ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟

زاهیر باهیر

08/05/2023

بەشی دە

نۆ : ئازادیی و دیمۆکراتی لە بریتانیادا:

گەر بە دیقەتەوە لەبەشەکانی پێشتری ئەم وتارە بڕاوانیت ڕەنگە دەرك بەوە بکەیت ئەو هەموو شتانەی کە ڕووی داوە و ڕوودەدات بناخەکەی نەبوونی ئازادیی و دیمۆکراتیەتە.

ئازادیی و دیمۆکراتییەت هەر ئەوە نیە کە لە 4 یا 5 ساڵدا جارێك بچیت زاڵمەکانی خۆت هەڵبژێریتەوە و زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی بیت لە کارەکەت. ئازادی و دیمۆکراتی لە سای سەروەری دەسەڵات و چینایەتی و کۆمەڵی هیرراشیدا  هەر جۆرە دەسەڵاتێك بێت لە خێزانەوە تاکو دەوڵەت خەیاڵێکی خۆش و بابەتێکی تامەزرۆیە.

لەگەڵ ئەوەشی کە وتم  هەندێك ئازادیی بە ڕەهایی هەیە لەوانە ئازادیی ئەوەی  کەخۆت یەکەمیت و خەڵکی دیکە دووەم ، واتە خۆت گرنگیت و دەرەوەی خۆت لە پلەی دووهەمدا.   ئازادیی هاندانی تاک سەبارەت بە ڕەهایی و خۆشی و باشی ئەم سسیتەمە گوایە ئەمە دوا قۆناخی بەشەرییەتە.  هاندانی تاکی کۆمەڵە کە هۆگری شۆپینگ و بازارکردنی ڕۆژانە  ببن، کە وەکو مادەی هۆشبەر وایە کە ئالودەی بوویت زۆر زەحمەتە لێی ڕزگارت بیت، بەمەش ببنە کۆیلەی خاوەنکار و بانقەکان و بەهۆی قەرزار بوونیانەوە.  ئەم خووە بەردی بناغەیییە بۆ نەهامەتیەکانی کە بەسەر تاکدا دێت کاتێك کە دەکەوێتە بەر هێڕشی بێ رەحمانەی بەرردەوامی ڕێکلامەکان و کارایی بازاڕ و کێبڕكێ لەگەڵ هاوتەمەن و دراوسێ و خزم و کەسی خۆی کە ئەم نابێت لەوان کەمتر بێت.

وەکو لە سەرەوە وتم پرسی ئازادیی و دیمۆکراتی نە لەویوە دەستی پێکردوە و لەوێشدا کۆتایی دێت.  بۆیە هەموو دامەزارەوەیەك لەم وڵاتەدا،  هەموە شتێك هەموو بڕیارێك و هەموو یاسایەك جێگای هەڵوێستە و تێڕامان و پرسیارە.

من بە بەردەوامی لەسەر ئەم بابەتەم  بە بەڵگە و بە ئاماریشەوە نوسیوە.  بۆیە هەر لێرەدا تەنها هەندێك شت دەڵێم .

ئەم ولاتە لەسەر ئەساسی کۆڵۆنایزکردنی دەیەها وڵات و ملیۆنەها کۆیلە و زوڵم و زۆری پاشا و دام و دەزگەکەی بنیاتنراوە.  ژمارەی هێنانی کۆیلە و بازرگانی کردن پێیانەوە لە نێوانی ساڵانی 1640 وە تا 1807 3.1 ملیۆن کۆیلە بووە کە دەسگیرکراون و هەندێکیا بۆ کۆڵۆنییەکانی دیکە گوازراونەتەوە کە لە مانە تەنها 2.7 ملیۆنیان ژیاون ئەوانی دیکەیان بە هۆی بارودۆخی نێو پاپۆڕ و ژینگەی نوێیان و خراپی مامەڵەی سەروەرانیان گیانیان لەدەستداوە .

ئەم وڵاتە دایکی پەڕلەمانو شۆڕشی پیشەسازی بووە.  هۆکاری  برسیکردن و قڕکردنی ملیۆنەها خەڵکی بووە.  لەوانە لە وڵاتانی کاریبیا و ئەفریقا و دە ملیۆن لە پەنجاب و ملیۆنانی دیکەی ئیرلەندەییەکان و کوشتن و بڕینیێکی زۆر بووە .  خاوەنی ئەزموونی گەورەی تاڵانی و شەڕ و دزینی سەرەوەت و سامانی نەتەوەکانی دیکە بووە.  بە مشتێك خەڵكەوە بەڵام بە عەقڵێکی گەورەوە سەروەری ئەم دونیایە بوون و تایبەتمەندی خۆیان و زمان و خاکیان تا ئەم سەردەمەش هەر وایە و پاراستووە . پاش تێپەربوونی 3 چەرخ بەسەر کۆیلایەتی و بڕیاری قەدەخەکردنی لە سالی 1807 داو هەڵوەشاندنەوەی بازرگانی کۆیلایەتی  لە ساڵی 1832 دا، هێشتا ئەم وڵاتە بە عەمەلی پۆزشیان بۆ وڵاتانی کۆڵۆنایزکراو نەهێناوەتەوە و ئامادە نین قەرەبووی ئەو وڵاتانە بکەنەوە گەرچی لەژێر فشارێکی گەورەی کەمپەین بە قەرەبووکردنەوە و دانی پارە بە نەوەکانی ئەو وڵاتانە کە “کاریکۆم” کە کورتەی کەمپەینی کاریبیان کۆمۆنیتییە بەم کارە هەڵساوە.

وڵاتێك ئەوە پاشخانەکەی بێت ئاسان نییە تەنانەت بە تێپەڕینی چەند چەرخێكیش پێشبینی تێپەڕکردنی تەواوی ئەوەی کە کۆن کردویەتی بیکات.  لە ئێستاشدا دەزگەی سیخوڕی و هێزی پۆلیسی و عەقڵی سیاسی ڕۆڵی گەورەی لە بەڕیوەبردن و سەرکوتکردنی خەڵکان و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانیاندا هەیە. 

لە ساڵی 1968 وە لانی کەم تاکو کۆتایی 2010 ،  139 پۆلیس وەکو سیخوڕ بە پلانی داڕێژراوی سەروی خۆیانەوە دزەیان کردۆتە ناو زیاتر لە 1000 گروپی چەپ و ژینگە و ئەنارکست و سۆشیالیست وەرکەر پارتیی و سەراپای کەمپەینە جۆراوجۆرەکانەوە.  هەندێك لەمانە خۆیان ئەوەندە نزیک کردۆتەوە بونەتە برادەری نزیکی کچە گەنجەکانی ئەو گروپانە و باوکی منداڵیان و پاش ماوەیەك کە جاری واهەبوو چەند ساڵێکی خایاندووە و لەبەر چاو ونبوون. ئەمانە ئەوەندە چالاک بوون کە زۆر جار ئامادەکاری و  دابینکردنی ڤان و پۆشاکی پێویست و کەرەسەی تریان کردوە بۆ چونە ناو خۆپیشاندان و پرۆتێست و یاخود کردنی چالاکیەیەك تا وای لێهاتوە ڕۆژانە متمانەی زیاتریان پەیدا کردووە .

ئەم سیخوڕانە تەنها ناوی یەکەمی خۆیان لای چالاکوانەکان ئاشکرا بووە ناوی دووانی و سیانییان گۆڕاوە کە زۆر جار ناوی منداڵانی مردوو بووە .

لە دوای ساڵی 2012 وە دەرکەوت کە چی ڕویداوە بەو هۆیەوە ئەو ژنانەی کە پەیوەندی جنسیان هەبوو لەگەڵ سیخوڕەکاندا و یا باوکی منداڵیان بوون کەمپەینێکی گەورەیان کرد بە هاوکاری هەموو چەپەکان و نقابییەکان و زۆرێك لەئەکادیمییەکانیش  دەوڵەتیان ناچار کرد کە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەو بارەیەوە بکرێت.  بۆ ئەمەش دادگا و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد بۆ قۆناخی 1968 تا 1982. دواتریش لە  ڕؤژی 21/04/2021 وە دەستی پێکردەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی ساڵانی دواتر.  ئەگەرچی زۆرێك لە کەیسەکان برانەوە بەڵام چاوەڕوانی دوا بڕیار و تەواوبوونی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دەکرێت  تا ساڵی 2026 بخایەنێت.

سەبارەت بە ئازادییەکان بە بەردەوامی لە کەمبوونەوەدان. ئەمەش لۆژکانەیە کە لە کاتێکا ژیانی خەڵکی ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبیت و سەرەنجامیش ناڕەزایی و خۆپیشاندان و جار و باریش کاری توند و تیژ دەکرێت، دەوڵەت لە بری ڕادەستبوون بە داخوازییەکانی خەڵک لەڕێگای بەکارهێنانی یاساوە بەرگری دەکات لە خۆی و لەو چین و توێژەڵانەی کە نوێنەرایەتییان دەکات و دژ بە داخوازی خەڵکی دەوەستێتەوە.  بۆیە یاساکانی دژ بە ئازادیی ساڵانە بڕگەی زیاتری دەخریتە سەر و گەر بۆشاییەکی تێدا بیت پڕدەکرێنەوە ، توند تۆڵ دەکرێنەوە.

بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ بریتانییەکان لە پرسی ڕادەربڕین ڕووبەڕووی دەرگیرییەکی زۆر دەبنەوە.  ئەو توێژینەوەیەبەریتانیا لە پلەی سێیەمی پێوەرەکانی جیهانی دەربڕینی ئازاددا داناوە کە زۆر نزیکە لە وڵاتانی وەکو  ئیسرائیل، شیلی، جامایکا و بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو دەوڵەتەکانی دیکەی ڕۆژئاوای ئەوروپا، هەموویان لە پێش بەریتانیاوە بوون لەو پێوەرەدا کە لەلایەن گروپی داکۆکیکاری Index on Censorship کۆکراوەتەوە. 

لەم وڵاتەدا پۆلیس دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە گرتن و ڕاوەستاندنی خەڵکی و گرتن و دەستبەسەرکردنی تاکەکانی کۆمەڵ کە پێویستی بە هیچ بیانویەك نییە.  دەتوانێت بە پشتی بڕگەیەکی یاسایی گردبوونەوەیەکی چوار کەسی بڵاوەپێبکات و هەر ئاواش دەتوانێت بە بڕگەیەکی دیکە بە هۆی وێنەی کەسێکی وەکو گێڤارا کە لەسەر تی شێرتەکەتە بتگرێت و سوکایەتیت پێبکات.  دەتوانێت ڕێگات پێبگرێت و نەهێڵێت بگەیت بە خۆپیشاندان و ناڕازاییەکاندا و دروشم و لافتە و مێگە فۆن و قەڵەم و کاغەز هەرچیت پێبە دەستی بەسەردا بگرێت.

ئەو کەسانەی کە دەگیرێن وەکو لەم دوایەدا ڕوویان دا ڕێگایان پێنادرێت کە بەرگری لە خۆیان بکەن و سزایان دەدرێت گەر قسە بکەن و چالانجی دادوەر بکەن، لەو بارەدا دادوەر دەتوانێت سزاکەی بۆ زیاد بکات.  کەسە چالاکەکانی سەر شەقام و ناو نقابەکان و ناو کۆمۆنێتییەکان ناویان لە لیستی ڕەشدا هەیە و پۆلیس زۆر جار ئەم لیستە دەفرۆشێتەوە بە کۆمپانیاکان گەر یەكێك لەمانە داوای کاری کرد نایاندرێتی. ئەم لیستە بە لیستی ڕەش بەناوبانگە.

ئازادیی مانگرتنی کرێکارانی نقابەکان زۆر زیاتر لە سەردەمی مارگرێت تاچەر تەسكتر بووەتەوە.  لە سەردەمی ئەودا کە یاسای دژە نقابە دانرا کرێکاران هاوپشتی هاوەڵە کرێکارەکانی کە ماندەگرن قەدەخە کرا، پێش دەستپێکردنی مانگرتن نقابە دەبوایە 2 هەفتە پێش ئەوە خاوەنکاری ئاگەدار بکردایەتەوە تاکو خۆی بکەوێت و کرێکار لە نوسینگەی تایبەتەوە بهێنێت بۆ شکاندنی مانگرتنەکە ، خاوەنکار بۆی هەبوو کە نقابە بەرێتە داداگە و مانگرتنەکەی پێ هەڵوەشێنێتەوە ، هەروەها حکومەت مافی گرتنی سەرانی نقابە و سڕکردنی دارایی نقابە لە بانقەکاندا کردە یاسا گەر پێویستی کرد .  ئەمانەو زۆری تر لە بڕگەی یاسای دژە نقابەدا هاتووە.

یاسای دژە نقابە بەردەواومە لە ئێستاشدا لائیحەیەك لەبەردەستی ئەنجومەنی پیران و پەڕلەماندایە کە ئەوەندەی دیکە گرفتی بۆ مانگرتنی کرێکاران زیادکردووە. بە گوێرەی ئەو لائیحەیە کرێکارانی ئاگر کوژانەوە، مامۆستایان و بەشی هاتووچۆو خەستەخانەکان و پەساپۆرت و سەر سنورەکان و گەلێکی تر کە دەبیت لە کاتی مانگرتنیاندا ژمارەی تەواو لە کرێکارەکان لە ڕۆژانی مانگرتن دا دابین بکەن.  سەرپێچیکردنیش لەمە لێپێچیەنەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت تا ڕادەی دەرکردن.   ئەمە جگە لەوەی کە ڕێژەیەكی بەرز  دانراوە کە ئەگەر ڕێژەی ئەوانەی کە دەنگ بە مانگرتنەکە دەدەن لەوە کەمتر بیێت ئەوە مانگرتنەکە یاسایی نییە و نابێت بکرێت.

ئەم یاسایە ئەوەندە توندوتیژە بەرانبەر بە کرێکاران تا ئەو ڕادەیەی کۆمەڵێک لە پارێزەرانی باڵای دامەزراوەکان ڕایانگەیاندووە، یاسا نوێەکەی ڕیشی سوناک دژی سەندیکاکان، بەریتانیا دەکاتە یەکێک لە سەختترین وڵاتەکانی جیهانی دیموکراسی کە تێیدا مانبگرێت و ڕەنگە پابەندبوونەکانی پەیماننامەکان پێشێل بکات.

درێژەی هەیە

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: