زاهیر باهیر
10/05/2023
بەشی یازدە:
سەرەتایەك :
ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری لەسەر بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە. بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون.
ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو. گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات.
………………………..
یازدە: پرسی ژینگە:
باوەڕ ناکەم کەس نکوڵی ئەوە بکات کە ئێستا ژینگە باشتر و پاکژتر و کەم گرفتتر بێت لە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی رابوردوو. ئەو کارەساتە سروشتیانەی کە سروشتی نین بە بەردەوامی لەم وڵاتەدا دەیانبینین هەمووشی بە هۆی گۆڕینی کەش و هەواوەیە کە لەم چەند ساڵەی ڕابورددودا کاردانەوەیان زۆر بە ئاشکرا دەبینین. بوونی ئەم کارەساتانەش وایکردووە کە بزوتنەوەیەکی گەورەی ژینگە و ئیکۆلۆجی لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە کە بریتانیاش پشکی شێری خۆی بەرکەوتوە.
سەرەڕای گۆران لە کەش و هەوادا بە دروستکردنی کارەسات، کۆمپانیا زەبەلاحەکانیش درێغیان لە پیسکردنی ژینگە نەکردوە کەڵەکەکردنی پارەی زیاتر و زیاترکردنی پارەی پشکی پشکدەران ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە خراپبوونی ژینگەدا. هاوکاتیش ژمارەی فڕینی فڕۆکەکان و گەورەکردنی فڕۆکەخانەکان و خستنە ناو بازاڕی ژمارەیەکی زۆر لە سەیارەوە هەروەها دەستگرنتەوەی حکومەت لە فەندی ئامرازەکانی هاتووچۆی کەرتەکانی دەوڵەت هەر هەموو ئەمانە ئەوەندەی تر ژینگەیان پیس کردووە کە ساڵانە زیاتر لە 5 هەزار منداڵ و مێردمنداڵ بە نەخۆشی ڕەبووە گیان لەدەست دەدەن بەو ڕادەیەی کە خەڵکی ناچار بووە کەمپەینی گەورە بکات دژ بە سەیارە و دانانی یاسای ژینگە و خەڵك پارێزیی.
ئەوە ڕاستییە کە زۆر کات سیاسییەکان و کاربەدەستان و گەورە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکان قسە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخەی کە خۆیان هێناویانە بەسەر ژینگە و خەڵکیدا دەکەن و ساڵانە لوتکەی گردبوونەوەی گەورەی نێودەوڵەتیشی بۆ دەگرن بەڵام مەگەر هەنگاوی بچوك لەو بارەوە بە کردەوە نرابێت، دەنا شتێکی ئاوا نەکراوە. من لێرەدا بۆ بەڵگەی قسەکانم لینکی وتارێکیم کە لە مانگی نۆڤەمبەری پاردا لە ژێر ناوی” کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن” نوسیوە سەبارەت بەلوتکەی گردبوونەوەی پارساڵی ” ژینگە دۆستاندا” لە دامێنی ئەم وتارەو دایدەنێمەوە . هیوادارم گەر بە دوای ڕاستیدا بۆ ئەم بەشەی وتارەکەم دەگەڕێیت بە بەڵگەوە، بیخوێنیتەوە.
درێژەی هەیە