ئایا لە سایەی سیستمی سەرمایەداری کارەساتەکان سروشتیین؟

خوێندنەوەی بە کورمانجی-لاتینی

لەپەیوەند بە بوومەلەرزە بەناوبانگەکەی لیشبۆن (Lisbon )ی سالی 1755, کە هەموو خواروی ئەوروپای رۆژئاواو باکوری ئەفریقای گرتەوە و بە هەزاران کەسی بەمەرگ سپارد، لەنامەیەکدا (ڕۆسۆ  بۆ ڤۆلتێر)دەنووسێت:

” دەبێت دان بەوەدا بنێیت کە ئەوە سروشت نییە  دوو هەزار خانووی شەش یان حەوت نهۆمی لەو شوێنەدا کۆ کردۆتەوە، بەڵکو ئەگەر دانیشتوانی ئەو شارە گەورەیە لەجیاتی ئەو بینا بەرز و چەند نهۆمییانەبە شێوەیەکی ئاسۆیی و سادە و لێکجودا نیشتەجێبوونایە ئەوا زیانەکان زۆر کەمتر دەبوو، وە ڕەنگە هیچ زیانێکیش رووی نەدایە”

بەراورد بە زیانەکانی ئەم بوومەلەرزەیەی کە لە تورکیا و سوریا ڕویدا، بومەلەرزە بەهێزەکانی یابان زیانی گیانیی زۆر زۆر کەمی بەدواوە بووە، تەنانەت زیانە مادییەکانیشی زۆر زۆر کەمتربووە بەجۆرێک هەم زیانی مرۆیی و هەم زیانی مادیش قابیلی بەراوردکردن بە بوومەلەرزەکانی ناوچەی ئێمە نین. وەک بینیمان شارۆچکەی {ئیرزین}یش لەتورکیا کە نێزیک لە چەقی بوومەلەرزەکەیە هیچ زیانی بەرنەکەوتووە و بووشە بە پەناگەی 20000 لێقەوماوی ناوچەکانیتری کارەساتەکە. وەك سەرۆکی شارەوانی و بەلێندەری بیناسازی دەلێن ئەمەش بەهۆکاری ڕەچاو کردنی شێوازی دروستکردنی باڵەخانەی نزم و تۆکمە و دەرنەچوون لە ستانداردی بیناسازیی خۆڕاگر بەرانبەر بوومەلەرزە. لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە

لەسایەی سیستەمی چینایەتی-دا  کاولکاری و زیانەکان  تەنها حوکمی کارەساتە سرووشتییەکە نییە بەسەر قوربانیان و چینی چەوساوە و چین و توێژە پەراوێزخراوەکاندا، بەڵکو کەمتەرخەمییە لە جۆری [کوالێتی] بیناسازی و ڕەچاونەکردنی ستانداردی دژ بە بوومەلەرزە، لە پێناو قازانجی زیاتردا!

هەروەها بە لێکۆڵینەوەی  زانستی و سەلمێندراو پشتڕاست کراوەتەوە کە بەشێك لە ڕوداوە سروشتیەکانی وەک لافاو و زریان وشکەساڵی و پیسبوونی ژینگە کە ساڵانە بە هەزاران مرۆڤ تووشی نەخۆشی کوشندە دەکات دەرئەنجامی هەڵپە و چاوچنۆکیی سەرمایەدارن و کۆمپانیا زەبەلاحەکانیانە بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا کە خودی سیستم لەبری لەبەرچاوگرتنی ژیان و تەندروستیی خەڵک و هەسارەکە، قازانجی کردوەتە قیبلەی خۆی و بەشی هەرە زۆری قوربانیەکانیش چینە چەوساوە و هەژار و پەراوێزخراوەکانن!

هەموو ئەو قوربانیانەش جارێکی دیکە دەبنەوە ئامانجی قازانجپەرستی کۆمپانی و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتمەندان.

لە جیهاندا 10 وڵات لە هەمو وڵاتانی دیکە زیاتر بوومەلەرزە تێیاندا ڕوودەدات ئەوانەش: یابان، تورکیا، ئێران، پێرۆ، ئەمەریکا ، ئیتالیا، فلیپین، مەکسیکۆ، 

چین و ئەندەنوسیان. هۆکار بۆ ڕوودانی بوومەلەرزە زۆرن، بەڵام هۆکارە هەرە سەرەکییەکان بریتین لە لەسەریەکی و خزان و بەریەكکەوتنی پلێتەکان، جووڵەی ماگما لە گڕکانەکاندا، گۆڕانی پلەی گەرمی یان پەستانی ئاو و بای بەهێز.

بەداخەوە ئەوەی کە لە زیهنی زۆرینەدا جێگیر بووە، بینینی تەنها دیوێکی کارەساتەکانە کە گێڕانەوەیانە بۆ کاری خودا یا غەزەبی خودا یا سروشتی بوونی کارەسات و بە ئاسایی بینینی زیان و قوربانیەکان!

گەر بە مێژوی وڵاتاندا  بچینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لەپێش گەشەی پیشەسازی و فراوانبوونی کۆمپانیا و فابریقە بەرهەمهێنەرە زەبەلاحەکان و چالاکییە چاوچنۆکییەکانیان، ڕوودانی هەندێك لەم کارەساتە سروشتییانە زۆر کەمتر بووە بەڵام بە بەرەوپێشچوونی سیستەمی سەرمایەداری و داگیرکاریی جیهانییانەی سەرمایە، ڕوودانی ئەم کارەساتانە بوونەتە میوانی وەرزییانە و ساڵانە.

ئەوەی ڕوون و بەرچاوە لە سایەی سیستەمی چاوچنۆکی سەرمایەداریدا کارەساتە سروشتییەکانیش بەرگ و ناوەرۆکێکی چینایەتییان وەرگرتووە. لە هەر کاتێکدا کە ڕووداوێکی سروشتی ڕوودەدات بەشی هەر زۆرینەی قوربانییەکان لە خەڵکانی هەژار و نەدار و چین وتوێژە پەراوێزخراوەکانن، ئەمەش بەهۆی چڕیی ژمارەی دانیشتوان لە جوگرافیایەکی بچووکدا و لە باڵەخانەی بەرزدا و هەروەها پەڕپووتی و نزمیی کوالێتیی بیناسازیی بیناکانن کە بنەمای ستانداردی ئەندازیاریی پاراستن لە لافاو و بوومەلەرزە و تەڕوتووشی و دیاردەکانی دیکە لە نەخشەو پلانی دروستکردنی بیناکاندا ڕەچاو نەکراون. 

گەر تەماشای ئەم بوومەلەرزەیەی تورکیا و سوریا بکەین ئەو ڕاستییەی سەرەوەمان بۆ دەسەلمێ کە قوربانییەکان زیاتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی هەژارەکاندا بوو ، لەو شوێنانەدا بووە کە خانووەکان و باڵەخانەی گەورە و بەرز کە قازانج پەرستی کۆمپانیاکان و دەسەڵاتداران لە پێناوی قازانجدا هیچ گرنگیەکان بە توکمە بنیاتنان و خۆڕاگری  بەرانبەر ئەو ڕوداوە سروشتیە چاوەڕوانکراوانە لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێ بوون لەبەرچاو نەگیراوە.

بینیمان چۆن تازەترین باڵەخانەکان کە بەشێکیان لەکەمپینی دەنگ کۆکردنەوەی هەڵبژاردندا دراونەتە خەڵك لە باڵەخانە کۆنەکان خراپتر وێران بوون بەسەر ئەو خەڵکەدا. ئەمە ڕێك وەك دان ڕۆکردن بۆ باڵندە و تەپکەنانەوە بۆ گرتن و پاشان کوشتنیان بووە. بەداخەوە بۆ خۆشباوەڕیی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش کە بە کڕینی دەنگیەکانیان بۆ ئەردۆگان و حیزبەکەی، بینا بێکوالێتییەکانی کە بۆیان دروستکرا بوونە گۆڕستانی بەکۆمەڵ بۆیان.

  سەدان بەڵگە و لێدوانی ڕۆشن لەمیدیای کۆمەڵایەتی و تەنانەت میدیای تورکیدا دەبینین لەسەر گەندەڵی دەسەڵاتداران کە لە تۆڕێکی بەیەکەوەگرێدراودا تا ڕادەی ئەو پەڕی و شۆڕبووەتەوە بۆ ناو کاربەدەستە بچووکەکان و بەڵێندەرەکان و کۆمپانییەکانی خانووبەرە دروستکردن. بۆیە لە دروستکردنی خانووەکاندا ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و مەرجەکانی سەلامەتی ژیانی نیشتەجێبووان لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵکو قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەی بناغەییترین ئامانج بووە!

 لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر بۆ خۆپاراستن  و دانانی مەرج و کوالێتی بیناسازی بۆ بەڵێندەران بەڵام بەداخەوە دەبینین ژمارەی قوربانییەکانی ڕووداوی بوومەلەرزە جار لەدوای جار سەردەکەون. بۆ نموونە لە بوومەلەرزەکەی ساڵی 1999دا قوربانییەکان لە سەرو 17000 کەسەوە بوون، کەچی لەمەی ئەمساڵدا تا ئەم بەیانییە زیاتر لە 40000 بوون . ئامارە تازەکان پێمان دەڵێن کە ژمارەی قوربانییەکان دەچێتە سەرو 45000 کەسەوە. ئەمە جگە لەوەیی کە زیاتر لە 150000 بریندار و هەزاران خێزان بێ ماڵ و حاڵ و بوون.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرت و بەڵگانەی کە تائێستا ئاشکرا بوون هەموو ئەو هۆشیاریپێدان و ئاگادارکردنەوە پێشوەختانەی ڕوودانی بوومەلەرزە لە لەلایەن پسپۆڕان و زانایانی بواری جیۆلۆجی و کەشوهەوا و سروشتناسیەوە بە دەوڵەتی تورکیا و کاربەدەستە باڵاکان فەرامۆش کراون. لە کاتێکدا کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەو بارەوە ئاگاداری دراوە و چاوەڕوانی خراپتریش کراوە، زانا و شارەزایەك  بە ڤیدیۆ ئاگاداری و زانیاری سەبارەت بە ڕودانی کارەساتێکی ئاوا  خستوەتە ڕوو بەڵام  ڕژێمی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بە ئاقاری پاراستنی ژیانی خەڵک نەناوە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی کە لە سەرەەوە باسمان کرد، حکومەتی تورکیا و سوریا بەرپرسیارن لە مردنی ئەم هەموو خەڵکە و سەدەها هەزار لە برینداران و ملیۆنانیتر کە سەرگەردان و ماڵوێران بوون.

 بە گوێرەی زانیارییەکان، هەندێك لە خەڵکی ناوچەکانی شوێنە هەژارەکان و دوورەدەستەکان لە ڕۆژی سێهەمدا 

ئینجا هاوکاری و  تیمەکانی فریاکەوتن و خزمەگوزاریی گەیشتونەتە لایان، ئەمەش بە لەدەستدانی کاتی زێڕین دادەنرێت بۆ ڕزگارکردنی ئەو نیوە گیانانەی ژێر دار و پەردووی باڵەخانەو ماڵەکاندا بوون. بێگوومان کەسێک گەر ساغیش بێت بەڵام ماوەی دوو هەفتە بەبێ خۆراك و خواردنەوە و جووڵە لە بۆشایەکی داخراو و بێ ئۆکسجیندا گیربخوات دیارە بەشی هەر مردن دەبێت.

لە هەموو شتێک ناخۆشتر پشتگوێخستنی قوربانییەکانی ژێر دار و پەردووی بوومەلەرزەکەی سوریایە. دەبینین لە میدیاکاندا هەتا ئەم ڕۆژانەی دواییش سەرانی دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمەریکا زیاتر هەر باسی تورکیایان دەکرد و لە هاوخەمیی تورکیادا بوون نەك سوریا هەر وەکو ئەوەی کە هیچ لە سوریا ڕووی نەدابێت.

شاری داگیرکراوی عەفرین کە ڕژێمی تورکیا لەسالی 2018 دا دوای 58 ڕۆژ لە باراندنی ئاگر و ئاسن بەسەریاندا داگیری کرد، ئێستا دەروازەکانی ئەو شارە لەلایەن سەربازەکانی تورکیاوە بە ڕوی خۆبەخشان و کۆمەککاراندا داخراوە.

ئێمە ناڕەحەتی و هاوخەمی و پەژارەی خۆمان بۆ خێزانانی قوربانییەکان دەردەبڕین، هاوکاتیش  سەرباری سروشتیبوونی کارەساتەکە. بەڵام مەرگ و بریندار بوون و  سەرگەردان بوونی دانە بەدانەی قوربانیەکان وەك تاوانی کۆمەڵکوژی ئامانجدار دەخەینە ئەستۆی ئەم سیستمە هار و دڕەندە چینایەتیەی سەرمایە و خودی دەسەڵاتدارانی تورکیا و سوریا و کۆمپانیا قازانج خۆر و خوێنخوارەکانیان. ئێمە ئەم کەمتەرخەمی و بێباکییەی دەوڵەت و کاربەدەستە چاوچنۆکەکان بەر لە ڕوودانی بوومەلەرزەکە و کەمتەرخەمیشیان بۆ ڕزگارکردنی قوربانیانی ژێر بینا ڕووخاوەکان هاوشێوەی جەنگە ڕاستەوخۆکانیان دەبینین و بە بەشێك لەو جەنگە چینایەتیەی دەزانین کە سیستمی سەرمایە لەسەرتای بوونیەوە تا هەنووکە لەبەرامبەر ملیارەها لە کرێکار و چین و توێژە چەوساوەکاندا بەڕێوەیبردوە و بەڕێوەیدەبات.

سەکۆی ئەنارکستانی کورد-زمان

٢٠٢٣/٠٢/١٨

   
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: