ئامرازەکانی بەرهەمهێنان:

زاهیر باهیر

12/10/2021

لە ڕێگای موڵکایەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە بە تەنها، پڕۆلیتاریا ناچەوسێنرێتەوە و  قازانج دروستنابێت و سەرمایەش  کەڵەکە نابێت ئەگەر دەزگەیەکی توندووتیژ و خوێنڕێژی وەکو دەوڵەتی، لە پشتەوە نەبێت.  ئەوە دەوڵەت و دەسەڵاتە کە پارێزگاری لە سەروەت و سامان و خاوەنەکانیان دەکات، دەنا کرێکاران و هەژاران لە ماوەیەکی کەمدا ڕەچەڵەکی خۆیان دەردەهێنن و سامانەکانیشیان فەرهود دەکەن.

دەوڵەت تا ئێستاش باشترین و بەکارترین ئامرازە بۆ پاراستنی موڵکیەت و بەردەوامپێدانیی.  سەرمایەداری چەندێك جیهانیگیریی بێت، هێشتا ناتوانێت بێ دەوڵەت بژی و دەستبەرداری ببێت.

دەوڵەت  پایەی هەرە سەرەکی ئەم سیستەمەیە ، بۆیە خەباتکردن دژ بە دەوڵەت، خەباتە دژ بە سیستەمەکە ، داخوازی دەوڵەت، هەر چەشنێکیان بێت ، داخوازی مانەوەی ئەم سیستمەیە و درێژکردنەوەی تەمەنێتی. 

سەرسام مەبە کە لە لانکەی دیمۆکراتیی، لە نێو کۆمەڵی مەدەنی ئەم نوسینە دەخوێنیتەوە!!

زاهیر باهیر

04/10/2021

دوی ئەوەی کە  Sarah Everard لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بە دەستی پۆلیسێك کە پلەیەکی تایبەتی هەبوو ئەویش بە مۆڵەت پێدانی بە چەكهەڵگرتن و متمانەپێکردنی تا ڕادەی پاراستنی کەسانی دیبلۆماسیی، وتار و ڕاپۆرتێکی ئێکجار زۆر لەسەر ئازادیی کچان  و ژنان و سەلامەتییان لە نێو ماڵان و لە دەروەدا، نوسراوە.  هاوکاتیش گەلێك چەڵتە چەڵتیشی لە دیوەخانی بەڵتەچییەکانی بریتانیادا لەسەر کراوە .  زۆرێکیش پێشنیار و پێشنیاز بۆ چاککردنی ئەو بارودۆخە، کراوە.

ئێستاش لە گەرمەی دادگاییکردنی ئەو پۆلیسەدا، Wayne Couzens ، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هێشتا لە دوای کوژرانی ‘ سارا’ وە لە 28 هەفتەدا 81 ژن کوژراون،  کە دەکاتە نزیکەی 3 ژن لە هەفتەیەکدا، کە 16 لەمانە لەلایە ئەو پۆلیسانەوە بوون کە لە خزمەتدا/ پیشەکەیاندا بەردەوامبوون.

لە نێوانی ساڵی 2009 وە بۆ 2018  بە ژمارە 1425 کچ و ژن کوژراون کە تەمەمیان لە نێوانی 14 و 100 ساڵدا بووە. لەم ژمارەیە، 1425 ، 278 ژنیان تەمەنیان لەسەرو 60 ساڵەوە بووە، لە 127 کەیسی ئەم قوربانیانە خراپترین شێوەی توندوتیژی لە کوشتنیانا، بەکارهێنراوە.  لە بەکارهێنانی توێژینەوەیەکەدا دەرکەوتوە کە 9 ژن لە 13 ژن لە قوربانییەکان کە تەمەنیان لەسەرو 80 ساڵەوە وە بوون، قوربانی لاقەکردن و دەستدرێژی جنسی بوون.  لەگەڵ ئەمەشدا لە ساڵی 2018/2019 دا تەنها لە سەدا 6 ی ئەم پیاوە تاوانبارانە سزایاندراوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە سای ئازادیی دەستکەوتنی زانیارییەکان، دەستکەوتووە، لە سەدا 62ی ئەو  ژنانەی کە کوژراون لەسەر دەستی مێرد و بۆیفرێند یاخود کۆنە مێرد و بۆیفرێددا بووە، سێیەکی ئەم قوربانیانەش یا  ماڵیان بەجێهێشتووە و ڕۆیشتون، یاخود لە پرۆسەی ماڵ بەجێهێڵاندا بوون.  لە سەدا 92 ئەوانەی کو کوژراون ، لە لایەن ناسیاویانەوە کوژراون، یەك لە دوازدەی ئەو ژنانەشی کە کوژراون لە لایەن کوڕەکانیانەوە کوژراون.

بەداخەوە کە ئەوە حاڵی ژنانە لەم وڵاتەدا، دیارە ئەوانەشیان کە دەژین ڕوبەڕوی گەلێك کێشەی هەڵاواردنی و کۆمێنتی سیكستیانە و مامەڵەی زۆر ناشیرینی خێزان بە مێرد و باوك و دایك کەس کارەوە بوونەتەوە یا دەبنەوە.  هەروەها کرێ و موچەی کەم کە تا ئێستاش ژنان لە سەدا 15 کەمتر لە پیاو وەردەگرن لە کەرتە تایبەتییەکانی کارکردندا.  ئەمە جگە لەوەی کە ڕووبەڕووی دوکەوتنی پیاو دەبنەوە و گێچەڵی زۆریان پێدەکرێت، کە زۆر جار ئەم کەیسانە دەگاتە پۆلیس و داگاش.

ئەمە نیشانی دەدات  ئاشکرایە کە هەرگیز ئازادیی و یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵی سەرمایەداری و لیبراڵدا بەدەستنایەت، تا ئەو کاتەی کە پرسی چینایەتی و کۆمەڵی پلەداریی [ هیرراشی] بمێنێت ئەم کێشانە بەردەوام دەبن، کە ئەمانەش خەسڵەت یا تایبەمەندی خودی سیستەمەکە خۆیەتی.

ئەوەی کە ماوەتەوە بیڵێم: جێگای داخە کە ڕۆشنبیری کورد و جالییەی کوردی لە بریتانیا بە مەبەست یاخود بێ مەبەست ئەم ڕووە قێزەوند و نامرۆیانەی نێو ئەم کۆمەڵە و ئەم دەوڵەتە باس ناکەن ، بۆیە تا ئێستاش لەناو ڕەوەندی کوردی لێرە و لە کوردستانیش وڵاتی بریتانیا و ئەمەریکا بە پێشڕەوی دیمۆکراتی و ئازادیی ، مرۆڤدۆستی، دەزانن.  

 

The 81 women, named below.

Some of the victims, first column, top to bottom: Judith Nibbs, Palmira Silva, Riasat Bi; second column, top to bottom: Rosina Coleman, Norma Bell; third column, top to bottom: Ruby Wilson, Nellie Geraghty; fourth column, top to bottom: Ruth Williams, Eulin Hastings, Lea Adri-Soejoko; fifth column, top to bottom: Paula Castle, Iris Owens

دەوڵەت بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستان و ئەنارکیستانی کوردستان

دەوڵەت بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستان و ئەنارکیستانی کوردستان

لەم مشتومڕە ئازاد و كراوەیەدا، كە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئەنجامدراوە و لە سایتە كوردییەكاندا خراوەتە بەرچاوی خوێنەران، ئەم ھێژایانەی خوارەوە بەشدارییان كردووە:

زاھیر باھیر، ** ****، ھەژێن، تاھیر ساڵح شەریف، سیروان عەلی، سەلام عارف، شێخ عەبدول

بەرایی:

هاوڕێ زاهیر باهیر، کە ئەناركیستێکی ڕەخنەگری” دەوڵەت ” و ڕەخنەگری تێزی ” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا “ی مارکس و مارکسیستەکانە، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا چەند پەرەگرافێکی لە وتارێکی ” میخائیل باکۆنین* ” لە بارەی دەوڵەتەوە بڵاوکردەوە. بەڕێز ** **** کۆمێنتێکی ڕەخنەیی لەسەر هەمان بابەت نووسی. پاشان هاوڕێ هەژێن هاتە ناو گفتوگۆکەوە. بەدوای ئەویشدا، من [تاھیر ساڵح]، بە کۆمێنتێک بەشداری گفتوگۆکەم کرد و مشتومڕەکە دەربارەی پێویستبوون و پێویستنەبوونی “دەوڵەت” لەڕوانگەی مێژووییەوە درێژەی کێشا و چەند بابەتی لاوەکیش هاتە نێو گفتوگۆکەوە.

لەم گفتوگۆیەدا، دوو تێڕوانینی مارکسیستی و ئەناركیستی بەرامبەر بە “دەوڵەت ” بەرچاو دەکەون، دوو تێڕوانین، کە لە بناغەوە مامەڵەی جیاواز لەگەڵ چەمکی ” دەوڵەت “دا دەکەن. خاڵی سەرنجڕاکێش  لەم گفتوگۆیەدا، تێڕوانین و تێگەیشتنە ناکۆک و جیاوازەکان نییە، بەڵکو دەرکەوتنی شێوازو گیانێکی نوێیە لە گفتوگۆی نێوان مارکسییەکان و ئەناركیستەکانی کوردستاندا. سەرەڕای جیاوازییە فیکری و جیهانبینییەکان، هەموو لایەک بە گیانێکی هاوڕێیانە، ڕێزنان لە بیروڕای یەکتری و دوور لەسکتاریزمی گروپی و مهاتەرات مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، کە ئەمەش دیاریدەیەکی نوێیە لەناو ئەو گەڕەلاوژە و شیروتیر لەیەکهەڵکێشانەی نێو دنیای سیاسەت و فیکری کوردیدا.

پێویستە ئەوەش بڵێم، کە ئاستەمە ئەم باس و مشتومڕانە لە چوارچێوەیەکی سنوورداری وەک فەیسبووکدا جێگایان بێتەوە. لەسەر پێشنیاری هاوڕێ ” هەژێن ” بڕیارماندا ئەم تەوەرەیە بگوازینەوە بۆ نێو (سایتی کوردستانپۆست ئینفۆ) و (سایتی سەکۆی ئەنارکیستانی كوردستان). بابەتی ” دەوڵەت “، تەوەرەیەکی کراوەیە و هەر کەسێک کە خوازیاربێت بیروبۆچوونی خۆی لەسەر بنووسێتەوە، یان بۆچوون و ڕەخنەکانی خۆی لەسەر ڕوانگەی بەشداربووانی ئەم تەوەرەیە بنووسێتەوە، دەتوانێت بۆ هەردوو سایتەکەی بنێرێت.

دوایین شت کە پێویستە ئاماژەی پێبدەم، ئەوەیە کە ئەمەی لێرەدا دەیخوێننەوە، سەرەتایەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەمکی “دەوڵەت” و هیچ  یەکێک لە بەشداربووانی ئەم تەوەرەیە، ڕوانگەی کۆنکرێتی خۆی و ئەنجامگیری تەواوەتی خۆی سەبارەت چەمکی ” دەوڵەت ” نەخستۆتەڕوو. بەهۆی دەستپێکردنی سەرەتایی باسەکەش، کۆمێنت و بۆچوونەکان پەرژوبڵاون و بە ناچاری پەل بۆ چەند کێشەی لابەلای دیکە دەهاوێژن، کە لەدەرەوەی تەوەرەی [ دەوڵەت و چەمکی دەوڵەت ]ن. بەو هیوایەی کە لە داهاتووی مشتومڕەکاندا، خۆ لە باسی لاوەکی بپارێزرێت.

بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکە لەسەر کۆمپیوتەر و مۆبایل، کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە

serberg-online

Click to access dewllet-%20online%20version.pdf

http://issuu.com/home/docs/dewllet-_print_version/edit/embed

بۆ چاپکردنی پەرتووکەکە لەسەر کاخەز، کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە

serberg- print

Click to access dewllet-%20print%20version.pdf

http://issuu.com/home/docs/dewllet-_online_version/edit/embed

ڕۆژاوا، ئەزمونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگری و خۆڕاگریی

ڕۆژاوا، ئەزمونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگری و خۆڕاگریی

زاهیر باهیر-سلێمانی

٢٠/٠٥/٢٠١٤

بەشی هەشتەم:

 

نۆیەم:مەترسییەکان و پێشبینییەکان:

هەر وەکو لە سەرەتای ئەم ڕاپۆرتەدا پەنجەم بۆ ڕاکێشا کارێکی ئاسان نییە کە پێشبینی ئەوە بکەیت کە لە داهاتوودا ئەم کانتۆنە کوردییانە بەرەو کوێ دەڕوات و چارەنوسیان بەچی دەگات. کۆمەڵێک هۆکار، وەکو هۆکارە دەرەکییەکان لەتەك بارودۆخی ناوخۆ، ڕۆڵیکی یەکجار گەورە و گرنگ دەببینن لە تێشکان یا سەرکەوتنی ئەم ئەزمونە نوێیە.

لە کاتێکدا کە من باس لە سەرکەوتنی ئەم ئەزمونە وەك ئەزمونێکی نوێ، کە لە ئێستادا هەیە، دەکەم ، گەلێک دوورە لەوەی کە زۆربەی هەرە زۆری کورد و کەسانی دیکەی بەپەرۆشی ئەو پرسەی کورد لە ڕۆژاوا، دەیبینن و تێگەیشتنیان بۆ سەرکەوتن و نوێیەتی ئەم ئەزمونە چییە و چۆنە.  ئەمە جگە لەوەی کە سەرکەوتن لای من سەرکەوتنی هەمیشەیی یا ڕووبەڕوو نەبوونەوەی تێشکان ، نییە. دیدو و بۆچونی من بۆ ئەم ئەزمونە نوێیە– دیسانەوە جەخت لەسەر ئێستای ئەم ڕووداوە دەکەمەوە، نەك ئایندەی – گەر بەم شێوەیەی ئێستا هەنگاو بنێت، هەنگاوێکە بۆ دانانی بەردی بناغەی بینای کۆمەڵگەیەکی نوێ، کۆمەڵگەیەکی ناهیراشیانە، ناقوچکەییانە، کە خەڵكی خۆی بڕیارەکانی ژیانی خۆی بدات، کۆتایی بە دەسەڵاتی بیرۆکراتیانە، کۆتایی بە هەموو چەشنەکانی سەروەرێتی لە هەموو کایەکانی ژیاندا، بهێنێت ، کۆمەڵگەیەك کە دەسەڵات و دەوڵەت و بنچینەکان و پایەکانی ئەوانی تیادا، ونبێت.

من لێرەدا نامەوێت چی دیکە لەسەر ئارەزوومەندی ئەو شێوە خۆبەڕێوەبەرایەتییەی گەل بە خۆی، کە من مەبەستمە،باس بکەم، چونکە لە زۆر جێگای دیکەدا ، سەرنجی خۆمم لەسەر ئەوە داوە. لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەو دیاردەو بنەمایانەی کە ئەم ئەزمونەی ڕۆژاوای کوردستانی لای من کردووە بە ئەزمونێکی نوێ، دروستکردنی ئیدارەی خۆجێی بەهێزی داهاتوو نییە، هەبوونی دەوڵەتی کوردی و حکومەتی کوردی لەو دەڤەرەدا نییە، نەعرەتەی قەومیانەو ئازادی وتنەوەی سرود و زەقکردنەوەی دروشمی کوردی و ئاپۆچێتی نییە، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی نانەتەوەیی و بێ هەست و هەژموونی نەتەوەییە، بەڵام پڕ لە نەتەوە، کۆمەڵگەیەکی بێ دین و بێ ئیمان ، بەڵام پڕ لە دین و ئیمانی جیاواز، کۆمەڵگەیەکی خاڵی لە کولتور و لە فرەزمانی جگە لە زمانی کوردی، بەڵام لە هەمان کاتدا پڕ لە کوڵتوری جیا جیا   و فرەزمانی، کۆمەڵگەیەکی خاڵی لە ڕەنگ و ڕەگەز و جێندە، هاوکات فرە ڕەنگ و فرەڕەگەز وفرەجێندە.

ئەوانەی سەرەوەیە کە من ئومێدی خۆم و خەڵکانی دیکەی وەکو خۆم لە ماناو تێگەیشتنی وشەی “سەرکەوتنی” ئەو ئەزموونە نوێیە، لە ئەوانی دیکەمان، جیا دەکەمەوە ،بە پێویستیشی دەزانم کە بڵێم من زۆر خۆشحاڵم بەو ئەزمونەو بەوپەڕی تێگەیشتن و توانای خۆمەوە لایەنگری تەواوی ئەو ئەزموونەم، لانیکەمی لە ئێستادا، چونکە سەرباری ئەوانەی کە لە بەشەکانی پێشوودا لەسەریان دوواوم، پێویستە یادی خوێنەر بخەمەوە، سەرەڕای ئەوانەیکە لەسەر بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی، تەڤدەم،وتومن، دەڵێم ئەم بزوتنەوەیە بناغەی سێ مەسەلەی گەورەشیان لەو کۆمەڵگەیەدا لەقکردووە، کە یەکەمیان: لاوازی ئافرەت و شاردنەوەی هێز و توانای ئەو بەشەی کۆمەڵگەیە. کارکردنی ئەم بزوتنەوەیە لە سەر هاتنی ئافرەتە بۆ سەر شانۆی ژیان وەکو کارایەك و بینینی ڕۆڵێکی گەلێك گەورە لە هەموو بوارەکاندا.دووهەم:مەسەلەی ناسیوناڵیزم و هەستی ناسیونالیزمییانەیە.ئەمان کار لەسەر کاڵکردنەوەی جەوهەر و ڕەنگ و دروشمی کوردایەتی و نەعرەتەی قەومی، دەکەن.سێیەم: مەسەلەی دین و ئاینە، کە گەورەترین گورزیان لە دین و ئاین، داوە کە لەم بوارەدا بە دەیەها فەرسەخ پێشی نەك هەر خواروی کوردستان، بەڵکو بریتانیایشان داوەتەوە. ئەم سێ پرسە گەورەیەی کە ئەوان کاریان لەسەرکردووەو کاری لەسەر دەکەن جێگای ستایش و لێوەفێربوونە.

 

یەکەم: هۆکارە دەرەکییەکان:

* ڕژێمی ئەسەد و هاوسەنگی هێز:

بێ گومان سەراپای بارودۆخەکە لە سوریا لە سەردەمی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەوە گۆڕاوەو هاوکێشەکان لاسەنگ بوون. لە سەرەتای ڕاپەڕیندا هێز و ئومێدی سەرکەوتن بە لای هێزی ڕاپەڕیواندا دەشکایەوە و ئێستاش پێچەوانەکەی دەبینرێت.

بەڕای من ئەسەد هەر لە سەرەتاوە تاکو ئێستا زۆر زیرەکانە مامەڵەی لەتەك ڕوداوەکاندا   کردوەو دەکات ، بۆ ئەمەش دوو سیاسەتی گرنگ و کارای بەڕێکرد.یەکەمیان:کشانەوەی هێزەکانی لە دەڤەرە کوردییەکاندا ،گەرچی بەشێکی بەهۆی فشاری گەورەی خەڵکی کوردستانەوە بوو. دووهەمیان: سنورو خۆکردنەوە بوو بۆ ڕێکخراو و هێزە تیرۆریستەکان. گرتنەبەری ئەم تاکتیکەش دوو لێدانی ( زەربە) گەورەی لە خەڵکانی ڕاپەڕیو، دا. یەکەمیان: هێزە تیرۆریستەکان توانییان تەواوی ئاقار و مەبەستی ڕاپەڕینی خەڵکی بگۆڕن و ئیحتیوای بکەن ، بەم کارەش پرۆسەی ڕاپەڕینەکەیان قێزەوەند و مەترسیدار کرد تا ئەو ڕادەیەی کە لە ئێستادا هێزێکی کاریگەر بەناوی لەشکری ئازاد، کە ناوی دەرکردبوو، نەماوەتەوە و بوونی نییە. دووهەم: بە بەکارهێنانی ئەم تاکتیکە ئەسەد توانی سیاسەتی ئەمەریکا و ئەوروپا و فەرمانڕەوایانی ناوچەکەش سەبارەت بە هەست و سۆزیان بۆ ڕاپەڕیوان و کۆمەککردنیان، بە تەواوی کەمبکاتەوە. ئەسەد بە کردەوە نیشانیدان، کە جێگرەوەی ئەو و ڕژێمەکەی، ئەم تیرۆریستانەن، نەك لایەنێکی دیکە.

دیارە کە ئەمەی لە سەرەوە وتم ئەوە ناگەیەنێت کە لە ئایندەشدا بارودۆخەکە بە قازانجی ئەسەد و ڕژێمەکەی دەگەڕێتەوە، چونکە لە سیاسەتدا شتێکی چەسپاو،جێگیر،نییە، هەروەکو چۆن نە دۆستی هەمیشەیی و نە دووژمنی هەمیشەیی،هەیە، بەڵکو بەرژەوەند و بەرژەوەندی هەمیشەیی، هەیە. بەڵام قسەی من لەسەر ئەم سات و کاتەیە هەم لە هەڵسەنگاندنی ئەم ئەزمونە نوێیە وهەم سەرجەمی شتەکانی دیکەش. کەواتە لەم بارودۆخەدا سێ ئەگەر وجودی هەیە: یەکەم : ئەو جەنگەی کە ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا دەیکەن، – ئاشکرایە لە ئێستادا جەنگەکە جەنگی خەڵکی نییە- گەر بیدۆڕێنن و ئەسەد بە سەرکەوتووی لەم مەیدانی جەنگەدا بێتە دەرێ، هاوکاتیش سیاسەتی بەرامبەر بە کورد لەوێ بگۆڕێت و ڕێگا بدات کە ئەو ئۆتۆنۆمییەی کە لە ئێستادا هەیە ، بە هەندێك دەستکارییەوە، کە لە بەرژەوەندی ئەو و ڕژێمەکەی بێت، بمێنێتەوە، ئەوە جۆرێك لە جۆرەکانی ئۆتۆنۆمی، بەرقەرار دەبێت. دووهەم : ئاگربەستێك لە نێوانی موعارەزەی سوری – نەك کوردەکان- لەتەك ڕژێمدا لەسەر بناغەی دەستکێشانەوەی ئەسەد و پارتەکەی پاش هەڵبژاردنێکی ئازاد. لەم حاڵەتەدا گرانە کە بزانرێت کێ یا چ لایەنێك جڵەوی دەوڵەت دەگرێتە دەست و هەڵوێستیان بەرامبەر بە کورد و کێشەکەی چۆن دەبێت. سێیەم: هەرەسهێنانی ئەسەد و ڕژێمەکەی لەسەر دەستی هێزە تیرۆریستەکاندا و جێگرتنەوەی ئەسەد و ڕژێمەکەی بەوان. ئا لەم بارەدا بەڕای من کورد نەك هەر نابێت بە هیچ، بەڵکو ئەوەشی کە هەیانە لە دستیان دەچێت. دیارە ئەگەری دیکە بۆ تیاچوونی ئەسەد وەکو مردنی ، کوشتنی، کودەتای سەربازی ، کە ئەگەرگەلێکی لاوازن ،هەنە.

 

* سیاسەتی دەوڵەتەکانی ناوچەکە بە تایبەت تورکیا:

ڕوودانی ئەو ئەگەرانەی کە لە سەرەوە دەستنیشانم، کردن مەحاڵە بە بێ ڕازیبوونی، یا لانیکەم پرس و ڕاوەرگرتنی تورکیا و دەوڵەتەکانی ناوچەکە. دەوڵەتی تورکی لە دوو ڕووەوە بە کێشەی سوریاوە، پەیوەست و بەستراوەتەوە. یەکەمیان: بوونی کورد لە تورکیا و کێشەکەیان. لە ئێستادا هەڵوێستی تورکی بەرامبەر بە کوردانی باکور و کێشەکەیان، تا ڕادەیەک گۆڕاوە. ئەگەر کێشەی کورد لە باکوری کوردستاندا لابەلا بکرێتەوە، ئەوە هەنگاوێکی گەورە دەبێت لە لابەلا کردنەوەی کێشەی کوردی ڕۆژاوا. ئاشکرایە کاتێك کورد کێشەی لە باکور و باشوری کوردستاندا نەمێنیت، ئەوە ئەگەری لابەلاکردنەوەی کێشەکەی لە ڕۆژاوای کوردستانیشدا، چاوەڕوانکراوە.   دووهەم: ڕژێمی تورکی پەیوەندییەکی گەرم و بەهێزی لەتەك هەندێك لە ڕێکخراو و هێزە تیرۆریستەکاندا تا کۆمەکردنی مادی و مەعنەویشیان، هەیە.

هەرچیش سەبارەت بە دەوڵەتەکانی دیکەی ناوچەکەیە، وەکو قەتەر و سعودییە، ئەمان خولقێنەری گروپە تیرۆریستەکانن، هاندەر و کۆمەککاریانن، داڕێژەری نەخشە و پلانی هێڕشبردن و ئایندەیانن. ئەم دوو وڵاتە سیاسەتی ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆی خۆیان و وێرانکاری و داڕوخانی وڵاتانێك کە تیرۆریستەکانیان بۆ ڕەوانە دەکەن، گرتۆتە بەر، هەر لەبەر ئەمەش گۆڕینی سیاسەتیان لەم مەیدانەدا بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەسەر وڵاتانی تێوەگلاو بە شەڕوشۆڕی تیرۆریستانەوە، ڕەنگدەداتەوە، ئەمەش لە ڕۆژاوای کوردستاندا لە کاتێکدا کەشەڕی هێزە کوردییەکان، بە تایبەت لە ئێستادا تاکە شەڕیانە لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆریستیانەی وەکو داعش و بەرەی نوسرە، بە ئاشکرا دەبینرێت. لە ئایندەشدا ئاشتی و نائاشتێتی، دۆستی و نادۆستایەتی ئەم دوو وڵاتەی کەنداو لەتەك وڵاتانێك و ئاسایشیان کە ئەم گروپە تیرۆریستیانە کنەی لێدەکەن، لە ڕێگای ئەوانەوە ئەم دوو وڵاتە بە ڕۆڵی خۆیان دەوریان دەبێت.

هەرچی ئێرانیشە، وەك هەمووان دەیزانیین، پاشەڕۆژ و ئایندەی خۆی بە سوریاوە بەستۆتەوە، مانەوەی ئەسەد و ڕژێمەکەی، مانەوەی ئەوانە ، نەمانی ئەسەد و ڕژێمەکەی گەر سیاسەتیان نەگۆڕن، لاوازبوون و نەمانییان دەبێت. سیاسەتیشیان بەرامبەر پەکەکە و پەیەدە ، بە گوێرەی قسەی هەندێك لایەن ، سیاسەتی یارمەتی و هاوکارییە، بەڵام لەبەر نەبوونی هیچ بەڵگەیەك، من ناتوانم ئەوە بڵێم، تەنها دەتوانم کە بڵێم سیاسەتی ئەوان لەتەك هێزە کوردییەکاندا هەمان سیاسەتی ڕژێمی سورییە ، کە بارودۆخی نە شەڕ و نە ئاشتییە، هاوکاتیش بە حوکمی ئاڵۆزی کێشەکە و دیارنەبوونی ئایندە زۆرگرانە کە بزانرێت لە داهاتوودا ئێران، چ جۆرە سیاسەتێك، لەتەك ڕۆژاوادا بەکاردەهێنێت.

 

سێیەم: سیاسەتی ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا:

بەهۆی گەشەی زیاتری سەرمایەداریی و دیاردەی گڵۆبەڵایزەیشنەوە وڵاتێك نەماوەتەوە کەم تا زۆر سەرمایەداری وەکو سیستەمێك نەیگرتبێتەوە، ئەمەش کارێکی ئاوای خولقاندووە کە تەنها وڵاتێك لەم سەرزەمینەدا نییە، ئەوەندەی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا: ئابوری، کۆمەڵایەتی ، سیاسی، فەرهەنگی، کولتوریکە بازنەی سەرمایەداری، نەبەزێنێت بتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت. ئیدی کەم تا زۆر، دوور تا نزیك هەر وڵاتە بووەتە پاشکۆی ئەوی دیکەیان و بێ هاوکاری و بێ یارمەتی یەکدی، یا ژیانیان مەیسەر نابێت یاخود لە هەندێك بنەماکانی ژیان بێ بەش دەبن.

هەر لەو ڕوانگەوە من ڕام وایە کە لەکاتێکدا بەرەنگاربوونەوەیەك، ڕاپەڕینی خەڵکانی وڵاتێك دژ بە فەرمانڕەواکانیان و سیستەمی فەرماڕەوایەتییان، لە هەر شوێنێکدا سەری هەڵدابێت یا سەر هەڵبدات کارایی و هەژموونی خۆی لەسەر خودی سەرمایەداری داناوە و دادەنێت، هەر بەم هۆیەشەوە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەوانی دیکەشیان ، ناتوانن دەستەوەستان و دوورەپەرێز دابنیشن، بەم هۆیەشەوە هەڵوێستی دۆستایەتی یا دژایەتی لێوەردەگرن و دیارە ئەم هەڵوێستەشیان لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوندییەکانیاندا دەبێت.

بێ گومان ئەمەی ڕۆژاواش لەو هاوکێشەیەی سەرەوە، چ لە ڕوی بزوێنەری بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی خەڵکی ڕۆژاواوە و چ لە ڕوی سەرەنجامەکەشییەوە، کە لە ئێستادا، وەکو ئەزموونێکی نوێ خۆی دەنوێنێت، دەرناچێت.

ئاشکرایە هێزی بزوێنەری بزوتنەوەکەی ڕۆژاوا پەیەدەیەو پەیەدەش زۆر نزیکە لە پەکەکەوە و پەکەکەش ئەو هێزەیە کە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا بە هێزێکی مەترسیدار و تیرۆریستی دەزانن. ئەم سیاسەتەی ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا بەرامبەر بەوان تا ئێستاش هەر وایە، ئەمەش یانی کۆنترۆڵنەکردنی پەکەک و پەیەدە و هێزەکانیان، لەلایەن ئەوانەوە، بە واتایەکی دیکە یانی زامننەکردنی بەرژەوەندییەکانیان لەوەی کە پەکەکە و پەیەدە لە ئێستادا بەدەستیدەهێنن.  ئەگەر ڕوونتر قسە بکەین دەڵێین ئەو دەستکەوتەی ڕۆژاوای کوردستان، لانیکەمی لە ئێستادا، نە لە بەرژەوەندی ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاوایە و نە لە بەرژوەندی وڵاتانی دەرودراوسێ و ناوچەکەشە بە حکومەتی هەرێمیشەوە کە زۆرینەی ئەم وڵاتانەش پێگەیەکی بەهێزی سەربازی و ئابوری ئەوانن.

ئالێرەوە من دەگەمە ئەو سەرەنجامەی کە بڵێم هاوکاری و دووژمنایەتیکردنی ئەو ئەزمونە نوێیەی ڕۆژاوا لەلایەن ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاواوە دەکەوێتە سەر گۆڕینی سیاسەتی پەکەکە و پەیەدە و ئایندەی ئەو ئیدارە خۆجێیەش خۆی. هێز و پێگەی ئەو ئیدارە خۆجێیەش، دەکەوێتە سەر دوورو نزیکیی لە پەکەکە و پەیەدەوە، واتە ئایا ئەو ئیدارەیە دەتوانێت بە تەواوی سەربەخۆ لە پەیەدە و بزوتنەوەی تەڤدەم بمێنێتەوە و هەمان ڕێڕەوی ئیدارەکانی دیکەی جیهان دەگرێتەبەر، یاخود وەکو ئێستا دەمێنێتەوە و ڕۆڵی بزوتنەوەی تەڤدەم تیایدا گرنگتر و بەهێزتر دەبێت.

دیارە لێرەشدا ڕۆڵی چین و ڕوسیا و ململانێیان لەگەڵ ئەمەریکا و بەرەی ڕۆژاوادا، نابێت فەرامۆش بکرێت کە دەتوانن هاوکێشە و هاوسەنگەکان بەبارێکی دیکەدا بگۆڕن، ئەمەش کارایی خۆیی و دەوری خۆی لەسەر ڕۆژاوای کوردستان دادەنێت. ئەوەشی تا ئێستا ئاشکرایە پشتگرتنی ئەسەد و ڕژێمەکەیەتی لە لایەن ئەوانەوە، بەڵام ئەوەی کە نائاشکرایە، سیاسەتیانە بەرامبەر بە کانتۆنە کوردییەکان.

درێژەی هەیە

بێجگە لە بایكۆتی ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر، چ ڕێگەیەكی دیكە بۆ ڕزگاربوون لە سەروەریی ھەیە؟

بێجگە لە بایكۆتی ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر، چ ڕێگەیەكی دیكە بۆ ڕزگاربوون لە سەروەریی ھەیە؟

ھاوڕێیانی ئازادیخواز و سۆشیالیست (ئەناركیست)

وا جارێكی دیكە، پاش خەروارێك لە ئەزموونی خۆیی و ھاودەردەكانمان لە گۆشەكانی دیكەی جیھاندا، ڕۆژی ٣٠ی ئەپڕیڵی ٢٠١٤ ھەرێمی كوردستان و عیراق دەبنەوە بە سەكۆی نواندنی گاڵتەجاریی ھەڵبژاردن و خۆشباوەڕكردن و چاوەڕوانھێشتنەوەی بندەستانی ناھوشیار بەوەی دەنگدان بە دەستەیەكی دیكە و براوەبوونی دەسەڵاتخوازانێكی دیكە، بەرھەمەكەی ئەوە دەبێت، كە ئێمەی چەوساوە بە درێژایی تەمەن و فەرمانڕەوایی میرایەتییەكان، لە خەیاڵی خۆماندا وەك سیمبولێك بۆ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی ئافراندوومانە و بەرجەستەمانكردووە !

بەڵام ھەردەم كەتوار و بەرەنجامی ڕووداوەكان لە بەرامبەر خۆزگە و خەونی ڕەوای پێشینانمان و ئێمەدا شتێكی دیكەی جیاواز و تەواو پێچەوانە بووە و ئەگەر ئاڵوگۆڕێكی ڕواڵەتی لە ناو و شوناسی نەتەوەی سەروەراندا ھەبووبێت، ئەوا تەنیا تا ئەو جێیە بڕیكردووە، كە تاك لەبەردەم پاگەندەی ڕامیاران و پارتەكانیان و دەسەڵاتخوازاندا خۆشباوەڕ و دۆشداماو مابێتەوە.

ئەگەر بە سەرنجدانێكی خێرا ئاوڕ لە مێژووی ئەو ڕەوت و ئاراستە ڕامیارییانەی، كە لە بەرامبەر داگیركەردا پاگەندەی ئازادی و یەكسانی و دادپەوەریییان كردووە، تەنیا بە سەرەنجامێكی نەخوازراو دەگەین؛ گۆڕینی دەموچاوی ستەمكاران و پاراستن و گواستنەوەی ئامرازەكانی چەوسانەوەمان بووە، بە سەروەركردنی چەند پارت و سەرۆكێكی دیكە، وەك لە هەرێمی کوردستاندا دیتمان، جێگەی پارتی بۆرجوازی عەرەب، چەند پارتێکی بۆرجوازی کورد گرتییەوە و ئەوانەی کە تا دوێنێ سیخوڕ و بەکرێگیراوی بۆرجوازی عەرەب بوون، دەستبەجێ لەلایەن نوێنەرانی بۆرجوازی کورد (بەرەی کوردستانیی)ەوە کرانە “چەکداری شۆڕشگێڕ” و دەزگە سیخوڕیی و پۆلیسی و سوپاییە تیكشکاوەکانی ڕژێمی بەعس، چێکرانەوە و بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر خرانەوەگەڕ؛ وەك سەرکوتی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکارانی کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە، ناڕەزایەتی خەڵکی هەڵەبجە لە ساڵیادی ٢٠٠٦دا، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ناوچەی سۆران و کەلار و ڕانیە و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ١٧ی شوبات ..تد، ئەمانە سەرەنجامی خەونی خۆشباوەڕانەی تاکی چەوساوەی کوردبوون بە پارتە بۆرجوازییەکان و فەرمانڕەوایەتی و دەوڵەتی نەتەوەیی و دێمۆکراسی پارلەمانی و تاوەکو تاکی چەوساوە بەو دێوجامانە خۆشباوەڕبێت، هەر ئاوا لە خوێنگەوزاندنی خەونەکان بەردەوام دەبێت !

وەك ھەموو جارەكانی دیكە لە هەرێمی کوردستانی ژێر سایەی دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد، دیسانەوە بە گاڵتەجاری ھەڵبژرادنی خراپ لە خراپتر، ھەڵبژاردنی (جەنەڕاڵی لیبراڵ!) لەبەرامبەر (سەرۆکی دیکتاتۆر!)، ھەڵبژاردنی نوێنەرانی باڵی بازاری بەڕەڵا لە بەرامبەر باڵی قۆرخکەری بازاری بۆ سەرانی پارت، ھەڵبژاردنی یەكێك لە چەوسێنەرانمان بۆ ماوەیەكی دیكە تاکی ناڕازی ناهوشیار خۆشباوەڕدەکەنەوە، ئەمە ئەو گاڵتەجارییەیە، كە لە سەرتاسەری جیھاندا لە چوارچێوەی لیبرالترین دەوڵەت و لە چوارچێوەی كۆنەپارێزترین و دیکتاتۆرترین دەوڵەتدا، بەناوی مافی دەنگدان و ھەڵبژرادنی نوێنەرەوە بەڕێدەخرێت، كە تیایاندا چ بە فریودان یا بە زۆری چەك لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئێمەی چەوساوە و بێدەسەڵات دەكێشنە پای سندووقەكانی بڕیاردان لەسەر ئەوەی كێ چەوسێنەر و شوانەمان بێت، كێ مافی بڕیاردانی كۆیلەتی ئێمەی ھەبێت، كێ چارەنووسی خۆمان و منداڵان و نەوەكانمان دیاریبكات، كێ مشەخۆری بەری ڕەنجی كار و بەرھەمھێانمان بێت، كێ سزادەر و كێ پاسەوانی زیندانمان بێت !

ئازادیخوازان، یەكسانیخوازان، دادپەروەرییخوازان، ئێمە ئەناركیستەكان بێجگە لەوەی كە لە ھەموو جێیەك و لە ھەموو سەردەمێكدا دژی بەشداری دەنگدان و خۆھەڵبژرادنین و بەردەوام لە ھەموو وڵاتاندا بەڕووی ھەڵبژاردنی سەروەراندا كەمپەینی دژی دەنگدان بەرپادەكەین، لێرەدا بە دیاریكراوی لەم ھەڵبژاردنە گاڵتەجارییەی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازانی هەرێمی کوردستاندا، لەبەر دوو ھۆ، بۆ بایكۆتكردنی و دژوەستانەوە بانگەواز دەكەین:

ھۆی یەكەم، لە ڕوانگەی ھزر و ئایدیای ئازادیخوازیی (ئەناركی)ەوە، سیستەمی ڕامیاریی بەگشتی و سیستەم و پێكھاتەی قوچكەیی (ھیرارشی) بەدیاریكراویی؛ چ پاشایەتی و ئیسلامی و دیكتاتۆری و تاكپارتیی بێت یا دێمۆكراتی پارلەمانی (فرەپارتیی)، سیستەمی كۆیلەكردنی مرۆڤە و ھەموو ھەوڵ و تەقەلایەك لەسایەیدا، تەنیا بۆ كۆیلەڕاگرتنی ئێمەی ژێردەستە و بەرھەمھێنەرە، لەپێناو مسۆگەركردنی خاوەندارێتی تایبەتی و قازانجی كەمینەیەكی سەرمایەدار و زەمیندار و دەستەبژێری ڕامیار!

ھەر لەبەرئەوە ھەڵبژرادن و دەنگدان لە سیستەمێكدا كە لەسەر بنەمای سەروو و خوار، سەروەر و ژێردەست، دارا و نەدار، بەرھەمھێنەر و مشەخۆر، فەرماندەر و فەرمانبەر دامەزرابێت، بێجگە لە مافی ھەڵبژاردنی چەند مشەخۆرێك وەك نوێنەر و چەوسێنەرێك وەك سەرۆك و شوانە، ھیچ بڕیاردان و مافێكی سەرەتایی بۆ ئازادانە ژیان و خۆبەڕێوەبردن نەھێشتووەتەوە. لەبەرئەوە، ئێمەی ژێردەستە لەجیاتی خۆشباوەڕیی و چاوەڕوانی ئەوەی كە دەسەڵاتخواز و چەوسێنەرێكی بەبەزەیی و بەویژدان پەیداببێت و ئازادی و مافمان بۆ بگێرێتەوە، پێویستە خۆمان بە پشتبەستن بە ویست (ئیرادە) و یەكگرتوویی ھێز و توانای خۆمان، لە شوێنی ژیان كار و خوێندن و فەرماندا، ڕێكخراوە سەربەخۆكانی خۆمان، گروپە خۆجێییەكانی خۆمان لەسەر بنەمای كۆبوونەوەی گشتی و بڕیاردانی بە كۆمەڵ و جێبەجێكردنی گشتی، ڕێكخستن و پایەكانی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ [كە ھەزاران ساڵ پێش ئێستا لە گوند و شار و كۆمەڵگە ئازادە بێدەوڵەتەكاندا پەیڕەوی لێكراوە و ژیانی ئازادانەی لەسەر ڕێكخراوە] پێكبھێنین و كۆمەڵگە بۆ شۆڕشی كۆمەلایەتی ھەڵخڕێنین و ھەر ئێستا دوور لە دەستتێوەردانی گروپ و كەسە ڕامیارەكان، ھەرەوەزییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانمان لە كێڵگە و كارخانە و گەرەكەكان و گوندەكاندا پێكبھێنین و كاروبار و شێوەی ژیان و بەرھەمھێنانی كۆمەڵگەكانمان سەربەخۆ لەلایەن خۆبەڕێوەبەرایەتییەكانی خۆمانەوە بەڕێوەببرێن و دەستی فەرمانڕەوایی بۆرجوازی کورد و عیراق و پارتە ڕامیارە بەرھەڵستكارەكانیش لە تێكدانی ژیان و ئاساییش و دروستكردنی دوژمنایەتی نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزیی و نەژادیی و خێڵەكیی، كۆتابكەین.

ھۆی دووەم، ئەگەر لەژێر كارایی میدیای بەناو سەربەخۆ و “ئەهلی” و پارت و ڕامیارە دەسەڵاتخوازەكاندا بەو سەرەنجامە گەیشتوون، كە لێپرسراوێك، مەلایەك، باڵێك لە دەرەوەی دەسەڵات و لەنێو پارلەماندا خەریكە هەرایەك دژی پاوانگەریی دەسەڵات و چەپاوڵی سامان و داهاتی کۆمەڵگە بەڕێدەخات و لە بەرامبەردا ئەڵتەرناتیڤی بۆ دیکتاتۆریی سەرۆک، خۆشباوەکردنی تاکی چەوساوەی ناهوشیارە بە سەرۆکی باش و خەریکی ڕازاندنەوە و خۆشباوەڕکردنمانە بە چەپاوڵی بازارئازاد؛ بەوەی یەکسانی هەل و ماف بۆ هەمووان مسۆگەردەکات، وەها هولێك بێجگە لە فریودان و بزوواندنی ئارەزووی ناهوشیارانە و خۆشباوەڕانەی تاکی ناهوشیار هیچی دیکە نییە. چونکە بە کردەوە بازارئازاد لە ئۆروپا چەپاوڵی سامان و داهاتی کۆمەڵگەیە لەلایەن چەن کۆمپانییایەکی جیهانخۆرەوە بە پاڵپشت و پارێزگاریی دەوڵەت سیستەمی پارلەمانی و لە هەرێمی کوردستانیشدا بە درێژایی دوو دەهە چەپاوڵی سامان و داهاتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای پارتەکانەوە [نۆکان و کۆڕەك و کۆمەلێکی دیکەوە] نوێنەرایەتی هەمان بازارئازادی نیئۆلیبراڵ بووە وەك پێشمەرج و زەمینەسازیی بۆ هەڵئاوسانی دەیان و سەدان ملیاردلێر و ملیۆنێری یەك شەو و ڕۆژە و هەروەها فەرمانڕەوایەتی هەرێم وەك نوێنەری ڕەوت و تەوژمی نیئۆلیبراڵ و کۆمپانییە جیهناخۆرەکانی، هەر هەمان کاریان ئەنجامداوە، کە جەنڕاڵەکانی لیستی نەوشیروانییەکان، ژێرەکی بەڵێنیان بە داگیرکەرانی عیراقداوە؛ پێداویستی وەها ئاڵوگۆڕێك بۆ سیستەمی جیهانی نیئۆلیبراڵ و کۆمانییە جیهانخۆرەکان، تەنیا دوورخستنەوەی مەترسی هوشیاربوونەوەی چەوساوانی ئەم هەرێمەیە بەرامبەر پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی نیئۆلیبرالیزم و بازارئازادەکەی و ئامادەکردنی ئەڵتەرناتیڤی گونجاوە بۆ کاتی پێوێست، کە لەم ساتەی هەرێمی کوردستاندا، پاش لاوازبوونی دەسەڵاتی قەرەقوشیانەی(ینک) و (پدک، مەگەر تەنیا لیستی نەوشیروانییەکان و مەلا هاوپەیمانەکانیان، بتوانن پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی زلهێزەکان و کۆمپانییە جیهانخۆرەکانی ئەمەریکا و ئەمەریکا مسۆگەر بکەن و خۆگرتنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان و ئەگەری شۆڕشی کۆمەڵایەتی دوور بخەنەوە !

ئەگەر دوو دەهە گاڵتەجاریی دێمۆکراسی پارلەمانی و ناکامی چاوەڕوانی سەرۆکی باش و دەرکەوتنی دیوی ڕاستەقینەی دێوجامەی بەهەشتی نەتەوەیی، ھێشتاکە نەبوونەتە بڕواپێھێنەر بەوەی، كە نابێت بە گاڵتەجاری ھەڵبژاردن و دەنگدان خۆشباوەربین، ئەوا چوونەپای دەنگدان و چەندبارەكردنەوەی ھەمان ھەڵە، كە ھەموو جارێك سەرەنجامەكەی كۆیلەتركردنەوەی خۆمانە، ھەڵەیەكی مێژووی چەندبارە دەكەینەوە و بێجگە لە درێژبوونەوەی تەمەنی نەگریسی دەسەڵاتداری مشەخۆران، ھیچی دیكەی بەرھەمنەھێناوە و ناھێنێتەوە !

ھاوڕێیانی ئازادیخواز و یەكسانیخواز و دادپەروەیخواز، ئەگەر خوازیاریت لێدانێك لە سیستەمی سەركوت و مشەخۆریی سەرمایە بدەیت، ئەگەر خوازیاری كۆتاییپێھاتنی گاڵتەجاریی ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتری، ئەگەر خوازیاری كۆتاییپێھاتنی زیندان و ئەشكەنجە و سێدارە و ترس و ڕاونانیت، ئەگەر خوازیاری لاوازكردنی پایەكانی ھەڵاواردنی ڕەگەزیی و ئایینی و نەژدادی و نەتەوەییت، ئەگەر خوازیاری بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی ئازاد و سەربەخۆ و یەكسان و دادپەروەریت، دەی ئیتر كاتی ئەوە ھاتووە لەجیاتی چوونە دەنگدان و ھەڵبژرادنی خراپ لە خراپتر، لەجیاتی خۆشباوەڕیی بە سەرۆکی باش و دێمۆکراسی پارلەمانی، كاتی ئەوە ھاتووە بڕوا و متمانەمان بە ھێز و توانای یەكگرتووی جەماوەریی خۆمان ھەبێت و چۆن لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتنەكانی چەند ساڵی ڕابوردوودا نیشانماندا، ھەر ئێستا كاتی ئەوەیە، كە بە مانگرتنی گشتی، خەباتی نافەرمانی مەدەنی، بە خۆڕێكخستنی جەماوەریی و كۆمەڵایەتی لە گەڕەك و گوند و كێڵگە و كارخانە و فێرگە و فەرمانگەكاندا پایەكانی سیستەم و دەوڵەتی چینایەتی لاوازبكەین و بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی خۆمان بكەینە ئەڵتەرناتیڤی سیستەمی سەروەریی و مشەخۆریی دێمۆکراتی پارلەمانی و تیئۆکراسی [فەرمانڕەوایی ئایینی] و دیکتاتۆریی تاکپارتیی.

بۆ پێشەوە بەرەو بایكۆتی ھەڵبژاردن و دەنگدانەکان
بۆ پێشەوە بەرەو پێکهێنانی خۆبەرێوەبەرایەتیی گەلیی لەسەر بنەمای دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ
بۆ پیشەوە بەرەو كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و دادپەروەر

نا بۆ فەرمانڕەوایی پارت .. نا بۆ دێمۆكراتی پەرلەمانی .. نا بۆ تێئۆکراسی
با ڕۆژی دەنگدان بە مشەخۆران بكەینە ڕۆژی مانگرتنی گشتی و بایكۆتی ھەڵبژاردن و دەنگنەدان

سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان
٢١ی ئەپڕیلی ٢٠١٤

خۆیندنه‌وه‌یه‌کی دیكە بۆ مارکس و کۆمونه‌ و ده‌وڵه‌تی سۆڤێتی

خۆیندنه‌وه‌یه‌کی دیكە بۆ مارکس و کۆمونه‌ و ده‌وڵه‌تی سۆڤێتی

سه‌لام عارف

 

بەڕێز (ئه‌نوه‌ر نه‌جمه‌دین) له‌ سایتی (کوردستانپۆست ئینفۆ www.kurdistanpostinfo.com/ViewItems.aspx?id=1838  )دا لەژێر تایتڵی ” مارکس لە نێوان کۆمۆنەو دەوڵەتی سۆڤێتیدا” بابه‌تێکی به ‌سێ به‌ش بڵاوکردۆته‌وه‌، منێش به‌ مه‌به‌ستی بەشداریكردن لە لێدوانێكی دۆستانە لەسەر بابەتەكە، هه‌وڵده‌ده‌م به‌پێی توانا به‌ بیروبۆچوونی خۆم خوێندنه‌وه‌یه‌کی دیكەی بۆ بکه‌م، هیوادارم بۆ خوێنه‌رانی بەڕێز به‌سوودبێت.

 

نووسەر، سه‌ره‌تا له‌ بابه‌ته‌که‌یدا ستەمێکی زۆری له‌ (کارل مارکس) کردووه‌ و نووسیویه‌تی ” لەلای مارکس، مێژوو هیچ نیە مێژووی گەشەی پیشەسازی نەبێت“، ئه‌و  بۆچوونە‌ له‌ ڕاستییه‌وه ‌دووره‌، ته‌نانه‌ت سۆسیالیستێکی شیره‌خۆره‌ش ئه‌وه‌ ده‌زانێت، که‌ (کارل مارکس) مێژووی به‌ مێژووی ململانێی چینایه‌تی زانیوه‌، به‌ مێژووی داماڵینی خاوه‌ندارێتی زانیوه‌،جگه ‌له‌وه‌ (مارکس) وه‌ك زانستێك ڕوانیویه‌ته‌ مێژوو، هه‌ر له‌و تێڕوانینه‌شه‌وه‌ بووه‌ وتوویه‌تی “مێژوو تاکه‌ زانستێكه‌، که‌ ئێمه‌ ده‌یناسین و بڕوای پێده‌که‌یین” ‌هه‌موومان ده‌زانیین، که‌ (مارکس) زۆر باسی پێشکه‌وتنی پیشه‌سازی كردووە‌، ئه‌وه‌ش له‌ لۆجیکی پرۆگرامی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئابووری کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری به‌ده‌ر نه‌بووه‌. کێ ئه‌وه‌ نازانێت، که‌ به‌بێ باسکردنی پێشکه‌وتنی پیشه‌سازی ئەستەمه‌ توێژینەوەی ئابوریی و پێشکه‌وتنی ئابووری کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری بکرێت؟ ئه‌وه‌ له‌یادناکه‌م، که‌ توێژینەوەی (مارکس) بۆ ئابووری کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری، له‌ژێر کاریگه‌ری ئاستی زانستی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیدا بووه‌، به‌ تایبه‌تی ئاستی زانستی میکانیکی کلاسیکیدا.

 

(کارل مارکس) هێندێک جار له‌ گۆشه‌یه‌کی ڕامیارییه‌وه‌ سەرنجی‌ مێژووی داوە، هه‌ندێک جاریش له‌ گۆشه‌ ئابووری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌وه‌، زه‌ق دیاره‌ ، که‌ گۆشه‌ ڕامیارییه‌که‌ بۆ به‌ ڕامیارییکردنی(حزبی)کردنی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران بووه‌، هه‌روه‌ها بۆ ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی، باشتر بڵێم بۆ شۆڕشی ڕامیاریی له ‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ و سه‌قامگیرکردنی ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تێکی كڕیاری هێزی كار.

 

نووسەر نوسیوییه‌تی” لە سەردەمی لە دایکبوونی مارکسیزمی ڕووسیدا، هێشتا کتێبەکانی مارکس لە چاپ نەدرا بوون. کتێبی (ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی)، (گرۆندریسە)، (سەرمایە، کتێبی سێهەم) کە گرنگترین و دواین بەشی لێکۆڵینەوەکانی مارکس، بە چڕی و خەستی، کۆدەکاتەوە، وە زۆری تریش لە دانراوەکانی مارکس، هەتا سەدەی بیستیش چاپ و پەخش نەکراون و کەسیش لە مارکسیستەکان ئەو دانراوانەیان نەبینیوە کە تێزەکانی مارکسن و سەربەخۆن لە نووسینەکانی ئینگڵس، وە کەسیش نازانێت نووسینەکانی مارکس چ دەستکاریەک کراون. تاکە سەرچاوەیەکیش کە مارکسیستەکانی ڕووس پەنایان بۆ بردبێت، کتێبی (ئەنتی دۆهرنگ) و (دیالەکتیکی سروشتە) کە هەردووکیان سەربەخۆ لە مارکس، لە ئینگڵسەوە نووسراون و لە ناکۆکیەکی گەورەیشدان لەگەڵ تێزەکانی مارکس

 

گه‌ر له‌ نزیکه‌وه‌ بڕوانینه‌ ئه‌و بۆچوونەی نووسەر، ئەوا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که‌ ئه‌و سه‌ر به‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌یه‌، که‌ بڕوای وایه‌، “فه‌لسه‌فه‌کانی پێشوو ته‌فسیری دونیان كردووە‌، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ته‌نها ته‌فسیری ناکات، شۆڕشگێڕانه‌ ده‌شیگۆڕێت” . به‌ بۆچوونی من ئه‌و جۆره‌ بیر و  بۆچوونە‌ به‌ زمانی فه‌لسه‌فه‌ی ڕامیاریی پێیده‌وترێت (ئایدیالیزمی میکانیکی) جا لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ “ماته‌ریالیزمی دیالێکتیك” و (ئایدیالیزمی میکانیکی) کوجا مه‌رحه‌با ؟

 

ده‌رباره‌ی دره‌نگ گه‌یشتنی مارکسیزم بۆ ڕوسیا، من هه‌ر ئه‌وه‌م له‌سه‌ره‌ بڵێم مارکسیزم زۆر دره‌نگ نه‌گه‌یشتۆته‌ ڕوسیا، ئه‌وه‌تا (ڤۆلین) لە لاپه‌ڕه ‌(42)ی بەرگی یه‌که‌می پەرتووكی (شۆڕشی نه‌ناسراو * révoultion inconnu)دا گه‌یشتنی مارکسیزم بۆ ڕوسیا بۆ ساڵی 1881ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و نوسیوییه‌تی ” مارکسیزم و پارتی سۆسیال دیموکرات بوونه‌ ڕوخساری بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشخوازی-پێشکه‌وتنی پیشه‌سازی- له‌ته‌ك پێشکه‌وتنی کولتوور و- نه‌شونمای پیشه‌سازی- ڕه‌هایی وکۆنخوازی ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ ده‌سه‌لمێنێت، دوای مایه‌پوچی ئه‌و توندوتیژییه‌، که‌ حزبی Narodnia Vola دژی تزاریزم به‌کاریده‌هێنا،چه‌ند ئۆرگانێك ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تیان له‌ گۆرینی بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشخوازی ڕوسیدا بینی ، له‌ هه‌موویان گرنگتر سه‌رهه‌ڵدانی مارکسیزم بوو.”

 

ئه‌و قسانه‌ی (ڤۆلین) ئه‌وه‌ ده‌رده‌خەن، که‌ مارکسیزم زۆر دره‌نگ خۆی ‌ به‌ ڕوسیادا نه‌كردووە ، ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ش هێگجار زۆربووه‌ بۆ تێگه‌یشتن و هه‌رسکردنی کۆڵه‌که‌ سه‌ره‌کییه‌کانی مارکسیزم، واته‌ تێگه‌یشتن له‌ (به‌ ڕامیارییکردنی بزوتنه‌وه‌ی خۆبه‌خۆیی کرێکاران و جڵه‌وکردنی) و (ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی و پراکتیزه‌کردنی دیکتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا). مارکسیزم له‌ هه‌ڕه‌تی لاویدا له‌ دەرگەی ڕوسیای داوه ‌و خۆی به‌ ماڵدا كردووە ‌و سۆسیال دیموکراته‌کانی ڕوسیا پێشوازیان لێكردووە‌‌، گریمان ئه‌وه‌ی (ڤۆلین) وتوویه‌تی فڕی به‌سه‌ر ڕاستییه‌وه‌ نییه ‌و مارکسیزم دره‌نگانێك خۆی به‌ ڕوسیادا كردووە‌،به‌ڵام سۆسیال دیموکراته‌کانی ڕوسیا که‌مته‌خه‌میان نه‌كردووە‌ و هه‌ر زوو به‌ زوو خۆیان گه‌یاندۆته‌ لای مارکسیزم، ده‌بووایه‌ نووسەر له ‌باسکاری ئه‌و دره‌نگ و زوو گه‌یشتنه‌، ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ی له‌به‌رچاوبگرتنایه‌، که‌ ڕاسته‌وخۆیان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌و پرسە‌وه‌ هه‌یه‌:

 

١- هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانیین، که‌ سۆسیال دیموکراته‌کانی ڕوسیا گه‌مژه‌ نه‌بوون و له‌ کونی دیوار نه‌هاتبوه‌ده‌ر، ئه‌وان زۆریان به‌تایبه‌تی سه‌روه‌ره‌کانیان، له‌ حزبی (Narodnia Vola) و ته‌وژمی (نه‌بووه‌کی-العدمیة- نەهیلیزم)ە‌وه‌ هاتبوون، ئه‌و حیزب و ته‌وژمه‌ یه‌که‌میان پارتێکی ده‌سه‌ڵاتخوازی بووه‌، بڕوایان به‌ هیچ گۆڕانێك نه‌بووه‌، گه‌ر له‌ توندوتیژی و سه‌ره‌وه‌ بۆخواره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبێت، دووه‌میشیان بڕوای وابووه‌، بۆ بڕینه‌وه‌ی ئازار و چه‌وسانه‌وه‌ له‌ ڕه‌گه‌وه‌، ده‌بێت هه‌رچییه‌ك هه‌یه‌ لەتەك زه‌ویدا ته‌ختبکرێت، دواتر به‌پێی حه‌ز و ویست و ئاره‌زوه‌کان پێکهاته‌یه‌کی دیكەی پاك دروستبکرێت.

 

2- سۆسیال دیموکراته‌کانی ڕوسیا  به‌ سه‌لیقه‌تریین شاگردی گه‌وره‌تریین پارتی مارکسیست بوون، واته‌ پارتی سۆسیال دیموکراتی ئه‌ڵمانیا، ئه‌وان له‌ ده‌رچووانی خوێندگه‌که‌ی (کاوتسکی) بوون، ئه‌و ده‌مه‌ ئه‌و (کاوتسکی)ە ‌ده‌وڵه‌تخوازه‌ مه‌زنتریین باسکار و ئاسانکاری هزره‌کانی (مارکس) و (ئینگلس) بووه‌، له‌و شاگرده‌ به‌سه‌لیقانه‌ دووانیان له‌ هه‌موویان به‌تواناتر بوون به‌تایبه‌تی له‌ پرسی پارتچێتی و ده‌وڵه‌تچێتیدا، مه‌به‌ستم لە (لینین) و (ترۆتسکی)یە.‌

 

3- من له‌و بڕوایه‌دام نووسەر ئه‌وه‌ ده‌زانێت، که‌ فه‌لسه‌فه‌ و بیروباوه‌ڕ موڵکێکی تایبه‌تی ئه‌م تاک و ئه‌و تاك نین ‌و له‌دایکبووی ئه‌م جێگه‌ و ئه‌و جێگه‌ نین‌، له‌ هه‌ر کوێیه‌ك هه‌لوومه‌رجه‌ بابه‌تی و خۆییه‌ هاوتوخمه‌کان هه‌بن، هه‌مان فه‌لسه‌فه ‌و بیروباوه‌ڕ بوونی دەبێت‌، واته‌ مارکسێك، مارکسیزمێك هه‌یه‌، ڕوسیاش خه‌زێنه‌ی فه‌لسه‌فه ‌و بیروباوه‌ڕی ڕامیاریی باڵاده‌ستی لێوان لێو بووه‌، تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یان پێگۆشه‌ده‌کرا، واته‌ زۆر له‌ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ڕوسیا که‌ره‌سه‌ی ئاماده‌کراوبوون بۆ مه‌یدانی ته‌راتێنی ده‌سه‌ڵاتخوازی و گۆڕانکاری له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌، باشتر بڵێم گۆڕینی کۆمه‌ڵگه‌ به‌ زه‌بری هێزی هزر و تێپه‌رکردنی به‌ فیلته‌ری ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تدا.

 

نووسەر ده‌رباره‌ی ده‌ستکاریکردنی دانراوه‌کانی مارکس، واته‌ مارکسیزم، نوسیوییه‌تی ” کەسیش نازانێت نووسینەکانی مارکس چ دەستکاریەک کراون. تاکە سەرچاوەیەکیش کە مارکسیستەکانی ڕووس پەنایان بۆ بردبێت، کتێبی (ئەنتی دۆهرنگ) و (دیالەکتیکی سروشتە) کە هەردووکیان سەربەخۆ لە مارکس، لە ئینگڵسەوە نووسراون و لە ناکۆکیەکی گەورەیشدان لەگەڵ تێزەکانی مارکس …..… ئەو سەرچاوەیەی لە ساڵەکانی دوایی تەمەنی ئینگڵسدا، دەکەوێتە بەر ڕەخنەی ئینگڵس خۆی (بڕوانە پێشەکی کتێبی: ئەنتی دۆهرنگ). سەرچاوەی بیرو بۆچوونەکانی ئینگڵسیش ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیە. دایکی هەموو تەوژمە مارکسیستەکانی قوتابخانەی ڕووسیی مارکسیزمیش، بلیخانۆفە نەک مارکس

 

به‌ بۆچوونی من، ھیچ که‌س له‌ بۆ‌لشەڤیکه‌کان، هێنده‌ چاوقایم نه‌بووه‌، تا بوێریی ئه‌وه‌ بکات ده‌ستکاری نوسراوه‌کانی مارکس بکات، ئه‌و ده‌مه‌ زیاتر له‌ هه‌موو کاتێکی دیكە زیاتر بڤه‌تر بووه‌، چونکه‌ لای بۆ‌لشه‌ڤیکه‌کان نووسراوه‌کانی ماركس لە ڕاستییه‌ مێژوییه‌ نه‌گۆڕاوه‌کان بوون، ئه‌وه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌کی دیكەشه‌وه‌ سۆسیال دیموکراته‌کانی ڕوسیا، وه‌ك سۆسیال دیموکراته‌کانی وڵاته‌کانی دی، حازرخۆری به‌رسێبه‌ر بوون، بۆ ده‌ستکاریکردنی هزرێك، که‌ له‌ته‌ك خواست و هیوا و مه‌به‌ستیاندا گونجاوبێت و به‌ کوڵاوی و به‌ پاکراوی هاتبێته‌ به‌ر ده‌ستیان، هیچ پاساو و ھاندەرێکیان نه‌بووە، بێجگه‌ له‌وه‌ش ده‌ستکاریکردن پێویستییه‌ك نه‌بووه، كە‌ خۆی سەپاندبێت،مارکسیزمیش یا ئه‌وه‌تا وه‌ك خۆی وه‌ریده‌گریت و په‌سه‌ندیده‌که‌یت، یان ئه‌وه‌تا دووهێڵی ڕاست و چه‌پی به‌سه‌ردا ده‌هێنیت، ئه‌وه‌ی به‌لای بۆلشەڤیكه‌کانه‌وه‌ گرنگ بوو، داهێنانی نوێ بوو به‌ پشتبه‌ستن به‌ مارکسیزم.  مه‌گه‌ر بۆلشەڤیكه‌کان،به‌تایبه‌ت (لینین) ئه‌وانه‌یان نه‌کرده‌ بنه‌مای داهێنانه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌کانیان

1-فه‌لسه‌فه‌که‌ی ئێمه‌ شۆڕشگێڕانه‌ دونیا ده‌گۆڕێت …

2- ئه‌و دوو خاڵه‌، که‌ کۆمونیسته‌کان له‌ بزوتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کرێکاران جیاده‌کاته‌وه ‌[بڕوانه‌ مانیفێستی کۆمونیست] واته‌ بوونی کۆمونیستی پلە‌ یه‌ك، پلە ‌دوو…… تد

 

(لینین) ئه‌و بیروباوه‌ڕانه‌‌ و هێندێکی دیكەشی کرده‌ بنه‌مای داهێنانی ” ده‌ستبژێری هۆشمه‌ندی شۆڕشگێڕی پێشڕه‌و، ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕمان بده‌نێ ڕوسیا هه‌ڵده‌گێڕینه‌وه‌، بزوتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕ نییه‌، به‌بێ تیۆرێکی شۆڕشگێڕ”

 

له ‌بواری دروستکردنی ده‌وڵه‌تی كڕیاری ھێزی كار، بۆچوونی (مارکس)ی کرده‌ به‌ردی بناغه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ بۆلشەڤیكییه‌که‌، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌، که‌ (مارکس) وتوویه‌تی ” بین المجتمع الرأسمالي و المجتمع الشیوعي تقع مرحلة تحول المجتمع الرأسمالي تحولا ثوریا الی المجتمع الشیوعي و تناسبها مرحلة انتقال سیاسي لایمکن ان تکون دولة فیها سوی الدکتاتوریة الثوریة للبرولیتاریا” (بڕوانه‌ مارکس انجلس مختارات ل235) به‌ کوردی “قۆناخێکی گۆڕانی شۆڕشگێرخوازی ده‌که‌وێته‌ نێوان کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری و کۆمه‌ڵگه‌ی کۆمونیستییه‌وه‌، ئه‌و قۆناخی گواستنه‌وه‌یه،‌ لەتەك قۆناخی ڕامیارییدا گونجاوە‌، ناتوانرێت‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌و کات‌  دیکتاتۆریه‌تی شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریا نه‌بێت (بڕوانه‌ مارکس انجلس مختارات ل235)

 

بۆلشەڤیكه‌کان زۆر له‌وه‌ وریاتر بوون، که‌ زیاد له‌ پێویست گرنگی بده‌ن به‌ فه‌لسه‌فه‌ ڕه‌قوته‌قه‌که‌، چونکه‌ باشده‌یانزانی ، که‌ هیچی بۆ دروستکردنی پارت و ده‌وڵه‌ت لێ سه‌وزنابێت، ته‌نها نووسینێكیش له‌سه‌ر پرسی‌ فه‌لسه‌فه‌ وشکوبرنگه‌که‌ په‌رتوکه‌که‌ی (لینین) بووه‌، واته‌ ( المادیة و المذهب النقدي التجریبي)،‌ ئه‌وه‌ش (لینین) چاری ناچاربووه‌، له‌ژێر فشاری پرسیاره‌ فه‌لسه‌فییه‌کانی ئه‌ندامانی پارته‌که‌یدا نوسیوییه‌تی. چییەتی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی پارتی بۆ‌لشه‌ڤی ده‌قاوده‌ق کۆپی ده‌وڵه‌ته‌ كڕیارەكەی‌ هێزی کاری لای (کارل مارکس) بووه‌.

 

هه‌ندێك له‌ سۆسیالیسته‌کان ده‌ڵێن پێویستیبوونی ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆری شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریای نێوان کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری و کۆمه‌ڵگه‌ی کۆمۆنیستی هزری (مارکس) نه‌بووه،‌ بۆی هه‌ڵبه‌ستراوه‌، گریمان ئه‌و  بۆچوونە‌ی ئه‌وان ڕاسته‌، به‌ڵام ئه‌وان بۆچی ده‌قێکی (مارکس)مان نیشانناده‌ن، که‌ دژی ئه‌وه‌ نوسرابێت، له‌وه‌ش ناماقوڵیتر نییه‌، گه‌ر بووترێت، بۆنه‌یه‌ك نه‌بووه‌، یان (مارکس) ئاوەزی به‌وه‌ نه‌شکاوه، كە‌ دژی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بنوسێت (تکایه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ پرۆگرامی گۆتا) به‌سه‌ربکه‌ره‌وه‌.

 

 

به‌ بۆچوونی من،  ئەگەر ده‌وڵه‌تخوازان و پارتخوازان له‌ مرۆڤایه‌تی بهێنینه‌ده‌ره‌وه،‌ بە ڕۆشنی بۆمان دەردەكەوێت كە له‌وه‌تەی مرۆڤ هه‌یه‌، مرۆڤایه‌تی به‌ دوای ڕێکخستنێکدا ده‌گه‌ڕێت، که‌ له‌وه‌ی ڕابودوو و له‌وه‌ی ئێستاشی نه‌چێت، به‌ڵکو بۆ داهاتوو بشێت،تا ڕزگاری ببێ، ئه‌و ڕێکخستنه‌ش نه‌ پارتییه‌، نه‌ ده‌وڵه‌تییه‌،هه‌ر ڕێکخستنێك به‌و دوو فیلته‌ره‌دا تێبپه‌ڕێت، هه‌ر ڕێکخستنه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ دیکتاتۆرییه‌که‌یه‌ته‌ خۆیه‌تی و هیچی دی،  هزری ده‌وڵه‌تخوازیی‌،نه‌ك هه‌ر لە سه‌رده‌می هه‌ڵکشانی شۆڕشخوازیدا دژه‌ شۆڕشه‌، بەڵكو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشەوه‌ دژه‌ شۆڕش و کۆنخوازه‌.

 

له‌و بواره‌دا، واته‌ بواری (ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆریه‌تی شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریا) پرسیارێکی سه‌نگین و گرنگ خۆی ده‌سه‌پێنێت، گه‌ر سه‌رده‌می شۆڕشی ڕوسی (مارکس) له‌ ڕوسیا بووایه ‌و له‌ پله‌وپایه‌که‌ی (لینین)دا بووایه‌، چی به‌ کرێکاران ده‌وت، پێیده‌وتن ئێوه‌ شۆڕشی خۆتان كردووە‌، ئه‌وه‌نده‌ ماوه‌ ده‌ستی پێوه‌بگرن، خۆتان به‌ خۆتان بۆ خۆتان به‌ڕێوه‌یبه‌رن، ئیتر ئێمه‌ کارێکمان نه‌ماوه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ ناو خاووخێزانی خۆمان، هه‌رکات پێویستان به‌ ڕاوێژێك، ئامۆژگارییه‌ك یان ده‌فته‌رکارییه‌ك بوو، ئەوا ئێمه‌ له‌ خزمه‌تداین، ئایا ئاوایان ده‌کرد و ده‌یوت، یان ئه‌وانیش  یه‌کێتی سۆڤیه‌ته‌کانیانی ده‌کرد به‌ یه‌کێتی لیژنه‌ پارتیه‌کان؟ واته‌ پارت ده‌خرایه‌‌ جێگه‌ی چین؟ دیکتاتۆریه‌تیان ده‌خسته‌ جێگه‌ی دیموکراتی ڕاسته‌وخۆی ئازاد؟ له‌و بڕوایه‌دام به‌ لۆجیکی ده‌وڵه‌تخوازیی هه‌ر وه‌ك (لینین)یان ده‌کرد. وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ سه‌نگی مه‌حه‌که‌، که‌واته‌(گوڵه‌که‌ وا لێره‌دا، با لێره‌دا سه‌مابکه‌ین).

 

من ڕێگه‌ به‌خۆم ناده‌م ئامۆژگاری نووسەر بکه‌م، به‌ڵام ده‌بووایه‌ نووسەر نه‌بووایه‌ته‌ مامه‌خه‌مه‌ی ده‌ستکاریکردنی مارکسیزم، ده‌بووایه‌ وه‌ك سۆسیالیستێك ببووایه‌ته‌ مامه‌خه‌مه‌ی شێواندنی سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕی ڕه‌سه‌ن و دژی ئه‌وه‌ بووایه‌، که‌ ئه‌و ڕه‌سه‌نییه‌ ناڕه‌سه‌نکرا، سۆسیالیزم کرا به‌ زانستی ڕامیاریی، واته‌ کرا به‌ فه‌لسه‌فه‌، هزری سۆسیالیست، هزرێکی شۆڕشخوازی ئازادیخوازە، نه‌ك زانست و فه‌لسه‌فه‌، زانست و فه‌لسه‌فه‌، بۆ گۆڕینی ڕیشه‌یی کۆمه‌ڵگه‌ هیچیان له‌بارا نییه‌.

 

 چاره‌نووسی ڕه‌شی شۆڕشی ڕوسیا خه‌تای ده‌ستکاریکردنی مارکسیزم نه‌بوو، له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ به‌پارتکردن و به‌ده‌وڵه‌تیکردنی سۆڤیه‌ته‌کانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرتبوو، بێگومان به‌ زه‌بری دیکتاتۆریه‌تی ده‌وڵه‌ت. به‌ بۆچوونی من، مارکسیزم ده‌ستکاری نه‌کراوه‌،خۆی چۆن بووه‌ ئاواهی پراکتیزه‌کراوه‌، ده‌با ئیدی به‌س بکرێت به‌ خه‌تای ئەم و ئەو.

 

ده‌رباره‌ی به‌زمی (ئه‌نتی دوهرنگ) و (دیالیکتیکی سروشت) من بۆ خۆم، هێنده‌ی لێنازانم، وه‌نه‌بێت ئه‌وانه ‌و زۆری دیشم نه‌خوێندبنه‌وه‌، به‌ڵام من بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نه‌مخیۆندونه‌ته‌وه‌، تا بۆم ده‌رکه‌وێت (هێلکه‌ له‌ مریشکه‌، یان مریشك له‌ هێلکه‌یه‌)، لەلاشم گرنگ نه‌بووه‌ کێ ده‌ستکاریكردووە‌ و چۆن چۆنی ئه‌و ده‌ستکارییه‌ی كردووە‌؟ باوه‌ڕناکه‌م ئینگلس مه‌به‌ستی ده‌ستکاریکردنی مارکسیزم بووبێت، هه‌روه‌ها باوه‌ڕناکه‌م ئینگلس دێڕێك یان په‌ره‌گرافێکی بڵاوکردبێته‌وه‌ به‌بێ ئاگاداری (مارکس)، ھەروا بڕواشناكەم دوای مردنیشی له‌و بواره‌دا کارێکی نابه‌جێی کردبێت، چونکه‌ ئینگلس له‌ (مارکس) خۆی مارکسیستتر بووه‌، پێیانوایە ئینگلس مارکسیزمی کردووەته‌ ھزرێكی ڕیفۆرمخواز، چونکه‌ له‌ پێشه‌کییه‌کدا، که‌ بۆ کتێبێکی مارکسی نووسیوه‌، باس له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌کات و بۆ ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵات، به‌ ئامرازێکی باشی زانیوه‌. من گومانم هه‌یه‌ له‌ بنجوبناوانی ئه‌و باسه‌، کێ ده‌ڵێت ئینگلس ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی له‌ مارکس خۆیه‌وه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، چونکه‌ مارکس ساڵانی 1848تا 1871لایه‌نگری بزوتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداری کرێکاران نه‌بووه‌،جا به‌ دووری نازانم مارکس خۆی نه‌که‌وتبێته‌ سه‌رکه‌ڵکه‌ڵه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ و به‌ ئه‌لته‌رنه‌تیڤێکی زانیبێت.

 

ئه‌وه‌ش که‌ پلیخانۆف دایکی ته‌وژمه‌ مارکسیسته‌کانی ڕوسیا بووه‌، نه‌ك مارکس، ئه‌وی ڕاستبێت من زۆر ئه‌و پیاوه‌ ناناسم، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم به‌ دیوه‌که‌ی دیكەیدا وه‌ك (لینین) بووه‌، به‌ڵام ئه‌و ڕامیارییه‌کی نابووت بووه‌، وێنه‌ی (لینین) بزێ و به‌توانا نه‌بووه‌، به‌پێی زانیارییەكانی من، ئه‌و نوسینی زۆر که‌م بووه‌، من زۆر به‌دوای نووسینی ئه‌ودا گه‌ڕاوم، بەڵام هیچم ده‌ستنه‌که‌وتووه‌، ته‌نها یه‌ك نامیلکه‌ی ئه‌وم به‌ زمانی عه‌ره‌بی به‌ناوی (ڕۆڵی تاك له‌ مێژوودا) بینیوه‌ و هیچی دی، ئیدی چۆن و به‌چی بووەته‌ دایکی ته‌وژمه‌ مارکسیسته‌کان؟ نازانم !! عه‌ره‌بزمان واته‌نی(علمي علمك).

 

سه‌یره‌ نووسەر باسی ته‌وژمه‌ مارکسیسته‌کان ده‌کات، مارکسیزم فره‌ ته‌وژم نه‌بووه ‌و نییه‌، مارکسیزم فه‌لسه‌فه‌یه‌کی هاوڕه‌گه‌زی تێکسمڕاوه‌، مارکسیسته‌کانی ئه‌م به‌ر و مارکسیسته‌کانی ئه‌و به‌ر، هیچ جیاوازیه‌کیان نییه‌، وه‌ك ته‌یری گول عاشق به‌داری زه‌قنه‌بووتن، واته‌ عاشق به‌ (حیزب) و (ده‌وڵه‌ت)ن.

 

نووسەر له‌باره‌ی کۆمۆنه‌وه‌ نوسیوویه‌تی “بە پێچەوانەی دەسەڵاتە ئاسمانیەکەی دەوڵەتی سۆڤێتیەوە، کۆمۆنە ڕایگەیاند بەبێ داگرتنی سیاسیەکان بۆ سەر زەوی و داماڵینیان لە هەموو دەسەڵاتێک، کۆمەڵگا ناتوانێت هیچ دەستکاریەکی ئەو پەیوەندیە ئابووریانە بکات، مرۆڤ لە سایەیدا، سەلبی هەموو ئازادیەکانی دەکرێت.”

 

به‌ بۆچوونی من ئه‌و باسه‌ش،هه‌ر وه‌ك باسه‌کانی پێشوو وایه،‌ شۆڕشی ڕامیاریی ئابووری ده‌گۆڕێت، سه‌رخان ژێرخان ده‌گۆڕێت، واته‌ شۆڕش سه‌ربه‌ره ‌و خواره‌، نازانم ئه‌و ڕاگه‌یانده‌یه‌ ده‌ستنووسی کێیه‌؟ ئه‌وه‌ی منی سه‌رسامكردووە‌؛

 

1- بۆچی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌تی ئاسمانییه‌؟

2-ئه‌مه‌ یه‌که‌م جاره‌ ببینم و ببیستم پێش (لینین)، که‌سانێك، یان که‌سێك ئاوا بکات، مه‌دحی یاری خۆی، واته‌ (شۆڕشی ڕامیاریی) نازانم بۆ نووسەر وه‌ها سه‌رسام و  پێی دڵخۆشە؟

 

سۆسیالیسته‌کان تا ئه‌م ڕۆژ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کۆکن، که‌ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه‌ له‌ گۆڕانێکی ڕیشه‌یی شێوازێکی به‌رهه‌مهێنان و دابەشكردن به‌ شێوازی به‌رهه‌مهێنان و دابەشكردنێكی نوێ، هه‌ندێك له‌و سۆسیالیستانه‌ سه‌ر به‌ فێرگە‌ی سۆسیالیزمی‌ ده‌وڵه‌تین، واته‌ سۆسیالیزم به‌ شۆڕشی ڕامیاریی سه‌ربه‌ره‌وخوار، ئه‌وانی دیكە سۆسیالیزمی ئازادیخوازی دژه‌ ده‌وڵه‌ت (ئه‌نارکی)ن، واته‌ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ خواره‌وه‌، به‌ بیر و بۆچوونی سۆسیالیستانی ئازادیخواز، شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ژێر ژێرخانی کۆمه‌ڵگه‌‌ی چینایه‌تییدا توندوتۆڵ ڕه‌گه‌ ئابوورییه‌کانی خۆی داده‌کوتێت، هێدی هێدی گەشەدەكات ده‌کات و ژێرخانی کۆمه‌ڵگه‌ هه‌ڵده‌ته‌کێنێت و خۆی دەسەپێنێت، ئه‌و جۆره‌ شۆڕشه‌ش، کاتێکی هێکجار زۆر زۆری پێده‌چێت، ئه‌و درێژه‌کێشانه‌، هه‌ناسه‌ کورتیی یارانی (کن فیکون) و گۆچانی جادوویی بۆیان هه‌رسناکرێت و پەسەندیناکه‌ن؟ له‌به‌ر دوو هۆی سه‌ره‌کی؛

1- ئه‌و جۆره‌ شۆڕشه‌ هه‌ڵگر و خوازیاری ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی نییه‌.

2- ئه‌وان شۆڕشی ڕامیاریی به‌ تێپه‌ڕبوون ده‌وڵه‌تبووندا، به‌ کورترین ڕێگه‌ بۆ دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی سۆسیالیستی ده‌زانن!!

 

له‌ ئێستادا نامه‌وێت ده‌رباره‌ی ئه‌و کۆمۆنه‌یه‌ هیچ بڵێم، چونکه‌ چه‌ند بابه‌تێکم به‌ فه‌ره‌نسی له‌به‌رده‌ستدان، كە‌ دەمەوێت وەریانبگێڕمە سەر زمانی کوردی و به‌ چه‌ند به‌شێك بڵاویان بکه‌مه‌وه‌، به‌و هیوایه‌ی که‌ هه‌ناوی ئه‌و خه‌وخه‌یاڵ و ئاوه‌ژووکردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌ مێژووییه‌کان ده‌ربکه‌وێت، که‌ کراون به‌ خه‌رمانه‌ی ده‌وری کۆمۆنه‌‌، ته‌نها به‌ڵگه‌نامه‌ مێژوییه‌کان و ڕه‌واندنه‌وه‌ی خه‌وخه‌یاڵه‌کان ده‌توانن ده‌ریبخه‌ن، که‌ ئه‌و کۆمۆنه‌یه‌ و ئه‌وانی دوای خۆی چ جۆره‌ شۆڕشێك بوون.

 

پەراوێز:

* سەرچاوەی دەقە ئینگلیزییەكەی “شۆڕشێكی نەناسراو”

http://theanarchistlibrary.org/library/Voline__The_Unknown_Revolution__1917-1921._Book_One._Birth__Growth_and_Triumph_of_the_Revolution.html

 

بۆخوێنەوەی بابەتەكەی نووسەر

http://kurdistanpostinfo.com/Readblogbywriters.aspx?id=%D8%A6%DB%95%D9%86%D9%88%DB%95%D8%B1%20%D9%86%DB%95%D8%AC%D9%85%DB%95%D8%AF%DB%8C%D9%86

مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ / بەشی سێیەم

مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨

بەشی سێیەم:

به پێی ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی بێكاران زیاتر له (‌ ٢٠.٠٠٠)  هه‌زار ئه‌ندامی بێكاری ناونووسكراوی هه‌بوو، ده‌سه‌ڵاتی كوردستان چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌كدا ده‌كرد و چه‌نده‌ ڕێكخراوەكە و داخوازییەكانی بەھەند ده‌گرتن؟

سیروان عەلی :

ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان وه‌ك به‌ره‌یه‌كی ڕاستڕه‌وی كۆمەڵگە، هه‌رده‌م پیشه‌ی به‌رامبه‌رگرتن بووه له‌ ئاست ئامانج و داخوازی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش‌.  بۆیه‌ زۆر سروشتییانه‌، هه‌ر له‌ یه‌كه‌م هه‌سته‌ی پێكهێنانی (یه‌كێتی بێكاران)ەوه‌ ئه‌و به‌هه‌ر شێوه‌یەك بۆی لوابێت، هه‌وڵی له‌باربردن و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی داوه‌. ئه‌گه‌ر به‌ تەمەنی ئه‌و ڕێكخراوه‌دا بچینەوە، ئەوا شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌م په‌رچه‌كاردانه‌وانه‌ ده‌بینین. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی بێبنه‌ما بۆ ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌ چه‌شنی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بێكاران خه‌ڵكی ناونووسده‌كه‌ن و داوتر ده‌یانێرن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و بۆ ئه‌م مه‌بەسته‌ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ بیانییەكان ڕێككه‌وتوون. به‌ڵام ئه‌م پاگەنده‌ زوو پووچه‌ڵبوه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ببووه‌ پاڵنه‌رێكی زۆر گرنگ بۆ ڕووتێكردنی خه‌ڵكی لە نووسینگەكانی یه‌كێتی بێكاران، ھەروه‌ھا هه‌ڵسوڕاوانی یه‌كێتی بێكاران لێبڕاوه‌نه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌یان هه‌زمكرد، به‌رده‌وام بۆ خه‌ڵكیان ڕوونده‌كرده‌وه‌، كه‌ ئامانجی ئه‌م ڕێكخراوه‌ چییه‌ و چۆن كارده‌كات و پشتی به‌كێ به‌ستووه‌، بۆ نموونە سه‌ره‌تای یەكێتی بێكاران له‌ شاری هه‌ولێر ھاوڕێیان جمال چاوشین و چه‌ند هه‌ڵسوڕاوێكی دی له‌ گازیۆنێكی بازاری پاته‌ لافیته‌كیان له‌ مێزێك دابوو، كه‌ ئه‌وان بۆ ناو نووسكردنی بێكاران و قسه‌ و باسكردن لەگەڵیاندا لەوێدا دەدانشتن. هه‌روها ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌ بووبه‌مایه‌ی ئه‌وه‌ی كە پرۆسه‌ی ناونووسكردنی بێكاران له‌ لیستی ئه‌ندامبوون و ده‌ركردنی پێناسه‌ زۆر سەركەوتووانه‌ ئه‌نجامبدرێت و ببێته‌ مایه‌ی كردنه‌وه‌ی بنكه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا. دوای ئه‌‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌ گه‌شه‌یكرد، ئه‌و كاته‌ ده‌سه‌ڵات چووه‌ قۆناغێكی تر بۆ به‌رامبه‌ركێ لەگەڵ ئه‌و ڕێكخراوه‌یە له‌ ڕێگه‌ی چاوترساندن و هه‌ڕشه‌ و ته‌نانه‌ت تیرۆركردنی هه‌ڵسوڕاوه‌كانی. وه‌ك تیرۆركردنی یەكێك له‌ هه‌ڵسوڕاوه‌ په‌یگیره‌كانی (نه‌زیر عومه‌ر ) له‌ بادینان، كه‌ داوتر له‌ شاری سلێمانی گه‌وره‌ترین خۆپیشنادانی لێكه‌وته‌وه‌. ھەروەھا گەوره‌ترین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌رابه‌مبه‌ركێی ده‌سه‌ڵاتداران كە لەگەڵ یه‌كێتی بێكاران له‌ ڕێكەوتی ١٩٩٣/٦/١٩دا بوو، كاتێك كە یه‌كێتی بێكاران بانگەوازی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌كی خۆراكیی، كه‌ ئه‌و كاته‌ به‌تایبه‌ت كۆژمه‌یه‌كی گه‌وه‌ره‌ی گه‌نم هه‌بوو و ( ئەحمه‌د ئیسماعیل) گه‌وه‌ره‌ سه‌رمایداری ئه‌و كاته‌ له‌ شاری هه‌ولێر خاوه‌نی دەواجن بوو و ڕازی نه‌ببوو ئه‌و به‌شه‌ گه‌نمه‌ بۆ جوجوڵه‌كانی وه‌ربگرێت. یه‌كێتی بێكاران داوایكرد، كه‌ بدرێته‌ بێكاران، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و كاته‌ ڕازینه‌بوون و (یه‌كێتی بێكاران)یش بۆ ئەو مەبەستە بانگەوازی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی دەركرد. ده‌سه‌ڵاتداران له‌ هه‌موو شاره‌كانی كوردستان هێزه‌كانی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ ئامادەكردبوو. ڕۆژانه‌ ئه‌ندامان و هه‌ڵسوڕاوانی یەكێتی بێكاران توشی گرتن و هه‌ڕشه‌ و ڕفاندن دەبوونەوە، وه‌ك ڕفاندنی گروپێك له‌ نوێنه‌رانی بێكاران له‌ شاری سلێمانی  گه‌ر له‌ ناوه‌كاندا هه‌ڵه‌نه‌بم ھاوڕێیان (ئەنوەره‌ سوور،حاجی ئەنوەر ،ئەكرم چاوشین و چه‌ند هاوڕێكی تر بوون)، هه‌روه‌ها ڕۆژانه‌ هه‌ڵسوڕاوان و نوێنەرانی یه‌كێتی بێكاران ده‌ستگیرده‌كران و دواتر ئازادیان ده‌كردن، لەوانە ده‌ستگیركردنی (سه‌ردار حەمید، ڕیاز كاكه‌شین، سیروان عەلی و چه‌ندین هه‌ڵسوڕاوێكی دیكه‌)، هه‌ره‌وها بڵاوكردنه‌وه‌ی پاگانده‌ی ئه‌وه‌ی كە چەندین ده‌ستی ترسناك خۆیان مه‌ڵاسداوه، بۆ‌ ئه‌وەی خۆپیشنادانه‌ بۆ شتی دیكه‌ بقۆزنه‌وه‌؛ بە نموونە باسی (ڕژێمی به‌عس)یان ده‌كرد ، كه‌ ئه‌و كات له‌ ڕۆژنامه‌ فه‌رمی ئه‌و ڕژێمه‌ ( الجمهوریه‌)دا هه‌واڵی خۆپیشاندانی یه‌كێتی بێكاران بڵاوكرابووه‌وه، بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ باره‌گاكانی یه‌كێتی بێكاران به‌ هێزی چه‌كدار ئابلۆقه‌درابوون. دیاره‌ دەسەڵاتدارن له‌و مواجه‌هه‌یه‌دا سەركەوتوووبوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و ڕێكخراوه ‌(یەكێتی بێكاران) له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی نادروستدا هه‌ستان به‌ دواخستنی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ بۆ كاتێكی نادیار، كه‌ بووه‌ مایایه‌ی چوونه‌دواوه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه‌ له‌ داهاتوودا. په‌رده‌یه‌كی تر له‌و به‌رامبه‌ركێیانه‌، هه‌وڵدان بوو بۆ قڵشتدروستكردن لەنێو ڕێزه‌كانی یەكێتی بێكاراندا. من بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ ته‌حەفوزی ته‌واوم ھەیە، له‌وه‌ی كە هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ یه‌كێتی بێكاران جیابوونه‌وه‌، به‌وه‌ تاوانباربكه‌م، كە ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ پارتێكی سه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌بوو  یان ئه‌وان به‌شێكبوون له‌ پێلانێكی تایبه‌ت، به‌ڵام من بێگومانم له‌وه‌ی له‌وه‌دا سەركەوتووو بوون، كه‌ یه‌كێتی بێكاران دوو كه‌رت بكه‌ن، بەوەی ڕێكخراوێكی وه‌ك( ڕێكخراوه‌ی بێكاران) له‌ شاری سلێمانی دروستبكه‌ن، كه‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامانی پێكهێنه‌رانی ئه‌و ڕێكخراوه ‌(ڕ.ب)، بەخۆیان ئه‌ندامی چالاك و هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی بێكاری بوون و كه‌سی زۆر دڵسۆزی به‌رژه‌وندییەكانی بێكاران بوون. به‌ڵام به‌ هۆی جیایی ڕوانگەیان بۆ كاركردن و خراپ ماممه‌ڵه‌كردنی (حزبی كۆمونیست)ێش لەگەڵ دیده‌ جیاكان و به‌ هۆی ها‌ندانه‌كانی دەسەڵاتداران به‌تایبه‌ت یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، توانیان یه‌كێتی بێكاران له‌ شاری سلێمانی دووكه‌رت بكه‌ن. ماوه‌یەكی زۆر پرسی بێكاران تێكەڵكرا بە شه‌ڕێك، كه‌ له‌ ئامانجه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ دوور بوو. هه‌وڵێكی تری ده‌سه‌ڵات تاوانباركردنی (یه‌كێتی بێكاران) بوو بەوەی كە سه‌ربه‌ حزبی كۆمونیسته‌. له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌م پاگەندەیه‌ مایه‌پووچ بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌‌م ڕاست نه‌بوو  و ھەم پێكهاته‌ی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی بێكاران هه‌موو كه‌سێك و هه‌موو ڕه‌نگێكی له‌ خۆی كۆكردبوه‌وه‌ و هه‌روه‌ها ئامانجه‌كان و تێكۆشانه‌كانی لەپێناو داخوازی چاره‌سەری بێكاریدا بوون. به‌ڵام له‌ دوای قۆناغی ئه‌و قڵشته‌ی كە كه‌وته‌ نێو یه‌كێتی بێكاران، حزبی كۆمونیست هه‌ر وه‌ك چه‌شنی هه‌موو پارته‌كانی نێو ده‌سه‌ڵات هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بێكاراندا ده‌كرد، وه‌ك چۆن ئه‌وان ڕێكخراوه‌ی سه‌ر به‌ پارته‌كانیان هه‌بوون، ئاواش ئه‌ندامانی ئەو حزبە ده‌ستیان به‌ داگیركردنی ئه‌و ڕێكخراوه‌ كرد و له‌وه‌ی ڕێكخراوه‌یەكی جه‌ماوه‌ریی بێت، كەوڵیانكرد و ئه‌مه‌ش یارمه‌تییەكی زۆر بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سەڵاتداران سیاسه‌تی ئیحتواكردنی ئه‌و ڕێكخراوه‌ بكه‌ن، جارێك به‌ ئیحتواكردنی حزبی كۆمونیست و جارێكیش به‌ ئیحتوا كردنی ئه‌و ڕێكخراوه‌ به‌ په‌یوه‌ستكردنه‌وه‌ی به‌ حزبێكەوە، كە بەخۆی له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ ئیحتواكراوه‌. ئه‌مانه‌ی سه‌رەوه‌ كە باسمكردن، خاڵه‌ سه‌رەكییەكانی دوژمنایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵاتداران بوو لەگەڵ یه‌كێتی بێكاران.

گۆران عەبدوڵڵا :

سەرەتا دەمەوێت لێتێكچوونێك بۆ هاوڕێ سیروان چاك بكەمەوە، ئەویش ئەوەیە، كە ڕۆژنامەی (الجمهوریە) هەواڵی خۆپیشاندانەكەی بڵاونەكردەوە، بەڵكو ڕۆژنامەی(العراق) بوو لە ژمارەی ٥٢٦٣ی ١٩٩٣/٦/١٨دا بوو.

 

دەسەڵاتدارانی كوردستان یان باشتر بڵێین یەكێتی و پارتی، نەك هەر ئەو سەردەمەی كە یەكێتی بێكارانی تێدا دروستبوو، بەڵكو لە ئێستاشدا ئامادەنین وەڵام بەیەك داخوازی جەماوەریی بدەنەوە، ئەگەر ئەو داخوازییە بەرژەوەندی مادی و حیزبیی بۆ خۆیان تێدانەبێت. ئەوان لەو سەردەمەدا بە هەموو شێوەكان دژایەتیانكردین. لەژێر فشاردا دانیشتنیان لەگەڵ دەكردین، هەوڵی دەستەمۆكردنیان دەداین، لێرە و لەوێ داواكارییەكی بچكۆلانەی ڕێكخراوەكەیان لە چەشنی مۆڵەتی دەركردنی ڕۆژنامە یان گرتنی هۆڵیان جێبەجێدەكرد. بەڵام هەرگیز ئامادەنەبوون وەڵام بە داخوازییە سەرەكییەكانی بێكاران بدەنەوە. ستراتیژییەتی ئەو دوو حیزبە، دەستگرتنبوو بەسەر قووتی خەڵكدا و ناچاركردنی خەڵك بوو بە ئینتماكردن بۆیان و هەتا ئەمرۆش ئەو سیاسەتەیان هەر بەردەوامە. بۆیە زۆر سەرسەختانە ڕێگرییان لە گەورەبوونی هەموو ڕێكخراوەیەكی سیاسی و جەماوەریی دەكرد.

ئاكۆ محەمەد :

بە بۆچوون و بەپێی ئەزموونی من، دەسەڵات لە ناوچە و شارەكانی كوردستاندا نەك ڕێكخراوەی جەماوەریی و داخوازیی كۆمەڵایەتی بەهەند وەرنەدەگرت، بەڵكو تەنانەت لە كردەوەدا نیشانیدەدا، كە لەنێوان باڵەكانی دەسەڵاتیشدا جۆرێك لە لەبەرچاونەگرتن هەبوو، چونكە ئەمە مێنتاڵێتی میلیشیایی شاخ و ئوردووگەكانی هەندەران بوو و كارییان لەسەر سڕینەوەی شوناس و بوونی یەكدی و پێكەوەش كاریان لەسەر سڕینەوەی هەموو دەنگێكی ناڕازی دەكرد، بۆ نموونە تیرۆرەكانی ئەو سەردەمانە، تیرۆری هاوڕێ (نەزیر عومەر) ناسراو بە”ئارام” پەیامنێری دەنگی بێكاران لە ناوچەی بادینان (شارۆچكەی سمێڵ) و چالاكی ئەو ڕێكخراوە، پاش ئەوەی لە چالاكی نەوەستا و بێدەنگەی نەكرد، هەم لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە و هەم لەلایەن هیزە ئیسلامییەكانەوە هەڕەشەی لێدەكرا و سەرەنجام تیرۆریانكرد و جەستەكەیان بە سووتاوی لە دەرەوەی سمێڵ فرێدابوو. ئەم هەڵویستە لەبەرامبەر خۆپیشاندان و سەردانییەكانیشدا بەجۆریك خۆی دەنواند، بێجگە لەوەی دەسەڵات ترسی لە بزاڤی جەماوەیی هەبوو، ھەروەھا زەمینەی سەركوتی میلیشیایی و تیرۆر و ناجێگیریی باری ڕامیاریی ناوچەكە، ئەو نایەی دابووە دەست دەسەڵات، كە هەموو دەنگێك پشتگوێ بخات. لەبیرمان نەچێت، ئەوكات شوناسی ڕاستینەی دەسەڵات وەك ئیستا بۆ خەڵك دەرنەكەوتبوو و زۆرینەی ئەوانەی كە ئەورۆكە وەك ئۆپۆزسیۆنی فەرمی ناسراون یا لە لیستی گۆراندا [مەبەستم سەرانی ئەو لیستەیە] كۆبوونەتەوە، داردەستی ئەو دەسەڵاتە بوون و تەنانەت لە نووكی ڕمی دەسەڵاتدا دژی بزاڤە ڕادیكاڵ و كۆمەڵایەتییەكاندا وەستابوون، نموونەش بكوژانی هاوڕێ (بەكر عەلی) چالاكی ئاوارەكان و بێسەرپەنایانی سلێمانی و ئەندامی یەكێتی بێكاران، بە ڕۆژی نێوەڕۆ لە خۆپیشاندانێكی جەماوەرییدا بۆ دابینكردنی خانووبەرە و سەرپەنای گونجاو یا بواردان بە مانەوەی ئاوارەكان لە كەلاوەكانی سەربازگە و بینا كۆنەكاندا لە جەرگەی شاری سلێمانیدا بە فەرمانی پارێزگاری ئەو كاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشانداندانەكە، تیرۆركرا. وابزانم، ئەم نموونانە وەك مستێك لە خەروارێك بەسن و دەتوانن وێنایەكی كەتواریی و ڕاستگۆیانە لەو ڕۆژگارە و دژایەتییەكانی دەسەڵات بۆ بزووتنەوە ناڕازییەكان و ڕێكخراوە جەماوەرییەكان بخەنە بەرچاوی كەسانێك، كە لە ئێستادا لەتاو شێوێنراوی ڕاستییەكان و خۆشباوەڕییاندا پێیانوایە ناڕەزایەتی خەڵكی كوردستان لە دروستبوونی ڕێكخراوە مەدەنییەكان (NGO) یا كۆمپانیای وشە و لیستی گۊڕانەوە سەریانھەڵداوە. بەڵام كاتێك كە كۆمونیستەكان و ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی ئەو كات پەردەیان لەسەر ڕامیاریی سەركوتگەرانە و نایەكسانی و نادادوەری و گەندەڵی و جەنگی نێوخۆیی دەسەڵاتداران ھەڵدەماڵی، جەنەراڵە ڕیفۆمخوازەكانی ئەمڕۆ و فەرماندەرانی جەنگی دوێڼێ، كە لە ئێستادا دەیانەوێت بۆ ھەمیشە سواری ملی ناڕزایەتی خەڵكی ببن و بەلارێیاندابەرن، لە ڕیزی پێشەوەی سەركوتگەرانی ناڕەزایەتی بێكاران و چین و توێژە بندەستەكانی دیكەی كۆمەڵگەدا بوون و بارودۆخێك كە ئەمڕۆ زاڵە و كۆمەڵگەی بەسەر كەمینەی دەوڵەمەند و زۆرینەی ھەژاردا دابەشاندووە، بەری ڕامیارییە سەركوتگەرییەكانی كەسانێكە، كە ئەمڕۆ لە دەسەڵاتدان یا لە لوتكەی ئۆپۆزسیۆندان و دەیانەوێت ناڕەزایەتییەكان بۆ چەند دەھەی دیكە، قۆرخ و دەستەمۆ بكەن.

سیروان عەلی :

زۆر سوپاس ھاوڕێ گۆڕان بۆ ڕاستكردنەوەی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ .

درێژەی ھەیە ….

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم : http://wp.me/p17qj9-1N

بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم : http://wp.me/p17qj9-1S

************************

ئیمەیل    y.beekaran@post.com

ئەرشیڤی  http://issuu.com/yekeeti-beekaran

فەیسبووك https://www.facebook.com/yeketi.bekaran

مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ / بەشی دووەم

مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨

بەشی دووەم

 

ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنیدا به‌ چی ناوێك كاری كردووه‌؟

سیروان عەلی :

سه‌ره‌تا به‌ ناوی بزوتنه‌وه‌ی بێكاران له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد. . دواتر له‌ پرۆسه‌ی سه‌رتاسه‌ریبوونه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ ناوچه‌ و شاره‌كانی تر له‌ ڕێكەوتی ١٩٩٣/١/١٠دا له‌ژێر ناوی (یه‌كێتی بێكاران) خۆی ڕاگه‌یاند .

گۆران عەبدوڵڵا :

من لە پرسیاری پێشوتردا وەڵامم بەو پرسیارە داوەتەوە. هەروەها وەڵامەكەی هاوڕێ سیروان لەو بارەوە دەقیق نییە.

ئاكۆ محەمەد :

ئەوەندەی من لەبیرم بێت، لە هەولێر هەر لە سەرەتاوە بەو ناوەوە دەستبەكاربوو، تەنیا پاشگرە جوگرافییەكەی گۆڕدرا، واتە هەولێر بوو بە كوردستان.

ئایا پێكهێنانی ئه‌م ڕێكخراوه‌ پڕۆژه‌ی ڕێكخراوه‌ ڕامیارییه‌كان -چه‌په‌كان- بوو یا زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاماده‌یی جه‌ماوه‌ریی هه‌بوو، یان هاوته‌ریبی یه‌كدی بوون؟

 

سیروان عەلی :

ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕێكخراوه‌ پێشنیازی ڕێكخراوه‌ چه‌په‌كان بووبێت، وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی توكمه‌ و له‌پێش نووسراو و نه‌خشه‌بۆكێشراو، پێموانییه‌. یه‌كه‌م، من ئه‌و كاته‌ ئه‌ندامی عه‌له‌نی ڕێكخراوی ڕه‌وتی كۆمونیست بووم، كه‌ زیاتر له‌ ٤ مانگ به‌سه‌ر داخستنی بنكە ئاشكراكانی ئه‌و ڕێكخراوەدا‌ تێپەڕیبوو، هیچ سیاسه‌تێكی تایبه‌ت به‌ پرۆژیه‌كی له‌و چه‌شنه‌ به‌ده‌ستی من نه‌گەیشت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش، هه‌ر سێ ئه‌ندامی دیاری ناوه‌ندی ڕه‌وتتی كۆمونیست (موئەیەد ئەحمەد، نادر عەبدولحەمید و ئەمجەد غه‌فوور) به‌رەو‌ هه‌نده‌ران ڕۆشتبوون، یه‌كه‌م كه‌سانێك بوون، كە به‌ره‌و‌ توركیا سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرت، كه‌ بە لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی خۆیان پێانوابوو، ئیتر سه‌ركوت ده‌ستپێده‌كات، باشترین شت ئەوەیە لە خەمی پارێزگاریكردنی ناوه‌ندی (ڕه‌وتی كۆمۆنیست)دا بین، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ده‌ستپێكردنی دیارده‌یه‌ك بوو، كه‌ گورزی زۆر جەرگبڕی لە‌ بزووتنه‌وه‌ی كۆمونیستی بەگشتیدا. به‌هه‌رحاڵ هیچ سیاسه‌تێكی نه‌خشه‌بۆكێشراو نه‌بوو، لایه‌نیكه‌م له‌لایه‌ن (ڕه‌وتی كۆمونیست)وه نه‌بوو،‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێكێش شتی وا بڵێت، ده‌بێت به‌ڵگه‌ی نوسراوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بخاته‌ به‌رده‌ست، كه‌ ئه‌و كات هیچ ڕێكخراوێك بۆ پێكهێنانی ڕێكخراوێك بۆ بێكاران، پرۆژه‌ی نه‌ ئاشكرا و نه‌ ته‌شكیلاتی ده‌رنەكردبوو. به‌ڵام وابه‌سته‌یی و بڕوابوونی ئه‌و ڕه‌وته‌ و هه‌ڵسواڕاوانی كرێكاری كۆمونیستی و دڵسۆزی سیاسی‌ كۆمونیستی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییەكانی چینی كرێكار، هۆكاری جدی بوون، كه‌ بوون به‌ پێكهێنه‌رانی یه‌كێتی بێكاران. بۆیه‌ ئه‌ندامانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ كۆمونیستییانەی كه‌ خۆیان پێكهێنه‌ری (یه‌كێتی بێكاران) بوون،‌ ده‌كرێت هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای بنیاتنانی‌ (یه‌كێتی بێكاران)ەوە ‌ئه‌م مه‌له‌فه‌یان كردبێته‌ مه‌له‌فێكی گه‌رمی ناو ڕێكخراوه‌ سیاسییەكانی خۆیان. به‌ڵام من دوای دامه‌زراندنی (یه‌كێتی بێكاران) له‌ ماوه‌ی ئه‌ندامبوونم له‌ ڕێكخراوی ڕه‌وتی كۆمونیست و دواتر پێكهێنانی حزبی كۆمونیستی كرێكاری عیراق بۆ یه‌ك جاریش نوسراوێك ئاشكرا و نهێنی فه‌رمیم سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسوڕانی چالاكییەكان پێنه‌گه‌شت. كه‌ ده‌كرێت هۆكاره‌ی ئه‌وه‌ نه‌بێت، كه‌ ئه‌مان بۆیان گرنگ نه‌بووبێت له‌و ڕێكخراوه‌دا چی ده‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌هۆی ڕوحیه‌تی مه‌حفه‌لگه‌ری و ته‌نانه‌ت جۆرێك له‌ فه‌وزا له‌ كاری ته‌شكیڵاتیدا، هۆكاری جدی بوون بۆ ئەو پاشاگه‌ردانییه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی زۆر له‌ ھێزی (یه‌كێتی بێكاران) هه‌ڵسوڕاوانی كۆمونیست بوون. دووه‌م، من پێموایه‌ زەروره‌تی خه‌باتی دژی بێكاری و نه‌بوونی هه‌لی كار له‌و سەره‌ده‌مه‌دا وه‌ك له‌ وەڵامی پرسیاری یه‌كه‌مدا باسم لێكرد، هۆكاری سه‌ره‌كی بوون له‌ سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌ی یه‌كێتی بێكاراندا.

یان ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه‌ ئه‌وەیه‌؛ ڕێكخراوه‌ چه‌په‌كان له‌ ده‌ركه‌وتنی یه‌كێتی بێكاراندا وه‌ك ڕه‌وتێكی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ھاوسەنگی سیاسی به‌شداربوون، ئه‌وا‌ وەڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بێگوومان ئه‌رێیه،‌ ئه‌وان نه‌ك به‌شداربوون، بەڵكو ئه‌و ڕه‌وته‌ له‌ ته‌سه‌ور و خه‌بات هاوشانی چینی كرێكار دژ به‌ نیزامی سه‌رمایه‌ پشكی شیریان به‌رده‌كه‌وێت. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ لەدایكبوونی یەكێتی بێكاراندا، دواتر ده‌كرێت ڕه‌وته‌كانی تر وه‌ك ئه‌نارشیسته‌كان یان سه‌ندیكالیستی به‌شداری دووەم بن له‌ پێكهێنانی یه‌كێتی بێكاران .

ئاكۆ محەمەد :

ئەوەی كە پێكهێنانی ئەم ڕێكخراوە پڕۆژەی داڕێژراوی ڕێكخراوە چەپەكان بووبێت، نەخێر. ئەویش بە دوو بەڵگە، یەكەم ناوەندی و كەسانی سەروەری قوچكەی ڕێكخراوە چەپەكان، فرەتر خەریكی شەڕەدەنووكی خۆسەلماند و خۆبەڕاستزانین و گرەوكردن لەسەر ئەوەی كە كێ فرەتر و باشتر و ڕەسەنتر كۆمونیزمی كرێكارییە و كێ لە باسەكانی ئەو ‌هێڵە ڕامیارییە و ئایدیلۆجیاكەی تێگەیشتووە. بەپێچەوانەوە ئەوە دەرك و دەستپێشخەری ئەندامانی خوارەوەی رێكخستنەكانیان بوو، كە دەستییان بۆ ئەو كارانە دەبرد و زۆرجار سەرەوە ڕێگرییان لە كارەكانی ئێمە دەكرد. بۆ نموونە كاتێك كە ئێمە لە بنكەی ڕەوتی كۆمونیست – هەڵەبجە بووین، لە نێوان چەند كەسێكماندا قسەوباس لەسەر ڕێكخراوی خوێندكاران، بێكاران و چالاكی هونەری هەبوو، یا كاتێك كە بنكەكەیان پێچایەوە و داخست و بڕیاری دەركردنی گشت ئەندامانیان بۆ هەندەران درا، لە سلێمانی بە دیاریكراوی هاوڕێ هەورامان محەمەد و من، لە زستانی ١٩٩٢دا قسەمان لەسەر نووسینگەی بێكاران وەك هەنگاوی یەكەم و هەستەی سەرەتایی ڕێكخراوی بێكاران دەكرد، بەڵام هیچ كات سەران و لێپرسراوانی بەشەكانی ڕێكخراوەكەمان دەركی خەباتی جەماوەری و پێداویستی ئەو كارانەیان نەدەكرد و بەهەند وەرنەدەگرت و بە بێدەنگەكردن لە بەرامبەریدا، ئێمەشیان نائومێد و پەشیماندەكردەوە، لەم بارەوە نموونە زۆرە و سەلماندنی ئاسانە.

گۆران عەبدوڵڵا :

چەپ مەفهومێكی گشتگیرە، لەو سەردەمەدا لە كوردستان زۆر ڕێكخراوە ناوی چەپی لە خۆی نابوو، بەڵام لە كار و كردارەكانیدا لەوسەری ڕاستەوە غارغارێنەی بوو. ئەو كەسایەتی و ڕێكخراوانەی بەدوای گۆرانكاری بنەرەتیانەوە بوون، خەڵكانێك بوون لە ڕووی تەمەنەوە گەنچ بووین و لە كاری جەماوەرییدا خاوەنی هیچ ئەزمونێك نەبووین، ھەروەھا لە رووی فیكری و سیاسیشەوە بەشێك نەبووین لە مێژووی حیزبی شیوعی عێراق، كە لە بواری كاری جەماوەریدا خاوەنی ئەزموونێكی زۆرە ، بەتایبەت لە ساڵەكانی پەنجاكان تا هەفتاكانی سەدەی ڕابوردوو. ئەو تەمەنەی ئێمەش تەمەنێك بوو، لە پەنای دیكاتاتۆری و سەركوتدا تێپەڕیبوو، كە دەرفەت بۆ دروستبوونی هیچ ڕێكخراوەیەكی جەماوەری نەمابووەوە.، شتێك كە دەمانزانی شورا بوو، ئەویش وەك نەزەر بوو زیاتر لە عەمەل. مەبەستم لەم قسانە ئەوەیە، كە بڵێم پلانێك بە غەیری دامەزراندنی شورا لای ڕێكخراوە سیاسییە چەپەكان بەتایبەتی خەتی كۆمۆنیزمی كرێكاری لە ئارادا نەبوو. بیرمە شورای خەڵك لە هەولێر لە تەنیشت بنكەكەیانەوە خانوویەك هەبوو لێیان نووسیبوو “مەكتەبی بێكاران”، بەڵام فەلسەفەی پشت ئەو نووسینە خەمخواردن لە بێكاران نەبوو، بەڵكو ترسی ئەوەیان هەبوو ڕەوتی كۆمونیست ئەو جێگایە بكاتە بنكەی خۆی، چونكە لەو كاتەدا برادەرانی شورای خەڵك لە هەولێر ئەوەندەی ڕقیان لە ڕەوتی كۆمونیست دەبووەوە، ئەوەند بەرەی كوردستانیان بە كێشە لەپێش خۆیان نەدەبینی.

بیرۆكەی دامەزراندی ڕێكخراوەیەك بۆ بێكاران بیرۆكەی تاكی چەپ بوو، لەسەر زەمینەیەكی واقعی بۆ وەڵامدانەوەی كارەساتێك، كە ڕووی لە كوردستان كردبوو؛ ئەویش بێكاری و برسێتی بوو.

ئه‌و دروشم و ئامانجانه‌ی كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ لەپێناویان پێكهات، كامانه‌ بوون، ئایا تا دواڕۆژه‌كانی له‌ پای ئه‌و داخوازی و ئامانجانه‌ مایه‌وه‌؟

سیروان عەلی :

داخوازی سه‌ره‌كی ئه‌و كاته‌ ( كار یان بێمه‌ی بێكاری) بوو. مه‌سه‌له‌ی پێداگری له‌ سه‌ر ئه‌و داخوازیانه‌ شتێك بوو، هه‌ڵچوون و دابەزینی به‌ خۆیەوە ده‌بینی. یه‌كێتی بێكاران بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كاری بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد، ئیش بۆ خه‌ڵك بدۆزرێته‌وه‌ و هه‌وڵبدرێت بێكاران له‌ لیستی تایبه‌تدا ناونووسبكرێن و پێناسه‌یان بۆ بكرێت و هه‌روه‌ها هه‌وڵبدرێت كۆمه‌كی كورتماوه‌ش بۆ بێكاران به‌ده‌ستبهنرێت،كۆمەكی وه‌ك ئازووقه‌ و كۆمه‌كه‌ مرۆییەكانی دیكە، كه‌ تاڕاده‌ك به‌شیك له‌مانه‌ ئه‌نجامدران. به‌ڵام له‌ دوا ساڵەكانی ته‌مه‌نیدا به‌هۆی زاڵبوونی عه‌قڵیه‌تی سكتاریستیی حزبی كۆمونیست كرێكاری عیراق، هه‌وڵه‌كانی (یه‌كێتی بێكاران)‌ نه‌یانده‌توانی لە بریاره‌كانی نێو كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كه‌ته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ بترازێن. ھەروه‌ھا ڕێكخراوەكە زیاتر بووبووه‌ لیژنه‌یه‌كی یان ئۆرگانێكی ئه‌و حزبه ‌و حزبیش (یه‌كێتی بێكاران) به‌ موڵكی خۆی ده‌زانی، بۆیه‌ هه‌موو شه‌ڕێكیان پێده‌كرد، بۆ نموونە بۆ پشتیوانی له‌ ڕێبوار ئه‌حمه‌د، كه‌ لەسەر بابه‌تێكی ئه‌و، له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمەوە،بڕیاری داخستنی ڕۆژنامه‌ی بۆپێشه‌وه‌ درا بوو و ده‌بوایه‌ یه‌كێتی بێكاران خۆی و ئه‌ندامان و هه‌ڵسوڕاوانی هه‌رچی توانای مادی و مه‌عنه‌ویی ھەیە، لەو پێناوەدا به‌خه‌رجی بده‌ن، بۆیه‌ ڕۆژانه‌ له‌لای قەڵای شاری هه‌ولێر (یه‌كێتی بێكاران) به‌ شه‌ڕه‌دار و چه‌قۆ له‌گه‌ڵ ئیسلامییەكان ئاماده‌ ده‌كرا. ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ ١٣ هه‌ڵسوڕاو و نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌كان ڕه‌وانه‌ی زیندان بكرێن، كه‌ زیاتر بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ له‌ زینداندا مانەوە؛ لەوانە هاوڕێیان ( شاپوور عبدالقادر، قابیل عادل، حسێنی داره‌توو، كاوه‌ی مام سه‌ید، سیروان عەلی، هاوڕێ په‌نگر و چه‌ندین هاوڕێی  دیكه‌) بەداخەوە ناوەكانیانم باش لەبیر نەماوە.

من ئه‌و ڕۆژگاره‌م لەبیرناچێته‌وه‌، كە من و هاوڕێ كاوه‌ زۆرمان هه‌وڵدا، كە ئه‌مه‌ مواجه‌هه‌ی ئێمه‌ نییه،‌ بۆ ئێمه‌ مه‌سه‌له‌ی بێكاران كاری ئه‌ساسیه‌، به‌ڵام ئه‌ندامانی حزبی كۆمونیست به‌كه‌یفی خۆیان لەنێو بێكاران ته‌ڕاتێنیان ده‌كرد و هه‌روه‌ها ئه‌و كاته‌م له‌بیرناچێت، كه‌ هاوڕێیان شاپوور و قابیل ده‌ستگیركرابوون، ئێمه‌ نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌كانی یه‌كێتی بێكاران و كۆمه‌ڵه‌ی ئاواره‌كان و ڕێكخراوەی سه‌ربه‌خۆی ژنان و ڕێكخراوه‌ی كارگه‌ ئه‌هلییەكان له‌ شاری هه‌ولێر، ده‌سته‌یەكی عەلاقاتمان بۆ چوونه‌لای بەێوەبەرانی دەزگەی ئاسایش لەپێناو ئازادكردنی ئه‌و هاوڕێیانه‌ دروستكرد،  كه‌ هاوڕێ كاوه‌ و ھاوڕێ حسین و ھاوڕێ ئاڵا و من له‌و لیژنه‌یه‌دا  ئه‌ندام بووین و لەلایەكی تریشه‌وه‌، ڕێپیوانێكیشمان بۆ به‌رده‌م دەزگەی ئاسایش ئاماده‌كردوبوو، كه‌ ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی عەلاقات لە دانیشتنەكەیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئاسایش سەركەوتووو نه‌بوو، ئه‌وا پێویستە ڕیپێوانەكه‌  بۆ ئه‌و شوێنه‌ به‌ڕێبكه‌وێت. ئێمه‌ لیژنه‌كه‌ له‌ ئاسایش بووین، دادوه‌ر بڕیاری ئازادكرنی ئه‌و هاوڕێیانه‌ی دابوو، به‌س چه‌ند كاریكی ڕۆتین مابوون، به‌ڵام له‌ ناكاو نێو ئاسایش شه‌ڵه‌ژا و هه‌واڵ گەیشت، كه‌ ڕێپێوان به‌ڕێوه‌یه‌. ئێمه‌ كە زانیمان بارەكه‌ خراپه‌، بۆیه‌ من له‌ ئاسایش ده‌رچووم، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێپیوانە نه‌گاته‌ به‌رده‌م ئاسایش. دیاره‌ ڕێپێوانه‌كه‌ به‌ دوو به‌ش هاتبوون؛ به‌شێكیان له‌پشتی بینای پاڕیزگاوه‌ ده‌هاتن، كه‌ زۆربه‌یان پیاوان بوون، به‌شەكەی تریان یه‌كسه‌ر به‌نێو (بازاری سیروان)دا بۆ به‌رده‌م بینای ئاسایش ده‌هاتن. ئێمه‌ هه‌رچه‌نده‌ توانیمان ئه‌وانه‌ی كه‌ لەلای پاڕیزگاوه‌ هاتبوون، ڕابگرین، بەڵام فریای به‌شه‌كەی تر نه‌كه‌وتین، بۆیه‌ یه‌كسه‌ر گه‌شتنه‌ به‌رده‌م بینای ئاسیش. ناچار من چووم و ڕوومكرده‌ (ئارام عەلی) یەكێك له‌ ئه‌ندامانی حزبی كۆمونیست، كه‌ ڕێپێوانكه‌ی هێنابوو و خۆی له‌ژێر چه‌تری دوكانان نه‌دەهاته‌ ئه‌م لاوه‌، كه‌ زیاتر له‌ (١٠٠) مه‌تر له‌ ڕپێوانه‌كه‌وە دوور بوو . پێموت ئه‌و ڕێپێوانتان بۆ نارد، وتی”تازه‌ هات”، وتم باشه‌ وه‌رن بیانگه‌ڕێننه‌وه‌ ئه‌وه‌ جەماعه‌ت ئازادده‌كه‌ن، وتی “ئه‌وه‌ من نایكه‌م خۆت ده‌توانیت بیكه‌ی”، وتم ڕێپێوانێك من به‌ڕێمنه‌كردبێت، ئێستاكە چۆن به‌ قسه‌ی من ده‌كات، بزه‌یه‌كی كرد وتی “نازانم. .”.  به‌هه‌رحاڵ من گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ لای هاوڕێكانم لەنێو ئاساییش ( كاوه‌ ، حسینی داره‌توو)، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چی بكه‌ین، یه‌كسه‌ر (هیوا) به‌رپرسی سیاسی ئاسیش به‌رده‌می لێگرتم و وتی “ئه‌مه‌ چییە ئێمه‌ نه‌مانوت، به‌رده‌بن”، وتم ئه‌وانه‌ هاتوون بۆلای ڕابه‌رەكه‌یان (شاپوور) بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیان بێبه‌نه‌وه‌. . وتی “ئێستا پیانبڵی با‌ ئێره‌ چوڵبكه‌ن، ئه‌گینا ئازادناكرین”. منیش زۆر به‌ ‌نائومێدییەوە له‌ وه‌زعه‌كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ نێو خه‌ڵكە، كه‌ سوور زانیم به‌قسه‌م ناكه‌ن، چوومه‌ به‌ردمیان هه‌واڵی ئازادكردنی (شاپوور و قابیل)م پێڕاگه‌یاندن و پێموتن ئێوه‌ ئێره‌ چۆڵبكه‌ن، دادوه‌ر بڕیاریداوه‌. هه‌موویان وتیان “ئێره‌ چۆڵناكه‌ین شاپوور له‌گه‌ڵ خۆمان ده‌بەینه‌وه‌.”  منیش ئه‌مه‌م له‌لا چاوه‌ڕوانكراوبوو، بۆیه‌ هه‌ر كه‌ تۆزێك هاتمه‌ ‌ئەم لاوه‌، یه‌كسه‌ر دوو ئاسایش هه‌ردوو ده‌ستیانگرتم و وتیان “كاك هیوا ئیشی پێته‌”. هه‌ر كه‌ گه‌یشتمه‌ نێو بینای ئاسایش،  تا گه‌یشتمه‌ نهۆمی دوو، وه‌ك گه‌له‌گورگ كه‌وتنه‌ گیانم، كه‌ دەموچاوی ھاوڕێ (كاوه‌)م بینی، زانیم كە ئه‌ویشیان ده‌ستگیركردوه‌ . منیان برده‌ ژوره‌كه‌ی هیوا و پێیوتم ” ئیتر تۆ نوێنه‌ری چێت”، منیش وتم ئه‌ی ئا ئه‌مه‌ ئازادی و دیموكراسی ئێوه‌وه‌یه‌ ….  ئیتر ھەر ئه‌ونده‌م خۆشبوو، كە ئه‌و وشەیه‌م وت، زیاتر له‌ چوار كه‌س لێاندام تا له‌هۆش خۆم چووم. . دواتر بردیانمه‌ زیندانه‌وه‌. كه‌ بۆ ماوه‌ی نزیك دوو هه‌فته‌ هه‌موومان له‌گه‌ڵ ھاوڕێ (شاپوور) و ئه‌وانیش به‌ندكراین. . به‌ڵام من ئه‌و هه‌موو لێدانم خوارد به‌ قه‌د ئه‌و وشەیه‌ ناخۆش نه‌بوو، كاتێك كە لەگەڵ هاوڕێكانم له‌ زیندان درچووم و (ئارام عەلی)م بینی، به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ پێیوتم  ” ئاوها ڕێپێوانتان پێده‌كه‌ین و ده‌ستگیرده‌كرێن و بڕواتانیش به‌ مه‌سه‌له‌كه‌ نییه‌” لەگەڵ قاقا‌ی پێكەنینەكەی ئه‌ودا، ئه‌وجار هه‌موو شه‌قه‌كانی ئاسایش زیاتر ئازاریان به‌ هه‌موو جه‌سته‌ و ڕۆحم ده‌گه‌یاند.

له‌لای حزبی كۆمونیست (بێكاران) و ئامانجی بێكاران شتێكی بێبایەخ بوون، دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌س بەرامبەر یه‌كێتی بێكاران وانه‌بوو، بۆ ڕێكخراوه‌كانی تری وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی ئاوه‌ره‌كان و ڕێكخراوه‌ی ژنان هه‌ر ئاوابوو . بۆیه‌ ئێمه‌ كە گروپێك بووین، تا هه‌ڵسوڕانێكمان بۆ داخوازییەكی بێكاران ده‌كرد، ڕوحمان ده‌رده‌چوو، كه‌ له‌ بناغه‌دا كاتی خۆی بێكارانی ئەندام بۆ ئه‌و ئامانجانه‌ ده‌نگیان به‌ ئێمه‌ دابوو، تاوەكو نوێنه‌رایه‌تییان بكه‌ین.

گۆران عەبدوڵڵا :

من پێموایە یەكێك لە دروشمە زۆر جوانەكانی (یەكێتی بێكاران لە كوردستان) هەڵگرتنی دروشمی ” كاری گونجاو یان بیمەی بێكاری” بوو. رەنگە تاڕادەیەك لەو سەردەمەدا ناواقعی دەركەوتوبێت، بەڵام بەدڵنیایەوە هەڵگری مەودایەكی دوورە لە مرۆڤدۆستی. هەموو ڕێكخراوێكی جدی هەڵگری دروشمی خۆیەتی، گرنگ نییە ئەو دروشمە قابیل بەوەیە لەو ڕۆژگارەدا بەدیبێت یان نا، گرنگ ئەوەیە تۆ چ ئاسۆیەك دەخەیتە پێش ئەو چین و تویژەی، كە ئەو ڕێكخراوە نوێنەرایەتییان دەكات. یەكێتی بێكاران  بەمەبەستی چاككردنی ژیانی خەڵك، دەیان داخوازی كردە شیعاری ڕۆژانەی خۆی. ئەگەر سەیری ڕۆژنامەی (دەنگی بێكاران) بكەین، هەموو ئەو داخوازییە دەسبەجێیانە دەبینین، كە لەو سەردەمەدا پێویستی خەڵكی بێكار بوون. یەكێتی بێكاران هەوڵی بەدەستهێنانیانی ئەم داخوازیانەی داوە؛ لەوانە سووتەمەنی ، ئازوقە، داو و دەرمان و خانوبەرە. . . . هتد.

ئاكۆ محەمەد :

ئەوەندەی من بزانم و لە بڵاوكراوه‌كەشیدا بەناوی ‘دەنگی بێكاران’ دەركەوتووە، “كاری گونجاو یا بیمەی بێكاری” بوو، لەپاڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك داخوازی كاتیی وەك دابەشكردنی یەكسانی خۆراك و كۆمەكە جیهانییەكان، كێشەی خانووبەرە و سوتەمەنی و هاتووچۆ و زۆرێكی دیكە، كاریان بۆ دەكرا و خۆپیشاندانیان بۆ ڕێكدەخرا .

درێژەی ھەیە ….

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم : http://wp.me/p17qj9-1N

************************

ئیمەیل    y.beekaran@post.com

ئەرشیڤی  http://issuu.com/yekeeti-beekaran

فەیسبووك https://www.facebook.com/yeketi.bekaran

مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ / بەشی یەكەم

مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨

بەشی یەكەم

خوێنەرانی ھێژا، چالاكان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی بێكاری لە ھەر شوێنێك ھەن، وەك بەخۆتان ئاگادارن، لە نۆڤەمبەری ٢٠١٠دا ئێمە ( گۆران عەبدوڵڵا، سیروان عەلی و ئاكۆ محەمەد ) دەستبەكاری پرۆژەی كۆكردنەوە و نووسینەوەی مێژوو و  ئەزموونەكان و بەڵگەنامەكانی ( یەكێتی یەكێتی بێكاران لە كوردستان ) بووین و بەو بۆنەوە باگەوازێكمان بڵاوكردەوە و  ھاوكات وەك بەسەركردنەوە و ھێناگۆ و گیڕانەوەی بەسەرھات و ئەزموونەكان، كۆمەڵە پرسیارێكمان ئاراستەی گشت چالاكانی ئەوسای یەكێتی بێكاران [تا ئەو جێیەی كە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارە تەلەفۆنی ئەو ھاوڕێیانەمان ھەبووبێت] كردن. بەداخەوە بێجگە لە دوو ھاوڕێ [عەبدوڵڵا سلێمان و كاوە حەسەن]، كەسی دیكە بە دەم بانگەواز و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانەوە نەھات. بەڵام ئەمە نەبووە ھۆی ساردبوونەوە و وەستانی ئێمە لەو پرۆژە و ئەو ئامانجەی كە لەپێش خۆمانمان داناوە و وەك درێژەی كارەكەمان و ھاوكات وەك بوارڕەخساندن بۆ ئەو ھاوڕێیانەی، كە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارە تەلەفۆنیانمان نەبووە، تاوەكو پرسیار و پرۆژەكەیان بۆبنێرین، بەخۆمان لەنێوان خۆماندا وەك ھەر چالاكێكی دیكەی یەكێتی بێكاران لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢ – ١٩٩٨، مێزگردێك كراوەی ئینتەرنێتیمان ڕێكخست و سەرەنجام ئەم دیالۆگەی لێكەوتەوە، كە لێرەدا بە ئامانجی بانگەوازكردنەوە و ڕاكێشانەی ھاوڕێیان، چ ئەوانەی كە وەڵامی پرسیارەكانیان داوەتەوە و چ ئەوانەی لە كاتی خۆیدا بە ھەر ھۆیەك و ڕێگیرییەكەوە، بواریان بۆ نەڕەخساوە، تاوەكو بەشداری بكەن و ڕەخنە لە بۆچوون و گێرانەوە و لێكدانەوەكانی ئێمە و ئەو دوو ھاوڕێیەی كە وەڵامیانداوەتەوە، بگرن و لەوێدا كە بیرەوەری ئێمە بواری گێڕانەوە و گەڕانەوەی بۆ سەر ھەموو لایەنەكانی ئەو ئەزموونە خەباتكارانەی بێكاران نەدابێت، ئەوان درێژەی پێبدەن و جارێكی دیكە بە گیانێكی ھاوڕێیانە و بەرپرسیارییەوە، پێكەوە درێژە بە مشتومڕ و توێژینەوەی ئەو ئەزموونە جەماوەرییە درێژخایەن و خەباتكارانەی سەردەمە تاریكەكانی ئابڵۆقەی ئابووریی و جەنگی نێوخۆ و ھێرش و ھەڕەشە و مەترسی دەوڵەتانی دراوسێ بۆ ھەرێمی ناجێگیری ئەوسای كوردستان، بدەین.

 

ھاوڕێیان ڕەخنە و ڕاستكردنەوەی ئێوە لە گێڕانەوە  و تۆماركردن و لێكدانەوە و پێداچوونەوەكانی ئێمە، تەنیا مەرج و مسۆگەركەری زیندووراگرتنی پرۆژەی پێداچوونەوە و  نووسینەوەی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستانە و ھاوكات درێژەپێدەر و پوختەكەر و ڕزگاركەری مێژوو و ئەزموونەكان و لایەنە دەرنەكەوتەكانی خەباتی ئەو ڕێكخراوە جەماوەرییە و بزووتنەوەكەیە لەو ڕۆژگارەدا، كە بە جۆرێك ئێوەش تێیدا بەشدار و چالاك بوون.

دەقی بانگەوازی پرۆژەكە

 نامەیەكی گشتیی بۆ چالاكان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی بێكاران

هاوڕێیانی هێژا، ئەندامان و چالاكانی (یەكێتی بێكاران لە كوردستان)، وێڕای ڕێز و سڵاو و خۆشەویستیمان، هەواڵتاندەپرسین لە هەر كوێیەك هەن  …

هاوڕێیان، هاوكاران و دڵسۆزانی بزووتنەوەی بێكاری لە كوردستان، لەبەر دەستڕانەگەییشتنمان بە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارەتەلەفۆنی هەمووتان، نەمانتوانی ڕاستەوخۆ پەیوەندیتان لەتەكدا بگرین و پەیام و پرسیارەكانیان ئاراستە بكەین و لە دەستپێكردنی پرۆژەكە ئاگادارتان بكەینەوە، بەدروستمانزانی، كە لێرەوە پەیام و پرسیارەكانتان ئاراستەبكەین و داواتانلبكەین، كە بە هەر شێوەیەك و بە هەر ڕێگەیەك و بەهەر زمانێك بۆتان دەلوێت، بەشداریبكەن و لە بۆچوون و پێشنیاری خۆتان ئاگادارمانبكەنەوە و پرۆژەكە بە زانیاری و دۆكومێنتەكانتان فروانتر  و پشتئەستوور بكەن.

تكایە لەتەك وەڵامەكانتاندا كورتەیەك وەك ناساندن لەمەر خۆتان بنێرن؛ بەتایبەت نازناوی ناسراو یا ناوی سیانیتان و ئەگەر بۆشتان گونجاوبوو وێنەیەكی بچووكی خۆتانی ھاوپێچبكەین.

ئێمە (سیروان عەلی، گۆران عەبدوڵڵا، ئاكۆ موحەمەد) وەك دەستەیەك لە ئێوە و بەشدارانی ڕێكخراوی (یەكێتی بێكاران لە كوردستان) لەو ڕۆژگارەدا، لەو بڕوایەداین، كە ڕێكخراوی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و مێژووەكەی بەشێكە لە ڕابوردووی هەر یەكە لە ئێمە و هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی و پاراستنی لە فەوتان و فەرامۆشی، ئەركی سەرشانی هەر یەكە لە ئێمەیە، هەر ئەم بڕوایەشە كە ئێمەی لە دەوری ئەم پڕۆژەیە كۆكردووەتەوە و بە‌هەمان شێوەش لەو بڕوایەداین، كە بەبێ ئامادەیی و هاریكاری و بەشداری چالاكانەی ئەنگۆ، پڕۆژەكە ناتەواو دەمێنێتەوە و سەركەوتوو نابێت.

لەسەر هەمان بنەما رێگە بە خۆمان دەدەین و كۆمەڵێك پرسیار وەك كلیلی كردنەوەی دەرگەی باسەكان و بەشدارییەكان ئاراستەی هەر یەكە لە ئەنگۆ دەكەین. چونكە لەو بڕوایەداین، بەبێ شڵەقاندنی گۆمی مەنگی بێدەنگی، هەستان بەو كارە ئەستەمە و هەموو كارێكیش لە خاڵێك و لە ساتێكدا و لە كەسانێكەوە دەستپێدەكات. هەڵبەتە نەوتراو نەمێنێتەوە، كە ساڵانێكە ئێمە بیرمان لەم پڕۆژەیە كردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی نەبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و نەبوونی كاتی پێویست و گرفتی ڕۆژگارەوە بۆ ئێستا ماوەتەوە.

لێرەدا ماوە بڵێین، ئامانج لەم پەیامە تەنیا بەسەر كردنەوە نییە، بەڵكو بانگەوازە بۆ بەشداری و هاریكاری و باشتركردنی پرۆژەكە و سەرخستنی بە گەلكاری و كاری خۆبەخشی هەموولایەك، چونكە لەو بڕوایەداین بیركردنەوەی كۆمەلێك لە هی تاكەكەسێك فراوانتر و كاری كۆمەڵێك لە هی كەسێك سەركەوتوو تر و تێروتەسەلتر دەبێت.

بە هیوای بەشداری و هاریكاری چالاكانەی هەموو خەباتكاران

دەستەی ئامادەكار : گۆران عەبدوڵڵا، سیروان عەلی، ئاكۆ محەمەد

 

هۆكاری پێشكه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وی بێكاران و ڕێكخراووبوونی له‌پێش به‌شه‌كانی دیكەی كۆمه‌ڵگه‌ی عیراق (كوردستان)ی وێرانەی شەڕەكان و ئابڵۆقەی ئابوورییەوە چی بوو و چۆن ده‌بینی؟

سیروان عەلی :

له‌ وەڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا، پێمباشه‌ له‌‌ دوو ته‌وه‌رەدا بچمه‌ وەڵامدانه‌وه‌ی. یه‌كه‌م، ئه‌وه‌نده‌ی بگەڕێته‌وه‌ سه‌ر تایبه‌تمه‌ندی باردودۆخی عیراق به‌گشتی و چینی كرێكار به‌تایبه‌تی، پێویست به‌ لەسەروه‌ستانێك ده‌كات. عیراق

ی دوای ساڵی ١٩٩١، چی له‌ ڕووی بناغه‌ی ئابوورییه‌وه‌ و چی له‌ ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، وڵاتێكی خاپووركراوی دوای دوو جه‌نگی به‌رده‌وام و جه‌رگبڕ و وێرانكەر بوو به‌ هۆكاری

ڕیشه‌یی له‌ ناشیاوی جێگه‌ی و شوێنی ململانێی چینایه‌تیی و ته‌ن

گژه‌كانی نێوان كار و سه‌رمایه‌، داڕمانی ژێرخانی ئابووریی و كه‌وتنه‌ سه‌ر قه‌رزێكی زۆر و ئابڵوقه‌ی ئابووریی سه‌خت، عیراقی له‌ مه‌نگه‌نه‌ دابوو و ده‌یدا. عیراق ورده‌ ورده‌ له‌ وڵاتێكی نۆرماڵی خاوه‌ن به‌رهه‌می تایبه‌ت به‌خۆی و هه‌ناره‌ده‌ری به‌رهه‌می سروش

تی و پڕ بایخ له‌ جیهاندا  گۆڕا بۆ‌ وڵاتێكی به‌رخۆر و بێتوانا. كارگه‌ پیشه‌سازییەكان بوون به‌ كارگه‌ په‌ككه‌وتووەكان، له‌ده‌ستنه‌مانی كەرەستە و ئامێری یه‌ده‌ك و هه‌روەها دابەزینی نرخی نه‌وت، كه‌ تاقه‌ خوێنده‌ری عیراق بوو، ئه‌وەنده‌ی تر ئه‌و وڵاته‌ی په‌كده‌خست. خۆی له‌ خۆیدا ئه‌و باره‌ بوو به‌ مایه‌ی هه‌ڵئاوسانی دراوی عیراقی، هه‌رچی كرێكاری نێو كارگه‌ په‌كه‌وتووەكانیش هەبوون، ڕه‌وانه‌ی بێكاری ‌كران. مه‌سه‌له‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشت

ر بوونی كارگه‌ جه‌نگییەكانی عیراق بوو، كه‌ عیراقیان كردبوو‌ به‌ سه‌ربازخانه‌یەكی گه‌وره‌، كه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك مرۆڤ مه‌زنده‌ ده‌كرا و بێجگه‌ له‌ بوونی وه‌زارەتی تایبه‌تی پێشەسازی سه‌ربازی. ھەروەھا‌ له‌ دوای هێرشی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر ئه‌و هێزه‌‌‌ بێتوانایه‌ و ده‌رپەڕاندنی له‌ خاكی كوەیت و دواتر كه‌وتنی زیاتر له‌ ١٣ پارێزگا به‌ده‌ستی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو.‌ ئه‌و هێزەی‌ سه‌ربازییەی‌‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و به‌ هێزی مه‌زنی بێكارانەوە په‌یوه‌ست بوو ، ئیتر كرێكاری له‌سه‌ركار به‌شی هه‌ره‌ بچووكی پێكهاته‌ی ئه‌و چینه‌ بوو (چینی كرێكار)، به‌نیسبه‌ت كوردستانیشه‌وه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌تایبه‌ت دوای چووڵكردنی داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی له‌ كوردستان، ئیتر خه‌لكی سه‌ر كاره‌كانیش بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بێكار و بێمووچه‌ مابوونه‌وه‌ و‌ ده‌سه‌ڵاتی تازه‌ دامه‌زراوی كوردیش خۆی تووشی گێژه‌ن بووبوو، نه‌یده‌زانی چۆن ئه‌م میله‌ته‌ بخاته‌ سه‌رپێ، تاقه‌ شتێك هه‌بوو ڕێكخراوه‌ مرۆیی و خێرخوازه‌كان بوون، كه‌ به‌ر

نامه‌ی كۆمه‌ككارییان پێشكه‌شده‌كرد. ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ بۆ خۆی بارێكی هێنایه‌ ئارا‌وه،‌ هه‌ر جۆره‌ خه‌باتكردنێك ده‌بوو به‌ خه‌بات و داكۆكیكردن له‌ به‌شی هه‌رە زۆری كۆمەڵگا، كه‌ بێكاران بوون. بۆیه‌ سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وی بێكاری له‌ سه‌ر یایه‌ی واقعی وه‌ستا بوو.

ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م، له‌ ڕووی سیاسیشەوە، هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌ك به‌ڕاده‌ی كۆمونیسته‌كان به‌گرنگیدان به‌ خه‌بات و داخوازی ئه‌و چینه‌ هه‌ستیار نه‌بوون. به‌ڵام ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ش زۆر بێئه‌زموون بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی تێكه‌ڵبوونی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ سیاسییه به‌ چینی كرێكار‌ و تێگه‌شتنی بۆ زەروره‌تی كاری ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ بیرتیژیه‌وه‌ نه‌بوو. به‌ڵكو ده‌رسوه‌رگرتن له‌ هه‌ڵه‌كانی پێشووی ده‌بووه‌ مایه‌ی تێگه‌شتنی ئه‌و بۆ خه‌باتی ئه‌و چێنه‌ له‌و سه‌ردمه‌دا. چاك له‌ بیرمه‌ زۆربه‌ی چه‌په‌كان له‌ سه‌ره‌تای ڕاپه‌رین خۆیان خه‌ریككردبوو به‌ ئه‌ولیاتێك و مەهامێك كه‌ مەهامی ئه‌و ڕۆژه‌ نه‌بوون. بۆ نموونه‌ ده‌خوازی ٣٥ سه‌عات كار له‌لایه‌ن ڕه‌وت كۆمونیسته‌وه‌ ده‌ربڕی نه‌خوێندنه‌وه‌ی واقعی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ زوربه‌ی خه‌ڵك بێكار بوون، ئیتر ٣٥ سه‌عاتكاری چی؟! دواتر به‌ بەخۆداچوونه‌وه‌یه‌ك هات، كه‌ هۆكاری تایبه‌تریش له‌و باره‌وه‌ هه‌بوو، كه‌ دواتر دەگەڕێمەوە‌ سه‌ری، بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی كۆمونیست و ئه‌ندامه‌كانی یه‌كه‌م كه‌سانێك بن له‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتی بێكاران به‌شداربن. مه‌سه‌له‌یه‌كی تر شكانه‌وه‌ی شواراكان بوو، له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی هێزه‌ ناسیۆنلیسته‌كاندا‌. كه‌ ده‌بوو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بیر لە شتێكی دیكه‌ بكاته‌وه‌، كه‌ مه‌سی كۆمەڵگە ده‌كات. كه‌ به‌ڕاستیش ئه‌م جاره‌یان گرتی و مه‌سه‌له‌ی بێكاری بوو، بەم جۆرە دامه‌زراندنی یه‌كێتی بێكاران هاته‌ ئاراوه‌.

گۆران عەبدوڵڵا :

یەكێتی بێكاران لە كوردستانەوە سەریهەڵدا و هەر لە كوردستانیش مایەوە، ئەو هۆكارانەی كە وایانكرد، وەها ڕێكخراوێك دروستبێت، یەكەم بوونی ئەو فەزا سیاسییەی پاش ڕاپەڕین و ڕزگاربوونی سێ شاری گەورەی كوردستان لەدەست ڕژێمی بەعس. دووەم بوونی ماتریاڵەكە خۆی واتە بێكاری. وەكو سیروان ئاماژەی پێكرد، عێراق بە دوو شەڕی گەورەدا تێپەریبوو، بێكاریش هەمیشە پاشكۆی شەڕە، لە كوێ شەڕ ھەبێت لەوێش بێكاری لە زیادبووندایە، بەتایبەت وڵاتانی جیھانی سێیەم، كە چەك و چۆڵەكانیشیان لە دەرەوە هاوردەدەكەن. ڕاپەڕین لە كوردستان و خوارووی عێراق شیرازەی دەوڵەت و دەوڵەتبوونی تێكدابوو، سەرباری داخرانی زۆرێك لە كارگە و شوێنە خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەكان، ژمارەیەكی زۆریش لەو خەڵكانەی كە لە ڕیزەكانی سوپای عێراقیدا وەك جاش و سەرباز كاریاندەكرد، پێش ڕاپەرین بێمووچە مابوونەوە. بەگشتی لە كوردستان بارودۆخێكی زۆر نالەبار لەڕووی بژێوییەوە هاتبووە ئاراوە. بۆ هەر ئینسانێك كە خوازیاری خۆشگوزەرانی كۆمەڵگە بوو، دەبووایە لێرەوە دەستبەكاربێت، واتە بێكاران. بەڵام لەو خاڵەدا لەگەڵ سیروان تەبانیم، لە چركردنەوەی مێژووی بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی بۆ تاكە ڕێكخراوێكی سیاسی. ئەوە ڕاستە ئەندامەكانی ڕەوتی كۆمونیست لە بەشداریكردندا بەشی شێریان پێبرابوو، ئەوەش خۆبەخۆ بوو، نەك وەك پلانێكی ڕێكخراوەیی.

ئاكۆ محەمەد :

بە بۆچوونی من دوو هۆكاری هەبوو؛ یەكەم بێكاری و نەبوونی و برسیەتی وەك بەرئەنجامی ئابڵۆقەی ئابووری هاوپەیمانان لەسەر عیراق بەگشتی و ئابلۆقەی ئابووری ڕژێمی ئەوسای عیراق لەسەر كوردستان بەتایبەتی. دووەم، دەستپێشخەری و ئامادەیی كەسانی سۆشیالیستی سەر بە ڕێكخراوە چەپەكان، كە وەك بەشێك لە خەڵك بەزۆری بێكاربوون و هاوكات پێداویستیی ڕێكخراوبوونی بێكاران و یەكگرتنییان لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجگەلێكی دەستبەجێدا، دەركدەكرد، بە پێگەییشتنی من، ئەم دەرك و ھوشیارییەش، كارایی وانە و پاگەندەكانی ڕادیۆ كۆمەڵە بوون لەسەر توێژێك لە چالاكانی سۆشیالیست یا وردتر بڵێم چەپی نوێی پاش چەپی پڕۆ-ماوی و پڕۆ-ڕوسی و پڕۆ-كوبایی لە ھەرێمی كوردستاندا.

سیروان عەلی:

ھاوڕێ گۆران من نازانم له‌ كوێدا میژووی بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیم گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ ته‌نها ڕێكخراویك (ڕه‌وتی كۆمۆنیست)؟! بەڵكو من وتوومه‌ ئه‌ندامانی ئه‌و ڕێكخراوه یه‌كه‌م كه‌سانێك بوون كە‌ له‌ دامه‌زراندنیدا به‌شداربوون.

كه‌ی و له‌ كوێ وه‌ها ڕێكخراوێك بۆ یه‌كه‌م جار هه‌سته‌ی سه‌ره‌تایی پێكهات و چۆن به‌ خێرایی توانی سه‌رتاسه‌ری كوردستان بگرێته‌وه‌؟

سیروان عەلی :20634_102043249827671_5193685_n

ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه‌ ئەوەبێت، یه‌كه‌م جار له‌ كوێ به‌ ئاشكرا سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت له‌ شاری هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و‌ كه‌سێك كه‌ به‌ منی وت هاوڕێی به‌ڕێزم عبداڵله‌ سلێمان بوو، كه‌ خۆی پێشتر یەكێك بوو له‌ كرێكاره‌كانی كارگه‌ی نه‌سیج و زیانێكی جه‌ستی زۆری پێگه‌شتبوو به‌ هۆی هێرشه‌كانی ڕژێمی به‌عس له‌ كاتی گرتنه‌وه‌ی شاری هه‌ولێردا، كه‌ باسی له‌ بیرۆكه‌كه‌ كرد و وتی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی چالاك هه‌ن، كه‌ بڕوایان به‌م كاره‌ هه‌یه‌، منیش پشتگیری خۆمم بۆ مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌ربڕی. دواتر یه‌كه‌م كۆبوونەوە له‌ باخچه‌ی مامۆستایان له‌ گه‌ڕه‌كی تەیراوا‌، دووەم كۆبوونه‌وه‌ له‌ باخچه‌ی گڵكه‌ند ئه‌نجام درا له‌ ڕێكەوتی ١٩٩٢/٦/٣٠ كه‌ بووە مایه‌ی ده‌ستپێكردنی كاره‌كان و له‌ سه‌ره‌تادا به‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی بێكاران ده‌ستیپێكرد، كه‌ زیاتر (٥٠) هه‌ڵسوڕاو له‌و كۆبوونەوەیەدا‌ ئاماده‌بوون. ئه‌وه‌ی چۆن ئه‌م ڕێكخراوه‌ په‌ره‌یسه‌ند په‌یوه‌ندی به‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ هه‌بوو؛ یه‌كه‌م شت، ئه‌و كاته‌ی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی به‌تایبه‌ت ڕێكخراوی ڕه‌وتی كۆمونیست خاوه‌ن بڕوا و متمانه‌یه‌كی گه‌وره‌‌بوو له‌لایه‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان و هه‌روه‌ها به‌ هۆی میژوویه‌ك كه‌ هه‌موو هه‌ڵسوڕاوانی سوشیالیست و كۆمونیست له‌ گشت ڕێكخراوه‌كاندا و ده‌رەوه‌ی ڕێكخراوه‌كان،‌ بۆ‌ ماوه‌ی ساڵێك له‌ چالاكی جدی و دڵسۆزانه‌ بۆ به‌رگری له‌ خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌نكێس بوو به‌ ده‌سه‌تمایه‌یه‌كی گرنگ.  مه‌سه‌له‌یه‌كی تر كه‌وای كرد ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ زوو گه‌شه‌بكات، خوودی دیارده‌ی فروانیی بیكاری و هه‌ڵچوون و حه‌ماسه‌تی خه‌ڵك بوو لەپێناو ژیانێكی باشتر و هه‌ره‌وها جۆرێك له‌ ته‌وەهوم، كه‌ به‌شێكی حزبه‌ نەتەوەییەكان سا‌ویلكانه‌ به‌نیازی زه‌ربه‌لێدان له‌م ڕێكخراوه‌ دروستیانكردبوو، به‌شێك له‌و ته‌وەهومه‌ كه‌ خۆی ئه‌رزیه‌تی له‌ زه‌ینی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بوو. پیانوابوو كه‌ یه‌كێتی بێكاران بۆ بەدەستھێنانی هه‌لی كار خه‌ڵك ده‌بات بۆ وڵاتانی ده‌رەوه‌ و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ بیانییەكانی ئه‌و كاته‌ بۆ وەھا كارێك‌ هه‌یه،‌ وه‌ك وتم حزبه‌ قەومییەكان خۆیان ئەو چیرۆكە درۆینەیان له‌نێو خه‌ڵكدا دروستده‌كرد. به‌ڵام هه‌ڵسوڕاوانی یەكێتی بێكاران له‌ هه‌موو كوردستان زۆر سەركەوتووانه‌ توانیان ئه‌و‌ ته‌وەهومه‌ ڕێكبخه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئاستێكی زۆر به‌رزدانه‌بوو. ئه‌وه‌ی چۆن سه‌رتاسه‌ری بوو، ڕاستێكه‌ی ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای كاره‌كانماندا به‌ره‌و ڕووی شتێك بووینه‌وه‌، كه‌ داوتر ئه‌م كێشه‌یه‌ قڵشتێك بوو، كۆتایی نه‌هات تا دوا ساڵه‌كانی عومری ئه‌و ڕێكخراوه‌ به‌ جورێك له‌ جۆره‌كان درێژه‌ی هه‌بوو. ئێمه‌ له‌ شاری هه‌ولێر هیچ بیرۆكه‌یەكی ئه‌وتۆمان نه‌بوو، كه‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ درێژه‌ی هه‌مان بزوتنه‌وه‌ی شوراییه،‌‌ بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ كۆی  بۆچوونی هه‌موو هه‌ڵسوڕوان، ناوێك به‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی شورای بێكاران په‌سه‌ند نه‌كرا. له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوماندا بۆ سه‌رتاسه‌ریبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ھاوڕێانی سلیمانی به‌ره‌وڕووی ئه‌وه‌ بووین، كه‌ ئه‌وان بڕوایان وابوو، ده‌بێت ناوی ڕێكخراوه‌که‌‌ (شورای بێكاران) بێت .به‌ڵام ئێمه‌ له‌ شاری هه‌ولێر له‌ ١٩٩٢/٧/٥دا به‌ناوی‌ (بزوتنه‌وه‌ی بێكاران)ەوە ڕێکخراوەكە‌مان ڕاگه‌یاندبوو و بڕواشمان به‌وه‌ نه‌بوو، که‌ ناوی شورا له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بنێین. لەبەرئەوە ئەم گرفتە‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌رتاسه‌ریبوونه‌وه‌ی تا ساڵی ١٩٩٣ دواخست، بۆیه‌ به‌یانامه‌ی سه‌رتاسه‌ری (پێكهاتنی یه‌كێتی بێكاران له‌ کوردستان) لە ١٩٩٣/١/١٠ ڕاگه‌یاندرا. دیاره‌ دواتر به‌ هۆی یه‌کده‌سته‌یی و جدیبوونی هه‌ڵسوڕاوان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بێکاران، زیاتر له‌ ٢٠ بنكه‌ی و لیژنه‌یه‌ نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی بێكاران له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا دامه‌زران و کرانه‌وه‌.

گۆران عەبدوڵڵا :

 بەدەست پێشخەری كۆمەڵێك لە هەڵسوراونی چەپ و كۆمونیست كۆبونەوەیەكی فراوان لە باخچەی گڵكەندی شاری هەولێر ڕێكخرا لە ١٩٩٢/٦/٣٠ بۆ قسەوباسكردن لەسەر بارودۆخی بێكاری، ئەوەبوو لەو كۆبونەوەیەدا سەرجەم بەشداربووان كە ژمارەیان (٥٠ ) كەس دەبوو، پاش مشتومڕێكی دوورودرێژ، دوو سەرنج لە ئارادا بوون؛ یەكیان پێیوابوو دیاردەی بێكاری وەك دیاردەیەكی جیهانی چاو لێبكرێ و دەبێت ئەم ڕێكخراوە ڕێك لە بەرانبەر ناسیۆنالیزم و بۆرژوازیدا بێتە مەیدان و لە داهاتووی خۆشیدا دەتوانێ بە چەك وەڵام بە ئیستبدادی ناسیۆنالیزم بداتەوە. سەرنجی دووەمیش پێیوابوو دەبێت ئەوزاعی برسێتی و بێكاری لەبەرچاوبگیرێت و لەو بارەوە كارێك بكات. لە كۆتایشدا بەو ئەنجامە گەشتین، كە دەبێت هەوڵی دروستكردنی ڕێكخراوەیەك بدرێت بۆ بێكاران. لەو كۆبونەوەیەدا كۆمەڵێك هەڵسوراو خۆمان بۆ ئامادەكردنی زەمینەیەك بۆ دروستكردنی ڕێكخراوێك هەڵبژارد، كە بتوانێ نوێنەرایەتی داخوازێكانی بێكاران بكات. ئەوەی لەبیرم بێت ئەم كەسانەی كە خۆیان بۆ ئەو كارە هەڵبژارد: عەبدوڵڵا سلێمان، جەمال چاوشین، جەمال كرێكار، عەبدولرەحمان مەولود، سیروان عەلی، گۆران عەبدوڵڵا، خەلیل نوری، مام ڕەحیم، ئەحمەد، جەمال كۆشش، ئازاد و وەستا جەلال. پاش چەند دانیشتنێك لە باخچەی خانزاد بە ناوی لیژنەی كاتی بزوتنەوەی بێكارانی هەولێر، ڕاگەیاندنێك ئامادەكرا و لە ١٩٩٢/٧/٥ بڵاوكرایەوە. لە ١٩٩٢/٧/١٧ لە كۆبوونەوەیەكی هەڵسوڕاواندا ناوی ڕێكخراوەكە لە بزوتنەوەی بێكارانی هەولێرەوە گۆردرا بۆ (یەكێتی بێكارانی هەولێر).

پاش چەند كۆبونەوەیەك توانرا بە شێوەیەكی كاتی لە گازینۆی باكوور ڕەزامەندی خاوەن گازینۆكە بەدەستبهێن، كە ئێواران وەك بنكەیەكی بێكاران لەوێ دابنیشین. لە ١٩٩٢/٩/١ لەگەڵ كۆمەڵەی ئاوارەكان ئەپارتمانێكی دوو ژووریمان لە تەنیشت مزگەوتی شێخ چۆڵی بەكرێ گرت و بەشێوەیەكی ڕەسمی بنكەی خۆمان دامەزراند. لەگەڵ ئەو كارانەشماندا دەستمانكرد بەدەركردنی ڕۆژنامەی (دەنگی بێكاران)، شایانی باسە جەمال چاوشین تایپێكی پێشكەش بە ڕێكخراوەكە كرد، لە ڕێی ئەو تایپەوە توانرا (دەنگی بێكاران) دەربكرێت. هەوڵی زۆرماندا بۆ گەیاندنی دەنگمان بە هەموو ئەو جێگایانەی كە ڕێژەیەكی زۆر لە خەڵكی بێكاریان تێدا كۆدەبوونەوە، هەروەها لە ڕێی هاوڕێیان (شاپور) و (قابیل)ەوە بۆ ناساندنی یەكێتی بێكاران، بەشداری كۆبوونەوە گشتییەكانی خەڵكی ئاوارەمان دەكرد. ڕۆژنامەكانی (بۆپێشەوە) ، (ڕێگای كوردستان) و (ئاڵای ئازادی) لە سەرەتای كارەكانماندا لە ناساندنماندا بە جەماوەر دەوریان هەبوو.

پاش دروستبوونی یەكێتی بێكارانی سلێمانی لە١٩٩٢/١١/٦ و یەكگرتنمان لەگەڵیاندا و ئیعلانكردنی یەكێتی بێكاران لە كوردستان١٠ی كانونی دووەمی ١٩٩٣ توانیمان ببینە خاوەن نفوزو ئۆتۆریتەیەكی زیاتر لەسەر ئاستی كوردستاندا.

ئاكۆ محەمەد :

باش لە بیرمە، من تازە هاتبوومە شاری هەولێر، هاوڕێیانی شوققە (كۆمەڵێك چالاكی ئەوسای ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست بووین لە گەڕەكی تەیراوا لە شوققەیەكدا لە تەنیشت “باخچەی كورد و عەرەب” دەژیاین؛ مامە كەریم، ڕێبوار، سۆران، باییز، هیوا و ئاكۆ و (هاوڕێ سیروانیش) زۆربەی كات دەهاتە لامان و لەنێوان خۆماندا كار و چالاكیمان دابەشكردبوو، هەر لە چالاكی لە یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و پەرتووكفرۆشی و بێجگە لە چالاكی ڕێكخراوەیی و ڕۆژنامەگەریی و بەشداری چالاكییە جەماوەرییەكان و ناڕەزایەتییەكان و زۆر شتی دیكە) ، گەر بە هەڵەدا نەچووبم، دوانیوەڕۆی یەكێك لە ڕۆژەكانی سەرەتای هاوین بوو، لە باخچەی گڵكەند، كە بۆ یەكەم جارم بوو، دەچوومە ئەو شوێنە و زۆرینەی كەسەكانم نەدەناسین و دواتر لە ڕەوتی چالاكییەكانی (یەكێتی بێكاران) و بواری دیكەدا بووینە هاوڕێی نزیكی یەكدی. من هەر ئەوەندەم لەبیرە، لە كەشێكی زۆر هاوڕێیانە و گەرموكوڕ و دڵسۆزانە بابەتەكان تاوتوێ دەكران و بڕیاریان لەسەر دەدرا. ھەڵبەتە نەوتراو نەمێنێتەوە، لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٢دا پاش داخستنی بنكەی ڕەوتی كۆمونیست لە ھەڵەبجە و ڕانیە، لە سلێمانی من لەتەك ھەندیك لە ھاوڕێیانی سلێمانی زۆر جار قسەم لەسەر پێداویستی ‘ نووسینگە (دەفتەر)ی بێكاران ‘ كردووە، بەدیاڕێكخراوی ھاوڕێ (ھۆرامان محەمەد)، كە زۆر جار لەمەڕ پرسی ژنان و خوێندكاران و بێكاران لەتەك یەكدیدا ھاورابووین. بەڵێ پاش ئەو كۆبوونەوەیە و ڕاگەیاندنی ئامادەكاریی بۆ پێكھێننانی ڕێكخراوەكە و دروستبوونی، دەچووینە ئوردووگە زۆرلەملییەكانی وەك دارەتوو و بەنیسڵاوا و. . تد كۆبوونەوەمان بە دانیشتوانی ئەو جێیانە دەكرد و خەڵكی بەگشتی و بێكاران بەتایبەتی پێشوازییان دەكرد.

درێژەی ھەیە ….

بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم :http://wp.me/p17qj9-1S

************************

ئیمەیل    y.beekaran@post.com

ئەرشیڤی  http://issuu.com/yekeeti-beekaran

فەیسبووك https://www.facebook.com/yeketi.bekaran

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان ماركسیستەكان و ئەناركیستەكانی كوردستان / بەشی سیازدەھەم

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان ماركسیستەكان و ئەناركیستەكانی كوردستان

بەشی سیازدەھەم

سه‌لام عارف :

هاوڕێیان ئه‌م كاته‌تان شاد، وا من جارێكی دی دێمه‌وه‌ نێو باسكاریه‌كه‌مان ده‌رباره‌ی (مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت)، ھیوادارم بەشدارییەكەم سوودمەندبێت و شتێكی نوێ لەلای ئێوە بروژێنێت.

به‌ر له‌ چوونه ‌نێو باسی پرسە‌كه‌ (ده‌وڵه‌ت)، پێمخۆشه‌ بڵێم (من دە‌زانم، كه‌ ڕاستی و دادپه‌روه‌ری ڕێژه‌یین، لەتەك ئه‌وەشدا من لەتەك ڕاستیدام و به‌لامه‌وه‌ گرنگ نییه‌ كێ دە‌یڵێت، هه‌روه‌ها لەتەك دادپه‌رویشدام و به‌لامه‌وه‌ گرنگ نییه‌،كێ لێی سودمه‌ند دەبێت) ململانێی نێوان ئازادی و دەسەڵات (ئۆتۆریتە) ڕوناكتریین ده‌ربڕینه‌ له‌ كێشمه‌كێش و ململانێنی نێوان ده‌سه‌ڵاتخوازیی و دژه‌ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتخواز؛ ئۆتۆرێتیخواز و نێوه‌ندیخوازه‌، دژه‌ده‌سه‌ڵاتیش هاوبه‌شیخوازی ئازادیخوازه.

(باكۆنین) ده‌رباره‌ی ئازادی وتوویه‌تی “ئێمه‌ ئازادی به‌وه‌دا دەناسینه‌وه‌، كه‌ تاكه‌ دروستكاری ڕەوای بناغه‌ی هه‌موو ڕێكخستنه‌كانه‌، ئیتر ئه‌و ڕێكخستنه‌ ئابووری بێت، یان ڕامیاریی هیچ جیاوازی نییه‌، ئێمه‌ ناڕازیین له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌، كه‌ له‌ دووره‌وه‌، یان له‌ نزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ (سۆسیالیزم، یان كۆمونیزم)ی ده‌وڵه‌تییه‌وه‌  هه‌یه‌” *‌

“تاكه‌كان، یان هه‌روه‌زییه‌كان ئامانجیان هه‌رچیه‌ك بێت‌، دەبێت بە ئازادی ڕه‌ها سوودمه‌ند و خۆشحاڵبن‌ ‌ “

 لەتەك ئه‌وه‌شدا، كه‌ (ئه‌ناركیزم) بزوتنه‌وه‌یه‌كی یه‌كڕا و یه‌‌ككردار نه‌بووه‌ و نییه‌، به‌ڵام هه‌میشه، بیروبۆچوونیان ده‌رباره‌ی ئازادی وه‌ك ئه‌و بیروبۆچوونه‌ی (باكۆنین) بووه‌، ئەوه‌ نه‌بێت ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان ده‌رباره‌ی ئازادی هیچیان نه‌گوتبێت، به‌ڵێ گوتوویانه‌‌‌، به‌ڵام ئه‌وان ئازادی ڕه‌هایان له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ده‌وڵه‌تدا بینیووه‌.

مرۆڤ به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بوونه‌رێكی كۆمه‌ڵایەتییه‌، هه‌رچه‌نده‌، ده‌وڵه‌ت له‌نێو هه‌موو جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دایه‌، به‌ڵام به‌پێوانه‌ی به‌ها مرۆییه‌كان، ده‌وڵه‌ت وەك مرۆڤ كۆمه‌ڵایه‌یی نییه‌، زیندوویی و كۆمه‌ڵایەتیی مرۆڤ و  لاشه ‌ساردی و نا كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌وڵه‌ت دژ به‌یه‌كن و دانوویان پێكه‌وه‌ ناكوڵێت.

ده‌وڵه‌ت، جگه‌ له‌ دڕنده‌یی و بێبه‌زه‌یی، توانیویه‌تی، مرۆڤ فێری ئه‌وه‌ بكات، كه ‌(هه‌بوون avoir بخاته‌ جێگه‌ی بوون être)  به‌واته‌یه‌كی دی وای له‌ مرۆڤ كردووه،‌ خۆشویستنی خاوه‌ندارێتی بخاته‌ جێگه‌ی هه‌موو به‌ها مرۆییه‌كان. خۆشویستنی خاوه‌ندارێتی، واتای خۆشویستنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیش ده‌به‌خشێت، جا ئەگه‌ر ئه‌و ڕسته‌یه ئاواهیش بنووسین، كه مرۆڤ ‌(هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بخاته‌ جێگه‌ی بوون) به‌واته‌یه‌كی دی وای له‌ مرۆڤ كردووه،‌ خۆشویستنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بخاته‌ جێگه‌ی هه‌موو به‌ها مرۆییه‌كان.

ئه‌وه‌ش له‌خۆیه‌وه‌ نه‌ھاتوو، به‌ڵكو هێنراوه‌، ده‌یان سه‌ده‌یه‌ ده‌سه‌ڵات مرۆڤ به‌ ئاوەزی مه‌زنیی و پیرۆزیی (ده‌سه‌ڵات)  په‌روه‌رده‌ و خۆشه‌ده‌كات، وه‌های له‌ مرۆڤ گه‌یاندووه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت ڕێخه‌رێكی نایاب و بێوێنه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌، به‌بێ ئه‌و ڕێكخستنه‌ ژیانی مرۆڤەكان ده‌بێته‌ ژیانێكی پڕ له‌ گه‌ڕه‌لاوژێ و هه‌راوهوریا و گێره‌شێوێنی، ئه‌وانه‌ش كه‌ دژ به‌و جۆره‌ ڕێكخستنه‌ ده‌وڵه‌تییه‌ن، ئاژاوەچی (فه‌وزه‌وی)ن و بڕوایان به‌هیچ ده‌سه‌ڵاتێك و ڕێكخستنێك نییە و ڕازی نیین، ئه‌و ده‌وڵه‌تخوازانه‌‌ درۆزن و ساخته‌چیین، ئه‌وان ئه‌وه‌ ده‌شارنه‌وه‌، كه‌ تیۆریسیۆنانی ئازادیخوازیی (ئه‌ناركیزم) به‌تایبه‌تی (پرۆدۆن) و (باكۆنین) چه‌ندین جار باسی ده‌سه‌ڵات و ڕێكخستنیان كردووه‌، به‌ڵام كام ده‌سه‌ڵات؟ كام ڕێكخستن؟ (پرۆدۆن) باسی ده‌سه‌ڵاتی ئابووریی كردووه‌ و زۆر جار وتوویه‌تی “ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئابووریی ده‌خه‌ینه‌ جێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی” دەبێت  ڕێكخستن؛ خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ بێت، به‌و مه‌رجه‌ له‌ ئازادییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرتبێت.‌ (باكۆنین)یش به‌هه‌مان شێوه‌ باسی ڕێكخستنی كردووه‌ و دژی ڕێكخستنی له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ بووه‌، هه‌روه‌ها باسی (لایەنی كه‌می ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕ)ی كردووه، لای ئه‌و لایەنی كه‌می ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕ، بوونی ‌هاوبه‌شییه‌كان و لیژنه‌ هه‌مئاهه‌نگیه‌كان بوون، نه‌ك حكومه‌ت ‌!

ساڵی 1848سۆسیال دیموكراتیی ئه‌ڵمانی، له ‌سه‌رده‌ستی (كارل ماركس) و (فریدرك ئەنگلس) داهێنانێكی نوێیان ئاخنییه‌ نێو هزری سۆسیالیستییه‌وه‌، ئه‌ویش (به‌ ده‌وڵه‌تیكردنی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان) بوو، گه‌ر له‌ نزیكه‌وه‌ بڕوانینه‌ ئه‌و بیرۆكه‌ و بچینه‌ بنجوبناوانییه‌وه‌، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، له‌وه‌ زیاتر نییه‌، كه‌ ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داران (كۆمەلێك) بكرێته‌ ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دارێك (پارت و دەوڵەت).

هه‌ر زوو گه‌رماوگه‌رم ئازادیخوازه‌كان هاتنه‌ده‌ست و دژی ئه‌و داهێنانه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ وه‌ستانەوه‌ و (پرۆدۆن) و (باكۆنین) دژ به‌وه‌ (به‌هاوبه‌شیكردنی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان)یان پێشنیاركرد، ماوه‌ی چه‌ندیین ساڵ دژایه‌تی نێوان ئه‌و دوو بیروبۆچوونه‌ بووه‌ بابه‌تی سه‌ره‌كی ده‌مه‌قاڵییەكانی كۆنگره‌كانی ئی‌نته‌رناسیۆنالی یەكەم، به‌تایبه‌تی كۆنگره‌ی(لاهای) و (بیرن) و (برۆكسل).

به‌و جۆره‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی  به‌سەر دوو فێرگەدا‌ دابه‌شبوو ، یان باشتر بڵێم دوو ته‌وژم و ڕەوتی سه‌ره‌كی، ته‌وژمی ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ك، له‌لایەكه‌ی دیكه‌وه‌، ته‌وژمی خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی نادەوڵەتی له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی هاوبه‌شییه‌ كرێكارییه‌كان، ئه‌میان سوككردنی هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت، ئه‌وی دیان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داردا (نان و كار و ئازاد)یش ده‌كه‌ونه‌ ده‌ست ده‌وڵه‌ت، دەبێت ڕه‌شوڕووته‌كه‌ زه‌لیل و داماو چاوی له‌ ده‌ستی به‌زه‌یی ده‌وڵه‌ت بێت، به‌ڵكو‌ پارتی خاوه‌ن ئیمتیاز، بەزەیی بتڵیسێته‌وه ‌و بەزەیی به‌ حاڵیاندا بێتەوە.

ئه‌و ده‌وڵه‌تخوازانه‌ قیرسچمه‌ بوون، هه‌ر له‌سه‌ر بیرۆكه‌كه‌یان سوور بوون ‌، هه‌ر جاره ‌و  فێڵ و ڕاوه‌ڕێویه‌كیان ده‌كرده‌ به‌هانه بۆ بوونی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ (پرۆدۆن) به‌رده‌وام چاوی به‌ بیرۆكه‌ هاوبه‌شیه‌كه‌دا ده‌خشانده‌‌وه‌، تا له‌ جه‌ره‌یانی ئه‌و چاوپیاداخشانه‌وه‌یه‌دا، گه‌یشته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌، كه‌ نابێت ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان بكرێنه‌ موڵكی هاوبه‌شیه‌كان، چونكه‌ مه‌ترسی دروستبوونی جیاوازی و  ئیمتیاز دە‌خوڵقێنێت، به‌ڵكو دەبێت ئامرازه‌كان، به‌پێی پێویست بۆ كاتێكی دیاریكراو به‌ده‌ست هاوبه‌شییه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانه‌وه‌بن، لیژنه‌ هه‌مئاهه‌نگیه‌كان بتوانن لێیان وه‌ربگرنه‌وه‌، ئه‌و لیژنه‌ هه‌مئاهه‌نگیانه‌ له‌ هه‌رچی ئاستێكدا بن، كاری دابینكردن و دابه‌شكردن و ده‌فته‌رداریان له‌ ئه‌ستۆیه‌، ئه‌و لیژنانه‌ ڕۆڵی حكومه‌ت دە‌بینن، به‌ڵام حكومه‌ت به‌ واتا باوه‌ سه‌رمایه‌داریكه‌ی نا، ئه‌و لیژانه‌ هه‌موویان  زاده‌ی هه‌ڵبژاردنی له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ن، واته‌ هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆ، یان باشتر بڵێم دیموكراتی ڕاسته‌وخۆ‌‌.

من جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ هه‌ر كه‌سه‌ ئازاده ‌و ئاره‌زووی خۆیه‌تی، كە بۆ باسكارییه‌كه‌ی چ فۆرمێكی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵدە‌بژێرێت، به‌ڕای من هیچ له ‌نێوه‌ڕۆكی باسه‌كه‌ ناگۆڕێت،چونكه‌ ده‌وڵه‌ت، هه‌ر ده‌وڵه‌ته ‌(مالاتستا) واته‌نی “ئه‌م ده‌وڵه‌ت له‌وی دی ده‌چێت، ئه‌وی دیش له ‌دانه‌یه‌كی دیكە ده‌چێت”.

من به‌شبه‌حاڵی خۆم فۆرمی (ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دار) هه‌ڵدە‌بژێم، چونكه‌ كه‌مێكی لێده‌زانم، جگه ‌له‌وه‌ ده‌رباره‌ی باسه‌كه‌مان، تاقیكردنه‌وه‌كانی روسیا، به‌ر  له ‌شۆڕش، كاتی شۆڕش و دوای شۆڕشیش، گه‌لێك به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گریان به‌ده‌سته‌وه‌داوه‌ .

پێشتر باسمكرد، كه‌ ده‌سه‌ڵات، به‌ چ گیانێك مرۆڤ په‌روه‌رده‌ و خۆشه‌ ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ سه‌یر نییه‌، گه‌ر‌ تاڕاده‌یه‌ك ده‌وڵه‌تخوازی  له‌چاو ئازادیخوازیدا په‌سه‌ندتر بێت.

بیرۆكه‌ی (ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دار) نه‌ك هه‌ر نه‌پوكایه‌وه‌، به‌ڵكو سۆسیال دیموكرات له‌ ئه‌ڵمانیا و ڕوسیا گه‌یاندیانه‌ لووتكه‌، له‌ ئه‌ڵمانیا  باڵی (كاوتسكی)** و  له‌ (روسیا)ش باڵی (بۆلشه‌ڤیك- لینین-)***

سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست‌، له‌ روسیا به‌ جۆرێك بزوتنه‌وه‌ی خۆبه‌خۆیی كرێكاران له‌ هه‌ڵكشاندابوو، كه‌ (لینین) ناچاربوو ده‌رباره‌ی ڕاپه‌ڕینی (مۆسكۆ 1905) بڵێت “كرێكاران سه‌د جار له‌ ئێمه‌ چه‌پڕه‌وتر بوون”، له‌ ساڵی1905به‌ دواوه‌، كرێكاران كارگه‌كانیان داگیردە‌كرد، جوتیارانیش زه‌وییه‌كانی خۆیان به‌خۆیان به‌ڕێوهده‌یانبردن ‌**** له‌ولاشه‌وه‌ پارته‌ ڕامیارییه‌كان كه‌روێشكه‌ خه‌ویان ده‌كرد، ئه‌و ده‌مه‌ به‌تایبه‌تی 1917بۆ‌لشه‌ڤیكه‌كان به‌هێزتریین ڕێكخراوبوون و خاوه‌نی ڕێكخستنێكی خاوه‌ن دسپلینێكی پۆڵایین بوون و له‌ هه‌موو ئه‌وانی دیكە ئامادەتربوون و ئاگایان له‌ دۆخه‌ ڕامیاریه‌كه‌ بوو، به‌تایبه‌تی (لینین) و (ترۆتسكی). (بۆلشەڤیكەكانه‌كان) دە‌یانزانی، كه‌وا خه‌ریكه‌ هێدی هێدی كار له ‌كار ده‌ترازێت و تا دێت تینی هه‌ڵكشانه‌ شۆڕشگێڕه‌كه‌ به‌هێزتر ده‌بێت و كۆڕه‌ كرێكارییه‌كان هه‌موولایه‌كیان گرتۆته‌وه‌ و بونه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی و چاره‌نووسی پارته‌كان، چونكە هه‌لومه‌رجه‌كانی خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تی، بارێكی ڕامیاریی سه‌یری هێنابووه‌ ئاراوه‌.

له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات تۆقیبوو، له‌لاكه‌ی تره‌وه‌ پارته‌ ڕامیارییه‌كان، به‌تایبه‌تی له‌ هه‌موویان به‌هێزتر (بۆلشەڤیكەكان) واقوڕماو و داماو به‌ دوای چاره‌ییكی ڕامیارییدا ده‌گه‌ڕان، لەتەك هه‌موو جیاوازییه‌كاندا، ناڕاسته‌وخۆ حه‌ز و ویستێكی ڕامیاریی هاوبه‌ش لایه‌نه‌ ڕامیاریه‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدابوو، به‌ڵام هیچ لایه‌كیان له ‌ترسا ئه‌و نهێنییه‌ ڕامیاریه‌ی نه‌دە‌خسته‌ ڕوو، جه‌ماوه‌ر خۆی هه‌ستی به‌وه‌ كردبوو، كه‌  ته‌نها باڵه ‌و دەبێت له‌ خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردندا به‌رده‌وامبێت،جگه‌ له‌ بۆلشەڤیكەكانه‌كان پارته‌كانی دی هیچ سه‌نگێكی ڕامیاری و جه‌ماوه‌ری ئه‌وتۆیان نه‌بوو پارسه‌نگی هێزه‌كان به‌لایه‌كدا بخه‌ن، ئه‌وه‌ی مابوو ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی و بۆلشەڤیكەكانه‌كان بوو.

تا ده‌هات ئامێری داپڵۆسین به‌هێزتر و به‌ زه‌برتر دە‌بوو، خه‌فه‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی كرێكاران، به‌شێك بوو له‌ پلانی بۆلشەڤیكەكانه‌كان، ئه‌وان ئه‌وه‌یان دە‌زانی، كه‌ به‌كۆڵی كرێكارانه‌وه‌ نه‌بن ناگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی، له‌به‌رئه‌وه‌ دە‌بووایه‌ به‌بێ خشپه‌ باره‌ ڕامیارییه‌كه‌ بقۆزنه‌وه‌، دانا و زاناتریین كه‌سی ڕامیاریی ئه‌و كاته‌ (لینین) بوو، ئه‌و دە‌یزانی له‌ كوێوه‌ و چۆنچۆنی بچێته‌ ژووره‌ و چۆنچۆنیش بێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌و دە‌یزانی به‌بێ ژێرده‌سته‌كردنی سۆڤیه‌ته‌كان هیچ به‌ هیچ ناكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌وێوه‌ ده‌ستیانپێكرد، لای كه‌سمان شاراوه‌ نییه، كه‌ (لینین) بۆ تێپه‌ڕكردنی هزری (ده‌ستبژێری هۆشمه‌ندی شۆڕشگێڕ) له‌ په‌ڕتووكه‌ به‌دناوه‌كه‌یدا (ماالعمل) چ گاڵه‌یه‌كی به‌ خه‌باتی خۆبه‌خۆیی سه‌ندیكایی كرد، به‌ڵام بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی سۆڤیه‌ته‌كان په‌شیمانبوه‌وه‌ له‌ دژیایه‌تیكردنی خه‌باتی سه‌ندیكایی، داوا له‌ بۆلشەڤیكەكانه‌كان ده‌كات بچن له‌ سه‌ندیكاندا كاربكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بابه‌تی (ئایا دە‌شێت بۆلشەڤیكەكانه‌كان له‌ سه‌ندیكاكاندا به‌شداربن) دە‌نوسێت، ته‌نانه‌ت فه‌توای ئه‌وه‌ش دە‌دات، كه‌ دە‌توانن له‌ كۆنه‌په‌رستریین سه‌ندیكادا كاربكه‌ن. هێنده‌ی نه‌برد، كه‌ بۆلشەڤیكەكانه‌كان له‌ زۆرێك له‌ سۆڤیه‌تی كارگه‌كاندا جێگه‌ی خۆیان خۆشكرد، هه‌نگاوی یه‌كه‌می پلانی پووچه‌ڵكردنی سۆڤیه‌ته‌كان ئە‌وه‌بوو، خۆشی واته ‌(لینین) بۆ ته‌واوكردنی پلانه‌كه‌، واته‌ به‌شی دووه‌می پلانه‌كه‌ له‌ كاتی گه‌ڕاندنه‌وه‌یدا بۆ روسیا له‌ شه‌منده‌فه‌ره‌كه‌دا،ئه‌و دروشمانه‌ی داڕشت “كارگه‌كان بۆ كرێكاران، زه‌وییه‌كان بۆ جوتیاران ، ڕاوه‌ستانی جه‌نگو ئاشكراكردنی نهێنییه‌كانی” .

ئه‌و كاته‌ زۆر كه‌س به‌تایبه‌تی (ئازادیخوازه‌كان) باشدە‌یانزانی، كه‌ ئه‌و دروشمانه‌ دروشمی بیروباوه‌ڕی نیین، دروشمی تاكتیكیین بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵات، با كه‌مێك له‌ نزیكه‌وه‌ بڕوانیینه‌ ئه‌و دروشمانه‌ (كارگه‌كان بۆ كرێكاران و زه‌وی بۆ جوتیاران) ئه‌و دروشمه‌ ته‌واو جێگه‌ی گومانه‌ بۆ له‌و كاته‌دا به‌رزكرایه‌وه‌، مه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر لە كارگە و كارخانەكان به‌ ده‌ست خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی كرێكارییه‌وه‌ نه‌بوون؟ له‌ بواری كشتوكاڵیشدا،هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ نه‌بوو؟ ****

ئه‌وان گه‌ر مه‌به‌ستیان به‌ حیزبیكردن، یان به‌ ڕامیاریكردنی كۆڕه‌ كرێكارییه‌كان نه‌بوو ئه‌ی چیبوو؟ به‌ڵێ هه‌ر ئه‌وه‌بوو،چونكه‌ هیچ حیزبێكی ڕامیاری یا ده‌سه‌ڵاتێكی ڕامیاریی، بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی ئابووریی كرێكاریی له‌پاڵ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆیدا په‌سه‌ندناكات.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ده‌مه‌، له‌به‌ر كه‌می تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی سۆسیالیستی ده‌وڵه‌تییدا و***** له‌به‌ر ده‌ستبه‌رنه‌دان له‌ شۆڕش و وه‌فایی بۆ ده‌ستكه‌وته‌كانی، ئه‌و دروشم و هه‌ڵوێسته‌ی بۆلشەڤیكەكانه‌كانیان به‌ پاڵپشتێكی مه‌زنی پرسە‌كه‌ی خۆیان زانی، له‌به‌رئه‌وه‌ ڕێگه‌یان له‌ بۆلشەڤیكەكانه‌كان نه‌ده‌گرت لەوەی خۆیان نزیكبخه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ھەلێكی گه‌وره‌ بوو بۆ بۆلشەڤیكەكانه‌كان، تا خۆیان بكه‌نه‌ نێواخنی سه‌ندیكاكان و سۆڤیه‌ته‌كان.

كرێكاران به‌ گه‌رمییه‌وه‌ پێشوازی دروشمی ڕاگرتنی جه‌نگیان كرد، چونكه‌ جه‌ماوه‌ر ته‌واو هه‌راسان و ماندوو و برسی ده‌ستی ئه‌و جه‌نگه‌ بوو، وه‌هاش ده‌یانڕوانیه‌ ئه‌و جه‌نگه‌، كه‌ مه‌ترسییه‌كی هێكجار گه‌وره‌یە بۆ شۆڕش، ئه‌و دروشمه‌شیان به‌ پشتگیری زانی و قبوڵیانكرد.

له‌ڕاستیدا من ئه‌و ڕێگه‌یه‌ به‌خۆم ناده‌موو بڵێم (لینین) و بۆلشەڤیكەكانه‌كان له‌ڕووی تیۆرییه‌وه‌ دژی خودی كۆڕی كرێكاری بوون، به‌ڵام وه‌كو پێشتر وتم، ئه‌وان خوازیاری كۆڕی ڕامیاریی كرێكاریی بوون و حه‌زیان له‌ چاره‌ی كۆڕی ئابووریی كرێكاریی نه‌بوو، ئا ئه‌وه‌یه‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی پرسە‌كه‌، ئه‌وان ئه‌وه‌یان دە‌زانی، كه‌ كۆڕی ئابووریی كرێكاریی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گۆڕان و شۆڕشی ڕامیاریی نییه‌، به‌ڵكو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شۆڕشی ڕیشه‌ییه ‌(شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی). بۆلشەڤیكەكانه‌كان عه‌وداڵی شۆڕشی ڕامیاری بوون، نه‌ك كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وان هه‌رچی بۆنی گۆڕانی كۆمه‌ڵایەتیی لێبهاتایه‌ لێیده‌ترسان.

جارێكی دی ده‌یڵێمه‌وه‌، كه‌ كرێكاران ئاشنای هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و پاشقولی (سۆسیالیستی، كۆمونیستی) نه‌بوون و ساده‌ و ساویلكه و‌ به‌ وه‌فابوون بۆ هه‌ڵكشانی شۆڕشگێڕی و ده‌ستكه‌وته‌كانی،  ئەمانە بوونه‌ هۆكاری سه‌ره‌تایی و سه‌ره‌كییه‌كان بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌نگاوی یه‌كه‌می پلانه‌كه‌ی بۆلشەڤیكەكانه‌كان، ئه‌وه‌بوو بۆلشەڤیكەكانه‌كان خۆیان خزانده‌ نێو سه‌ندیكاكان و سۆڤیه‌ته‌كانه‌وه‌ توانیان ئاڕاسته‌كه‌ كۆمەڵایەتییەیان بگۆڕن به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی ڕامیاریی، واته‌ دایانماڵیین له‌ ماهییه‌ته‌ چینایەتییه‌كه‌یان بۆلشەڤیكەكانه‌كان ھەرچیان بۆ دە‌كرا كردیان، به‌شه‌ مه‌ترسیدارتره‌كه‌یان هه‌ڵگرت بۆ دوای ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی. بۆلشەڤیكەكانه‌كان هه‌رچی كون و كه‌له‌به‌ری شۆڕشه‌ ڕامیارییه‌كه‌ی خۆیان هه‌بوو، به‌ خه‌تای كرێكارانیان ده‌زانی، له‌به‌رئه‌وه‌ دوای وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات به‌گیانی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ مامه‌له‌یان لەتەك كرێكاران و جوتیاران ده‌كرد.

ڕاسته‌و نكۆڵی له‌وه‌ ناكرێت، كه‌ سوپای سپی هێزێكی كۆنەپه‌رستی دڕنده‌ و وێرانكار بوو، به‌كرێگیراوی بۆرسه‌ی (پاریس) و سه‌رمایه‌دارانی ناوه ‌و ده‌ره‌وه‌ بوو، ده‌سه‌ڵات لەتەكیدا له‌ جه‌نگێكی خوێناوی سه‌ختدا بوو، به‌ڵام لەتەك ئه‌وه‌شدا، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌رچاوێكی له‌سه‌ر هێزی سۆڤیه‌ته‌كان بوو و لێیان تۆقیبوو، چونكه‌ دە‌یزانی، كه‌ ناتوانێت له‌پاڵ ئه‌واندا مێخه‌كانی خۆی قوڵ دابكوتێت، دە‌بووایه‌ سه‌ریان به‌گۆمدا  بكات، ده‌سه‌ڵات زیاتر له‌وانه‌ ده‌ترسا:

– سۆڤیه‌ته‌كانی (مۆسكۆ – كرۆنشتات- پترۆگراد)

– بزوتنه‌وه‌ی ھەرەوەزیی جوتیارانی ئۆكرانیا، ناسراو به‌ بزوتنه‌وه‌ی (ماخنۆڤیستی)

– ئازادیخوازه‌كان (ئه‌ناركیسته‌كان)

– به‌رهه‌ڵستكارییه‌كه‌ی نێو پارت،به‌ پێشڕه‌وی (ئه‌لكسندرا كۆلنتای)

لەبەرئەوە به‌ یاسا بنەڕەتییە‌كان سۆڤیه‌ته‌كانی هه‌ڵدە‌وه‌شانده‌وه ‌و له‌ جێگه‌كانیان لیژنەی‌ حیزبی و سه‌ندیكای سووریان دادە‌نا، هه‌ر به‌رهه‌ڵستییه‌ك ببووایه‌ له‌ خوێنی خۆیدا ده‌یانگه‌وزاند، بۆ نمونه‌ قه‌سابخانه‌ی (كرۆنشتاد و  پترۆگراد). ‌

هه‌رچه‌نده‌ سوپاكه‌ی (ماخنۆ) له‌ پێش سوپای سووره‌وه‌ دژی دژه‌-شۆڕش و ھێزەكانی ئاڵمان و نەمسا ئازایانه‌ ده‌جه‌نگا و قوربانیدە‌دا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات، هه‌ر لێیی ڕازینه‌بوو، چونكه‌ به‌گەلكاریی به‌رهه‌مه‌كانیان به‌رهه‌مدەھێنا و داوای به‌ كۆمونیستكردنی زه‌وییەكان و به‌رهه‌مێنان و دابه‌شكردنیان ده‌كرد.

ئازادیخوازه‌كان به‌ ژماره‌ له‌ روسیا  هێزێكی مه‌زن نه‌بوون، به‌ڵام كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ڕوداوه‌كان دانابوو، تاكه‌ هێزبوون، كه‌ لەتەك بزوتنه‌وه‌ی خۆبه‌خۆیی كرێكاران له‌ سۆڤیه‌ته‌كاندا تێكه‌ڵبوون و ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بوو و له‌ لایه‌نگرانی شۆڕش بوون، له‌ پترۆگراد و كرۆنشتاد لەتەك كرێكاراندا شه‌ونخونیان ده‌كێشا، تا هێزی دژه‌-شۆڕش بۆ لێدانی سۆڤیه‌ته‌كان و په‌كخستنی به‌رهه‌مهێنان ده‌رفه‌تی ده‌ستنه‌كه‌وێت. ئه‌وان لەتەك ئه‌و هه‌ڵوێسته‌شیاندا،له‌ هه‌موولایه‌ك ئاگاداریان ده‌دا و خه‌ڵكیان له‌ مه‌ترسی ده‌سه‌ڵاتی پارتی ئاگاداردە‌كرد، كه‌ شۆڕش به‌ره‌و مه‌رگه‌ساتێكی گه‌وره‌ ده‌بات و ڕۆشنیاندە‌كرده‌وه‌، كه‌ به‌هێزبوونی ئه‌قڵییه‌تی به‌ حیزبیكردنی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌ هۆی سه‌ره‌كی داكشانی شۆڕش و زیادبوونی ئیمتیازاتی كۆمه‌ڵایه‌تی.

بۆلشەڤیكەكانه‌كان له‌نزیكه‌وه‌، به‌تایبه‌تی (ترۆتسكی) ئاگاداری بیربۆچوون و هه‌ڵوێستی ئه‌و ئازادیخوازانه‌ بوو، وه‌ك دوژمن تێیدە‌ڕوانیین و له‌ هیچ جێگه‌یه‌ك بواری مانه‌وه‌یانی نه‌هێشتبووەوه،‌ له‌ كرۆنشتاد ژماره‌یه‌كی زۆری كوشتن و برینداركردن  به‌ندیخانه‌كانیشی له‌و ئازادیخوازانه‌ پڕكردبوو، جگه ‌له‌وه‌ به‌ ئاگر و ئاسن په‌لاماری باره‌گه‌كانیانی دە‌دا و به‌ كۆمه‌ڵ ده‌یكوشتن، خوێناویترینیان په‌لاماری باره‌گای مۆسكۆ بوو، تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ كه‌س به‌ڵگه‌یه‌كی به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌ و  بڵێت سه‌رانی بۆلشەڤیكەكانه‌كان به‌تایبه‌تی (لینین) ئاگاداری ئه‌و قه‌سابخانانه‌ نییه‌.

له‌نێو حیزبی بۆلشەڤیكەكانه‌كاندا ده‌نگ و هه‌ڵوێستێكی كرێكاریی ناڕه‌زا دروستبوبوو (ئه‌لكسه‌ندرا كۆلنتای) یه‌كێك بوو له‌وانه‌ داوای سه‌ره‌كیان دانانی سنوور بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتی حیزبی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بوو بۆ سۆڤیه‌ته‌كان، بۆلشەڤیكە‌كان ئه‌وانیشیان پاككرده‌وه‌، زۆریان لێكوشتن، زۆریشیان ده‌ربه‌ده‌ری سیبریا و شوێنه‌ دوورده‌سته‌كانی دیكە كرد و به‌شێكی دیان ڕه‌وانه‌ی خڵه‌فاوخانه‌كانی حیزب كرد، دواتر كه‌سنه‌یزانی لە چ گۆڕێك نران.

با ئێسته‌ بزانیین چۆن ڕاگرتنی جه‌نگ، كرایه‌ به‌شێك له‌و قه‌سابخانه‌یه‌. نه‌دە‌بووایه‌ شۆڕشی كۆڕه‌ كرێكارییه‌كانی ئه‌ڵمانیا سه‌ریبگرتایه‌، چونكه‌ دە‌بووه‌ وزه‌به‌خشی كۆڕه‌ كرێكارییه‌كانی روسیا، به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌مه‌ سپارتاكیسته‌كانی ئه‌ڵمانیا وه‌ك بۆلشەڤیكەكان بیریاننه‌دە‌كرده‌وه‌، بڕوایان به‌ هزری (حیزبی پێشڕه‌و) نه‌بوو، زیاتر خۆبه‌خۆیخوازی كرێكاری و ده‌سه‌ڵاتی كۆڕه‌ كرێكارییه‌كان بوون به‌تایبه‌تی (رۆزا لوكسمبورگ) و (كارل لێبكنێشت) (بڕوانه‌ هه‌موو جنێوه‌كانی لینین) كه‌ به‌و دوو شۆڕشگێڕه‌ی ده‌دان.

بۆلشەڤیكەكانه‌كان له‌ ڕامیارییدا به‌ سه‌لیقه‌بوون، دە‌یانزانی گه‌ر جه‌نگ ڕابگیرێت، وزه‌به‌خشی كرێكاری ئه‌ودیوو بۆ ئه‌مدیوو، ئه‌مدیوو بۆ ئه‌ودیوو بنه‌بڕدە‌كرێت و قور به‌سه‌ر كۆڕه‌كاندا دە‌كرێت، چۆن؟ له‌به‌ر جه‌نگ له‌ هه‌ردوولا سوپا ده‌ستیگیرابوو و نه‌یدە‌په‌رژایه‌ سه‌ركاروباری نێوخۆ،ئه‌وه‌بوو به‌ گرێبه‌ستێك جه‌نگ ڕاگیرا، له ‌هه‌ردوولا سوپا ده‌ستبه‌تاڵبوو، توانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌ و ئه‌زمونی داپڵۆسین بخه‌نه‌گه‌ڕوو و بكه‌ونه‌ وێزه‌ی  كۆڕه‌كان، له‌ ئه‌لمانیا بڵاوه‌ به‌ كۆڕه‌كان كرا، چه‌نده‌ها كادری كرێكاری شۆڕشگێڕ تیرۆركران، بۆ نمونه‌ (رۆزا) و (كارل لێبكنیێشت) له‌ روسیاش ئە‌وه‌ كرا، كه‌ به‌ كورتی باسمكرد. ئه‌و ده‌مه‌ كه‌شێكی وه‌ها دروستكرابوو، كه‌س نه‌یدە‌وێرا له‌ پێستی خۆیدا بجوڵێته‌وه‌، یەكسەر به‌ پیاوی بێگانه‌ و دژه‌-شۆڕش  تاوانباردە‌كرا و سه‌ره‌نگوم ده‌كرا.

ئا له‌و شه‌ڕه‌ خوێناویه‌دا (ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دار) بردیه‌وه‌ و (‌هاوبه‌شی كرێكاران) دۆڕاندی، به‌ واته‌یه‌كی دی شۆڕشی ڕامیاریی گره‌وی برده‌وه‌ و (دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا !! و حیزبی پرۆلتاریا!) باوكران.

دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا !! و حیزبی پرۆلیتاریا !!

ئه‌و دوو ده‌عبایه‌ ته‌واوكەر و وزه‌به‌خشی یه‌كترن، به‌جیا هه‌ركامیان وه‌ربگریت، له‌ توڕه‌هات زیاتر هیچ واتایه‌كی تریان نییه‌، ئه‌و دووانه‌ موڵكی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریین، نه‌ك  پرۆلیتاریا وه‌ك چینێكی شۆڕشگێڕ، دە‌شێت یه‌ك پرۆلیتار، یان ده‌سته‌یه‌كی ناھوشیار بیانكه‌ موڵكی خۆیان و خۆیانی پێوه‌بابده‌ن، به‌ڵام پرۆلیتاریا وه‌ك (چینێك) هیچ كارێكی به‌وانه‌ نییه‌، پرۆلیتاریا به‌ غه‌ریزه‌ش بێت، كارێك ناكاته‌ ئه‌ركی خۆی، گه‌ر ئه‌ركی مێژویی خۆی نه‌بێت، ئه‌وه‌ له‌ كیوێ و كه‌ی پرۆلیتاریا به‌بێ هوده‌ به‌ دوای حیزێكدا گه‌ڕاوه، تا‌ بیكاته‌ پێشڕه‌وی خۆی؟ له‌ هه‌موو شوێنێك هه‌میشه‌،هه‌ر حیزب به‌بێهوده‌ به‌دوای چینی پرۆلیتاریادا گه‌ڕاوه‌، تا بیكاته‌ پاشكۆی خۆی

ده‌رهه‌ق به‌و دیكتاتۆریه‌ته‌ نه‌فره‌تییه‌ش، پرۆلیتاریا هیچكات كاری پێینه‌بووه‌، تا پراكتیزه‌ی بكات.

گه‌ر بتوانرێت دیكتاتۆریه‌ت واتایه‌كی پۆزه‌تیڤ و به‌له‌زه‌تی بده‌یتێ، ئه‌وا دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا خودی شۆڕشه‌كه‌یه‌تی، به‌واتایه‌كی دی كاتێك پرۆلیتاریا به‌ شۆڕشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی فه‌رشی ئابووری له‌ژێر لاقه‌كانی بۆرژوازی ده‌ردە‌هێنێت و ده‌موده‌ست ده‌یخاته‌ ژێر هاوبه‌شییه‌ كرێكارییه‌ ئازاده‌كان، ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ پراكتیزه‌كردنی دیكتاتۆریه‌ته‌كه‌ی، ئەگه‌ر نا  پرۆلیتاریا، نه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی هه‌یه‌، تا بیكاته‌ ئامرازی پراكتیزه‌كردنی دیكتاتۆریه‌ت، نه‌ خاوه‌نی هیچیشه‌ تا به‌ دیكتاتۆریه‌ت پارێزگاری بكات، پرۆلیتاریا دوای شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌یه‌تی و نییه‌تی هاوبه‌شیه‌ ئازاد و ئاره‌زومه‌نده‌كانییه‌تی به‌رگریان لێبكات، ئه‌و به‌رگریه‌ش، نە‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی حیزبییە و نه‌‌ واتای پراكتیزه‌كردنی دیكتاتۆریه‌تیش ده‌به‌خشێت، ته‌نها به‌رگرییه‌كی شۆڕشگێڕانه‌یه‌ له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌و به‌رگریه‌شدا،نه‌ كه‌س، نه‌هیچیش ده‌كاته‌ ئامرازی ده‌ستی خۆی، ته‌نیا خۆیه‌تی خۆی به‌ خۆبه‌خۆیی، كه‌واته‌ پرۆلیتاریا وه‌ك چینێك له‌ موماره‌سه‌كردنی هیچ جۆره‌ ده‌سه‌ڵات و حیزبێكدا ماهیه‌تی خۆی جێبه‌جێ ناكا و ناسه‌لمێنێ، پرۆلیتاریا شۆڕشه‌كه‌ی، یان شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، یان نییه‌، پرۆلیتاریا چینێكی شه‌قاوه‌ نییه‌، خواست و هیوا و مه‌به‌ستی ڕامیاریی نییه‌، خواست و هیوا و مه‌به‌سته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریین، تەنیا حیزبی پرۆلیتاریا، خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنێكی چینایەتییه ‌و وا له‌نێو چوارچێوه‌ی چینه‌كه‌ی خۆیدا، ده‌ستی ده‌ره‌كی نامۆی تیادا نییه‌، ئه‌و حیزبه‌ی ئه‌و [ڕێكخستنی سەربەخۆیی جەماوەریی] پشتبه‌خۆبه‌ستی چاونه‌ترسه‌ و مێژووی خه‌باتی پڕه‌ له‌ هه‌زان هه‌زار  مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕین و داهێنانی تیۆرییه‌.

حیزبی ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه ‌و ڕامیارییه‌، ده‌سه‌ڵاتخوازان ته‌واو به‌وه‌ هۆشمه‌ندن، كه‌ دەبێت به‌ر له‌ (شۆڕشی كۆشك) پێكهاته‌یه‌كی ڕامیاریی قوچكەیی (هه‌ره‌می/ ھیرارشی) خاوه‌ن دیسپلین هه‌بێت، واته‌  ده‌وڵه‌تێكی بچوكراوه‌ی حازربه‌ده‌ست هه‌بێت، تا له‌ كاتی ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریدا، هه‌موو كون و كه‌له‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیان پێپڕبكرێته‌وه‌ و وابێت كە ده‌وڵه‌ت له‌هیچی كه‌م نه‌بێت، به‌تایبه‌تی له‌بواری داپڵۆسینی جه‌سته‌یی (پۆلیس و سه‌رباز) و داپڵۆسینی هزری و ڕۆسنبیری (میدیا). ئه‌ ئاواهین ئه‌و دوو جۆره‌ حیزبه‌، واته‌ (حیزبی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆبه‌خۆیی شۆڕشگێڕ) و (حیزبی هۆشمه‌ندی پێشڕه‌و) لێره‌دا سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و (حیزبه‌ هۆشمه‌نده‌)، دوو په‌ڕتووكی هه‌ن (الدولة و الثورة) و (ماالعمل)، ئەگەر لە دەستی بسێنیت، ئیتر هیچی پێنامێنێ ،نه‌ بیڵێت،نه‌ بیكات.

شۆڕشی ئه‌ناركی ******

به‌ر له‌ هه‌موو شتێك (باكۆنین) پێماندە‌ڵێت “شۆڕشه‌كان یاری منداڵان نیین” شۆڕش جه‌نگه‌، ئەو جه‌نگە ئه‌هلییە، ڕاسته‌ شكێنه‌ره‌، ته‌نها كاردانه‌وه‌یه‌ و هیچی دی پێویست به‌وه‌ ناكات قسه‌ و قسه‌ڵۆكی دی دوابخرێت، ئه‌و به‌لایه‌وه‌ سه‌یره‌، كە ئه‌و جه‌نگه‌ ئەوەندە نه‌فره‌تی بێت و ھەروەھا ئەو لەوە بێگومانە، كە جەنگ‌ ئەھلی شاڵاوێكی  یەكژەمیی رۆماتیكییە و گورجوگۆڵییه‌كی كاریگه‌ری مه‌زن دە‌هوروژێنێت، بۆ ئامانجی سه‌ركی، كه‌ ئه‌ویش تێكوپێكشكاندی هه‌موو جۆره‌كانی سه‌روه‌ریه‌، كه‌ ده‌وڵه‌ت خراپتریین سمبولی هه‌موویانه‌، هه‌موو  ڕۆژێك، له‌ هه‌موو شوێنێك دروستكاری خۆبه‌خۆیی جه‌ماوه‌ری، نێوه‌ڕۆكی ستراتیجی ئه‌ناركیسته‌ شۆڕگێڕه‌كانه‌‌، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ ڕاستی گومانلێنه‌كراوی فه‌لسه‌فه‌ی ڕامیاریی باكۆنینی.

شۆڕشگێڕان ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش بێت، بۆ سوودگه‌یاندن به‌ ئازادی، پارێزگاری دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی ده‌كه‌ن و  به‌بێ هیچ چۆنوچه‌ندییەك له‌سه‌ر ئه‌وه ‌سوورن، كه‌ لایه‌نگرانی یه‌كسانی ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تین، ئه‌گینا ئازادی ده‌بێته‌ وشه‌یه‌كی بێواتا و دوور لە مۆراڵ و گه‌شه‌كردن، هه‌موو درۆی گه‌وره‌ن (باكۆنین) بلێبڕاوانە ئازادی ده‌خاته‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی نه‌خشه‌، ئه‌و وا بیرده‌كاته‌وه‌، كه‌ “یه‌كسانی له‌ دونیادا له‌ خۆبه‌خۆیی كار و هاوبه‌شییه‌كان و هه‌ره‌وه‌زییه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ ئازاده‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، نه‌ك له‌ سه‌روه‌ریكاری و ده‌وڵه‌ته‌وه‌.

(باكۆنین) جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی كه‌رتبوونی سۆسیالیسته‌كان، واته‌ هه‌ره‌وه‌زیخوازه‌ شۆڕشگێڕه‌كان و كۆمونیسته‌ سه‌روه‌ریخوازه‌كان، دۆستانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ده‌وڵه‌ت، ئەستەمه‌ به‌بێ بوونی ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكار، سه‌روه‌ریخوازیی و چینێكی چه‌وسێنه‌ری خاوه‌ن ئیمتیاز ، بوونی ھەببێت.

ئێمه‌ ئه‌مڕۆ به‌باشی و به‌ئاسانی له‌ سڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ناركیسته‌ روسه‌ (باكۆنین) ده‌گه‌ین، كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ بیرۆكه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن (حیزبێك‌، یان چینێكی شۆڕشگێڕه‌)وه هه‌یبوو، كە‌ له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرتووه‌.

ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌ته‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی (كارل ماركس) پێماندە‌وترێت، له‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌ودا هه‌موومان یه‌كسانیین، به‌ڵێنی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ن، كه‌ نه‌ یاسایی، نه‌ ڕامیاریی، نه‌ ئابووریش چینی خاوه‌ن ئیمتیاز بوونی نییه‌ (…)، به‌ڵام حكومه‌تێك هه‌یه ‌” لێره‌دا باش تێبینی ئه‌وه‌بكه‌ن” كه‌ حكومه‌تێك هه‌یه ‌و هه‌موو سامانه‌كانی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، به‌ڵام به‌ هیچ جۆرێك وه‌ك حكومه‌ته‌كانی دی حكومڕانی ناكات!! شتێكی سه‌یره‌.

(باكۆنین) لای خۆی گومانی نه‌هێشتۆته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی یه‌كلاكردۆته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ پرۆلیتاریا دوای ئه‌وه‌ی كە دەست به‌سه‌ر ئامێری ده‌وڵه‌تدا دە‌گرێت، بۆ له‌نێوبردنی بۆرژوازی، سوودی لێوه‌ربگرێت. لای (باكۆنین) ده‌وڵه‌ت داموده‌زگایه‌كی دژه‌شۆڕشگێڕیی داپڵۆسێنه‌ره‌، دوای ئه‌نجامدانی شۆڕش، ته‌نها بۆ ساتێكیش ده‌ستیپێوه‌ناگیرێت و له‌نێودە‌برێت، ئا لێره‌دایه‌ كه‌له‌به‌ر و جیاوازی نێوان ئه‌ناركیزمی شۆڕشخواز و ماركسیزم، زۆر ئاشكرایه‌، كه‌ ناته‌بایی (ماركس) و (باكۆنین) ستراتیجی شۆڕشی سۆسیالیستی خستنه‌ بنبه‌ستێكی مه‌زنه‌وه‌، هه‌ڵوێسته‌***** دژ به‌یه‌كه‌كانیان زۆر له‌وه‌ زیاتر بوون، كه‌ ته‌نها ده‌مه‌قاڵێیه‌ك و پێشبڕكێیه‌كی ئایدیۆلۆجی بووبن. پاش 1917ئه‌و گرفته‌ تیۆرییه‌ به‌ جۆرێكی دراماتیكی، به‌ڕاستی پراكتیزه‌كرا، به‌ چه‌شنێك پرۆلیتاریای دونیای دووچاری زنجیره‌یه‌ك قه‌یرانكرد، كه‌ ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك،  كه‌س پێشبینی تروسكایی  ده‌لاقه‌یه‌كی ڕۆشنی قوتاربوون، نابینێت.

*********************************************

پەراوێزەكان:

* بڕوانه‌ په‌ڕتووكی (histoire de l’anarchisme‌) لاپه‌ڕه‌٢٤٢

** بڕوانه‌ په‌رتووكی (به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات)ی كاوتسكی

*** بڕوانه‌ په‌ڕتووكه‌كانی (ما العمل) و  (الدولة والثورة) و (موضوعات نیسان)و  (هل یحتفظ البلاشفة بالسلطة)

**** بڕوانه‌ په‌ڕتووكی(la révoulition inconnu)ی ڤۆلین، هه‌روه‌ها نووسینه‌كانی (ئیما گولدمان) و (ئه‌لكسندر بێركمان)

*** بڕوانه‌ په‌ڕتووكی ( شۆڕشی نه‌ناسراو la révollution inconnu) و نووسینه‌كانی ئیما گۆڵدمان و ئه‌لكسندر بیركمان، سه‌رده‌می شۆڕشی ڕوسی.

**** بڕوانه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی شۆڕشی ئیسپانی و كۆڕه‌كرێكارییه‌كانی ئیتالیا، كه‌ چۆن له‌به‌ر ڕۆشنایی تاقیكردنه‌وه‌ی ڕوسیدا، بڤه‌یانكرد، بۆلشەڤیكەكانه‌كانی له‌مه‌ڕ خۆیان توخنی كۆڕه‌كانیان بكه‌ون -س-ع

***** په‌ڕتووكی (histoire de l’anarchisme) ل243-244- نوسینی(jean préposiet)

****** به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ دە‌مه‌وێت مەتەڵێك هه‌یه‌ ڕۆشنایی بخەمەسەر ( به‌ڕاستی زۆر به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌، كه‌ (كارل ماركس) به‌و هه‌موو توانا زانستییه‌ی خۆیه‌وه‌،چۆن و چی گه‌یاندوویه‌تی به‌و بڕوایه‌، كه‌ دەبێت دوای شۆڕش ده‌وڵه‌ت بهێڵرێته‌وه‌، به‌مه‌رجێك ئه‌و له‌ هه‌موو كه‌سێكی دی باشتر ئه‌وه‌ی زانیوه‌، كه‌ هیچ دیارده‌یه‌كی سه‌رخانی به‌بێ بنه‌مایه‌كی مادی بوونی نییه‌،جا تۆ بڵێی ئه‌و له‌و پرسە‌یه‌دا به‌ پێچه‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆیه‌وه ‌(ماته‌ریالیزمی دایلێكتك و ماته‌ریالیزمی مێژویی) بیریكردبێته‌وه‌؟! یان له‌و پرسە‌یه‌دا سیله‌ی ڕه‌حمی خۆی له‌ (ده‌وڵه‌ته‌ ڕه‌ها)كه‌ی ھیگڵ نه‌بچڕاندوه‌، تكا دە‌كه‌م، گه‌ر كه‌سێك هه‌یه‌ و دە‌توانێت وەڵامی ئه‌و مەتەڵە‌ پیرۆزه‌م بۆ ده‌ربخات، پێشه‌كی سوپاسی ده‌كه‌م، گرنگیش نییه‌ لام ئه‌و كه‌سه‌ (ماركسی)بێت، یان (ئه‌ناركی)بێت، یان هه‌رچییه‌كی دی بێت. سه‌لام عارف

درێژەی دەبێت …..

*******************************************************************

بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم : http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم : http://wp.me/pu7aS-18E

بەشی چوارەم : http://wp.me/pu7aS-18J

بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N

بەشی شەشەم : http://wp.me/su7aS-4397

بەشی حەوتەم : http://wp.me/pu7aS-19a

بەشی ھەشتەم : http://wp.me/pu7aS-19t

بەشی نۆھەم : http://wp.me/pu7aS-19y

بەشی دەھەم: http://wp.me/pu7aS-19D

بەشی یازدەھەم: http://wp.me/pu7aS-19H

بەشی دوازدەھەم: http://wp.me/pu7aS-19L

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: