زاهیر باهیر
29/03/2023
ئەو پەرتوکە کوردیانەی کە من لەسەر مێژوی کورد خوێندومنەتەوە ، نوسەرانی یا هەرگیز پەیان بە ڕاستی نەبردووە یاخود راستییەکانیان فەرامۆش کردووە.
کاتێك کە باس لە شکستەکانی کورد دەکەن هەر لە سەرەتاوە تاکو ئێستا، ئەوان باس لە سەرەنجامەکە دەکەن و هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ : کورد خۆخۆرە، کورد عەقڵی سیاسی نییە،کورد قەومی تەفرەقەیە ، کورد بێ دینە، نیفاق، نەبوونی یەکێتی نێوانیان ، کڕینیان بە پارە و پایە، یەکنەگرتنیان، دووژمنایەتی دەوڵەتان و هاوکارینەکردنمان… دەیەها هۆکاری دیکە.
بەڕای من هۆکاری کەرتکاری و بەش بەشبوون و یەکنەگرتن مەیل و خواستی دەسەڵاتدارییە ، تەنانەت پرسی چینایەتیش هەر شەڕی دەسەڵاتە کێ بەسەر کێدا هەیبێت ، دەسەڵاتخوازییە کە بۆ بەرژەوەند و هەیمەنە و ملکەچکردنی ئەوانی دیکەیە . هەموو ئەو هۆکارانەی کە مێژوونووسەکان لە کتێبەکان و قسەکانیاندا تۆماریان کردووە سەرەنجامی دەسەڵاتخوازی بووە .
حیزب-یش هۆکاری گەورەی کەرتکارییە نەك هەر لەسەر ئاستی نەتەوە و نیشتمان بەڵکو لەسسەر ئاستی خێزانیش ئەویش هەر بە مەبەستی دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتییە . هەر تەماشا بکە گەر تۆ میللەتی کوردت خۆش دەوێت و دەتەوێت شتێکی بۆ بکەیت ، کە ئەمە ئامانجەکەت بێت ئیتر بۆچی ئەم هەموو حیزبانەتان بە ناوی جیا و لە شوێنی جیادا دروست کردوە ؟ گەر هەمووتان یەك خودا و یەك دینتان هەیە و باوەڕتان بەوەیە هەوڵ لە پێناوی دینداریدا دەدەن ، بەڕاست ئیتر ئەم هەموو حیزب و سەرکردە و بنکردەیەتان بۆچیییە؟
هەر هەموو ئەمانە، ئەم هەموو ململانێیە و لەیەك خوێندن و شەڕ و ئاژاوەیە بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتییە، دەسەڵاتی سیاسی ، دەسەڵاتی ئابووری .. هەر جۆرە دەسەڵاتێك ئیتر لە ڕێگای سەرکرداەیەتییەوە، حیزبایەتییەوە ، دینەوە، ئایدۆلۆجێتەوە بێت یا هەر ڕێگایەکی دیکەوە .گەر دەتەوێت خەڵکی ئازادانە بژێت و کاروبارەکانی خۆی ڕێکبخات ،هەیمەنە و هەموو مەیلە سەرەوەرییەکان و تەنانەت کێشەی چینایەتیش لابەلا بکەیتەوە دەبێت دژایەتی هەموو جۆرەکانی دەسەڵات بکەیت بە حکومەت و دەوڵەتیشەوە. پایەی سیستەمی هەنوکە دەسەڵاتدارێتییە بە هەموو شێوەکانییەوە ، مانەوەی هەیکەلی قوچکەیییە لە هەموو بوارەکانی ژیان هەر لە خێزانەوە، بۆ بەشی خوێندن وتەندروستی و شوێنەکانی خزمەتگوزاری و کارگەکان و کۆمپانیاکان تا دەگات سەرۆکی دەوڵەت و ئەنجومەنی وەزیران و پەڕلەمانتاران و تد.