میتداعشیان ته‌نها له‌ ڕۆژاوا سوریادا به‌کارنه‌هێنا ، به‌ڵکو داعش وه‌ره‌قه‌یه‌کی گرنگی ده‌ستی تورکیا و هه‌ڵسوڕاوێکی زۆر چالاکیش بوو که تورکیا‌ توانی هاوکات دژی حکومه‌تی عێرا ق و دژی حکومه‌تی هه‌رێمیش، بۆ‌ سوود‌ی خۆیان زۆر به‌باشی به‌کاریان بهێنن.

له‌ به‌رامبه‌ر عێراقدا توانی دووهه‌م شاری عێراق که‌ موسڵ بوو ببچڕێت ‌ و له‌وێوه‌ هه‌نگاوه‌کانی دیکه‌ی بنێت. به‌داگیرکردنی موسڵ نه‌ك مه‌ترسی له‌ سه‌ر شار و شارۆچکه‌کان و دێهاته‌کانی ده‌ڤه‌ری موسڵ، دروستکرد، به‌ڵکو ئه‌م مه‌ترسییه‌‌ ته‌نییه‌وه‌ بۆ که‌رکوك و هه‌ولێر تکریت و فه‌لوجه‌ و ڕومادییه‌ و هیت و ڕوتبه‌ش‌. له‌ ساڵی 2014 ده‌دا نزیکه‌ی سێیه‌کی عێراق له‌ژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوو . هه‌روه‌ها به‌شێکی ئابووریی عێراقیشی به‌ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی پاڵاوتنه‌کانی نه‌وت و بیره‌ نه‌وتییه‌کان، له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌، له‌ده‌ست عێراق کرده‌وه‌ ‌. گرفتی دابه‌شکردنی عێراق و کێشه‌ی کۆنی ویلایه‌تی موسڵی زیندووکرده‌وه‌. ‌ به‌داگیرکردنی موسڵ به‌نداوی موسڵ که‌وته‌ ده‌ستی داعش و تا ئێستاش ئه‌و وه‌کو چه‌کی هه‌ڕه‌شه‌ دژ به‌ حکومه‌تی عیراق به‌کاریده‌هێنێت. توانی گوڕوتینێکی زۆر به‌ خێڵ و عه‌شایه‌ری عه‌ره‌بی ‌ سونی مه‌زهه‌بی ئه‌وێ، بدات، گه‌ر نه‌شتوانن پشتگیری داعشیش بکه‌ن ، پشتگیری حکومه‌تی عێراقیش نه‌که‌ن . عێراقی خسته‌ ژێر قه‌رزێکی زیاتری چه‌كکڕین و مامه‌ڵه‌ی مه‌ترسیدار له‌گه‌ڵ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ، به‌مه‌ش عێراقی زیاتر خسته‌ باوه‌شی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا . گرتنی موسڵ، داعشی کرد به‌و هێزه‌ی که‌ له‌سه‌ره‌‌تادا ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ گرتنی به‌غدا ده‌کرد‌ ، وه‌کو پێشتر وتم پێگه‌ی داعش له‌ ڕومادییه‌ و و فه‌لوجه‌ و تکریت ڕوتبه‌ و هیت و ته‌لعه‌فه‌ر و زۆر شارۆچکه‌ی دیکه‌ به‌هیزتر کرد، به‌مه‌ش داعشی کرده‌ مه‌ترسییه‌کی سه‌ره‌کی که‌ تائێشتاش ئاسوده‌یی و ئاشتی له‌ ناوه‌ڕاستی عێراقدا نییه. گرتنی موسڵ له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ کارئاسایی بۆ تورکیا کرد که‌ له‌ ساڵی پاردا به‌دیار چاوی کۆمۆنێتی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ زیاتر له‌ 5 هه‌زار سه‌ربازی به‌هه‌موو جۆره‌ چه‌کێکه‌وه‌ هێنایه‌ نێو خاکی عێراقه‌وه و‌ تا ئێستاش ئه‌و هێزه‌ له‌وێ نیشته‌جێیه‌ و عێراقیش ئه‌مه‌نده‌ لاوازه‌ له‌ به‌رامبه‌ریدا ‌ ده‌سته‌وه‌ستانه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ تورکیا ڕۆژانه‌ سنوری عێراق به‌ ته‌یاره‌ ده‌به‌زێنێت و ماڵ و دێهاتی ئه‌و بنارانه‌ی شاخی قه‌ندیل‌ بۆردمان ده‌کات و ژینگه‌ و سروشتی ئه‌وێ وێرانده‌کات.

هه‌رچیش په‌یوه‌ندی به‌ کوردستانه‌وه‌‌ به‌ گشتی و حکومه‌تی هه‌رێم به‌ تایبه‌تی هه‌یه‌، شه‌ڕێکی گه‌وره‌ی زه‌ره‌رمه‌ندی درێژخایه‌نی بۆ ناوچه‌که،‌ دروستکرد و کوردی کرده‌ واجیهه‌یه‌کی گه‌وره‌ی به‌هێزی دژ به‌ داعش، دژ به‌ سونه‌، تا ڕاده‌یه‌ك خستییه به‌ره‌ی دژ به‌ عه‌ره‌ب و دژ به‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی له‌ لایه‌که‌وه‌ و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ کردییه‌ زیاتر وابه‌سته‌ی تورکیا. حکومه‌تی هه‌رێم و خودی کوردستان به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان بونه‌ته‌ بنکه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکی و تورکی ، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی له‌ ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا، نزیکتر کرده‌وه‌. تورکیا به‌ سیاسه‌تی به‌کارهینانی داعش زۆر ‌کارایانه‌ توانی ئه‌وه‌نده‌ی تر کوردستان به‌ گشتی و حکومه‌تی هه‌رێـم به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌موو ڕویه‌که‌وه‌ بکاته‌ پاشکۆی تورکیا و ناوبه‌ناویش کار له‌سه‌ر کێشه‌ی تورکمانه‌کانی که‌رکوك، ده‌کات ‌. دووژمنایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کرده‌ سه‌ره‌کی نه‌ك هه‌ر دژ به‌ په‌که‌که‌و په‌یه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ به‌ڵکو به‌ سه‌رجه‌می کوردانی باکور و ڕۆژاوا و چاوپۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و کوشتن بڕینه‌ که‌ به‌رامبه‌ریان له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌، ده‌کرێت ، بکات. له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ ناو به‌ناویش ته‌نانه‌ت سنوری ڕۆژاواشیان لێداده‌خات وه‌کو چۆن ئه‌مساڵ بۆ ماوه‌ی 3 مانگ هیچ جۆره‌ یارمه‌تییه‌ک نه‌گه‌تیشته‌ ڕۆژاوا. نه‌ك هه‌ر ئه‌مانه‌ به‌ڵکو داعش فشاریشی بۆ‌ نێوه‌ند و حیزب و ڕێکخراوه‌ ئیسلامیه‌کانیش، هێنا، که‌ ده‌بێت چ به‌ ئاشکرا یا به‌ نهێنی هه‌ڵوێستی خۆیان له‌ داعش هه‌بێت ، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ هیچیان تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ که‌ ته‌کفیری داعش بکه‌ن ئه‌مه‌ بێ له‌وه‌ی که‌ یه‌کگرتووزۆر ‌ نزیکه‌ له‌ تورکیاوه و‌ له‌ هه‌ندێك هه‌ڵوێستیاندا لایه‌نگری داعش ده‌که‌ن.

له‌مانه‌ش واوه‌ تر داعش توانیشی ته‌مه‌نی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ گشتی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان به‌تایبه‌تی، درێژبکاته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ هه‌بوونی مه‌ترسی داعش. مووچه‌یان له‌ خه‌ڵکی گرته‌وه، هه‌ژارییان خسته‌وه‌، ته‌واوی پرۆژه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌کانیان، ڕاگرت ‌، به‌مانه‌ وایان له‌ خه‌ڵك کرد هێشتا هه‌ر ڕازیبن، به‌و ژیانه‌ و له‌هه‌وڵی چالاکی و ناڕه‌زایی کاریگه‌رانه‌ له‌ دژیاندا، به‌ پاساوی کردنی ‌ ئه‌مانه‌ له‌ به‌رژه‌وندی داعش ده‌بێت، نه‌بن.

هه‌موو ئه‌و ورده‌کاریانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن ، که‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان و ئاکه‌په‌ و میت؛ تائه‌م کاته‌ش ئه‌و ئامانجانه‌ی که‌ ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی له‌ سه‌ر‌ه‌تادا بۆ داڕێژراون‌ ، پێکاوه‌ و له‌ هه‌موو ڕویه‌که‌وه‌ به‌ زیانی کورد له‌ باشوور و باکوور و ڕۆژاوا، کۆتایی هاتووه‌ . . ‌له‌ ئێشتاشدا ئه‌ردوگان خه‌ریکی پرۆسه‌ی ئاشتیکردنه‌ له‌گه‌ڵ دوژمنان و ناحه‌زانیدا ، دیاره‌ سیساسه‌تی ئاشتیانه‌ی داهاتوشی هه‌ر‌ وه‌کو سیاسه‌تی شه‌ڕی ئێستای هه‌ر له‌ دژی کورد ده‌بێت، گه‌ر کار له‌سه‌ر نه‌مانی کانتۆنه‌کانی ڕۆژاوا نه‌کات ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ کار له‌سه‌ر شێواندیان ده‌کات بۆ جۆرێك له‌ حکومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌ وابه‌سته‌که‌ی هه‌رێم.

Zaherbaher.com

‌ ‌

 

ڕۆڵ و کاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان له‌سه‌ر‌ ناوچه‌که

ڕۆڵ و کاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان له‌سه‌ر‌ ناوچه‌که

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن

05 /07/2016

به‌شی یه‌که‌م:

له‌م وتاره‌دا ده‌مه‌وێت سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان و حیزبه‌که‌ی ، ئاکه‌په‌، له‌ عێراق و ئێران و تورکیا و سوریادا به‌ گشتی و سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژاوا و باکوور به‌ تایبه‌تی، که‌ تا چه‌ندێك توانیوێتی ئامانجه‌کانی خۆی بپێکێت، بدوێم.

بێگومان سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان بۆ خودی تورکیا خۆ کوژییه‌ و نه‌ له‌ ئێستاو نه‌ له‌ داهاتووشدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵی تورکیادا ‌ به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌و ، نییه ‌و نابێت ، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ کارایی خۆی له‌ سه‌ر باری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ئه‌و وڵاته‌ داناوه‌ و له‌ ئاینده‌شدا ‌ ده‌بێته‌ کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ‌ که‌ ڕه‌نگه‌ ببیته‌ هۆکاری گۆڕانکاری گه‌وره‌ له‌وێ.

کاریگه‌ریی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیدا ‌ به‌ ئاشکرا دیاره‌ . له‌ بواری ئابووریشدا ، له‌ سه‌دا 8 ی کرێکارانی ئه‌وێ له‌ به‌شی گه‌شت و گوزاریدا کار ده‌که‌ن که‌ له‌ سه‌دا 12.9 ی داهاتی تورکیا پێكده‌هینێت. له‌ ساڵی 2014 دا نزیکه‌ی 42 ملیۆن گه‌شتیار چونه‌ته‌‌ ئه‌وێ. به‌ڵام به‌ گوێره‌ی قسه‌ی مورات ئێرسۆیسه‌رۆکی جه‌معییه‌ی گه‌شتوگوزاری تورکیا: “له‌ ئه‌مساڵدا به‌ به‌راورد به‌ ساڵی 2015 تورکیا 15 ملیار دۆلار له‌ ده‌ستده‌دا، چونکه‌ ژماره‌ی گه‌شتیاران به‌ ڕیژه‌ی له‌ سه‌دا 30 داده‌به‌زێت. له‌ مانگی نیسانی ئه‌مساڵ به‌‌ ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 28 که‌ ده‌کاته‌ 1.75 ملیۆن که‌س به‌ به‌راورد به‌ ساڵی 2015 ی هه‌مان مانگ، دابه‌زیوه‌ …… له‌ 4 مانگی ئه‌مساڵدا ڕێژه‌ی گه‌شتیاران به‌ ڕیژه‌ی له‌ سه‌دا 16.5 ، که‌ ده‌کاته‌ 5.82 ملیۆن که‌س هاتۆته‌ خواره‌وه‌“.‌

Leading Turkish tourism player expects $15 bln loss in revenue

 

به‌ڕای من بناخه‌ی ئه‌و کێشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی تورکیا، ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ سیاسه‌ته‌که‌ی ئه‌ردوغان که‌ له‌سه‌ر داعش و هێزی داعش ، هه‌ڵیچنیوه‌.

ئه‌مه‌ چۆن؟

من هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ باوه‌ڕم وابووه‌ که‌ هۆکاری سه‌ره‌کی هێنانی داعش بۆ عێراق و داگیرکردنی موسڵ بۆ هه‌ره‌سپێهێنانی ئه‌زموونی ڕۆژاوا، بوو.

هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موان ده‌زانین که‌ بوونی ئیداره‌یه‌کی کوردی له‌ ڕۆژاوادا ، که‌ تا ئێستا ‌ له‌ هه‌ر هه‌موو ناوچه‌که‌و بگره‌ له‌ به‌شێکی زۆری جیهانیشدا ، نموونه‌ییه‌،، جێی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌ردوگان و حکومه‌ته‌که‌ی نییه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌ ئیداره‌یه‌کی وه‌کو هه‌رێمیش که‌ ‌ له‌ بنده‌ستی خۆی و پاشکۆی خۆیه‌تی ، هه‌ر قایل نییه‌‌‌ . ئێ خۆناشکرێت سنوری وڵاتێکی دراوسێ ببه‌زێنێت و جه‌نگێکی گه‌وره‌ له‌وێدا دژی په‌یه‌ده‌ و خۆسه‌رییه‌کانی ڕۆژاوا هه‌ڵگیرسێنیت. گه‌ر چی ‌ ئه‌ردۆگان ڕه‌نگه‌ له لایه‌ن کۆمۆنێتی نێوده‌وڵه‌تی له‌مه‌دا پشتگیری لێبکرایه‌، به‌ڵام ناتوانێت به‌و ئاشکرایه‌ ده‌ستبکێشێته‌ خاکی وڵاتێکی دیکه‌وه‌ و شه‌ڕێکی خوێناوی دروست بکات . هاوکاتیش داعش و گروپه‌ تیرۆریستییه‌کانی دیکه‌ که‌ له‌ وه‌کاله‌تی تورکیا و سعودییه‌ و قه‌ته‌ره‌وه‌ جه‌نگیان ده‌کرد ئه‌و هێزه‌یان نه‌بوو که‌ ‌یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ ببه‌زێنن. باشترین کارێك هه‌ڵبژاردن و به‌هێزکردنی هه‌ره گروپه‌‌ دڕنده‌که‌یانه‌ که‌ خاوه‌نی پایه‌ و ئایدۆلۆجیایه‌کی کاریگه‌ره‌‌ ، تاکو به‌هێزیان بکات و بیانکاته‌ ئه‌و‌ هێزه‌ سه‌ره‌کییه‌ی که‌ چه‌نده‌ها ئامانجیان له‌ یه‌ك کاتدا، بۆ بپێکێت ، بێ ئه‌وه‌ی که‌ خۆی تییادا زه‌ره‌رمه‌ندێکی گه‌وره‌ ببێت.

بۆچی موسڵ؟

هه‌ڵبژاردنی موسڵ – و داگیرکردنی بۆ په‌لاماردان و به‌ڕێکردنی ته‌واوی پلانه‌کان،‌ حساباتی خۆی هه‌بوو، له‌وانه‌ : هۆکاری مێژویی پێشینه‌‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، نزیکی له‌ سنوری تورکیا و سوریاوه‌ ، ڕێگای باشی به‌ستنه‌وه‌ی موسڵ به‌ هه‌ردو وڵاته‌وه‌، نیشته‌جێبونی ئێزیدییه‌کان له‌و ده‌ڤه‌ره‌، نزیکیی موسڵ له‌ که‌رکوك و هه‌ولێر و تکریت، ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌ڤه‌ری موسڵ به‌ سامانی نه‌وت. موسڵ خاڵێکی هه‌ره‌ لاوازی حکومه‌تی عێراق بوو، نزیکه‌ی ته‌واوی دانیشتوانی سونی مه‌زهه‌بن‌، ڕکوکینه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی به‌ په‌راوێزخستنیان و مامه‌ڵه‌ی ‌ خراپییان له‌ لایه‌ن کاربه‌ده‌ستان و هێزه ‌سه‌ربازییه‌کانی عێراق. ئه‌مانه‌و گه‌لێک هۆکاری دیکه‌ ڕۆڵیان له‌ هه‌ڵبژاردنی موسڵ بۆ فه‌تحی هێزی داعش و به‌ڕێکردنی پلانه‌کانی ئه‌ردوگان، بینی.

به‌کارهێنانی داعش و داگیرکردنی موسڵ ‌:

له‌ سه‌ره‌تادا چه‌ند هۆکارێکم له‌ بیانوه‌کانی ئه‌ردوگان که‌ داعشی وه‌کو هێزێکی سه‌ره‌کی به‌کارهێنا، باسکرد. ئه‌وه‌ی خاڵی سه‌ره‌کییه له‌م وتاره‌دا داگیرکردنی موسڵه‌ چونکه‌ داگیرکردنی موسڵ پراکتیزه‌کردنی سه‌رچاوه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان بوو. به‌ بێ داگیرکردنی موسڵ سه‌راپای پلانه‌کانی ئه‌ردۆگان فه‌شه‌لی ده‌هێناو ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ گه‌وره‌یه‌ش ‌‌ ناوچه‌که‌دا ڕوینه‌ده‌دا.

به‌داگیرکردنی موسڵ توانرا ڕه‌قه‌ی پایته‌ختی داعشی پێ پته‌وتر بکرێت و پانتایی حوکمی داعش و کۆنترۆڵکردنی زیاتری بۆ ڕه‌خسا. ئه‌مه‌ش وه‌کو دواتر ده‌رکه‌وت کارئاسایییه‌کی زۆری بۆ تورکیا بۆ‌ هاوکاری داعش له‌ مه‌یدانی سیاسی و سه‌ربازید، هاوکاتیش یارمه‌تی داعش به‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌کردنی کاری تیرۆریستی و هێڕشی ده‌سته‌ویه‌خه ‌و بازرگانی به‌ په‌نابه‌رانه‌وه‌ و ‌ داهاتی نه‌وتیش، کرد.

گرتنی موسڵ و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و هه‌مو ته‌قه‌مه‌نی و که‌ره‌سه‌ سه‌ربازییا‌نه، به‌و ئاسانییه‌ له‌ لایه‌ن که‌متر له‌ 5 هه‌زار چه‌کداری داعشه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ نزیکه‌ی 60 هه‌زار له‌ هێزی سوپای عێراقی به‌هه‌موو چه‌کێکی نوێی سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌تا هه‌لی کۆپته‌ریش، که‌ پلانێکی پێشینه‌یی بۆ کرابوو وه‌کو نیمچه‌ کوده‌تایه‌ك، وابوو. ئه‌م کارئاساییه گه‌وره‌یه‌ بۆ داگیرکردنی ئه‌و شاره‌ گه‌وره‌ی عێراق کرابوو، بۆ شارێكی دیکه‌ مه‌حاڵ بوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش‌ بوو که‌ داعش له‌ ماوه‌ی شه‌وو ڕۆژێکدا توانی هه‌ر هه‌موو شاری موسڵ کۆنترۆڵ بکات.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ش خستنه‌گه‌ڕی پلانی دووهه‌م که‌ هێڕشکردنه‌ سه‌ر کۆبانیبوو، به‌ تازه‌ترین چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی سه‌ربازی و به‌ یه‌کبه‌ستنه‌وه‌ی ڕه‌قه‌ و موسڵه‌وه، ئاسانکرد‌ .

بۆچی کۆبانی؟

ئه‌ردوگان و میتیتورکی له‌ نێوانی کانتۆنی جه‌زیره‌ و کۆبانیدا ده‌بوایه‌ یه‌کێکیانیان هه‌ڵبژاردایه‌. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بوایه‌ هه‌موو ورده‌کاریی و لێکدانه‌وه‌یه‌کی بۆ بکرێت، وه‌کو: نزیكیان له‌ ‌ موسڵه‌وه‌ . ئه‌گه‌ر چی دووری شاری موسڵ بۆ ڕه‌قه‘‌ 372 کیلۆمه‌تره‌ و بۆ قامیشلۆ ته‌نها 150 کیلۆمه‌تره‌ ، به‌ڵام دانیشتوانی جه‌زیره‌ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌یه‌کی دایشتوانی کۆبانی ده‌بن، له‌ ڕوی ئابوریشه‌وه‌ جه‌زیره‌ پته‌وتره‌ تاکو کۆبانی ، له‌ ڕوی پانتایییه‌وه‌ جه‌زیره‌ له‌ کۆبانی گه‌وره‌تره‌ ، کۆبانی له‌ ناوه‌ڕاستی جه‌زیره‌ و عه‌فرین –دایه‌ که‌ به‌ستنه‌وه‌ی جه‌زیره‌ و عه‌فرین به‌ گرتنی کۆبانی یاهه‌ر هه‌بوونی شه‌ڕ له‌وێ، ڕۆڵیکی یه‌کجار گه‌وره‌ی ده‌بینی. هێزی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ له‌ جه‌زیره‌ زۆر زیاتر بوون تاکو کۆبانی. له‌ قامیشلۆ، ئه‌و کاته‌ش و ئێستاش هێزی سه‌ربازی ئه‌سه‌دی لێیه‌و چه‌ند کیلۆمه‌تر دووجایه‌یه‌ک خاکیان به‌ فڕؤکه‌خانه‌ و ده‌زگه‌ی پۆستی قامیشلۆیان له‌ داستدایه‌ ، به‌ڵام کۆبانی هێزی ئه‌سه‌دی لێنه‌بوو. ڕاگه‌یشتنی هیزی تورکیا به‌ داعشدا له‌ جه‌زیره‌ گرانتر بوو تاکو کۆبانی. نزیکیی ڕه‌قهله‌ کۆبانییه‌وه‌ ‌ تاکو جه‌زیره‌ ‌ و یارمه‌تی و هاوکاری تورکیاش بۆ داعش له‌ سنوری سروسوه‌ ئاسانتر بوو تاکو له‌ سنوری نوسه‌یبینبۆ داعش. ‌ گه‌لێك هۆکاری دیکه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی کۆبانیدا ، له‌ لایه‌ن میتیتورکییه‌وه‌ تاووتوێ کراوه‌.

من وای ده‌بینم تا کانونی دووهه‌می 2015 که‌ داعش له‌‌ هێڕشه‌که‌ی بۆ سه‌ر کۆبانی نوشستی هێنا ، سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردوگان و میتسه‌رکه‌وتووبون . له‌ مانگی حوزه‌یران و ته‌موزی 2015 دا دوو سیاسه‌تی دیکه‌ی گرته‌ به‌ر ، که‌ جه‌وهه‌ری هه‌ردوکیان تیرۆر و ترساندنی کوردی باکوور بوو که‌ یه‌که‌میان هه‌ڵوه‌وشانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاه‌دنه‌که‌ی 15/06/08 بوو که‌ هه‌ده‌په‌ سه‌رکه‌وتنێکی باشی به‌ده‌ستهێنا و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی مانگی نۆڤه‌مبه‌ردا ڕاده‌ی سه‌رکه‌وتنه‌که‌ به‌ گه‌لێك هۆکار ، که‌متر بووه‌وه‌ . سیاسه‌تی دووهه‌م به‌ڕێکردنی پرۆسه‌ی تیرۆر و کوشتن و بڕین به‌ ڕێگا خۆشكردن بۆ خۆکوژانی داعش تاکو تیرۆری خه‌ڵکی بکه‌ن وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ له‌ سروسکرا و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ لاوانی کوڕ و كچی کۆمۆنیست و سۆشیالیست ئه‌نارکست بوونه‌ قوربانی. له‌مه‌دا ئه‌‌ردوگان سێ مه‌به‌ستی هه‌بوو : یه‌که‌م هێنانه‌وه‌ و چڕکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌وێدا و که‌مکردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی. دووهه‌م: هیمای ئه‌وه‌ بدات به‌ گه‌لانی تورکیا و ئه‌وروپاش که‌ داعش دژایه‌تی ئه‌ویش ده‌کات. سێهه‌م : تێوه‌گلانی په‌که‌که‌ له‌ دروستکردنه‌وه‌ی شه‌ڕ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی.‌ به‌داخه‌وه‌ له‌مه‌یشدا ئه‌ردۆگان سه‌ره‌که‌وتنی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌م کوشتن و بڕین و وێرانکردنه‌ی که‌‌ ئێستا له‌ باکوردا به‌ڕێده‌کرێت، گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی قه‌ده‌خه‌کردنی هاتووچۆو برسیکردنی خه‌ڵکی و کۆمه‌ڵکوژی و لابردنی پارێزبه‌ندی (حه‌سانه)‌ی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌کانی هه‌ده‌پهو لابردنی گه‌لێك له‌ سه‌ره‌كشاره‌وانییه‌کان و دانانی که‌سانی دیکه‌ی سه‌ر به‌ ئاکه‌په‌ و گه‌لێکی دیکه‌ که‌ هه‌ر هه‌مووی به‌به‌رچاوی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوادا ده‌کرێت،‌ هه‌مووی به‌ زه‌ره‌ری بزوتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی باکور و به‌ قازنجی ئه‌ردوگان و میتیتورکی و لایه‌نه‌ نه‌ژادپه‌رست و ڕاستڕه‌وه‌کان، ده‌گه‌ڕیته‌وه‌.

سیساسه‌تێکی دیکه‌ی سه‌ره‌که‌وتوانه‌ی ئه‌ردوگان ئه‌وه‌بوو که‌ له‌ 05/07/2015 وه‌ ڕێگای دیتنی ئۆجه‌لانی بڕیوه‌ و له‌و ڕۆژه‌وه‌ ته‌نانه‌ت پارێزه‌ره‌کانیشی نه‌یانتوانیوه‌ بیبینن. کردنی ئه‌مه‌ش یانی بڕینی هه‌موو جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌کی نێوانی ئۆجه‌لان و په‌که‌که‌ و هێزه‌کانی دیکه‌شه‌ ، که‌ به‌ڕای من ئه‌مه‌ش به‌ سوودی ئاکه‌په‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و به‌زه‌ره‌ری کوردانی باکوور و ڕؤژااوا.

درێژه‌ی هه‌یه‌

Zaherbaher.com

 

ئایا بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی له‌ باشووردا بوونی هه‌یه‌؟

زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
09/06/2016

له‌ کۆبوونه‌وه‌کان و دیمانه‌ی ڕادوێیه‌کان و دانیشتنی دوو قۆڵی و گروپی‌، زۆر جار ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌م لێکراوه‌ .  منیش ڕاستگۆیانه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییه‌ی‌ که‌ هه‌بوومه‌ له‌ وه‌ڵامیاندا وتوومه‌  نه‌ك هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئاوا نییه‌ به‌ڵکو گرۆپێکی کاراش به‌ناوی ئه‌نارکیستیه‌‌وه‌  له‌وێ نییه‌ و به‌بیره‌وه‌ری منیش نه‌بووه‌.  هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م وه‌ڵامه‌ هه‌میشه‌ پرسیارێکی دیکه‌ی به‌دوی خۆیدا هێناوه‌ که‌ ئه‌ویش پرسیاری ” بۆچی” بووه‌ .
ناکرێت له‌ کاتێکدا که‌ ده‌سه‌ڵات و زۆوڵم و زۆر هه‌بووبێت و هاوکاتیش هزری ئه‌نارکیزم وه‌کو هزرێکی سروشتی یاخیگه‌ری ناوخودی مرۆڤ هه‌بووبێت، نکوڵی ئه‌وه‌ بکرێت که‌ خه‌ڵکانێك وه‌ک تاك یاخود وه‌ک گروپێکی ناڕێکخراو له‌به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئه‌و زوڵم و زۆره‌دا،  نه‌بووبێت.  بێگومان خه‌ڵکانێک هه‌بوون که‌ دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتیان کردووه‌ و ‌ تێڕوانینیان بۆی وه‌کو دووژمنی  به‌شه‌رییه‌ت، سه‌رچاوه‌ی هه‌موو کاره‌سا‌ته‌کان، ته‌ماشایان کردووه‌.  ئه‌وه‌ش له‌پای ده‌رککردنیان به‌و  ڕاستیییه، بووه‌ که هیچ وه‌ختێك به‌رژه‌وه‌ندی ناوکۆیی له‌ نێوانی ده‌سه‌ڵات و هه‌ژاران و به‌شخوراواندا نه‌بووه‌.  له‌و باره‌شدا که‌سانێک هه‌ن ڕاپه‌ڕینی  زنجه‌کان و خه‌واریجه‌کان و  مه‌زده‌کی و به‌رمه‌کی و قه‌رمه‌تییه‌کان و ئه‌و‌انی دیکه‌ی سه‌رده‌می کۆن ، به‌ ڕاپه‌ڕینێکی شێوه‌ ئه‌نارکیستانه/شیوعییانه‌ ده‌زانن، گه‌رچی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ و ڕاپه‌ڕینانه‌ مۆرکی ئه‌نارکستییه‌ت و شیوعییه‌تیان له‌ خۆیان نه‌داوه‌.  به‌ هه‌رحاڵ قسه‌ی من له‌سه‌ر ئێستاو چه‌رخی ڕابووردووه‌.
ئه‌گه‌‌ر سه‌رنجێک له‌ واقیعی کۆمه‌ڵی باشوور له‌ دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه‌ بده‌ین ، کۆمه‌ڵه‌ هۆکارێك بۆ ده‌رنه‌که‌وتنی ئه‌نارکیستییه‌ت وه‌کو هزرێكی سه‌ربه‌خۆی دیار و هه‌م وه‌کو سه‌رهه‌ڵنه‌دانی چه‌ند گروپێکیش که‌ ده‌مڕاستی ئه‌و هزره‌ بن، هه‌ن، به‌ڵام به‌ ڕای من چوار هۆکاری سه‌ره‌کی له‌م بواره‌دا ڕۆڵی سه‌ره‌کی، بینیوه‌، که‌ ئه‌وانه‌ش ئه‌مانه‌ن:
یه‌که‌م: کوردستان ‌ به‌شێك بووه‌ له‌ عێراق و پاشکۆیی عێراق-یش به‌ وڵاتی سۆڤێته‌وه‌‌ :
ته‌واوی ئه‌و کتێب و گۆڤار و نوسینانه‌ی که‌ سه‌باره‌ت به‌ مارکسیزم و لینیننزم و ماویزم بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و چه‌په‌کانی دونیا و هه‌تا سه‌باره‌ت به‌ دین به‌هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌یه‌وه‌ واته‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دین یاخود ته‌رفگیری دین ، هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی بوون . عێراقی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش له‌ ساڵی 1958 وه‌‌ خۆشی وابه‌سته‌ی سۆڤێت  بوو جگه‌ له‌ چه‌ندساڵێکی که‌م نه‌بێت.  كتێب و ئه‌ده‌بیاتی چه‌پ و کۆمۆنیستی که‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی بوون، یا له‌  خانه‌ی بڵاوکراوه‌ی ڕۆشنبیری   دیمه‌شق بووه، یا خانه‌ی پێشکه‌تن ( ته‌قه‌دوم)  یا له‌ بێروت و خودی ڕوسیا خۆی بوون، چاپکراون. ڕۆڵی حیزبی شیوعی سوری که‌ خالد به‌گداش سه‌رکرده‌ی بووه له‌ته‌ك ڕژێمی سوری که‌‌  هه‌ر له‌ شه‌سته‌کانه‌وه‌ یه‌کێك بووه‌ له‌و ڕژێما‌نه‌ی ‌ که‌ دۆست و وابه‌سته‌ی سۆڤێتی  جاران بووه، ڕۆڵی گرنگی ‌ له‌و بواره‌د، بینیوه‌.
هه‌رچیش سه‌باره‌ت به‌  هزری ئه‌نارکیستیانه و چالاکی و ته‌واوی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی له‌ هه‌ر کونجێكی ئه‌م جیهانه‌دا، بووه‌،‌ به‌ شێوه‌یه‌کی قێزه‌وه‌ند و دژه‌ مرۆڤ و دژه‌ شۆڕش بۆ ئێمه‌ گوێزراونه‌‌ته‌وه‌، چونکه‌ سه‌راپای ئه‌ده‌بیات و ته‌بلیغاتی ئه‌نارکیستیانه‌ له لایه‌ن چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانه‌وه‌ له‌ ڕوسییه‌وه‌ ‌ وه‌رگێڕراونه‌ته‌‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی  که‌ هه‌مووشی له‌ ‌ یه‌کێك له‌و چاپخانانه‌ی سه‌ره‌وه‌، به‌ چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ گه‌یه‌ندراون‌‌.  هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ئه‌نارکیزم و فکری ئه‌نارکیستیانه‌ وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ نوسیمن به چه‌واشه‌یی و دژه‌ هه‌موو شتێك به‌‌ ئێمه ناسێنراوه. ‌ له‌ باشترین حاڵه‌تیدا به‌ ” فه‌وزه‌وی” “به‌ره‌ڵایی و بێ سه‌ره‌وبه‌ره‌یی” به‌ ئێمه‌ ڕاگه‌یانراوه‌ .  واته‌ یه‌ك لایه‌نی ئه‌نارکیسیزم که‌ دژه‌ ده‌وڵه‌ت بووه‌ و ئه‌ویش به‌گوێره‌ی بۆچون و شیکردنه‌وه‌ و ویستی به‌لشه‌فی و شیوعییه‌کانی ئه‌و کاته‌ لێکدراوه‌ته‌وه‌، که‌ ئه‌نارکیسته‌کان ‌ فه‌وزایان ده‌وێت  و باوه‌ڕیان به‌  ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات، نییه‌و  هه‌مووی ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌ و کۆمه‌ڵ له حاڵه‌تی‌ پشێوی و ئاڵۆزی  و به‌ره‌ڵایی و بێ یاسایی و بێ ڕێکخستنی و.. هتد به‌جێده‌هێڵن و ئیدی کۆمه‌ڵێكی‌ ئاخۆران و ماخۆران ده‌بێت .
سه‌یر‌  له‌وه‌دا ‌بوو کاتێك که‌ هزر و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی ئاوا ده‌ناسرا و هێڕشی ده‌کرایه‌ سه‌ر،  به‌ڵام تاکه‌ کتێبێك یا گۆڤارێك یاخود بڵاوکراوه‌یه‌کی ئه‌نارکیستی نه‌بوو له‌به‌رده‌ستدا تاکو خوێنه‌ر پێشئه‌وه‌ی،  ئه‌وه‌ی دژی ده‌نوسرا ، بیخوێندایه‌ته‌وه‌.  بۆ نموونه‌ ” بوئسی فه‌لسه‌فه‌ی ” مارکس که‌ له‌سه‌ر جۆزیف پرۆدن نوسیبووی ، که‌ به‌ ئاسانی له‌ بازاڕی کتێب فرۆشاندا ده‌ستدد‌ه‌که‌وت ،که‌چی خودی کتێبه‌که‌ی پرۆدۆن که‌ مارکس ڕه‌دی دابووه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم له‌ عێراق-دا  وجودی نه‌بوو.  ته‌واوی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌نارکیستی  که‌ ڕه‌دیان د‌راوه‌ته‌وه، خۆیان له‌به‌رده‌ست خۆوینه‌ردا، نه‌بوون.‌
له‌ حاڵه‌تێکی ئاوادا نه‌بوونی گروپێکی ئه‌نارکیستی نه‌ك هه‌ر مه‌حاڵ بوو، به‌ڵکو ده‌ستکه‌وتن و  خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌نارکیستیش، تاکو له‌ هزر و پرینسیپه‌کانی ئه‌نارکیزم، تێبگه‌ین، کارێکی ڕێلێگیراو بوو.‌
دووهه‌م: هه‌بوونی حیزبگه‌لێکی  زۆر و پاشکۆبوون بۆیان:
عێراق و کوردستان له‌ دوای ساڵانی سییه‌کانی چه‌ر‌خی ڕابوردووه‌ زێدی زاینی حیزبگه‌لێکی زۆر بووه‌ هه‌ر له‌ حیزبی نه‌ته‌وه‌یی  و دینی و نیشتمانی لیبراڵ تا ده‌گاته‌ کۆمۆنیستی.  سه‌رجه‌می ئه‌م حیزبانه‌ش بۆ مه‌به‌ستی گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ له‌ ململانێی نێوانیادا له‌ گه‌وجاندنی هاووڵاتیاندا بوون .  ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای په‌روه‌ده‌کردن و سیخناخکردنی گوێی ‌ هاووڵاتیان  به‌ ته‌بلیغات و ئه‌ده‌بیاتیان، بووه‌.  ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی باش ئه‌وانه‌بوون که‌ باشتر په‌یڕه‌وی فرمانه‌کان و تاکتیك و ستراتیجێتی، حیزبیاد ده‌کرد ، ئه‌وانه‌بوون  که‌ به‌ موو له‌ پێڕه‌وپڕؤگرامی حیزب ده‌رنه‌چون ، ئه‌وانه‌ن که‌ پاشکۆ و وابه‌سته‌ی ته‌واوی حیزب و سه‌رکرده‌کانی حیزببون ، ئه‌وانه‌ن که‌ ئایدۆلۆجییه‌ت شه‌ڕی برا و خوشکی خۆیان و  دراوسێی و خزم و  ڕه‌گه‌زێکی یا نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی پێکردون و  بێ ئه‌وه‌ی که‌ خودی خۆیان بۆ ته‌نها چر‌که‌یه‌کیش له‌ سیاسه‌تی ڕاست و هه‌ڵه‌ی حیزب و سه‌رکرده‌ ،تێفکریبێتن.  به‌داخه‌وه‌ که‌ ئه‌م نه‌رێت و خووه‌ تا هه‌نوکه‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه‌.
له‌ بارودۆخێکی ئاوادا نه‌ فکر پێشده‌که‌ویت و نه گه‌شه‌ش ‌ده‌کات، له‌ ژینگه‌یه‌کی  ئاوادا سه‌ر‌جه‌می مرۆڤه‌کان دابه‌شده‌بن به‌سه‌ر حیزبه‌کاندا و ده‌بنه‌ بورغویه‌کی بچوکی ماشێنی حیزب و حیزبیش به‌ ئاره‌زوی خۆی ده‌یانسوڕێنێته‌وه‌ و ئه‌م ده‌نگیان پێده‌دات، ئه‌ویان پێده‌کوژێت و ئه‌و ته‌بلیغاته‌یان پێده‌سپێرێت.  مرۆڤ له‌م حاڵه‌ته‌دا که‌ ده‌بێته‌ کۆیله‌ی حیزب ناتوانێت به‌خۆی بیربکاته‌وه‌ ، ناتوانێت بڕیاری خۆی بدات ، ده‌سته‌ووه‌سانه‌ له‌ لێکدانه‌وه‌ و سه‌رنجدانی به‌ده‌ر له‌ حیزب و سه‌رکرده‌ له‌ ڕوداوه‌کان، عاجزه‌ له‌ پێشبینیکردنی کاره‌ساته‌کان، کامفاڵێتی و ساویلکه‌یی‌ به‌ڵام دڵگه‌رم  دڵ پر له‌ قین بۆ هه‌ڵگرانی هه‌موو ڕاوبۆچونێکی جوودا له‌ خۆی، خه‌سڵه‌تی له‌به‌رچاوی خه‌ڵکانی حیزبییه‌.
له‌ کاتێکدا که‌ هزری ئه‌نارکیستی گه‌شه‌ی سروشتی خودی تاکه‌کان خۆیانه‌ هه‌میشه‌ش له‌ گۆڕان و ته‌شه‌نه‌کردندایه‌.  له‌ دیدی ئه‌نارکیستییه‌وه‌ تاکه‌کان ده‌بێت له‌ بیرکردنه‌وه و سه‌رجه‌می ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌ پێوه‌ستن به‌خۆیانه‌وه، ئازادبن‌.  هاوکاتیش که‌ ئه‌و هزره‌ دژه‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ڕێکخراوه‌یی شێوه‌ هیراشیانه‌یه‌ ، به‌دڵنیاییه‌وه‌  ، له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ی که‌ په‌نجه‌م بۆ ڕاکێشا نه‌ گه‌شه‌ ده‌کات و نه‌ دێته‌وه‌ له‌گه‌ڵیا.‌
سێیه‌م: جه‌نگ و ماڵوێرانی و کوشتن بڕین له‌ عێراق و کوردستاندا:
عێراق و کوردستان یه‌کێکن له‌و وڵاتانه‌ی که‌ پتر له‌ نیو سه‌ده‌یه‌‌ ئاشتی و ئاسایشی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینوه‌.  عێراق سێ جه‌نگی گه‌وره‌ی : ئێران و عێراق، شه‌ڕی که‌نداوی 1991 و داگیرکردنی ئه‌م دواییه‌ی 2003 ، به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و کارایی و هه‌ژموونی  خۆی و به‌سه‌ر  کوردستانیشدا  به‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ، داناوه‌.  ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی کوردی که‌ له‌ ساڵی 1961 دا ده‌ستی پێکرد که‌ ئه‌میش به‌ڕؤڵی خۆی له‌سه‌رده‌ستی هه‌ردوو لادا چ حکومه‌ته‌ یه‌كبه‌دوایه‌که‌کانی عێراق  و چ بزوتنه‌وه‌ی کوردی کاره‌سات و کوشتن و بڕین و کیمیاباران و ئه‌نفال و ژنکوشتن و ماڵوێرانیی و هه‌ڵکه‌ندنی خه‌ڵکی له‌ زێدی خۆیی و له‌ناوبردن و سه‌رنگونکردنی خه‌ڵکانێکی زۆری به‌سه‌ر هاووڵاتیانی کوردستان و تاڕاده‌یه‌کیش ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراقیشی، هیناوه‌.
ئێمه‌ی کورد ئه‌زموونێکی یه‌کجار زۆرمان له‌ جه‌نگ و به‌یه‌کدادان و ماڵکاولیدا هه‌یه‌، که‌ شوێنه‌وار و کاره‌ساته‌کانی جه‌نگ له‌ یاد و بیره‌وه‌ری نه‌وه‌ی ئێمه‌ و باوک و باپیارنیشماندا، چه‌سپیوه‌‌.
جه‌نگ ئه‌و تارماییه‌ ڕه‌شه‌ نه‌گریسه‌یه‌ که‌ ته‌نها بازرگانانی شه‌ڕ و کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کانی دروستکه‌ری چه‌ك و که‌ره‌سه‌کانی دیکه‌ی جه‌نگ و ده‌سه‌ڵات به‌ گشتی قازانجی لێده‌چننه‌وه‌ و ئه‌وانی دیکه‌مان جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تی و برسێتی و هه‌ڵکه‌ندن له‌جێی خۆمان و باوباپیرانمان ، زه‌ره‌ر و زیان نه‌بێت ، چیدیکه‌ی لێ نابه‌ستینه‌وه‌.  جه‌نگ هه‌میشه‌ زه‌مینه‌ی برسێتی و گرانی و  ڕه‌و و لێکدابڕان و حه‌سره‌تکێشی  بینینه‌وه‌ی خۆشه‌ویستانمان و بێکاری و لانه‌وازه‌یی و بوون به‌قوربانی ، ده‌سازێنێت .  له‌و شوێنه‌ی جه‌نگ بێت هه‌موو شتێك، هه‌موو نه‌گریسییه‌ك  هه‌واری خۆی هه‌ڵخستووه‌ ته‌نها خۆشه‌ویستی و ته‌بایی و ئاشتی و ئاسایش نه‌بێت.  له‌بارودۆخێکی ئاوادا ته‌نها فریای سه‌لامه‌تی و خۆپاراستنی خۆمان و داخوازییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ژیان ده‌که‌وین، ته‌نها به‌دووی ژیانی کوله‌مه‌رگی و مه‌مره‌ و مه‌ژییه‌وه‌ین ، هه‌رچی فکر و هزری نوێ، ئاسۆی ڕونی تێفکرین له‌و کات و زه‌مه‌نه‌دا نه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌کات  و زۆر به‌ ده‌گمه‌نیش ڕێده‌که‌وێت  فکرێکی نوێ که‌ جیابێت له‌وه‌ی که‌ پێی په‌روه‌رده‌ و گۆشکراوین، سه‌رهه‌ڵبدات.
له‌ شوێنێک جه‌نگ هه‌بێت ، فکری ئه‌نارکیستیزم  که‌ به‌شداری دروستکردنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی  ده‌کات، گرانه‌‌، بتروکێت. له‌ هه‌ر شوێنێك جه‌نگ هه‌بێت تابوری برسێتی به‌ڕێده‌کات، ڕیزی خۆفرۆشان و به‌کرێگیراوانی ده‌سه‌ڵات زیادده‌کات، سه‌ربه‌ستی و ئازادییه‌کان که‌مده‌کات، مێشک و هۆشی لێدوان و دیالۆگ و ئاشی ژیانی ئاسایی له‌گه‌ڕده‌خات  هه‌ر به‌م هۆیانه‌شه‌وه‌، فکر و ئه‌زموونی ئه‌نارکیزم نه‌ك هه‌ر گه‌شه‌ پێناکات به‌ڵکو ئه‌وه‌شی که‌ هه‌یه‌ له‌باری ده‌بات.
چواره‌م : کۆمه‌ڵی ئێمه‌ و  کولتوور:
کۆمه‌‌ڵی ئیمه پێکهاته‌یه‌کی  تێکه‌ڵه‌یه له‌ کولتووری خێڵه‌کی و  دینیانه‌،  که‌ بناخه‌ی له‌سه‌ر هه‌یکه‌لێکی هیراشی ، قوچکه‌یی بنیاتنراوه‌ و ئه‌و داب و‌ نه‌رێته‌ش که‌ هه‌یه‌ که‌ هاوکات ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یکه‌ل و ئابورییه‌که‌یه‌تی، ‌ پارێزه‌رێکی چاکی ئه‌و شێوه‌ ژیانه‌ی کۆمه‌ڵیشه‌‌.
له‌ شانه‌ی یه‌که‌می کۆمه‌ڵ-وه‌ که‌ خێزانه‌ تاکو دایه‌نگا و قوتابخانه‌ و زانکۆ و کارگه‌ و شوێنه‌ کشتیارییه‌کان و ده‌زگه‌‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان و به‌شه‌کانی دیکه‌ی مه‌ده‌نی و عه‌سکه‌ری تا ده‌گاته‌ لو‌تکه‌که‌ی که‌ په‌ڕله‌مان و پیاوانی حوکمڕان و که‌سی سه‌ره‌کی سه‌رۆکی وڵاتن، هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌سه‌ر یه‌ك بناخه‌ دروستکراون که‌ هیراشیییه‌ته‌.  هیراشییه‌تیش یانی بوونی پاشۆکۆیی، دیلیی فکر و ئه‌ندێشه‌، یانی ناسه‌ربه‌خۆیی و نائازادی تاك ، یانی هه‌ر هه‌موو که‌سێك له‌بنی بنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ ، له‌ شانه‌ی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ تا دواکه‌سی، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی سه‌روی خۆی بکات له‌ فرمان وه‌رگرتن، له وه‌رگرتنی ئامۆژگاری ، ته‌نانه‌ت له‌بیرکردنه‌وه‌ له‌ کێشه‌یه‌ك و گه‌ڕان به‌دوای چاره‌سه‌ره‌که‌یشیدا.
کۆمه‌ڵی هیراشی به‌ یارمه‌تی کوڵتوور و داب و نه‌رێت، له‌م کۆمه‌ڵه‌د،ا بچوك ده‌بێت ڕێز له‌ گه‌وه‌ره‌ بگرێت، ڕیزه‌کانی خواره‌وه‌ گوێ له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی خۆیان بگرن، فه‌رمان له‌وانه‌وه‌ وه‌رگرن موباده‌ره‌ و داهێنان سه‌رنگونده‌کرێن، ئه‌ندامانی حیزب و ئه‌وانه‌ی‌ که‌ له‌ خواره‌وه‌ن مشته‌ له‌گوێ و ڕوو له‌ده‌می سه‌رکرده‌ ده‌بن.  ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ هیراشییه‌ که‌ ناوه‌ندگه‌رایی له‌ هه‌موو کون و که‌له‌به‌رێکی خودی کۆمه‌ڵدا قوتکردۆته‌وه‌ ئیدی بچڕاندنی زنجیره‌کانی ئه‌و ناوه‌ندگه‌رییه‌ مه‌حاڵه‌ ، ڕێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ‌ له‌ شێوه‌یه‌کی نوێی ئاسۆییدا، کارێکی نه‌ك هه‌ر ئاسان و ئاسایی نیه‌ بگره‌ شؤڕشی له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و ڕؤشنبیری و کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌ پاڵ شۆڕشی ئابوریدا، ده‌وێت. شؤڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیش بێ لێدان له‌ پایه‌ به‌هیزه‌کانی هه‌یکه‌له‌ هه‌ره‌مییه‌کان، دابونه‌رێته‌ ڕزیوه‌کان، وته‌ و فۆرمیله‌ کۆنه‌ له‌کارکه‌وتووه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ ، ئه‌نجامدانی کارێکی ئه‌سته‌مه‌ .
له‌ کۆمه‌ڵی هه‌ره‌میدا،  نه‌ تاك ڕؤڵی هه‌یه‌ و نه‌ متمانه‌شی به‌خۆی هه‌یه‌ له‌ ژینگه‌یه‌کی فره‌ حیزبی ، فره‌ کوێخایی، ژنکوژی، کولتووری خێڵ و دین که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی تاک خۆی خۆی دروستبکات، له‌بری ئه‌وه‌ی خۆی فکربکاته‌وه‌ ، له‌بری ئه‌وه‌ی خۆی بڕیاره‌کان بۆ خۆی بدات و به‌ده‌م چاره‌سه‌ره‌کانی کێشه‌کانییه‌وه،‌ بچێت ، که‌چی تاکی کۆمه‌ڵی ئێمه‌ دروستده‌کرێت، فکری ده‌ر‌خوارد ده‌درێت، بڕیاری بۆ ده‌درێت، چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیشی بێ‌ به‌شداریکردنی ئه‌و و بێ ئاره‌زووی ئه‌و ،ده‌کرێت،  له‌ ژینگه‌یه‌کی ئاوادا که‌ تاك سه‌ربه‌ست نه‌بێت، فکریشی بۆ نایه‌ت، هزرێکی نوێ لای ئه‌و په‌یدا نابێت، گه‌ر بشبێت زه‌مینه‌ی گه‌شه‌کردنی نابێت.

Zaherbaher.com

کارکردی سۆشیال دێمۆكراسی و سۆشیالیز م و یەكی ئایار

ھەژێن

٢٣*ی ئایاری ٢٠١٦

بەرایی

ئەم ڕۆژ ٢٣ی ئایار، ساڵیادی سەد و پەنجا و سێ (١٥٣) ساڵەی دروستکردنی یەکەمین پارتیی سۆشیال دێمۆکراتی جهانە،  بەو بۆنەوە، سەرنجدانی مێژووی کارکردەکانی ئەو پارتییە و ئیدئۆلۆگەکانی و سەرکردەکانی و ڕێچکەیەك کە بە ئەم ڕۆژەی گەیاندووە، دەتوانێت سەرەتایەکی باش بێت بۆ گەڕانەوە سەر مشتومڕەکانی  نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، بەتایبەت مشتومڕەکانی نێو (ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان)، کە دواتر مارکسیستەکان بە “نێونەتەوەیی یەکەم” ناساندیان و ئەو ئاوەی کە ئەوان ڕشتیان، دواتر سۆشیال دێمۆکراتەکان پێی خۆیان تێخست و ئێستاش ھەر بە لێڵیی ماوەتەوە.

سەرەکیترین تایبەتمەندی سۆشیال دێمۆکراسی، کە دەتوانین بە ئەلف و بای دژەخونی سۆشیال دێمۆکراتەکان لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی و کرێکاری و بزووتنەوە ڕگاریخوازەکانییەکانی جیهانی ئەو سەردەمە و تاکو ئێستاش ناوبەرین، بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ئەو ئاراستە دەسەڵاتخوازە دەگەڕێتەوە، کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم پارتایەتی و دەوڵەتخوازیی کردە پردی پەڕینەی پرۆلیتاریا لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیزم؛ ئەوەی کە دواتر سۆشیال دێمۆکراتەکان بە پشتیوانیکردنی دەوڵەتان [وڵاتانی خۆیان] پێی خۆیان خستە نێو لیتەکەی و خەستربووەوە.

تایبەتمەندیی سەرەکی سۆشیال دێمۆکراسی بریتییە لە پێشمەرجکردنی گۆڕانی ڕامیاریی بۆ ڕودانی گۆڕانی کۆمەڵایەتیی *، کە خۆبەخۆ بۆچوونی مامۆستابوونی سۆشیال دێمۆکراتەکان – شاگردبوونی کرێکاران و دەستەبژێرگەری [ئیلیتگەری]، ڕێکخستنی قووچکەیی [پارتیی و سەندیکا قووچکەییەکان] و سەرەنجام پێداویستکردن و پیرۆزکردنی دەوڵەت و پابەندکردنی هاتنەدی سۆشیالیزم بە هەبوونی دەوڵەتی پارلەمانی، کەمێك جیاوازتر لە دەوڵەتی تاکپارتیی کۆمونیستەکانی [سۆشیال دێمۆکراتە چەپەکانی] دواتر، سەپاند و کردە نەریت.

سۆشیال دێمۆکراتەکانی خۆراوای ئەوروپا  ئەو بۆچوونە دیتێرمینیستیانەی کارل مارکس و ئەنجلس  پەیڕەودەکەن، کە پیشەسازیبوونەوە ** و خۆبەخۆیی قەیرانە ئابوورییە ناوبەناوەکانی سەرمایەداریی وەك خنکێنەر و گۆڕهەڵکەنی دەسەڵاتی بۆرجوازی وێنادەکەن، کە (ڤیلھێلم   لییبکنێشت  Wilhelm Martin Philipp Christian Ludwig Liebknecht ) وەك ئیدئۆلۆگی ئەو باڵە بە لوتکەی گەیاندن. هەر ئەو تێڕوانین و پێگەییشتنە تیئۆریی و کردەییانە بوون، کە ڕەوتی سۆشیال دێمۆکراسییان بەرەو  تێکۆشانی  پارلەمانی و پشتیوانی بەرەکانی جەنگ و “یەکێتی نەتەوە/ سەروەری بۆرجوازی” برد. لە بەرانبەردا باڵی چەپی سۆشیال دێمۆکراسی کە (لێنین) ئیدئۆلۆگی بوو و دواتر بە پارتییە کۆمونیستەکان ناسران، بۆ خۆجیاکردنەوە لە باڵی ڕاستی سۆشیال دێمۆکراسی، بۆ ئەو بۆچووانەی کارل مارکس و ئەنجلس هانایانبرد، کە لەنێو پەرەگرافەکانی (مانیفێستی کۆمونیست)  بردنی ھوشیاری شۆڕشگێڕانە بۆ نێو پڕۆلیتاریا/کرێکاران بە کۆمونیستەکان دەسپێرێت و بڕیاری شۆڕش بە ئەوان دەسپێرێت و ئەرکی دروستکردنی پارتیی و دەوڵەتی سۆشیالیستی و گەیاندنی کۆمەڵ بە کۆمونیزم بە کۆمونیستەکان دەسپێرێت، ھەروەھا توانەوەی پەشمەکئاسای دەوڵەتی دیکتاتۆر ھەر لەسەر بنەمای نیازپاکی ئەوان.

وەك مێژوو سەلماندنی هەر دوو باڵی سۆشیال دێمۆکراسی [پارلەمانیی و تاکپارتیی] وەك دوو دەست چەپڵەی مانەوەی سەروەریی چینایەتییان لێدا و تاکو ئێستاش سۆشیال دێمۆکراسی لە هەموو فۆرمەکانیدا هۆکار و یارمەتیدەی مانەوە و تەمەندرێژیی سیستەمی چینایەتییە و لە دەنگدانێکەوە بۆ دەنگدانێکی دیکە، خۆشباوەڕیی پرۆلیتێرەکان قوڵتەر و بۆگەنتر دەکات.

کورتەیەك لە مێژووی کارنامەی سۆشیال دێمۆکراسی لە ئاڵمانیا؛ منداڵدانی پەروەراندن و دایەنگەی یەکەمین پارتی سۆشیال دیمۆکرات

لەبەرئەوەی ئامانجی ئەم نووسینە شرۆڤەکردنی ھزر و بیرۆکەکانی سۆشیال دێمۆکراسی نییە لە سەد و پەنجا و سێ (١٥٣) ساڵی ڕابوردوو و ھەر ئاوا بەپێویستیشی نازانم بەنێو مێژووی ھۆکاری سەرھەڵدانی باڵی ڕاست و چەپ “لادەر و شۆڕشگێڕی” سۆشیال دێمۆکراسی ڕۆبچم و خۆم بە جیاوازییە ڕواڵەتییەکانەوە خەریکبکەم، چونکە ئامانجی من لەم نووسینە، فرەتر کۆکردنەوەی کۆمەڵێك بڕگەی مێژوویی ڕەوتی سۆشیال دێمۆکراسی و پارتیی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانیا و نیشاندانی ڕەھەندەکانی کارایی ھەڵوێست و ھەنگاوەکانی پارتیی سۆشیال دێمۆکرات و ئاراستەی سۆشیال دێمۆکراسییە لە ڕەوتی ڕووداوەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەدەی بیست، کە بریتین لە :

–  ساڵی ١٨٩٠ پارتیی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانیا دژی بانگەوازی مانگرتنی گشتی بوو  …***

– ساڵی ١٩١٤ پارتیی سۆشیال دێمۆكراتی ئاڵمانیا وەك پارتییە دەستە خوشكەكانی دیكەی نێو نێونەتەوەیی دووەم، بە پشتیوانیکردنی جەنگ و دەوڵەكانیان دەنگیدا ….. ***

– پاش جەنگی دۆڕاوی یەکەمی جیهانی پروسەكان (١٩١٤- ١٩١٨) و ڕاپەڕینی نۆڤەمبەری کرێکاران و شوراکانی سەربازان (١٩١٨/١٩١٩ باواریای ئاڵمانیا) پارتیی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانیا و یەکێتییەکانی سەر بەو ڕەوتە وەك دەستەبژێری دەسەڵاتخواز و سەروەر خۆیان سەپاند  …. ***

– لە ڕێکەوتننامەی ستینیس لێگیین Stinnes-Legien نێوان ئەنجومەنی نێوەندیی کار (ZAG) لەتەك خاوەنانی/داراكانی پیشەسازیدا سەرلەنوێ ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٢٤ گیانی سازشکارانەی تەبایی چینایەتی لەنێو یەکێتییە پاشكۆکانی پارتیی سۆشیال دێمۆكراتی ئاڵمانیا خۆی دەردەخاتەوە  … ***

– ساڵی ١٩١٩ لەتەك سەرکەوتنی پارتیی سۆشیال دێمۆکرات لەنێو کۆماری ڤایمەر Weimarer، ئیدی ڕۆژی ١ی ئایار کرا بە پشوو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی “ …. ***

– یەکەمین ساڵیادی ١ی ئایاری بە پشووکراوی ساڵی ١٩١٩ کۆماری شۆڕشگێڕی باواریا/ میونیخ (Münich) لەلایەن سوپا و فاشیستەکانەوە سەرکوتکرا، سەدان کرێکار کوژران. هەزاران زیندانیکران و بە کوشتن یا زیندانی هەمیشەیی سزادران. سۆشیال دێمۆکراتەكان لەترسی ئەوەی کە ساڵانی داهاتووش ئەو ڕۆژە دووبارەببێتەوە و ببێتە ڕۆژێکی خوێناوی پێکدادان لەتەك کرێکاران، لەبەرئەوە دەستبەجێ ئەو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی“یە هەڵوەشێنرایەوە  ….. ***

– ئەپڕیڵی 1920 فەرمانداریی سۆشیال دێمۆکراتەكان ڕێگەیدا، تاوەكو بە کۆمەکی ‌هێزی پارێزگاریی نیشتمانی (Reichswehr) و سوپای فاشیستی، ڕاپەڕینی کرێکارانی ناوچەی (Ruhrgebiet) کوشتوبڕبکرێت و پشتیوانی لە بکوژان کرد، واتە ئەو ‌هێزە سەربازییەی، کە “لەپێناو قەیسەر و نیشتمان” ڕاپەڕینی نۆڤەمبەری 1918 سەرکوتکرد، ھەر ئاوا سەرلەنوێ بە چاوپۆشی فەرمانداریی سۆشیال دێمۆکراتەكان، بزووتنەوەی دژە فاشیستانەی کرێکارانی لەنێو خوێن گەوزاند. ***

– ساڵی 1924بەدواوە خۆنیشاندانەکانی 1ی ئایار لەسەر شەقامەکان (لە دەرەوە) قەدەخەكرابوون، لەبەرئەوە ئەو ساڵانە هیچ شتێکی ئاوا ڕووینەدابوو. ساڵی 1929 لە بارێکی ئاوادا سەرۆکی پۆلیسی سۆشیال دێمۆكراتی بێرلین Zörgiebel بۆ بەرگرتن بە مانگرتنی ڕۆژی 2ی ئایار، کە پارتیی کۆمونیستی ئاڵمانیا (KPD) ڕایگەیاندبوو، خۆنیشاندانی 1ی ئایاری سەرکوتکرد. لە (بەرلین) پایتەختی پروس، لەوێ کە 1ی ئایار (بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکەی “دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمانیا”) ئەو ڕۆژە پشوو نەبوو، نزیکەی 8 هەزار کرێکار لە گەڕەکەکانی ڤێدینگ و نۆیکلین Wedding ، Neukölln خۆنیشاندانی 1ی ئایار بەرپادەكەن. هەرچەندە کە پارتیی سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمانیا تەنیا خوازیاری بەرپاکردنی کۆبوونەوەی نێو هۆڵەکان بوو، بەڵام سۆشیال دێمۆکراتێك کوژرا، تەنیا لەبەرئەوەی کە نەیویستووە دەستبەجێ پەنجەرە ماڵەکەی دابخات. Zörgiebel سەرۆك-پۆلیسی سۆشیال دێمۆکرات باری نائاسایی ڕاگەیاند و لە دوو ڕۆژی دواتردا هەموو خۆنیشاندان و کۆبوونەوەکانی مانگرتن بە چەکی قورسی وەك دۆشکە سەرکوتکرد. لەو كوشتوبڕەدا (30) کەس لە نزیکەی (25) هەزاری خۆنیشاندەری بێچەك کوژران و سەدان کەسیش بریندارکران. ***

– شالیاری کاری ئەو کاتی دەوڵەتی ئاڵمانیا تیۆدۆر لایپارت Theodor Leipart (دامەزرێنەری “دێمۆکراتی ئابووریی “ بۆرجوازی) کە ساڵی 1921بەدواوە سەرۆکی کۆنفیدراڵی گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمانیا (ADGB) بوو. بە دروشمەکەی “ڕێکخراو، خۆنیشاندان نییە!” لایپارت هەڵوێستی خۆپاریزانەی ناتوندوتیژی بەرامبەر نازییەکان نیشاندا و زۆریش تێکۆشا، تاوەکو بەرهەڵستی دژە فاشیستانەی کرێکاران سەرکەوتوو نەبێت. ***

– ساڵی ١٩٣٣پاش سپاردنی دەسەڵات بە سەرۆکشالیارانی “دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمانیا” ئادۆلف هیتلەر Adolf Hitler ، لایپارت هەوڵیدا تاوەکو یەکێتییەکانی ئاڵمانیا بداتە پاڵ “فەرمانداریی یاسایی” نازییەکان، بەڵام هەوڵەکەی ناکام مایەوە. ***

– 19ی ئەپڕیڵی 1933 وەك بەرەنجامی سازشکاریی سۆشیال دێمۆکراتەکان، کۆنفیدراسیۆنی گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمانیا ADGB ڕایگەیاند “ئەرکی سەر شانی ئەندامانی یەکێتییەکانە، کە لەنێو جەژنیی دەوڵەتیی ڕۆژی ئایار بەشداریبکەن”. کۆنفیدراسیۆنی گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمانیا لە دەوڵەت داوایکرد، کە “هێزی کار بەتەواوەتی ببێتە بەشێك لە دەوڵەت”ی پارتیی دیکتاتۆری ناسیونال سۆشیالیست (نازی). ڕۆژی 1ی ئایاری 1933 بەکردەوە بەشێکی ئەندامانی یەکێتییەکان لەتەك نازییەکان ڕێپێوانیانکرد. وەك بەرەنجامی سازشکارییەکانی سۆشیال دێمۆکرات لە بێرلین لەبەردەم یەك ملیۆن ئاڵمانی-زمان هیتلەر ڕایگەیاند “سیمبولی تێکۆشانی چینایەتی و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام، دیسانەوە دەبێتەوە بە سیمبوڵی یەکێتی باڵا و سەرنجڕاکێشی نەتەوە”. ***

– ڕۆژی ٢ی ئایاری ١٩٣٣ نازییەکان بەهۆی “ کۆمیتەکانی چالاکی بۆ پاراستی هێزی کاری ئاڵمانی– Aktionskomitee zum Schutze der deutschen Arbeit” کۆمەڵە کرێکارییەکان و بنکە و پارەی یەکێتییەکان دەستبەسەرکران و خودی سەرانی سازشکاری یەکێتییەکان (وەك تیئۆدۆر لایپارت) لە “ زیندانی چاودێریی” ئاخێنران و ئەشکەنجەدران و هەندێکیان کوژران. ***

– پاش ڕوخانی دەسەڵاتداریی نازییەکان لەلایەن ھێزی لەشکریی ھاوپەیمانان، پارتیی سۆشیال دێمۆکرات وەك پێشینەی ١٩١٤-١٩٣٢ کەوتەوە پارەلەمانبازیی و خۆشباوەڕکردنی پرۆلیتێرەکان بە گەییشتنی ئاشتییانە بە سۆشیالیزم و دواجار  لادانی دێوجامەی ناچاریی و زیاتر داکۆکیکردن لە پارلەمانتاریزم و سیستەمی چینایەتی زیاتر لە پارتییە ڕاستڕەوەکان و لەم ڕۆژگارەدا ئیدی مەگەر وردبینی تایبەت و خۆشباوەڕانە بتوانێت لەنێوان پارتیی سۆشیال دێمۆکرات و پارتییە ڕاستڕەوەکان، جیاوازی بدۆزێتەوە. ***

– ساڵی 19٩1بەدواوە لە هەندێك شاری ئۆروپی ڕێپێوانی “ڕۆژی ئایاری ئۆروپا– EuroMayday ” وەك ئەڵتەرناتیڤی ڕامیاریی بۆ جەژنە شەقامییەکانی کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمانیا DGB بەرپادەرکرێن. ***

سۆشیال دێمۆكراتەكانی ھەرێمی كوردستان

– سۆشیال دێمۆكراتەكانی ھەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە پێشینەی پارتایەتی و ڕەوتی سازشكارانەی سۆشیال دێمۆكراتەكان ١٩١٤-٢٠١٢ كەوتنە ھەوڵدان بۆ كاڵكردنەوە و دابڕاندنی مێژووی ڕۆژی یەكی ئایار لە خەڵكی ھەرێمی كوردستان بەتایبەت ئەو ناوچانەی كە ڕۆژگارێك بزووتنەوەی سۆشیالیستی و كۆمونیستی لەوێ بەھێز و كۆمەڵایەتیی بووە؛ یەكێك لەو ناوچانە ناوچەی ھۆرامانە، كە لەجیاتی ئاوەدانكردنەوەی وەك وێرانەی ڕاگواستنی گوندەكان و وێرانەی جەنگی عیراق-ئێران و وێرانەی جەنگی نێوخۆیی نێوان پارتییە دەسەڵاتدارەكان (پدك) و (ینك) و دواتر دەسەڵاتدارانی ھەرێم و ھێزە ئیسلامییەكان، كە بەرھەمی جەنگی نێوخۆ و ھەر ئاوا بەرھەمی ڕامیارییەكانی دەسەڵاتداران بوون، بۆ دواخستن و وێرانكردنی ناوچەیەكی ئاوا کە ڕۆگارێك نشینگەی سۆشیالیست و كۆمونیستەكان بوو، پاش ئارامبوونەوەی بار و دۆخەكە، دەسەڵاتدارانی سۆشیال دێمۆكراتی ناوچەی دەسەڵاتداریی سەوز كەوتنە ھەوڵی سیناریۆسازیی بۆ كاڵكردنەوەی ڕۆژی یەكی ئایار و بەرپاكردنی فیستیڤاڵێكی پارتیییانە[ینک’یانە] ھەموو ساڵێك بەناوی ” فیستیڤاڵی ھۆرامان” لە سەروبەندی ڕۆژی یەکی ئایار، کە ئامانجیان گرنگیدان بەو ناوچە و کولتوور و ھونەر و ئەدەب و مێژووی نەبوو، بەڵکو تەنیا پەیداکردنی ئامرازێك بوو بۆ کاڵکردنەوە و لەبیربردنی ڕۆژی یەکی ئایار وەك سیمبولی تێکۆشانی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان، کە لە ساڵی ١٩٥٧ لەوێندەرێ پێشینەی ھەبووە.

– ئەم ساڵ سۆشیال دێمۆكراتە كرێكاركوژەكانی كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە،  وێرای ئەوەی كە لەلایەن فەرمانداریی ھەرێمی كوردستان ڕۆژی یەكی ئایار پشووی فەرمییە و ئەو فەرمیبوونەش بارەتەقای سۆشیال دێمۆكراتەكان و فەرمانداریی بۆرجوازی ھەرێمی كوردستان نییە و بۆ سەردەمی بەرەی (حشع) و (عەبدولكەریم قاسم) و دواتر بەرەی ھاوبەشی (حشع) لەتەك (بەعسییەكان) وەك پاشكۆییەكی بلۆكی ڤارشۆ دەگەرێتەوە.  ئەم ساڵ دەسەڵاتدارانی سۆشیال دێمۆكرات و نەوشیروانییەكان بە پاساوی قەرەبووكردنی خوێندن كەوتنە دنەدانی زانكۆكان بۆ پشوونەكردنی ڕۆژی یەكی ئایار و ساڵ بە ساڵ دەیانەوێت ئەو ڕۆژە لە کڕۆکە چینایەتیی خاڵیبکەن و دواجار وەك ڕۆژێکی  ناکارا بیکەنەوە بە ڕۆژێکی ئاسایی کاردن، ھەر ئاوا کە لە ئەمەریکای سەرتۆپی پارلەمانبازیدا ئەو ڕۆژە پشوو نییە.

—————————————————

سەرچاوە:

* بەرنامەی سۆشیال دێمۆکراسی پەسەندکراوی کۆنگره‌ی ڕۆژانی  ٧-٩ی ئۆگوستی ١٨٦٩ ئایزناخ  Eisenach

** کۆمونیستەکان بەتایبەتی بایەخ ئەدەنە ئەڵمانیا چونکە وا لەپێش قاپیی شۆڕشیێکی بۆرژوادا لە شەرایەتیێکدا ئەم شۆڕشە بەرپادەکات کە شارستانیی ئەوروپایی تیێدا زۆر پیێشکەوتووترو مەزنترە، پرۆلیتاریاش زیاتر لە پرۆلیتاریای چەرخی حەڤدەھەمی ئینگلتەراو لە پرۆلیتاریای چەرخی ھەژدەیەمی فەرنسا لە پیێشترو پیێشکەوتوترە…دواجار شۆڕشی بۆرژوای ئەڵمانیا دەبیێتە سەرەتاو پیێشەکی راستەوخۆی شۆڕشیێکی پرۆلیتاریا  [مانیفێستی کۆمونیست لاپەڕە ٨٣-٨٤] چاپی سێیەم، وەرگێرانی جەلال دەباغ

** لەئەڵمانیا پارتی کۆمونیست بەھاوکاری لەگەل بۆرژوا دا خەباتدەکات چونکە ئەم بۆرژوایە لەدژی رژێمی پاشایەتی زۆردار لە دژی موڵکایەتی دەرەبەگیی عقاری و لەدژی وردەبۆرژوازی کۆنەپەرست چۆتە کۆڕی خەباتی شۆڕشگیێڕییەوە [مانیفێستی کۆمونیست لاپەڕە ٨٣] چاپی سێیەم، وەرگێرانی جەلال دەباغ

*** ئەو بەشانە لە کورتە مێژووی ڕۆژی یەکەی ئایار  نووسین و ئامادەکردنی http://anarchosyndikalismus.org وەرگیراون.

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: