زاهیر باهیر
26/03/2023
دوای 12 هەفتە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی لە گەلێك لە شارەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە بڕیارە نوێیەکەی نێتەنیاهوو دەربارەی کەمکردنەوە ڕۆڵی دادگا و ئەدای دادگا و گواستنەوەی بەشێك لەو وەزیفە و بڕیاردانانە بۆ پەڕلەمان و بوون بە یاسا لە ڕۆژی 5 شەمەدا خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان هەر بەردەوامە .
دوێنێ ڕۆژی شەمە ، 25/03 بە گوێرەی هەواڵی میدیای فەرمی ئیسرائیل زیاتر لە 200 هەزار کەس لەسەر شەقامەکان بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاساکە. گەرچی نێتەنیاهو پێداگری لەسەر دروستی بڕیارەکەی و بوون بە یاسای دەکات بەڵام لە ئێستادا پاش ئەوەی کە وەزارەتەکەی و کەسە نزیکەکانی بۆیان دەرکەوت کە خەڵکی کۆڵ نادات و بارودۆخەکەش زیاتر ئاڵۆز دەبێت و بووەتە دابەشکردنی ئیسرائیلەیەکان ئەوانیش قسە لەسەر لانی کەم هەڵپەساردنی یاساکە دەکەن بۆ چەند مانگێك.
لەم بارەوە وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت ” دەبێت پرۆسەی یاسادانان بوەستێنین بۆ ماوەی مانگێک بە لەبەرچاوگرتنی دابەشکاری چاکسازییەکان.”
گالانت-ی کە ئەندامی پارتی لیکودی ڕاستڕەوی نەتانیاهۆیە و کەسێکی جالاک و نزیکە لەوە وتی ، “درزی کۆمەڵایەتی پەرەسەندوو ڕێگەی خۆی کردۆتە ناو [سوپا] و دەزگا ئەمنییەکان و هەڕەشەیەکی ڕوون و دەستبەجێ و بەرجەستەیە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل” ئەو بەردەوامی دا بە قسەکانی و وتی ” من پابەندم بە بەهاکانی لیکود … و دانانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە سەرووی هەموو شتێکەوە … بەڵام گۆڕانکاری گەورە لەسەر ئاستی نیشتمانی دەبێت لە ڕێگەی وردبینی و گفتوگۆوە ئەنجام بدرێت.”
دوو پەرلەمانتاری دیکەی لیکود لە تویتێکدا پشتگیری خۆیان بۆ گالانت نووسیوە و پرسیاریان لەسەر ئەوە کردووە کە ئایا حکومەت دەتوانێت حساب بۆ زۆرینە بکات ئەگەر هێشتا سوور بێت لەسەر سیستەمی دەنگدان .
سەرۆکی ئیسرائیل-یش ئیسحاق هێرزۆگ هەر لە یەکەم جارەوەو لەگەڵ ئەو بڕیارەی نێتەنیاهو نەبووە ویستویەتی کە پرسەکە لە ڕێگای وتووێژ و لێدوانەوە لابەلابکرێتەوە .
ئایا نێتەنیاهو بە قسەی ئەمانە دەکات و یاساکە هەڵدەوەشێنێتەوە یاخود لانی کەم هەڵدەپەسێرێت ؟ ئەمەیان دەکەوێتە سەر بەرگریی و بەگژاچوونەوەی خەڵکی. دەسەڵاتداران تەنها زمانی ناڕەزایی و زۆر جاریش بەکارهێنانی توندوتیژی دژیان دەزانن و هەر ئەەوەشە کە هەنگاوی ئایندەیان پێدەبێت نەك باشی و هۆشیاری و بە تەنگهاتنەوەی نیشتمان و میللەت.

پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.