زاهیر باهیر
24/02/2023
چ ویژدانێکە ، چ مرۆڤایەتییەکە کە ساڵێکی دوور و درێژە هاووڵاتیانی ئۆکرانیا ڕووبەرووی کوشتارکاری و وێرانکاریەکی زۆر گەوەرە بوونەتەوە لە بەردەمی ئەم شەرە نەگریسەی نێوانی فاشییەتی ناتۆ و فاشییەتی پوتین لە ڕوسیادا. لەم ساڵەدا 13 ملیۆن خەڵکی هەژار و داماوی ئۆکرانیا لە وڵاتاندا بوونەتە پەنابەر و 8 ملیۆن کەسیش سەرگەردان و ئاوارە و هەڵکەنراون لە شوێنی خۆیان و 21 ملیۆنی دیکە پێویستیان بە هاوکاری دارایی و پێداویستی ڕۆژانە هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانیان، هاوکاتیش زیاتر لە 100 هەزار سەرباز و خەڵکی مەدەنی لەم جەنگە خوێناوییەدا کوژراون و دەیەها هەزاری دیکە کەمئەندام و بریندار بوون.
چ شەرمازارییەکە کە مرۆڤایەتی تێیدا چەقیوە و توانای وەستانی شەڕێکی ئاوای نییە کە لە کاتێکدا بە ملیار لە خەلكانی هەژا و چەوساوە لە دوسنیادا بە جۆرێك لە جۆرەکان باجەکەی دەدەن هەر بە گرانبوونی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانە، بەرزبوونەوەی پارەی غاز و نەوت و بەنزین و دیزڵ و تا دەگاتە پیسکردن و تێکدان و وێرانکردنی ژینگەش .
لەتەك ئەم هەموو نەهامەتییەدا کەچی هێشتا ئەمەریکا و ناتۆ و ئەوروپا لەبری سەرفکردنی تاکە سەعاتێك لەسەر قسەوباسی وەستانی شەڕ، قسە و گفتوگۆی جددیان لەسەر زیاتر هاوکاری سەربازی ئۆکرانیا و سوپاکەیەتی .
لە ئێستادا دەوڵەتی چین دەستپێشخەرییەکی 12 خاڵی کردووە بۆ سەرەتایەك لە وەستانی شەڕەکەدا، گەرچی خاڵە سەرەکییەکان ئاشکرا نییە بەڵام خودی چین لە هەڵوێستیدا ڕوونە کە : یەك: سەرزەنشت و سەرەکۆنەی ڕوسیا ناکات وەکو ئەوانی دیکە لەم شەڕەدا. دووش: داوا لە ڕوسیا ناکات کە لە ئۆکرانیا بکشێتەوە. هەرجی ولاتانی دیکە هەیە جگە لە بەرازیل و هیندستان و ئەرفریقای باشوور و ئیسرائیل کە کارایی گەورەیان دەبێت لە وتووێژ و دانوستاندنا ، یا نقەیان لە خۆیان بریوە یاخو گوێڕایەڵی ئەمەریکا و ناتۆ ئەوروپان.
لەبەرانبەر ئەو دەستپێشخەرییەی چین-دا ، ئۆکرانیا بە حەزەرەوە تێیدەڕوانێت بەڵام یەکسەر ئەمەریکا ڕەتیکردەوە ، ڕەتکردنەوەی ئەمەریکاش یانی ڕەتکردنەوەی لە لایەن ناتۆ و هەموو ئەوروپاوە.
ئەم شەڕە لە مانگی نیسانی پارەکەدا 2022، دەکرا ڕاوەستێنرایە کە هێشتا داگیرکردن و کوشتارگەل و وێرانکارییەکان زۆر لە سەرەتادا بوون و ژێنسکی ئامادەی وتووێژ بوو بەڵام هەر زوو لام وایە لە 27/04ی ئەو ساڵەدا یا زووتر، بە پەلە بۆریس جۆنسۆنی ئەوکاتەی سەرەك وەزیرانی بریتانیا خۆی گەیاندە ئۆکرانیا و بە ژێنسکی وت : گەر ئامادەی وتووێژ بێت ئەوە بریتانیا و ناتۆ و ئەوروپا پشتیتێدەکەن و چی تر هاوکاری ناکەن .