ئێستاش بۆیان بکرێت هەمان شت دەکەنەوە

زاهیر باهیر

20/06/2022

کۆنگۆ یەکێك بووە لە کۆڵۆنییەکانی دەوڵەتی بەلجیکا و لە ساڵی 1960 خەڵکی کۆنگۆ بە خەبات و تێکۆشانیان توانییان خۆیان لە کۆڵۆنایزکردنی بەلجیکا ڕزگار بکەن و پاتریك لومومبا ،Patrice Lumumba ، لە ڕۆژی 01/12/1960 دا بوە سەرەك وەزیرانی ئەوێ .  

لەبەر ئەوەی کۆنگۆ وڵاتێکی دەوڵەمەند بوو بە یورۆنوێم و تەختە و عاج ترسی ئەوەشیان لە پاتریك هەبووە کە کەسێکی چەپ بووە نزیكبێتەوە لە ڕوسیا و ڕوسیاش دەستی بکات بەم سامانە سروشتیانە.  دوای ئەوەش پاتریك  یەكێك بوو لە ئایکۆنەکانی خەباتی ئەفریقییەکان.

ئەم هۆکارانە مەترسی زۆری هەبوو بۆ ئەمەریکاو بەلجیکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆیە هەر لە سەرەتاوە لەژێر چاودێری خەستی تۆڕی سیخوڕیی سی ئای ئەی-دا بوو دواتریش توانرا بەشێك لە بزوتنەوەکەی ئەوێ و لایەنگرانی خودی پاتریك هەڵگێڕنەوە دژ بە پاتریك و ڕژێمە نوێیەکەی .

ئەم کارە زۆر بە جددی وەرگیرا و بەکرێگیراوەکانی بەلجیکاش هاوکاری گەورەی ئەو لایەنەیان کرد کە دژ بە پاتریك و ڕژێمەکەی وەستابوونەوە.

لە ساڵی 1961 دا کەمتر لە ساڵێك حوکمڕانی پاتریك،  کودەتایەکیان کرد و ڕژێمە نوێەیەکەی کۆنگۆیان ڕوخان.  لە کودەتاکەدا  پاترییکیان گرت و بەندیان کردو  ئەشکەنجەیەکی دڕندانەیان دا. دواتریش لە لایەن  تیمێکی ڕاهاتوو لەسەر کوشتن تەقەیان لێکرد و کوشتیان. لەمەش خراپتر سەرکردەی پیلانەکە  کە سەرکردەیەکی میلیتەری  بەلجیکی بوو دوای دەرهێنانی دوو دانە ئاڵتونییەکەی، لاشەکەی پاتریکی خستە ناو ئەسیدەوە و دوو دانە ئاڵتونییەکەشی هەواڵەی حکومەتی ئەو کاتەی بەلجیکا کرد.

ئەمە هەر ئاوا بە نهێنی مایەوە تاکو   ساڵی 2000  کە کۆمیساری پۆلیسی بەلجیکا جیرارد سۆیتێ دان بەوەدا دەنێت کە تەرمی لومومبای پارچە پارچە کردووە و پاشماوەکانی بە ئەسید  تواونۆتەوە. ئەم کابرایە ئەم نهێنییەی لە بەرنامەیەکی دۆکۆمێنتەری تی ڤی بەلجیکادا کەشف کرد.  هەر لەوێدا دوو دانی ئاڵتونی نیشاندا کە گوایە هی پاتریکە بەڵام گلەیی و بناشتێکی زۆری هاتە سەر.

پاش ئەم هەموو ساڵانە ئێستا بۆ لابەلاکردنەوەی ئەو کێشەیە و ئاساییکردنەوەی  پەیوەندی نێوانی هەردوو دەوڵەت  هەردوو دانەکەیان لە کەیسێکی نایابدا لە لایەن سەرەك وەزیرانی ئێستای بەلجیکاوە رادەستی کوڕکەی پاتریک، ڕۆلاند  و خێزانەکەی پاتریک کردەوە .

پاتریك ئەو کاتەتە  تەمەنی  تەنها 35 ساڵ بوو، تاکە گوناهی ئەو بەرگرییکردن خەباتکردن بوە بۆ وڵاتەکەی بە ڕزگارکردنی لە چنگی دەوڵەتی داگیرکەری بەلجیکی.

  کۆنگۆ لە سای کۆڵۆنایزکردنی بەلجیکادا لە ساڵی 1885 دا و لە ماوەی 23 ساڵی حوکمکردندا 10 ملیۆن لە دانیشتوانی کۆنگۆ لە پێناوی دەستکەوتنی عاج و لاستیك و دار و تەختە ویورۆنوێمدا بە هۆی برسییکردنیان و ئافات و پەتاوە ناچار بە مردن کردووە.

هەرگیز متمانە بە قسەی سیاسییەکان و بزنسمانەکان مەکە

زاهیر باهیر

20/05/2022

لە 31 ی ئۆکتۆبەرەوە تاکو 12 ی نۆڤەمبەری پارەکە ، 2021 ، کۆنفرانسیێك سەبارەت بە پرسی ژینگە لەسەر خواستی یو ئێن لە سکۆتلەندە/ بریتانیا بەسترا کە حکومەتی بریتانیا خاوەنماڵ بوو.  لەم کۆنفرانسەدا کە پارەیەکی خەیاڵی تێدا سەرف کراو قسە و باسێكی بێ شوماری بێ مایە لەسەر ژینگە کرا و بەڵێنی زۆری بێ بەرهەمی لەسەر درا … کە دەبێت ئاوا بکرێت و ئاوا نەکرێت .  هەر یەك لە دەوڵەتاکان بڕێك لە بەرپرسیاری ڕیفۆرمکردنی ژینگەیان لە ستنوری خۆیانا خستە سەرشانی خۆیان بۆ ئەمەش وەختیان دانا بۆ جێ بەجێکردنی بەرنامەکانیان.

بریتانیا کە یەكێك بوو لەوانە و کۆنفرانسەکەیان هەڵدەسوڕاند بەڵێنیان دا تاکو 2050 ئیتر کێشەی ژینگە ئەوەندە چارەسەر بکرێت کە چی تر مەترسی بۆ خودی ژینگە و سروشت خۆیان  و بۆ دانیشتوانیشی دروست نەکەن.

لەگەڵ ئەم هەموو کارئاسایی و قسە زلانەدا هەر لەو کاتەدا سەرەکوەزیرانی ئیرە ، بۆریس جۆنسۆن، بە تەیارە لە سکۆتلەندەوە گەڕایەوە بۆ لەندەن ، هەر ئەو کاتەش سەرۆکی یەکێتی ئەورپاش بە تەیارەی جێت سەفەرێکی دەوروبەری 100 کیلۆمەتری لە شارێکەوە بۆشارێکی دیکە  کرد ، ئەمە جگە لەوەی زۆرێك لە بزنسمانە گەورەکانی دونیا بە تەیارەی تایبەتی خۆیان هاتبوون بۆ کۆنفرانسەکە و گەڕانەوە.

هەر ئەو کاتە دەبوایە بمانزانیایە ئەوانەی کە ئەمان بە قسە دەیڵێن و ڕای دەگەیەنێن و بە کردەوە نایکەن و خۆیان باوەڕیان پێی نیە.

قسەی من لەسەر بریتانیا و سیاسییەکانی ئێرەیە.  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ کە لەم چەند ڕۆژەدا بڵاوکرایەوە کە لە نیوانی ئێستاو ساڵی 2025 دا 50  پلان لەسەر مێزی پەسەندکردن و وەرگرتنی مۆڵەت هەیە تاکو جێ بەجێ بکرێن حکومەت بڕیاری مۆڵەتەکان بدات.  بێ گومان پلانی وێرانکردنی زیاتری ژینگە.

هەر لە مانگی جێنیوەریدا واتە کە هێشتا مەرەکەبی سەر کاغەزی ڕەزامەندی لەسە بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە وشك نەبووبووە حکومەتی بریتانی مۆڵەتی بە کۆمپانیای نەوت و کێڵگەی گازی ئەبی گەیڵ لە ڕؤژهەڵانی سکۆتلەندە دا، ئەمە لە کاتێكدا کە مۆڵەتی فراونکردنی کانەکانی خەڵوز لە باشووری وێڵس هەر لە کۆتایی ئەو مانگەدا درا. ” تەنها لە ماوەی شەش مانگدا بەریتانیا لە بانگەشەکردنی خۆی وەک پێشەنگی کەشوهەوا ڕۆیشت بۆ پاڵپشتیکردنی سووتەمەنی بەردینی، هەر ئەو شتەی کە باری نائاسایی کەشوهەوا دەباتە پێشەوە” ئەمە قسەی بەرێوەبەری کۆمپانیای Uplift بوو.  درێژەی بە قسەکان داو وتی :  “ پارانەوەی دەوێت بۆ باوەڕپێکردنی ئەمە. فراوانکردنی نەوت و غازی دەریای باکوور بەو مانایەیە کە بەریتانیا – کە هێشتا سەرۆکایەتی بەڕێکردنی ئەم پلانەی بە دەستەوەیە – ئێستا وێرانکەرێکی مەترسیدارە بۆ کەشوهەوا”.

ئەمە لە کاتێکدا کە توێژینەوەیەکی زانستی نوێ لەم هەفتەیەدا دەریخستووە کە نزیکەی نیوەی شوێنەکانی ئێستای سووتەمەنی بەردینی پێویستیان بە زوو داخستنی دەبێت ئەگەر بمانەوێت ڕێژی گەرمکردنی جیهانی  لە سنووری پێوەری گەرمکردنی جیهانی 1.5C بمێنێتەوە کە لەلایەن حکومەتەکانەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دیاری کراوە.

دەکرێت لێرەد خاڵێکی گرنگ باس بکەم کە ئەویش لە ئێستادا ناو بەناو وەزیرەکان و بزنسمانەکان قسە لەسەر کردنەوەی کانی نوێیی  خەڵوز فراوانکردنی ئەوانەی کە هەن دەکەن .  ئەمە لە کاتێکدا کە مارگرێت تاچتەر کە لە ساڵی 1979 دا هاتە سەرحوکم پاش مانگرتنە مەزنەکانی ماینەرر ساڵی 1984/1985 و تێشکانی، توانی کە کانەکان داخات و ئەو هەموو کرێکارانە بێ کار بکات کۆمۆنێتی  ئەو ناوچەیەش کە کانەکانی داخرابوون وێران بوو.  دیار بوو بڕیارەکەی تاچتەریش بڕیاری سیاسیانە بوو بۆ تێشکانی نقابەی ماینەر بوو کە کرێکارانی زۆر یاخی بوون سەرۆکی نقابەکەشیان ، ئەرسەر سکارگڵ ، سۆشیالیست بوو.  ئیدارەی ئەو کاتەی بریتانی دەیزانی تێشکانی ئەوان یانی تێشكانی سەنگەری بەهێز و  یەکەمی کرێکارانی بریتانیا و تێشکانی یاخیترین بەشی کرێکارانی بریتانیایە. ئەو کاتە حکومەت دەیوت ئێمە خەڵوزمان ناوێت ، بەڵام دواتر خەڵوزی پؤلەندییان هێناو  نرخەکەش زۆر گرانتر کەوتەوە لەوەی کە لە بریتانیا بەرهەم دەهێنرا.

ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا پلانەکەی پوتین تەکمیلە دەکەن: 

زاهیر باهیر

28/04/2022

پێش ئەوەی کە کرۆکی مەبەستەکەم ڕون بکەمەوە، دەبێت ئەوە بڵێم کە ئۆکارانیا یاخود ناتۆ هەرچییان کردبێت و پێشینەیان هەر چۆن بووبێت بەو مەرجەی کە پلانی هێڕشکردنە سەر ڕوسیایان دانەنابێت ، شتێک نییە کە پاساوی هێڕشی دەوڵەتی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بکات ، دوای ئەوەش ئەوەی کە سوپای ڕوسیا و پوتین دەیکەن لەوێ وێرانکاری و کوشتن و بڕنی خەڵكە واتە سوتاندنی تەڕ و وشك بە یەکەوە ئەوەی دڵی هەبێت و مرۆڤایەتی هەبێت دەبێت دژی جەنگ بێت بەلام بۆ ئەوەش دەبێت ددژی سیستەمەکە بێت نەك بە تەنها دەوڵەتی ڕوسیا و یا ئۆکرانیا.

هاوکاتیش ئەوەی کە ناتۆ و وڵاتانی غەرب دەیکەن تەنها و تەنها تەواکردنی پلانەکە ی پوتینە و وێرانکردنی تەواوی ئۆکرانیایە و کردن بەشێکی زۆری گەلەکەی بە کۆچەر و پەنابەر ، کە لە ئێستادا زیاتر لە 11 ملیۆن لە خەڵکەکەی دەربەدەری وڵاتان بوون.

 ئەوەی ناتۆ و غەرب دەیکەن بە دانی چەکی زیاتر بە ئۆکرانیا و هەرا و هۆریای هاوپشتی و ئەم شتانە بۆ وەستانی شەڕ نییە بۆ “سەرکەوتنی” ئۆکرانیا بەسەر ڕوسیادا نییە ، خۆیان زۆر باش دەزانن لەگەڵ ئەو هەموو یارمەتییەی ئەواوند بە هەر هەموو شێوەیەك تەنانت بە هەبوونی کەتیبە سەربازییەکانیشیان لە ئۆکرانیا و ڕاهێنانکردن بە بەشێك لە سوپای ئۆکرانیا لە بریتانیا و لە پۆڵندە و لە خودی ئۆکرانیا خۆیدا، کەچی هێشتا سوپای دەوڵەتی روسیا هەر لە هێڕش و هاتنەپێشەوە و وێرانکاری زیاتری ئۆکرانیا بەردەوامە.

لای من دوو مەرج هەیە بۆ وەستانی ئەم شەڕە :

یەکەم: هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆی ناتۆ و غەرب دژ بە ڕوسیا بێ گومان ئەمە نەك ڕەنگە ڕوسیا تێكبشکێنێت بەڵکو بەشێکی جیهانیش لەناو بچێت لە سەرەنجامی بوونی جەنگەکە بە  جەنگی هێزی ناوکیی.

دووەم : بانگکردنی ڕوسیا بۆ سەر مێزی لیدوان و کردنی سازش لە هەردوو لاوە . واتە دانی شتێك بە ڕوسیا ، دەنا ڕوسیا ڕازی نابێت . هاوکاتیش  دیژکەمکردنی ڕوسیا [ پاشەکشە] لە بەشێك لە داخوازییەکانی .

بێ گومان گریمانی دووەم باشترین حەلە .  گەر چی ئەندامانی ناتۆ و وڵاتانی غەرب دەڵێن کە ئەم شەرە دژ بە ئەوروپا هەموویەتی ، بەڵام هاوکاتیش وەکو ئەوروپا هەمویان داوای لێدوان و ئاگربەستی ناکەن ، تەنانەت ڕیگاش بە زێلینسکی –ش نادەن کە بە کراوەیی و ئازادییەوە وتووێژ لەگەڵ ڕوسیادا بکات .  بەڵام ناتۆ و غەرب ئەوەیان ناوێت ، ئەوان دەیانەوێت ئۆکرانیا بە تەواوی وێران ببێت تاکو :  کۆمپانیاکانیان قازانجی زیاتر بکەن لە سەرمایەگوزاریدا، تاکو بە تەواوی لە بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵك لە هەموو شوێنێك دەدەن، تاکو مەزاج و ڕادەی ڕایسیسزم و پێکەوەنەژیانی ، پێکەوەکارنەکردنی ڕوسییەك و ئۆکرانییەك بگاتە ڕادەی خوێنڕشتن بە ئەستورکردنی ڕک و کینەی نێوانیان، تاکو سەرمایەداری تەمەنی درێژتربێتەوە ، تاکو هەیمەنەی ناتۆ و سیستەم و خودی دەوڵەتەکانی بە هەیبەتتر بن ، تاکو چەکە نوێیە دروسکراوەکان بە تەواوی تاقی بکرێنەوە و چەك و تەقەمەنی زیاتر بفرۆشرێت ، تاکو بە تەواوی وڵاتانی سکەندناڤیاش دەبنە ئەندامی ناتۆ …… 

نا بۆ دەوڵەت بە هەموو ئاست و ئیدیۆلۆژییەکانیەوە. خەبات بۆ کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی کۆمەکی و پێکەوەژیانێکی سەرتاسەریی ئازاد.

جیهان نۆرمان

22/04/2022

خەباتی ڕادیکال دژ بە فاشیستەکان و نازییەکان ، لە ئەوروپای پێش و پاش جەنگی جیهانی دووەم، هەر ئەو دەستە ئەنارکیست و کۆمۆنیستانە بوون کە بە هەمان هەڵوێست لە خەباتدا بوون دژ بە بەرەی «دژە فاشیزم» ی باڵەکانی چەپ و ڕاستی دەوڵەت.  فاشیزم بەرهەمی ئەو بارو و زروفەیە کە دەوڵەت و سیستەمی سەرمایە لە قەیراندایە و شیرازەی بەرێوەچوونی دەستەڵات و کۆمەڵ لە بچڕان و تێکچووندایە. ناکۆکییە چینایەتییەکان لە ئاستێکی بەرزدایە، ململانێی نێوان باڵەکانی نێو دەوڵەت، نێوان خودی سەرمایەداران لە گرژی و رقە بەریدایە. پێداویستی ڕاگرتنی سەلامەتی گشتی سەرمایە و دەوڵەتەکەی دژ بە مەترسی سەرهەڵدانی راپەرینی گشتی چەوساوەکان، هەل و مەرجێکی خولقاوە بۆ دەستەیەکی توندڕەوی نێو دەستەلات تا بتوانێت بە زەبری داپڵۆسین و تۆقاندن، خۆ بەختکەرانە، بەرژەوەندی سەرمایە بپارێزن. ئەوەی ناو نراوە بە فاشیزم هەر بەرهەمی سروشتی دەسەڵاتی دیمۆکراسی سەرمایە خۆیەتی . توندڕەوی و بەکارهێنانی زەبر و زۆر لە لایەن دەوڵەتەوە تەنها پەیوەندی بە نەزعەو سایکۆلۆژی کەسەکانی نێو دەستەلاتەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ هەڵقوڵاوی سروشتی دڕندانە و دژ بە مرۆڤ و دژ بە ژیانی سەرمایە خۆیەتی.

هەلوێستی ڕاست، هەر لە سەر ڕێبازی هاوڕێیانی ڕابووردوو، وەك لە سەردەمی جەنگی جیهانی «دووەم» دا، لە ئیتالیا، لە ئەڵمانیا، لە ئیسپانیا، لە هۆڵەندە، لە بەلژیکا، فەرەنسا…، خەباتە دژ بە هەموو بەرەکانی دەوڵەت، دژ بە هەموو ئیدیۆلۆژییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایە، چ فاشیزم، چ دژە فاشیزم. چەوساوەکان تەنها یەك بزووتنەوە و یەك ئامانجی چینایەتیان هەیە، ئەویش لە ناوبردنی چەوساندنەوەی مرۆڤە، لە ناوبردنی تێکدانی ژیانە لە لایەن دەوڵەتەوە، لە لایەن سیستەمی سەرمایەداری جیهانیەوە.

سەرکەوتو بێت یەکیەتی بزووتنەوەی چەوساوەکان بۆ کۆمەڵگەیەك، بۆ پێکەوە ژیانێکی بێدەوڵەتی ئازاد و کۆمەك.

لیبراڵ، فاشیی، چەپی دەسەڵاتخواز

زاهیر باهیر

23/04/2022

چەمکێك نییە ناوی حکومەت و دەوڵەتی دیمۆکراتی بێت مەگەر لە لای لیبراڵەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکان و چەپە دەسەڵاتخوازانی ئەنتی فاشیی.  حکومەت یا ڕاستتر دەوڵەت کە مانایەکی فراوانتر و هەمە لایەنە دەگەیەنێت هەموویان لە ناوەرۆکد یەكن کە داپڵۆسەر و سەرکوتکەر و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی کەمایەتییەکی زۆر کەم و سیستەمی کاری کرێگرتە و کۆیلایەتییین.  بۆ ئەمەش دوو جۆر، دوو شێواز لە حوکمڕانیی بە گوێرەی پێویستییان، دەگرنەبەر .  شێوازێکیان ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە زۆرێك لە ئەوروپا دەیبینین کە ناوی دەوڵەتانی دیمۆکراتیی و مەدەنی و پێشکەوتوویان بەسەردا بڕاوە ، شێوازی دووهەمیان سەرکوتکردن و کوشتن و بڕینە ئاشکراکەیە، کە لە ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ناوین وڵاتانی دیکە دەیانبینین.

ئەم دوو شێوازە وەکو وتم خزمەتی دەسەڵات و مانەوەی دەکەن کە پەیوەستە بە مانەوەی سیستەمەکەوە بۆ ئەمەش حکومەتەکان یا دەوڵەتەکان پۆلینە کراون:  ئەمیان فاشییە و ئەویان لیبراڵە و ئەوی تریان چەپە.  ئەوەی کە لیبراڵ دەکاتە فاشی و ” دەوڵەتی فاشیی” دەکاتە لیبراڵ و چەپ،  تەنها و بە تەنها بڕ و ئاستی بەرگریکردنە [ مقاوەمەیە].   لە هەر شوێنێك بەرگریی و بەگژاچونەوەی خەڵکی بۆ دەستپێوەگرتنی مافەکانیان و بەدەستهێنانی مافی زیاتر و یەکسانی و دادوەری کۆمەڵایەتی، بەردەوام بوو،  ئەوە کام لەو دەوڵەتانە چەپن و لیبراڵێکی باشن بێ سێ و دوو دەبنە دەوڵەتێك یا خود  حکومەتێکی فاشییی لە بەرانبەریانا.  لەم بارەیەوە بە دەیان نموونەمان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە ئەم بەرە فاشیی و لیبراڵ و چەپی دەسەڵاتخوازە،  بە بەردەوامی لە بەهێزکردنی یەکدیدان.  ئەوەی کە پێی دەوترێت فاشیی، لیبراڵ و چەپ بەهێز دەکات و هاوکاتیش چەپ و لیبراڵیش فاشی و فاشییەت بەهێز دەکەن، کە لە ناوەرۆکدا هەمویان ئامانجی سەرەکییان دەستگرتنە بەدەوڵەتەوە و پارێزگارییە لە سیستەمی مەوجوود، بۆیە هیچ جیاوازییەکیان لەو بارەو نییە .

هەر با تەماشای فەرەنسا بکەین ئەوەی ئیمانوێل مایکرۆنی هێنایە سەر حوکم لیبراڵەکان نەبوون بەڵکو لی پان و حیزبەکەی بوون کە بووە هۆی یەکگرتنی چەپ و نقابە و لیبراڵ و سۆشیالدیمۆکرات لەژێر دروشمی ئەنتی فاشیدا و لە مەترسی هاتنە سەرحوکمی فاشییەتدا دەنگ بە ماکرۆن درا و هێنرایە سەر حوکم .  پاش 4 ساڵ حوکمڕانی ماکرۆن نەك هەر هیچی نەکرد بۆ کرێکاران و کۆمۆنێتی ئەو نەتەوانەی کە لەوێ  جێگیر بووبوون بە موسڵمان و غەیرە موسڵمانەوە،  بەڵکو زۆر شتی خراپتری کرد و ویستی بیکا وەکو ریفۆرمی کار و سەر کار، لێدان لە نقابەی کرێکاران ، بەرزکردنەوەی ساڵی  تەمەنی خانەنیشیکردن ، زیاتر فشار و بەستدانان بۆ سەر موسڵمانان ڕێگرییکردن لێیان بە بەکارهێنانی یاسای دژە تیرۆر، هەموو ڕێگرییەك لە کۆچبەران و پەنابەران و زۆری تر، لەگەڵ ئەمانەشدا هێستا بۆ 4 ساڵی دیکە ئەم کابرایە هەڵدەبژێرێتەوە و  دێتەوە سەر حوکم .  بۆچی؟ چونکە چەپ و نقابە و سۆشیالدیمۆکرات پێیان باشترە کە دەنگ بە شەیتانی بچوك بدەن تاکو شەیتانی گەورە، دەنگ بۆ مەترسی کەمتر یا بچوکتر بدەن تاکو لە بۆ مەترسی زیاتر یا گەورە تر.

بەم شێوەی ئەنتی فاشیی کە ئایدۆلۆژیی هەناوی چەپەکان و دروشمی سەرەکییانە ڕۆڵی خراپی خۆیان لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا بینیوە و دەبینن.  بۆ نموونە لەم جەنگەی ئەمڕۆی ڕوسیا و ئۆکرانیادا،  پشتگیری لە حکومەتی ئۆکرانیا دژ بە ڕوسیا دەکەن لە ژێر ناوی ئەنتی فاشییەتدا، ئەنتی ئیپریالیزم دا ،  هەندێکیشیان پشتگیری لە پوتین و دەوڵەتی ڕوسیا لەژێر ناوی ئەنتی ناتۆ ، ئەنتی غەرب ، ئەنتی سەرمایەدارییدا، دەکەن.

بە کورتی ئەوانەی کە ئەنتی فاشین و ئەنتی ئیمپریالیستین مەرج نییە ئەنتی سەرمایەداریی بن ، بەڵام هەمو ئەنتی سەرمایەدارییەك بێ هیچ جۆرە گومان و دڵە ڕاوکێیەك دژ بە فاشییەت و بە ڕایسسیزم و هەموو جۆرەکانی جەنگن، چونکە دەزانن ڕەگ و ڕیشەی و ئەوانە لە خودی سیستەمەکەدایە، پێچەوانەی ئەوان، ئەنتی فاشیی، کە ئاوا تێدەگەن کە جەنگ و بێ کاری و نایەکسانی و نادادوەری کۆمەڵایەتی هی دەوڵەت و حکومەتی خراپن، گرفتەکە حکومەت و دەوڵەتی خراپن نەك خودی سیستەمەکە.

Zaherbaher.com

دەسەلاتە جۆراوجۆر و جیاجیاکانی دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداری جیهانیی لق و پۆپی یەك دارن. 

جیهان نۆرمان

21/04/2022

ڕەگ و ریشەکانی ئەو دارە لە ناخی دڵی مرۆڤە چەوساوەکانی دونیادا، لە ژیان و ژینگەدا ووزە و توانا دەمژێ بۆ سەرمایەداران.

دژایەتی کردنی لقێکی، باڵێکی ئەو بوونە چینایەتیە، وەك دوژمنێکی تایبەت و سەربەخۆ لە کۆی لق و پۆپەکانی تری دەوڵەت، لە کۆی سیستەمی سەرمایەداری جیهانیی، جگە لە هێز بەخشین بە کۆی سەرمایە هیچ ئەنجامێکی تر ناداتە دەست.

مێژووی ململانێی نێوخۆی بەشە پێکهێنەرەکانی سەرمایە، مێژووی ناکۆکی نێوان پێداویستەکانی مرۆڤ دژ بە پێداویستەکانی سەرمایە، کە بەرهەمی سروشتی کردار و پرۆسەی چەوساندنەوەی پرۆلێتاریای دونیایە، ئەوەی چەند جارە خستە روو، کە سەرکەوتنی ئیدۆلۆژییەك، یاخود باڵێکی سەرمایە بە سەر باڵێکی تردا، هەر لە خزمەتی چەوسێنەراندایە. بەردەوام، بزووتنەوەی شۆرشگێری خۆ ئازادکەرانەی چەوساوەکان، شێوێنراوە و دەشێوێنرێ لە لایەن ئیدیۆلۆژی و سیاسەتی بەرگریکردن لە باڵی دیمۆکراسیی و لیبێرالیزمی دەوڵەتەوە دژ بە باڵی «فاشیزم»، وەك ئەوەی هەردوو باڵەکە لق و پۆپی هەمان سەرچاوە نەبن!

سەرکەوتنی بەرەی دیمۆکراتی بە سەر بەرەی «فاشیزم» دا هەر سەرکەوتنی سەرمایەیە، هەر سەرکەوتنی دەوڵەتە بە سەر ئەلتەرنەتیڤی خەباتی خود ئازادی مرۆڤانەی چەوساوەکاندا.

هێرشی دەسەلاتی سەرمایەداریی لە ڕوسیا بۆ سەر یوکرانیا، وەك هێرشی دەستەڵاتەکانی نێو دامەزراوەی ناتۆ بۆ سەر جێگاکانی تر لە دونیادا، وەك هێرشی دەسەلاتی سەرمایە لە تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان، بەرهەمی راستەوخۆی هەمان بارو و زرووفە، ئەویش بەرهەمهێنانی سەرمایە لە رێگای چەوساندنەوەی مرۆڤ و سروشتەوە.

سەرکەوتن، یاخود دۆرانی هەر باڵێك هیچ ئەنجامێکی تری نابێت بۆ چەوساوەکان جگە لە زیاتر کۆیلەکردنیان.

یەکێتی خەباتی چینایەتی چەوساوەکانی دونیا دژ بە هەموو لایەنەکانی دەوڵەت، دژ بە هەموو پارچەکانی سەرمایە تاکە رێبازە بۆ بەدیهێنانی کۆمەلگەیەکی کۆمەکیی ئازاد.

بایکۆتکردنی بەرەیەکی سەرمایە تەنها سود بە بەرەکانی تری سەرمایە دەبەخشێ و تواناو یەکیەتی چینایەتی خەباتەکان تێك دەدات.

چ وڵاتێك؟ چ نیشتمانێك؟

جیهان نۆرمان

20/04/2022

چ وڵاتێك، چ نیشتمانێك هەیە لە دونیادا کە مرۆڤ تێیدا کۆیلەی کاریکرێگرتە و سەرمایە نەبێت؟

چ ووڵاتێك، چ نیشتمانێك هەیە لە دونیادا کە دانیشتوانەکەی بە دەستی زۆرداران و سەرمایەدارانی نێو خۆی و دەرەوەی، وەك کۆیلەی کار نەچەوسێنرێنەوە؟

پایە بەرزی، سەروەت و سامان زۆری هەر ووڵاتێك، هەر نیشتمانێك لە دونیادا، گەر بەرهەمی چەوساندنەوەی مرۆڤەکان و ژینگە نەبێت؟ کەواتە بەرهەمی کێ یە، بەرهەمی چییە؟

وڵات، نیشتمان لە هەموو دونیادا، بەهەشتە بۆ دەستەڵاتداران، بۆ سەرمایەداران، بەڵام باری گرانە، زەحمەت کێشان و ژیان لە دەستدانە بۆ چەوساوەکان.

وڵاتی ئازاد، نیشتمانی ئازاد تەنها بۆ دەستەڵاتداران بوونی هەیە، هەرگیز بۆ مرۆڤی چەوساوە نەبووەو نابێت.

هەموو وڵاتێك، هەموو نیشتمانێك لە دونیادا، پارچە زەوییەکی داگیرکراوە لە لایەن دەستەیەکی سەرمایەدارەوە کە لە نێویدا ڕێگە بە«گەلێك» دراوە کە وەك ژێردەستە بە یاسای مافی کۆیلەی کار “بژی”

چەوساوەکان ژیانیان داگیر کراوە، جا لە ئەمەریکا بن، لە چین بن، لە روسیا بن، لە ئەوروپا بن، لە تورکیا بن، لە ئیسرائیل بن،..یاخود لە کوردستان.

ئیدیۆلۆژی و بزووتنەوەی رزگارکردنی ووڵات، یاخود ئازادکردنی نیشتمان، هیچ نییە جگە لە شێواندنی خەباتی چەوساوەکان بۆ زیاتر هێشتنەوەیان وەك کۆیلەی کاریکرێگرتە. چەوساوەکان تەنها یەك خەباتیان هەیە، ئەویش وە دەست خستنەوەی خودی بوونیانە، خودی ژیانیانە وەك مرۆڤی ئازاد. لەم خەباتەشدا هەموو چەوساوەکانی دونیا، بە زمان و نەتەوەی جیاوازەوە، هەر یەك ئامانج، هەر یەك بەرژەوەندییان هەیە، ئەویش لە ناوبردنی سیستەمی سەرمایەدارییە، لە ناوبردنی دەوڵەتە بە هەموو شێوازو ئاستێکیەوە.

دومەڵێك…

دارا جوتیار

07/023/2022

کە هەتوان و چارەسەر دەکرێت، لەبنەوە گوشتەوزوون دەهێنێتەوە تا دێتە سەرەوە سەرەنجام بزمەتە ڕەق و پیسەکە فڕێدەدات و پێست و گۆششتە ساڕێژبووەکە لەپێست و گۆشتەکەی دەوروبەرو پێشتری خۆی جوانتر دروست دەبێتەوە، لێ ئەگەر بیتەقێنیت تەواوی لەشت دەکاتە کێمو زوخاو و برینەکە دەتەنێتەوە پیستر و زیاتر لەپێشتر دەردەدارت دەکات!

مەبەستم لەم نمونەیە:

کێشە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە لە برسێتی و بێ نانیەوە تا جەنگە خوێناویەکان هەمیشە باسی شۆڕش و ڕاپەڕینە دەکرێت وەک چارەسەر!

هەموو ڕاپەڕینێك گۆشتەوزوون و چارەسەری برینەکان ناهێنێت، زۆربەی ڕاپەڕینەکان وەک تەقاندنی بێ دەواو دەرمانی دومەڵ و برینەکان وان بەشێوەیەکی کاتی خورویەك و ئازارێک دەشکێنن، لێ بۆگەن و تەنینەوەیەکی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە چەند بەرابەر چارەسەرەکە سەختتر دەکات، ڕاپەڕینی 31 ساڵ پێش ئێستای خەڵکی کوردستان باشرین نمونەیە و دەتوانین هەزاران نمونەی دیکەش هەن لەمێژووی دوور و نزیکدا بهێنینەوە!

هەر ڕاپەڕینێك دەبێت لانیکەمی دەواو دەرمانی دەستبردن بۆ برینەکەی لەهەگبەدا بێت دەنا دەبێتە خۆ گینگڵدان دووبارە گیرخواردنەوە لەناو کێمو زوخاوی برینەکەدا !

پرسیار ئەوەیە….

چ وەك تاك و وەك کۆ، بیر لەگۆڕینی چی دەکەینەوە چی دەخەینە جێگەی چی؟ مەبەستم لە خستنە جێگە، تەنها گۆڕینی دەم و چاو نیە، چون کێشەکە تەنها لەدەمو چاودا نیە، کێشەکە لە شێوازەکانی بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنان و دابەشکردندایە! کێشەکە لەخاوەنداریدایە، سەرچاوەو هۆکاری خاوانداری و مڵک و دەسەڵاتی ئەو کەمایەتیە چیەو لەکوێوە هاتوە؟ ئەی بنێشت فرۆشێك بۆچی و خاوەنی چی؟

هۆکاری ئەم جیاوازیە گەورەیە چیە؟

ئایا ئامادەین لابردنی ئەم جیاوازیانە بکەینە هەتوانی برین و قڵشتە پڕ لەزوخاو و مەرگەکە؟ ئەو شێواز و فۆرمانەی لە فۆرمی حوکومەتی و پەرلەمانی و ” دیموکراتی “وە تا دیکتاتۆریەت و پاشایەتی و خەلافەت، بەهەندێک جیاوازیەوە جگە لەکوشتار و خوێن و چەوسانەوە شتێکی دیکەیان پێشکەش بە ئێمە کردوە؟

گرفتەکە: خاوەندارێتی “مڵکیەتی ” تایبەت قازانج سەرمایەیە لەسەر یەکتر؍ دەسەڵاتداری و حەزی دەسەڵاتداری پەیوەندی بە مڵکیەت و مشەخۆریەوە هەیە دەنا کەس ئامادە نیە بێ دەسکەوت و ئیمتیاز کار بۆ کەس بکات کە نەیانکردوەو هەرگیزیش نایکەن! جگە لەپڕۆلیتەرەکان کە بەهەڵخەڵەتاندن و زەبر خراونەتە خزمەت کەمینە مالیک و دەسەڵاتدارەکەوە!

دەسەڵاتدریی گرفتە،

یانی تا پەیڕەوی لەشێوەکاری بەڕێوەبەری دەسەڵاتداری و بێ دەسەڵاتیی بکەین کە دەسەڵات دەبەخشێتە کۆمەڵە کەسێك، یانی زۆربە بێدەسەڵات دەمێننەوە ئێمە هەر لەناو زوخاوو مەرگی برینەکانماندا دەتلێینەوە!

پرسیار ئەوەیە … دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات چی دەگەیەنێت، جگە لەمشەخۆری و خوێمژی ئەو کەمینە مالیک و دەسەڵاتدارانە بەسەر زۆرینەکەوە؟

ئایا ئامادەی ڕاپەڕینێك هەین کە دەسەڵاتداری و مالیەکییەت و مشەخۆری لەخۆمان وەک تاک و بەگشتی و لەکۆمەگەشدا وەلابنێین و فڕێ بدەینە ئەولاوە و لەگۆڕی بنێن و دەستبکەین بەژیانێکی هەرەوەزی و بەهرە وەرگرتن لە داهێنان و تواناکانی یەکتر! یا هەر هەمان تاسو حەمام کەف و کوڵێک دەکەین؟

ئەگەر ئامەدەین، مەرج نیە ڕاپەڕین هەمان ئەو شێوازانە بێت پەلامارێك بۆ سەرەوە و کوشتن و ڕاونانی کۆمەڵێك و ڕێسانەوەی هەمان خوری، بەڵکو هەر ئێستا لەهەموو ناوەندێکی کارکردن و بەرهەمهێنان و کوچەو کۆڵان و گەڕەکێکدا خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردنی هەرەوەزیانەو هاوبەش بکرێتە هەتوانی برینەکە تا لەژێرەوە ئەو گۆشتەوزوونە دەهێنێت دواجاریش بزمەتە ڕەق و پیسەکەی سەرەوە فڕێدەداتە لاوە و بۆهەتایە بەتەنەکە خۆڵەکەی دەسپێرێت و زبڵدانەکەی مێژوو دەکاتە دوا مەنزڵی هەتاهەتایی!

بەکارهێنانی توند و تیژی دیاردەیەکی جیهانییە و هۆکاری سەرەکیشی کولتوورە

29/11/2021

زۆرێكمان وادەزانین کە ئەو توند و تیژییەی کە بەرانبەر ژنان لە کوردستانا بەکاردەهێنرێت هەر لەوێیە و دوای ئەوەش دین هۆکاری سەرەکییەتی.  لە ڕاستیدا ئەو دیارەدەیە نە مەحەلەییە و نە دینیش هۆکاری سەرەکییە بەلکو زیاتر پەیوەوەستە بە کولتورەوە ، کولتوری باوکسالاریی، کولتوری کۆمەڵی جیانیەتیی و هیرراشی، پلەبەندیی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم ڕۆژانەی گروپی ” هاوکاری ژنانی سیسخ” دوای کردنی ڕاپرسییەك کە 700 ئافرەت وەڵامیان داوەتەوە و لە سەدا 70 یان، لە لایەن باوك و دایکیانەوە یاخود ئەندمانی خێزانەکەیانەوە ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ بوونەتەوە  و ئازاریان چێشتوە. کە ئەمانە پێشتر بێدەنگییان هەڵبژاردووە.  سێیەکی ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە وتویانە لە منداڵیدا ڕووبەڕوی دەستدرێژی جنسی بوونەتەوە، حەوتیەکەیشیان زیاتر لە کەسێك دەستدرێژی کردۆتە سەریان .  زۆربەی ئەم قوربانیانە لە ماڵەوە ڕووبەڕوی بوونەتەوە و کەسانی خراپەکاریشیان ناسیوە.

ئەو دەستدریژیە جاری واهەبووە لە لایەن کەسێکی زۆر مەشووری کۆمۆنێتییەکەوە بووە ئەوەش ئاوایکردووە کە زۆر زەحمەت بووە کە ژنەکە ، کچەکە هیچ سکاڵایەك بکات.  ڕاپۆرتەکە دەلێت خواردنەوەی مەشروب و توندوتیژی ناوماڵ بەیەکەوە پەیوەستن چونکە کولتوری خواردنەوە لەناو پیاوانی کۆمۆنێتی  سیخەکانا، بەهێزە هەروەها پرسی پەروەردە و زۆرڵیکردنیش ڕۆڵی خۆی دەبینێت چونکە نەوەی کۆن تەنها لێدان بە مامەڵەی خراپ دەزانن .

لە ڕاپۆرتەکەدا کچێك بە ناوێکی خوازراوە ناوی هاتووە کە لە لایەن مامەیەوە لە تەمەنی 8 ساڵییەوە تا 13 ساڵی لاقەی کراوە ، خێزانەکەی لەبری ئەوەی نەبا شویەکی باشی بۆ نەبێت قڕ و قپیان لەو گرفتە کردووە.  ئەو دەڵێ ” مامم پایەیەکی کۆمۆنێتییەکە بووە بە کابرایەکی زۆر دیندار و باش ناسراوە ناو بە ناو لە ماڵی ئێمە دەمایەوە ، ئیتر لەو کاتانەدا ئاوای لێدەکردم… ڕۆژێك بە ئامۆزاکەمم وت ئەویش بۆ دایکی گێڕایەوە ، دایکیشی بۆ دایکم .  دایکم لێیدام وتی کە تۆ ئیتر پاکیزە نیت دەبێت بە شووتبدەین، ئیتر منیش لە ترسا پاشگەز بوومەوە و وتم درۆم کردوە هەر دەستی بۆ بردوم .  نە دەکرا باوکم بیبیستایەتەوە دەیکوشتم جونکە باوکم براکەی زۆر خۆشدەویست ….”

ئەم چیرۆکە تراجیدیایە تەنها هی تاکە کچێك لە کۆمۆنێتیەدا نییە بەڵکو بە دەیەهای دیکەیان هەمان چیرۆك یا هاوشێوەی ئەوەیان هەیە.  بە دڵنیاییەوە لەناو میللەت و کۆمۆنێتییەکانی دیکەشدا هەبوون و تا ئێستاش هەن.

ئایا بەڕاست ” بزوتنەوەی گۆڕان” ی ئێستا جیاوازی هەیە لە “گۆڕانی” سەردەمی نەوشیروان موستەفا؟

21/11/2021

کەم نین ئەوانەی کە لە ” بزوتنەوەی گۆڕان” وازیانهێناوە یاخود ئەوانەی کە هیشتا لە ناوەوەن و گازەندە و گلەیی ئەوەیانە کە “گۆڕان” گۆرانی سەردەمی کاك نەوشیروان نییە .

ئەوانەی کە ئەمە باوەڕیانە یا ساویلکەن یاخود نایانەوێت لە قودسییەتی نەوشیروان موستەفا بهێننەخوارەوە، یاخود بەرژەوەندیان لەم قسە و بۆچوونانەدا هەیە و بە پاساوی مانەوەیان، کە گوایە دەکرێت گۆڕانکاری لەو بزوتنەوەیەدا بکرێت، بەردەوامن تیایدا.

لە ڕاستیدا مێژوی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لە دروستبوونییەوە تاکو ئێستای ئەوەی نیشانداوە و دەدات کە هیچ گۆرانکارییەك بەسەر ئەو بزوتنەوەیەدا نەهاتووە و هەر وابووە چ لەسەردەدمی نەوشیراوان موستەفا و چ لەسەردەمی کوڕەکانی و سەید عومەر-یشدا. هەر بۆ ڕاستی قسەکانم بە بەڵگەوە، تەنها لە چەند لایەنێکی “بزوتنەوەی گۆران” لە سەردەمی نەوشیروان و دوای ئەویش، دەدوێم.

یەکەم: پێکهاتەی ” گۆڕان ” : ئەوانەی کە گۆڕانیان دروستکرد و یا هاتنە ناو گۆڕانەوە، لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی-یەوە هاتوون، کە نەك هەر لە ڕێکخراوێکی گەندەڵەوە هاتوون، بەڵکو خۆشیان یا گەندەڵبوون یاخود بە جۆرێك لە جۆرەکان لە گەندەڵییەوە ئاڵابوون. ئەمە جگە لەوەی کە نەوشیروان موستەفا کەسی دووهەمی یەکێتی بووە، خاوەنی هەموو دەسڕۆییەك [ صەلاحییەت] بووە لە دانانی کەسەکاندا بۆ ئیدارەکان و پۆستەکان . ئەو کەسی سەرەکیش بووە لە دانانی بەرنامە و پلان و سیاسەتی یەکێتیش . ئەوانی دیکەشیان سەرکردەو بەرپرسی گەورە بوون لە یەکێتی نیشتمانی-دا خاوەنی پۆست و پلەو پایە بوون یاخود ئەندامی مەکتەبی سیاسی یا سەرکردایەتی یەکێتی بوون. کەواتە ناکرێت بە کەسەکانی ناوەوەی ڕێکخستنێکی شکستخواردوو کە ساڵەهایەکی دووروو درێژ لە شکستدا بوون ، لەڕێکخراوێکی دیکتاتۆر و گەندەڵ و مشەخۆر بوون، چاوەڕوانی شتێکی نوێی ئاوایان لێبکرێت کە جیاواز بێت لەو پێگەیەی کە لێوەی هاتوون. بە کورتی زۆرینەی کەسانی سەرکردەی ” بزوتنەوەی گۆڕان” و خوارەوە و جەماوەەرەکەیان هەمان کەسانن کە ساڵەهایەكی درێژ یا ڕؤڵی گەوەررەیان هەبووە یاخود چەپڵە لیدەربوون.

دووەم: پرسی گەندەڵیی و چارەسەری: گوایە ئەم کێشەیە خاڵێکی سەرەکی بوو بۆ دروستکردنی ئەو بزوتنەوەیە. ئەوەی ئاشکرایە کەسە سەرەکییەکانی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لەناو خودی یەکێتی-دا وەکو باسدەکرێت لە هەوڵی بنەبڕکردنی گەندەڵیی-دا بوون بەڵام نەیان توانی تەڵە پوشێكیش بگۆرن . کاتێکیش کە ڕێکخستنێکی نوێشیان دروستکرد خۆشیان یا بوونە گەندەڵ یاخود لە گەندەڵییەوە ئاڵان. جەنگی ئەمان لەتەك یەکێتی و پارتی-دا بۆ بەرژەوەندی ئەو میللەتە هەژارە نەبوو بەڵکو شەڕی پشکی کوسییەکانی هەرێم و بەغدا و پلە باڵاکانی دیکەی وەکو پارێزگار و بەڕیوەبەریئ گشتی شوێنە هەستیارەکان و بەشە خزمەتگوزارییەکان بوو. کەواتە دروشمەکەی ئەوان کە لەناو یەکێتدا و لە سەرەتای دروستکردنی بزوتنەوەکەیاندا، کە هەمیشە دەیانوتەوە ” خەڵکی شیاو بۆ شوێنی شیاو” درۆیەکی شاخداربوو.

سێیەم: پرسی ماڵباتیی و بنەماڵەیی : ئەمەش خاڵێکی دیکەی ئەجەندەکەی نەوشیروان موستەفاو و هاوەڵەکانی بوو کە هەمیشە پەنجەی تاوانیان بۆ خانەوادەی تاڵەبانی و بارزانی ڕادەکێشا. بەڵام کە بزوتنەوەکەیان، خۆی گرت و پێگەی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی بەهێز بوو، نەوشیروان موستەفا و کەسە نزیکەکانی نەیانتوانی جیاوازییەك دروستبکەن، نەیانتوانی خۆیان لە قوتابخانەی کوردایەتی و بۆگەناوی فکری قەومی بهێننە دەرەوە، نەك هەر نەیانتوانی گەنجاێکی متمانە بە خۆ و ڕزگار بوو لە قودسییەتی سەرکردە و حیزب ڕزگار بکەن، بەڵکو پێچەوانەکەی دروست بوو، لە مردنی نەوشیروان موستەفادا ئەمە باشتر دەرکەوت،. هەڵسوکەوتی نەوشیروان و بڕیاری تاکڕەوانەی ئەو و وەسییەتنامەکەی، میراتگریی منداڵەکانی، ئەمانەیان سەلماند.

چوارەم دارایی و بوجەی گۆڕان: نەوشیروان موستەفا هەر لە سەرەتادا زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری لە لایەن تاڵەبانی-یەوە پێبەخشرا، هاوکاتیش سەرچاوەی داهاتی ئەمان وەکو یەکێتی کردنەوەی پرۆژە و پیتاکی خەڵکانی دەوڵەمەند و خاوەن پلە و پایەی کۆمەڵایەتی بوون. کاتێکیش کە مشەخۆریی و گەندەڵی لەناو ڕیزەکانی-دا تەشەنەی کرد ئیدی نەك هەر ئەو پارانە بەشی نەدەکرد بەڵکو کەوتنە داخستنی ڕۆژنامە و کەناڵەکەیان و کەمکردنەوەی بەشە پارەی بەشەکانی دیکەش. کاتێکیش کە نەوشیروان مرد، سەنا و پیاهەڵدانی بە باوکی هەژارانی بۆ کرا کە گوایە لە دوای خۆی تەنها چەرخێک و پاکەتێك جگەرەی بەجێهێڵاوە، بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە نەوشیروان بە ملیۆن دۆلاری لە پاڵ موڵك و خانووو کارگەی لە دوای خۆی بۆ منداڵەکانی بەجێهێشت . لە ئێستاشا وەکو دەوترێت منداڵەکانی جێگای باوکیان گرتۆتەتەوە و دەسەڵاتی تەواویان هەیە و ” بزوتنەوەی گۆڕان” یان، کۆنترۆڵکردووە . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمانیش هەمان ڕێچكەی ماڵباتی تاڵەبانی و بارزانییان گرتەبەر.

پێنجەم : پرسی ئابووریی و بەرهەم‌هێنان:ڕاستە ” بزوتنەوەی گۆڕان” لیژنەیەکیان یا ژوورێکی تایبەتییان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردبوو کە جۆرەها لێکۆڵینەوەی ئابووریانەی تیادا دەکرا و ڕاپۆرتی لەسەر دەدرا و وتاری لەسە دەنوسرا، بەڵام لە ڕاستیدا بەرنامەی ئەمانیش جیاواز نەبوو لە سەراپای حیزبە لیبراڵەکانی دوونیا بە یەکێتی و پارتیشەوە . چەقی ڕیفۆرمی ئابوریانە لای ئەمانیش بەخێرهاتنی بازاڕی ئازاد و باوەشکردنەوە بۆ کۆمپانیا گەوەرەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە بەگەڕخستنی پارە و سەرمایەگوزاریی لە پرۆژە گەورەکانا، بوو، کردنی کەرتەکانی کە موڵکی دەوڵەت بوون بە کەرتی تایبەتی … هەر هەموو ئەمانەش سەرەنجام گەر بیشکرانایە بەتاڵەی زیاتر و بەرزکردنەوەی نرخی پیداویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵکی و بێ خانوو و سەرەپانی خەڵکی و زۆر شتی دیکەی بە دووی خۆیدا دەهێنا. بۆ ئەمەش لەپاڵ گورجکردنەوەی یاساکان و دانانی یاسای نوێ زەروورەی جێبەجێکردنیان لەسەر خەڵك بە زۆر و بە خوایشت زەروور بوو لە سەپاندنیا. لە سەرپێچیکردنی خەڵکیشا بەرانبەر بە دەسەڵاتی حکومەت و کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەرانی کارگە و شوێنەکانی دیکەی سەر کار، بەو یاسایانە پشتیان دەشکانن. بەم جۆرە کۆنترۆڵکردنی دانیشتوانی کوردستان بە یاسا لە پێناوی دەوڵەمەندبوونی توێژێکی کەمی کۆمەڵ، دەبووە ئەرکێکی گەوەرەی سەرشانیان.

خاڵێکی جیاواز کە هەیان بوو لەتەك پارتی و یەکێتی-دا دانانی خەڵکی تەکنۆکرات بوو لە شوێنەکانا، بەڵام ئەمانە هەر تئیوری و پاگەندەی حیزبی بوو چونکە دەرکەوت لە هەر شوێنێکدا کە پێیاندرابێت کەسانی حیزبی خۆیان یا خود ئەو لایەنانەی کە لە گەڵیانا لە بەرەیەکدا بوون داناوە، بێ ئەوەی کە بچوکترین ئەزموونیا لە بواری کارەکەدا هەبووبێت.

شەشەم: پرسی کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیی: لە ڕاستیدا ئەوەی کە بۆ ئێمە ئاشکرا بوو ” بزوتنەوەی گۆڕان” بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی و پەروەەردەیی زۆر جیاوزی لە پارتی و یەکێتی نەبوو. ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی کە لەناو کۆمەڵدا هەبوون و هەن بە هیچ کام لە بەرنامەکانی هیچ لایەکیان لابەلانەدەبووە. کۆمەڵێك تا بیناقاقەی لە گواوی خێڵایەتی و عەشایەرگەریی و دین و شەریعەتی ئیسلامی کە پایەیەکی سەرەکی کۆمەڵی کوردستان بن و گلابێت، یەکیش تەواوکەری ئەوی تریان بێت لە حەلکردنی کێشەی بوونی زوڵم و زۆر و چەسپاندنی دادوەریی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئازادیی تاك و بیروڕا و یەکسانی خەڵکی و لەناوشیاندا یەکسانی جێندەیی، نەك هەر ئەستەم بوو کە بە بەرنامەکەی ئەو بزوتنەوەیە ئەم کێشانە بنەبڕبکرێن، بەڵکو کارێکی نەکردەش بوون. لە کۆمەڵێکی ئاوا قوچکەییدا، لە ئابووریەکی قۆرخکراودا، لە هەبوونی فەرهەنگ و پەروەردەیەکی دواکەوتودا کە زۆر خراپتر لە سەردەمی بەعس، مەحاڵە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەراپای ئەو کێشانە بکرێت کە کۆمەڵ لە هەموو بوارەکانا ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

سەبارەت بە پەروەردە و پێگەیاندن و ڕۆشبیریی و چارەسەری تەندروستی ، لەبەر ئەوەی ئەمانیش بەرنامەیەکی لەیەکچووی لایەنەکانی دیکەیان هەبوو، لە ئاوا حاڵەتێکدا زۆر مەحاڵە کە بتوانێت هەنگاوێکی نوێ بنێت. ئەمە جگە لەوەی هەر یەك لە پرسی پەروەردە و پێگەیاندن و پرسی چارەسەری تەندروستیی بە توندی گرێدراونەتەوە بە پرسەکانی ئابووریی و سیاسەتی حیزب و دەوڵەت و دین نەریت و تەواوی سەروبەندی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ناتوانرێت و ناکرێت باس لە ئازادیی ژنان بکرێت لە وڵاتیکدا کە دین و شەریعە و عورف و عادەتی خێڵەکیانە نەك هەر پێوەری باشی و خراپی تاکەکانی کۆمەڵ بێت، بەڵکو ئامرازی حوکمکردنیش بێت. ناتوانرێت قسە لەسەر پرسی چارەسەری بەلاش و خوێندنی خۆرایی بکرێت بەڵام هاوکات بنەمای ئابووری وڵات لەسەر بناخە و ڕێڕەوی ئابووری لیبراڵ بێت. کەواتە سەراپای پرس و کێشەکان وەکو ئەڵقەکانی زنجیرێك زۆر مەحەکەمانە بە یەکەوە گرێدراون.

تۆوی شکستی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لەناو ڕەحمی خودی دروستبوونی خۆیدا چەکەرەی کردبوو، ئیدی ئەوە گرنگ نییە کە سەرکردەیەکی حەکیم یا نورانی، بە ئەزوموون، نێتباش…. ڕابەرایەتی بکات یا نەیکات، چونکە سیستەمی سەردەم نەك تەواوی سەرکردەکان بە باش و خراپیانەوە، بەڵکو حکومەتەکانیشیان دەکاتە بورغوویەکی سواوی چەرخی سییستەمە. سیستەمەکە بە بێ ئەو و بە ئەوەوە ، بەباشی دەسوڕێت خۆی دەچەسپێنێت.

ئەوەی کە بەربەستی دروستی سیستەمەکەیە هەوڵدان و کارکردنە لە دەرەوەی خودی سیستەمەکە، ڕێنەکردنە لەسەر نەزم و ڕەوتی ئەو ، ڕێکخستنی خودی جەماوەر خۆیەتی بە دوور لە هەژموونی سەرکردە و حیزب و دین و نەریتی دواکەوتووانە. کارکردنی دەستەجەمعیانەی خەڵكە کە خۆیان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیانن و دەتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن، نەك حیزب و سەرکردەکان و ئەوانەی کە لە فەلەکی سیستەمی مەوجوددا، دەسوڕێنەوە و بە ئومێدن کە گۆڕانکاری تیادابکەن .

Zaherbaher.com