زاهیر باهیر
10/07/2022
ئێوە هاتن ڕانەمەرێکی بێ ئەژمارەتان خستە بەردمی گەلە گورگێكی کەڵبە تیژی برسی … ئێوە هاتن لە پێناوی مەرام و هەیمەنەکردنی ئەو بەشەی دیکەی دونیا کە لە چەند وڵاتێکی کەم پێکهاتووە گەلێکی هەژار و نەگبەت کە ماوەیەکی کەمە لەگەمە سیاسییە خوێناوییەکانی ئێوە ڕزگاری بووە کردتانە قوربانی ئەو ئامانج و پلانانەی کە چەند ساڵێکە بۆ پوتین-تان داناوە … ئێوە هاتن دانەجیڕەی چەند ساڵەتان لە ڕوسیا و چاوبرسێتی و تەماح و هەژموونی خۆتان لە سەروماڵ و خوێن و خاکی ئۆکرانییە هەژارەکاندا چڕدەکردەوە ، گەورەتر و زەقتر دەکردوە… خۆتان ئۆکرانیاتان لە سای گەمژە سەرکردەیەك و کەسێكی بوغرادا کردە قوربانی پیلان و پلانی خۆتان …
ئەمانەتان هەموو کرد بە بێ ئەوەی بچوکترین خوێندنەوەتان بۆ مێژوی ڕوسەکان و سیاسەتی ڕوسیا و کەسایەتی پوتین کردبێت … بێ ئەوی بزانن کە پوتین لە ناوجەرگەی سیستەمەکەوە چاوی هەڵهێناوە و بەخوڕایی نەگەیشتۆتە ئەو پلە و پایەیە .. ئەو کابرایە کە هەرچی ڕەحم و بەزەیی و مرۆڤایەتی هەیە تێدانییە، گوێ لە بەکوشتدانی هەزاران هەزار لە هاونشتمانیانی نییە ..
ئەو وەکو ئێوە بە پارەی دەڵاڵی[ لۆبیی] و بە هاوکاری کۆمپانیا گەورەکان هەڵنەتۆقیوە و تورەقی نەکردوە … ئێوە واتان دەزانی کە هەر لە هەفتەی یەکەمدا پوتین شاری کیڤ و شارە گەورەکانی دیکە دەگرێت و سوپاکەی بڵاوەپێدەکات و بۆی ئیدارە نادرێت و بەشێکی زۆری سوپا رادەکات و یاخی دەبێت؟. لەناو ڕوسیاشدا واتان دەزانی کە ڕاپەڕینیێکی وەکو ئەوەی میسر و هۆنگکۆنگ و تونس و بەلەڕوس و … دروستدەبێت ، لە ماوەیەکی کەمدا ئیتر پوتین دەروخێت و ئێوەش بە مەرامی خۆتان دەگەن .
بەڵام کارەکان هەر هەمووی پێچەوانە بووەوە. لە گەمارۆ و سزادانی ئابوورییدا هاووڵاتیان و دانیشتوانتان زەرەرەی هەر گەورەی کرد تا ئەو ڕادەیەی کە مەترسی گۆڕینی ڕژێمیشی لەسەرتان دروستکردووە . لە ڕوی سەربازیشەوە پوتین و سوپای ڕوسیا بە هەوای شان ، هێدی هێدی کیسەڵ ئاسا دەجوڵێن و شوێن دەگرن و شار و خاك وێران دەکەن و کەسانی بێ تاوان دەکوژن و پەردەوازەیان دەکەن .
ئێستا پاش ئەم هەموو کارەساتە ، ئێستا پاش سەدەها ملیار دۆلار و یورۆ وەکو هاوکاری جەنگ و ڕاهێنانی بەشێکی سوپای ئۆکرانیا و مرۆدۆستی و پارێزگاری لە شوێنە خزمەتگوزارییەکان سەرف کرد … ئەو کاتەی کە دەزانن کە چی تر ئێوە هیچتان لەگەڵ پوتین –دا بۆ ناکرێت و ئەو زۆرزانانە مێزی قومارەکەی بە وارەکەشییەوە بەسەرتاندا قڵپ کردۆتەوە و مەترسی هێنانە خوارەوەتان لە حوکمدا هەیە ….داوای چارەسەری دیپلۆماسیانە دەکەن … ئیتر ئێوە دەزانن کە ڕوسیا نەك هەر شەڕی ساردی بەڕێکرد و کردییە شەڕی گەرم بەڵکو وای کوڵاندووە دوای ئەم شەڕە خۆشتان بێت یا ترشتان ئەو دەبێتە برابەشتان….. داوای وەستانی شەڕەکە دەکەن … داوای سازش و ڕێکەوتن دەکەن …. هەی هوو ، هەی هوو بەداخەوە پاش وێرانکردنی ئۆکرانیا و کوشتن و بڕینی سەدان هەزار کەس … ئەوجا دێن داوای ڕێکەوتن دەکەن. ئەی بۆچی لە سەرەتادا ڕێگر بوون لە ژێنیسکی کە لەگەڵ ڕوسیادا ڕێکەوتن بکات؟
تازە زۆر درەنگە ڕوسیا ئەوەندە هاتۆتە ناوەوە لە هەڵوێستی بەهێزییەوە قسەتان لەگەڵ دەکات و قرمی زۆر زیاتری لێتان خۆشکردووە .
ڕەحەمەت لە کورد : ئێوە بۆ ڕیش چوون بەڵام سمێڵی ئۆکرانییە هەژارەکانیشتان نایە بانی … ئێستا ئێوە دەبێت ڕێکەوتن لەسەر ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا [ مارشاڵ پلان] بکەن کە ئەو کاتەش پوتین مەرجی خۆی دەسەپێنێت کە دەبێت کۆمپانیا گەورەکانی ڕوسیاش پشکی تەواویان هەبێت لە چننینەوەی ئەو سەروەت و سامانەدا کە لە سەر لافاوی خوێنی ملیۆنێك لە ئۆکرانییەکان و سەربازەکانی ڕوسیا پەیدادەکرێت .
پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.