کۆمەڵگەی سەرمایەداریی، کۆمەڵگەی شێواندنی هەموو ڕاستیەکانە!

جیهان نۆرمان

07/03/2023

شارستانیەتی سەرمایەداری مۆدێرن بەرهەمی چەند سەدەیەکی دوورو درێژی مێژووی تێکدانی دڕندانەی کۆمەلە سروشتی و پێکهاتە کۆمەلایەتیەکانی رابووردووە. بەرهەمی مێژووی کوشتن و سزادان و کۆیلەکردنی ملوێنەها مرۆڤە بۆ پێکهێنانی ئەو چینە چەوساوەیەی کە بریتیە لە ئێمەی پرۆلێتاریای ئەمرۆی دونیا.

سەرمایەداریی بەرهەمی سروشتی «پێشکەوتن» نییە، بەڵکو بەرهەمێکی رەسەن و ڕاستەوخۆی زوڵم و تێرۆرو تێکدانی پێکەوەژیانی ئازادی مرۆڤەکانە.

درۆیە کە دەڵێن کرێکاران ناتوانن، نازانن ئەرکی بەرێوەبردنی دونیا بگرنە ئەستۆ! ئەوە کرێکارانن کە هەمیشە، لە ڕابووردودا و لە ئەمرۆدا، ئەرکی بەڕێوەبردنی دونیایان لە ئەستۆگرتووە. ئەوە سەرمایەداران نین کە باری بەڕێوربردنی کۆمەڵیان لە ئەستۆیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەوان تەنها بێکەڵك و هیچ نەکەرن، ئەوان مشەخۆرن، سامان خۆرو خوێنمژی دەستەلاتداران!!

هێزی سەرەکی خەباتەکانی ڕێگای ئازادی، خۆبەختکەرانی سەرەکی رێگای پێکهێنانی کۆمەڵگەی کۆمەکی مرۆڤایەتی هەر کرێکارانن، هەر چەوساوەکانن. مێژوویی قوربانیدان و خەباتەکانی چەوساوەکان لە پەرتووکە زەبەلاحەکانی خوێندگا و زانگۆکاندا نە نوسراوە، بەڵکو زۆر باش تۆمار بووە لە شانەکانی لاشە و خوێن و دەروونی هەموو چەوساوەیەکدا!

ناوەرۆکی پرۆگرامی خواستی ئازادی و ژیان و ژینگەدۆستی چەوساوەکان لە دڵ و هەستی هەموو تاکێکی چەوساوەدایە. زمانی نوسین تەنها بە شێوەیەکی ڕوکەش دەتوانێ ئەو خواستانە،ئەو ئومێدو ئارەزووانە بخاتە ڕوو.

کۆمەڵگەی سەرمایەداریی، کۆمەڵگەی زاڵبوونی بەهای ئالوگۆڕە (بتپەرستی پارە) بە سەر ژیانی زیندووی مرۆڤی چەوساوەدا کە بەرهەم هێنەری هەموو بەهاکانە. زمانی ئیدیۆلۆژی، زمانی سیاسی هەمان پێگەی پێدراوە کە بەهای ئالوگۆر هەیەتی، واتە پێکەی پیرۆزی پارە پەرستن!

بۆ تێگەشتن لە ناوەرۆکی پێداویست و ئاستی هەموو خەباتێکی چەوساوەکان، گرنگە لە زمانی ئیدیۆلۆژییەوە، لە زمانی سیاسەتەوە نەروانینە ژیان و دیاردەکانی کۆمەڵ،بەڵکو لە ویست و خواستی چەوساوەکانەوە، وەک ئەوەی کە ماهیەتی پێداویستی بە مرۆڤ بوونیان داوای دەکات، نەک بەو شتانەی کە دەیلێن و لە سەریان دەوترێ بە زمانی ناتەواوی کۆمەڵگەی کۆیلەیەتی، بە زمانی وشکی داپچڕاو لە سۆزو هیواو هەستەکان، یاخود وەک چۆن، وە بەچ زاراوەیەکی سیاسی خواستەکانیان دەستنیشان دەکەن. پێداویستی بوونی بە کۆیلەکراوی هەموو تاکێکی چەوساوە لە خواستی ئازادی و ئاسایش و ئاسودەیی و پێکەوەژیانی کۆمەلیدا کۆ دەبێتەوە. ئەوەش ڕاستی پرۆگرامی کۆمەڵگەی داهاتووی مرۆڤایەتیە.

ئەو بوونە شتێکی خەیاڵیی و وەهم نییە، بە پێچەوانەوە، گەر بزووتنەوەیەک، گەر خەباتێکی ڕاستەقینە هەبێت دژ بە دەولەت، دژ بە سەرمایە، تەنها خەباتی ڕۆژانەی بەردەوامی چەوساوەکان خۆیانە.

پێمان دەڵێن چەوساوەکان، پرۆلیتێرەکان نازانن، ناتوانن ڕێکخستن پێکبهێنن، ناتوانن و نازانن شوارو سوپاکانی خەبات رێکبخەن و بەرێوەببەن! کە گوایە، بە وتەی سیاسەتبازەکانی سۆشیال دیمۆکراتو لینینیەکان، چەوساوەکان تەنها خەباتی «ئابووریی» دەتوانن بکەن، لە کاتێکدا کە مێژوو چەندجار ئەو ڕاستییەی بە خوێن و قوربانی چەوساوە شۆڕشگێرەکان نوسیووە، کە هەر ئەوان بوون، هەر خودی کۆیلەکان بوون کە هێزی پەلاماردانەکانیان دژ بە دەولەت و دەستەلاتداران رێکخستووە، وەک لە بزووتنەوەی کۆیلەکانی سەردەمی ڕۆمای کۆن (سپارتاکوستەکان)، شۆڕشی زەنج، بزووتنەوەی یاخیبووانی هەموو چەوساوەکانی دونیا، لە ئەمەریکاوە، تا چین، بە شۆڕشی کۆمۆنەکانی فەرەنسا و بە خەباتەکانی چەوساوەکانی ڕوسیای ئەلمانیاو ئەوروپای سەرەتای سەدەی ڕابووردو و بە خەباتەکانی کرێکارانی بەریتانیا، بە راپەرینەکانی دژی دونیای سەرمایەداری, لە ئۆکرانیا، لە ئیسپانیا، لە ئێران، لە عێراق، لە یۆنان، لە زۆر جێگای تری دونیا، چ لە ڕابووردو، چ لە ئەمڕۆدا، بناغە، هێزی بازووو، هێزی دەروونی و زهنی بزووتنەوە شۆڕشخوازەکانی مێژووی خەباتی چینایەتی هەر چەوساوەکانن، هەر یاخیبووانی دژ بە دەوڵەت و دژ بە کۆمەلگەی چینایەتین.

ئاوات و پێداویستەکانی بزووتنەوەو خەباتەکانی چەوساوەکان، لە ڕابووردو، وە لە ئێستادا هەر یەکێکە، ئەویش دەربازبوونە لە هەموو زوڵمێک، لە هەموو سوکایەتی و ترس و ستەمێک، دەربازبوونە لە چەوسانەوەو تێکدانی ژیانی کۆمەکیی ئازاد!

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: