ئایا دەکرێت ئەم سیستەمە لە ڕێگای ریفۆرمەوە چاكبکرێت؟

10/05/2022

پێش هاتنە سەر باسەکە دەبێت ئەوە بڵێێم بە هەزاران پەرتووك و توێژینەوە و وتار لەسەر ئەم بابەتە نوسرەاون و بە دەیەهاش بڕوانامەی دکتۆرای لەسەر وەرگیراوە.  لەبەر ئەوە ئەم نوسینە نەك ڕەنگە جێگای ڕەزامەندی گەلێك نەبێت، بە دڵنیایییشەوە مایەی قەناعەتکردن بە هیچ کەسێکیش نییە بەڵام دەکرێت پرسیار لای خوێنەر بورووژێنێت.

هەمیشە سێ جۆر تێڕوانینی جیاواز هەبووە بەرانبەر بە سیستەمی مەوجوود. تێڕوانینی یەکەم کە تێڕوانینێکی باو و سەردەمیانەیە نوێنەرایەتی ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە  گۆڕانکاریی ڕەت دەکەنەوە و ڕادەستی سیستەمەکە بوون. تێروانینی دووەم دەزانن کە ئەم سیستەمە کەم و کوڕی هەیە و بەڵام تا ئێستا ئەمە باشترین سیستەمێکە لای ئەمان کە بەشەرییەت بە خۆیەوە دیوە. بە ڕای ئەمان  دەکرێت بە بەردەوامی لە نێو هەناوی خۆیدا ڕیفۆربکرێت و باشتر ببێت.  بۆ ئەمەش باوەڕيان بە هەڵبژاردن و گروپی فشاریی و جۆرە چالاکییە چاکسازییەکان هەیە ، کە دەتوانین ناوی لایەنی ڕیفۆرمیستیان لێبنێین.  لایەنی سێیەم کە کەمایەتییەکی زۆر کەمن و لە لایەن زۆرینەوە بەڵگە و پاساوەکانیان ڕەتدەکرێتەوە ، ئەمانەش ئەو کەس و لایەنانەن کە باوەڕیان بە گۆڕانکاریی سەرەکی/ بنەڕەتیی واتە هەڵتەکاندنی تەواوی سیستەمەکە و گۆڕینی بە سیستەمێك کە کۆمەڵی  ناچیانیەتی و ناپلەبەندییە.

من خۆم لە لایەن و کۆمەڵی سێیەمدا دەبینمەوە.  ڕەنگە نەتوانم جێگرەوەیەکی دروست بخەمە بەردەمی هەموو ئارگویمێنیتکەران چونکە کەسێك نییە کە بتوانێت گوزارشت لە کۆمەڵی ئایندە بکات جگە لە پێشبینی ئەوەی کە مرۆڤایەتی ناکرێت هەتا هەتایە لە سای ئەم سیستەمەدا ژیان بکات بە ڕیفۆرمیش ئیسڵاح ناکرێت.  بەڵام دەتوانم بە بەڵگەو بە ئامارەوە  گوزارشت لە باش و خراپی کۆمەڵ و سیستەمی سەردەم بکەم .

هاوکاتیش گرانە بۆ من کە قسە لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و کەنەدە بکەم، بەڵام بۆ قسە لەسەر بریتانیا گرفتێك لەوێدا نابینم.

بریتانیا کە خاوەنی یەکەم شۆڕشی پیشەسازی و دایکی سیستەمی پەڕلەمانی جیهانی و یەكێكە لە وڵاتە گەوەرکان کە کۆڵۆنایزی گەلێك و ڵات و نەتەوەی کردووە ، هەر ئاواش دووم یا سێیەم وڵاتی ئەوروپا و شەشەم وڵاتی دونیاییە لە دەوڵەمەندی  و پێشکەوتنی پیشەسازیییەوە،  دەکرێت نموونەی زیندوو و واقیعیمان بداتە دەست لە ژیانی کۆمەڵەکەی و ئاراستەو بەردەوامبوونییەوە. 

من لەم نوسینەدا هەوڵدەدەم زۆرێك لە لایەنەکان و دەزگە خزمەتگوزارییەکان و ژیانی خەڵکەکەی هەر زۆر بە کورتی  بە ئامار و بەڵگەوە بخەمە بەردەم ئەوانەی کە ئەم وتارە دەبینن تاکو، گەر بیانەوێت، ژیان لە سای سیستەمەکەدا وەکو خۆی ببینن.

یەکەم: ژیان بە گشتی لە بریتانیا: ژیان لێرە ڕۆژ بە ڕۆژ گران و گرانتر دەبێت .  گرانییەك کە بریتانیا لە دوای حەفتاکانەوە و هەندێك لە توێژەرەوانی بواری ئابوریی دەڵێن لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، ئەم وڵاتە نەیدیوە بە خۆیەوە.  من لە زۆرێك لە پۆستە فەیسبووکییەکانما و لە نوسینەکانی دیکەمدا باسم کردووە. کەلێنی نێوانی سەرمایەداران، سامانداران لەگەڵ خەڵکەکەی تردا لە گەوەرەبوندایە، داهاتی خەڵکی لە داکشاندابووە زۆر لە پێش شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە.  پێش شەڕەکە  بانقی ناوەندی بریتانیا ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2023 دا داهاتی خەڵکی دەگەڕێتەوە ڕادەی داهاتی ساڵانی پێش 2010 وە، واتە پێش قەیرانە داراییەکە.  بی گومان لە ئێستادا دەتوانین بڵێین  بە هۆی ئەم جەنگەوە لە ساڵی 2023 دا ئەمە ڕوونادات.  هەندێك لە ئابووریناسەکان دەڵێن لە ساڵی 2030 دا داهات بە داهاتی پێشس سەردەمی قەیرانی دارایی 2008 ڕێکدەبێتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم ڕۆژانە کە ڕاپرسی لەسەر کراوە لە بریتانیا 2 ملیۆن خەڵکی پێگەیشتوو [ڕوشد] ناتوانن کە هەموو ڕۆژێك خواردن بخۆن بە هۆی گرانییەوە، واتە هەر لە 7 کەسی ڕوشد یەك کەس . ئەم گرفتە لە مانگی جێنیوەری ئەمساڵەوە بە بڕی لە سەدا 57 زیادی کردووە .

وەزیرەکان بۆ حەلی ئەم بارودۆخە ناهەموارە چارەسەری سەیر سەیریان پێیە بۆ نموونە وەزیری هاتوچۆ پێشنیاری ئەوە دەکات کە پشکنینی ساڵانەی سەیارە ببێتە هەر دوو ساڵ جارێک گوایە ئەمە بۆ هەر سەیارەیەك 23 پاوەند دەگێڕیتەوە، بێ گویدانە پرسی سەلامەتی ڕێگاوبانی هەموان.  وەزیری پەروەردە، نەدیم زەهاوی، کە کوردە پێشنیاری ئەوەی کردووە کە ساڵێك زووتر منداڵ لە قوتابخانە وەرگیرێت و تەمەنی چوونە قوتابخانە نزمبکرێتەوە، گوایە ئەمە پارەی ساڵێكی دایەن و دایەنگا بۆ  دایکان و باوکان دەگێڕێتەوە.

لە ساڵی 2010 و تاکو ئێستا حکومەت بە بڕی لە سەدا 60 بودجەی شارەوانییەکانی کەمکردۆتەوە ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی سێنتەری گەنجان، کتێبخانە گشتییەکان، کەمکردنەوەی پاسە لۆکاڵییەکان و گۆڕینی ڕێڕەویان، کارایی لەسەر ریسایکلین داناوە هەروەها لەسەر هونەر و کولتوریش.

کەلێنی نێوانی توێژاڵی دەستەبژێر [ ئێلیت] و کرێکاران  بە ڕادەیەکی ئێکجار زۆر فراوانتر بووە.  بە گوێرەی توێژینەوەیەك و ڕاپرسییەك کە ساڵێك زیاتر پێش لە ئێستا کراوە ژمارەی جێ بەجێەکەرانی هەندێك لە کۆمپانیاکان [ بەڕێوەبەرە گەورەکان] کە 350 کەسن بڕی موچەیان 53 جار ز یاترە لە کرێکارێکی ئاسایی. لەم ژمارەیە 43 بەڕێوەبەریان موچەیان 100 جار زیاترە لە کرێکارێکی ئاسایی.  موچەی ساڵانەیان لە 15.5 ملیۆن پاوەندەوە تا دێتە سەر 8 ملیۆن، ئەوەیان کە موچەی لەوانی دیکە زیاترە جێ بەجێکاری کۆمپانیای ئەسترا زینیکە-یە.   

دووەەم:  وزەو سووتەمەنی: غاز و کارەبا و بەنزین و گازۆیل بە گشتی لە هەموو ئەوروپا بەرزبوونەتەوە بەڵام لە بریتانیا بە ڕادەیەکە کە جێگای باوەڕ نیە.  لە سەرەتای مانگی نیسانەوە غاز بە ڕێژەی لە سەدا 54 چوەتە سەرەوە و لە مانگی ئۆکتۆبەریشدا دووبارە سەردەکەوێتەوە لەبەر ئەوەی کە بڕیارەکەی حکومەت لە سەر دانانی نرخی غاز بەسەر دەچێت  و ئەو کاتە کۆمپانیاکان لە بەرزکردنەوەیدا ئازاد دەبن.  ئەمە لە کاتێکدا کە بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم چەند ڕۆژە کۆمپانیای پیترۆلی بریتانی لە ماوەی  3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا  5 ملیار پاوەندی قازانج کردووە کە دووقاتی ساڵانی پێشووە بۆ هەمان ماوە، 3 مانگ.  هەر ئاواش کۆمپانیای ‘ شێڵیش’ ش بۆ هەمان ماوە 7.3 ملیار پاوەندی قازنج کردووە. نرخی بەنزین و گازۆیل لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا 30 پێنس زیادی کردووە . 

ڕاستە بەشێكی گرانبوونی ئەمانە و سەراپای پێداویستییەکان هاتنە دەرەوەی بریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا و بوونی شەڕەکە و بەردەوامبوونێتی. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانەش نەبوایە ژیان ساڵانە سەختتر دەبێت .  هەڵئاوسانی پارە لە مانگی ئازاردا لەسەدا 7  بوو کە زیاترە لە 30 ساڵ لەمەوبەر و وا پێشبینی دەکرێت کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا سەرکەوێت بۆ لەسەدا 10.  هەموو ئەمان لانی کەم داهاتی ساڵانەی خێزانێکی ئاسایی بە بڕی 1500 پاوەند دابەزاندووە.

ڕاستییەك هەیە کە ڕێژەی بێ کاریی زۆر نزمە بەڵام ئەوە بە هۆی ئەوەوەیە کە خەڵکێکی زۆر ناچارن کارێك بکەن کە کرێیان لە خوار لایەنی کەمی کرێوەیە، نزیکەی ملیۆنێك کەسیش وێڕای کارکردنیان بەڵام موچەیان ئەوەندە نزمە بە یارمەتی سێنەتەرەکانی خواردن بەخشینەوە دەژین.  ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو لەوانەی کە کار دەکەن لەسەر سیستەمی زیڕۆ کۆنتراکت-ن واتە بێ گرێبەستیی و هیج جۆرە مافێکیان لە پارەی نەخۆشی و نەخۆشی منداڵیان و  هۆڵیدەیی و خانەنشینیەوە نییە ، هەموو چرکەیەکیش خاوەنکار بۆی هەیە دەری بکات و ئەمڕۆ کاری پێدەکات و بەیانی نایەوێت.  هاوکاتیش خەڵکێکی زۆر خۆیان تۆمار کردووە کە کار بۆ خۆیان دەکەن تاکو لە فشار و هەراسانکردنی دەزگەی سۆشیال ڕزگاریان بێت و هیچ نەبێت  یەك دوو دانەیەك لەو بیمانەی کە وەری دەگرن بەردەوام بێت.

سێیەم : بەشی تەندروستیی: لە ماوەی ئەم 30 ساڵەی دواییدا هەموو کارئاساییەك بۆ کردنەوەی خەستەخانە و عیادەی تایبەت کراوە تا ڕادەی فەرامۆشکردنی هەندێك بەشیان.  هەندێك لە بەشەکانی خەستەخانەکانیش وەکو بەشی چارەسەری کتوپڕی و بەشی منداڵبوون کە کاتی خۆی لە هەموو خەستەخانەیەکدا هەبوون ئەوە چەند ساڵێکە کە هەر بە سێ خەستەخانە یەکێك لەو بەشانەی تێدایە . بەشی ئیسعاف و فریاکەوتن کەرتی دەوڵەوتی و کەرتی تایبەتی بە هاوبەشی بەڕێوەی دەبەن.  کەرتی تایبەتی لەمەدا پارەیەکی خەیاڵی بەدەست دەهێنێت.  لە سەر و 6 ملیۆن کەس لە ئینگلەنددا ، لە لیستی چاوەڕوانی خەستەخانەدان بۆ وەرگرتنی چارەسەر.  خەستەخانەکان نزیکەی 5 هەزار دکتۆر و 40 هەزار نێرسی دیکەیان پێویستە.  زۆر جار نەخۆش لە بەشی ئیمێرجنسی 24 کاژێر و هەندێك جاریش 48 کاژێر چاوەروان دەکات تاکو بگوێزرێتەوە بۆ قاوشەکان ، هەندێکیش کە داوای ئیسعاف دەکەن چەند سەعاتێك چاوەڕانی دەکەن تا ئیسعاف دەگات.

لە بواری دانسازیشدا ورەدە وردە لە سای حکومەتی موحافیزین و حکومەتی لەیبەردا زۆرێك لە عیادەکان کرانە کەرتی تایبەتی. لە ساڵی پارەوە زیاتر لە 2000 دکتۆری ددان کەرتی دەوڵەتییان بەجێهێلاوە ، ژمارەیان 23،733 دکتۆر بووە لە کۆتایی ساڵی 2020 و دابەزیوە بۆ 21،544 . لە ئێستادا وا خەمڵێنراوە کە 4 ملیۆن کەس لە بریتانیا بێ دکتۆری ددانن.  لە هەندێك ناوچەدا بۆ 100،000 کەس تەنها 32 دکتۆری ددان هەیە.

چوارەم: پرسی خانووبەرە و بێ جێگا و ڕێگایی:  کێشەی خانووبەرە و بێ جێگایی  و بێ ڕێگایی لە ساڵی 1979 وە کە مارگرێت تاچتەر هاتە سەر حوکم ئەم گرفتە لە گەورەبوون و فراوانبوودایە . هۆکاری سەرەکی بۆ ئەمە دروستنەکردنی ژمارەی خانوی تەواو بوو لە لایەن حکومەتی موحافیزینەوە، هاوکاتیش تاچتەر یەكێك لەو ڕیفۆرمانەی کە کردی سیاسەتی Right to Buy  بوو واتە مافی کڕین.  بۆ پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ئەو کەسانەی کە لە خانوەکانی شارەوانی و خانوەکانی جەمعییەکانی خانووبەرەدا دەژییان، مافی کڕینی خانوەکەیان پێدارا بە داشکاندنی 15 هەزار پاوەندی ئەو کاتە .  لە ساڵی 2015 دا ئەم برە پارەیە واتە خەڵاتە بەرزبووەوە بۆ 50 هەزار پاوەند. بێ گومان ئەم سیاسەتە نەك هەر وای کرد کە  ژمارەی ئەو خانوانە کەمببێتەوە و سەرەی دەستکەوتنیان بچێتە سەرەوە و بەڵکو ئەمە دانیشتوانی خانووەکان بوونە خاوەن خانوو و بەستنیەوە بە خاوەنکارەوە کە لە کاتی مانگرتندا جاران یەک جار بیریان لێکردبێتەوە ئێستا دەبێت جەند جارێك بیر لە مانگرتن بکەنەوە چونکە بە مانگرتنیان یانی بێ پارەییان ، ئەمەش یانی نەدانی سلفەی عەقارەکەیان بە نەدانیشی لە لایەن بانقەوە دەست بەسەر خانووەکەدا دەگیرا.  هاوکاتیش بانقی پێ دەوڵەومەندتر کرد بە هێنانی سلفەوەرگری زیاتر بۆ کڕینی خانووەکانیان.

بێ گومان هۆکاری دیکەش هەن بۆ ئەمە هەر وەکو کەمکردنەوەی بیمەی خانوو کە لە لە کاتێکدا دانیشتوان کاریان بکردایە، هاتنی خەڵکی زۆر بۆ ئەم وڵاتە و کڕینی خانوویەکی زۆر لە لایەن نەك هەر دەوڵەمەندەکانی ناوخۆ بەڵکو دەوڵەمەندەکانی شوێنەکانی تریشەوە وەکو دەوڵەمەندانی وڵاتانی کەنداو.  ئەمانە هەموی کارایی خۆی لەسەر زیادکردنی کەسانی بێ خانوو و ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان شەو و ڕۆژ بەسەر دەبەن دانا.  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ڕێژەی ئەوانەی کە لە سەر شەقامەکان دەژین لە ساڵی 2010 وە تا ئەمساڵ بە ڕێژەی لە سەدا 38 زیادی کردووە.

پێنجەم: منداڵان لە سای حوکمی لیبراڵدا: لەم کۆمەڵە بەناو مەدەنییەدا منداڵان و ژنانی تەنهاباڵ [ واتە هەر خۆی لە تەك منداڵەکانیدا دەژی]  و کەمئەندامان و خانەنشینان گەورەترین باج دەدەن.  لێرە بە گوێرەی ڕاپۆرتی فەرمی نزیکەی 3 ملیۆن منداڵ لە هەژاریدا دەژین ، بە هاتنی ئەمساڵیش 350 هەزار منداڵی دیکە لەو لیستەدا ناونوسکران . خراپی ژیان و گێرمە و کێشەکانی، ژیانی خێزانی هەڵوەشاندۆتەوە  و ئیدمانبوونی زۆرێك بە مادە هۆشبەرەکان و خراپ مامەڵکردنی منداڵان تا ڕادەی لاقەی جنسی کە بەشێکی لە لایەن خودی خێزانەکە و دەور و بەرە نزیکەکەیانەوەیە، هەموو ئەمانە وای کردووە کە زۆرێك لەم منداڵانە کە ژیانێکی زۆر خراپیان هەیە یاخود مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت ببرێنە بەشی خزمەتگوزاری سۆشیال یاخود شوێنی بە ئاگابوون لە منداڵان .  بەڵام هەندێك لەم منداڵانە لە  تەمەنی مێردمنداڵییاندا ڕووبەڕوی گرفتی گەورەی وەکو مادە هۆشبەرەکان و شەڕ و چەقۆ وەشاندن دەبنەوە ئیتر دەنێرێنە شوێنێك کە پێی دەڵین Custody [ بەشی ئاگالێبوون – ڕیعایە] هەم بۆ گەورەکردن و هەم بۆ پەروەردەکردنیشیان بۆ ڕزگارکردنیان لەو گرفتانەی کە هەیانە.

بە گوێرەی راپۆرتی دیوانی محاسەبەی نیشتمانی [The National Audit Office ] کە لە ساڵی 2021 دەریکرد دەڵێت نیوەی لەسەدا 53 ئەو منداڵانەی کە لە بەشی کەستەدی-ن لە گروپە ئیتنیکییەکانن . پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ژمارەی ئەوانەی کە لە کەستەدین لە ساڵی 2024 دووقات ببێتەوە.

هەفتە نییە لە شارێک لە شارەکانی بریتانیا چەندەها کەس  بە چەقۆ یاخود گولە نەکوژرێن لە ژن و گەنج و تا دەکاتە پیرە پیاو و پیرێژن ، بەشێك لەمانە مێردمنداڵانن کە بە هۆیەك لە هۆکارەکان ئاڵاون لە مادە هۆشبەرەکانەوە و لە لایەن گەوەرەکانی دەڵاڵ و قاچاخچی ئەو مادانە، ئەو منداڵانە بەکاردهێنرێن. بە گوێرەی ئامارێکی نوێ تاوانکردن بە ڕێژەی لە سەدا 14 سەرکەوتووە. کوشتنی ژنان لە لایەن مێرد و برادەر و کەسانی ناسیاویانەو ڕووداوێکە کە هەفتانە لانی کەم دوو ژن دەبنە قوربانیی.

شەشەم: دیمۆکراتیی و ئازادیی:   کە باس لە دیمۆکراتی دەکرێێت وادەزانرێت هەر هەموو دەزگەکان لە هەموو بوارەکاندا بە هەڵبژاردنە بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هەڵبژاردنە تەنها بۆ ئەندام پەرلەمان و ئەندامانی شارەوانییە کە نە نوێنەرایەتی گەل دەکەن و نە نوێنەرایەتی کۆمۆنێتییەکە بەڵکو نوێنەرایەتی دەنگدەران دەکەن .  ئەوەی کە گرنگە بە هیچ شێوەیەك دەنگی لەسەر نادرێت کە ئەویش ئەو سیاسەتە سەرەکیانەیە کە حکومەت دەیکێشێت بۆ نموونە لە دروستکردنی شەڕ و داگیرکردنی وڵاتانی دیکە ، بڕین و کەمکردنەوەی بیمەکان ، فرۆشتنی خانوەکانی شارەوانی ، دانانی یاساو ڕیساکان ، کەمکردنەوە و زیادکردنی باج و دانانی ڕاوێژکارەکانیان . لە لایەکی تریشەوە دانانی دادوەر و سەرۆکی پۆلیس  و دەزگە سیخوڕییەکان و سەرۆكی بانق و  بەڕیوەبەرە گەورەکانی کۆمپانیاکان و دەزگەکانی دیکە بە دەنگدان نییە.

سەبارەت بە ئازادیی-ش لەم وڵاتەدا هیچ جۆرە ئازادییەك نییە کە کاراییەکی کەم لەسەر سییاسەتی دەوڵەت دابنێت تەنانەت ئەو گروپە فشاریانەش کە دروستدەبن بە هەموو شێوەیەک لەژێر چاودێری پۆلیس و دەزگەی سیخوریدان. پۆلیس لەم وڵاتەدا دەسەڵاتی رەهای هەیە ، ئازادیی نییە لە خۆپیشاندان و پرۆتێست و مانگرتندا.  کەسە چالاکە نقابییەکان یا چەپەکان و سۆشیالیست و ئەنارکستەکان لەژێر جاودێری سەر و مڕی پۆلیسدان لە کات داواکردنی ئیش دا یاخود گواستنەوە بۆ ئیشێکی تر شوێنی کاری تازە بەهۆی پۆلیسەوە کونییەی کەسەکەی لە لایە و بەو شێوەیەش ئەو کەسە لە وەرگرتنی کارەکە مەحروم دەبێت .

هەر لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە بۆ نزیکەی 40 ساڵ زیاتر دەزگە سیخوڕییەکان و پۆلیس چاودێری 1150 گرپی چەپەکان کردووە و چوونەتە ناویانەوە.  لەم ماوەیەدا 131 پۆلیس تێکەڵاوی گروپەکانی ژینگە و چەپەکان و ئەنارکیستەکان بوون بۆ سیخوڕیکردن بەسەریانەوە.  ئەمەش لە سەرەتای ئەم چەرخەوە دەرکەوت و ئێستا پاش داوا قەیدکردنی ئەو کچە گەنجانەی کە پێیان هەڵەخەڵەتان و منداڵیان لێدروستکردن و دواتر خۆیان ون کرد ، لە سەریان لە پارەکەوە  لیپرسینەوە و لەگەڵ پۆلیس و بەرپرسانیان بۆ ئەم مەسەلەیە دەکرێت. هێشتا ئەو لێکۆڵینەوەیە بەردەوامە و دووبارە بۆ بەشێکی دیکەیان لە ڕۆژی سێ شەمەوە، 09/05/ وە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردۆتەوە.

من پێشتر بە دەیەها بەڵگە و ئامارەوە بە وتار و پۆستی فەیسبوکی ئەمەم خستۆتە بەردەم خوێنەر.

حەوتەم: گەندەڵی و  ڕسوایی [ فەزیحە]: ئەو گەندەڵییەی کە لەم وڵاتەدا هەیە وێرای هەبوونی  میدیا و سۆشیال میدیایەکی چالاك و لایەن و دەزگەی وەچ دۆگ و هۆشیاریی خەڵکەکە لەم وڵاتەدا هەیە، رەنگە ئەم گەندەڵییە هەر لەو وڵاتانەدا هەبێت کە کاتی خۆی کۆڵۆنی بریتانیای عوزما بوون وەکو عێراق و پاکستان و هیندستان و نایجیریا و …  بەڵام تەنها جیاوازییەکە لێرە و لەوێ بە یاساییکردنی دزی و گەندەڵییە بەناوی کردنی لۆبیی-یەوە.  من لەسە رئەمە لە ساڵی 20111 دا وتارێکی دوور و درێژم نوسی بەڵام لەو کاتەوە گەندەڵییەکان زیاتری کردووە نەك کەمتر وەکو کڕینی خەڵاتی مەلیکە کە حیزبەکان بە تایبەتی حیزبی موحافزین کەسەکان هەڵدەبژرێت، کڕینی پلەی نۆبڵ و Sir خاتوون / خانم  و پایە ی حکومەیی، وەرگرنتی کۆنتراکت و قۆنتەرات ، بە تایبەت لەو کاتەوەی کە پەتای کۆرۆنا سەری هەڵداوە بە دەیەها ئابڕوچوون و گەندەدڵی لە حکومەت دەرکەوتووە.

هەشتەم : پرسی ژینگە: باوەڕ ناکەم کەس بتوانێت بەرگریی لە سەلامەتی ژینگە کە سەلامەتیی هەموو گیانلەبەر و زیندەوەرێكە بە مرۆڤیشەوە لە سای ئەم سیستەمە و دەوڵەتەکانییەوە لە هیچ  شوێنیکی ئەم دونیایەدا بکات و ژینگەش پارێزراو بێت .  ڕووداوە سروشتیەکانی وەکو سەرکەوتنی پلەی گەرمیی تا ڕادەی ئاگرکەوتنەوە و وشککردنی هەموو شتێك وەکو چۆن پارەکە لە کوردستاندا ڕویدا ، لافاو و تۆفان ڕوداوێکن کە بە بەردەوامی ڕوودەدەن و ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر و بە دەوامتر ڕوودەدەن.  باوەڕ ناکەم کەسێك هەبێت نکوڵی لەمە بکات .  ئەم بارودۆخەش مرۆڤ کردە نەك خوا کرد، سەرەنجامی سیستەمی چیانیەتی و باڵادەستی و سەروەریی و بزنسە و دەوڵەت ناتوانێت لغاوی بزنس و تەماحی کەڵەکەی زیاتری سەرمایە بکات و ژمارەی سامانداران مەحف بکاتەوە لەبری زیاترکردنیان. .

ئەنجامگیریی

من لێرەدا لەو کەسانە پرسیار دەکەم کە لەم وڵاتە و وەکو ئەم وڵاتەدا دەژین کە ئەگەر ئەم هەموو گیروگرفتەی هەبێت و ساڵ بە ساڵیش خراپتر دەبیت ئایا دەکرێت  ئومێدی ئایندەی باشتری لیبکەیت؟ دوای ئەوەش لەو کاتەوەی کە من لەم وڵاتەدا دەژیم فرمانداریی هەر سێ حیزبە سەرەکییەکە : پارتی موحافیزین ، پارتی کرێکاران [لەیبەر] پارتی لیبراڵ دیمۆکرات هەر هەموویانمان بینی لەگەڵ پارتی سەوزی ئەڵمانی کە جیراڵد شرۆدە-ی سەرۆکی پارتی سەوزی ئەوێ  بووە چانسلەر، ئێستا سەرۆکی پرۆژەی Nord Stream  ئەندامێکی چالاکی بۆردی Gazprom یشە.   ڕاستە ‘پارتی کرێکاران’  لێرە [ بریتانیا] کە هاتە سەر حوکم چەند ڕیفۆرمێکی کردووە وەکو زیادکردنی بیمەی منداڵان و دانانی جۆرێکی دیکە لە بیمە بۆ هاوکاری زیاتری ئەوانەی پێویستیان پێیەتی و بەرزکردنەوەی بڕێکی کەم لە داهاتی خانەنشینان بەڵام هاوکاتیش سسیتەمی کاری هاوبەشی کەرتی دەوڵەت و کەرتی تایبەتی دانا، فرۆشتنی خانووەکای شارەوانی زیاتر کرد ، بەپشتی دەوڵەتی ئێرە ئەمەریکا شەڕی ئەفغانستان کرد و عێراقی داگیرکرد، مەنحەی قوتابییانی زانکۆی بڕی و کردی بە قەرز جگە لە تۆێژاڵێکی زۆر کەم کە دەکرێت بە بەلاش زانکۆ تەواو بکەن.  قەرزی قوتابییانی زانکۆ کە ساڵانە لە 9 هەزار پاوەندەوە دەسیتپیدەکات پارەیەکی ئێکجار زۆرە کە بڕێکیان تا کۆتایی ژیانیان ڕەنگە نەتوانن ئەو پارەیە بدەنەوە.

با واز لە هەموو ئەو ئامار و ئاماژانە کە من لەم وتارەدا  پەنام بۆ بردوون بهێنین و بیانخەینە سەبەتەی خۆڵەوە و پشتی پێنەبەستین ، بەڵام حەقیقەتێك هەیە ، واقیعێك  هەیە و تەرجومەی ژیانیحاڵی کۆمەڵ دەکات کە ساڵ بە ساڵ بارودۆخی بژێوی و سیاسی و کۆمەڵایەتمییان خراپتر دەبێت.  من نامەوێت لیستی ئەوانە بکەم چونکە هەموومان ئەوە لە ژیانا دەبینین. بەڵام دەکرێت پرسیارێکی دیکە بکەین هەر لەو واقیعەوە، گەر ژیانی خەڵکی باشتر بووبێت بە تێپەڕینی 12 ساڵی ڕەبەق کە 3 هەڵبژاردنی گشتی بەڕێکرد و پاش فشارێکی زۆری  گروپە فشارییەکانیش  ئەی بۆچی لە هەلبژارادنی ئەندامانی شارەونییەکانی ڕۆژی 5 ی ئەم مانگە [ ئایار] دەنگدەر سزای حیزبی حاکمیان دا نزیکەی 400   کورسییان لەدەست چوو؟ بڵیی خەڵکی بە هەڵە ئەمەیان کردبێت؟ یاخود بێ عەقڵ بووبێتن و هەستیان بە باشبوونی ژیانیان نەکردبێت پاش تێپەربوونی ئەم هەموو ساڵە؟ بۆچی خەڵك بە بەردەوامی لەسەر شەقامەکانن سەبارەت بە پرسی ژینگە ، ئازادیی ، کوژرانی ژنان ، قورسبوونی ژیان ، چاكسازی لە خەستەخانە و قوتابخانەکان، خانوو بەرە و بێ جێگا و ڕێگایی..؟

حوکمڕانانی بریتانی نەك هەر لە باشکردنی ژیانی هاووڵاتیانیانا شکستیان هێنا بەڵکو لە سیاسەتی دەرەوەیان و باشکردنی ژیانی هاووڵاتیانی وڵاتەکانی دیکەش لە ڕێگای گۆڕیینی رژێمەکانیانەوە شکستێکی ئێکجار گەورەیان هێنا : نموونەی زیندوو عێراق ، سوریا ، لیبیا ، ئەفغانستان .  ساڵانە لە ئەفغانستان 4.5 ملیار پاوەندیان سەرف کردووە بەڵام لە کۆتاییدا تالیبانیان هێنایەوە سەر حوکم.

بێ گومان دەبێت ئەوەش بزانرێت ئەوانەی کە دێنە سەرحکوم جێ بەجێکەری فرمانەکان و پیدوایتستییەکانی بزنسن بۆ سەرمایەی زیاتر بە کردنی  داخوازییەکانی  بزنس بە یاسا بۆ هەژارکردنی هاووڵاتیان و کەلەبچەکردنی “یاسا شکێنان” .

لایەنگری لە دەوڵەت و سیستەم بە دانی لەسەدا 80 موچە بۆ ئەو  کرێکارانەی کە کاریان لە سەردەمی کۆرۆنادا، دەکەنە دەسکەگوڵی دەوڵەت و باشی دەوڵەتمان پێدەفرۆشنەوە. لە ڕاستیدا ئەوە سەراپای دەوڵەتەکانی ئەوروپا هەمویان هەمان سیاسەتیان بەکار‌هێنا.  مەسەلەکەش لە مرۆڤدۆستی و دڵسۆزی و وەلایان بۆ کرێکاران نەبوو بەڵکو لەبەر خاتری خۆیان و پاراستنی دەوڵەت و سیستەمی کاریکرێگرتە بوو.  دەتوانیت چاوەڕوانی چی بکەیت کە 28 ملیۆن کرێکار لە بریتانیادا بکەیتە بەتاڵە و فڕێیان بدەیتە سەر جادە ، جگە لە پرۆتێست و ڕاپەڕین و دەستبەسەراگرتنی هەموو سوپەرمارکێت و کارگەکان و دەزگە دەوڵەتی و کەرتە تایبەتییەکان؟ 28 ملیۆن کرێکار لانی کەم 40 ملیۆن کەس بە موچە و کرێی ئەوان دەژین. ئەمە جگە لەوەی گەر موچە نەبێت خەڵك چۆن قەرزی بانق و سلفەی عەقار و کرێی خانوو قیستی کۆمپانیای تەئمین و پارەی غازو کارەبا و  سوتەمەنی بداتەوە ، ئایا بزنس لە دەوڵەت خۆش دەبێت لە حاڵەتی ئاوادا؟ بێ گومان نا.

بۆ ئەمە دەوڵەت 5.2 ملیار پاوەندی سەرف کرد کە لەمە 3.5 ملیاری چوونە لای کەسان و کۆمپانیا  و بزنسی ساختە کە هەندێکیان هەر وجوودیان نەبوو.  حکومەت لەم بڕە پارەیە 2 ملیار پاوەندی ئەو قەرزەی سڕییەوە چونکە خۆشیان نەیاندەزانی چۆن سەرفیان کردووە . ئەوەشی کەماوەتەوە لە غەر غەرەدایە.  ئەمە هاوکارییەکەی دەوڵەت بوو .    

Zaherbaher.com

جەنگی ژینگەی سروشتی

شاخەوان عەلی

02/06/2021

ئەڵتەرناتیڤێك بۆ جەنگی مرۆیی

سەرمایەداری لەوەدا ناوەستێ کە تەنها مۆنۆپۆڵی نەوت و تەقەمەنیەکان بکات، بەڵکو مەبەستێتی کۆی کایە و هۆیەکانی ژیان قۆرخ بکات، چەند دەیەیەک بوو، لەهەوڵدابوو تا دەستی گەیشت بە کشتوکاڵیش.. ئەتوانم بڵێم، لە ئێستادا تەواوی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی لە بندەستە، کوان؟ تۆوە ڕەسەنەکان چیان لێهات؟ بیرتانە خەڵکی لە بەرهەمی ساڵەکەی بنەتۆوی دادەنا بۆ ساڵانی تر؟ ئێستا بەشی زۆری تۆوەکان لەلایەن کۆمپانیا وەحشیەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەجۆرێک کە دەتوانێ بەرهەمێکی زۆر و باشت بداتێ، بەبێ ئەوەی تۆوەکەی بشێت بۆ بنەتۆو هەڵبگیرێت. ئەوەی کە بڕشتێکی زۆری هەیە، تەڵەیەک بوو، جوتیارانی دنیای تێکەوت.. زۆر جار دەوترێت، جەنگی عێراق و ئەفغانستان جەنگی تیرۆر و ئەتۆم نەبوو، تەنانەت جەنگی نەوت و کانزاش نەبوو، بەڵکو جەنگی کشتوکاڵ بوو، چونکە ئەو دوو وڵاتە تا باشترین ڕادە تۆوە ڕەسەنەکانیان تیادا مابوو.

ئێستا کە تۆوی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان وقوت و خۆراک لەدەستی کۆمپانیاکاندایە، زۆر ئاسان دەتوانێ یاری بە پاروەکەی دەمیشمانەوە بکات، وەک هاوڕێیەک نوسیبووی (کە کۆمپانیا خۆراکت بۆ دروست بکات، چاوەڕوان بە بەجۆرێک دروستی بکات، تا بۆ هەسکردنی پێویستی بە عیلاج بێت و ئەویشت پێ بفرۆشێت) وەک چۆن ئێستا لە زۆربەی وڵاتاندا هەم خواردن بەپارەیە و هەم گو کردن.

ئەو هەموو ئاگرەی کە لەساڵانی ڕابردوودا لە دەغڵ و دان و لێڕەوارەکانی کوردستان بەردەبوو، ڕاینەچڵەکاندین! بە ئاشکرا بە لە ڕێگەی فڕۆکە و باروتەوە گڕ لە پوش و پاوانەکان و دەغڵ و دان بەردەدرا و ڕانەچڵەکین! تەنانەت سوتاندنی سیی زەوی (دارستانە کەمەرەییەکان)لە ئەمەریکای لاتین بە ئاشکرا و بە ئانقەست بەڵگەی ئەوەن، هەزاران دەرمان لە بازڕدان بۆ بنەبڕکردنی سەوزی و گژ و گیای سروشی و بە پارە دەیکڕین و بەکاری دەهێنین!

بۆ دیقەتی ئەوە نادەن، دەرمانی چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی کشتوکاڵ کاریگەریان نیە، بەڵام دەرمانە قەڵاچۆکردنەکانی بژار و زیندەوەر تا خراپترین ڕادە کاریگەرن! ئەڵبەد دیارە کە ئامانجەکە چیە. ڕەنگە لە ماوەیەکی کەمدا ببینین کە ئەزمەی تۆڵەکە و تاڵشک و گۆزروانیش دروست ببێ و چاوەڕوانی کۆمپانیاکان بین پێمان بفرۆشنەوە.

تێکدانی ژینگە، ئامانجی سەرمایەداریە، لە تێکچوونی ژینگەدا بازاڕی سەرمایەگوزاری گەرمترە، ئەوەتا ئێستا ئۆکسجین کاڵایە.. ئاو کاڵایە، تیشکی خۆر کاڵایە، بەڵکو ژیانی مرۆڤ کاڵایە.

بڕینەوەی درەختەکان و ئاگرتێبەردانیان هیچ گومانێکی نەهێشتۆتەوە لەسەر ئەو ڕاستیەی کە ئامانج تەنها ئیبادەی بەشەر نییە لە دنیادا، بەڵکو ئیبادەی ژینگەشە، ئەوان باش دەزانن کە ئیبادە و شێواندنی مرۆڤ بەتەنها لە ڕێگای بۆمبەوە نیە، بەڵکو کاریگەرترین بۆمب شواندنی ژینگەی سروشیە.

باوەڕی تەواوم بەوەیە کە هەرچی لە سەرمایەگوزاریدا هەبوو، بەتایبەتی سەرمایەگوزاری کوردی، کە کلکی سەرمایەگوزاری تورکی و ئێرانین، پێچەوانەکەی بکەی دروستە.. بەدووری مەزانە ئەو کۆمپانیا تورکیانەی لە ڕێگەی کلکە بازرگانی کوردیەوە لە تورکیاوە شامپۆ دەهێنرێت بۆ هەرێم، خاوەنی چەندین کۆمپانیای قژ ڕواندنەوەش نەبن. لەمڕۆدا باشترین بازاڕ هی جگەرە و مەشروب نیە، بەڵکو داودەرمانی چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانەی بەهۆی جکەرە و مەشروبەوە بڵاودەبنەوە بازاڕێکی گەرمتری هەیە..

(دواجار دوو ڕێگە هەیە و سێهەمیان نیە، یان ڕزگاربوون لە سەرمایەداری، یان مەرگ)

مەگەر نابینن ئەم مەکینەیە(سەرمایەداری) زیاتر لە هەر ئافات و پەتایەک بکوژە؟ ئەگەر سەرمایەداری کۆتایی پێنەهێنرێت، دڵنیام دەگاتە ئەوجی ترسناکی و گەورەترین بکوژی ناو مێژووی کەون دەبێت.

جەنگ بەرهەمێکی مێژووییو دەربڕی ناوەرۆکی چەوسێنەرانەی ……

جیهان نۆرمان

25/05/2021

جەنگ بەرهەمێکی مێژووییو دەربڕی ناوەرۆکی چەوسێنەرانەی هەموو کۆمەڵێکی چینایەتییە. جەنگەکانی کۆمەڵی کەپیتالیزم هۆکارێکی تریان زیادکردووە کە ئەویش سەرهەلدانی ئەو قەیرانانەیە کە بەرهەمی راستەوخۆی ناکۆکی نێوان سروشتی کۆمەلایەتی بەرهەمهێنانە لە لایەك، لە دژی شێوازی خاوەندارێتی تایبەت لە لایەن کەمینەیەکی کۆمەلەوە لە لایەکی ترەوە. دەرچون لەم قەیرانانە، بە بێ لە ناوبردنی ئەو ناکۆکییە سەرەکییە هەرگیز ئەنجام نادرێ.

لە جەنگدا، کە «چارەسەری» سەرمایەیە بۆ قەیران( واتە جەنگی سەرمایە دژی کاری کۆمەلایەتی مرۆڤ)، سەرمایە بە شێوازی درندانە دەکەوێتە تێکدان، وێرانکردنی هەموو هێزێکی بەرهەمهێنانی کۆمەلایەتی. بە واتایەکی تر، دژایەتیکردنی مرۆڤ، لە ناوبردنی بەرهەمەکانی کاری کۆمەلایەتیو ژینگە، وە هەموو بەرهەلستیەکی کۆمەلایەتی دژ بە دەستەلاتەکەی، وە هەموو بزووتنەوەیەکی شۆرشگێری کە هەبن.

بۆ ئەنجامدانی زۆربەی زیانبەخشینو تێکدان، هەموو بەشێکی سەرمایە لە کاردایە بۆ فریودانو هەلخەلەتاندنی چەوساوەکان بە هەر ئیدیۆلۆژیو ناوێکەوە کە بۆ ئەو مەرامە چینایەتییەیان دەستبدات. هەنگاوی سەرەکی سەرمایەو دەستەلاتداران لەم رووەوە هەمیشە بریتییە لە راکێشانی چەوساوەکان بۆ ریزی سوپای خزمەتکردنی نیشتمان، یاسا، ئەو ئایینو ئیدیۆلۆژیانەی کە پێداویستی ئازادی چەوساوەکان دەبەستنەوە بە پێداویستی پاراستنو پتەوکردنی دەستەلاتی چەوسێنەرانەوە. شانبەشانی ئەو سیاسەتە سەرمایەو دەستەلات هۆکاری سەرەکی نەبوونیو کێشە کۆمەڵایەیەتییەکانی چەوساوەکان دەخەنە ئەستۆی بەشێکی تری چەوساوەکان لە ژێر ناوی ئایین، رەگەز، نیشتمان، بیروباوەر،….بەم جۆرە جارێکی تر دووبەرەکیو ناکۆکی درووستدەکەن لە نێو چەوساوەکاندا، هۆکاری سەرەکی کێشەکانی مرۆڤایەتی، کە خودی کۆمەلەکەیانو یاساکانییانە، رزگاردەکەن لە ئامانجەکانی خەباتی چینی چەوساوە کە لە ناوبردنی سەرمایەدارییە.

سەرکەوتن، یاخود ژێرکەوتنی هەر بەرەیەکی سەرمایەداری لەو جەنگانەدا، هیچ سودێك بە چەوساوەکان نابەخشێت، بە پێچەوانەوە هەتا ئەم کۆمەلە بەردەوام بێت بۆ چەوساوەکان هەموو ئاشتیو پێشکەوتنێك هەر درێژەدانە بە کۆیلەیەتی کاریکرێگرتە، هەر بەهێزکردنو پتەوکردنی توانای سەرمایەدارەکانە بۆ وێرانکارییو کوشتاری زیاتر.

خالی سەرەکی هەموو راپەرینێکی شۆرشگێر بریتییە لە تێکدانی یەکییەتی نیشتمانی سەرمایەداران، لە یاخیبوون لە بەرژەوەندی «ووڵات»، چۆلکردنی ریزەکانی سوپاو سەنگەری جەنگەکان، لە برایەتیو هاوکاری نێوان چەوساوەکانی هەموو بەرەکانی جەنگی نێوان سەرمایەداران. لە خەبات بۆ نەهێشتنی سەرمایەداریو دەستەلاتی چینایەتی، بۆ هێنانی کۆمەڵێکی ئازاد، هۆشیار بە پێداویستی مرۆڤایەتیو پێکەوەبوونێکی دوور لە چەوساندنەوە، کۆمەڵێك کە تاکەکان هەست بە ئازادیو ژیان پارێزراوی بکەن.

دەوڵەت و دەسەڵاتی بزنس

دەوڵەت و دەسەڵاتی بزنس

زاهیر باهیر

مارتی 2021

ماوەیەك لەمەوبەر لە دەمەتەقێیەکی درێژدا لەگەڵ برادەرێکی زۆر نزیکمدا، کە ئەنارکیست نییە، ئەو باوەڕی وابوو ئایندەی بەشەرییەت جۆرێك لە سۆشیالیزم دەبێت، بەڵام نەك ئەو جۆرەی کە ئەنارکیستەکان دەیانەوێت.

برادەرەکەم بۆچوونی وابوو کە پێویستیی دەوڵەت وردە وردە لە کەمبوونەوەدا دەبێت، تا ڕادەی پێویستی نەبوون، تاکو  ئەوەی کە کۆمەڵ چی تر لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەنابرێت.  پاساوی برادەرەکەم ئەوە بوو کە ئەندامانی کۆمەڵ خۆیان زۆر بە ئاگا دەبن، هۆشیاردەبن  و بەرپرسیاردەبن کە یەك ئاگای لەوی تر دەبێت و ئاگاشیان لە کۆمەڵ دەبێت.  کۆتایی قسەکانی بەوە هێنا ” مادام کۆمەڵ لە لایەن ئەندامەکانیەوە بەڕێوەدەبرێت ئیدی دروستکەرانی یاسا ناپێویست دەبن” .

بێ گومان ئەنارکیستەکان قسە لەسەر سۆشیالیزم دەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی پلانبۆکراو نا، ئەوەندە هەیە کە کۆمەڵ، کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناقوچکەیی دەبێت.  ئەنارکیستەکان نەخشەی داهاتوی کۆمەڵ ناکێشن کە چۆن ببێت و چۆن بەڕێوەببرێت.  ئێمە وا بیردەکەینەوە و کاری هاوبەش بۆ دروستکردنی کۆمەڵێك دەکەین کە لە لایەن هەمووانەوە کۆنترۆڵبکرێت، بەڕیوەببرێت.  لەو کۆمەڵەدا کەسێکی بەرپرس نابێت کە هەیمەنەمان بکات و بمانچەروسێنێتەوە، کۆمەڵێک دەبێت، بێ بەڕێوەبەر، بێ بوونی کرێچێتی و بێ خاوەنخانوو، بێخاوەندارێتی تایبەتی و بێ حکومەت.   ئێمە  بە وردی و درێژی باسی ئایندە ناکەین، ئەوە کاری ئەوانەیە کە لەو کۆمەڵەدا دەژین، کە چۆن ڕێکیدەخەن، چۆنیش خۆیان بەڕێدەخەن.

لێرەدا چەند پرسیاێکی سەرەکی و بنەڕەتی دێتە پێشەوە. ئایا ڕۆڵی دەوڵەت لەناو دەچێت کاتێك کە کاپیتاڵیزم بەهێزتر دەبێت؟ ئایا دەوڵەت وردە وردە لەخۆیەوە وندەبێت یاخود خۆی هەڵدەوەشینێتەوە؟ ئایا تیئوری نیولیبراڵ شکستیهێنا لە کەمکردنەوەی هەندێك  یاخود هەموو وەزیفەکانی دەوڵەت ؟ ئەگەر ئاوایە، بۆچی لە ئێستادا بەهێزیی دەوڵەت لە هەموو سەردەمەکانی پێشتری دەبینین؟  بێ گومان زۆر پرسیاری دیکەش سەبارەت بەم بابەتە، هەن.

با هەر بە کورتی لە مێژوی نوێی دەوڵەتەوە، لیبرالیزم، تئیوری نیولیبرالیزمەوە دەستپێبکەین. زۆرێك لە ئێمە دەزانن مێژوی دەوڵەت کۆنە، لانی کەم دەگەڕێتەوە بۆ 10،000 ساڵ، ڕەنگبێت درێژتریش، بە قۆناخی جیا جیادا تێپەڕیوە و گەشەی کردووە هەر ئاواش وەزیفەکانیشی جیاواز بووە بەگوێرەی ئەو کۆمەڵەی کە لێوەی سەری دەرهێناوە. دەوڵەت  وەختێکی زۆری ویستوە تا گەیشتوە بەم شیوە مۆدیرنەی ئێستای.

دەوڵەت بە هەر قۆناخێکدا تێپەریبێت لە ڕوی مێژووییەوە یاخود وەکو ئێستای، هەمیشە ململانێی گەورەی لەگەڵ بزنسدا هەبووە.  لەگەڵ ئەوەشدا هیچ لایەکیان ناتوانن بە بێ ئەوی دیکەیان بژین، بەڵام هەر یەکەیان بۆ بەرژەوەندی خۆی دەیەوێت ئەوەی دیکەیان بخاتە ژێرفرمانییەوە.

لە ئێستادا دەوڵەت وا دەبینرێت کە وەزیفەکانی خۆی بەرجەستەکردووە، لە جەوهەریدا باوەشی بە ئابووریی لیبراڵ و تیئوری نیولیبراڵدا کردووە.  لە کاتێکدا کە دەوڵەت بەتەواوی ناگونجێت لەگەڵ بەشەکانی بزنسدا بە گشتی و لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانا بەتایبەتی ، کۆمپانیا گەورەکان هەمیشە لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکدان بۆ ریفۆرمکردنی دەوڵەت بۆ بەرژەوندییەکانیان و  گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

یەكێك لە هەوڵە سەرەکییەکان کە بۆ ڕیفۆرمکردنی سیستەمی ئابوریی لە چەرخی ڕابوردوودا، درا ، نیولیبرالیزم بوو. گروپێك لە لیبراڵەکان ویستیان کۆمەك بە شێوازی بازاڕی ئابووریی بکەن، پڕۆگرامێکیان لە کۆبوونەوەیەك کە لە پاریس لە ساڵی 1938 دا کرد، دانا. لەوانەی کە نوێنەربوون دوو پیاو کە پێناسەی ئیدۆلۆجییان دەکرد ، Ludwig von Mises و Friedrich Hayek بوون. ئەوان باوەڕیان بە دەرفەتدانی تاك بوو، بە بڕوای ئەوان حکومەت بەربەستێکی گەورەیە لە ڕاوەستانی گەشەی تاكدا. هاوکاتیش نیولیبراڵ خۆشحاڵە بە تاك و تاکگەرایی دژ بە ” بەدەستی جەمعی کۆمەلایەتییە” وەکو چۆن مارگرێت تاچتەر وتی.  لە ساڵی 1944د Friedrich Hayek لە Road to Serfdom جەدەلی ئەوەی دەکرد   ” پلانەکانی حکومەت کە تاك و تاکگەرایی تێدەشکێنێت، بێ هوودە بەرە و کۆنترۆڵی تۆتۆلیتاریانە ملدەنێت”

لە ساڵی 1947 دا  Friedrich Hayek یەکەم ڕێکخراوی دروستکرد کە کاری بڵاوکردنەوەی دۆکتەرینی نیولیبراڵیزم بوو، کە لە ڕووی داراییەوە لە لایەن ملیۆنەرەکان و دەزگەکانیانەوە، کۆمەکی پێکرا.

دۆکتەرینی نیولیبرالیزم زۆر چڕو پڕ بوو لەبارەی ئامانجی ئازادکردنی کەرتە گەورەکانی بزنس لەدەست دەوڵەت بۆ بەتایبەتکردنیان، بوو. بەکورتی دیدی Hayek ئەوە بوو کە حکومەت بەری مونافەسە نەگرێت دەربارەی مۆنۆپۆلیکردن. ئیدۆلۆجی نیولیبرالیزم پوکانەوەی دارایی لەگەڵ خۆیدا هێنا، کارەساتی ژینگە، هەتا داڕمانی هێواشی کەرتی گشتی تەندروستی و پەروەردە و فێرکردنیشی گرتەوە.  بە ڕوونی هەڵگیرسانی جەنگ بوو لە هەموو بەرەکانا دژ بە کۆمەڵ، ئەمەش نەك هەر قەیرانی ئابووریی خولقاند، بەڵکو قەیرانی سیاسیشی دروستکرد .

لە لایەکی ترەوە ، سیاسەتی ئابووری کینزیی هەبوو ، ئەم سیاتەش لە لایەن ئابووریناسی بریتانییەوە، John Maynard Keynes لە ساڵانی 1930 کانا کێشرابوو.  تئیورەکەی کینز وەڵامێك بوو بە قەیرانە مەزنەکەی بریتانیا، کە ئەو زۆر بە توندی ڕەخنەی لە تئیورەکانی  ئابووریی پێشتر، کرد، کە ئەو بە “classical economics ” ئابووریی کلاسیکیانە، ناوی دەبردن. ئەو باوەڕی وابوو کە دەستتێوەردانی حکومەت بۆ مۆدیرەکردنی  پرسی گەشە و داڕمان لەچالاکی ئابوورییدا، زەروورە.

لە سەراپای 1950 کانا، هەژموونی کینز لە پلەی باڵادا بوو ، ئەوەش کاتێک گەشە و پێشەوەجوونی ئابووری سەرمایەداریی لە سەرا بوو کە بڕی گەشەی ئابووری و کەمی بەتاڵە، لە باڵادا بوو.  ئەمەش لای سەرۆکی پێشینەی ئەمریکا ڕیجارد نیکسۆن، وا دەنگی دایەوە کە بڵێت ” ئێمە ئێستا هەموومان کینیزین “. 

سیاسەتەکانی کینز زۆر بڕیان نەکرد. لە کۆتایی ساڵانی 1960 کانا گۆڕانێکی گەورە ڕوویدا و پارسەنگەکە گۆڕا  هەوەها ئەوەش دەرکەوت کە ئاڕاستەی ئابووریی بەرەو بەتایبەتکردنی کەرتە ئابوورییەکان دەڕۆیشت. بە گوێرەی قسەی ئەم دوو ڕۆژنامەوانە لە بەشی ئابووریدا Larry Elliott و Dan Atkinson ” ساڵی 1968 ساڵێکی گرنگ بوو کاتێك کە پاوەر ئاڕاستەی خۆی گۆڕی بەرەو کەرتە تایبەتەکانی وەکو یاریکەران بە دراو” سیاسەتە ئابوورییەکانی کینز بە فەرمی لە ساڵی 1979 دا، حکومەت دەستبەرداری بوو، بەم شێوەیە سیاسەتەکانی کینز درزی تێکەوت و تێشکا و قەیرانی ئابووریش قوڵتر بووەوە.  ئا لەو کاتەدا Milton Friedman  وتی ” کە وەختی هات  تۆش دەبێت بیگۆڕیت…چونکە جێگرەوەی ئامادکراو هەبووە کە هەڵیبژێریت”

کاتێك کە مارگرێت تاچتەر و ڕۆناڵد ڕێگن دەسەڵاتیان گرتەدەست، ئیتر تەواوی پاکجەکە، هەر زوو بە دوویدا دێت : کەمکردنەوەی بڕی زۆری باج لەسەر دەوڵەمەندەکان ، تێشکانی نقابەکان، ئاوەڵاکردنی دەستی بزنس بە شلکردنی یاساکان، بەتایبەتیکردنی کەرتەکانی دەوڵەت .  هەموو ئەمانەش هاوپشتییان لێکراو  کۆمەکیان پێکرا  لە لایەن دامەزراوە فرەجۆرەکانی وەکو صندوقی دارایی نێودەوڵەتان،  بانقی جیهانی ، پەیمانی ماستریخت و ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی ، بەم شێوەیە سیاسەتی نیولیبراڵ سەپێنرا بێ بوونی ڕەزامەندی دیمۆکراتیانە. لەوەش ئاشکراتر ئەم سیاسەتانە لە لایەن پارتەکانی کە خۆیان بە چەپ دەزانی، قۆزرایەوە، لە ناویانا پارتی کرێکارانی بریتانیا و پارتی لیبراڵدیۆمکرات.  ئەمەش چاوەڕوانکرابوو، وەك جۆن مەیجەر کاتێك  هەڵبژێررا بۆسەرەکوەزیرانی بریتانیای   لە ساڵی 1992 دا وتی ” 1992 سۆشیالیزمی لە بریتانیادا کوشت ….. بردنەوەکەمان یانی لە نێوانی ساڵی 1992 و 1997 دا پارتی کرێکاران دەبێت بگۆڕێت”  

قوتابخانەی/ زانکۆی شیکاگۆ کە بە کوڕانی شیکاگۆش ناسراوە، پاکجێكی بۆ چەند وڵاتێك ئامادەکردبوو ، لەوانە : میسر و وڵاتانی ئەمەریکای لاتینی بەتایبەتی وڵاتی چیلی. Hayek لەیەکەم سەردانیدا بۆ ئەوێ کە یەکەم ولات بوو پلان و پڕۆگرامە نوێیەکە بە تەواوی جێ بەجێکرا، ئەو بە ڕۆژنامەوانە چیلییکانی وت ، گریمانی ئەوە هەیە و دەکرێت کە ” دیکتاتۆر لە ڕێگای لیبراڵانەوە فرمانداری بکات”  ئەو ئەوەی پێباشترە ” دیکتاتۆرێکی لیبراڵ لە حکومەتێکی دیمۆکرات کە لیبرالیزمی پێباش  نەبێت.  پەسەندکردنی تایبەتیم بەرەو دیکتاتۆرییەتی لیبراڵ ڕۆیشتنە، نەك بەرەو حکومەتێکی دیمۆکرات کە بەتاڵ بێت لە لیبراڵیزم”

هەر ئاواش نابێت سەرسام بین کاتێک Friedman و  Hayek دڵخۆشانە باوەشیان بە سیاسەتەکانی نیولیبراڵدا کرد هەر ئاواش Naomi Klein  لە کتێبی The Shock Doctrine‘دا نوسیوێتی ” تئیوری نیولیبراڵ لایەنگری بەکارهێنانی قەیرانەکانە بۆ سەپاندنی سیاسەتە نەخوازراوەکانە کاتێك کە خەڵکی بۆچوون و هۆشیان لە ئاراستەی خۆی لایداوە.  بۆ نموونە: دوای کودەتاکەی پینۆشێت لە چیلی  و شەڕی عێراق و باوبۆڕفتانەکەی کاترینا، کە فریدمان ئاوا باسی دەکات ” دەرفەتێكە کە ڕیفۆرمی رادیکالانەی  سیستەمی پەروەردە و فێرکردن بکەیت” .

دوای نزیکەی 40 ساڵ، قەیرانی دارایی 2008 و ڕکودە گەورەکە، نیولیبراڵزمی لە سکە لادا و هێز و توانای خۆی لەدەستدا و هەرەسیهێنا. لەو کاتەدا هەندێك لە حکومەتەکان و ئابووریناسەکان ویستیان بگەڕێنەوە سەر حەلەکانی کینزی ئابووریناس، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی چەرخی 21 .  ئەمانە  نەیاندەتوانی یاخود نەیاندەویست کە تێبگەن یاخود هەر ئەو ڕاستییەیان فەرامۆش کرد کە حەلەکانی چەرخی رابوردوو ناتوانێت گرفتەکانی ئەم چەرخەی ئێستا چارەسەربکات. هۆکاری ئەمەش ڕوونە کە گرفتەکان گرفتی بناخەیی  خودی  سروشتی سەرمایەدارییە ، ئیتر هەر ناو و هەر شێوەیەك وەرگرێت، ئەو حەلانە چی دی کار ناکەن.

نیولیبراڵیزم درێژەی کێشا و کارایی خراپی داناوە، لە هەر شوێنێك بەجێگەیەنرابێت کارەساتی گەورەی بۆ ئەو شوێنە هێناوە. یەکێک لەو وڵاتانە ئەمەریکایە، کە دەیتایەك ئاوای نیشاندەدات ” لە سەردەمی نیولیبراڵدا کەلێنی سامانی نێوانی ڕەگەزەکان  باشترنەبوو. لە ساڵی 1979دا بڕی کرێی سەعاتی کاری هەفتانەی  کەسێکی ڕەشپێست لە ئەمەریکا لە سەدا 22 کەمتر بووە لە هی سپی پێستێك .  لە ساڵی 2015 دا ئەم کەلێنە چووە لە سەدا 31.  سەبارەت بە ژنێکی ڕەشپێست  جیاوازی کرێ لە 1979 دا تەنها لە سەدا 6 بووە بەڵام لە 2015 دا ئەمە بازی دا بۆ لە سەدا 19.  خاوەندارێتی خانوو یەکێك بووە لە ڕێگا سەرەکییەکان کە خێزانەکان بە تێپەڕینی وەخت سامانیان لێی دروستکردووە، بەڵام خاوەندارێتی خانوو لە نێوان ئەفریقییەکانی ئەمەریکادا لە ساڵی 2017 دا زۆر کەمتر بووە لە سەردەمی شۆڕشی مافی مەدەنی، لەو کاتەی کە هەڵاواردنی ڕەگەزایەتی یاسایی بووە” .  بارودۆخەکە ئەوەندە خراپ بووە کە زانا سیاسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ” ئەمریکا چی تر بە دیمۆکراتی یاخود کۆماریی ناناسرێت ، بەڵکو بە ئۆلیگارکی – حکومەتی دەوڵەمەندەکانە و لە لایەن دەوڵەمەندانەوە و بۆ دەوڵەمەندانە”

هەندێك ئابورییناس لەوانە Paul Krugman جەدەلی ئەوەی دەکرد کە بارودۆخی ئابوریانە وەکوە ئەوەی سەردەمی بەشی یەکەمی چەرخی بیستە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوەدا دەتوانین ببینینن کە حکومەت و دەزگەی بزنس لە هەموو وڵاتێك لە زۆر ڕووەوە تێکەڵن و بەیەکەوە بەستراونەتەوە و پاشکۆی یەکن . یەکێتیان زۆر بەهێزترە تاکو کەرتکارییان، بەیاکادان و بەرکەوتنیان شتێك نییە زیاتر لە هەوڵێك نەبێت لە یەکگرتنیانا دژ بە کۆمەڵ. ئەوان لە یەکدی جیاناکرێنەوە، بەڕێوەبەرە گەورەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان، سەرکردە سیاسییەکان، کەسە فەرمییەکانی حکومەت هەموویان لە هەمان چینی کۆمەڵایەتییەوە هاتوون.

دەوڵەت پایەی سەرەکی سیستەمەکە و ئابورریەکەیەتی، کار لەسەر بەجێگەیاندنی وەزیفەکانی بزنس و زیادکردنی قازانجیان دەکات. ئەوە حکومەتە کە شێوەی، فۆرمی چالاکیەکانی بزنس و ژینگەیەکی گونجاو  و بەکار بۆ بزنس دەخولقێنێت. ئامانجی بزنس دروستکردنی قازانجە لە کاتێکدا ئامانجی حکومەت دابینکردنی سەقامگیریی و گەشەی ئابووری و زامنکردنیانە. بزنس هەژموونێکی گەورەی لەسەر حکومەت هەیە کاتێک کە بزنس سەرمایەگوزاریی بە قورسی لەسەر پرۆژە گەورە و فراوانەکان دەکات.

حکومەت بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ یاسا و ڕووڵەکانی بەسەر دەزگەکانی بزنسدا دەسەپێنێت کە دەتوانن چی بکەن و چی نەکەن تاکو هەژموونی خۆی لەسەر سیاسەتی ئەم دامەزراوانە دانێت لەگەڵ پرس و بڕی باج دا.

ئامانجی سەرەکی بزنس دروستکردنی قازانجە و حکومەتیش هەموو شتێکیان دەخاتە بەردەست، تەنانەت حکومەت یارمەتییان دەدات لە دامەزراندنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکان.  ئەمەش بە هاندانی تەماح لە ناوچە کەم گەشەکردووەکانی وڵاتەکە.

 حکومەت و سیاسییەکان دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی ئایندەدا بێنەوە دەسەڵات ، پێویستیان بە کۆمەك و یارمەتی بزنس هەیە.  بۆ ئەمەش ئەمان دەیانەوێت کۆمپانیا گەورەکان ڕازی بکەن و ئەوانیش دەیانەوێت ڕۆڵ و هەژموونیان  لە حکومەتدا هەبێت.

کۆمپانیا زەبەلاحەکان و بزنسەکانی دیکە زۆر باش دەزانن کە دامەزراوەیەك  بتوانێت پاریزگاریان لێبکات و دەوامیان پێبدات حکومەتە، دەوڵەتە. ئەوان دەزانن کە پۆلیس ، یاسا، دادگا، سوپا، تۆڕی سیخوڕیی و هەروەها سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، تەواوی ئەمانە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدان. زۆر باش دەزانن کە کاتێك نابووت دەبن، دەوڵەت فریایان دەکەوێت و ڕزگاریان دەکات، کاتێکیش کە رووبەڕووی هەڕەشە لە لایەن کرێکاراکانیانەوە دەبنەوە ، دەوڵەت هەموو ڕێگایەك دەگرێتەبەر بۆ پاراستنیان.

دەوڵەت، حکومەت و بزنس یەکدییان پێویستە. لە ئابووری گڵۆبەڵی ئەمڕۆدا بزنسمانەکان  هیزێکی گەورەن لە پشتی ئابوورییەوە هەروەها دەوڵەتیش ماوەیەکی ئێکجار درێژە کە ئەویش هێزێکی زۆر گەوەرەیە لە ئابوورییدا.

هەر لەبەر ئەمەشە ئەنارکیستەکان پەیگیریی لەوە دەکەن کە تێکۆشان دژ بە سیستەمەکە، خاوەندارێتی تایبەتی لە حکومەتدا و دەرەوەی حکومەت و  دەستەبژێر، زەروورە و خەبات  بۆ کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ئاسۆیی  ڕوودنادات بێ خەبات کردن دژ بە دەسەڵات و پاوەر و دەوڵەت.

Zaherbaher.com

چەند پرسیار و وەڵامێک لەبارەی (هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە)

چەند پرسیار و وەڵامێک لەبارەی

(هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە)

هەژێن

22ی ئۆکتۆبەری 2019

پرسیاری یەکەم : ” ئایا بایکۆت نابێتە هۆی بێکاریی کوردانی باکوور؟

وەڵام: پێش هەموو شت، پرسیارەکە لە ڕوانگەی ناسیونالیستییەوە خەریکە سۆزی نەتەوەچییانەی کوردان بورووژێنێت، ئاراستەکەرانی دەسەڵاتدارانی هەرێمن، ئەوانەی کە نانیان لەنێو ڕۆنی تورکیە و ڕێکەوتنی پەنجا ساڵەی ئیمتیازینەوتی هەرێم بۆ تورکیە دەستەگوڵی دەستی ئەوانە و هەر بایکۆتێکی ئابووریی دەبێتە هۆی نەمانی ڕۆنەکەی تورکیە و وشکبوونەوەی نانەکەی خۆیان.

بە بۆچوونی من، وەک کەسێک کە ناسیونالیزم بە ئایدیۆلۆجیای سەروەریی چین و توێژێک لەسەر کۆمەڵ دەزانم، بۆ من لەنێوان بێکاربوونی کرێکارێکی ئیزمیر و ئامەد و هەولێر و فەلووجە جیاوازی نییە. بێجگە لەوە، کاتێک بڕیاردان لەنێوان بێکاربوونی کرێکارێک و لاقپەڕینی منداڵێک بێت، بێکاربوونی ملیاردان کرێکار لە لاقپەڕین و بێ دایک و باوکبوون و ئاوارەبوون و کوژرانی منداڵێک، تەنانەت لە کوژرانی ئاژەڵێک و شکانی درەخت و گوڵێک، باشتر دەبینم؛ کرێکارێک بەبێ کاری کرێگرتە ئەگەری زیندوومانەوەی هەیە، بەڵام منداڵێک و دەروون و خەونەکانی لەژێر بۆمبێک کۆتایی ژییان و مێژووە، بۆ من وەک کەسێک کە منداڵیی و لاویی من لەژێر بۆمبارانی جەنگی عیراقئێران تێپەراندبێت!

ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، فرمێسکی تیمساحیانەی ڕامیاران و کاناڵە میتییەکەی ئەوان (ڕووداو) بۆ نەمانی نانە چەورەکەی خۆیان و زیانی سەرمایەدارە کوردەکانی باکوور و لەوەش بێئابڕوانەتر ئەوەیە، کە زۆریک لە پرۆژە ئابوورییەکانی باکوور پشکی سەرانی پدک و ینک لەنێو هەیە، هەر ئاوا کە بەناوی کەسانی دیکە لە ئۆروپا ڕێستورانت و نانەواخانە و پیتزەری و ڕێزە ئاپارتمان دەکڕن و پارەی دزراو سپیدەکەنەوە!

پرسیاری دووەم: ئەی بۆچی کاڵای کارخانەکانی ئاڵمانیا و برتانیا و ئەمەریکا بایکۆتناکەن؟

وەڵام: ئەوەی کە سەرمایە و سەرمایەداران لەم سەر تاکو ئەوسەری دونیا لەنێو ئەو جەنگە بەرژەوەندییان هەیە، گومانی وەرناگرێت. بەڵام بەرهەمی کارخانەکانی دیکەی جیهان [مەبەست کارخانەکانی چەکسازیی و بواری سەربازیی نییە، چونکە ئێمە کڕیاری کاڵای ئەو کارخانانە نین] وەک بەرهەمی کارخانەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ بەو جەنگەی ئێستا خزمەتناکەن و ڕاستەوخۆ پشتیوان نین. بێجگە لەوەش، هەر ئاوا کە لە هەرێمی کوردستان هیچ پڕۆژەیەکی بازرگانیی بەبێ پشک و ڕەزامەندیی دەسەڵاتدارانی ینک و پدک بوونی نابێت، هەر ئاواش لە تورکیە، بەبێ ڕەزامەندیی ڕامیاریی تورکیە هیچ پڕۆژەیەک بوونی نییە و زۆربەی پڕۆژە گەورەکان هی ئەردۆگان و زاواکەی ئەون، هەر کەس گومانی هەیە، با فیلمە دۆکومێنتەرییەکان لەبارەی ناچارکردنی خەڵکی گەڕەکە هەژارنشینەکانی ئیستانبوڵ و ئانکارا و شارەکانی دیکەی تورکیە و پرسی مەیدانی تەقیسم لە ئیستانبوڵ تەماشابکات!

بە بۆجوونی من، ئەگەر بایکۆتکردنی کاڵای هەر کارخانەیەکی جیهان و بایکۆتکردنی گەشتی هەر گۆشەیەکی دیکەی جیهان وەک بایکۆتکردنی کاڵاکانی تورکیە و بایکۆتکردنی گەشتکردن بۆ تورکیە ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ کارایی چارەنووسسازی هەیە، پێویستە بیخرێتە نێو لیستی بایکۆتکردن!

بێجگە لەوەش، ئەو بایکۆتکردنەی ئێستای خەڵکی هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەمە و دەکرێت لە بەردەوامی و درێژەی بەرەو بایکۆتکردنی کارخانە و هێڵە هەواییەکان و گەشتی ئەو وڵاتانەش کە وێرای ناڕەوایی جەنگەکە و کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی ڕۆژاوا [ڕۆژاوا بەس کرمانجیزمان نین، چەندین ئێنتنیی و ئایین و کولتووری دیکەن] کۆمەکی حکومەتی ئاکپارتیی و ئەردۆگان دەکەن، پێویستە دەستبەجێ ئەوانیش بایکۆتبکەی.، بەڵام وەک دەبینین بایکۆتکردنی ئەوان لەسەر خێراڕاگرتنی جەنگەکە کارایی نابێت، چونکە کاڵای ئەوان ناچێتە هەرێم و ئێران و تد، تاکو خەڵکی هەرێم ئەوانە بایکۆتبکەن. وێرای ئەوەش، ڕێپێوانەکانی ئۆروپا بۆ درووستکردنی فشارێکە بە داچلەکاندنی رای گشتیی ئۆروپا و کەم نین، ئەو ئۆروپییانەی کە چەندین ساڵە وەک هاوپشتییەک لەتەک خەڵکی فەلەستین و ڕۆژاوا کاڵای کارخانە و کێڵگەکانی ئیسرائیل و تورکیە بایکۆتدەکەن!

ئەوەی کە دەبێت وەک کاڵای کارخانەکانی تورکیە و گەشتکردن بۆ ئەوێ، کاڵای هەموو کارخانەیەک لە یەک کات و هەر ئێستا و بە چاوتروکاندنێک بایکۆتبکەین، فرەتر پاساوە بۆ بایکۆتنەکردنی کاڵای کارخانەکانی تورکیە. هەر ئاوا ناچارکردنی خەڵکە بەوەی کە یان بایکۆتی کاڵای هەموو کارخانەکان یان کاڵای کارخانەکانی تورکیەش بایکۆتنەکرێت!

بە بۆچوونی من، ئەگەر ئاستی هوشیاریی کەسە نەدار و بێدەسەڵاتەکان بە ئاستی خۆهوشیاریی بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی و ناکرێگرتەیی و نامشەخۆریی گەییشتبێت، ئەی بۆچی نا، بەدڵنیاییەوە ئەوە بەشێکە لە ستراتیجی هەموو کەسێکی سۆشیالیستی دژەدەوڵەت، بەڵام تاکو ئەو کاتەی کە ئەندامانی کۆڵانێک، گەڕەکێک، گوندێک، سارێک، ناوچەیەک، هەرێمێک بەو ئاستە لە خۆهوشیاریی نەگەییشتبن و بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی و خۆکۆمەكیی و گەلکاریی و هەر ئاوا کێڵگە و کارخانەکان کۆمەڵایەتیی نەکرابنەوە، بڕیارێکی ئاوا لە جەنگێکی خۆتڕێن زیاتر نابێت. ئەوەی کە ئێستا نەتوانین ئەوە بکەین، نابێتە پاساوی ئەوەی نابێت کاڵای کارخانەکانی تورکیە وەک فشارێکی ئابووریی بۆ ڕاگرتنی جەنگ و هێرشکردنی فەرمانداریی ئاکپارتیی و ملهوڕیی ئەردۆگان، بەکارنەبەین.

بە بۆچوونی من، هیچ لۆجیک و ڕەوایەتییەک لەنێو ئەو پرسیارە نییە. ئەو پرسیارە چ بخوازێت و چ نەخوازێت ماری تۆپیوە بۆ بەرپێی جەماوەر، کە خەریکە پاش نیو سەدە بۆ یەکەم جارە خۆخۆیی و دابڕاو لە دەسەڵات و ڕامیاران و پارتییەکان بڕیارێک دەدات و هەنگاوێکی سەربەخۆ دەنێت.

پرسیاری سێیەم: لەنێوان بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای کارخانەکانی تورکیە و گەمارۆی ئابووریی لەسەر وڵاتێک جیاوازی چییە؟

وەڵام: جیاوازییەکە ئەوەیە، بایکۆتکردنێک کە خۆبەخۆ کەسانی نەدار و بێدەسەڵات وەک هاودەردیی لەتەک دانیشتووانی جەنگزەدەی ڕۆژاوا بانگەوازیدەکەن، بۆ کۆتاییهێنانە بە جەنگ و ملهوڕیی حکومەت و دەوڵەت و پارتیی و سەرۆکی تورکیە، بۆ ڕزگارکردنی خەڵکە لە مەرگ، نەک برسیکردنی خەڵکی تورکیە.

بەڵام ئابڵۆقەی ئابووری وەک ئابڵۆقەی هاوپەیمانان لەسەر عیراق و ئابڵۆقەی هاوپەیمان و حکومەتی بەعس لەسەر هەرێم و ئئابڵۆقەی ئێستای دەوڵەتی ئەمەریکا لەسەر ئێران و کوبا و کوریا و تد فشاری دەوڵەتانە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی نێوان خۆیان لەسەر دابەشکردنی کێکی چەوسانەوەی ئێمە؛ ئەگەر ئێران وەک سعودیە بە مەرجەکانی بانکی جیهانی و سندووقی نیودەوڵەتیی دراو و دەوڵەتی ئەمەریکا ملبدات، گرفت و ئابڵۆقەیەک بوونی نامێنێت، هەرچەندە وەک سعودیە ئەگەر نەریتی ملپەراندن هێشتا پیشەیەکی پەسەندکراوی پاسایەتی ئەو وڵاتەش بێت. هاندەری ئابڵۆقەی ئابووریی بۆ سەر وڵاتێکسەپاندنی جەنگ و مەرجی ملهورانەی دەوڵەتێکە لەسەر وڵاتێکی دیکە و هیچ پەیوەندی بە خواستی خەڵک و هاوپشتی و هاودەردیی لەتەک خەڵک نییە!

بێجگە لەوە، ئێمە بایکۆتکەرانی گەشت و کاڵای کارخانەکانی تورکیە دەستپێکەری ئەو جەنگە نین، بایکۆتکردن پەرچەکرداری مرۆڤە بێدەسەڵات و نەدارەکانە لە دژی جەنگ، لە دژی کوژرانی منداڵان، لە دژی ئاوارە بوون ، لە دژی داگیرکاری، لە دژی ملهوڕیی و ئەوە هێرش و جەنگی دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی تورکیەیە، کە ئێمە بە بایکۆتکردن ناچاردەکەن، ئێمە بایکۆتکەران وەک بڕیاردەرانی ئابڵۆقەی ئابووریی لەسەر وڵاتان، هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتیی و کەسیی و مشەخۆرانە و ملهوڕانەمان نییە؛ ئێمە خوازیاری کۆتایی هێڕش و جەنگین؛ ئێمە خوازیاری لێدانین لە بازار و سیستەمەکە، هەنگاوی یەکەمیش لە پێداویستیی خەڵکەوە دەستپێدەکات، کە پێداویستیی خەڵکی ڕۆژاوا [خەڵکی ڕۆژاوا بە هەموو ئێتنی و ئایین و کولتوورەکان نەک بەس کوردانی ڕۆژاوا]یە بە هاوپشتی ئێمە و ئێمەی بێ چەک و نەدار و بێدەسەڵاتیش تاقە یەک چەکی شۆرشگەرانە شکدەبەین، ئەویش بایکۆتکردنی کڕینی کاڵا و گەشکردنە بۆ تورکیە وەک لێدان لە ئابووریی و بازاری جەنگ!

بە کورتی جیاوازی نێوان بایکۆتی ئابووریی و ئابڵۆقەی ئابووریی ئەوەیە، کە بایکۆتکەران کڕینی کاڵای کارخانەیەک یان کاڵا و گەشتی وڵاتێک بایکۆتدەکەن نموونە (بایکۆتکردنی خواردنەوەی کۆلا، خواردنی مێکدۆناڵد، کاڵای کارخانەکانی دەوڵەتێک لەپێناو سەپاندنی ماف و داخوازییە ڕەوەکانی کۆمەڵێک بەسەر کۆمپانییەکان و دەوڵەتەکان، زیندووترین نموونە: بزووتنەوەی بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە.

بەڵام ئابڵۆقەی ئابووریی دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێک هەناردە و هاوردەی کاڵا بۆ دانیشتووانی ناوچە و هەرێمێک قەدەخەدەکەن، تاکو خەڵکی ئەو شوێنانە و فەرمانداریی ئەو شوێنە بە داخوازییەکانی کۆمپانییەکان و بانکەکان و نێوەندە جیهانییەکان ملبدەن. زیندووترین نموونە : ئابڵۆقەی حەوت ساڵەی دەوڵەتی تورکیە و فەرمانداریی هەرێم لەسەر خەڵکی ڕۆژاوا. بە واتایەکی دیکە، جیاوازی نێوان (بەدەستهێنانی ماف و داخوازییەکانی خەڵک) و (سەپاندنی بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و ملهوڕیی دەوڵەتەکان لەسەر خەڵک)!

چوارەم توانج و تاوانبارکردن : شێواندن و تۆمەتبارکردنی بزووتنەوەی جەماوەریی بایکۆتکردن بە بزووتنەوەی کۆنەپەرست و ناسیونالیستیلەلایەن چەپی دەسەڵاتخواز

وەک دەبینین و دەردەکەون، پێشەنگی ئەو چەواشەکارییە ڕامیارییە و ئەو تۆماتبارکردنە، قۆمۆنیستە* کوردییزمانەکانن. قۆمۆنیستەکان لە کاتێکدا دەبنە هەڵگری ئاڵای ڕێفراندۆمی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کە پڕۆژەیەکی ئەردۆگانی بوو بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگی کۆنی ئوسمانی و سەفەوی و جەنگی ئێستای نیئۆئوسمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران لەنێو عیراق، لەوێ بە کێکخواردن لەتەک نێردراوی حکومەتی ئەردۆگان بۆ هەرێم ئۆکتۆبەری 2018 شاگەشکە بووبوون و بە کورسی دەسەڵاتی سێکیولاستیکیی خۆیان خەونیان دەبینی، کەچی هاودەردی و هاوپشتی خۆخۆیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی هەرێم و ئازادیخوازانی جیهان لەتەک لێقەوماوانی ڕۆژاوا بە ناسیونالیستی و کۆنەپرەستانەناودەبەن.

من وەک خۆم، باشترین وەڵام بۆ ئەوان بەس ئەوە دەبینم، کە ىڵێم قومارچی ئەگەر نەڵێت بە هینم، دڵی دەتەقێت؛ ئەوان کە کاتی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 1996 دایکی خۆشیان دەنگی نەدانێ؛ ئەوان کە ساڵی 2000 لەنێو جەنگێکی خۆتڕێن پێنج کەسیان بەکوشتدا و دواتر خۆیان بەرەو هەندەران هەڵهاتن؛ ئەوان کە دواتر لە بەرانبەر مۆڵەت و پشک لەتەک بکوژانی ئەندامەکانی خۆیان ڕێکەوتن و چوونە یادی هەمان ڕادیۆی ینک، کە کوشتنی ئەندامەکانی ئەوانی ڕەوادەکرد؛ ئەوان کە کاتی هاتنی داعش هەڵای دەستەی چەکداری جەماوەریییان بەرپاکرد و هیچ کەس بە کڵاوی ئەوان نەپێوا؛ ئەوان کە لەنێو پڕۆسەی خۆتڕاندنی دەوڵەتی کوردیڕسواترین هێز دەرچوون؛ ئەوان کە هەموو مانگێك ڕێکخراو پارتییۆکەیەک درووستدەکەن و بێجگە لە خۆیان هیچ کەس ناوی خۆیان و ڕێکخراوە بەناو جەماوەرییەکانیان و خۆیان نازانێت، زۆر ئاساییە کە لە بەرانبەر بزووتنەوەی خۆخۆیی جەماوەریی بکەونە سووکایەتی و شێواندن، ئەگەر نا وەک قومارچییەکە دڵیان شەقدەبات! چونکە بزووتنەوەی بایکۆتکردن بزووتنەوەیەکە، کە هیچ شوانە ڕابەر و حزبی قائدو شێخ و تەریقەتێکی نییە و بە چەند ڕۆژ بووە بە دەنگێک و حکومەتی ئاکپارتیی و ئەردۆگان و کۆمپانییەکانی هەرێم و کارخانەکان هەژاندووە و ناچاربوون دەزگە میدیاییەکانیان بۆ پاشگەزکردنەوەی خەڵک بەگەڕبخەن و قۆمۆنیستەکانیش وەک دەسەڵاتخواز و هاودەردی دەسەڵاتداران و کارخانەکان کەوتوونەتە سووکایەتی و شێواندنی ڕەوایەتی بزووتنەوەی بنایکۆتکردن!

ئەگەر لەوەش بگوزەرێن، کە ئاوا تۆمەتبارکردنێک بەس شێواندن و ئێرەییەکی ڕامیارییە وەک بەرەنجامی ناکارایی بۆچوون و بڕیارەکانی خودی ئەوان. پرسیارێک کە تۆمەتی ناسیونالیستبوونی بایکۆتکەرانلەبارەی خودی (ناسیونالیزم) دەیورووژێنێت، ناکرێت بەبێ وەڵام بمێنێتەوە.

ساڵی 1993 کاتێک ڕێکخراوەکانی (قۆمۆنیزمی کرێکاری) لە هەرێمی کوردستانخەریکبوون پارتییەک لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی (مەنسووری حیکمەت) پێکبهێنن، بۆ ئەو مەبەستە خودی مەنسووری حیکمەت بە نامەیەکی ئاراستەکراو کۆمەڵێک پرسیاری لە فەعاڵینی ئەو کات کردبوو و منیش وەك چالاکێکی کۆمونیستی ئەو ڕۆژگارە دەبوو بە پرسیارەکانی نێو ئەو نامەیە وەڵامبدەمەوە. یەکێک لە پرسیارەکان ئەوە بوو بە ڕای تۆ حزب عیراقی بێت یان کوردستانی، بۆچی؟” [ئەگەر داڕشتنی پرسیارەکە بە درووستی لەنێو هۆشی من مابێت، ئاوا بوو].

ئەو کات کە من بە بۆچوون و بڕوای (پارتیی کۆمونیستی جیهانی) گەییشتبووم و هیچ بڕوایەکم بە پارتییە ناوچەییەکان نەمابوو، بە پرسیارێك کەوتمە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی (مەنسووری حیکمەت)؛ ئەگەر کوردستانییبوونی پارتییەک ناسیونالیستبوونی ئەو بێت، ئەی جیاوازی کوردستانییبوون و عیراقییبوون چییە، ئایا هەر دووکیان شوناسەیەکی جوگرافیی نین و شوناسی ڕامیاریی تایبەتیی کۆمەڵە خەڵکێک نین؛ بە چ پێوەرێک یەکەم ناسیونالیستیی دەبێت و دووەم ئینتەرناسیونالیستیی؟

ئێستا با بە جۆرێکی دیکە ئەو پرسیارە لە ئێوە دەروێشەکانی (مەنسووری حیکمەت) بکەینەوە؛ ئێوە کە حزبەکانتان شوناسی کوردستانیی و عیراقییان هەیە و لە هەر گۆشەیەکی جیهان بژین، بە هیچ شێوەیەک لەنێو تێکۆشانی ئەو کۆمەڵانە بەشدارییناکەن، بەڵام هەموو درووشم و بانگەواز و بڕیار و هەوڵێکی ئێوەی (قۆمۆنیست) لەپێناو کوردستانو عیراقەکەی خۆتانە و بە هەزار و یەک شێوە و ڕێگە بەناوی دەیان ڕێکخراوی بەناوجەماوەریییەوە بووجەی خەرجە کۆمەڵایەتییەکانی [بیمە کۆمەڵایەتییەکانی] ئەو کۆمەڵانە بۆ عیراقو کوردستانەکەی خۆتان دەدزن، کەچی خۆتان بە ناناسیونالیستو کەسانێک کە دژی جەنگی فەرمانداریی تورکیە بۆ سەر کۆمەڵی ڕۆژاوا لە باکووری سوریە وەستاونەتەوە و بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە وەک بەرەنگارییەکی ئابووریی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوا بەکاردەبەن، ئێوە ئەوان بە ناسیونالیستناودەبەن؛ ئەرێ بەڕاست، بە کامە پێوەر و لۆجیک ئەوە درووستە و بۆ ئێوە (ناسیونالیزم) و (ناسیونالیست)-بوون چ واتایەک دەبەخشێت؟

—————————————-

* پەراوێز:

قۆمۆنیست:قۆم/ قۆمون = نەتەوە، نەتەوەچی، (ئیست) پاشگری بکەرە، وەک (چی). قۆمچی یان قۆمۆنیستەکان ئەو ڕەوت و ئاراستە چەپە هەلپەرست و دەسەڵاتخوازانەن، کە لەپێناو دەسەڵات و ناوبانگ و بەرتەریی دەستەبژێرانەی خۆیان، هەر ڕۆژە درووشم و بەرنامەیەک بەرزەدەکەنەوە: “حکومەتی کرێکاری، دەوڵەتی سۆشیالیستی“ ، کۆماری سۆشیالیستی، حکومەتی شورایی، کۆماری شورایی، „ حکومەتی عیلمانی“ ، حکومەتی سێکولاریستی، حکومەتی مەدەنی، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیو بەدڵنیاییەوە وەک هەموو ڕەوتێکی دەسەڵاتخواز بەیانی پارلەمان دوا مەنزڵگەی ئەوان دەبێت!

بۆ من و بە لێکدانەوەی و تێگەییستنی ئەنارشیستییانەی من لەبارەی کۆمونیزم [کۆمونیزم نەک کۆمۆنیزم]؛ (کۆمونیزم) و دەوڵەت، (کۆمونیزم) و پارتیی، (کۆمونیزم) و ڕابەر، (کۆمونیزم) و دەستەبژێر، (کۆمونیزم) و سەرۆک و لیدەر؛ کۆمونیزم و ئەو شتانەی دیکە کۆمەڵێک چەمکی پارادۆکسی یەکدین و کۆمونیزم یان نییە، یان دژی کۆمەڵی چینایەتی، دژی سیستەمی چینایەتی، دژی ڕێکخستنی چینایەتی، دژی خەونی چینایەتیی دەبێت. تکایە سەرنجبدە، من لەبارەی کۆمونیزم دەدوێم، نەک مارکسیزم!

ئەرکی دەستبەجێی (ئێمە)، پاش تەواوبوونی سیناریۆی ڕێفراندۆم

ھەژێن

٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠١٧

ئێمە کێین؟

مەبەست لە ئێمە، ھەموو ئەو تاکە کەسە سەبەخۆیانەن، کە ھیچ ئایدیۆلۆجی و پارتیی و دەستەبژێرێک ئەوانی لە قاڵبنەداوە و خۆیان خودانی خۆیانن. بەواتایەکی دیکە (ئێمە)ی ئێمە، ئێمەیەکی خێڵەکی ، ئایدیۆلۆجی و ڕامیاریی و دەستەبژێریی نییە، ئێمەیەکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆی ئازایخوازانەیە، ئێمەیەک کە یەکێتی ئازادانەی تاکە سەربەخۆکان دەیئافرێنێت!

بە بۆچوونی من، بۆ کەسانێک کە بە ناسینی مێژووی پارتییایەتی و ئامانجی ڕاستینەی بزووتنەوە ڕامیارییەکان و ھەر ئاوا بە ناسین و دەرکردنی تاکتیک و ستراتیجی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی “کوردستان” و ناوچەکە و پارتییە چەپ و ڕاستەکان، دەزانن گارەگاری “دەوڵەتی کوردی” و “دەوڵەتی سێکیولار” سیناریۆیەک بوو بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و بەنگکردنی خەڵکی ناڕازی بە وەھمی “دەوڵەتی نەتەوەیی” و “دەوڵەتی سێکیولار” و لەبیربردنەوەی داخوازییە ئابووریی و کۆمەڵایەتی و مافییەکان و لادانی سەررنجی خەڵکی ناڕازی لەسەر ڕێکەوتننامە پشتپەردەیییە ئابوورییەکان لەتەک دەوڵەتانی ناوچەکە و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان و بانک و نێوەندە جیھان-داگیرکەرەکان.

لە بەرانبەر ئەو سیناریۆ و ھەوڵانە، ئەرکی ھەر کەسێکی ئازادیخواز و سەربەخۆ و ڕۆشنبیر، ھەر ئێستا و ئەم ڕۆژ گەڕانەوەیە بۆ ھەڵخڕاندنەوەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان: بزووتنەوەی دژی تایبەتیکردنەوە و پارتییکردنەوەی کەرتەکانی بەرھەمھێنان و شاخ و گرد و دەشتەکان و سەرچاوە و سامانە سرووشتتییەکان، بزووتنەوەی بەدەستھێنانەوەی مووچەی تەواو و گونجاو لەتەک بژێوی ئەم سەردەمە، بزووتنەوەی دژی تایبەتیکردنەوەی کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و خوێندن، بزووتنەوەی دژی سەرکوتکاریی و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەگەران، بزووتنەوەی دژی گەندەڵی بەڕێوەبەرایەتی، بزووتنەوەی دژی ملھوڕیی بنەماڵەیی و پارتییایەتی و بزووتنەوەی دژی ڕەوتە شۆڤێنیست و ڕەیسیست و فاشیستەکان و ….تد

لە ھەموو بارێکدا، ئەگەر ھەرای ڕیفراندۆم بۆ (دەوڵەتاندۆم) بووبێت، یان بۆ بەکاربردنی دەنگی خەڵک وەک کارتی فشار بۆ سەر فەرمانداریی نێوەندیی و سەرلەنوێ بەشکردنەوەی کێکی سامانی کۆمەڵ و ڕەنجی خەڵک بووبێت، یان بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان، ئەرکی ئازادیخوازان گەڕانەوەیە بۆ دەستپێکردنەوە و ھەڵخڕاندنەوە و گێڕانەوەی بزووتنەوە ناڕازییەکان و ناڕەزایەتییەکانی نێوان ساڵی ٢٠١٤ تاکو سەرەتای ٢٠١٧؛ ئەگەر دەوڵەت عیراقی بێت یان کوردستانی، ئیسلامی بێت یان سێکیولار، پاشایی بێت یان پارلەمانی، فەرمانداریی فیدراڵی بێت یان نێوەندیی و سەرتاسەریی، بنکە فراوان بێت یان تاک-پارتیی و جەنەڕاڵی و کۆمپانیایی، ھیچ لە ڕەوایی و دەستبەجێیی داخوازییە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی ئێمە ناگۆڕێت و ڕۆڵ و نەخشە و ئامانجی دەسەڵاتی سەروخەڵکیی و بەرانبەر جەماوەر دیارە و پێویستە خانەنشینان، کرێچییان، خوێندکاران، مامۆستایان، فەرمانبەران، کرێکاران، جوتیاران، بێکاران، کۆچەر و پەنابەران لەو خاڵەوە دەستپێبکەنەوە، کە سیناریۆی ڕێفراندۆمی تێدا ڕاگەیێندرا و بوو بەھۆی خەریککردنی خەڵک بە وەھمی “نەتەوە” و “دەوڵەتی نەتەوەیی” و دامرکانەوە و سڕکردن و لەبیرکردنەوەی ناڕەزایەتیی و داخوازییە دەستبەجێ و ڕاستینەکان.

بەڵام پێویستە ئەم جارە بە خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆی خۆمان و بە ڕەتکردنەوەی میانجیگەری ڕێکخراوە و سەندیکا زەردەکان و بە ڕەتکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی ڕێکخراوەکان و بە ڕەتکردنەوەی نێوەندگەرایی ڕێکخستن و بە ڕەتکردنەوەی تاک ڕابەر و تاک سکرتێر و خانزادەیی (ئۆرۆستۆکراسیی) ڕێکخراوەیی و بە ڕەتکردنەوەی ھەر دەستتێوردان و بەگبەگێنەی پارتیی و دەستەبژێرە ڕامیارەکان؛ دەستپێکردنەوە بە پێکھێنانی ئەنجومەنە ئازاد و سەربەخۆکانی گەڕەکەکان و بەرپاکردنی کۆبوونەوە گشتییە* جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان لە گوندەکان و شارۆچکە و شارەکان و گرێدانەوەی فێدرالیستییانەی ھەموویان لە یەکگرتنێکی خۆجێی و بنکەیی (ناقووچکەیی) و نا نێوەندیی و دوور لە ھەژموون و دەستتێوەردانی بەکرێگیراوانی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییەکان و دەستەبژێرەکان بە ئامانجی ڕۆنانی سیستەمی کانتۆنی و کۆنفێدرالیستیانەی ناوچەکانی ھەرێم (ھۆرامان و شارەزوور و شارباژێر و قەرەداخ و گەرمیان و دەشتی ھەولێر و بادینان و دەشتی موسڵ) لەسەر پایەی خۆبەڕێوەبەریی ئەنجوومەنە ئازادەکانی گوند و گەڕەکان و خۆبەڕێوەبەریی کارگە و فەرمانگە و فێرگە و  خەستەخانە و نێوەندە گشتیی و خزمەتگوزارییەکان و بە پشتبەستن و پیادەکردنی دێمۆکراسی [ڕاستەوخۆ**] و پێھێنانی خۆبەرێوەبەریی گەلیی کۆمەڵ.

ئەوە ئەرکی ئێمە بووە پێشتر و ئێستا و داھاتووش؛ ئەگەر ھەرێمی “کوردستان” وەک بەشێکی (دەوڵەتی عیراق) بمێنێتەوە، یان جیاببێتەوە و دەوڵەتێکی دیکە قوتبکاتەوە، یان وەک (ولایەتی موسڵ) بۆ سەر ئیمپراتۆری نیئۆ-ئوسمانی بگەڕێتەوە، یان ببێتە بەشێک لە نەخشەی زیندووکردنەوەی (ئیمپراتۆری ساسانی) لەژێر پەردەی (شیعە)، یان ببێتە بەشێک لە (دەوڵەتی چوار پارچەی “کوردستان”)، ئەوا ئەرکی ھەردەمی و دەسبەجێ و دواکوتووی ئازادیخوازان ھەوڵدانە بۆ پێکھێنانی پایەکانی خۆبەرێوەبەریی گەلیی و ڕۆنانی خۆبەڕێوەبەریی وەک ئەڵتەرناتیڤی پارلەمان و فەرمانداریی و دەوڵەت و سیستەمی ڕامیاریی و ڕەتکردنەوەی پارتییایەتی چ پێشڕەو و چ کۆنەپارێز، چ ئیسلامی و چ لیبڕاڵ، چ ناسیونالیست و چ کۆمونیست …تد، پێویستە ھەر ئێستا و ھەر کەس لە شوێنی ژیان و کار و فەرمانی خۆیەوە، ھەوڵی پێکھێنانی پایەکانی خۆبەڕێوەبەریی گەلیی پشتبەستوو بە دێمۆکراسی [ڕاستەوخۆ] بدات، کە ئەنجوومەنە ئازادەکان و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆ و ناقووچکەیی و نانێوەندییەکانن و کۆبوونەوەی گشتی خەڵکی گەڕەک و شوێنی کار میکانیزمی بڕیاردان و ھەڵبژرادنی نوێنەرەکان [نەک جێگرەکان***] و دیاریکردنی ئەرکەکان و پەسەندکردنی ڕێکەوتننامە و ھەڵوەشاندنەوەی ئەوانە و ھەر ئاوا بڕیاردان لەسەر گشت پرسە کۆمەڵایەتییکانی دیکەی کۆمەڵ.

———————————————-

* لەبارەی (کۆبوونەوە گشتییەکان)، ئەگەر لە سەدەی ڕابوردوو وێناکردن و بەکاربردنی (کۆبوونەوە گشتییەکان) بۆ بڕیاردان و جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی گەلیی، دژوار و تاکو ڕادەیەک ناکردەنی بووبێت، ئەوا ئێستا لە سایەی پەرەسەندنی (تەکنۆلۆجی زانیاریی) و دیگیتالیزەبوونی پەیوەندییەکان، ئاسانترین شتێک ئەنجامدانی (کۆبوونەوە گشتییەکان) و  مشتومڕکردن و شرۆڤەکردن و بڕیاردان و ھەڵبژاردن و دیاریکردنی بەڕێوەبردنە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە دیگیتاڵەکان.

** بەداخەوە لەبەرئەوە زاڵبوونی کۆمەڵی دەوڵەتیی بەسەر کۆمەڵە ئازادەکان، پارلەمانتاریسم بە “دێمۆکراسی” ناسێنراوە  و (دێمۆکراسی) وەک دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی سەروەریی چینایەتی بەکاربراوە و لەنێو ھۆش و ئاوەزی خەڵک ئاوا ئاوەژوو چەقێندراوە و ڕۆژانە چەپە دەسەڵاتخواز و نێوەندگەرا و دیکتاتۆریخوازەکان (لەڕێی سەروەریی چینایەتی) ئاوا دەیناسێنن و ئاوەژوویدەکەنەوە، من ناچارم ھەموو جار و لەنێو ھەموو بابەتێک لەتەک واژەی (دێمۆکراسی|خۆبەڕێوەبەریی گەلیی) پاشگری [ڕاستەوخۆ] بنووسم، تاکو خوێنەری نائاشنا بەکاربردنەکەی من و مەبەستەکەی من بە پارلەمانخوازیی وەرنەگرێت و لێکنەداتەوە.

*** دیسانەوە بەداخەوە، ھەر لەژێر کارایی بەکاربردنی (دێمۆکراسی|خۆبەڕێوەبەریی گەلیی) وەک دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی کڕۆکی سەروەرانە و چینایەتییانەی پارلەمان و پارلەمانتاریزم واژە|چەمکی (نوێنەر)یش کراوەتە دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی کڕۆکی (جێگریی) ھەڵبژێردراوانی سیستەمی پارلەمانیی، کە ھیچ کات ئەوان (نوێنەر) نین، بەڵکو (ڕامیار) و (جێگر) و (ملھوڕ) و (مشەخۆر)ن. چونکە لەنێو سیستەمی پارتییایەتی و پارلەمانیی دەنگدەر پارتییەک یان لیستێک ھەڵدەبژێرێت و ئەگەر ڕاستەوخۆش کاندیدێکی پارتییەک یان ھەر ڕامیارێکی بەبێ پارتیی ھەڵبژێرێت، ئەوا تاکو تەواوبوونی خولی چەند ساڵەی ئەو لەنێو پارلەمان و بەڕێوەبەرایەتی، دەنگدەر ھیچ کاراییەکی لەسەر بڕیار و ئامانج و چالاکییەکانی ھەڵبژێردراوەکە|جێگرەکە نییە و نابێت و ھیچ کات کەسی ھەڵبژێردراو|پارلەمانتار|کارگێڕ|بەڕێوەبەر لە کاتی بڕیاردان و مشتومڕ و ھەڵوێستگیریی ناگەڕێتەوە بۆ سەر بۆچوون و داخوازیی دەنگدەران|ھەڵبژێرەرانی خۆی و پارتییەکەی.

لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە، ھەڵبژێردراوی پارلەمانی (جێگیر)ە نەک (نوێنەر) و بۆ ئەو مەبەستە دەمێکە من ئامانجدارانە واژە و چەمکی (جێگر) بۆ پارلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی سیستەمی دەوڵەتی بەکاردەبەم، کە خۆبەخۆ ڕەتکردنەوەی مافی بڕیاردانی خەڵکە و واژە و چەمکی (نوێنەر) بۆ ھەڵبژێردراوانی کۆبوونەوە گشتییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە  ڕێکخستن ناقووچکەیی [ئاسۆیی] و نانێوەندییەکان بەکاردەبەم، چونکە ئەرکی (نوێنەر) بە بڕیاردانی ھەڵبژێرەران دەستپێدەکات و پاش تەواوبوونی ئەرکەکە، مافی قسەکردن و بڕیاردانی بەناوی ھەڵبژێرەرانی نامێنێت و جارێکی دیکە و بۆ بڕیار و پرسێکی دیکە دەگەرێتەوە بۆ بڕیاری خەڵکی لەنێو کۆبوونەوە گشتییەکان.

https://www.facebook.com/xemi.nan.u.xewni.azadi

بەرەنجامە ئەگەرییەکانی ڕێفراندۆم

ھەژێن

١٨ی ئۆگوستی ٢٠١٧

بەرایی: بۆچوونی خۆم لەبارەی ڕێفراندۆم و جیابوونەوە و سەربەخۆیی و گەڕانەوەی بۆچوونی من لەبارەی ھەڵای (ڕێفراندۆمی ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧) بۆ ھەڵوێستی من بەرانبەر بەرەنجامە ئەگەرییە نیگەتیڤەکانی ئەو ڕێفراندۆمە.

بەبۆچوونی من، تەنانەت لەو بارەشدا کە ڕێفراندۆم کراوەتە ئامرازی سەپاندنی ناڕاستەخۆی بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و دەوڵەتان، ھێشتا ڕێفراندۆم (دەنگدانی گشتی خەڵك لەسەر پرسەكان) زۆر لە بڕیاردانی ڕاستەوخۆ و ملھوڕانەی پارتییەکان و پارلەمانەکان و دەوڵەتەکان و کۆمپانییەکان باشترە، چونکە ڕێفراندۆم ئەگەری ئەوە مسۆگەردەکات، کە خەڵک بڕیاربدات و خەڵك بواری ھەبێت بیربکاتەوە و بڕیارێکی ژیرانە بدات، بەڵگەی ئەوەش زۆر سادە و ئاشکرایە، ملیۆنان ھۆش و مێشک لە یەک یان چەند دانە ھۆش و مێشک باشتر و وردبینترن.

بۆ من، ئەگەر سەرەنجامی بڕیاردانی خەڵك بە جیابوونەوە و پێکھێنانی قەوارەی سەربەخۆی ئێتنیی و ئایینی و یان سێکیولار، بە جەنگ و تاوسەندنی کینەدۆزی ناسیونالیستی و ئایینی و پارتییایەتی نەیێت، زۆر لە مانەوە و ملەچی ناچارییانە و نەخوازراوانەی خەڵك باشترە، چونکە وەك ھێشتنەوەی بەرمیلە بارووتێکە لەسەر دەمی چاڵە بورکانێك، کە ھەر سات ئەگەری ھەڵچوونی ھەیە، بە واتایەکی دیکە جیابوونەوە و یەکگرتن مافی بێچەندوچوونی ھەر کۆمەڵێکە؛ ھەر پێکھاتەیەکی ئێتنی و ئایینی و کولتووری و دەبێت تەواوی خەڵك لەسەر ئەوە بڕیاربدات، نەك پارلەمان و پارتیی و دەستەبژێرێك. بۆ ئەو مەبەستە ڕێفراندۆم گونجاوترین ئامرازە.

ھەرچەندە سەربەخۆیی بۆ من بە واتای سەربەخۆیی تاک و کۆمەڵ لە کۆت و بەندە ئابووریی و ڕامیارییەکانی سەروەران و مشەخۆران و ملھوڕان و دیکتاتۆران و پارلەمانتاران و ڕامیاران و ھەر ئاوا بەواتای سەربەخۆیی و ڕزگاری تاک و کۆمەڵ و ئازادیییە کەسیی و گشتییەکان و مافە سروستی و گەردوونییەکان دێت و ھەنگاوی یەکەم بە لەنێوبردنی دەسەڵاتێك دەستپێدەکات، کە بەناوی خەڵك و بەرژەوەندی گشتی و دێوجامەی نیشتمان و “نەتەوە” بووە بە ملھوڕ و مشەخۆری سەر ڕەنجی خەڵك و سامان و داھاتی کۆمەڵ. سەرباری ئەوەش ھەر کۆمەڵێك مافی خۆیەتی کە لە قەوارەیەک خۆی سەربەخۆبکات و قەوارەیەکی دیکە بۆ خۆی دیاریبکات.

ئەگەر ھێشتا کەسانێك ھەن و لەسەر بنەمای کڵێشە ئایدیۆلۆجییەکانی جاران پێکەوەمانەوەی زۆردارانە و ناچارییانەی ئێتنییەکان و کۆمەڵە ئایینییەکان لەچواچێوەی قەوارە ڕامیاریی و جوگرافییە سەپێندراوەکان؛ مانەوەی نایەکسانانەی کوردان و عەرەبان، سوننە و شیعان، مەسیحی و ئێزیدی و یاراسان لەتەك موسوڵمانان بەگوێرەی مەرجە ملھوڕییەکانی دەوڵەت بە “تێکۆشانی نێونەتەوەیی” ناودەبەن و پاساودەدەن، ئەوا بۆ من جیابوونەوە و کۆتاییھێنان وەك بەرگرتن لە کینەدۆزی ناسیونالیستی و ئایینی و نزیکبوونەوەی تەقینەوەی بورکانەکە، زۆر باشترە و لە بار و ئەگەری جیابوونەوەش کرێکارانی کورد و عەرەب و تورکمان و شیعە و سوننە و مەسیحی و ئێزیدی و یارسان ھەر ئەوەندەی ئێستا دابەشکراو دەبن و ھەر ئەوەندەی ئێستا ھاوپشتی و ھاوتێکۆشانی دژەچینایەتی پڕۆلیتێرەکان لاواز دەبێت. چونکە بە کردەوە، ڕەوتە ناسیونالیستە عەرەب و کورد و تورکمانەکان و ڕەوتە ئایینییە شیعە و سوننە و مەسیحی و ..تد ناڕەزایەتی و تێکۆشانی چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکانیان بەسەر “عەرەبایەتی” و “کوردایەتی” و شیعایەتی و سوننایەتی و مەسیحیەتی و …تد دابەشکردووە و ڕوداوەکانی دوو دەھەی ڕابوردوو و کاردانەوەکانی خەڵك نیشانداوە، کۆمەڵێکی ھاوئامانج و ھاوداخوازی بەناوی (عیراق) بوونی نەماوە. ئەگەر لە بە نموونەھێنانەوەی ھێرشی فەرمانداریی بەعس ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ھێرشی فەرمانداریی بەعس بۆ سووتاندنی ھۆڕەکان لە باشوور و سەرکوتکردنی خوێناوییانەی ڕاپەڕینەوەکانی بەغداد و نێوەڕاست، کە نەبوونە ھۆی وروژاندن و پشتیوانی ڕاپەڕینەکانی بەشەکانی دیکەی عیراق، بگوزەرێم، ئەوا نزیکترین نموونەی دیکە ھەن، کە جیابوونەوە و دابەشبوونی بەکردەوەی ئێتنی و پێکھاتە ئایینییەکانی عیراق دەسەلمێنن؛ ڕاپەڕینی جەماوەرییانەی خەڵکی ناوچە سوننە-نشینەکانی عیراق ساڵی ٢٠٠٣- ٢٠١٤ و پشتیوانینەکردنی لەلایەن ناوچە کورد-نشین و شیعە-نشین و تورکمان-نشینەکان، ڕاپەڕینی خەڵکی بەغداد و بەسرە ساڵی ٢٠١١ھاودەم و پاش ڕاپەڕینەکانی کۆمەڵەکانی باکووری ئەفەریکا و خۆرھەڵاتی ناوین و پشتیوانینەکردنی لەلایەن خەڵکی بەشەکانی دیکە، ڕاپەڕینی ١٧ی شوباتی ٢٠١٢ خەڵکی ھەرێم و پشتیواننەکردنی لەلایەن بەشەکانی دیکە، فرۆشتن و بەدەستەوەدان و داگیرکرانی موسڵ و زومار و شەنگال* و کۆمەڵکوژکردنی ئێزیدییەکان و…تد پشتیواننەکردنی خەڵکی بەشەکانی دیکە، تەنانەت ڕونەدانی تاکە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکی کرێکاری لە بەشێك و بەشەکانی دیکە پشتیوانیان کردبێت، بۆ نموونە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی نەوت لە بەسرە پێش ھاتنی داعش، کە ھیچ پشتیوانییەکی کرێکارانی ناوچە کوردنشین و سوننە-نشینی بەدەستنەھێنا. ئایا ھیچ ھاوپشتییەکی دژە-چینایەتی کرێکاران ھەبووە و ھەیە، تاکو جیابوونەوەی ھەرێمەکان (بەسرە) و “کوردستان” و سوننە-نشین ببێتە ھۆی لەنێوبردن و لاوازکردنی؟

سەرباری ھەموو ئەو نەبوونانەش، بە بۆچوونی من، ھەوڵی دابەشکردنی عیراق، پێش ئەوەی خواستی خەڵك بێت، خواست و پیلانی کۆمپانییە جیھانخۆرەکان و دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی خۆیان، کە پەرەسەندن و ئەگەری یەکگرتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی باکوور و نێوەڕاست و باشووری عیراق دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر نەخشە و بەرژەوەندییەکانی ئەوان. ېێجگە لەوەش ئەوە ئاشکرایە کە خواستی جیابوونەوە لەنێو کوردان و ناوچەکانی دیکە نەگەییشتووەتە ئەو ئاستەی کە خەڵک لەپێناوی ڕاپەڕێت، ئەگەر دەسەڵاتداران و پارتییە ڕامیارییەکان** ئەو ھەرایانە بەرپانەکەن، ھەرگیز خەڵک بەرنابنە یەکدی و لەجیاتی داخوازی (نان و ئازادی)، داخوازی “دەوڵەتی نەتەوەیی و ئایینی و سێکیولار” بەرزناکەنەوە. سەرباری ئەوەش، ئەگەر خەڵکی ھەرێم یان بەسرە لەسەر جیابوونەوە بڕیاربدەن، من پشتیوانی بڕیارەکەیان دەکەم.

بنەمای ھەڵوێستی من بەرانبەر ھەڵای ڕێفراندۆم یان ڕاستر بڵێم ھەڵای (دەوڵەتاندۆم)، ئەوەی کە وەك ئۆگوستی ٢٠١٤ ھەڵای “دەوڵەتی کوردی” فریودانی خەڵکە، گومان ھەڵناگرێت. ساڵی ٢٠١٤ ھەرای واژۆکۆکردنەوە بۆ “دەوڵەتی کوردی” بۆ پەردەپۆشکردنی ھێنانی لەشکری (دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام)* بوو. ھەر ئاوا کە ئێستا بۆ گۆڵکردنە لە لایەنە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسینەکانی نێو ھەرێم و ئەگەر سەریشیگرت و بواریدرا، بۆ بەکاربردنی دەنگی خەڵکە وەك کارتی فشار بەرانبەر فەرمانداریی نێوەندیی عیراق لەسەر دابەشکردنی داھاتی نەوت و پۆستەکانی دەسەڵاتداریی.

وەك دەرکەوتووە و دەردەکەوێت ھەرای ڕێفراندۆمی سێپتەمبەری ٢٠١٧ بۆ گۆڵکردنە لە کێبڕکێکەرە پارلەمانییەکان (ینک و پارتییە نیلییەکە و ئیسلامییەکان) و ھێز و پارتییە پڕۆ_(پەکەکە)ییەکان، بۆ کۆتایی ھێنانە بە مەزاتی ڕامیاریی لەسەر ٣١ی ئابی ١٩٩٦ (پدک)، بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو مێژووەیە؛ بە بۆچوونی من، چ زلھێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە بە ڕێفراندۆمەکە ڕێگەبدەن یان نا؛ چ سەرەنجامی ڕێفراندۆمەکە پەسەندبکرێت یان نا ؛ چ سەرەنجامی ڕێفراندۆمەکە (بەڵێ) بێت یان (نا)، براوە (پدک) و ئەو کۆمپانی و نێوەندە جیھانی و ناوچەییانە و دەوڵەتە ناوچەییە پشتیوانیکەرەکانی (پدک) دەبن.

ھەر ئاوا بەبۆچوونی من، تەنیا لە یەک باردا (پدک) دۆڕانی ھەموو ئەوانە دەبێت، ئەگەر کۆتایی سەرەنجامی ڕێفراندۆمەکە بە جەنگی نێوخۆیی نێوان فەرمانداریی نێوەندیی عیراق و فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان تەواو ببێت و ئەو جەنگە بۆ جەنگی ناسیونالیستی نێوان عەرەب و کورد، تورکمان تەشەنەنەکات. چونکە ئەگەر نەتوانن جەنگی نێوان خۆیان (دەسەڵاتداران) بگۆڕن بە جەنگی ناسیونالیستی نێوان پێکھاتە ئێتنییەکانی عیراق، ئەوا شکستی (پدک) بەبێ کۆمەکی میلیشیا و دەسەڵاتدارە کوردەکانی دیکە مسۆگەرە و (پدک) دەبێتە پەندی ڕۆژگار و بەرگەی ھێرش و پەلاماری لەشکری فەرمانداریی نێوەندیی ناگرێت.

لەو بارەشدا (پدک) تەنیا دۆڕاوی بەدینەھاتنی “دەوڵەتەکەی” و بەدینەھاتنی داخوازی پشکی زیاتری داھاتی نەوت و دابەشکردنی پۆستەکان نابێت، بەڵکو دۆڕاوی بەدینەھاتنی جەنگی ناسیونالیستانەی نێوان ئێتنییەکان دەبێت، کە کۆمپانی و دەوڵەتە پشتیوانەکانی (پدک) دنەیدەدەن و ئاگرەکەی گەشدەکەن. ئەگینا لە باری ھەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆیی فەرماندارییەکان و ئێتنییەکان، لەسەر ئاستی ھەرێمی “کوردستان” ئەو ھێزانەش ڕاکێشی نێو جەنگەکە دەکات، کە تاکو ئەم ساتەش پاگەندەی (نەخێر) بۆ ڕێفراندۆمەکە دەکەن، ئەوەش بۆ ئاڵۆزی و بەھێزیی تاکتیکەکە دەگەڕێتەوە، کە لۆبی کۆمپانییەکانی دەرھێنانی نەوت و چەکسازی و دەوڵەتەکانی بۆ (پدک) دایانڕشتووە، بەرپاکردنی جەنگێك کە تەڕ و وشک پێکەوە بسووتنێتێت و جەنگ بباتە قوژبنی ھەموو ماڵێك و ھەموو ھۆشێکی خۆشباوەڕ بە ناسیونالیزم و سەربەخۆیی لە سایەی دەوڵەت لەنێوی بەشداربکات.

بەڵگەکانی ئەو ئەگەرانە:

باری یەکەم: ئەگەر بە ڕێفراندۆزمەکە بواربدرێت یان نا، (پدک) براوە بێت یان نا، سەرەنجامەکەی لەلایەن یوئێن و زلھێزەکان پەسەندبکرێت یان نا ؛ لەبەرئەوەی کە زۆرینەی تاکی کورد بە ڕاست و چەپ، ئیسلامی و سێکیولار، کۆنەپارێز و لیبراڵ بە دەوڵەت خۆشباوەڕن و بڕوایان بە کوردی_بوون و کرێکاری_بوون و ئیسلامی_بوون و لیبراڵ_بوون و سوننە_بوون و شیعە_بوونی دەوڵەت ھەیە و دەوڵەت بە تاکە “ئامرازی سەربەخۆبوون” و بە ئامرازی “پاراستنی ئاساییش” و “ئاشتی تاک و کۆمەڵ” و بە ئامرازی “دادپەروەرانەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ” دەزانن، زۆرینە لەتەک بەشداریکردن و (بەڵێ) دەبێت و ھەر ئاوا زۆرینە لەتەك جیابوونەوەیەك دەبێت، کە کۆمپانییە جیھانلووشەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندی خۆیان و (پدک) وەك تاکتیکێک بۆ گێڕانەوەی ئابڕووی تکاوی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ٣ی ئۆگوستی ٢٠١٤ و لەوەش گرنگتر لێدان و گۆڵکردنی مێژوویی لە پارتییە ڕکەبەرەکانی نێو پارلەمانی ھەرێمە، کە بۆ ھەمیشە ئەوان لەنێو ھۆش و ئاوەزی خەڵك دەخاتە بەرەی داگیرکەران و (پدک) کە ھەموو تەمەنی بەرلەشکری داگیرکەران بووە، دەکاتە تاکە “فریادڕەسی گەل” …

باری دووەم: ئەگەر بە بەرپاکردنی ڕێفراندۆم بواربدرێت و سەرەنجامەکەی (بەڵێ)ی زۆرینە بێت و نێوەندە جیھانییە بڕیاردەرەکان جیابوونەوەکە پەسەندبکەن و فەرمانداریی نێوەندیی عیراق و عیراق وەك دەوڵەتێك بەوە ڕازنەبێت و سەرەنجامەکەی بە جەنگی نێوخۆیی نێوان فەرماندارییەکانی عیراقی فێدراڵ و گەلانی عیراق تەواوبێت، ئەوا زۆرینەی کۆمەڵی ھەرێم تووشی پەشیمانی دەبن و تەنیا کەمینەیەک بڕوای بە (پدک) بەھێزتر دەبێت، کە ئەندامان و ھاوبەرژەوەندییانی (پدک)ن. بێجگە لەوە، لە بارێکی ئاوادا دوو بەرەنجامی لاوەکی دیکەی وەك پاشکارایی جەنگی نێوخۆیی نێوان فەرماندارییەکان و تاکە ناسیونالیستەکانی گەلانی عیراق دەبێت، کە ئەمانەی خوارەوەن:

– ئەگەر جەنگ بەرپابکرێت، بەرەی (نا) بەتایبەت (ینک و پارتییە نیلییەکە و پارتییە ئیسلامییەکانی بەرەی نەخێر) خۆبەخۆ دەکەونە سەر دووڕیانێك : جەنگ دژی بەشە فەرماندارییەکەی (پدک)، یان جەنگ دژی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق لەپشت سەری (پدک).

ئەوە ئەو بەرەنجامە خوازراوەیە، کە (پدک) بەتەواوەتی پشتی بە ئەو وەك تاکتیکێك بەستووە و لە سەرەنجامی ڕێفراندۆمەکە و بە دەوڵەتبوون و سەرۆک-دەوڵەتبوونی بارزانی گرنگترە، چونکە (ینک و پارتییە نیلییەکە و پارتییە ئیسلامییەکانی بەرەی نەخێر) چ بخوازن و چ نەخوازن، ناچارن لەپشت سەری (پدک) دژی فەرمانداریی نێوەندیی بجەنگن، ئەگینا دەکەونە ئەو خانەی کە (پدک) ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران و ١٩٩٦ لە ھەولێر و ٢٠١٤ لە شەنگاڵ تێکەوت.

 ئەگەری ڕێگەی سێیەم، کە ئەگەری ھاوبەرەیی بەرەی (نەخێرە) لە دژی بەرەی (پدک) لە کاتی بەرپابوونی جەنگی نێوخۆیی، ئەوەش ئەگەری زۆر کەمە، چونکە لەنێو سرووشتی ئەو ھێزانە (ینک و پارتییە نیلییەکە و پارتییە ئیسلامییەکانی بەرەی نەخێر) بێلایەنیی بوونی نییە و ھەرگیزیش ناتوانن دژی خۆشباوەڕیی ناسیونالیستانەی زۆرینەی دانیشتووانی ھەرێم لەنێو بەرەی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق دژی (پدک) بوەستن، چونکە لەو بارەدا ئەوان دارێکیان بە دەستەوە، کە ھەر دوو سەرەکەی ھەر … .

بەڵام بە پێچەوانەی بەرەی ناسیونالیستی و پارتییە دەسەڵاتدار و بەشدارەکانی پارلەمان، بەرەی چەپ بەگشتی لەسەر بنەمای پێشینەی ھەڵوێستی دژی جەنگی نێوان دەوڵەتان و فەرماندارییەکان و میلیشیاکان دەست و پێی کراوەترە لە بواری دژایەتیکردنی ھەر ھەوڵێك، کە بەرەنجامەکەی جەنگی نێوخۆیی یان جەنگی دەرەکییە و ئاگری جەنگی نێوان ئێتنییەکان و کۆمەڵە ئایینییەکان و قەوارە ڕامیاریی و میلیشیاییەکان خۆشدەکات. بە ڕادەی کەم مێژووی دژە-جەنگبوونی بەرەی چەپ لە سەدەیەک زیاترە.

ئەگەر لەو ئەگەرانەش بگوزەرێین، ئەوا پێداچوونەوەی ھەلەکان و ھەوڵەکانی بۆرجوازی کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، بە ئاسانی ئەو ڕاستییە دەرخات، کە ساڵی ١٩٩١-٢٠٠٣ وێڕای جیابوونی بەکردەوەی ھەرێم لە عیراق و ھەر ئاوا ساڵی ٢٠٠٣- ٢٠٠٥ پاش ڕوخانی فەرمانداریی بەعس، گەورەترین ھەلی جیابوونەوە ھەبوو و ھەرچەندە ئەو کات لە ئێستا زیاتر خەڵک خوازیاری جیابوونەوە بوو، کەچی بەپێچەوانەوە لەبەرئەوەی کە لە بەرژەوەندی بۆرجوازی کورد چ وەك بازرگان و سەرمایەدار، چ وەك دەسەڵاتدار و پارتییە ڕامیارییەکانی نەبوو و ئامادەی جیابوونەوە نەبوون.

بەڵام ئێستا پاش ئەوەی کە زۆربەی زەمینە لەبارەکانی جیابوونەوە لەدەستچوون و دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆن بە ھەموو شێوەیەك پابەندی مەرج و بەندەکانی کۆمپانییەکان و زلھێزەکان و ڕێکەوتننامەی دەوڵەتانی ناوچەکەن و ئەوان (زلھێزەکان و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان) دەسەڵاتدار و بەڕێوەبەری بەکردەوەی کۆمەڵی ھەرێمن و پارتییە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم تەنیا پاسەوان و پارێزەری ئاساییش و زەمینەسازی سەرمایەگوزاری ئەوانن لەو ھەرێمە و فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان” وەك فەرمانداریی نێوەندیی عیراق دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە، ملکەچ و وابەستەی بەرنامە و ڕامیارییەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپی و کارخانەکانی چەکسازی و ئۆتۆمەبێلسازی و پاڵافتەکردن و تاڵانبردنی نەوتە و ئەوە ئەوانن (کۆمپانییە جیھانخۆرەکان) کە بۆ فەرمانداریی ھەرێم و پارتییە دەسەڵاتدارەکانی بەرنامەڕێژییدەکەن و سنوور و ڕۆڵی پارتیییە ئۆپۆزسیۆنەکانی نێو پارلەمان دیاریدەکەن و لە ڕێگەی ئەوانەوە بە داخوازیی و خەونەکانی خەڵك بازیدەکەن. کەچی دەسەڵاتداران بەتایبەت (پدک) و ھاوپەیمانە چەپەکانی، عیراق و ھەرێمێك کە تازە لەنێو دۆزەخی تیرۆری (دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی) ڕزگاریبووە، بەرەو جەنگێکی نەبڕاوەی ناسیونالیستی ئاوا دەبەن، کە ھەموو نەھامەتییەکانی جەنگی سی ساڵەی نێوان بزووتنەوەی چەکداریی ناسیونالیستی کورد و فەرماندارانی عیراق و جەنگی سی ساڵەی نێوان باڵە چەکدارەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیستی کورد و جەنگی ھەشت ساڵەی عیراق-ئێران و جەنگی دووەم و سێیەمی کەنداو بەراورد بە خۆی دەکاتە شایی و ھەڵپەڕکێی نێوان ھەموو بەرەکان.

بەبۆچوونی من، ئەگەر بڕیاربێت ھەرێمی “کوردستان” سەربەخۆبکرێت، ئەوا دەبێت و پێویستە لە دەسەڵات و زاڵی و چەپاوڵی کۆمپانییە جیھانخۆرەکان و ڕامیاری و بەرنامە و مەرجەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی و بانکی نێودەوڵەتی ئەوروپا و کۆمپانییەکانی وەك مۆنسانتۆ خۆی ڕزگاربکات و سەربەخۆبکرێت؛ لەو کۆمپانی و نێوەندانە ڕزگار و سەربەخۆبکرێت، کە چەپەکانی وەك “کۆمونیزمی کرێکاری” نەک بۆ جارێکیش ناوی ئەوانە ناھێنن، بەڵکو بە ناوھێنانی ئەوانە زمانیان لاڵدەبێت.

بێجگە لەوە، وەك دەبینین و دەزانین ئەو ھێزە ناوچەییانەی کە پشتیوانی لە جیابوونەوە و دەوڵەتبوونی ھەرێمی قەرەقووشی بۆرجوازی کورد دەکەن، لەتەك دەوڵەتی بۆجواز-ئیسلامی ئێران کێشەیان ھەیە و دەخوازن بە لێدان لە دەوڵەتی و فەرمانداریی نێوەندیی عیراق وەك یەکێك لە پایە سەرەکییەکانی پڕۆژەی ئیمپراتۆریی بۆرجوازی شیعە لە ناوچەکە، بە پڕۆژە ناوچەیی و جیھانییەکانی دەوڵەتی بۆرجوازی شیعە کۆتاییبھێنن. لە بارێکیشدا ئەگەر پلانەکە سەرکەوتوو نەبوو و بەرەی نێوخۆیی (پدک) لەنێو عیراق و ھەرێم تێکشکا، یان ھەوڵی جیاکردنەوەی ھەرێم لە دەوڵەتی عیراق و گێڕانەوەی “وڵایەتی موسڵ” و بەکاربردنی وەك دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچەکە بەدینەھات، ئەوا خۆیان لەتەك فەرمانداریی نێوەندیی عیراق و دەوڵەتی ئێران ڕێکبکەونەوە و وەک ڕێکەوتنەکانی ١٩٧٥-١٩٧٨ بە کۆمەلێك بەرتەری و دەستکەوت بگەن، لەوانە دەرپەڕاندنی (پەکەکە) لەنێو سێگۆشەی سنووری عیراق-ئێران-تورکیە و شکستھێنان بە ئەزموونی خۆبەرێوەبەریی (خۆراوا).

لەم خاڵەی کۆتاییدا پارتییەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” چ لە ئێران و چ لە عیراق، ھاوبەرژەوەند و ھاودەردی دەوڵەتی تورکیە و (پدک)ن؛ دەوڵەتی تورکیە خوازیاری دەرپەڕاندنی (پەکەکە) لە قەندیل و تێکشانی خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا)یە، چونکە بوونی ئەو دووانە بە مەرگھێنەری خۆی دەبێنێت و مەترسین بۆ سەر پلانی دروستبوونی ئیمپراتۆریی نیئۆ-ئوسمانی. (پدک) خوازیاری دەرپەڕاندنی (پەکەکە) لە قەندیل و تێکشانی خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا)یە، چونکە (پەکەکە) بە ڕکەبەری دەسەڵات و ھەژموونی خۆی لە “کوردستان”ی بەشی تورکیە و “کوردستان”ی بەشی سوریە و ھەر ئاوا لە ناوچەی (بادینان)یش دەزانێت و سەرکەوتنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا) واتە کۆتاییھاتنی سیستەمی دەسەڵاتداریی بنەماڵەیی و خێڵەکی سەرانی (پدک). ھەر ئاوا بۆ پارتییەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” دەرپەڕاندنی (پەکەکە) لە قەندیل و تێکشانی خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا)، بە واتای دەرکەوتنی قەد و باڵای خۆیانە. چونکە لە کوردستانی بەشی ئێران و تەنانەت لەنێو ئۆپۆزسیۆنی چەپی ئێرانیش لایەنگران و پشتیوانانی (پەکەکە) و خۆبەڕێوەبەریی خۆراوا ھەن، لە ھەرێمی کوردستان ئەگەر بڕیاربێت ئاڵوگۆڕی شوێن و پێگەی ھێزەکان و سیستەمی بەڕێوەبردن ڕوبدات، ئەوا دیسان ھەر (پەکەکە) و خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا) پێشنیارە، ئەوەش واتە مەرگی یەکجارەکی خەونەکانی سەرانی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری”؛ ھێزی سێیەم و بەرەو دەسەڵات ھەڵکشان***. وەك دەزانین و دیتمان، لە ماوەی ساڵانی ١٩٩١-٢٠١٧ قسەکەرانی کۆمونیزمی کرێکاری لەپێناو بەدەسەڵاتگەییشتن، تاکتیک و کاژگۆڕین نەما پەنای بۆ نەبەن، بەڵام ھەرگیز و لە لەبارترین بار و دۆخ و سەردەمدا کە ساڵانی پاش ڕاپەڕین و ساڵانی سەردەمی جەنگی نێوخۆیی بوون، نەیانتوانی ببنە ئەو ھێزەی کە خەونی ھەمیشەیی خۆیانە. بەڵام بەپێچەوانەی ھەوڵەکانی ئەوان، لەناکاو خۆبەڕێوەبەرییەکی گەلیی و فرە ئێتنی و سێکیولار و یەکسانگەری پێگەی ژن و پیاو لە بێدەنگترین بەشی ناوچە کوردنشینەکانی خۆرھەڵاتی ناوین “کوردستان”ی بەشی سوریە، کە ھیچ کەس ئاوا چاوەڕوانییەکی نەبوو و ھیچ کەس ئاوا پێشبینی و ئەگەرێکی لەبەرچاونەگرتبوو، سەرھەڵدەدات و حەفتا فەرسەخ دروشم و بەرنامە تاکتیکی و بریقەدارەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” دەخاتە پشت سەری خۆی. لەبەرئەوەیە، کە خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا) وەك زەنگی مەرگ ئەو سێ ئاراستەیەی (ڕەوتی ڕۆنانی ئیمپراتۆری نیئۆ-ئوسمانی، ڕەوتی بە دەوڵەتکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی، ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری”) لەنێو بەرەیەکی فرە دیو کۆکردوونەتەوە.

بۆ ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” وەك ڕەوتێکی دەسەڵاتخواز و دژە-ئیسلام نەك دژە-ئایین و دژە-سەرمایەداری، لەتەك پرۆژەی دەوڵەت و ھێزە ناوچەییە دژەکانی دەوڵەتی بۆرجوازی شیعە لە ئێران یەکدەگرێتەوە و دوژمنی دوژمنی دۆستیەتی؛ ھەم بەرژەوەندی (پدک) بەرانبەر (ینک) و (فەرمانداریی نێوەندیی عیراق) وەك ھاوپەیمانەکانی دەوڵەتی ئێران و ھەم بەرژەوەندی ھێزە ناوچەییەکانی پشتسەری (پدک) وەك ڕکەبەری دەوڵەتی بۆرجوازی شیعە لە خۆرھەڵاتی ناوین لەتەك بەرژەوەندی ڕەوتێکی شکستخواردووی وەك “کۆمونیزمی کرێکاری” یەکانگیردەبن.

لەپشت گشت ئەو ئەگەر و بەرەنجامانەوە، نەخشە و بەرژەوەندییەکانی ئیمپراتۆری نیئۆ-ئوسمانی**** و ھێزە ناوچەییەکانی دیکە ئامادەیە و دەوڵەتی تورکیە لە ھەموو لایەك زیاتر لە بەرپاکردنی جەنگی نێوخۆیی عیراق قازانجدەکات، چونکە لەوانەیە وەك بەرەنجامی ئاوا جەنگێك فەرمانداریی نێوەندیی عیراق بۆ پشتشکاندنی (پدک) ئامادەبێت بەرتەریی ئابووریی و ڕامیاریی زیاتر بە دەوڵەتی تورکیە و ھاوپەیمانەکانی (واتە پارتیی و بەرە تورکمانییەکانی نێو عیراق کە ھەمان ڕۆڵی لەشکر و میتی تورکیە دەبینن) ببەخشێت، تاکو پشتی (پدک) بەربدات و زۆریش ئاساییە، کە دەوڵەتی عیراق بۆ لێدانی ھەوڵ و ئامانجەکەی (پدک) لەتەك دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێکبکەوێت و بەرتەریی نەوت و زۆر شتی دیکەش ببەخشێت و گرژی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئێران خاوبکاتەوە و لەوێدا بەرژەوەندی دەوڵەتی عیراق- دەوڵەتی ئێران ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق و دەوڵەتی تورکیە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ھێزە تورکمانییە پڕۆ تورکییەکان دابینبکرێت.

یاریکردنی (پدک) بەئاگر ھەر بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کە خەریکی خۆشکردنی زەمینەی جەنگێکە کە تێداچوونی پارتیی خۆی و نیمچە سەربەخۆیی ھەرێم و تەواوی ھێزەکانی دیکەی ھەرێم و ڕێکەوتن و یەکانگیری بەرژەوەندی ھێزەکانی خۆرھەڵاتی ناوین بەتایبەتی دەوڵەتی عیراق و تورکیە و ئێران مسۆگەردەکات، چونکە ئەستەمە لە چوارچێوەی عیراقێکی لکێندراو بە نەخشەی ناسیونالیزمی عەرەبی و لە عیراقی پاش شەش دەھە کودەتا و دیکتاتۆریی جەنەراڵەکان و بەعسییەکان و لە عیراقی پاش سێ ساڵ جەنگی (دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی سوننە) کە ھاوپەیمانی (پدک) و دەوڵەوتی تورکیە (داعش)ی ھێنایە نێو خاکی عیراق و موسڵی بە ئەو بەخشی، بەرپاکردنی ڕێفراندۆم بۆ جیابوونەوە بە گەرماوی خوێن بۆ گەلانی عیراق کۆتایینەیێت. بە بۆچوونی من، وەك پێشتر ئاماژەمدا، دوو دەورە ١٩٩١- ٢٠٠٣ و ٢٠٠٣ – ٢٠٠٥ زەمینەی جیابوونەوە بەبێ جەنگی میلیشیایی و دروستبوونی کینەدۆزیی ناسیونالیستی ھەبوو، بەڵام ئەو کات، سەرانی (پدک) و (ینک) لەجیاتی ئەوە داخوازی چەند ملیۆن دۆلارێك و پەردەپۆشکردنی پەروەندەکانی پەیوەندی نھێنی نێوان خۆیان و ڕژێمی ڕوخاو دەخەنە سەر مێزی ھێزە ھاوپەیمانە داگیرکەرەکانی عیراقی پاش فەرمانداریی بەعس و سەدام.

ھەڵبەتە وەك پێشتر ئاماژەمدا ھەڵوێستگیریی بۆ چەپەکان دژی ھەرای ڕێفراندۆم لە ئێستا و ئەگەری کۆتاییھاتنی پرۆسێسەکە بە جەنگێك کە ٩٩% ئەگەری ڕودانی لە ئەگەری ڕونەدانی زیاترە و چەپەکان وەك پێشینەی مێژوویی بەتایبەت لەماوەی سەد و سێ ساڵی ڕابوردوو دژی جەنگە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بوون، ئاسانترە لە ھەڵوێستگیریی بەرەی ناسیونالیستەکان دژی ئاوا ھەڵایەک، کە تەڵە و تاکتیکی ڕکەبەرێكی پارلەمانیی خۆیانە، مەترسی کەمترە .

پێویستە ئەوەش بڵێم و ڕۆشنایی بخەمەسەر، کە ھەڵوێستی (حککک / “کومونیزمی کرێکاری”) لەوێوە نییە، کە ئەگەر ڕێفراندۆم و پرۆسێسی دەوڵەتاندۆم سەرکەوتوو بن، لەتەك ھەمان چارەنووسی سزاواریی ناسیونالیستی (ینک و پارتییە نیلییەکە)ی ڕووبەڕووبن. بە پێچەوانەوە بە سەرکەوتنی ڕێفراندۆم و جیابوونەوەی ھەرێم (بە ئاشتییانە)، دەبێتە ھۆی تێکشکان و ڕسوابوونی یەکجارەکی باڵە عیراقییەکەی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە نێوەراست و باشوور. خراپتر لەو چارەنووسەش، چارەنووسی (حککک)یە وەك باڵێکی تاکتیکیی (حککع)، کە لە باری ڕودانی جەنگی نێوان فەرمانداریی ھەرێم و فەرمانداریی نێوەندیی و تەشەکردنی بۆ جەنگی ناسیونالیستانەی نێوان ئێتنییەکان، چ وەڵامێك بە مێژوو دەدەنەوە، کە ئەوان شان بە شانی کۆمپانییەکانی نەوت و دەوڵەتی تورکیە و (پدک) دەبنە ھەڵگیرسێنەری جەنگێك، کە ھەموو جەنگەکانی پێشتووتری نێو عیراق و عیراق لەتەك دەرەوە دەکاتە خەونێکی ناخۆشی ڕابوردوو و جەنگی نێوان ناسیونالیستانی کورد و عەرەب، کە سەدەیەکە نەخشەی بۆ دەکێشرێت، ئەوان دەیکەنە کەتواری ڕۆژگار. ئایا لە بارێکی ئاوا، پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” چی دەکەن و ھەڵوێستیان چی دەبێت؛ دژی جەنگ یان بەشداری جەنگ بۆ سەرخستنی پرۆژەی دەوڵەتاندنی بۆرجوازی کورد؟

ھەڵبەتە ئەوە نەگوتراو نەمێنێت، کە ئەگەر بار و دۆخی ئێستای عیراق و ھەرێم ھەمان بار و دۆخی دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو بووایە، یان جەنگی نێوان فەرمانداری ھەرێم و فەرمانداریی نێوەندیی، یان جەنگی ناسیونالیستانەی نێوان میلیشیا و ئێتنییەکان لە ئارا بووایە، ئەوا منیش بۆچوونێکی دیکەم لەبارەی ھەڵوێستی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” دەبوو و لە خراپترین باردا بە ھەڵوێستێکی تاکتیکی***** لەپێناو بەدەسەڵاتگەییشتنم دەخوێندەوە. بەڵام ئەو مەترسییە نێوخۆیی و دەرەکییانەی کە ساڵانی ١٩٩١-٢٠٠٣ لەسەر ھەرێمی “کوردستان” ھەبوون، لە ساڵی ٢٠٠٣- ٢٠١٧ نەماون و ئەوە فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان”ـە، کە بە فەرمانداریی نێوەندیی عیراق شەڕدەفرۆشێت و ئەوە (پدک) کە بە فیتی دەوڵەتی تورکیە دژی فەرمانداریی عیراق پیلانی گێڕا و (داعش)ی ھێنا و ھەر لادانی (پدک) لە ڕێکەوتننامە و یاساکانی عیراق و بەرنامەی دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت بوو، کە بوو بە ھۆی بڕینی ١٧% پشکی ھەرێم لە داھاتی عیراق. ئەگەر مەترسییەکیش لەسەر ھەرێمی “کوردستان” ھەبێت، ئەوا جموجوڵی سەربازی و ڕامیاریی و ئابووریی و کولتووریی دەوڵەتی تورکیە و پشتیوانی دەوڵەتی تورکیەیە لە ھێزەکانی (داعش). بەپێچەوانەوە نە ترس و بیانوویەك بۆ جیابوونەوە ھەیە و نە جەنگێك ھەیە، تاکو پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بەو دەوڵەتاندنە لە ڕژانی خوێنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانی باکوور و نێوەڕاست و باشووری عیراق بەربگرن.

لەبەرئەوە و بە بۆچوونی من، ئەگەر لەنێو ڕێزەکانی پارتییەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” و لایەنگرانی ئەوان، کەسێك یان کەسانێك ماون و خۆشباوەڕییان بە کۆمونیستبوونی ئەو ڕەوتە ئەوانی ڕەدووخستووە، پێویستە ئەو پرسیارە پەیگرانە لە خۆیان بکەن؛ ئەگەر سەرەنجامی ڕێفراندۆمێکی ئاوا، کە ھیچ پێداویستییەکی ناچارییانەی نییە و لە باری سەرکەوتووبوونی، فەرمانداریی بۆرجوازی کورد دەگۆڕێت بە دەوڵەتی بۆرجوازی کورد و خۆشباوەڕیی خەڵکی بە ساوایی بیست و شەش ساڵەی فەرمانداریی بۆرجوازی کورد دەگۆڕیت بە خۆشباوەڕییەکی دوو سەد و سەشت ساڵە. ئەگەر بەرەو جەنگی نێوان فەرماندارییەکان و میلیشیاکان و جەنگی ناسیونالیستی نێوان ئێتنییەکانی عیراق چوو، ھەڵوێست و پێگەی ئەوان (لایەنگران و ئەندامانی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری”) چی دەبێت؛ وەستانەوە دژی جەنگێك کە خۆیان پووشدەری ئاگرەکەین، یان جەنگین وەک ھێزی یەدەکی (پدک) لەنێو بەرەی ناسیونالیستانی کورد؟

بەکورتی : ئەوانەی کە نەخشەی ڕێفراندۆم و جیابوونەوەی ھەرێمی “کوردستان”یان بۆ سەرانی دەسەڵاتداری (پدک) داڕێژاوە، زۆر بە وردی چەند شتێکیان بەرچاوگرتووە، کە بۆ مسۆگەرکەردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان چارەنووسسازن؛ گۆڕینی بەرەی (ینک و پارتییە نیلییەکە و پارتییە ئیسلامییەکانی بەرەی نەخێر) کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و کۆمپانییە ئێرانییەکان و ھاوبەرەیی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق دژی دەوڵەتی تورکیە و کۆمپانییە تورکییەکان دەکەن، گۆڕینی (پدک) لەنێو ھۆش و ئاوەزی زۆرینەی تاکە خۆشباوەڕەکانی کۆمەڵ بە پووچگەرایی “ڕزگاری کۆمەڵ بە بەدەوڵەتبوونی فەرمانداریی ھەرێم” بە ھێزی سەرەکی و بڕواپێکراو بۆ درێژماوە و چەند دەھە و سەدە؛ ئەگەر جەنگی نێوخۆیی فەرماندارییەکان و ھێزە ناسیونالیستە عەرەبی و کوردی و تورکمانی و تەنانەت ئایینە جیاوازەکان ھەڵگیرسا و بەرەی (نەخێر)ی پارتییەکانی دیکە دژی (پدک) ھاوبەرەیی فەرمانداریی  نێوەندیی عیراقی کرد، ئەوا دیسانەوە بڕوای درێژماوە ھەر (پدک) دەبێت و ئەگەر بەپێچەوانەشەوە بەرەی (نەخێر)ی پارتییەکانی دیکە بەناچاریی و لە ترسی نەفرەتی خەڵک ھەڵوێستی خۆی گۆڕی و کەوتە پشت سەری (پدک)، ئەوا بۆ ھەمیشە (پدک) سەرکەوتووی کایەکە دەبێت و جەستەی مردووی پارتییە نەیارە پارلەمانییەکانی و تەنانەت ناپارلەمانییەکانیشی بەرەو گۆڕستان ڕاکێشدەکات و پاشماوەی ئەو پارتییانە بۆ ھەمیشە ملکەچی (پدک) دەبن.

دواشت، کە ئامانجی سەرەکی من دەبێت لە نووسین و دەربڕینی بۆچوون و دیتنەکانی خۆم، ئەوەیە، ھەر ئێستا و لەم ساتەوە ئەرکی ھەموومانە، ئێمە ئازادیخوازانی کۆمەڵی ھەرێمی “کوردستان/ باکووری عیراق” و ئازادیخوازانی نێوەڕاست و خوارووی “عیراق”، ھەر ئێستا و ھەر کەس لە شوێنی ژیان و کار و فەرمانی خۆی و لە ھەر گۆشەیەکی ئەم جیھانە ھەیە و بە ھەر زمانێك توانانی ئاخاوتن و دەربڕینی ناڕەزایەتی ھەیە، پێویستە و دەبێت بەرەی دژی جەنگی نێوخۆیی فەرماندارییەکانی عیراق ھەڵخڕێنێت و بانگەوازبکات، کە سەرەنجام وەك جەنگی نێوان گروپە ناسیونالیستەکانی بۆسنە و ھەرزەگوین و فەرمانداریی یوگوسلاڤیای جاران، دەبێتە جەنگی ناسیونالیستی نێوان ئێتنییەکان و سەرتاسەری بەشەکانی عیراق دەکاتە گۆمی خوێن، وەك تۆڵەی کۆمپانییە بریتانی و ئەمەریکییەکان لە خۆماڵیکردنی نەوتی عیراق.

بەبۆچوونی من، ئەگەر ھەر ئێستا ھەر ئازادیخوازێك لەلایەن خۆی ڕۆژانە بەشێك لە نووسین و دەربڕینەکانی بۆ پاگەندەکردن دژی جەنگی نێوخۆیی ھێزە دەسەڵاتدارەکان و تەشەنەکردنی ئەو جەنگە بۆ جەنگی نێوان گەلان، کە ئەگەری ڕودانی لە ڕونەدانی زیاترە، تەرخاننەکات، سبەی زۆر درەنگە و پەشیمانی و قامکگەستن و خۆزگەخواستن توانای بەرگرتن بە جەنگێكی نییە، کە لە سەردەمی دەرچوونی ناچارییانەی ھێزەکانی بریتانیا تاکو ئێستا پووشی لەسەر کۆمادەکرێت.

—————————————————————–

* یەکێك لەو کەسە ئێزیدییانەی کە وەرگێرانی پەروەندەی پەنابەرییەکەیم کردووە، ئاوای گێڕایەوە “بەخۆم ئەندامی (پدک) بووم، ژیان و گوزەرانێکی باشم ھەبوو، لەنێو شاری شەنگال دوکان و ئۆتومەبێل و خانووی خۆم ھەبوو، چەند ڕۆژ پێش بەدەستەوەدانی زومار و شەنگال و مەخموور، (مەسرور بارزانی) کوڕی “سەرۆکی ھەرێم” وەک نوێنەری (پدک) و کۆمپانییەکانی خۆی چووبوو بۆ ڕێکەوتن لەتەك سەرانی (داعش) لە ناوچەی موسڵ، بەڵام (داعش) بەپێچەوانەی پەیوەندییەکانی پێشووتر، (مەسرور کوڕی سەرۆکی ھەرێم) بە بارمتە دەگرێت و داخوازی بەدەستەوەدانی زومار و شەنگال و موخموور دەکات، ئیدی ئەوە ڕویدا کە خۆتان لە شاشەی تەلەفزیۆن دیتتان”

** یەکەمین پارتیی کە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو، جیابوونەوە و “دەوڵەتی سەربەخۆی” دنەدا، (حککع) بوو، وەك پێشنیار و بڕیاری (مەنسووری حیکمەت) و “کۆمونیزمی کرێکاری”. ئەو ئاوە لێڵەی کە ئێستا (پدک) پێی تێخستووە، یەکەم جار (حککع) ڕشتی و خۆشباوەڕیی “ڕزگاربوون و بەختەوەری لە سایەی دەوڵەتی سەربەخۆ”ی لەنێو ھۆش و ئاوەزی خەڵکی ناڕازی ناھوشیار چاند. ڕەوت و “ڕابەر”ێك، کە دروشمی “ناسیونالیزم شەرمەزارییە بۆ بەشەرییەت” بنێشتی ھەر ساتەی بن ددانی لایەنگرانی بوو، بەلام بۆ ساتێکیش بەخۆی دەستبەرداری ناسیونالیزمی پان-ئێرانی نەبوو و بەرانبەر پرسی کوردان لە ئێران، ھەڵوێستێکی دیکەی ھەبوو و ھەیانە.

*** ساڵی ١٩٩٦ (مەنسووری حیکمەت) “ھێزی سێیەم” بوون و نزیکی “بە دەسەڵاتگەییشتنی (حککع)” لە کوردستانی بەشی عیراق پێشبینیکرد و “ھێزی سێیەم” بنێشە خۆشەی ئەو ڕۆژانە بوو، ھەر ئەو پێشبینییە بێبنەمایە بوو، کە سەرانی (حککع) دڵخۆش و لەخۆگۆڕاو کرد و ئەوانی بۆ خۆھەڵبژرادن و بەشداریکردنی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان ھاندا، بەڵام سەرەنجامی دەنگدانەکان پێچەوانەی چاوەڕوانی لەخۆباییبوونی ئەوان، ھەژماری دەنگەکانیان لە ھەژماری ئەندامانی پارتییەکەیان کەمتر بوو.

**** بۆ ئاگاداری خوێنەر چەمکی (نیئۆ-ئوسمانی)م لە ھیچ کەس وەرنەگرتووە، تاکو ئاماژە بە سەرچاوەکەی بدەم، بەڵکو خۆم یەکەم کەس بووم، کە ئەو چەمکەم بەکاربردووە. مەبەستم لەم ئاگادارکردنەوەیە، ئەوەیە دزانێکی فەیسبووکی و ئینتەرنێتی پەیدابوون، کە کلی بەرچاوی دایکی خۆشیان دەدزن و ئەوانەش نووسەرانی تازەکار نین، بەڵکو نووسەرانی ناوداری ناسراو بە “کەڵە ڕۆشنبیرانی کورد” ناسراون. نموونەیەك لەو بارەوە، دە ساڵ لەمەوبەر چەمکی (خێڵی ھاوچەرخ)م بۆ پارتیی ڕامیاری بەکاربرد و بەدیاریکراوی لەنێو پەرتووکی (چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی) ھاتووە، کەچی پاش ئەوە تەنانەت لەلایەن ڕەخنەکراوانەوە بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەی وەرگرتنەکەی، بەکاربرایەوە.

***** کاتێك کە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو (مەنسووری حیکمەت) پێشنیار، یان ڕاستر بڵێم بڕیاری جیابوونەوەی ھەرێمی “کوردستان” و پێکھێنانی “دەوڵەتی ناقەومی و سێکیولار”ی دەرکرد، ئەو کات لەسەر چەند بنەمایەك گوتم، تاکتیکێکی فرودەرانەیە، چونکە کاتێك کە (مەنسووری حیکمەت) بە ئامانجی دروستکردنی (حککع) کۆمەڵێك پرسیاری ئاراستەی سێ ڕێکخراوە پڕۆ”کۆمونیزمی کرێکاری” و ئەندامەکانیانی کرد، یەکێك لە پرسیارەکان ئەوە بوو “دەبێت حزبی کۆمونیستی کرێکاری عیراقی ېێت یان کوردستانی، بۆچی؟ ” ھەر زوو ئەوانەی کە لایەنگری کوردستانیبوونی ئاوا پارتییەك بوون، بە ناسیونالیستبوون تۆمەتبارانکران. ئەگەر بە دروستی لەیادممابێت، کەسێك بەناوی (بەختیار کەریم) لەو بارەوە نامیلکەیەکی نووسیبوو، ئەو بەدبەختە تاکو ڕادەی “دوژمنی چینایەتی” و “ناسیونالیستی خەوتووی نێو ڕێزەکانی کۆمونیزمی کرێکاری” تاوانبارکرا. بێجگە لەوەش ھەم (مەنسووری حیکمەت) و ھەم پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” ھاوکات دژی جیابوونەوە و داخوازی یەکێتی فێدرالیستی “کوردستان”ی بەشی ئێران بوو و ھەن.

 

چارەنووسی نیئۆجەلالییەکانی سەر گردەکە و دەوروبەری بەرەو کوێ ملدەنێت؟

٢٣ی ئایاری ٢٠١٧

پێشەکی، بۆ من چ ساڵی ٢٠٠٦ و چ ئێستا لیست و پارتیی بەناو “گۆڕان” ھیچ جیاوازییەکی لەتەک پارتییەکانی دیکە و دەسەڵاتداران نەبووە و نابێت. چونکە یەکەم ئاراستەیەکی ڕامیارییە و پارتیی و ڕێکخستنێکی قووچکەییە، کە سەرەنجام ئامانجی دەسەڵاتداری دەبێت و دەسەڵاتیش لەپێناو دابینکردنی مشەخۆری و دارایی تایبەت دەبێت، دارایی تایبەتیش ئامرازی کۆیلەکردن و ناچارکردنی نەدارانە بە کرێگرتەبوون.

وەک لە ماوەی یازدە ساڵی ڕابوردوو ئاماژەمداوە، جیابوونەوەی نەوشیروان تاکتیکی (ینک) بەدیاریکراوی تاڵەبانی و نەوشیروان بوو، بۆ ڕاوکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکان، بەڵگەش بەخشینی گردی زەڕگەتە و (١٠) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو لەلایەن تاڵەبانی بە نەوشیروان و بە گوێرەی نووسینێکی خودی نەوشیروان. ھەر ئاوا کە پێشتر نووسیم؛ ئایا ھیچ دەسەڵاتدارێک ھەیە، کە گرد و پارە بە دژەکەی ببەخشێت، بۆ ئەوەی خۆی لەنێوبەرێت؟

من دژبوونی نەوشیروان و پارتییەکەی بەرانبەر (ینک) و تاڵەبانی و بەخشینی گرد و سامان لەلایەن تاڵەبانی بۆ لەنێوبردنی خۆی، وەک بەخشینی مۆڵەتی چالاکیکردن و مووچەی مانگانەی پارتیایەتییە بەتایبەت پارتییە کۆمونیستەکان لەلایەن دەوڵەت، کە بەڵگەی تەواوکەربوونی پارتییە کۆمونیستەکانە بۆ سیستەمی چینایەتی نەک لەنێوبەربوونی ئەوان بۆ سیستەمەکە.

وەک ئەزموونی مێژوویی نیشانیدەدات، بزووتنەوە و ڕێکخراوە ڕامیارییەکان پاش مردنی کەسایەتییە پیرۆزکراوەکان بەرەو کەرتبوون دەڕۆن، بەتایبەت لە خۆرھەڵاتی نێوەڕاست، کە کۆمەڵەکانی بە کولتوورێکی دیکتاتۆری بارگاوین، لەوانەیە باشتر بێت، کە لەنێو ڕەوتە کۆمونیستەکان و پارتییە کۆمونیستەکانی ئەو ناوچەیە نموونە بھێنمەوە، کە “کۆمونیزمی کرێکاریی” دیارترینیانە و بە مردنی ڕابەرەکە ئایدیۆلۆجییەکەی (مەنسووری حیکمەت) پاش پازدە ساڵ ھێشتا وەک تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی و کەرتبوونی ناوکی گەردیلە بە بەردەوامی پارتییەکانی ئەو ڕەوتە کەرتدەبن و پارتییۆکەی دیکە دروستدەبن و ئەوانیش کەرتدەبن و پارتییۆکەی دیکە دروستدەبنەو … ..

بزووتنەوەی بەناو “گۆڕان”/ پارتییە نیلییەکەش بەرەو ئاوا چارەنووسێک دەڕوات، چونکە ئەویش بێجگە لە تایبەتمەندییە چینایەتی و گشتییەکەی وەک ڕێکخراوێکی ڕامیاریی و قووچکەیی و دەسەڵاتخواز، ھەڵگری ھەمان تایبەتمەندیی ڕێکخستن و پێکھاتەی دیکتاتۆریی و خێڵەکی خۆرھەڵاتی ناوینە، دەسەڵاتداربوون و دارابوونی ئەندامانی خێزان و خزمانی خودی نەوشیروان و ھاوسەرەکەی و بەدیاریکراوی منداڵەکانی باشترین بەڵگەن. ئەوەش مەترسی کەرتبوون و شیتەڵبوونەوەکە زیاتر دەکات.

ھەڵبەتە نابێت، ئەوەش لەبیربکەین، کە وێرای تاکتیکیبوونی “بزووتنەوە”ی پارتییە نیلییەکە و (ینک)ی-بوونی پێشینەی زۆربەی ئەندامانی نێوەندی و سەرکردایەتی و کەسە دیارەکانی گردەکە، بەدڵنیاییەوە لە ساڵی ٢٠٠٩ تاکو ئێستا بە بەردەوامی (پدک) لەسەر کڕین و نزیکبوونەوە لە کەسانی دیاری سەر گردەکە بەردەوامە و ھەوڵدەدات، ھەر ئاوا کە باڵێکی (ینک) لەسەر کڕینی (کۆسرەت / ئەندامی سەرکردایەتی) و (نەجمەدین کەریم / پارێزگاری کەرکووک) لەلایەن (پدک) بەڵگە دەھێننەوە و دەیسەلمێنن، بەدڵنیاییەوە لەنێو گردەکە و دەوروبەری کەسانێک کڕدراون. ئەوەش شتێکی ئاساییە، چونکە ڕامیاران لەپێناو دەسەڵات ھەوڵدەدەن و دەسەڵاتیش بۆ دارایی و مشەخۆرییە و لە ئێستادا مشەی دارایی و مشەخۆری لەژێر ڕکێفی (پدک)ە و خۆفرۆشی و سیخوڕیی ڕامیاران بەگشتی و ڕامیارانی کورد بەتایبەت پارتییەکانی بزووتنەوەی چەکداری کوردایەتی، کە وەک پەروەرندەی بەعسییەکان نیشانیدا ئەندامانی سەرکردایەتی لایەنەکان یان خودی ڕژێمی بەعس ناردوونی یان لە گفتوگۆکانی ١٩٧٠-١٩٧٤ و ١٩٨٣-١٩٨٤ و ١٩٩١ بەکرێی گرتوون، یان بەکرێگیراوی دەوڵەتی سوریە و تورکیە و ئێران بوون، بێجگە لەوەی بزووتنەوە چەکدارییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٦١ تاکو ئێستا دەسکەلای دەوڵەتانی بریتانیا و ئەمەریکا بوون و ھەن و تەنانەت دەسکەلای دەسکەلاکانی ئەوانیش.

بە بۆچوونی من، بێجگە لەوەی کە جیابوونەوەی نەوشیروان و دروستکردنی لیست و پارتییەکی نیلی بە پارە و گردی تاڵەبانی تاکتیک بوو بۆ ڕۆژی تەنگانە، دوو ھۆکاری دیکەش ھەبوون:

یەکەم، زاڵبوونی (پدک) و کشت/ مات کردنی تاکتیکی لەنێو پارلەمان و فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان و دەرکردنی پارلەمانتاران و شالیارانی پارتییە نیلییەکە بوون بە ھۆی خۆفریاکەوتنی (ینک) و (نیئۆجەلاییەکان)، ھەرچەندە سیناریۆیەکی ڕامیاریی بوو بۆ بەڕێکردنی ڕێکەوتننامەی نەوت لەتەک تورکیە، ھێنانی داعش، بازرگانی نەوت و گاز لەتەک داعش، بە جینۆسایددانی ئێزیییەکان، کڕینی چەکێکی زۆر لە کارخانەکانی چەکسازی و ساخکردنەوەی چەکە کۆنەکانی دەوڵەتانی بریتانیا و ئاڵمانیا و ئەمەریکا و ئیسرائیل و… قەرزارکردنی کۆمەڵی ھەرێمی کوردستان ھەتاھەتایە بە قەرزی سەپێندراو و مەرج قورسی بانکی جیھانی و بانکی نێوەندی ئەوروپا و سندوقی نێودەوڵەتی دراو. لە بارێکی ئاوا نەدەکرا ھەموو لایەنەکان خۆیان ڕازی نیشانبدەن و دەبوو بە سیناریۆ و گارەگاری پارتییایەتی و دابەشکردنی خەڵکی ناڕازی بەسەر سلێمانی و ھەولێر، خەڵک خەریکبکەن، تاکو ئەوان لە پشت پەردەوە بەبێ خەم و ئارامی ڕێکەوتننامەکان مۆربکەن، کە ھەڵوەشاندنەوەیان تەنیا بە ڕوخاندنی دەوڵەتی عیراق و فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان مسۆگەر دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵی ١٩٩١ کە نەوشیروان و سەرانی دیکەی گردەکە دەسەڵاتدار و (ینک)ی بوون، تاکو ئێستا بە پلان و ئاسانکاریی زلھێزەکان و دەزگە سیخوڕییەکان و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان، زەمینە و ھۆکارەکانی ڕوخاندنی دەوڵەتی عیراق و فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان ئەستەمدەکرێت، کە لە پێش ھەموویانەوە تایبەتکردنەوە و پارتییکردنی کەرتە ئابوورییەکان و دابەشکردنی ناوچەگەرییانەی خەڵکی ناڕازییە بە سیناریۆی ئۆپۆزسیۆنی باڵێکی دەسەڵات.

دووەم، وەک دەزانرا و دەزانین نەوشیروان موستەفا نەخۆشی شیرپەنجەی سییەکانی ھەبوو و ڕادەی زۆری تەمەنی مانی نەخۆشەکان لە پێنج ساڵ زیاتر نییە و گەڕانەوەی نەوشیروان و پێشوازی لەلایەن نێچیرەوان و لە فڕۆکەخانەی ھەولێر زەنگی کۆتایی تەمەنی ئەو بوو. ھەر لەبەرئەوەش بوو، ئەو زوو فریاکەوتوو و لەتەک (ینک) ڕێکەتننامەی کرد، تاکو پاش مردنی خۆی ئەگەری دوورکەوتنەوەی پارتییە نیلییەکە و گردەکە لە (ینک) و نزیکبوونەوەی لە (پدک) یان گۆڕینی ئاراستەی دووربخاتەوە و سەرانی گردەکە لەسەر بنەمای وەفاداری بە بڕیارەکانی ئەو بچنەوە نێو (ینک) یان پابەند بە ھاوپەیمانییەکی ستراتیجی (ینک) بمێننەوە.

ئێستا ئیدی گردەکە و پارتییە نیلییەکە کەوتوونەتە بەردەم دوو ئەگەر:

– کۆتاییھێنان بە سیناریۆی ئۆپۆزسیۆنبوون و لیست و پارتیی “گۆڕان” و گەڕانەوە بۆ باوان و بەھێزکردنەوەی (ینک)، کە جیابوونەوەکە بۆ پاراستنی خودی ئەو (ینک) بووە. ئێستا ئیدی پاش یازدە ساڵ دەستەمۆکردنەوەی گۆڕانخوازە خۆشباوەڕ و ناھوشیارەکان، زۆرینەی دەنگە ناڕازییەکانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و کەرکووک و تەنانەت ھەولێریش کە ساڵی ٢٠٠٦ خوازیاری ڕوخاندنی دەسەڵاتی مافیایی (ینک) و چەپاوڵگەرییەکانی (کۆمپانیای نۆکان و …تد) بوون، بە خۆشباوەڕیی و چاوەڕوانی “سەرۆکی باش و پارتیی باش و پارلەمانی باش و فەرمانداریی باش و دەوڵەتی باش” تەواو بە سەروەریی کۆمەڵی چینایەتییەوە گرێدراون و نەک بە گەڕانەوە بۆ نێو (ینک) ملدەدەن، بەڵکو ئامادەن لەسەر بڕیاری گردەکە ببنە (پدک). بەڵام ئەگەری گەڕانەوە بۆ باوان زیاترە، چونکە سلێمانیچیەتی و دژایەتی بادینانی و ھەولێرییەکان ھاندەری یەکەمی سەران و لایەنگرانی گردەکەیە و ھەر دنەدانی ئەو قینەش بوو، کە وەک پەڕجوویەک لە ماوەی چەند ساڵێک (٢٠٠٦-٢٠٠٩) خەڵکی ناڕازی دژە گەندەڵی گۆڕی بە داخوازیکەرانی بەشە گەندەڵی، ناڕازیان لە ڕامیاریی و پارتییایەتی و فەرمانداریی گۆڕی بەلایەنگرانی دەسەڵات و دەنگدەری سوپاسگوزار و چاوەڕوانانی ھاتنی “جەلادی دڵسۆزی گەل”.

– بەڵام ئەگەر ئەو کەسانەی کە (پدک) لە ماوەی یازدە ساڵی ڕابوردوو لەنێو گردەکە بەکرێیگرتوون، دەسەڵات و پلە و پێگەی بڕیاردانیان ھەبێت، زۆر ئاسایی دیواخانی گردەکە و پارتییە نیلییەکە دەبن بە دوو کەرت و کەرتێک بەرەو باوان (ینک)، کەرتێک بۆ چنینەوەی بەری ڕەنجی ڕامیارییکردن بە ئاڵای سپییەوە لە سەری ڕەش.

ھەڵبەتە ئەوەش بڵێم، ھەرچەندە بۆ (ینک) ئەگەری یەکەم گرنگ و چارەنووسسازە، بەڵام بۆ گشتێتی سیستەمەکە و ئایەندەی ڕەوتی نەزمی نوێی بازار [نیئۆلیبرالیزم] لە ھەرێمی کوردستانو  ناوچەکە، ئەوا کەرتبوون باشتر و چارەنووسسازترە، چونکە بە ھۆی کەرتبوون و چوونی کەمینەیەک بۆ لای (پدک)، زەمینەی گارەگاری ڕامیاریی و فریودانی خەڵکی خۆشباوەڕ بە دژەخوونی کۆمەڵێک لە “ڕابەری کوردایەتی” و پیرۆزییەکانی (گردە دزراوەکە) و لەبیربردنەوەی ھۆکاری جیابوونەوەی نەوشیروان و دروستکردنی لیست و پارتییە نیلییەکە، کە بەلاڕێدابردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە گۆڕانخوازەکان و ناڕەزایەتییەکانی ١٩٩١- ٢٠٠٦ی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و کەرتکردنی ڕیزەکانی گۆڕانخوازان بوو بەسەر دوو ناوچە (زەرد) و (سەوز-نیلی) و ژاراویکردنی بزووتنەوەکە بە سلێمانی-چییەتی.

بەکورتی، دەھەی داھاتوو خەڵکی ناوچەی شارەزوور و سلێمانی و کەرکووک و گەرمیان بە گارەگاری دووبەرەکی ” وەفاداران و دڵسۆزانی نەوشیروان” و “خیانەتکاران لە ڕابەری کوردایەتی و گردەکە” خەریکدەکرێت و دەھەیەکی دیکە دەسەڵاتداریی مافیایی (ینک) و (پدک) مۆرکردنی ڕێکەوتنامە ئابوورییەکانی فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان لەتەک دەوڵەتان و بانکەکان و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان مسۆگەر دەکرێن، ئەگەر نەمرین ئەو دیو گردەکە دەبینین و پشت سووتان و ھاوار و ناڵەی (مالەی سەر گردەکە)ش دەبیستین.

——————————————

تێبینی : ئەوە دوا نووسینی من لەبارەی جیابوونەوەی نەوشیروان و لیست و پارتیی بەناو “گۆڕان” دەبێت، چونکە وێرای ھەموو ئەو شتانە، ئەگەر بڕوام بە پارتییایەتی و خۆشباوەڕیشم بە گۆڕانخوازیی سەرانی گردەکە ھەبێت، ئەوا پەروەندەی گردەکەش تەواو، چونکە ھەر گروپ و بزووتنەوەیەک پابەندی ئایدیۆلۆجیا بێت و بە “ڕابەری باش و پارتیی باش و پارلەمانی باش و فەرمانداریی و دەوڵەتی باش” پشتببەستێت، وەک ھەموو ڕەوتێکی ئایینگەرا سەرەنجامی لە دوو ئەگەر بەدەر نییە: گەڕانەوە بۆ باوان یان کەرتبوون و جیابوونەوە. بێجگە لەوەش، ناخوازم ڕەخنەم لە پارتیایەتی و جەنگ و فەرمانداریی و دەوڵەت و سەروەریی بچێتە خانەی دژایەتی کەسیی کۆچکردوو (نەوشیروان موستەفا). دیسان دەڵێمەوە، خۆزگە نەوشیروان و ھەموو ڕامیارێک وەک تاڵەبانی تەمەنی درێژ بووایە و درێژ بێت و بمێنێت، تاکو وەک تاڵەبانی لە گۆشەیەکی کۆشکی سەروەری و مشەخۆری کڕبکەوێت و فەرامۆشبکرێت. بەداخەوە کە (نەوشیروان موستەفا) زوو مرد و بەخت یاری بوو و پیرۆزکرا و کەوتە سەرووی ڕەخنە و سەرنج و پێداچوونەوەی خەڵک.

 

کاری دەرەوەی ماڵ ئازادکردن یان گشتیکردنەوەی کۆیلەتی و کرێگرتەیی ژنان؟

کاری دەرەوەی ماڵ ئازادکردن یان گشتیکردنەوەی کۆیلەتی و کرێگرتەیی ژنان؟

 

ھەژێن

٦ی ئازاری ٢٠١٧
بەپێچەوانەی چاوەڕوانی چالاکانی سەردەمی قەدەخەبوونی کاری ژنان لە دەرەوەی ماڵ و بەپێچەوانەی ئەنجامگیری زۆر کەس لە ئازادی و یەکسانی ڕەگەزیی، هاتنەدەرەوەی ژنان نەبوو بە هۆی گۆڕینی ڕەگەز-پێدراویی کاری نێوماڵ، بەڵکو کاری ژنانی قورستر کرد، بێجگە لەوەش هاندەری هاتنەدەرەوەکە ڕزگاربوون لە کاری نێوماڵ یان بە کۆمەڵایەتیکردنی یان ناڕەگەزییکردنی کاری نێوماڵ نەبوو، بەڵکو پێویستی سەرمایەداری و لەگەڕمانەوەی کارخانەکان بوو لە کاتی جەنگ، کە پیاوان بەرەو پاریزگاری لە نیشتمانی سەرمایەداران [ سەروەری چینایەتی] بەڕێکرابوون، پاش کۆتایی جەنگەکان هەم زەنگی پەرەستگەکان و هەم هەڵای کاناڵی میدیاکان بەگەڕکەوتنەوە و ڕامیاران بە جادووگەریی و پەڕجووەکردنەکانیان ژنانیان بۆ نێو ماڵ و وەچەخستنەوە بانگێشتکردەوە.

 

هەبوونی مافی کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵ تاکو ئەم ساتەش بە گشتی نەبووەتە هۆی ڕزگاربوونی ژنان لە تایبەتبوون و ڕەگەزییبوونی کاری نێوماڵ و ئێستاش ژنان وەك ڕابوردوو هەم کاری دەرەوە دەکەن و هەم کاری نێوماڵ وەك ئەرك و باڵابڕاوی ئەوان ماوەتەوە و هەم لە شوێنی کار ژنان ڕووبەڕووی هەڵاواردنی ڕەگەزیی و هەراسانکردنی سێکسی و دەبنەوە و هەم تاکو ئێستاش کەمتر لە پیاوانی هاوکاریان کرێی کەمتەر وەردەگرن و پلە چەند تەماشادەکرێن.

 

بە بۆچوونی من کاری دەرەوەی ماڵ بۆ ژنان تەنیا ڕواڵەتی کۆیلەتی ڕەگەزیی ژنانی گۆڕی، نەك کڕۆکی کۆیلەتی ڕەگەزیی، واتە لە کۆیلە و کرێگرتەی تایبەتی نێو ماڵەوە گۆڕدران بە کۆیلە و کرێگرتەی گشتی/دەرەوەی ماڵ؛ پێشتر ژنان کۆیلەی ڕەگەزسالاریی پیاوانی نێوماڵ [باوك و برا و هاوسەر و کوڕ] بوون و بووکەشووشەی کایە و دامرکاندنەوەی هەوەسی پیاوانی سەروەری ماڵ بوون، ئێستاش ھێشتا لە دەرەوەی ماڵ کۆمەڵێك کاری کۆمەڵایەتی و چالاکی ئابووریی و ڕامیاریی و کولتووریی هەر تایبەت بە ڕەگەزی نێرینەن و ئەگەر ناوازانەش ژنان بەو پێگە و شوێنانە بگەن، هەر نایەکسان و هەڵاوێرانە بە ژنان بەرخود دەکرێت و هەمان مافی پیاوانیان نییە و ژنان تەنیا وەك بووکەشووشەیەکی جوانکردنی بەرنامە ڕامیاریی و میدیاییەکان و ڕازاندنەوەی کۆڕ و کۆنفرانسەکانی پیاوانن.

 

بۆ نموونە ئەگەر سەرنجی بواری خزمەتگوزاریی دایەنگە و باخچەی ساوایان و نەخۆشخانەکان و چێشتخانەکان و تەنانەت کارگەکان و لەوانەش ئاشکراتر سێکسفرۆشییەکان بدەین، بە ئاشکرا دەبینین ژن لە خزمەتکار و کرێگرتەی نێو ماڵەوە گۆڕدراوە بۆ خزمەتکار و کرێگرتەی دەرەوەی ماڵ؛ لەنێو ماڵ منداڵ بەخێوکردن کاری ئەوە، لە دەرەوەش تاکو ئێستا هەر کاری ئەوە، لەنێو ماڵ ئامادەکەری خواردن و قاپشۆر و جلشۆر و گسکدەر و خاوێنکەرەوەی گەرماو و توالێتە، لە دەرەوەش هەر ئاوا تاکو ئێستا بە زۆری ئەوانە کاری ژنانن، لەنێو ماڵ ژن ئامرازی دامرکاندنەوەی ئاڵۆشی سێکسیی پیاوانە، لە دەرەوەش هەر ئاوا و سێکسفرۆشییەکان باشترین نموونەن.

 

من گرفت و پرسی ستەم و ھەڵاواردنی ڕەگەزیی دوو دەمە یان دوو سەرە دەبینم، ئەویش ئەوەیە هەم لەنێو ئاوەزی کۆمەڵی پیاوسالار/ چینایەتی ژن ئامرازی ئەنجامدانی ئەو کار و ڕۆڵانەیە، هەم لەنێو ئاوەزی خودی ژنانیش نەوە پاش نەوە لە ماوەی چەندین هەزار ساڵی ڕابووردوو ئەو کۆیلەبوونە بووە بە تایبەتمەندییەکی بۆماوەیی نێو جێنیتیکی  (DNA) ژنان و نەوەکانی ژنان. لەو بارەوە سەرنجی ژنانێك کە کارکردنی دەرەوە [کۆیلەتی دەرەوە] و هەبوونی هەمان پلەی دەسەڵاتداریی پیاوان بە ئازادبوون دەزانن، بۆ چەند شتێك ڕادەکێشم، کە بەداخەوە زۆرێك لەو ژن و پیاوانەی کە خۆیان بە چالاك و  خوازیاری لەنێوبردن و هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزین، زۆر ڕواڵەتییانە لە کۆمەڵە ئەوروپییەکان دەڕوانن و پلە دوویی ژنان لە کۆمەڵەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا بە ڕۆڵ و زاڵیی ئایین یان ئایینێك دەبەستنەوە و ئاگایانە یان نائاگایانە ڕۆڵی سەرەکی سەروەریی چینایەتی و “کولتووری نەتەوە”  نەدیتراو دەگرن و بەجۆرێك پەردەپۆشدەکەن.

 

ئەوەی پێویستە چالاکانی ژنان بیزانن، بەتایبەت ژنانێکی فێمینیست، ئەوانەی کە هۆش و ئاوەزییان ئالوودەی پاگەندە ناسیونالیستیی و نیئۆلیبرالیستییەکان کراوە، ئەوەیە، ڕێژەیەك لە ماف و ئازادی تاکەکەسیی کە ژنانی ئەوروپا و ئەمەریکا بەدەستیانهێناوە، نە بارەتەقای دەوڵەت-نەتەوە و نە بەخشیشی نیئۆلیبرالیزمە، بەڵکو بەرەنجامی تێکۆشانی چەند سەدە و بگرە هەزاران ساڵەی ژنانی ئازادیخوازە بە پلەی یەکەم و بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستییە بە پلەی دووەم و هەندێك سات و سەردەمی دیاریکراوی مێژوویی وەك ڕاپەڕینی کۆمونەی پاریس و ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ و ڕاپەڕینەکانی دیکە تاکو دەگاتە ڕاپەڕینی ئایاری ١٩٦٨، کە شیرازەی  باوکسالارانەی کۆمەڵە ئەوروپییەکانی هەڵوەشاند و تاکو ڕادەیەكلەنێوبرد. لەو بارەوە ئەوەندە بەسە، کە سەرنجی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بدەین، بۆ ئەوەی تێبگەین، کە چۆن کۆمەڵە ئەوروپییەکان بە ئەم ڕۆژە گەییشتوون :

 

– تاکو دەهەی حەفتای سەدەی ڕابوردوو بۆ ئەوەی ژنێك کە لە دەرەوەی ماڵ کاربکات، پێویستی بە ڕەزامەندی مێرد* یان باوکی دەبوو و دەبوو باوك یان ھاوسەر لەتەك ژن بڕوات و لە نووسین و واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی کار ئامادەبێت، ئەوە ڕاپەڕینی ئایاری ١٩٦٨ کە کۆت و بەندەکانی دەستی ژنانی لەنێوبردن یان شلکردن، نەك بازاری کار  و پیاوچاکیی پارلەمانتاران و ڕامیاران و پارتییەکان و دەسەڵاتداران …تد.

 

–  ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی تۆپ-پارلەمانی و “پێشکەوتوو”، کرێ و مووچەی ژنان ٧٥- ٨٠% کرێ و مووچەی پیاوانە بۆ هەمان کار و فەرمان، لەو بارەوە ئاڵمانیا و بریتانیا و فەرەنسە و بە نموونە … تد.

 

–  لە وڵاتانی تۆپ-پارلەمانی دەهە و نیوێك زیاتر نابێت، کە ژنان مافی هەڵگرتنی ناوی خانەوادەیی خۆیان هەیە .

 

– هەبوونی دەیان پیشەی وەك “ژنی ئاودەس/ خاوێنکەرەوەی ئاودەستەکانی دەرەوە”، “ژنی خزمەتکاری ماڵان”، یاساییکردنی سێکسفرۆشی ژنان وەك پیشە و سەرچاوەیەکی ڕەوا بۆ بەدەستهێنانی باج و خەراج لە سەردەمی دەسەڵاتداریی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانیا، بە واتایەکی دیکە یاساییکردنی ئامرازبوونی جەستەی ژنان بۆ خاوێنکردنەوە و دامرکانەوەی هەوەسبازیی پیاوان و زۆر شتی دیکە  …تد.

 

– ئەگەر ئامانجدارانە سەرنجی دەستەواژە باوەکانی ئاخاوتنی ڕۆژانەی نێو زمانە ئەوروپییەکان و گشت کۆمەڵەکانی جیهان بدەین، دەبینین، کە هێشتا ژن وەك ڕەگەزی پەست و پلە چەند و کەم ئاوەز وێنادەکرێت و نوکتە و پەند و قسە نەستەقەکان گەواهی ئامادەیی هەڵاواردنی ڕەگەزیی لە گفتوگۆیەکی ئاسایی نێو ماڵ و بازار بگرە تاکو دەگاتە گفتوگۆ و لێدوانە پارلەمانیی و میدیاییەکان و فیلم و گۆرانی و شانۆیی و مەیدانە کولتوورییەکانی دیکە، بەردەوامە.

 

– ئەمانە و دەیان وردە خاڵی دیکەی نێو ژیان و پەیوەندییەکانی ڕۆژانە لە هەموو بوارەکانی ژییان و کار و چالاکی، هەرچەندە بە دروشم و ڕواڵەت هەڵاواردنی ڕەگەزیی ناپەسەند نیشاندەدرێت، بەڵام بە پێچەوانەی پاگەندەی چەپ و فێمینیستە خۆرھەڵاتییە ئەوروپا-زەدەکان، بەکردەوە هەڵاواردن هەیە و پەیڕەودەکرێت.

 

بەکورتی نەهێشتنی هەڵاواردن و سووکایەتی ڕەگەزیی و نەژادی و ئایینی و کولتووریی نە بەرەنجامی پیاوچاکیی ڕامیاران و پارلەمانتارانە، نە بەخشیشی سیستەمی سەرمایەداریی و نیئۆلیبرالیزم و بازار، بەڵکو بەرەنجامی تێکۆشانی هەر ڕۆژەی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازانی کۆمەڵە و بەبێ خۆجێی کردنەوەی چالاکییە مەیدانییەکان و یەکانگیرکردن و سەرتاسەریی کردنەوەی بزووتنەوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان ئەستەمە سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و کۆنەپارێزانی کۆمەڵ بەبێ فشار و ناچارکردنیان بە لەنێوبردنی هەڵاواردن و سووکایەتی و بە پەسەندکردنی یەکسانی هەمەلایەنە ملبدەن و دەستبەرداری هەوەس و حەزە پاوانگەر و چەپاوڵگەر و تاڵانگەرییەکانی خۆیان ببن.

 

ئەگەر ئێستا پاش سەد و سی و چوار (١٨٨٣- ٢٠١٧) ساڵ و لە هەرێمی کوردستان پاش بیست و پێنج (١٩٩٢- ٢٠١٧) ساڵ سەرنجی پێگەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و بەڕێوەبەریی ژنان بدەین، دەردەکەوێت کە هێشتا لە سەرەتای کار و هەنگاوەکانی سەرەتادا وەستاوین و بە ڕیفۆرمە ڕووکەشەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزیی خۆمان دڵخۆشدەکەین و خۆمان ڕازیدەکەین. ئەگەر بەراوردی پێگەی ژنان لەنێوان ساڵانی پێش ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ و ئێستا بکەین، دەبینین، کە ژنان زیاتر دەکوژرێن، چەند ژنە یاسایی کراوەتەوە، سەپاندنی پۆشاك فراوانتر بووە، بێڕێزی و ھێرشی کۆنەپەرستان بە دیاریکراوی مەلا و فەقێ و شێخ و دەروێش و سەلەفییەکان زیاتر و توندوتیژتر بووە و  خەتەنەکردن و ژن بە ژن و گەورە بە بچووك و ژن لە جیاتی خوێن وەك خۆیان ماون و ھاوچەرخ کراون، ڕۆژ بە ڕۆژ کۆمەڵ بەرەو دوا دەڕوات و تەنانەت لە کێشمەکێشی نێوان بەرەی “سێکیولار” و سەلەفی ھەر ژنان و ڕەگەزی مێیینە دەکرێتە کەرەستەی جەنگە میدیاییەکان و سەرکەوتنی بەرە دژەکان لە پانتایی جەستەیی ژن ساخدەکرێتەوە و بە ھەر دوو بارەکەدا ھەر ڕەگەزی مێیینە ئامراز و قوربانییە و باجی جەنگی بەرە ڕامیارییەکان دەدات.

 

دیسان ئەگەر ئەم ڕۆژ پاش بیست و پێنج ساڵ لە پاگەندە و چالاکی بەرەی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بە دیاریکراوی و تایبەت چەپەکان و فێمینیستەکان وردبینەوە، تەنیا یاداوەریی و کەنارکەوتەیی و وشکھەڵاتوویی کۆمەڵێك دروشم و پاگەندەی خەیاڵی بەدیدەکەین، کە بە بۆچوونی من، ئەگەر بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو تەنیا لەبارەی نادروستیی و کاراییە خراپەکانی خەتەنەکردن و ژن بە ژن و گەورە بە بچووك و ژن لە جیاتی خوێن و چەند ژنە ڕۆشنگەرییی بکردرایە و بەرھەڵستی ئەو دیاردانە بکرایە، ھەنووکە پێگەی ژنان لەنێو ھاوکێشەکانی کۆمەڵی ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باڵاتر و مرۆییتر دەبوو. بەڵام بەداخەوە و بەپێچەوانەوە  لەبەر زاڵبوونی ئایدیۆلۆجی و نەریتی دەسەڵاتخوازیی و ناوبانگخوازیی و ھەلپەرستی بەسەر بەرەی یەکسانیخواز، ئەوەی کراوە و بەدەستھاتووە، کۆمەڵێك پلە و داھات و مشەخۆریی بووە بۆ کۆمەڵێك لە چالاکانی چەپ و فێمینیست، کە ئامانجی دەسەڵاتخواز و دەستەبژێرگەرایانەیان بەو ڕۆژگارەی گەیاندوون.

خۆڕێکخستن [١] ئەلف و بای هەر تێکۆشانێکی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە

ھەژێن*

٧ی دێسەمبەری ٢٠١٦

ئەگەر ساڵی ١٩٩١ دەسبەجێ لەنێو ڕاپەڕین و پاش ڕاپەڕین و شکستی [٢] ڕاپەڕینی ١٩٩١ ھوشیاریی تاك و کۆمەڵ لە ئاستی ئێستا بووایە و دەستبەجێ بۆ پێکھێنانی گروپە خۆجییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان کۆششبکرایە، بەدڵنیاییەوە ئێستا ھەم کۆمەڵ ئازاد دەبوو و ھەم لە ڕووی ئابوورییەوە کۆمەڵێکی خۆبەسێ و سەربەخۆ دەبوو و ھەم کارایی پۆزەتیڤی لەسەر کۆمەڵەکانی دەوروبەری دادەنا؛ بۆ نموونە، هەرچەندە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵی “ڕۆژاوا” ئەو نموونە باڵایە نییە، کە من لەبارەیەوە دەدوێم، بەڵام سەرباری ئەوەش کارایی پۆزەتیڤی لەسەر هەموو جیهان داناوە و زۆر زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی پارلەمانیی هەرێمی کوردستان باشترە.[٣]

ئێستا کە ڕوداوەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو خۆشباوەڕیی ناسیونالیستیی بە “خۆییبوونی فەرمانداریی و پارلەمان و دەوڵەت” و پارتییەکان و ڕامیاران تاکو ڕادەکەی باش ڕەویوەتەوە و لە هەر کات زیاتر خەڵك لەسەر شەقامە و بەراورد بە دوو دەهە و نیوی ڕابوردوو جیاوازی نێوان ئامانج و بەرژەوەندی و خەونی چەوسێنەتان (دەسەڵاتداران) و چەوساوان (خەڵك) لەنێو هۆوشمەندیی گشتیی کۆمەڵ ئاشکراتر و بەرجەستەتر بووە و بەڵگەهێنانەوە و سەلماندنی ناوێت، لە بارێکی ئاوادا خۆڕێکخستنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان لە هەر کاتێکی دیکە ئاسانتر و پێویستتر و چارەنووسازترە و هەنگاونەنان و گرنگینەدان بۆ دروستکردنی و جێخستنی، دەبێتە خۆکوژیی بەرەی چەوساوان و ڕەدووکەوتنەوەی دەسەڵاتخوازێکی دیکە و پارتییەکی دیکە و درێژبوونەوەی تەمەنی نەهامەتییەکان.

بە دیتنی من و بە گوێرەی ئەزموونی من، هەر کات ئێمە وەك زۆرینەی کۆمەڵ بۆ خۆڕزگارکردن و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی هەنگاوبنێین، هەر دەبێت لەم خاڵە و بەم هەنگاوە دەستبەکاربین؛ واتە خۆڕێکخستن و خۆڕێکخستن و خۆڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی. ئەگەرنا هەر کات، ئەگەر سەدەیەکی دیکەش بێت، هەر دەبێت بەم هەنگاوە دەستپێبکەین و بەبێ خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی ڕزگاربوون و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تەنیا وەك خەیاڵێکی ئەستەم دەمێننەوە و هەموو کۆششێکی خەڵك دەبێتە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ پارتیی و سەرکردەیەکەی دیکە، هەر ئاوا کە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٦-٢٠١٣ بوونە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ لیستی نیئۆجەلالییەکانی دەوروبەری نەوشیروان موستەفا و گەییشتە پارلەمان و دەسەڵات و بە کردەوە دیتمان کە ئەوانیش لە دزین و دارابوونی نەوت و چیمەنتۆ و زەوی و گرد و کۆمپانییەوە لە پارتییەکان و دەسەڵاتدارەکانی دیکە خراپترن و کڵاویان لەسەری خەڵك کردووە.

ئەوەی تاکو ئێستا ئێمە ژێردەست و دەستەمۆ و ناکارا ماوینتەوە، بەرەنجامی ئەوە بووە، کە چاوەڕێبووین کەسێك بێت و ئێمە ڕێکبخات و بەخۆی ببێتە شوانەی ئێمە و وەك میگەڵ ئێمە بە بەربدات و بە ئێمە بڵێت چی باشە و چی خراپە و چی و چی ..تد. ئەوەش خۆشباوەڕییەکە کە ئایدیۆلۆجییەکان لەنێو هۆشی ئێمەی چەوساوان دروستیدەکەن و لە بڕوابوون بە خۆ و متمانە بە پەرجووی هێزی یەکگرتووی خۆمان خاڵێدەکەنەوە و هێزی چەوساوان دەخاتە خزمەت سەروەرمانەوەی پاوانگەران و چەپاوڵگەران.

لەبەرئەوە، کەی کۆمەڵ بوو بە خاوەنی ڕێکخستن و ڕێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەریی کرێکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان، بێکاران، خوێندکاران، پەککەوتان، کەمئەندامان و خانەنشینان و …تد، ئەوسا بڕیاردان و هەستان بە مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری دەبێتە کار و چالاکییەکی زۆر ئاسایی و ئاسانی بەرەی گەل و ئەو کات دەبینین، کە چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێم و زلهێزە پشتیوانەکانیان و کۆمپانییە جیهانخۆرەکان لەبەردەم داخوازییەکانی خەڵك بەچۆکدادێن و نەك هەر بە پێدانی مووچەی تەواو و دواخراوی خەڵكی ڕازیدەبن، بەڵکو ئامادەشدەبن مووچەکانمان لە جارانیش زیاتربکەن و داخوازی دیکەش جێبەجێبکەن، چونکە سەروەرمانەوە و ملهوڕیی ئەوان بە ناهوشیاریی و ناڕێکخراوبوون و خۆشباوەڕمانەوەی ئێمەی نەدار و بێدەسەڵات بەندە و جێگیربووە.

——————————————-

[١] خۆڕێکخستن، مەبەست لە ڕێکخستنی خۆبەخۆیی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانە بە پشتبەستن بە ڕێکخستنی ئاسۆیی و پەیڕەوکردنی دێمکۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی و سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵی ڕێکخراوەکان و تێکۆشان و چالاکی ڕاستەوخۆ.

[٢] بە بۆچوونی من، جێگرتنەوەی فەرمانداریی پارتییەکانی بەرەی کوردستانی لەجێگەی فەرمانداریی بەعس بە بەرەنجامی شکستی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١ و ئەوەی ئیستا ڕودەدات، درێژەی ئەو شکستەیە.

[٣] ڕەخنەی من لە خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا” هەبوونی ڕۆڵی پەیەدە و  شێوە فەرمانداریی/دەوڵەتییبوونی دەزگەکانە و کەمتر کۆمونەیی/ شوراییە و بەرنامەڕێژیی نێوەندیی بڕیادەرە.

*  www.hejeen.wordpress.com ….. http://www.facebook.com/hejen.pze

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: